د.محەمەد ساڵح جومعە: هەموو هاوكێشە دژبەیەكەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە موسڵدا بوونی هەیە و هەر لەوێش دەتەقنەوە، بەڵام بەسەربەخۆیی كوردستان كۆتایی دێت
November 7, 2016
دیمانەی تایبەت
پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ دەستی پێكردووەو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە تیرۆریستانی داعش تێكبشكێن و خەلافەتە ئیسلامییەكەی بڕووخێنرێت، هاوكات لەگەڵ ئەم پرۆسە سەربازییە گەورەیە مەزندەدەكرێت گۆڕانكاریەكی گەورە و ریشەیی لەناوچەكەدا رووبدات و بەجۆرێك كە نەخشەی سیاسی بەجۆرێكی دیكە دابڕێژرێتەوە، هەر لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا پرسیارگەلێكی زۆر سەبارەت بە ئایندەی كوردستان لەئارادایە و زۆر كەس دەپرسێت ئایندەی كوردستان و عێراق بە كۆی دەگات، یان ئایا دەستێوەردانی ئیقلیمی لەم شەڕەدا ئاراستەو ئاكامی ئەم شەڕە بەرەو كوێ دەبات چۆن دەشكێتەوە؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ د.محەمەد ساڵح جومعە راوێژكاری سیاسیی پێشووی سەرۆك بارزانی ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.د.محەمەد ساڵح جومعە بۆ گوڵان:
هەموو هاوكێشە دژبەیەكەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە موسڵدا بوونی هەیە و هەر لەوێش دەتەقنەوە، بەڵام بەسەربەخۆیی كوردستان كۆتایی دێت
ئەگەر ئەو لایەنانەی ئێستا سیاسەتی ئێران جێبەجێ دەكەن، چاو بە خۆیاندا نەخشێننەوە، پێشمەرگە ناچاردەبێت ئەو دەستێوەردانانە رابگرێت
* پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ بەردەوامەو شەڕەكەش بەرەو سەركەوتن و كۆتایی دەچێت، ئایا ئەم بارودۆدخە بۆ پرسی كوردستان چۆن دەبینین؟
- لەم شەڕەدا كورد یەكێك دەبێت لەلایەنە سەركەوتوەكان و گەورەترین سەركەوتن بەدەست دەهێنێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەهاتنی داعش سایكس پیكۆ كۆتایی هات و ئەو سەركەوتنانەشی پێشمەرگە لەم شەڕە بەدەستی هێناوە، كوردی گەیاندەوە رۆژگاری سەلاحەدینی ئەیووبی و سەلماندنی كە تەنیا هێزە توانای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشی هەیە، ئەوجا كە باسی داعشیش دەكەم، دیارە لەم ناوچەیەدا تەنیا یەك داعش نییەو دەوڵەتانی رۆژئاواش لەسەر رەهەندێكی دوورمەوداتر سەیری ئەم مەترسییە دەكەن، ئەمەش بەمانای ئەوەی ئەو مەترسییەی داعش دروستی كردووە، لە دەوڵەتانی دیكەی ناوچەكەش هەمان مەترسی هەیە، ئەو مەترسییەشی لەو وڵاتانە لە ئایندە دەردەكەوێت، زۆر لە مەترسیی ئێستای داعش ترسناكترە، هەموو ئەو هاودژی و پێكناكۆكییانەش كە لەلایەك لەلایەن ئێران و حەشدی شەعبی و لەلایەكی دیكە سعودیەو توركیا بوونیان هەیە، لە پرۆسەی ئازادكردنی موسڵدا دەردەكەون و دەتەقنەوە، لەناو ئەم هاوكێشەیەدا كورد رۆڵێكی كاریگەری هەیە، لەبەر ئەوەی بەشی فراوانی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ لەلایەن سەرۆك بارزانی-یەوە چاودێری دەكرێت، هەروەها ئەمریكاش سیاسەتێكی دووربینانەی هەیە، بۆیە ئەم لایەن، یان ئەو لایەن كە بە سیاسەتی ئەمریكا رازی نین. كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت سیاسەتی 100 ساڵی رابردوو بەرامبەر عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی هات، سیاسەتێكی نوێ لەدوای ئازادكردنی موسڵ دەست پێدەكات، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم ئامانجی ئەم شەڕە لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعش و هاوشێوەكانی فیكری داعشە، ئەوا لەوانەیە دوای پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ، شەڕی دیكە بەدوای خۆیدا بهێنێت، هیچ دوور نییە لە نێوان سعودیەو ئێران، یان ئێران و توركیا شەڕ دروست بێت.
