دكتۆر ئەحمەد ئەنوەر بۆ گوڵان: بەداخەوە دزینی ئاسایی بەتاوانێكی گەورە دادەنرێت، كەچی خۆدەوڵەمەندكردن لەسەر موڵكی گشتی بە ئازایەتی

دكتۆر ئەحمەد ئەنوەر  بۆ گوڵان: بەداخەوە دزینی ئاسایی بەتاوانێكی گەورە دادەنرێت، كەچی خۆدەوڵەمەندكردن لەسەر موڵكی گشتی بە ئازایەتی
ئاشكرایە دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیرانێكی دارایی قووڵ بۆوە، دەستی دایە پرۆسەی پێداچوونەوە و چاكسازی و لایەنێكی گرنگی ئەم هەوڵانەش لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا بەرجەستە بوو، كە لێرەدا رۆڵی دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان زەق دەبێتەوە. بۆ تیشكخستنەسەر كار و چالاكی و رۆڵی ئەم دەزگایە لە بەرپەرچدانەوەی گەندەڵیدا، دیمانەیەكمان لەگەڵ دكتور ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكیدا ئەنجامدا و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دكتۆر ئەحمەد ئەنوەر
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:
بەداخەوە دزینی ئاسایی بەتاوانێكی گەورە دادەنرێت، كەچی خۆدەوڵەمەندكردن لەسەر موڵكی گشتی بە ئازایەتی

پێداچوونەوە و هەمواركردنەوەی یاساكان
بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی پێویستییەكی بنەڕەتین



* ئایا دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان پێوەندی لەگەڵ پرۆژەی سەرۆكی كوردستان بۆ چاكسازی چۆنە و چۆن مامەڵەتان لەگەڵ رەهەندە جیاوازەكانی ئەم پرۆژەیە كردووە؟
- كێشەی زۆری ئێمە لەم وڵاتەدا كێشەی كارگێڕییە، بەداخەوە ئێمە هەستاین بەقەبەكردنی كەرتی گشتی بەشێوەیەك كە لەهەموو وڵاتانی جیهاندا نموونەی نییە. بۆ نموونە لە سەرووی 60-70%ی داهاتی خۆمان دەدەین بەمووچە، ئەمەش وادەكات پارەی بەردەست بۆ وەبەرهێنان و بووژانەوەی ژێرخانی وڵات كەم بكات، راستە پارەی مووچە دەچێتە گیرفانی هاووڵاتیان و ژیانی خەڵكی پێ دابین دەكرێت، بەڵام هەڵاوسان لەكەرتی ئیدارە كۆمەڵێك كێشەی گەندەڵی و رۆتینی دروست كردووە، ئەوەی زیاتر ئەو بارودۆخەی زەق كردووەتەوە، بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بوو لەساڵی 2014 لەلایەن حكومەتی ناوەندی بەغداوە كە قەیرانێكی ئابووری قووڵی بۆ وڵاتەكەمان دروست كردو لە مانگی 6ی هەمان ساڵیشدا شەڕی داعشیش رووبەڕوومان بووەوە، بەمەش بارێكی قورس و خراپتر كەوتە سەرشانی حكومەت و خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە. ئەمانە هەمووی وایكرد جارێكی تر پێویستی دووبارە چاوخشاندنەوە بە رێكخستنەوەی هەیكەلی كارگێڕی ببێتە پێداویستییەكی هەنووكەیی بۆ ئەوەی لە رووی ئەداوە توانای بەرزبێتەوە و لە رووی تێچوونیشەوە بە كەمترین داهاتی بەشەری ئیدارەیەكی سەركەوتوو بەڕێوەببەین، هونەری ئیدارەش ئەوەیە بەكەمترین داهاتی بەشەری باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بكەیت، ئەمە كورتترین پێناسەی ئیدارەی سەركەوتووە، ئەم پرۆسەو ئامانجە سەرەتا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووەو لەكۆتایی ساڵی رابردوو لەسەرەتای ئەمساڵیشدا حكومەت دەستی بە پرۆژەی چاكسازی كرد، پاشان جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆیشی كۆمەڵێك بەرنامەو پلانی دانا، ئەوانیش ماوەیەكە كار لەسەر ئەم بەرنامەو پرۆژەیە دەكەن. چەندین لێژنەی لەسەر هەیكەلیەتی حكومەت و كەمكردنەوەی بەش و هۆبەكان و تێكەڵكردنی بەڕێوەبەرایەتی و بەشەكان و دیاریكردنی میلاكات كاردەكەن. واتە لەخودی پرۆسەی چاكسازیشدا ئێمە هاوكاری حكومەت بووین لەرێگەی كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی مەیدانی لەسەر میلاكاتی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بەتایبەتی لەسەر پلەكانی (1،2،3) كە تێیدا ئەو خروقاتانەی كراوە، هەر هەموویمان بە راپۆرت داوە بە حكومەت، بگرە لەزۆر بواردا هاوكاری حكومەت بووین، ئێستا زۆر راپۆرتمان لەبەردەستدایە لەبەشی یاسایی لەسەر مەسەلەی بڕوانامەكان و خروقاتی دامەزراندن و ئەو خانەنشینانەی بەدەر لە یاساو رێنماییەكان كراوە. هەروەها دەبێت ئەوە بڵێم كە هیچ پرۆسەیەكی چاكسازی بەبێ ئازار و ناڕەزایەتی نییە، بۆ نموونە رەنگە پێشتر كەسانێك هەبووبێتن كە پێشتر ماندووبوونێكی زۆر و داهاتێكی زۆریان هەبووە، ئێستا ئەمجۆرە دەستكەوتانەیان نەماوە، بۆ فەرمانبەرانیش بەهەمان شێوە دەبێت. داهات بۆ ئەو فەرمانبەرانە بێت كە كارو ئیشەكان رادەپەڕێنن. ئێستا كاتی ئەوە نییە كەس بنێریتە ماڵەوە، یا مووچەی ببڕیت، یان كەمی بكەیتەوە، بەڵام دەبێت بەرنامەیەكت هەبێت بۆ ژیاندنەوە و چالاككردنی كەرتی تایبەت، دەتوانین هەلی كار بۆ خەڵك زیاتر و زۆرتر بڕەخسێنین، ئێستا هەنگاو نراوە بۆ چاككردنی كەرتی گشتی تەنانەت فەرمانبەران هەلی ئەوەیان بۆ رەخساوە مۆڵەتی (3،5) ساڵی وەربگرن، لەپاشان دەتوانرێت هەیكەلیەتی كەرتی گشتی بەشێوەیەكی زانستی و راست چاك بكرێتەوە كە لەگەڵ داهاتی هەرێمی كوردستان بگونجێت، هەروەها دەتوانرێت ئەو فەرمانبەرانەی زیادن لەوەزارەتێكدا كۆبكرێنەوە دواتر لە وەزارەت یا فەرمانگەیەك كە پێویستن دابنرێن، ئەم پرۆسەیەش بۆی هەیە دوای تۆماركردنی سەرجەم مووچەخۆرانی كوردستان بێت كە من زانیاریم هەیە پاش 1/10/2016 بڕیارە تۆماركردنی سەرجەم مووچەخۆرانی كوردستان دەست پێ بكات، واتە هەموو مووچەخۆران و ئەوانەی پارە لە حكومەتی كوردستان وەردەگرن لە رێگەی پەنجەمۆر و گلێنەی چاوەوە تۆماردەكرێن. ئەمەش یەكێكە لەمەرجەكانی ژیانەوەی كەرتی ئابووری كە بانكەكان بەئیش بخەیت و متمانە بدەیتەوە بانكەكان، راستە ئێستا مووچە رەنگە ئەوەندە زۆر نەبێت، مووچەكەی لە بانكەكاندا بهێڵێتەوە، بەڵام لەمەودایەكی زیاتر ئەگەر چاككرایەوە دۆخەكە دەگۆڕدرێت.


