ئەلیزابیس بێنیۆن : ئەگەر ترەمپ لە ھەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەست بێنێت جێگەی سەرسوڕمان دەبێت
November 6, 2016
دیمانەی تایبەت
دکتور ئەلیزابیس بێنیۆن پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکانە لەزانکۆی ئینیدیانا، ھەروەھا وانەبێژی سیاسەتی ئەمەریکایە لەگەڵ تەرکیزکردن لەسەر ھەڵسوکەوت و رەفتاری سیاسی. بەڕێوبەری دامەزرێنەری پرۆژەی دیموکراسیەتی ئەمەریکایە لە ھەمان زانکۆ. بۆ قسەکردن لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و تاوتوێکردنی دەرئەنجامەکانی ئەو ھەڵبژاردنانەو تیشکسختنەسەر لێدوانە سەیرو سەرنجڕاکێشەکانی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، گوڵان دیمانەیەکی لەگەڵدا ئەنجامدا، ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە تێڕوانینەکانی کرد.ئەلیزابیس بێنیۆن پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان بۆ گوڵان:
ئەگەر ترەمپ لە ھەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەست بێنێت
جێگەی سەرسوڕمان دەبێت
• لە ئێستادا نزیکەی ھەفتەیەکی ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، کە بە پێی راپرسییەکان ھیلاری کلینتۆن لە پێش دۆناڵد ترەمپ ـەوەیەو زیاتر ئەگەری سەرکەوتنی ھەیە، کەواتە ئایا دەکرێت بڵێین ھەڵبژاردنەکان یەکلابۆتەوە بۆ بەرژەوەندی خاتوو ھیلاری، یاخود ھێشتا دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؟
- ئەگەر لە راپرسییەکانی پەیوەست بە ھەر ویلایەتێک بە جیا بڕوانیت، نەک راپرسی لەسەر ئاستی نەتەوەیی، ئەوا ئەگەری زۆرە ھیلاری کلینتۆن لە ھەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەست بھێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین ھەڵبژاردنەکان یەکلابۆتەوە، لەبەر ئەوەی لە کۆتاییدا ئەوە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ئەمە یەکلا دەکاتەوە. ھەروەھا پێکھاتەی جیاواز ھەن لەنێو دەنگدەراندا کە پشتیوانی کاندیدە جیاوازەکان دەکەن، واتە ئەمە بەندە بەوەی کێ لە کاندیدەکان دەتوانێت کارێک بکات دەنگدەرەکانی لە رۆژی ھەڵبژاردندا دەنگ بدەن. لەبەر ئەوە مەسەلەکە ئەوە نییە کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان یەکلا بووبێتەوە، بەڵام مایەی سەرسوڕمانێکی گەورە دەبێت ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ھەڵبژاردنەکان بباتەوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی راپرسییەکان لەسەر ئاستی ویلایەتەکان. ھۆکارێکی دیکەی ئەوەی دەڵێم کە مایەی سەسوڕمانە دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتوو بێت، ئەوەیە کە ھیلاری کلینتۆن ھەڵمەتێکی ھەڵبژاردنی باشتر بەڕێوەدەبات، لە ھەر ویلایەتێکدا خەڵکی زیاتری ھەیە کە کاری مەیدانی بۆ دەکەن و خەڵکانێکی زیاتری ھەیە کە دەنگدەران دەجووڵێنن، لەبەر ئەوە پێشبینی دەکەین کە سەرکەوتوو بێت و بتوانێت کارێک بکات دەنگدەرەکانی لە رۆژی ھەڵبژاردندا بەشداری لە دەنگدانەکەدا بکەن.
• ئەوەی جیێ سەرنج و سەرسوڕمانە لەبارەی دۆناڵد ترەمپەوە ئەوەیە کە رۆژ بە رۆژ لەناو حزبەکەیەوە رووبەڕووی رەخنەو ناڕەزایەتی زیاتر دەبێتەوە، ھەروەھا کەسایەتییە دیارەکانی ناو حزبەکەی پشتی تێدەکەن، لێکدانەوە و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟، ئایا ئەمە حاڵەتێکی بێ پێشینەیە لە مێژووی ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا؟
- لە رۆژگاری ھاوچەرخدا حاڵەتێک نەبووە کە ئەندامانی کۆنگرێسی سەر بە کۆمارییەکان رەتی بکەنەوە پشتیوانی لە کاندیدی پارتەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بکەن، لەبەر ئەوە ئەمە شتێکی زۆر سەیرەو رەنگدانەوەی ئەو راستییەیە کە دۆناڵد ترەمپ کەسایەتی خوازراوی پارتی کۆمارییەکان نەبوو، ئەو لە پرۆسەیەکی جەنجاڵ و لە ھەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی نێو پارتی کۆمارییەکاندا توانی ببێتە کاندید لە بەرامبەر کەسانێکی دیکەدا کە رۆژگارێکی درێژ بوو ئەندامی پارتی کۆماری بوون و شارەزایی و ئەزموونی سیاسیان ھەبوو و گوزارشتیان لە موحافیزکاری خۆیان لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە کرد، واتە دۆناڵد ترەمپ پتر بەھۆی بەدەستھێنانی دەنگەکانەوە بووە کاندید، نەک کەسایەتیەک بێت پشتیوانی ئۆرگانی پارتەکەی لەگەڵدا بووبێت. لە ئێستاشدا زیاتر و زیاتر مشتومڕ دەخوڵقێنێت و دەبینین زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتی کۆماری خۆیان لە دۆناڵد ترەمپ بەدوور دەگرن.
