دەیڤید ئۆتاوای : شەڕی رزگاركردنی موسڵ تەنیا هەنگاوی یەكەمەو دەبێت دواتر رێككەوتنی سیاسی بكرێت

دەیڤید ئۆتاوای : شەڕی رزگاركردنی موسڵ تەنیا هەنگاوی یەكەمەو دەبێت دواتر رێككەوتنی سیاسی بكرێت
پڕۆفیسۆر دەیڤید ئۆتاوای بۆ ماوەی 35 ساڵ پەیامنێری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا و باشووری ئەوروپا. هەروەها توێژەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە سەنتەری وودرۆ ویڵسۆن. حاڵی حازر سەرقاڵی نووسینی كتێبێكە لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە جیهانی عەرەبیدا روودەدەن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەگەر و پێشهاتەكانی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ و گرنگی تەركیزكردن لەسەر ئەنجامدانی رێككەوتنێكی سیاسی و چۆنیەتی حوكمڕانیكردنی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش رزگار دەكرێن، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
دەیڤید ئۆتاوای
شارەزا لەكاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:
شەڕی رزگاركردنی موسڵ تەنیا هەنگاوی یەكەمەو دەبێت دواتر رێككەوتنی سیاسی بكرێت


* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لەشەڕی بەرەنگاربونەوەی داعش و ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ دەڕوانیت؟
- لە راستیدا ئەمە تەنیا سەرەتایە، ئێمە لە ئێستادا ئەو تاكتیكانە دەبینین كە داعش بەكاریان دەهێنێت لە بەرگریكردنیدا لەشاری موسڵ، وەك هێرشی پێچەوانە كە لەدوو هەفتەی رابردوودا لە كەركووك ئەنجامیداو ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و سووتاندنی بیرە نەوتەكان. كەواتە وادەردەكەوێت كە ئەوان شەڕێكی راستەقینە بكەن، نەك وەك ئەوەی هەندێ كەس ئومێدیان دەكرد كە دەست بە هەڵاتن بكەن، لەبەر ئەوە پێموایە شەڕێكی درێژخایەن دەبێت.
* زۆرجار رەخنە لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی گیراوە كە لە شەڕەكەیدا دژی داعش تەنیا جەختی لەسەر لایەنی سەربازی كردۆتەوە، بێ ئەوەی ئەو هۆكار و هەلومەرجانە چارەسەر بكات كە بوونەهۆی دروستبوون و سەرهەڵدانی داعش؟
- سەرەتا تۆ شەڕێكی سەربازی لەگەڵ داعش دەكەیت، دواتر دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە كە چۆن حوكمڕانی دەكرێت لەو ناوچانەدا –كە لەژێر دەستی داعش دەردەهێندرێن-، واتە چۆن جارێكی دیكە عێراقییەكان ئەو ناوچانە بەڕێوەدەبەنەوە. بە تێڕوانینی من بارودۆخەكە لە رووی سیاسییەوە ئاڵۆزە و چارەسەركردنیشی كاتێكی زۆری دەوێت. كەواتە لایەنە سەربازییەكە تەنیا بەشی یەكەمە، بەشی دووەم بریتییە لەوەی چۆن عێراقییەكان خۆیان حوكمڕانیی خۆیان دەكەن و بەرەوپێش دەچن، ئایا پێوەندیی نێوان كوردستان و عێراق چۆن دەبێت؟ ئایا هەرێمێكی سوننەی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان پێكدەهێندرێت؟ واتە چەندین كێشە هەن كە دەبێت چارەسەر بكرێن و ئەمەش كاتێكی زۆری دەوێت.
* ئایا ئایندەی عێراق لەدوای رزگاركردنی موسڵ بە چ ئاقارێكدا دەڕوات، بەتایبەتی لە پێوەندی بە پێكەوەژیانی شیعەو سوننەوە؟
- ئەمە دەقاودەق ئەوەبوو كە لە وەڵامی پێشووماندا ئاماژەم پێكرد، واتە مەبەستم لە هەوڵەكانی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سیاسییە لە نێوان ناوچە جیاوازەكانی عێراقدا، واتە چ جۆرە فیدڕاڵیزمێك بگیرێتەبەر كە لای هەمووان قابیلی قبوڵ بێت؟ خۆ ئەگەر مایەی قبوڵكردن نەبوو، ئەوا كوردستان سەربەخۆ دەبێت. هەموو ئەمانەش كێشەی قورسن. واتە دەبێت كۆنفڕانسێكی نەتەوەیی لە نێوان عێراقییەكاندا گرێ بدرێت.
* لە پێوەندی بە شەڕی سووریاوە دەبینین كە ئەجێندا و ئامانجی لێكجیاواز و ناكۆك بەیەك هەیە لەنێوان هێزە ئیقلیمییەكان و هێزە نێودەوڵەتییەكانیشدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە هەلومەرجەكە هەڵكشێت و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان هێزە نێودەوڵەتییەكاندا رووبدات؟

- لەو باوەڕەدا نیم كە لە رووی سەربازییەوە رووبەڕووی یەكتر ببنەوە هێندەی ئەوەی لە رووی سیاسییەوە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە. لەبەر ئەوە دەبێت كۆنفڕانسێكی ئیقلیمی ببەسترێت كە هێزە دەرەكییە تێوەگلاوەكان بەشداربن، بە چەشنی ئەوەی دەبێت كۆنفڕانسێكی نەتەوەیی گرێ بدرێت. بەڵام ئایا دەقاودەق چۆن ئەو دوو كۆنفڕانسەكە پێكەوەگرێ دەدرێت؟ ئەوا ئەمە روون نییە. بەڵام دەبێت لایەنە عێراقییەكان بگەنە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن كە دواتر لەلایەن هێزە ئیقلیمییەكانەوە پشتیوانی بكرێت. ئەمەش پرۆسەیەكی ئاڵۆز دەبێت، لەبەر ئەوەی چەندین لایەن هەن كە لەم ناكۆكییەوە تێوەگلاون. كەواتە هەروەك وتم دەبێت دوو كۆنفڕانسی ئیقلیمی و نەتەوەیی عێراقی گرێ بدرێن، بەڵام ئایا پێوەندییان چۆن دەبێت و كامیان پێش ئەوی دیكەیان گرێ دەدرێت؟ ئەوا دەبێت گفتوگۆیەكی جددی لەبارەوە بكرێت.
* بە تێڕوانینی ئێوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشە درێژخایەنەكانی ئەم ناوچەیە چییەو ئایا ئەمە گۆڕانی سنوورەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە لەخۆدەگرێت، یاخود دەبێت گۆڕانكاری لەدامەزراوەكانی نێو ئەم دەوڵەتانەدا بكرێت؟
- پێموایە ئەمە زیاتر گۆڕانكاری دامەزراوەكان دەگرێتەوە لە نێو سووریا و عێراقدا، نەك گۆڕینی سنوورەكان. من هیچ هێزێكی ئیقلیمی بەدی ناكەم لەگەڵ گۆڕینی سنوورەكاندا بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە رەنگە چەند هەرێمی خۆبەڕێوەبەرت هەبێت لە چوارچێوەی هەر دەوڵەتێكدا، ئەویش بۆ هێنانەدی خواستەكانی كورد هەم لە عێراق و هەم لە سووریا، واتە ببنە خاوەنی ئاستێكی باڵاتری خۆبەڕێوەبەری. بەڵام لەم ساتەوەختەدا من هیچ پشتیوانییەك لە نێو هێزە ئیقلیمییەكان، یان رووسیا و ئەمەریكا بۆ گۆڕینی سنوورەكان بەدی ناكەم.
Top