* ئێستا لەسەر ئاستی هەموو كوردستان قەناعەتێك دروست بووە كە لە دامەزراوە شەرعییەكان بە كردەیی گەندەڵی بوونی هەیە، بەڵام دەستنیشانكردنی گەندەڵی جگە لە قسەو قسەڵۆك شتێكی دیكە نییە، ئایا چوارچێوەی كاركردنی ئێوە چییە بۆ ئەوەی گەندەڵی پێناسە بكەن؟
- لە راستیدا پێناسەی گەندەڵی زۆرە، یەكێكیان پێناسەی شەفافیەتی نێودەوڵەتییە بۆ گەندەڵی، بەڵام ئێمە هاتووین لەتەعدیلی یەكەمی یاساكە كە لە2014 دەرچووە، تاوانەكانی گەندەڵیمان دەستنیشان كردووە، واتا بەماددە و بەژمارە لەیاسای سزاكان تاوانەكان دەزانین. بۆ نموونە ئێستا چ تاوانێك بەگەندەڵی دەژمێردرێت؟ بۆ نموونە بەرتیل و دزینی پارەی گشتی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بەفیڕۆدانی سامانی گشتییە. گەندەڵیش وەكو تیرۆر پێناسەیەكی تایبەتی نییە كە هەموو خەڵك لەسەری رێككەوتبن، بەڵام تۆ ماددە یاساییەكانت پێناسەكردووە كە دەڵێت: دژایەتیكردنی گەندەڵی مەبەستمان لەو تاوانەیە كە ماددە یاساییەكانی لەخوارەوە هاتووە كە یاسای تاوانەكان دەیگرێتەوە كە تاوانێكیش لە یاسای تاوانەكان و لەیاسای دەستپاكی نەبێت، ئەوە ئێستا پێی دەگوترێت دەستكەوتی ناڕەوا، ئەمەش تاوانێكە لەگەڵ ئەم یاسا تازەیە داهێنراوە كە پێشتر لەعێراق هەبوو، ئەمەش ئەوەیە كاتێك بەرپرسێكی باڵا ئەوانەی ساڵانە فۆرم پڕدەكەنەوە بۆ ئاشكراكردنی سەروەت و ماڵ و موڵكیان دەیانگرێتەوە كە ئەم بەرپرسە باڵایە نەیتوانیوە فۆرمی ئاشكراكردنی داهاتەكەی پڕبكاتەوە، یا تێیدا زیادە هەبوو، دیارە ئەمەی بەشێوەیەكی ناڕەوا دەستكەوتووە، ئەمەش یەكێكە لەتاوانەكان واتە یاساكە بە وردی و زانستی روونكراوەتەوە، ئەوەی یاسای دەستەی دەستپاكی ئێمە بخوێنێتەوە كە دەڵێت تاوانەكانی گەندەڵی دەزانێ مەبەستمان چییە.


* لەهەموو جیهان پرۆسەی دژە گەندەڵی دوو قۆناخی گرنگ بەخۆیەوە دەبینێت، لایەنێكیان یاساییە كە بەیاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام لایەنی دووەم كە زۆر گرنگە ستراتیژیەتی هاندانی دژە گەندەڵییە، ئایا ئێوە بەرنامەیەكتان بۆ هاندانی دژە گەندەڵی بەكردەیی هەیە؟
- ئەمە خاڵێكی گرنگە؛ لە راستیدا لە هەرێمدا ستراتیژییەتی نیشتمانیمان نییە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی، گەرچی لەعێراقدا لەساڵی 2010 ئەم ستراتیژیەتییە بوونی هەیەو ئێمەش لەساڵی رابردووەوە نوسراوو پێشنیارێكمان بەفەرمی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووەو وتوومانە داوادەكەین هاوشێوەی عێراق ئەنجومەنی وەزیران بەفەرمی دەستەی دەستپاكی راسپێردرێت بە داڕشتنی ئەو ستراتیژییە، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، لەكاتێكدا ئێمە لەساڵی پارەوە لەگەڵ رێكخراوێكی بەریتانی (وێس وێنسر) گفتوگۆمان هەیەو پێمان گوتوون ئێوە فەندێكتان بۆ ئەم مەبەستە هەیە، ئێمەش وەكو یاسا ئەركمانە لەسەر ئەم پرۆژەیە ماوەی شەش مانگە دەستمان بە پرۆسەی نووسینەوەی رەشنووسێك كردووە لەسەر ستراتیژیەتی نیشتمانی هەمە لایەنە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی و پێشبینی ئەوە دەكەین تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو رەشنووسەی ستراتیژیەتی نیشتمانی تەواو بكەین، ئەو ستراتیژییەتە بۆ 4 ساڵ دەبێت، لەم ستراتیژییەتەدا كارو