* ئەگەر پرسیارەكە وردتر بكەینەوە، بە تێڕوانینی تۆ عێراق دوای پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ چۆن دەبێت؟
- پڕۆگرامی ئەمریكا بۆ دوای ئازادكردنی موسڵ دابینكردنی سەقامگیرییە، سەقامگیریش دروست نابێت، ئەگەر عێراق نەبێتە دەوڵەتێكی كۆنفیدڕاڵی، بۆیە بەرنامەی ئەمریكا بەئاشكرا بۆ دروستكردنی كۆنفیدڕاڵییەكە لەنێوان (كوردو شیعەو سوننە)، ئەمەش واتە دامەزراندنی سێ دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەم ئاراستەیەش هەم بۆ كوردستان و هەم بۆ عێراق و هەم بۆ ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش باشە. ئەوەی تا ئێستا دیارە كوردستان و عەرەبی سوننە بەم پرۆسەیە رازین، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا شیعە بەوە رازی دەبێت عێراق ببێتە سێ دەوڵەتی كۆنفیدڕاڵی؟ بێگومان رازی نابن، لەبەر ئەوەی ئێران بەم چارەسەرە رازی نابێت، كەواتە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەركەوتوو بێت، ئەوا ئەو لایەنەی كە دەبێتە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە دەبێت لابچێت و لە هاوكێشەكەدا دوور بخرێتەوە.
* بەڵام لەدوای ئازادكردنی موسڵ كوردستان خۆی وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع بوونی دەبێت، پرسیاری ئێمە ئەوەیە چۆن لەنێوان عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە ئەو میكانیزمە رێكدەخرێت؟
- دیارە وەك مێژووی جەنگە جیهانییەكان، دوای هەر جەنگێك دەبێت دابەشكردن بكرێت، بۆیە سیاسەتی ئەمریكیش بە شێوەیەكی دیكە و بەگشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتاییەتی لە عێراقدا دەست پێدەكات، ئەگەر سەیری رۆڵی ئەمریكاش بكەین لە پرۆسەی ئازادكردنی موسڵدا، بەتەواوەتی تێدەگەین كە ئەمریكا دەیەوێت كێشەی عێراق چارەسەر بكات، چارەسەرەكەش دروستكردنی چەند دەوڵەتێكی كونفیدڕاڵییە لە عێراقدا.
* دیارە سەرۆك بارزانی فەرمانی بە پێشمەرگە كردووە جگە لەناوچە كوردستانییەكانی نەینەوا، پێشمەرگە نەچێتە ناو شاری موسڵەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە سەنگەری پێشمەرگە لەكوێ بێ، ئەوەش سنووری باشووری كوردستانە؟
- بێگومان، بەڵام ئەگەر سەیری مێژووی كوردستان بكەین، ئەو دەرفەتەی ئەمجارە هاتۆتە پێش زۆر جیاوازە، لەبەر ئەوەی بە درێژایی مێژوو كورد بە ناچاری كەوتۆتە بەرەی دوژمنی خۆیەوە، بەڵام ئەمجارەیان لەبەرەی دۆستەكانی خۆیدایە كە دەیانەوێت كوردستان سەربكەوێت و سنووری كوردستان دابنرێت، ئەمەش تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا پشتگیری لێ دەكات، بۆیە بەرنامەكە بەو جۆرەیە تەنیا سوپای عێراق و هێزەكانی پۆلیس دەچنە ناو شاری موسڵەوە، بەڵام پێشمەرگە پارێزگاری لە ناوچە كوردستانییەكانی نەینەوا دەكات، سەبارەت بەم لایەنەش عەرەبی سوننە رازییە ئەو ناوچە كوردستانییانە بگەڕێنەوە سەر كوردستان.
