ئیان شاپیرۆ: شەڕی موسڵ سەخت دەبێت و كاتێكی زۆری دەوێت، بەڵام بەباشی بەڕێوەدەبردرێت

ئیان شاپیرۆ: شەڕی موسڵ سەخت دەبێت و  كاتێكی زۆری دەوێت، بەڵام بەباشی بەڕێوەدەبردرێت
ئیان شاپیرۆ بڕوانامی دكتۆرای لە زانكۆی یاڵ بەدەست هێناوەو لە ئێستاشدا پڕۆفیسۆری هەمان بوارە لە زانكۆی ناوبراو، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆیەكی گرنگی وەك كەیپ تاوون، زانكۆی كیۆ لە تۆكیۆ، ئەنستیتیوتی دیراساتی باڵا لە ڤیەننا، زانكۆی ئۆسڵۆ. بۆ قسەكردن لەبارەی گرنگیی ئۆپەراسیۆنی رزگاكردنی موسڵ و ئەگەرەكانی ئایندەی ئەو شارە و وڵاتەكە، گوڵان لەدیمانەیەكیدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكردو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* چۆن لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ دەڕوانیت، بەتایبەتی ئەگەر سەركەوتوو بێت، ئایا دەبێتە سەركەوتنێكی رەمزی و ستراتیژی دژ بە داعش؟
- پێدەچێت ئەم ئۆپەراسیۆنە بە باشی پلانی بۆ داڕێژدرابێت و بە باشی بەڕێوەبچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆپەراسیۆنێكی سەخت دەبێت و كاتێكی زۆر دەخایەنێت.
* چۆن لە ئەگەرەكانی ئایند دەڕوانیت لە دوای رزگاركردنی ئەم شارەوە؟ ئایا پێشبینی زیاتربوونی ئاستی بارگرژی و توندوتیژیی تایفەگەری ناكەیت؟
- لە راستیدا ئەمە بەندە بەوەی تا چەند حكومەت سیاسەتگەلێك پیادە دەكات كە دەرفەت بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت، چونكە ئەگەر ئەوانەی پێشتر دوورەپەرێز خرابوون، هەست نەكەن بواری بەرەوپێشچوونیان هەیە لە عێراقی یەكگرتوودا –كە بوونە هۆی ئەوەی داعش بتوانێت داگیركاری بكات-، ئەوا لە ئایندەشدا پشتیوانی هەر میلیشایەك، یان پارتێكی دژ بە رژێمەكە دەكەنەوە.
* ئایا هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە تا ئێستا ستراتیژیەتەكە لە لایەنە سەربازییەكەدا چڕبۆتەوە، ئەمە لە كاتێكدا پێویستە كار لەسەر چارەسەركردنی هۆكارە ریشەییەكان بكرێت؟
- دەبێت گەشەو پەرەپێدانی ئابووری هەبێت لە عێراقدا، ئەگەرنا هەوڵەكانی گەڕاندنەوەی پرۆسە سیاسییەكە بۆ سەر رێڕەوی خۆی سەرناگرێت. لەبەر ئەوە من خوازیاری ئەوەم كە رۆژئاوا هاوكاری ئابووری زیاتری عێراق بكات، هەروەها سووریاش دوای ئەوەی دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیر دەبێت، چونكە تاوەكو رەوشە ئابوورییەكە باشتر نەكرێت، ئەوا سیاسەت بەردەوام دەبێت لە شكستهێنان.
* ئایا ئایندەی عێراق چۆن دەبینن لە دوای ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ و ئایا ئەم وڵاتە وەك خۆی دەمێنێتەوە، یاخود جۆرێك لە دابەشبوونی روودەدات؟
- پێشبینیكردنی ئەگەرەكانی ئایندە زەحمەتە، بە مەزەندەی من وەك وڵاتێكی یەكگرتوو دەمێنێتەوە، بەڵام من ناتوانم ئایندە ببینم.
