شێپ مێلنیك : پێدەچێت هیلاری هەڵبژاردنەكە بباتەوەو بەمەش دەبینە خاوەنی یەكەم سەرۆكی ئافرەت لە مێژووی ئەمەریكادا
October 29, 2016
دیمانەی تایبەت
شێپ مێلنیك بڕوانامەی دكتۆرای لە زانستی سیاسی لە زانكۆی هارڤارد بەدەست هێناوە، لە ئێستادا پڕۆفیسۆری سیاسەتی ئەمەریكایە بەشی زانستی سیاسی لە كۆلێجی بۆستن. وانەبێژی چەند بوارێكی وەك سیاسەتی ئەمەریكایە لە نێویاندا ئایدیاو دامەزراوەكانی سیاسەتی ئەمەریكا، بیرۆكراسیەت و دیموكراسیەت لە ئەمەریكا و چەند بوارێكی گرنگی دیكەی پێوەندیدار. بۆ قسەكردن لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا و شیكردنەوەی ئەو حاڵەت و لێدوانە سەیر و بێ پێشینانەی لەلایەن كاندیدی كۆمارییەكانەوە دەدرێت، گوڵان لە دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكرد و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* ئاشكرایە كە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكانی ئەمەریكا چەندین حاڵەت و لێدوانی سەیر و چاوەڕواننەكراوی تێدا روویداوە، ئێوە چۆن لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەڕوانن؟
- ئەمە هەڵبژاردنێكی زۆر نائاساییە، لەبەر ئەوەی كاندیدی كۆمارییەكان، كاندیدێكی زۆر نائاساییە و زۆر لە كاندیدی كۆمارییەكان ناچێت.
* لە ئێستادا نزیكەی سێ هەفتەی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، كە بەپێی راپرسییەكان هیلاری كلینتۆن لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە و زیاتر ئەگەری سەركەوتنی هەیە، كەواتە دەكرێت بڵێین هەڵبژاردنەكان یەكلابۆتەوە بۆ بەرژەوەندی خاتوو هیلاری، یاخود هێشتا دۆناڵد ترەمپ دەتوانێت سەركەوتوو بێت؟
- هەروەك ئاماژەم پێكرد ئەمە هەڵبژاردنێكی نائاساییە، ئەگەری ئەوە هەیە هیلاری كلینتۆن سەركەوتوو بێت لە هەڵبژاردنەكانداو ئەگەری ئەوە هەیە ببینە خاوەنی یەكەم سەرۆكی ئافرەت لە مێژووی ئەمەریكادا.
* ئێوە باستان لەوەكرد كە ئەمە هەڵبژاردنێكی نائاساییە كە لە ئەمەریكا بەڕێوەدەچێت، ئەوەی جیێ سەرنج و سەرسوڕمانە لەبارەی دۆناڵد ترەمپەوە ئەوەیە كە رۆژ بە رۆژ لە ناو حزبەكەیەوە رووبەڕووی بەرهەڵستی زیاتر دەبێتەوە، هەروەها كەسایەتییە دیارەكانی ناو حزبەكەی پشتی تێدەكەن، ئایا خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم حاڵەتە چییە؟
- تا ئێستا من حاڵەتێكی هاوشێوەم نەبینیوە كە كاندیدی حزبێك بكەوێتەبەر رەتكردنەوەی ئەندامانی پارتەكەی، ئەویش لەبەر ئەوەیە كە هەمیشە پێوەندیەكانی لەگەڵ پارتی كۆماری پێوەندییەكی لاواز بووە، هەروەها لەبەر ئەوەی چەندین لێدوانی ئیستیفزازی داوە لەبارەی سیاسەتەوە، بە هەمان شێوە بەهۆی كەسایەتی خۆیەوە.
* ئێمە دەبینین كە دۆناڵد ترەمپ هێرشی یەك لەسەر یەك دەكاتە سەر كەسایەتی هیلاری كلینتۆن و بەم دواییەش رایگەیاند كە پێویستە تاقیكردنەوەی خواردنی وزەبەخش بكرێت لەسەر كلینتۆن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم هێرشەی ترەمپ بۆ سەر كەسایەتی هیلاری كلینتۆن كاردانەوەیەك نییە لەبەرامبەر ئەو ڤیدیۆ ئیحراجكەرەی بڵاوكرایەوە كە تێیدا ترەمپ وشەی ناشیاو لەبەرامبەر ئافرەتاندا بەكار دەهێنێت؟
- بە دڵنیاییەوە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ترەمپ هەبووەو رووبەڕووی هێرشی زیاتری كردۆتەوە، لەبەر ئەوە ئەو ئومێدی ئەوەیە ئەو فشارە كەم بكاتەوە لەسەری بەهۆی ئەوەی پەلاماری كەسایەتی هیلاری كلینتۆن بدات. داواكردنی تاقیكردنەوەی خواردنی دەرمانی وزەبەخشیش داواكارییەكی تەواو بێمانایەو هیچ حاڵەتێكی هاوشێوەی ئەمەمان نەبینیوە، بەڵام ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو بە دوای هەر رێگایەكەوەیە كە بتوانێت هێرش بكاتە سەر كەسایەتی كلینتۆن و دەیەوێت بەو هۆیەوە بابەتەكە بگۆڕێت و سەرنج لەسەر خۆی لابدات.