* لە قسەكانت وادەردەكەوێت ئەگەر عێراق ببێتە دەوڵەتێكی كۆنفیدڕاڵی ئەوا عەرەبی سوننە دەخوازێت لەگەڵ كوردستان هاوپەیمان بێت، نەك شیعە، ئایا پێوەندی نێوان شیعەو كوردستان چۆن دەبێت؟
- كوردستان نە لەگەڵ عەرەبی سوننەو نە لەگەڵ عەرەبی شیعە كێشەی نییە، لەگەڵ هەردوولایان هاوپەیمانە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت، ئەوەیە كە عەرەبی سوننە خۆیان حەزدەكەن هاوپەیمانی كوردستان بن، ئەوانەشی پشتگیری سوننە دەكەن وەك سعودیەو دەوڵەتانی كەنداو، ئەوانیش پشتگیری سیاسەتی ئەمریكا دەكەن، واتە پشتیوانی لە هاوپەیمانی نێوان كوردستان و سوننە دەكەن، سەبارەت بە شیعەش من پێموایە ئەو بەشەی شیعە كە وەك عەمار حەكیم بیردەكەنەوە، حەزدەكەن هاوپەیمانی كوردستان بن، بەڵام ئەو بەشەی لە ژێر كاریگەری ئێراندان حەزیان بەمە نییە، ئەوجا لەمە زیاتر ئامانجی كوردستان ئازادی و دیموكراتی و پێكەوەژیانە لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەخوازێت لەم ناوچەیە سەقامگیری و تەبایی هەبێت، بۆیە كورد لەگەڵ هیچ دەوڵەت و لایەكدا كێشەی نابێت كە ئامانجی سەقامگیری و تەبایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت.
* بەڵام ئەگەر وردتر قسە لەسەر پرۆسەی بە كۆنفیدڕاڵیكردنی عێراق بكەین، دیارە لەم پرۆسەیەدا هەندێك پارێزگا پێویستی بەوە هەیە دابەش بكرێت، بەتایبەتی نەینەوا بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری لەنێوان كوردو سوننە، هەروەها دابەشكردنی بەغدا بۆ دروستكردنی هاوسەنگی لە نێوان شیعەو سوننەدا، ئایا ئەمە دەكرێت؟
- ئەگەر هەموو لایەك رازی بن عێراق ببێتە دەوڵەتێكی كۆنفیدڕاڵی، ئەوا بەغدا دەبێتە پایتەختی كۆنفیدڕاڵییەكە، دیارە لەناو بەغداشدا هەڵبژاردن دەكرێت، بۆیە هەر ناوچەیەك لەلایەن ئەو هاووڵاتیانەوە بەڕێوەدەبرێت كە لێی نیشتەجێن، هەروەها لەوانەیە بارودۆخەكە وا پێویست بكات كە بەغداش بكرێتە چەند پارێزگایەك، بۆ ئەمە لە داهاتوودا چارەسەرێك بۆ بەغدا دەدۆزرێتەوە، سەبارەت بە نەینەوا، ئەوا واقیعی شەڕەكە ئەو دابەشبوونەی كردووە، بەشی خۆرئاوای نەینەوا بەدەست عەرەبی سوننە دەبێت و رۆژهەڵاتی ئەو پارێزگایەش دێتە سەر كوردستان، ئەوجا بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پرسە بەشێوەیەكی یاسایی دوای ئازادكردنی موسڵ قسە لەسەر ئەو میكانیزمەش دەكرێت.
