جەمال مورتكە: پێشمەرگە لەوەرچەرخانێكی بێ وێنەدا شەڕی داعشیان لەبەرگرییەوە بۆ ئازادكردنی خاكی كوردستان گۆڕی
November 1, 2016
دیمانەی تایبەت
جەمال عوسمان ناسراو بە (مامۆستا جەمال مورتكە) فەرماندەی فەرماندەیی میحوەری گوێڕ، بۆ ماوەی 36 ساڵ پێشمەرگە بووە لەسەرجەم پلەكانی پێشمەرگایەتی لەشانەو ئامرفەوجەوە تا گەیشتۆتە ئەندامی فەرماندەیی لەشكری كوردستان و فەرماندەی سوپا و پاشان بووەتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان خزمەتی كردووە، ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە لەخولی چوارەم و بەحوكمی باری تەندروستییەكەی خانەنشین كرابوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی داعش و هێرشكردنی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بۆ كوردستان، راستەوخۆ بەئەركی نیشتمانیی خۆی هەڵدەستێت و دووبارە بەرەو بەرەكانی شەڕ بەڕێدەكەوێت و سەرۆك بارزانی پاراستنی میحوەری گوێڕی پێ رادەسپێرێت. لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گوڵان، باس لەسەروەرییەكانی پێشمەرگەو ئەو كەسانە دەكات كە ناووناوبانگی پێشمەرگە لەكەدار دەكەن.جەمال مورتكە
فەرماندەی فەرماندەیی میحوەری گوێڕ بۆ گوڵان:
پێشمەرگە لەوەرچەرخانێكی بێ وێنەدا شەڕی داعشیان لەبەرگرییەوە بۆ ئازادكردنی خاكی كوردستان گۆڕی
سووكایەتیكردن بە پێشمەرگە دەچێتە قاڵبی تاوانێكی گەورەی نەتەوەییەوەو راستەوخۆ خزمەت بەدوژمنی كورد دەكات
* وەكو پێشمەرگەیەكی دێرین كە 36 ساڵ پێشمەرگایەتیت كردووە، ئایا چی وای لێكردی دوای ئەوەی بەهۆی خراپی باری تەندروستیتەوە خانەنشین كرابووی، دووبارە بۆ بەرەكانی شەڕ بگەڕێیتەوە؟
- ئەوە ئاشكرایە كە لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هەموو كوردستان بەتایبەتی هەولێر مەترسی كەوتبووەسەر، چوونی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەرەكانی شەڕو راگەیاندنی شەڕی (كوردستان یا نەمان) كە من بە بەسەروەریی خۆمی دەزانم، ئەم هەنگاوەی بەڕێزیان هانی دام بچمەوە مەیدان. كاتێكیش ئێواری 7/8 گوێڕ لەلایەن داعشەوە داگیركراو پێشڕەوییان بەرەو ناوچەی هەوێرە كرد، وەكو پێشمەرگەیەك ئەو واقیعە تاڵەم بێ تەحەمول نەكرا راستەوخۆ لە قەرەچوغەوە لەگەڵ كۆمەڵێك كادیرو پێشمەرگەی دێرین كە هەندێكیان زویربوون و لەماڵەوە بوون و لەناو تەشكیلەدا نەبوون، پێوەندیم پێوەكردن و داوام لێكردن پێویستە شەرەفمەندانە بكوژرێین و لەپشت بارزانی-یەوە بین و لەمەیداندا رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببینەوە، ئەوە بوو چەكی مەردایەتیان لەشان كردو بەپێی ئامۆژگارییەكانی جەنابی سەرۆك لەناوچەی شەمشولە و دەوروبەری هێڵێكی بەرگریمان دامەزراندو بەپلانێكی تۆكمەی جەنابیان لەگەڵ تەشكیلاتی تری لەشكری كوردستان لە بەرەبەیانی10/8/2014 بەرپەرچی داعشەكانمان دایەوەو بۆ یەكەمین جار داعش لەسەر دەستی پێشمەرگەی كوردستان بەفەرماندەیی سەرۆك بارزانی لەپردی هەوێرە بەرەو گوێڕ تێكشكا، تائێستاش گەرچی باری تەندروستیم باش نییە، شانازییە بۆ من لەگەڵ برا پێشمەرگەكانم لە بەرەكانی شەڕ دانەبڕاوم. دواتر پێش ئەوەی پێشمەرگە بەرەو ناوچەكانی وەرتەك