هوارد فێدیرسپیل: پرۆسەی دروستكردنی ئینیتمای نیشتمانی لە عێراقدا سست و ناكارا و شكستخواردوو بووە

هوارد فێدیرسپیل: پرۆسەی دروستكردنی ئینیتمای نیشتمانی لە عێراقدا سست و ناكارا و شكستخواردوو بووە
هوارد فێدیرسپیل، پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی ئۆهایۆ، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگی وەك سیاسەتی بەراوردكار و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، پێشتر شرۆڤەكار بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بۆ تاوتوێكردنی دۆخی دوای تێكشكاندنی داعش و بۆ هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی ئێران و پرسی ڕكابەریی نێوان ئێران و سعودیە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* باس لەوە دەكرێت كە ئەگەر داعشیش تێكبشكێندرێت، ئەوا عێراق دەبێتە وڵاتێكی ناسەقامگیر هاوشێوەی باشووری لوبنان كە ئێران هەوڵ دەدات بەرژەوەندییەكانی خۆی تێدا بەدی
بێنێت. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دروستبوونی دۆخێكی لەم شێوەیە تا چ ڕاددەیەك لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا كاریگەری دەبێت؟
- لە ڕاستیدا گروپێك لە ستراتیژیستەكان هەن كە باوەڕیان وایە ئەگەرێكی بەهێز هەیە كە ئەو دۆخەی ئاماژەتان پێكرد بێتەئاراوە و سەرتاسەری ناوچەكە لە سووریاوە تا ئیسرائیل و تاوەكو
عێراق ببێتە ناوچەیەكی ناسەقامگیر و لایەنە ڕكابەربەیەكەكان باڵادەست بن بەسەریدا و تێیدا حكومەتە لاوازەكان هەوڵی ئەوە بدەن یەكگرتوویی وڵاتەكانیان بپارێزن. كەسانێكی دیكە هەن باوەڕیان
وایە كە ئەوە داعشە كە فاكتەری ناسەقامگیرییە و هەر كاتێك ئەم ڕێكخراوە تێكشكێندرا، ئەوا قەیرانی عێراق و سووریا چارەسەر دەبن و دەتوانرێت حكومەتگەلێكی سەقامگیر لەو وڵاتانەدا دابمەزرێندرێت. ئەمەریكا باوەڕی بە تێڕوانینی دووەمیانە و پێیوایە حكومەتێكی نیشتمانی بە پشتیوانیی سوننە و شیعە و كورد لە عێراقدا بەدی دێت. هەر لەبەر ئەوەیە كە ڕاوێژكارە مەدەنی و سەربازییەكانی خۆی لەم وڵاتەدا هیشتۆتەوە بۆ ئەوەی لە ڕوودانی ئەمە دڵنیا بێت.
* ئەگەر لە بارودۆخی عێراق بڕوانین ئەوا مەترسی ئەوە لە ئارادایە كە ئەم وڵاتە ببێتە وڵاتی تاقم و لایەنەكان كە هەریەك لەو لایەنانەش میلیشیای خۆی هەبێت و ئێرانیش زۆرترین
دەستڕۆیشتوویی هەبێت. چۆن ئەمەریكا دەتوانێت ڕێگری لە ڕوودانی ئەمە بكات؟
- ئەگەر لە بارودۆخەكە بڕوانین ئەوا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە ئەم لێكدانەوەیە بۆ لایەنە شیعە و كوردییەكانی عێراق ڕاست و
دروستە، بەڵام ڕەنگە ئەمە لە كۆتاییدا بەسەر سوننەكانیشدا بێت كاتێك لە دەستی داعش ڕزگار دەكرێن، ئەگەرچی ئەمەش دەرئەنجامێكی پێشوەختە نییە. چونكە نە ئەمەریكا و نە حكومەتی عێراق خوازیاری ڕوودانی ئەم بارودۆخە نین و كاردەكەن بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە نیشتمانییەكان، وەك سوپا و دەزگای بیرۆكراسی، ئەویش بە ئامانجی دروستكردنی ئینیتمایەكی نیشتمانی لە وڵاتەكەدا،
نەك دابەشبوونی تایفەگەری. ئەم پرۆسەیە تا ئێستا بە سستی بەڕێوەچووە، هەروەها ئەم پرۆسەیە ناكارا بووە و دووچاری چەندین شكست بۆتەوە، بەڵام
ئەمە چارەسەرێكە كە سەرۆك ئۆباما خوازیاری هێنانەئارایەتی.
* پێدەچێت هێزی قودسی ئێرانی كە لە ئێستادا شەڕی داعش دەكات، هێندەی داعش گروپێكی میلیشایی بێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە هێزی قودس ببێتە هەڕەشەیەكی سەرەكی
لەسەر ناوچەكە؟
- داعش تەنیا بەرپرسیارە لە خۆی، لەبەر ئەوە هیچ كۆت و بەندێكی لەسەر نییە. لە كاتێكدا كە هێزی قودسی ئێرانی تا ڕاددەیەكی گەورە دەستی واڵایە، بەڵام لە كۆتاییدا لە ژێر كاریگەری ئێراندایە
و ئێران دەتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات، كە بە دڵنیاییەوە ئێران ڕێگا نادات هێندەی داعش سەربەخۆ بێت و بە ئەندازەی داعش ببێتە هەڕەشەیەكی گەورە.