* ئەوەی لە قسەكانت جێگەی تێڕامانە، ئەوە بوو كە گوتت شەڕەكە لەموسڵ یەكلایی دەبێتەوە، بەڵام زۆربەی چاودێران وای دەبینن لە حەلەب یەكلایی دەبێتەوە، ئایا ئەمە دوو بۆچوونی پێچەوانەی یەكتری نین؟
- نەخێر، لە موسڵ شەڕەكە یەكلایی دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی هەموو هاوكێشە دژبەیەكەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە موسڵدا بوونی هەیە و ئەم دژبوونانەش دەتەقنەوەو سەرەنجامیش چارەسەرەكەی بە كۆنفیدڕاڵی كۆتایی دێت.
* دیارە خۆئامادەكردن بۆ پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ ماوەی 7-8 مانگە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە تەواوبووە، ئەوەی ئامادەنەبوو سوپای عێراق بوو، ئێستا سوپای عێراق و پێشمەرگە هەماهەنگ و هاوپەیمانن و وەك لایەنی براوەی شەڕەكە سەیر دەكرێن، بەڵام لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش خەریكە ئەو لایانەش دەردەكەون كە لەشەڕەكەدا دۆڕاون، بەتایبەتی كە لەچەند مانگی رابردوو هەوڵێك هەبوو لەلایەن مالیكی-یەوە بۆ كودەتا بەسەر عەبادی-دا، هەروەها هەوڵێكی هاوشێوەی ئەوەش دیسان بە هاوپەیمانی لەگەڵ مالیكی دژی كوردستان و سەرۆك بارزانی هەبوو، ئایا بۆچی لەو كاتەی سوپای عێراق و پێشمەرگە خۆیان ئامادەدەكرد بۆ ئازادكردنەوەی موسڵ، ئەو هەوڵانە لە بەغداو كوردستان دەركەوتن؟
- نە پڕۆژەكەی بەغدا پڕۆژەی مالیكی بوو، نە ئەوەی كوردستانیش پڕۆژەی گۆران و یەكێتی و مالیكی بوو، بەڵكو هەردوو هەوڵەكە پڕۆژەی ئێرانی بوون و ئەوان بەوەكالەت جێبەجێان دەكرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا شكستیان هێناو سەرنەكەوتن. هۆكاری سەرەكیی سەرنەكەوتنی ئەو هاوپەیمانییەی نێوان مالیكی و گۆڕان و یەكێتی، لەبەر ئەوە بوو ئەمریكا پشتی كوردستانی گرت، لە بەغداش پشتی عەبادی گرت، بۆیە دەبوا هەموو لایەك لەم راستییە تێبگەن، كە جێبەجێكردنی ئەو جۆرە سیاسەتانە فەشەل دەهێنێت، هەر دوای شكستی ئەم پڕۆژەیە ئەوەبوو سەرۆك بارزانی و شاندی كوردستان بە ناوبژیوانیی ئەمریكا سەردانی بەغدایان كردو توانرا بەرنامەی تازە دابنرێت و ئەو هەماهەنگی و پێوەندییەی ئێستا بە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بێت كە كاریگەری تەواوی لەسەر بەشێكی گرنگی شیعەی عێراق هەیە كە نایانەوێت ببنە پاشكۆی ئێران، هەروەها ئێستا كێشەیەكی گەورە لە نێوان نەجەف و قوم هەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە نەجەف دەیەوێت سەربەخۆ بێت، بەڵام ئێران دەیەوێت نەجەف پاشكۆی قوم بێت و ویلایەتی فەقی لە عێراق دابمەزرێنێت، بۆ ئەمەش لەقومەوە كەسێك وەك مەندوبی سامی بۆ بەڕێوەبردنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە دیاریكراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئێران بەرامبەر پڕۆژەكەی ئەمریكا تەنگاو بووە، بۆیە ئەوەندەی دژی عەبادی-یە، ئەوەندە دژی داعش نییە، ئەمەش ترسی ئەوەی هەیە هەوڵێكی دیكەی هاوشێوەی ئەوەی پێشتری مالیكی دژی عەبادی بێتەئاراوە، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا ئەمریكا رێگەنادات ئەو هەوڵانە سەربگرێت، بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات ئەو ئاستەنگانە لابەرێت.