• ئێمە دەبینین کە دۆناڵد ترەمپ ھێرشی یەک لەسەر یەک دەکاتە سەر کەسایەتی ھیلاری کلینتۆن و لە دوایین دیبەتی سەرۆکایەتیشدا ھیلاری بە ئافرەتێکی خراپ لە قەڵەمدا، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ھێرشەی ترەمپ بۆ سەر کەسایەتی ھیلاری کیلینتۆن کاردانەوەیەک نییە لەبەرامبەر ئەو ڤیدیۆ ئیحراجکەرەی بڵاوکرایەوە کە تێیدا ترەمپ وشەی ناشیاو لەبەرامبەر ئافرەتاندا بەکار دەھێنێت، بەتایبەتی کە بەم دواییە نزیکەی دە ئافرەت باس لەوە دەکەن کە لەلایەن ترەمپەوە گێچەڵی سێکسییان پێکراوە؟
- پێموایە کاردانەوە و پەرچەکردارەکانی دۆناڵد گوزارشتە لە کەسایەتییەکەی، لەبەر ئەوەی ھێرش دەکاتەسەر ھەر کەسێک کە بوێری ئەوەی ھەبێت رەخنەی لێبگرێت، بینیمان رۆژنامەی نیویۆرک تایمز وێنەی ئەو کەسایەتییانەی بڵاوکردەوە کە ترەمپ سووکایەتی پێکردوون. من دڵنیانیم لەوەی دوایین کۆمێنتی ترەمپ لەبارەی ھیلاری-یەوە کاردانەوە بێت لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە، بەڵکو پەرچەکرداری ئەوە بوو کە ھیلاری باسی لەوەکرد کە ترەمپ رێگە دەدۆزێتەوە بۆ خۆدزینەوە لە باجدان، کە ترەمپیش نەیتوانی خۆی کۆنتڕۆڵ بکات و ئەو کۆمێنتەی دەربڕی. بەڵام ئەم کۆمێنتە زیانی پێگەیاند لە کاتێکدا کە بانگەشەی ئەوە ھەیە ترەمپ گێچەڵی سێکسی ئەنجامدابێت –ھەندێک دەڵێن ھێرش و پەلاماردانی سێکسی، لەبەر ئەوەی دەستلێدانی نەخوازراویش دەچێتە خانەی ھێرشی سێکسیەوە-، چونکە ترەمپ لە کاتێکدا ئەوەی دووپات دەکردەوە کە ھیچ کەسێک ھێندەی ئەو رێز لە ئافرەت ناگرێت، دێت و لە دوایین دیبەتدا روودەکاتە ھیلاری و پێی دەڵێت "ئافرەتێکی خراپ"، ئەمە ئەو بانگەشەیەی لاواز دەکات کە دەڵێت گەورەترین رێز و حورمەت لە ئافرەت دەنێم –یاخود کەس ھێندەی من رێز لە ئافرەت ناگرێت-. ھەروەھا ئەوەی جێی سەیرە، ئەو کۆمێنتە یارمەتیدەر بوو بۆ کلینتۆن، لەبەر ئەوەی رۆژی دواتر لەسەر تی شێرتەکان و ھەروەھا چەند گروپێکیش دروست بوون کە داوایان لە ئافرەتە "خراپەکان" دەکرد بۆ ئەوەی دەنگ بدەن، واتە کلینتۆن و کەسانی دەوروبەری ئەمەیان کردە خاڵی کۆکردنەوەی خەڵک، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی جیاوازی جێندەری زیاتر بکات، واتە رێژەی ئافرەتانی دەنگدەر – بە بەراورد بە پیاوان- بۆ کلینتۆن زیاتر بکات و رەنگە بگاتە ژمارەیەکی پێوانەییش، لەبەرامبەر ئەو رێژەی ئافرەتانەی بەنیازن دەنگ بە ترەمپ بدەن. ھەمیشە ئەم جیاوازییە جێندەرییەش ھەبووە لە ساڵانی ھەشتاکانەوە کە رێژەیەکی زیاتری ئافرەتان دەنگیان بە کاندیدە دیموکراتییەکان داوە، زیاتر لەوەی دەنگیان بە کاندیدی کۆمارییەکان دابێت. بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا ئێمە لە ژمارەیەکی پێوانەیی جیاوازی جێندەری دەڕوانین، واتە ژمارەیەکی کەمتری ئافرەتان دەڵێن دەنگ بە بەڕێز ترەمپ دەدەن.
