رۆبەرت پاپ : پێویستە هێندەی گرنگی بەسەركەوتنی شەڕی موسڵ دەدرێت، هێندەش گرنگی بە ئاشتیی دوای شەڕەكە بدرێت

رۆبەرت پاپ : پێویستە هێندەی گرنگی بەسەركەوتنی شەڕی موسڵ دەدرێت، هێندەش گرنگی بە ئاشتیی دوای شەڕەكە بدرێت
رۆبەرت پاپ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی شیكاگۆ، تایبەتمەندی كاروبارە ئەمنییە نێودەوڵەتییەكانە و بەڕێوەبەری پرۆژەی شیكاگۆیە بۆ ئاسایش و تیرۆرو پێشتریش وانەبێژی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بووە لە كۆلێجی دارتسمۆس و لە كارەكانیدا تەركیز لەسەر تیرۆریزمی خۆكوژی دەكاتەوە. بۆ قسەكردنی لەسەر ئایندەی موسڵ و عێراق دوای رزگاركردنی ئەو شارە لە دەستی تیرۆریستانی داعش، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی رێگاكانی چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەكان و رێگەگرتن لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی كێشەی دیكەی هاوشێوە لە ئایندەدا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە هاتەئاخاوتن.
رۆبەرت پاپ
تایبەتمەندی كاروبارە ئەمنییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:

پێویستە هێندەی گرنگی بەسەركەوتنی شەڕی موسڵ دەدرێت، هێندەش گرنگی بە ئاشتیی دوای شەڕەكە بدرێت