* بەڵام لە 2014 مەرجی سەرەكیی ئەمریكا بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی دژی داعش، دوورخستنەوەی نوری مالیكی بوو لە حوكمڕانی، ئایا ئەمریكا بۆ ئەوكات جەختی لەسەر ئەوە كردەوە بەوەی دەبێت نوری مالیكی لە پرۆسەی حوكمڕانی دووربخرێتەوە؟
- ئاشكرایە ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر عێراقدا هات، ئەوە پڕۆژەی ئێران بوو كە لەلایەن مالیكی-یەوە جێبەجێ دەكرا، كە مالیكیش موسڵی تەسلیمی داعش كرد، ئامانجەكە ئەوە بوو هۆكارێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی سوننە پاكتاو كۆمەڵكوژ بكات، ئەمریكاش لەم راستییە تێگەیشت، بۆیە نوری مالیكی دوورخستەوە بۆ ئەوەی سیاسەتی ئێرانی دووربخاتەوە. ئەمریكا لەبەرامبەر ئێران سیاسەتێكی ژیرانەی گرتەبەر، ئەو هات لەمیانەی رێككەوتنی لەگەڵ ئێران، پڕۆژەی ئەتۆمیی ئێرانی راگرت، ئەمەش مانای ئەوەیە، ئەگەر ئێران چەكی ئەتۆمی نەبێت، ئەوا بە چەكی تەقلیدی ئەو هێزە نییە كە بتوانێت هەڕەشە بۆ سەر ئەمریكاو بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دروست بكات، بەڵام دەتوانێت دەستێوەردان لە عێراق و سووریا، یان یەمەن و لوبنان بكات، لەم حاڵەتەشدا كە ئەمریكا و رۆژئاوا هاتنە ناو پرۆسەكە، ئەوا ئێران ناتوانێت بەرامبەر ئەوان رابوەستێت.
* بەڵام ئێستا جارێكی دیكە شاندی باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی ئێرانیان كرد، لەمەش زیاتر دەڵێن قاسم سولەیمانی گوتوویەتی ناوچەی سلێمانی ناوچەی نفوزی ئەوانە، ئایا ئەمەش هەوڵێكی دیكە نییە بە ئاراستەی هەوڵەكانی پێشتر كە فەشەلیان هێنا؟
- قاسم سولەیمانی لە روانگەی سیاسەتی حكومەتەكەی خۆیەوە راست دەڵێت، ئەوان بەوجۆرە سەیردەكەن، بەڵام ئەگەر سەیری دروستكردنی نەوای ئارام بكەین لەساڵی 1991 لەلایەن هاوپەیمانانەوە، ئەوا هێڵی 36 ناوچەی سلێمانی نەدەگرتەوە، بەڵكو موسڵی دەگرتەوە، هاوپەیمانان هاتن سلێمانییان خستەناو هێڵەكە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە لە نفوزی ئێرانی دووربخەنەوە، بەڵام لە ئێستادا ئێران دەزانێت ئەگەر راستەوخۆ دەستێوەردان بكات، ئەوا ئەو شەڕ لە دژی كوردستان ناكات، بەڵكو شەڕ لەگەڵ ئەمریكا و ناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات، بۆیە دەخوازێت لایەنە ناوخۆییەكانی كوردستان سیاسەتەكانی ئەو جێبەجێ بكەن، پێشتریش ئێران لە رێگەی پەكەكەوە هەوڵیداوە سلێمانی و شنگال بكاتە دوو كانتۆن، بەڵام ئەوەشیان پێنەكرا و بەزیانی خۆیان تەواو بوو، بۆیە ئەوانەشی بەوەكالەت دەیانەوێت ئەو سیاسەتە لە كوردستان جێبەجێ بكەن، ئەوا ئاكامی ئەوانیش سەركەوتوو نابێت، بەڵكو لە هاوكێشەكە دەچنە دەرەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا ئێران دەتوانێت ئەوان لەهاوكێشەكەدا بهێڵێتەوە؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە دەبێت ئێران هێز بەكار بهێنێت، بەڵام ئایا دەتوانیت پەنا بۆ هێز بەرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش ئەوەیە