• ئەوەی مایەی شۆک بوو بۆ زۆرێک لە ئەمریکیەکان ئەوە بوو کە دۆناڵد ترەمپ گومان لەسەر نەزاھەتی سیستمی ھەڵبژاردنی ئەمەریکا دروست دەکات و رایگەیاند کە ھەڵبژاردنەکان ساختەکارییان تێدا دەکرێت و تەنانەت لە دوایین دیبەتی سەرۆکایەتیشدا راینەگەیاند کە دەرئەنجامەکان قبوڵ دەکات، ئێوە ئەم لێدوانەی ترەمپ چۆن لێکدەدەنەوە؟
- ئەمە مایەی گرفتێکی گەورەیە کە لە وڵاتێکدا شانازی بەخۆیەوە دەکات کە ئاڵوگۆڕی ئاشتییانە و دیموکراتییانەی تێدا روودەدات، تەنانەت لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٠دا کاتێک ئالگۆر دەنگەکانی بەدەست ھێنا، بەڵام چەندین پرسیار دروست بوو لەبارەی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی فلۆریداوە، بەڵام کاتێک دادگای باڵا بڕیاریدا کە دەبێت دووبارە ھەژمارکردنەوەی دەنگەکان بوەستێندرێت، ئالگۆر رازی بوو، دەرئەنجامەکانیشی قبوڵ کرد، ئەگەرچی خەڵکی پێیان دەوت کە نابێت ئەو کارە بکات، بەڵام ئەو رایگەیاند کە ئەمە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیەو ئەمە خزمەت بە شەرعییەتی دیموکراسی و دادگاکە دەکات. کەواتە ئەوەی ترەمپ دەیڵێت مایەی ھەڕەشەیە ئەگەر بێتوو رازی نەبێت بە دەرئەنجامەکان، بەداخەوە بەپێی ئەو راپرسییانەی من بینیومن لە سەدا ٥٠ی ئەو کەسانەی دەنگ بە کۆمارییەکان دەدەن دەڵێن ھیلاری کلینتۆن بە سەرۆکی خۆیان قبووڵ ناکەن –لە حاڵەتی سەرکەوتنیدا- و لە سەدا ٧٠شیان دەڵێن ئەگەر ھیلاری سەرکەوتوو بێت لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوا بەھۆی ئەوەوەیە کە ھەڵبژاردنەکان ساختەکراوە، ئەمە مایەی گرفتێکی گەورەیە کە ھاووڵاتیانی ئێمە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات قبوڵ نەکەن، ئەمە مایەی نیگەرانییەکی گەورەیە.
• لایەنێکی دیکەی مەسەلەکە ئەوەیە کە ترەمپ بەردەوام رەخنە لە ئیدارەی ئۆباما دەگرێت کە سیاسەتێکی دەرەکی ھەڵەی پەیڕەو کردووەو سیاسەتەکانی ئەم ئیدارەیە بوونەتە ھۆی دروستبوونی داعش، ھەروەھا لە دوایین دیبەتی سەرۆکایەتیشدا باسی لەوەکرد کە پوتین گەمەیەکی ژیرانەتری کردووە لە ئۆباما و کلینتۆن، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- تۆمەتەکانی ترەمپ دەربارەی ئۆباما و کلینتۆن کە رایگەیاند ئەوان بەرپرسن لە دروستبوونی داعش، مایەی گرفتە و بەڵگەی سادەکردنەوەیەکی گەورەیە لە تێگەیشتنیشدا بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی، وەک ئاماژەم پێکرد ئەمە مایەی گرفتە، ھەر لەبەر ئەمەشە کە ئەو رۆژنامە موحافیزکارانەی کە بە درێژایی مێژوویان، یان لە ماوەی ١٠٠ ساڵ یان ٧٠ ساڵدا پشتیوانی کاندیدێکی دیموکراتیان نەکردووە، بێن و پشتیوانی لە ھیلاری کلینتۆن بکەن، ئەویش بەھۆی نیگەرانییانەوە کە چی رودەدات ئەگەر کەسێک -دەسەڵات بگرێتەدەست – کە بەم سادەییە لە پرسە ئاڵۆزەکان دەڕوانێت. ئەوەی پێوەندی بە لێدوانەکەیەوە ھەبێت لەبارەی پوتینەوە، ئەوا ئەوەی جێی سەرنجە کاتێک بەرگری لەخۆی کرد لەبەرامبەر بانگەشەکەی ھیلاریدا بەوەی بۆتە بوکەڵەی دەستی پوتین، زیاتر ستایشی پوتینی کرد –کە ئەو ھەموو تیۆری پیلانگێڕییە ھەیە دەربارەی ئەوەی لەلایەن حکومەتی رووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە، کە من گومانێکی زۆرم ھەیە ئەمە راست بێت-، بەڵام ترەمپ ھاوکار و یارمەتیدەری خۆی نییە کاتێک ئەو ھەموو کۆمێنتە ئیجابییە لەبارەی پوتینەوە دەردەبڕێت.