* بەڵام تەنانەت ئەگەر عێراقیش وەك وڵاتێكی یەكگرتوو بمێنێتەوە، ئایا پێویست ناكات دەستووری ئەم وڵاتە بگۆڕێت، یان با بڵێین جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی سوننەكانیش هەرێمێكی تایبەت بە خۆیان هەبێت؟
- هەموو كەس باس لە دەستوور دەكات، بەڵام لە كۆتاییدا دەستوور تەنیا پارچە كاغەزێكە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە حكومەت چ سیاسەتێك پیادە دەكات، ئایا لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە بوار بۆ هەموان دەڕەخسێنێت، واتە داهاتەكانی نەوت دابەش بكرێن و بواری دامەزراندن لە حكومەتدا بۆ هەمووان بێت و تەنیا بایەخ بە بەرژەوەندی گروپێكی بچووك نەدرێت. ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا گرنگ نییە دەستوور چی دەڵێت.
* چۆن لە ئەگەری بەشداریكردنی میلیشیا شیعەكان لە شەڕی موسڵ دەڕوانیت؟ ئایا ئەمە نابێتەهۆی خۆشكردنی ئاگری شەڕە تایفەگەرییەكە و لە ئاكامدا بارگرژی و ناكۆكیی ئیقلمیشی لێناكەوێتەوە؟
- بە تێڕوانینی من ناكرێت ئاشتی لە ناوچەكەدا بەدی بێت، ئەگەر پێوەندییەكانی عێراق و ئێران ئاسایی نەكرێنەوە، دەبێت كاراكتەرە ئیقلمییەكانی دیكەش ئەمە قبووڵ بكەن.
* ئێوە باستان لە هاوكاریی ئابووری كرد بۆ عێراق، ئایا تا چەند گرنگە لەم رووەوە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی ساز بكرێت بۆ ئەوەی ئەو هاوكارییانە بۆ ئەم وڵاتە دەستەبەر بكرێت؟
- پێموایە ئەوە هەنگاوێكی بنیادنەر دەبێت، بە بێ ئەوەش من ئایندەیەكی ئیجابی بەدی ناكەم. بەڵام لەو باوەڕەدام كە تاوەكو كۆتایی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا زەحمەتە بتوانرێت تەركیز لەسەر دەستەبەركردنی هاوكاری بكرێتەوە، یان گفتوگۆیەكی بنیادنەرانە لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بكرێت، چونكە ئەنجامدانی ئەم كارە بە بێ ئەمەریكا كارێكی زەحمەتە، بەڵام خۆشبەختانە بەم نزیكانە هەڵبژاردنی ئەمەریكا تەواو دەبێت.
* لایەنێكی دیكەی ئەم پرۆسەیە بریتییە لە كارەساتە مرۆییە پشێبینیكراوەكە، كە چاوەڕوان دەكرێت خەڵكێكی زۆر لە موسڵەوە رووبكەنە هەرێمی كوردستان، ئایا تا چەند گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵەكانی زیاتر چڕبكاتەوە بۆ بەرگرتن بەو كارەساتە؟
- هەروەك ئاماژەم پێكرد ئەمە ساتەوەختێكی خراپە بەهۆی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكاوە، چونكە زۆر زەحمەتە بتوانیت سەرنجی هیچ كەسێكی واشنتۆن بەدەست بێنیت لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا، ئاشكرایە كە كارەساتێكی مرۆیی گەورەش بەڕێوەیە و ئەمەش دۆخێكی تراژیدییە.
* ئەوەی پێوەندی بە كوردستانەوە هەبێت، ئەوا بۆتە هێزێكی كارا لە دژی تیرۆریستان و لە رووی ئەمری واقیعەوە سەربەخۆیە، ئایا پێشبینی ئەوە دەكەن كە رەوتی پەرەسەندنەكان لەم هەرێمەدا بە ئاڕاستەی دروستبونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت كە پشتیوانی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت؟
پێموایە ئەمەریكا و لایەنە نێودەوڵەتیەكانی دیكە زۆر دوودڵ دەبن لە دانپێدانان بە دەوڵەتێكی سەربەخۆدا، لەبەر ئەوەی پێیانوایە زۆر زەحمەتە بتوانرێت پێشبینی كاریگەرییەكانی بكرێت. كەواتە نەتەوە یەكگرتووەكان و زۆربەی هێزە رۆژئاواییەكان لەگەڵ ئەوەدان دۆخەكە وەك خۆی بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی نازانن كاریگەری دروستبوونی دەوڵەتی نوێ چی دەبێت، كەواتە ئەوان لە رووەوە موحافیزكارن، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت كە عێراق بە یەكجار داڕووخێت، واتە ئەوان دوایین لایەن دەبن كە دانی پێدابنێن، نەك یەكەم لایەن.
Top