ئەمەش بە رێگەی حەشدی شەعبی جێبەجێ دەكات، هەروەك چۆن ئێستا بەشێك لە حەشدی شەعبی لە كەركووكن، بەڵام ئەمەش سەركەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە كە دەستێوەردان رەتدەكاتەوەو ئەو سەردەمەش بەسەرچووە هیچ لایەك بتوانێت دەستێوەردان لە كوردستاندا بكات، ئەگەر ئەو لایەنانەی ئێستا سیاسەتی ئێران جێبەجێ دەكەن، چاو بە خۆیاندا نەخشێننەوە، ئەوا پێشمەرگە ناچاردەبێت ئەو دەستێوەردانانە رابگرێت، كە من ئومێد دەخوازم ئەمە روونەدات. بەڵام بەداخەوە ئاگری ئەو شەڕەی چاوەڕوان دەكرێت ئێستا لە سعودیە سەرەتاكانی دەركەوتووە، لەبەر ئەوەی كاتێك حوسییەكانی یەمەن شاری مەككە و شارەكانی دیكەی سعودیە رۆكێت باران دەكەن، ئەمە خۆی لە خۆیدا راگەیاندنی شەڕە لەلایەن ئێرانەوە دژی سعودیە. بۆیە ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە ئێران راناوەستێت، دووبارە دەیڵێم خۆزیا ئەمە رووینەدایە، بەڵام ئەمانە نیشانەی پەلكێشكردنی ناوچەكەیە بۆ شەڕێكی دیكە.
* بەڵام وەك سەرنج دەدرێت، ئەم شاندەی باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی لەگەڵ نییە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە، ئەم باڵە نایەوێت خۆی بخاتە ناو ئەو سیاسەتە؟
- باڵی ناوەندی بڕیاری یەكێتی دووربینتر و باشتر هاوكێشەكە دەخوێننەوە و دەزانن ئەوە شەڕێكی دۆڕاوە، بەڵام باڵی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئاراستەی دەكات و نەوشیروان مستەفا پشتگیری لێدەكات، دەیانەوێت بە پشتگیری ئێران هەژموونی خۆیان بەسەر باڵی ناوەندا فەزر بكەن، پێشتر مام جەلال ئەوانی كردبووە شەریك، بەڵام ئێستا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەیەوێت ئەوان ملكەچ بكات، بۆیە باڵی ناوەندی بڕیار ئەمە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو نەوشیروان مستەفا قبوڵ ناكەن، ئەم ئاراستەیەی كە دەیەوێت خۆی لەگەڵ ئێران رێكبخات، لەسەر سێ ستوون بەرنامەی خۆیان رێكخستووە، یەكەمیان دژی بارزانی (واتە دەوڵەتی كوردستان)، دووەم دابەشكردنی كرمانجی و سۆرانی، سێیەم پشتگیری سیاسەتەكانی ئێران، بۆیە ئەگەر ئەم سێ ستوونە رووخان، ئەوا بنكەی جەماوەری ئەوانیش لەبەر یەك هەڵدەوەشێت، بۆیە ناوەندی بڕیار دووربینانەتر سەیری ئەو ئاراستەیە دەكات و نایەوێت خۆی تێكەڵاوی ئەو هاوكێشەیە بكات.
* ئەو لێدوانە توندانەی ئەم دواییەی نوری مالیكی لەسەر سەرۆك بارزانی كە خۆی جەخت دەكاتەوەو دەڵێت مەبەستم مسعود بارزانی-یە، هەروەها دوای مالیكیش نەوشیروان مستەفاش بەهەمان شێوە هاتەسەرخەت، ئایا ئەمانە پێوەندییان بەیەكەوە نییە؟
- لێدوانەكانی مالیكی و ئەوەی نەشیروانیش، هەردووكیان فەرمانی ئێرانەو ئەوان جێبەجێی دەكەن، ئەو دوو جوامێرە بێجگە لە جێبەجێكردن ئەركێكی دیكەیان نییە، هەر بۆیە هەر هەموو قسەكانیان دژی سەرۆك بارزانی-یە، لەمەش زیاتر خۆ ئێستا ئێران نەیشاردۆتەوە لەیەمەنەوە تادەگاتە باشووری لوبنان شەڕی بەوەكالەت دەكات، ئەمەش جۆرێكە لەشەڕی بەوەكالەت بۆ ئێران.