لەبەر ئەوە دەبێت بە هەمان شێوەی هەوڵەكانی دیكەی ئێران لە ناوچەكەدا ئیحتیوا بكرێت.
* دەستڕۆیشتویی ئێران لە ناوچەكەدا مایەی نیگەرانییە، بەتایبەتی كە پشتیوانی ئەو هێزە مەحەلییانە دەكات كە بوونەتە هۆی هێنانەدی ئامانجەكانی ئێران و شەڕی بۆ دەكەن. ئایا
ئەم دەستێوەردانەی ئێران ڕێگەخۆشكەر نییە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش؟
- ئێران هێزێكی ئیقلیمییە و دەیەوێت ئەجێندای خۆی لە ناوچەكەدا جێبەجێ بكات، لەبەر ئەوە هەمان ئەو كارانە دەكات كە دەوڵەتان بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجانە ئەنجامیان دەدەن. هەروەها لەبەر ئەوەی
ئێران خاوەنی حكومەتێكە كە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردووە وەك ئامرازێكی سەرەكی بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی، ئەوا لەلایەن هێزەكانی دیكەی ناوچەكەوە وەك هەڕەشە سەیر دەكرێت، بەتایبەتی كورد و عەرەب. بەڵام ئەگەر ئێران بە شێوەیەكی كەمتر دوژمنكارانە هەڵسوكەوت بكات، ئەوا ئەم هەڕەشەیە كاڵتر دەبێتەوە لە ڕوانگەی ئەوانەی دیكەوە، بەڵام پێدەچێت ئەوە پرۆسەیەكی لەسەرخۆ
بێت، واتە سەرەڕای بەرژەوەندی گەورەی هەندێ لایەنی مەدەنی لە ئێراندا كە هەوڵی ئەوە دەدەن كە سیاسەتێكی كەمتر دوژمنكارانە لەسەر ئاستی دەرەوە بگیرێتەبەر.
* ئایا ڕۆڵی گەورەی كورد لە شەڕی داعشدا بەرز نرخێنراوە لەلایەن حكومەتی عێراق و ئەمەریكاوە؟
- پێدەچێت فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەڕاستی تێكۆشانی پێشمەرگە بەرز بنرخێنێن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و لە هەوڵەكانی لە باكووری سووریا و گوزراشت لەو بەرزنرخاندنەش
كراوە بۆ سەركردەكانی هەرێمی كوردستان. تەنانەت حكومەتی عێراقیش ئەو ڕاستییەی لەبەرچاوە كە كورد پێكهاتەیەكی بەهێزە لە شەڕی دژ بە داعشدا،
ئەگەر كەمتر گوزارشت لەم نرخاندنە دەكەن. هەرچۆنێك بێت، حكومەتی عێراق و ئەمەریكا پابەندن بە عێراقێكی یەكگرتووەوە و ترسیان هەیە لە پێدانی ئەندازەیەكی زیاتری خۆبەڕێوەبەری، یان
دەسەڵاتی زیاتر بە كورد لە پرۆسەی حوكمڕانی، یان لە دروستكردنی هێزی بەرگریدا. چونكە بەبێ بوونی كورد وەك پێكهاتەی سێیەم و سەرەكی لە عێراقدا، ئەوا ئەگەری مانەوەی دەوڵەتی عێراق وەك ئەگەرێكی لاواز دەمێنێتەوە.
* ئایا ئەگەری ئەوە هەیە كە سعودیە پشتیوانی سوننە بكات وەك ئامرازێك بۆ ئیحتیواكردنی ئێران؟
- ئەمە ئەگەرێكی دوورە، لەبەر ئەوە سعودیە خوازیاری بەدەستهێنانی دەرئەنجامێكە لەبەرامبەر ئەو پشتیوانییەی دەستەبەری دەكات. بە دڵنیاییەوە سعودیە دەیەوێت دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا
ئیحتیوا بكات، بەڵام هەوڵی ئەوە دەدات ئامرازی گونجاو بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە بەدەست بهێنێت. هەرچۆنێك بێت، داعش هەڕەشەیە بۆسەر ئەمەریكا و ئەوروپا، سعودیەش خوازیاری شەراكەتە، لەبەر
ئەوە ئەو هێزانە خوازیاری كۆتایی هێنانن بە داعش. واتە سعودیە دووچاری هەڕەشەیەكی گەورە دەبێتەوە ئەگەر كار لەگەڵ داعشدا بكات و لە ئێستادا ئەگەرچی سەركردەكانی سعودیە نائومێد بوون لە پێوەندیەكانی واشنتۆن بە تارانەوە، بەڵام دواجار ئەوە واشنتۆنە كە بەرگری لە سعودیە دەكات و ئەگەری ئەوەش نییە ئەمە گۆڕانكاری
بەسەردا بێت.
Top