كریستیانەكان بەگرنگییەوە دەڕواننە رۆڵی سەرۆك بارزانی لەئازادكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەشتی نەینەوا
November 10, 2016
دیمانەی تایبەت
كریستیانەكان بەگرنگییەوە دەڕواننە ئازادكردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەشتی نەینەوا لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە، ئەمەش وەك رێزلێنان بۆ پێكهاتەیەكی گرنگی كوردستان سەیردەكەن كە كریستیانە و هەموو هەوڵێكیش بۆ ئەوەیە كریستیان و هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان وەك یەك بپارێزن، ئەمەش بەپێچەوانەی عێراقەوە كە جگە لەوەی پێكەوەژیانی تێدا نەماوە، بووەتە زۆنگاوێك بۆ بڵاوبوونەوەی فكری توندڕەویی و دەمارگیری تائیفی. بۆ بەسەركردنەوەی ئەو دەڤەرە تیمی گۆڤاری گوڵان لەسەردانێكیدا بۆ پارێزگای دهۆك هەریەك لە قەشە عیماد خۆشابا و قەشە سامی یوحەننا-ی دواندو ئەوان پێیانوابوو ئەو دڵنەوایی و متمانەیەی كریستیانەكان لەكوردستان هەیانە بۆ دەستپێشخەری بارزانی و خەڵكی كوردستان دەگەڕێتەوە كە دەرئەنجام بووە هۆی ئەوەی پاڵپشتی و پاراستنی هەزاران خێزانی كریستیان بكەن و ئێستاكەش بەئومێدەوە دەڕواننە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی
لەهەرێمی كوردستاندا
سەرەتا قەشە عیماد خۆشابا لە كەنیسەی كلدانی باسی لەو مەینەتی و دەركردنە كرد كە پێكهاتەكەیان لەعێراقدا رووبەڕووی بوونەتەوەو لەمبارەیەوە وتی: «جێگای داخە ئەو مەینەتی و بارگرژییەی كە بەسەر پێكهاتەی كریستیان لەعێراق هاتووە، زیاتر لەفكری توندوتیژی وڵاتانی ناوچەكەوە هاتووەو كاریگەری لەسەر كۆمەڵگەی عێراقی كردووە، واتا فكری توندوتیژی ئایینی و تائیفی و دەمارگیری قەومی لەناو كۆمەڵگەی عێراقدا ژینگەیەكی لەباری بۆخۆی دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی گەشەبكات و دەرئەنجام گروپێكی تیرۆریستی وەكو داعشی لێ بەرهەم هاتووەو پێشتریش بەناوی جۆراوجۆرەوە دەیان گروپی تیرۆریستی دیكەی لێ دروست بووە، بەڵام خۆشبەختانە لەهەرێمی كوردستاندا بەو شێوە بەربڵاوە ئەمجۆرە فیكرە دەمارگیری و توندوتیژییانە بوونی نییەو سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتی و هانی پێكەوەژیان و رێزگرتنی نێوان هەموو پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزا دەكەن و بەپێی پێویست ژینگەیەكی لەباریان بۆ خوڵقاندووە، هەر ئەمەش بوو وایكرد هەرێمی كوردستان ئامێزبكاتەوە بۆ هەزاران خێزانی كریستیان و ئێزیدی و كاكەیی و تەنانەت عەرەبی سوننەو شیعەو كوردی رۆژئاواو موسڵمانانی ئەو ناوچانەی لەدەستی داعش هەڵهاتبوون، بەمەش رێزو ناوبانگی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرزترو شكۆمەندتر بوو.
سەبارەت بە بارودۆخی كریستیانەكانی دەڤەری دەشتی نەینەوا قەشە عیماد جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە «بەشێوەیەكی گشتی كەنیسەو كریستیانەكان لە بارودۆخی پێكهاتەكەیان لەعێراق و موسڵ و دەشتی نەینەوا رازی نین و لەسەر زۆر ئاست بێ ئومێدییان پێوە دیارە.» وتیشی: «پێویستە لەسەر چەند ئاستێك و لایەنێك كاربكەین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پێكهاتەی رەسەنی عێراق بكەین و لەمەشدا بگەڕێینەوە بۆ دەستوور كە تێیدا مافی هەموو تاكێك و نەتەوەو گەلێكی تێدا پارێزراوە، بەپێچەوانەی واقیعەوە كە تادێت دۆخەكە ئاڵۆزتر و خراپتر دەبێت، بەتایبەتی چاندنی تۆی دووبەرەكی و فیتنەو تۆڵەسەندنەوەو توندوتیژی كە بەهێزی سەربازی و ئاسمانی بنبڕناكرێت بەڵكو دەبێت لەسەر ئاستی رۆشنبیری و فیكری كار لەسەر پێگەیاندنی نەوەی نوێ بكەین، داعش لەدایكبوونی یەك دوو رۆژ نییە، بەڵكو لەبێ ئاگایی و فەرامۆشكردنی چاندن و پەرەپێدانی كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی دروست بوو، دەرئەنجامەكەشی كوردو كریستیان و تەنانەت نەتەوەی عەرەبی سوننەو شیعە دووچاری كوشتن و دەركردن و ماڵوێرانكردن كردووە، هەتا ئەو فكرو بیروبۆچوونەی توندوتیژییە نەگۆڕێت، دۆخەكە هەر بەئاڵۆزی و هەستیارییەوە دەمێنێتەوە.»