* بەڵام سەرۆك بارزانی تەنیا بەدوو وشە (الحسود لایسود) وەڵامی قسەكانی مالیكی دایەوە، ئایا ئەم دوو وشەیە مانای چییە؟
- سەرۆك بارزانی هەموو كات وەڵامەكانی كورت و پڕمانان، لەدوای گۆڕانكارییەكانیش تێدەگەین بارزانی بۆچی ئەم دوو وشەیەی بەكارهێناوە، ئەم دوو وشەیە دیاریكردنی براوەو دۆڕاوەكانی ئەم شەڕەن، هەر لەئێستاوە دەركەوتووە كە مالیكی یەكێكە لە وەكیلەكانی ئێران و دۆڕاوی شەڕەكە، بەڵام سەرۆك بارزانی دەبێتە بەشێكی گرنگ لە براوەی شەڕەكە.
* ئەگەر باسی بارودۆخی سووریا بكەین، دیارە ئێستا رووسیا رۆڵێكی سەرەكی دەگێڕێت، توركیا چۆتە رۆژئاواو شەڕ لەگەڵ چەكدارانی یەپەگە دەكات، ئەمریكاش بێدەنگە، ئایا ڕەوشی سووریا چۆن دەخوێنیتەوە؟
- چوونی توركیا بۆ ناو سووریا بەبێ ئاگاداری ئەمریكا نییە، ئەو ئەركەش بۆ توركیا دیاری كراوە كە شەڕ لەگەڵ ئەو لایەنانە بكات كە بەوەكالەت شەڕ بۆ ئێران دەكەن، واتە شەڕەكە دژی ئێرانە، ئەوجا لەبەر ئەوەی پەكەكەو پەیەدە دەست لە سووریا و ئێران بەرنادەن، ئەوا توركیا شەڕی ئەوانیش دەكات، ئەمەش دوای ئەوە هات كە ئەردۆگان چووە رووسیاو لەگەڵی رێككەوت و پێی راگەیاند من سنووری خۆم كۆنتڕۆڵ دەكەم، هەر دوای ئەمەش بوو، ئەرۆدغان بەئاشكرا بەئەمریكای راگەیاند، یان ئێمە، یان پەیەدە، ئەمەش مانای ئەوەیە توركیا دەیەوێت شەڕی سووریا و ئێران بكات، راستە ئەمریكا هاوكاری چەكدارانی پەیەدە دەكات، بەڵام پەیەدە لە یەك كاتدا دەیەوێت لە دوو شوێن گۆڤەند بكات، سەبارەت بە رووسیاش ئاشكرایە رووسیا نایەوێت رژێمی ئەسەد بڕووخێت، بەڵام رووسیا شەڕ بۆ بەرژەوەندی خۆی لەدەریای سپی ناوەڕاست دەكات و دەیەوێت لەتەرتوس و لازقیە پێگەی وشكاییشی هەبێت. بە بۆچوونی من سەرەنجام رووسیا و ئەمریكا لەسەر پرۆسەی پارچەپارچەكردنی سووریا رێكدەكەون، بەشە عەلەوییەكەی تەسلیمی رووسیا دەكرێت، بەشی كوردو سوننەش تەسلیمی ئەمریكا دەكرێت.