* بە هەمان شێوە ترەمپ گومان لەسەر نەزاهەتی سیستمی هەڵبژاردنی ئەمەریكا دروست دەكات، ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ لەم رووەوە چۆن لێكدەدەیتەوە؟
- لە راستیدا ئەمە هەڵقوڵاوی نائومێدییە، ئەو حەز بە دۆڕان ناكات و گاڵتە بە دۆڕاوەكان دەكات، لەبەر ئەوە هەندێك زەحمەتە بۆ ئەو كە وێنای ئەوە بكات كە دەدۆڕێت، بۆ ئەوەی دواتر بڵێت دۆڕانەكەی من لە جێی خۆیدا نەبوو. هەروەها شتێكی تەواو بێ مانایە كاتێك باس لە ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان دەكات. هەموو كەسایەتییە كۆمارییەكان كە لە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا، وەك پۆڵ رایان و تەنانەت كاندیدی كۆمارییەكان بۆ جێگری سەرۆك رایانگەیاندووە كە ئەمە راست نییە. چونكە هەڵبژاردنەكان لە زۆربەی ئەو ویلایەتانەی كە پێشبینییەكان لێك نزیكن لەلایەن بەرپرسانی كۆمارییەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت، وەك ویلایەتی ئۆهایۆ و فلۆریدا كە ئاشكرایە هیچ بەرژەوەندیەكیان نییە لە ساختەكردنی هەڵبژاردنەكاندا لە بەرژەوەندی هیلاری كلینتۆن. كەواتە ئەمە بانگەشەیەكی تەواو بێمانایە. چونكە كەس ناتوانێت هەڵبژاردنەكان ساختە بكات.
* پێتوایە ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ترەمپ لە ناخەوە هەست دەكات لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتوو نابێت، لەبەر ئەوە دەیەوێت پاساو بۆ شكست و دۆڕانەكەی خۆی بهێنێتەوە؟
- ئەمە زۆر رێی تێدەچێت، لەبەر ئەوەی ئەو بەرگەی دۆڕان ناگرێت، هەرچەندە من نازانم چی لە ناخی ترەمپدا دەگوزەرێت و ناشمەوێت بزانم.
* لایەنێكی دیكەی مەسەلەكە ئەوەیە كە ترەمپ بەردەوام رەخنە لە ئیدارەی ئۆباما دەگرێت كە سیاسەتێكی دەرەكی هەڵەی پەیڕەو كردووەو سیاسەتەكانی ئەم ئیدارەیە بوونەتە هۆی دروستبوونی داعش، هەروەها رەخنە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەش دەگرێت كە لەگەڵ ئێراندا واژۆ كراوە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەمانە رەخنەی رەوان؟
- لە راستیدا رەوایە رەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما بگریت، یان پێتوابێت كە ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ ئێراندا كراوە، رێككەوتنێكی باش نییە، چونكە كەسایەتی هەبووە لە نێو دیموكراتەكاندا بە هەمان شێوەی چەند كەسایەتیەكی نێو كۆمارییەكان رەخنەی بەجێیان لە سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما گرتووە، بەڵام من رەخنەیەكی بەجێم لە دۆناڵد ترەمپ نەبیستووە، چونكە كاتێك باس لەوە دەكات كە ئۆباما تەواوی بەرپرسیارێتی دروستبوونی داعشی دەكەوێتەئەستۆ، ئەوا ئەمە بەڵگەی تێنەگەیشنێتی لە ئاڵۆزییەكانی سەر ئەرزی واقیعە، هەروەك ئێوەش دەزانن كە بژارە و بڕیاری سیاسی قورس هەن لە ئاست بارودۆخێكدا كە بێ ئەندازە ئاڵۆزە، كەواتە پێموایە رەخنەی رەوا هەیە لەم ئیدارەیە بگیرێت، بەڵام من باوەڕم وانییە ئەو رەخنانە لەلایەن ترەمپەوە ورووژێندرابن.