و شەنەف و قەریەتاغ و ئابزەغ و قەرقەشان سەرپەرشتی ئەو هێزانەم دەكرد، لەسنووری گوێڕ تا دەگاتە سوتەیی، ئەوە بوو لەو ماوەیەدا سەرەڕای دڕندایەتی داعشەكان و بوونی ئەو هەموو چەك و جبەخانە پێشكەوتووەی كە لەسوپای عێراق دەستیان كەوتبوو، توانیمان بە فەرماندەیی بارزانی داعشەكان بەتوندی تێكبشكێنین و ئەو فشارەی تیرۆریستان لەسەر ئەم ناوچە ستراتیژییە سەربازییە دایاننابوو لەسەر هەولێرو میحوەری خازر و مەخموور دووربخەینەوە. ئەمە توانای جەنابی سەرۆكە كە شەڕەكەی لەبەرگرییەوە بەرەو گۆڕانێكی نەوعی وەرچەرخان و پێشڕەویی پێشمەرگەی لەسەرجەم میحوەرەكان تا دەگاتە ئازادكردنی تەواویی خاكی كوردستانی لێكەوتەوە.
* بەڵام هەندێك لایەن و كەسانی وا هەن پێشمەرگە وەكو میلیشیای حزبی سەیردەكەن. وەكو پێشمەرگەیەكی دێرینی كوردستان راتان بەرامبەر بەم سووكایەتییە چییە؟
- بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكە، دەبێت لەو پەندەوە دەست پێبكەم كە دەڵێت: (چەم بێ چەقەڵ نابێت)، دیارە دوژمنكاری كوردو پێشمەرگەو دەستكەوتەكانی زۆرن. لەمێژووی كورددا سەدان خۆفرۆش و كەسانی نەزان و دوژمن قسەی نابەجێیان بە پێشمەرگە وتووەو هەوڵیان داوە ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لەكەدار بكەن، لە ئەنجامدا تەنیا ریسوایی و شەرمەزارییان بۆ ماوەتەوە، جێگای داخە ئێستا لێرەولەوێ كەسانێك بەناوی رۆشنبیر و سیاسەتمەدار بۆ مەرامی تایبەتی و شەخسی خۆیان دوای قسەو قسەڵۆكی دوژمن كەوتوون و دەیانەوێت بەعەقڵی بچووكی خۆیان گەمە بە خوێن و قوربانیدانی پێشمەرگە بكەن و ئەم سامانە نەتەوەییەمان لەكەدار بكەن، ئەمە دەچێتە قاڵبی تاوانێكی گەورەی نەتەوەییەوەو راستەوخۆ خزمەت بەدوژمنی كورد دەكات. لەكەداركردن و ناوزڕاندنی پێشمەرگە تەنیا لە ئینتمایەكی تەسكی و نەزانانەو قین لەدڵەوە هاتووە. پێشمەرگە بەدرێژایی 1050 كیلۆمەتر لەسەرتاسەری كوردستان خوێندەڕێژێت و پارێزگاری لەئارامی و ژیان و كەرامەت و نامووس و ماڵی خەڵك دەكات، كەچی كەسانێكی سەرلێشێواو سووكایەتییان پێ دەكەن. لەبەرەكانی شەڕ بەتێكڕا لەم شەڕانەدا رۆژانە 30 ئۆتۆمبێل خۆی دەتەقێنێتەوە، لەم شەڕانەی دوایی لەیەك میحوەردا زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بەزیاتر لەدەیان تۆن TNT پێكەوە خۆیان بەهێزەكانی پێشمەرگەدا تەقاندەوە، پێشمەرگە ئامادە نەبوو لە بستێك زەوی پاشەكشە بكات، ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەو رێبازە پیرۆزو پتەوەی لەسەری پەروەردە كراوە، كە خۆی لەدڵسۆزی و خزمەتی نەتەوەكەیدا دەبینێتەوە، ئەمڕۆ ئەركی هەموو رۆڵەكانی نەتەوەو نیشتمانپەروەرو خەڵكی دڵسۆزو بەئەمەكی كوردە، رووبەڕووی نەفسنزمی و لەكەداركردنی پێشمەرگە ببنەوە، مادام بەهەموومان شانازی بە شەهیدەكان و قوربانییەكانمان دەكەین. هەق وایە هەر قین و بوغزێك كە لەناودڵی ئەو تاقمانەدایە نەگەڕێتەوە سەر رێرەوی خەباتی كوردایەتی و قوربانییەكان و پێشمەرگە و سەركردایەتییەكەی. ئەوەی ئەمڕۆ سووكایەتی بە جەنابی بارزانی و سوپاكەی كە پێشمەرگەیە دەكات، ئەوە تاوانێكی نیشتمانی و گوناحێكە بۆ خۆی و ئایندەی و مێژوویەكی رەشیش بۆ خۆی تۆمار دەكات.