ئیشێكی ورد دەكەین، ماوەیەك پێش ئێستا داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردووە لەیەكێك لەكۆبوونەوەكانی داهاتوو بڕگەیەك دیاری بكرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەم ستراتیژییەتەو چاوەڕوان دەكەین كە رازی بن بۆ ئەوەی گرنگی و كاریگەری ئەم ستراتیژە نیشتمانییە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی گفتوگۆی تێروتەسەلی لەسەر ئەنجام بدرێت. ئەوەی تر پێمانوایە دژایەتیكردنی گەندەڵی پرۆسەیەكی زۆر وردو درێژخایەنە یەكەم هۆشیاری دەوێت، دووەم دروستكردنی رای گشتی دەوێت، لەمبارەیەوە بۆ ماوەی ساڵێك دەبێت پەرتووكێكمان بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی ئامادە كردووە بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە تا بتوانین پەرتووكێك چاپ بكەین و لەپۆلی یەك تا نۆ بەشێوەیەكی رەوان بخوێندرێت، بەڵام لەبەر بێ پارەیی كە پێویستی بە150 ملیۆن دینارە بووە، نەمانتوانیوە چاپی بكەین، لەكۆتایی هەفتەی رابردوودا رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لامان بوو پێمان راگەیاندن كە ئەگەر بتوانن هاوكاریمان بكەن لەرێگەی رێكخراوی یونسیفەوە ئەو پەرتووكەمان بۆ چاپ بكات، ئەم پرۆسەیەش دەبێت لەقۆناغی یەكی سەرەتاییەوە دەست پێبكات، بۆ ئەوەی كەلتووری دژایەتی گەندەڵی لە زهنیەتی كەسایەتی تاكی كورد بونیادبنرێت، كە جێگای داخە لای خەڵكێكی زۆر دزینی ئاسایی تاوانێكی گەورەیە، كەچی خۆدەوڵەمەندكردن لەسەر موڵكی گشتی ئاسایی و بگرە پێی دەوترێت پیاو و ئازا كە توانیوێتی خۆی بەمشێوەیە دروست بكات. كەواتە دەبێت دژایەتی گەندەڵی لەكەڵچەری پەروەردەوە دەست پێ بكرێت، لایەنی دووەمیش ئەوەیە بەدەستهێنانی ناڕەوا ئەو فۆرمەیە كە ساڵانە دابەشی دەكەین، ئەمەش جۆرێك لەسەر چاودێری فەرمانبەرانی باڵا لەم وڵاتە دروست دەكات، هەروەها چەندین رێنمایی تر دەردەكەین، بەڵام لەهەمووی گرنگتر لێپێچینەوەیە لە كەیسەكان و رەوانەكردنی گەندەڵكارانە بۆ بەردەم دادگا، ئومێدمان زۆرە ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆری ئەو كەیسانەی گەندەڵی كە لای دەستەكەمانە یەكلابكرێنەوە و بچنە بەردەم دادگا، كە ئێستاكە نزیكەی 10 كەیس لێكۆڵینەوەی تێدا كراوە و ئامادەیە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی دادگاییكردن، رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵیش ئەم ژمارەیە دوو هێندەی لێبێت. بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لەخەڵكی گەندەڵكار لە لێكۆڵینەوەوە بكەینە پراكتیك و ساڵانە چەند كەیسێكی گەندەڵی یەكلابكرێتەوە، پێویستمان بەهاوكاریی دەسەڵاتی دادوەری هەیە، رەنگە تا رادەیەك ئەم پرۆسەیە خاو بڕوات و لەئاست ئومێدەكانی هەمووان نەبێت، بەڵام دەبێت ئەو راستییە بزانین كە خودی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی لەسەرجەم وڵاتانی جیهان پرۆسەیەكی لەسەرخۆ و وردە، چونكە زۆربەی جار مەلەف و دۆسیەی گەورەی گەندەڵی هەیە، بەڵام مەرج نییە بەڵگەی پێویست و تەواو لەبەردەستدا بێت. سەروەریی یاسا لەكوردستان من ناڵێم نەماوە، بەڵام پاشەكشەی كردووە و ئەمەش كاریگەری خراپی هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا من گەشبینم لەوەی پرۆسەی