* ئایا پێتوایە دۆناڵد ترەمپ پلانێكی تۆكمەی هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییانەدا كە ئێوە ئاماژەتان پێكردن؟
- لە راستیدا دەبێت سەرۆك فێری گوێگرتن بێت لەو كەسانەی كە شارەزای ئەو كاروبارانەن و پرس و راوێژ لە كەسانێكی زۆر وەربگرێت و پلانێكی درێژخایەنی هەمەلایەنەی هەبێت، ئەمە سەڕەڕای ئەو راستییەی كە ئەو پلانانانە بە بەردەوامی دەگۆڕێن. ئەوەی جێی ناڕەحەتییە لەبارەی ترەمپەوە ئەوەیە كە پێناچێت گوێ بۆ هیچ كەسێك بگرێت. ئەگەر پرسیاری ئەوەش بكەین ئایا هیلاری كلینتۆن پلانێكی لەم شێوەیەی هەیە، ئەوا من گومانم هەیە لەم رووەوە، بەڵام ئەو كەسانێكی لە خۆی كۆكردۆتەوە كە شارەزاییان هەیە لەم رووەوە. چونكە هەروەك ئێوەش دەزانن كێشەكانی ئەو ناوچەیە یەكجار ئاڵۆزن كە ناتوانیت ئەوەی دەتەوێت بەدەستی بهێنیت، بە بێ روودانی دەرئەنجامی نەخوازراو. كەواتە زۆر گرنگە بتوانین گوێ لە كەسانی دیكە بگرین.
* لە دووەم دیبەیتی سەرۆكایەتیدا، هیلاری كلینتۆن باسی لەوە كرد كە كورد باشترین شەریكی ئێمەیە لە عێراق و سووریاو پێویستە تفاقی پێویستیان بۆ دەستەبەر بكرێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەتوانین بڵێین كە دیموكراتەكان كورد بە فاكتەرێكی گرنگ بۆ تێكشكاندنی داعش دەزانن؟
- لە راستیدا من ئەمە نازانم و رەنگە خۆشیان نەزانن، بەڵام ئەگەر ئێستا ئێمە لە پرۆسەی رزگاكردنی موسڵ بڕوانین، ئەوا كورد هاوپەیمانێكی گرنگە بۆ شەڕكردن لەگەڵ داعشدا. دەبێت ئەوەش بزانین كە توركیا بە هەستیارییەوە لە پشتیوانیكردن و پڕچەككردنی كورد دەڕوانێت، كەواتە ئەگەر پرسیاری ئەوە بكەین ئایا پلانی دوورمەودای دیموكراتەكان چییە، ئەوا من نازانم و گومانیشم هەیە لەوەی خۆشیان بیزانن.
* ئەگەر داعش لە موسڵ تێكبشكێنرێت، ئەوا ئەمە مانای كۆتاییهاتنی ئەو رێكخراوەیە لە عێراقدا، بەلای كەمەوە لە رووی سەربازییەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئۆپەراسیۆنی رزگاكردنی موسڵ چ كاردانەوە، یان رەنگدانەوەیەكی لەسەر هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا دەبێت؟
- لە راستیدا ئەگەر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بتوانێت سەركەوتنی سەربازی تۆماربكات، ئەوا ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هیلاری كلینتۆن، بەپێچەوانەوە ئەوا دۆخەكە لەبەرژەوەندی ترەمپ دەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمانە كێشەی درێژخایەنن.
* واتە پێتوایە پێویستە تەركیز لەسەر سەقامگیركردنەوەی بارودۆخەكە بكرێت لە دوای ئازادكردنەوەی شارەكەوە؟
- ئەمە راستە، من هیودارام دەرس لە دە ساڵی رابردوو وەربگرین، بەوەی كە سەركەوتنی سەربازی تەنیا سەرەتایەو دروستكردنی حوكمڕانی و دامەزراوە سەقامگیرەكان كارێكی یەكجار سەختە.
* هەروەها ئەوەی جیێ سەرنجە ئەوەیە كە ڤلادمیر پۆتین ستایشی كەسایەتی دۆناڵد ترەمپی كردووەو لە بەرامبەردا ترەمپیش رایگەیاند كە پۆتین زیاتر خەسڵەتی سەركردایەتی تێدایە وەك لە ئۆباما، تێڕوانین و لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم لێدوانانە چییە؟
- پێموایە لە روانگەی پێوەندیە نێودەوڵەتییەكانەوە ستایشكردنی پۆتین مایەی نیگەرانی و ناڕەحەتییە.
* ئەگەر هیلاری كلینتۆن سەركەوتوو بێت لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوا ئەمە مانای وایە دیموكراتەكان بۆ سێ جار لەسەر یەك دەسەڵات بە دەست دەهێنن و دەچنە كۆشكی سپیەوە، كە ئەمە لە ماوەی 25 ساڵی رابردودا رووینەداوە، پرسیارەكە ئەوەیە سەركەوتنی هیلاری چ مانایەكی بۆ دیموكراتەكان دەبێت؟
- رەنگە لە پێوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییەوە دیموكراتەكان لە دۆخێكی باشتردا بن، بەڵام هێشتا ئەوان دووچاری دژواری دەبنەوە لە كۆنتڕۆڵكردنی كۆنگرێسدا، چونكە هەردوو پارتەكە خاوەنی كەسانێكی دڵسۆزن كە پشتیوانییان دەكەن.