* دیارە ئەم دیمانەیە رۆژێك پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا بڵاودەكرێتەوە، كاندیدەكانی سەرۆكایەتی لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریكادا، جیاوازن لەهەڵبژاردنەكانی پێشووتریان، ئایا چۆن سەیری ئەم هەڵبژاردنە دەكەن و پێتانوایە كێ دەبێتە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا؟
- ئەگەر سەیری پرۆسەی هەڵمەتەكانی ئەمجارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا بكەین، ئەوا تەواوی سیاسەتی ئەمریكامان بۆ دەردەكەوێت و بەرەو ئاراستەیەك دەچێت كە تەواوی سیاسەتی سەردەمی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش و باراك ئۆباما گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئەمەش واتە قۆناخێكی تازە لە سیاسەتی ئەمریكا دێتەئاراوە، ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا سەیری شێوازی داڕشتنی سیاسەتی ئەمریكا بكەین، ئاشكرایە ئەوانەی ئەو سیاسەتەیان دروستكردووە، هەستیان كردووە كە ئەمریكا بەدرێژایی مێژووی خۆی لەتەنگانەی لەمجۆرەی ئەمڕۆ نەبووە، ئەم سیاسەتەش بە بۆچوونی من بەوجۆرە داڕێژراوە كە كۆمارییەكان بێنە سەرحوكم، جێبەجێكردنی سیاسەتێكی لەمجۆرەش پێویستی بە كاندیدێكی سەرشێت و توند هەیە، ئەم سیفەتانە لە كەسایەتی دۆناڵد ترامپی كاندیدی كۆمارییەكان بوونی هەیە، بۆیە ئەگەر سەیری كاندیدەكانی كۆمارییەكان بكەین بۆ سەرۆك كۆمار، لەمێژووی خۆیاندا كەسێكی وا توندو سەرشێتیان كاندید نەكردووە، لەبەر ئەوەی لێدوانەكانی ترامپ پێش ئەوەی دوژمنەكانی ئەمریكا بترسێنێت، گەلی ئەمریكاو دۆستەكانی ئەمریكا دەترسێنێت، بۆیە لەم روانگەیەوە لەوانەیە ترامپ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا بێت، بەڵام سەرەنجامیش ئاكامی دەنگەكان دەستنیشانی دەكات كە ترامپ، یان هیلاری كامیان دەبێتە سەرۆك كۆماری داهاتووی ئەمریكا.
* بەڵام بەپێی ئاكامی ئەو راپرسییانەی دەكرێن، هەموو ئاكامەكان ئەوە پیشاندەدەن كە هیلای زۆر لەپێش ترامپەوەیە، ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە زۆر زەحمەتە ترامپ دەربچێت؟
- هێشتا ئەم پرسە تەواو دیار نییە، لەبەر ئەوەی چەند لە هەڵبژاردنەكان نزیك دەبینەوە، جیاوازی نێوان هیلاری و ترامپ كەم دەبێتەوە، ئێستا هیلاری خاڵێك یان دوو خاڵ لەپێش ترامپەوەیە، ئەمەش مەزندەكردنی قورس كردووە.
* سەبارەت بە ئێمە وەك كورد ئایا هەر كامیان ببێتە سەرۆككۆماری ئەمریكا، گۆڕانكاری دروست دەبێت، یان با بڵێن كامیان بۆ بەرژەوەندی كورد سوودیان زیاترە؟
- بۆ ئێمەی كورد، دیموكراتەكان لەدەسەڵات بن، یان كۆمارییەكان هیچ جیاوازی نییە، سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل زۆر گرنگەو كاریگەریشی لەسەر ئاكامی هەڵبژاردنەكان دەبێت، دیارە ئیسرائیل پشتگیری ترامپ دەكات، بەڵام دەرچوونی ترامپ بۆ هەندێك هاوپەیمانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسی دروست دەكات، بەتایبەتی لەسەر سعودیەو توركیا، هەروەها لەسەر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەناتۆ و یەكێتی ئەوروپا، چونكە ترامپ داوادەكات دەبێت ئەوان پارە بەئەمریكا بدەن بۆ ئەوەی بیانپارێزێت، هەروەها ئەگەر ترامپ دەربچێت، زۆر نزیكە رێككەوتنی ئەمریكا لەسەر پرسی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی تەواوی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و لەگەڵ رووسیاشدا رێكدەكەوێت.