سەبارەت بە گرنگیی ئازادكردنی ناوچەكانیان و رێزگرتن لەكریستیانەكان وەكو پێكهاتەیەكی رەسەن و سەرەكیی كوردستان قەشە عیماد خۆشابا وتی: «بارزانی جێگای ئومێدی ئێمەو هەموو ئەو پێكهاتە رەسەنانەیە كە دەیانەوێت لە ژینگەو دۆخێكی سەقامگیرو ئارامدا بژین، فكری بارزانی-یە وایكردووە كورد رێز لە پێكەوەژیان و لێبوردەیی بگرێت، بەڕێز مسعود بارزانی هەوڵی ئەوە دەدات لەناو ئەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا كە بەدۆخێكی زۆر نائارام و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، جیاوازی لەنێوان پێكهاتەكان نەكرێت، ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەهاوشێوەی حكومەتی ناوەندی دۆخەكە فەرامۆش بكات، ئەوە هەر زوو فیكری توندوتیژی و دەمارگیری بۆ هەرێمی كوردستانیش دەگوازرێتەوە، چونكە لەسایەی هەندێ حزبی ئایینی و بەرژەوەندی حزبە سیاسییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر وایكردووە لەهەندێك بواری رێزگرتن لەپێكهاتەكان پاشاكشە بكات.»
پێشمەرگە بووەتە سیمبولی
پارێزگاریكردن لە فرەنەتەوەیی و فرەئایینی لەكوردستاندا
كریستیانەكان زۆر هەوڵیاندا لەناوچەیەكی سنوورداردا نەژین، بەڵكو لەهەموو عێراقدا وەكو پێكهاتەیەكی رەسەنی ئەم وڵاتە بژین، دۆخەكە وادەرنەچوو، لەزۆربەی شوێنەكانی عێراق لەخوارو ناوەڕاست و پارێزگای نەینەواش كۆچكردنی كریستیانەكان بووەتە دیاردەو لە یەك ملیۆن كریستیان تەنیا 250 هەزار كەس ماونەتەوە، هەربۆیە ئەوانیش بیر لەوە دەكەنەوە كە چۆن بتوانن پارێزگاری لەپێكهاتەكەیان بكەن. لەمبارەیەوە قەشە سامی یوحەننا رایوایە: «ناكرێت لەعێراق هاووڵاتی پلە یەك و دوو هەبێت، پێویستە هەمووان رێز لەیەكتر بگرن و دادپەروەریی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراقدا هەبێت، لەعێراق نەتوانرا پارێزگاری لەئارامی و مافی هەموو هاووڵاتی و ئایینزاكان بگیرێت، من ئومێدم وابوو كە بتوانین بەهەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر مافی هاووڵاتیان بپارێزین، هەروەكو چۆن لەهەرێمی كوردستان ئێستاكە پێشمەرگە بووەتە سیمبول و لەهەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزایەك پێكهاتووە، ئێمە سوپاسی هەڵوێستی خەڵك و حكومەت دەكەین، بەتایبەتی لەهەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر كە توانیان تەواوی دەروازەكان بكەنەوەو پێشوازی لەنزیكەی 100 هەزار ئاوارەی كریستیان بكەن و وەكو هاووڵاتیەكی كوردستانی مامەڵەیان لەگەڵ كردوون، لەكاتێكدا لەم قەیرانە ئابوورییەدا 1 ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەو پەناهەندەی دیكە روویان لەكوردستان كردبوو، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فاتیكان و خودی پاپای فاتیكانیش بەچاوی رێزەوە دەڕواننە ئەو هەڵوێستە مرۆییانەی خەڵكی كوردستان و سەرۆك بارزانی، پاپای فاتیكان بەبەردەوام نەك هەر لەكریستیانەكان، بەڵكو لەهەموو كەمە نەتەوەكان و ئەو نەتەوانەی زوڵمیان لێكراوەو رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە، بەرگرییان لێدەكات، ئێمە نزاو دوعا دەكەین بۆ ئەوەی عەقڵییەتی سیاسەتمەدارو پیاوانی ئایینی لەعێراقدا بگۆڕێت و حكومەتی ناوەندی نییەتی پاكی هەبێت و كار لەسەر گەشەكردنی كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی بكات، چونكە بەردەوامبوونی دۆخی سڕینەوەی یەكترو دژایەتیكردنی نەتەوەو تائیفەكان تەنیا داعشی لێ بەرهەم دێت و هاووڵاتیان زیاتر ماڵوێران دەبن.