لێپێچینەوە لەگەندەڵكاران وردە وردە ئاكامی دەبێت و متمانەی خەڵكی بەدەست دەهێنێت، دەبێت ئەوەش بزانین چەكی دەستی ئێمە تەنیا یاساكەیە و ئێمە هێزی تایبەتی خۆمان نییە. بۆ نموونە ئەگەر دادگای لێكۆڵینەوە فەرمانێكی دەستگیركردن دەربكات لە رێگەی دەسەڵاتی جێبەجێكارەوە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام لەم دۆخە خراپەشدا پێویستە كارێك بكەین، ئەوەتا ئەم دامەزراوەیە لە 2013 لە نەبوونەوە دەستی بە كارەكانی كرد. ئەو كاتە تەنیا سەرۆكی دەستەكە لە پەرلەمانەوە بوونی هەبوو، ئێستا بۆتە دامەزراوەیەك و بوونی هەیە و حیسابی بۆ دەكرێت و هەوڵ دەدات كار بكات، ئێستا نۆ مانگێكی ماوە بۆ ئەوەی خولی سەرۆكایەتی ئێستای تەواو بێت كە 4 ساڵە، تا ئەو كاتە ئومێدمان هەیە بەشێك لەكارەكان تەواو بكەین، با پێداویستی ماددی و مرۆیی پێویستیش نەبێت، بەڵام هەر جێگە بەنچەمان دیارە.
* هەر لەبواری گەندەڵیدا زۆرجار یاسا خۆی پێوە دەبێت، واتە گەندەڵییەكە بەیاسا كراوە، ئایا پێش ئەوەی بەدواداچوون بۆ گەندەڵی بكرێت، تا چەند پێویستە پێداچوونەوە بەیاساكەدا بكرێت و هەوڵبدرێت بەشێوەیەك هەموار بكرێتەوە بۆ ئەوەی زەمینەی گەندەڵی دروست نەكات؟ هەروەها بەدواداچوونتان لەسەر چەند یاسا كردووەو چەند پرۆژەتان بۆ هەمواركردنەوەی یاسا كردووە؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر رێك و جوانە؛ راستە هیچ یاسایەك بەئاشكراو راستەوخۆ ناڵێت گەندەڵی بكرێت، چونكە گەندەڵی تاوانە، بەڵام بۆ نموونە هەندێك لە یاساكان كە كەموكورتی تێدایە بوار بۆ تەشەنەكردنی گەندەڵی خۆش دەكات هەروەكو چۆن لەیاسای وەبەرهێناندا بینیمان كە كۆمەڵێك كەموكورتی تێدایە لەبری ئەوەی سەرمایەیەكی زۆری دەرەكی و ناوخۆیی لەم بوارەدا بەگەڕبخات، كەچی بەپێچەوانە كەوتەوەو داهاتی بەفیڕۆ داو بەقازانجی كەسانێكی كەم شكایەوە، یاخود ئەو هەموو پارە بەخشین و زیادكردنی دەرماڵەو مووچە بەشێكی زۆری بەیاسا كراوە كە رەنگە لەم دۆخەدا وا بەئاسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەتوانێت چاكی بكاتەوە، واتا لەمەودوا دەبێت پارە پێدان لەبەرامبەر كار بێت. بۆ نموونە لەوڵاتی سویسرا لەسەر ئەوەی توانایەكی دارایی باشیان هەبوو، راپرسییەك كرا بەوەی بڕە پارەیەك بە خۆڕایی بدرێتە خەڵك، لە راپرسییەكەدا 70%ی خەڵكی ئەو وڵاتە رەتی كردەوە، ریفراندۆمێكی وا لەكوردستاندا بكرێت، هەموومان دەزانین دەرئەنجامەكەی زۆر جیاوازتر دەبێت. ئێمە 300 بۆ 350 یاسامان هەیە لەهەرسێ خولەكەی پەرلەمان كە دەبێت لێژنە پەرلەمانی و یاساییەكان بتوانن چاوخشاندنەوە بەسەرجەم یاساكان بكەین. لەغیابی پەرلەمان و ئەو قەیرانە سیاسییەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، جێبەجێكردنی ئەم كارە ئاسان نییە، بەڵام خۆ دەكرێت هەندێك پرۆژەیاسا ئامادە بكرێت، یا ئامادەی هەمواركردنەوە بكرێت و تەنانەت لێژنەكانی پەرلەمان ئیش لەسەر ئەم مەسەلانە بكەن هەر لەكاتی چارەسەركردنی دۆخەكەو هێوربوونەوەی كارەكان خێراتر بەڕێوەبچن. لەم رووەوە دەستەكەمان هەمواركردن و تەعدیلكردنی دوو سێ پرۆژەیاسامان ئامادە كردووە، هەركاتێكیش ئیرادەیەك هەبێت بۆ ئەو چاكسازییانەی لەبواری یاساكاندا ئەنجام دەدرێت، ئەو كات ئێمە ئامادەین هاوكارو یارمەتیدەریان بین.