* وەكو ئاگادارن دووساڵ زیاترە پێشمەرگە لەو بەرە فراوانەی دژی تیرۆرستانی داعش شەڕدەكات، بەڕادەیەك ئێستا گەیشتۆتە ئەوەی داعش بەتەواوەتی تێكبشكێت و موسڵ ئازاد بكرێت، كەچی دیسانەوە هەندێك لەناو حزبە سیاسییەكانی كوردستاندا دەڵێن ئەمە شەڕی كورد نییەو گوایە بەخۆڕایی كوڕی خەڵك بەكوشتن دەدرێت؟
- لەسەرەتای مانگی 8ی 2014 كە داعش بێ هیچ پاساو و هۆكارێك هێرشی سەرتاسەری كوردستانی دەستپێكرد، ئێمە بەهیچ شێوەیەك هێرشمان نەكردبووە سەر موسڵ و ئەو ناوچە تازە ئازادكراوانەی ئەمڕۆ. ئەوانەی ئەو قسەڵۆكانە دەكەن، پێشتریش بە ناوی جۆراوجۆر دژایەتی كوردو دەستكەوتەكانیان لەعێراقدا كردووە، هەر خۆیانیش باش دەزانن تیرۆریستانی داعش پێش ئەوەی بەرەو موسڵ و عێراق بەڕێبكەون، نییەت و مەرامیان داگیركردنی كوردستان بوو، كە نموونەی دڕندەیی ئەوانەمان لە شنگال بینی. تائێستاش ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە لەسەر سنوورمانە، لەكاتێكدا وڵاتانی وەكو ئەمەریكا، رووسیاو ئەوروپا بەهەزارەها كیلۆمەتر لەداعشەوە دوورن، كەچی خۆیان دەپارێزن و شەڕی ئەو تیرۆریستانە دەكەن. ئیتر من تێناگەم بۆچی دەبێت شەڕكردن لەدژی بیروبۆچونێكی توندڕەوی و وەحشیگەرانە دژ بە مرۆڤایەتی هەڵە بێت كە بڕوای بە بوونی كورد و كوردستانییەكان نەبێت. پارێزگای نەینەوا لە 40%ی كوردەو ژمارەیەكی زۆری كوردی ئێزیدیمان كۆمەڵكوژكراون و تەنیا پشتیان بەكورد قایمە كە بەرگرییان لێبكات و بیانپارێزێت و ناوچەكانیان بۆ بگەڕێنێتەوە. لەمێژووشدا ویلایەتی موسڵ كە پێش شكستی دەوڵەتی عوسمانی بەزۆرلكێنراوە بەعێراقەوە، ویلایەتێكی كوردنشین بووەو كەمە نەتەوەییەكی عەرەب و مەسیحی و توركمانی تێدا بووە. بوونی گروپێكی تیرۆریستی وەكو داعش لەسەر سنوورەكانمان لەشاری موسڵ و تكریت و حەویجەو فەلوجەو دیالە كە دژی هەموو عورف و یاساو شەریعەتەكانە مەترسییە لەسەر رۆڵەی كوردو كوردستانییەكان. لەلایەكی دیكەوە ئێمە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پێكەوەژیانیش لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقداین، بەو پێیەی دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵییەو لەنزامی سەربازی ئەم سیستەمەشدا بواری سەربازی پێویستە هەماهەنگییان هەبێت. چۆن دەبێت لەناو ئەو دەوڵەتەدا