• ئایا پێتوایە ئەگەر ترەمپ ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا ئەوا پلانێکی تۆکمە و گشتگیری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە؟
- نەخێر، لە راستیدا ئێمە نازانین چ پلانێکی ھەیە بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر شتێکیشی دەربارەی سیاسەتی دەرەوە درکاندبێت، ئەوەیە کە نابێت سەرۆک، یان وەزیری دەرەوە ئەو پلانانە ئاشکرا بکەن، لەبەر ئەوەی –بە تێڕوانینی ئەو- دوژمنەکانمان ئەو پلانانە دژی ئێمە بەکار دەھێنن. بەدڵنیاییەوە ئەمە مایەی نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ شارەزایانی بواری سیاسەتی دەرەوە. کەواتە ئێمە نازانین ئایا ئەو پلانێکی ھەیە، ئەگەر ھەشیبێت، ئەوا کامەیە ئەو پلانە. لەبەر ئەوە پێموانییە ھیچ کەس بزانێت بە تەواوەتی ئەو پلانە چییەو لە راستیدا خۆی و پاڵێوراوی پارتەکەی بۆ جێگری سەرۆک، لێدوانی جیاوازیان داوە لەبارەی ئەو پلانەوە. ئەمەش زیاتر ئەو راستییە روون دەکاتەوە کە پێناچێت پلانێکی ھەبێت، خۆ ئەگەر ئەو پلانەشی ھەبێت، ئەوا بە پاڵێوراوی جێگری سەرۆکی رانەگەیاندووە ئەو پلانە چییە.
• لە دووەم دیبەیتی سەرۆکایەتیدا، ھیلاری کلینتۆن باسی لەوە کرد کە کورد باشترین شەریکی ئێمەیە لە عێراق و سووریادا و پێویستە ھاوکاری بکرێن، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتوانین بڵێین کە دیموکراتیەکان کورد بە فاکتەرێکی گرنگ دەزانن بۆ تێکشکاندنی داعش؟
- ئەگەر لە لێدوانەکەیەوە بڕوانین، ئەوا بەڵێ وا دەردەکەوێت کە زۆرێک لە کەسە باڵاکانی دیموکراتەکان لە نێویاندا ھیلاری کلینتۆن بەم شێوەیە بیردەکەنەوە.
• ئەگەر داعش لە موسڵ تێکبشکێندرێت، ئەوا گورزێکی ستراتیژی و رەمزی دەبێت کە لەو رێکخراوە دەسرەوێندرێت لە عێراقدا، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئۆپەراسیۆنی رزگاکردنی موسڵ چ کاردانەوە، یان رەنگدانەوەیەکی دەبێت لەسەر ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و ئایا دەبێتەھۆی باشترکردنی چانسی بەدەستھێنانی سەرۆکایەتی لەلایەن کلینتۆنەوە؟
- ئێمە لە رابردووەوە ئەوە فێربووین کە ھەر کاتێک پارتێک، یان سەرۆکێک کە لە دەسەڵاتدا بووبێت و توانیبێتی سەرکەوتن لە شەڕدا تۆمار بکات، یان کردەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجام بدات لە شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا، ئەوا خەڵکی لەو سەرۆکە، یان لەو پاڵێوراوەی کە شەرەفی ئەو سەرکەوتنەی پێ بڕاوە، کۆبوونەوەتەوەو پشتیوانیی جەماوەری زیاتربووە، ئەمەش بۆتەھۆی زیادبوونی ئەگەری سەرکەوتنی لە ھەڵبژاردنەکاندا.