* هەفتەیەكە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵ دەستی پێكردووە، ئایا چارەنووسی ئەم شارە و بگرە ئەم وڵاتەش لە دوای تێكشكاندنی داعشەوە چی دەبێت و ئایا ئەگەرەكانی ئایندە لە پێوەندی بە هێنانەدی و چەسپاندنی سەقامگیرییەوە چۆن دەبن؟
- لە راستیدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە تەنیا نابێتەهۆی هێنانەئارای سەقامگیری، راستە ئۆپەراسیۆنی سەربازی گرنگە بۆ لەناوبردنی داعش، بەڵام بۆ ئەوەی سەقامگیرییەكی درێژخایەن بەدەست بێنێت، ئەوا پێویستە ریشەی ئەو كێشانە چارەسەر بكەیت كە بوونەهۆی ئەوەی بە ئاسانی داعش بتوانێت موسڵ داگیربكات لە حوزەیرانی ساڵی 2014دا. ئەوەش بە مانای ئەوە دێت كە دەبێت كاری سەخت بكرێت بۆ ئەوەی عەرەبی سوننە خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات لە عێراقدا و ئەویش لەسەر ئاستی مەحەلی. واتە ئەمە بە مانای ئەوە نایەت كە پێویستە عێراق پارچەپارچە بێت، بەڵكو بە مانای ئەوە دێت كە پێویستە ئاستێكی بەرچاوی خۆبەڕێوەبەری بدرێت بە عەرەبی سوننە، بۆ ئەوەی دانیشتووانی ئەنبار و موسڵ و ئەو پارێزگایانەی دیكە كە زۆرینەی دانیشتووانەكەیان عەرەبی سوننەن، هەست نەكەن كە رووبەڕووی سەركوتكاری بوونەتەوە. واتە ئەمە كارە سەختەكە بوو كە لە ساڵی 2011 و 2014 ئەنجام نەدرا. ئەمەش سەریكێشا بۆ بەرهەڵستیی سوننە كە داعش سوودی لێوەرگرت. كەواتە ئەگەر ئێستا داعش لە رووی سەربازیشەوە تێكبشكێنرێت، ئەوا ئەمە نابێتەهۆی ئەوەی بڵێین كە ئاشتی بەدەست هاتووە، لەبەر ئەوە پێویستە چەند بایەخ بە بردنەوەی شەڕ دەدەین، ئەوەندەش گرنگی بە بردنەوەی ئاشتی بدەین.
* چەندین جار گوزراشت لەو نیگەرانییە كراوە كە ئەگەر بێتو میلیشیا شیعەكان – كە ئێران پشتیوانیان دەكات- بچنە نێو موسڵەوە، ئەوا ئەگەری زۆرە كە دەست بدەنە هێرشی تۆڵەسەندنەوە و پێشێلكاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ، كە ئەمەش دۆخەكە ئەوەندەی دیكە مەترسیدارتر دەكات و بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ بارگرژی و تەنانەت شەڕێكی ئیقلیمیش، راوبۆچونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەمە مەترسی و نیگەرانییەكی راستەقینەیە و ئەگەرێكی دوور نییە. هەرچۆنێك بێت، رێگای رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئەگەرە ئەوەیە كە سەركردەی سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها سەركردەی ئەو وڵاتانەی كە لە ناوچەكەوە تێوەگلاون، پێشوەختە ئیدانەی هەر كارێكی لەم چەشنە بكەن، ئەمەش سەركردایەتی ئێران دەگرێتەوە، هەروەها سەركردایەتی عێراق و ئەمەریكا و رۆژئاوا، بە كورتی سەركردەی هەر وڵاتێك كە لە ناوچەكەوە تێوەگلابێت پێویستە هانی بەرگرتن لە ئەنجامدانی هەر كردەوەیەكی تۆڵەسەندنەوە بدات. واتە دەبێت ئەو راستییە روون بكرێتەوە كە ئەوەی لە رابردوودا روویداوە پاساو نییە بۆ كوشتنی تۆڵەئامێز لە ئایندەدا. دەبێت سەركردەكانیش ئەمە بڵێن، نەك تەنیا پڕۆفیسۆری زانكۆكان.
* ئێوە لە وەڵامەكانتاندا باستان لەوە كرد كە تا ئێستا رێگاچارەیەكی هەڵە لە عێراقدا پیادە كراوە، لەبەر ئەوەی تەنیا تەركیز لەسەرلایەنی سەربازی كراوەتەوە، واتە تەنیا مامەڵە لەگەڵ رواڵەتی كێشەكاندا كراوە و ریشەی كێشەكان چارەسەر نەكراوە، كەواتە ئێستا دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی دۆخەكە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێت؟
- ئەمە دەقاودەق وایە، ئەوەش مەترسییەكەیە، لەبەر ئەوە پێویستە ئێمە رووبەڕووی دەرهاویشتەی كێشەكان ببینەوە، بەڵام بۆ ئەوەی رێگە لەو دەرهاویشتانە بگرین، ئەوا دەبێت ریشە و بنەڕەتی كێشەكان چارەسەر بكەین. كەواتە ئۆپەراسیۆنی سەربازی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەرهاویشتەكان، بەڵام نابێتەهۆی چارەسەركردنی دەردەكە. كێشە و دەردەكەش لە بوونی پانتاییە حوكمڕانی نەكراوەكاندایە، كە لێرەدا لەو پانتاییانەدا كە بەرجەستە دەبێت كە تێیدا عەرەبی سوننە خۆی حوكمڕانیی خۆی ناكات، بەڵام ئەگەر ئەمە لەبەرچاو نەگرین و وا بیربكەینەوە كە داگیركاری هێزە شیعەكان یاخود هێزە كوردییەكان بۆ موسڵ دەبێتەهۆی نەهێشتنی توندوتیژی، ئەوا كارێكی لەم چەشنە توندوتیژی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا. لە مەودای كورتدا هێزی سەربازی دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی توندوتیژی، بەڵام لە مەودای دووردا پێویستە نوێنەرایەتی سیاسی مەحەلی رەنگدانەوەی خەڵكە حوكمڕانیكراوەكە بێت، ئەمە دەبێت نوێنەرایەتیكردنێكی راستەقینە بێت، واتە خۆبەڕێوەبەرییەكی مەحەلی راستەقینە بێت. كە رۆژئاوا كار و كۆششی سەختی بەم ئاڕاستەیەدا نەكردووە، بە هەمان شێوە كاراكتەرەكانی ناوچەكەش ئەم كارەیان نەكردووە، ئێستاش ئێمە باجەكەی دەدەین. باجەكەش بەردەوامبوونی تیرۆرە.
Top