گروپ دەستەو تاقمی دژ بەكورد هەبێت و سوپای عێراق پێویستی بەیارمەتی بێت، ئێمە بێدەنگ بین، كاتێكیش سەرۆكوەزیرانی عێراق باس لەوە دەكات دوای 25 ساڵ بۆ یەكەمینجارە سوپای عێراق بەناو خاكی كوردستاندا تێپەڕ دەبێت و لەگەڵ پێشمەرگە رووبەڕووی داعش بووینەتەوە ئەمە شێوازێكی نوێیە بۆ نزیكبوونەوەو هەماهەنگی لەگەڵ عێراقدا، لەهەمان كاتیش جۆرێكە لەسەربەخۆیی و دانپێدانان بەو سەربەخۆییەی كوردستان.
* وەكو پەرلەمانتارێكی پێشمەرگە پێتوایە چۆن وەڵامی ئەو پێشێلكاریی و تانەو تەشهیرانە بدرێتەوە كە دەرهەق بە پێشمەرگەو شەهیدەكان و خانەوادەكانیان دەكرێت كە رۆژانە لەم پێناوەدا قوربانی دەدەن؟
- پێشمەرگە هەر لەخانەقینەوە تا زاخۆ و لەئاستی هەر چوارپارچەی كوردستان یەكڕیزوتەبان و لەناو سەنگەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی داعش خوێنیان تێكەڵاو بووەو پێكەوە شەهید دەبن. لەم قۆناغەی ئێستاشدا ئاسۆو ئومێدی سەركەوتن هەر لەڕێگای یەكڕیزی و تەبایی نێو ریزەكانی هێزی چەكداری كوردستان بەدەست دێت، گەرچی هێشتا فیكرەی توندڕەو و شكستخواردووی سیاسی رابردووی كوردستان لێرەولەوێ بوونیان ماوەو كێشەوگرفتە سیاسییەكانی نێو حزبەكانی كوردستان بەڵگەن بۆ بوونی ئەو فكرو ئاراستە ناتەبایە، بەتایبەتی لەلای ئەو سیاسەتمەدارانەی فەشەلی سیاسییان هێناوە لەئاست ویست و خواستی گەلەكەیان و قۆناغەكە نەبوون، ئەم فەشەلەش بووەتە قین و بوغزێكی دەمارگیری و ئیرەیی بەدەستكەوت و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دەبەن. رووبەڕووبوونەوەی ئەمجۆرە كەسانە ئەركی رۆڵە بەئەمەك و وەفادارەكانی كوردستانە لەناو هەموو چین و توێژەكانی گەلەكەماندا كە بەهەموو توانایانەوە رووبەڕوویان ببنەوەو رێگە نەدەن تۆوی دووبەرەكی بچێنن و یەكگرتوویی ریزەكانی نێو گەلی كورد تێكبدەن. هەربۆیە من ئومێدم زۆرە بەپێشمەرگەو فەرماندەكان و سەرۆكەكەیان كە تەبایی و یەكڕیزی پێشمەرگە پتەوتر بكەن و رێگە نەدەن بە نانەوەی دووبەرەكی زیان بەنەتەوەی كورد بگەیەنن، بەتایبەتی لە ئێستادا كە سەرەتای شەڕی سەختی كوردە. راستە لەدوو ساڵی رابردوو شەڕی داعش زۆر سەخت بوو، بەڵام لەداهاتوو شەڕێكی سەختی دیكەی سیاسی بەڕێوەیە، كە تەنیا بە یەكگرتوویی و تەبایی دەتوانین بەسەر سەرجەم دوژمنەكاندا سەربكەوین.ش