• ئەگەر ھیلاری کلینتۆن وەک یەکەم ئافرەت لە مێژووی ئەمەریکادا سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بگرێتەدەست، ئایا ئەمە چ مانایەکی بۆ ئەو وڵاتە دەبێت؟
- ئەمە گرنگییەکی گەورەی دەبێت لە مێژووی سیاسەتی ئەمەریکادا، لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ھاووڵاتیانی ئێمە بە تەواوەتی لەم مێژووە تێناگەن، لەبەر ئەوەی ئافرەتان لە زۆرێک لە ویلایەتەکاندا و تا ساڵی ١٩٢٠ لە مافی دەنگدان بێبەش بوون و ئەوەش بە ئاسانی بەدەست نەھات، ئافرەتان لەسەر ئاستی نەتەوەیی و لەسەر ئاستی ویلایەتەکان فشاریان دروست کردو دەستیان دایە مانگرتن لە خۆراک و دووچاری لێدان و زیندانیکردن بوونەوە، واتە ئەمە خەباتێکی دوورو درێژ و توندوتیژ بوو بۆ دەستھێنانی مافی دەنگدان. ھەروەھا لە ئێستاشدا ئافرەتان وەک پێویست نوێنەرایەتیان نییە لە پرۆسەی سیاسی لە ئەمەریکادا، رێژەیان کەمترە لە یەک لەسەر سێ لە دەسەڵاتی یاسادانانداو کەمترە لە یەک لەسەر چوار لە پۆستە ئیدارییە ھەڵبژێردراوەکاندا. کەواتە کاتێک ھیلاری کلینتۆن باس لە شکاندنی بەرزترین و سەختترین بەربەست دەکات، ئەوا راستی پێکاوە لە روانگەی گرنگی مێژوویی بوونی ئافرەتێک بە سەرۆکی ئەمەریکا.
• ئایا ھیلاری کلینتۆن سیاسەتێکی جیاوازی دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست؟
- من لەو باوەڕەدا نیم کە سیاسەتێکی تەواو جیاواز لە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما بگرێتەبەر، لەبەر ئەوە ئۆباما و کلینتۆن ھاوڕان لەسەر زۆر پرسی پەیوەست بەسیاسەتی دەرەوە. لەبەر ئەوە قسەکانی ترەمپ راستە کاتێک دەڵێت ئەگەر ھیلاری ببێتە سەرۆک، ئەوا لە زۆر پرسی پێوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوە، ھەمان رێچکەی ئۆباما دەگرێتەبەر، کە خۆی وەک وەزیری دەرەوە کاری لەو ئیدارەیەدا کردووە.
سپۆت:
لە ئێستاشدا ئافرەتان وەک پێویست نوێنەرایەتیان نییە لە پرۆسەی سیاسی لە ئەمەریکادا، رێژەیان کەمترە لە یەک لەسەر سێ لە دەسەڵاتی یاسادانانداو کەمترە لە یەک لەسەر چوار لە پۆستە ئیدارییە ھەڵبژێردراوەکاندا
ھەر کاتێک پارتێک، یان سەرۆکێک کە لە دەسەڵاتدا بووبێت و توانیبێتی سەرکەوتن لە شەڕدا تۆمار بکات، یان کردەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجام بدات لە شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا، ئەوا خەڵکی لەو سەرۆکە، یان لەو پاڵێوراوەی کە شەرەفی ئەو سەرکەوتنەی پێ بڕاوە، کۆبوونەوەتەوەو پشتیوانیی جەماوەری زیاتربووە
تۆمەتەکانی ترەمپ دەربارەی ئۆباما و کلینتۆن کە رایگەیاند ئەوان بەرپرسن لە دروستبوونی داعش، مایەی گرفتە و بەڵگەی سادەکردنەوەیەکی گەورەیە لە تێگەیشتنیشدا بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی
ترەمپ لە کاتێکدا ئەوەی دووپات دەکردەوە کە ھیچ کەسێک ھێندەی ئەو رێز لە ئافرەت ناگرێت، دێت و لە دوایین دیبەتدا روودەکاتە ھیلاری و پێی دەڵێت "ئافرەتێکی خراپ"، ئەمە ئەو بانگەشەیەی لاواز دەکات کە دەڵێت گەورەترین رێز و حورمەت لە ئافرەت دەنێم
لە رۆژگاری ھاوچەرخدا حاڵەتێک نەبووە کە ئەندامانی کۆنگرێسی سەر بە کۆمارییەکان رەتی بکەنەوە پشتیوانی لە کاندیدی پارتەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بکەن