* لایەنێكی گرنگ لە پرۆژەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا كاراكردنی سیستمی باج وەرگرتنە، دیارە لەهەموو جیهان میكانیزمی باج وەرگرتن دەبێت بۆ دەوڵەمەندەكان و خاوەن كۆمپانیان و بیزنسكاران لەئاستێكی بەرزدا بێت، بەڵام بۆ هاووڵاتی ئاسایی دەبێت رێژەی باج كەم بێت، كەچی لەكوردستان لەسەر هاووڵاتیان بەرزە ئەگەر بەراورد بكرێت لەگەڵ دەوڵەمەند و بازرگان و بیزنسكاران، ئایا پێداچوونەوەی سیستمی باج بەشێك نییە لەكاری ئێوە و ئەگەر بەشێك بێت لەكاری ئێوە پرۆژەتان بۆ رێكخستنی باج لەكوردستان چییە؟
- دووبارە رێكخستنەوەی باج بەشێكە لەو ئامانجانەی كە حكومەت لە پرۆژەی چاكسازی دەیكات. پرۆسەی باج لە هەرێمی كوردستان پڕیەتی لەكەموكورتی، پێش هەموو شتێك پێویستە باج سیستەمێكی چالاك بێت، دواتر بە ئەلیكترۆنی بكرێت و خەڵكی ئەكتیڤ و شارەزا لەو بوارەدا كار بكات، تەنانەت پێویستە سیستەمی باج لەگەڵ داهات چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت، بۆ نموونە ئەگەر ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای رەنج، یا فراری بهێنی منیش ئۆتۆمبێلێكی كیا بهێنم بەهەمان مۆدێل و پستۆن یەكجۆر گومركمان لێ وەردەگیرێت، لەكاتێكدا بەهای نێوان هەردوو ئۆتۆمبێلەكە زۆر جیاوازە، ئەمە نادادپەروەری و نازانستیانەی تێدایە، سەبارەت بەبابەت و بوارەكانی تریش بەهەمان شێوە بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمانە ئێستاكە سەرقاڵی دەستكاریكردنی ئەو رێنمایی و راسپاردانەن، هەر لەم بوارەدا نموونەی ترمان زۆرە ئێستا بەشێكی زۆری كۆمپانیاكان بەیاسا لەپێدانی باج لێیانخۆش بوون، راستە ئەم سیاسەتە لەهەموو وڵاتان هەیە بە مەبەستی راكێشانی جۆرە كۆمپانیایەك، بەڵام لەكاتێكدا هەرێمەكەمان لە قەیراندا بوو، ئەو ئیستسنایە نامێنێت و دەبێت سیستەمی باج وەرگرتن بۆ هەموو كۆمپانیاكان بێت، بەڵام باجدان لەنێوان كۆمپانیاو كارگەی بچووك و گەورە دەبێت جیاواز بێت و باجدان بەپلە هەڵكشاو بێت، خودی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی باج تا ئێستا كەموكورتیەكی زۆری تێدایە و جار بەجار گەندەڵی و مەحسوبیەتی تێدەكەوێت. چارەسەركردنی ئەم كەموكورتییانە بۆ گۆڕینی یاسا، یان هەمواركردنەوەی یاساكە یاخود بەدامەزراویكردنی دامەزراوەكان دەگەڕێتەوە. باج وەرگرتنیش بەبێ یاسا زەحمەتە جێبەجێ بكرێت، بەتایبەتی یاسایەك كە لە پەرلەمان دەرچووبێت، بەڵام رەنگە دەستكاری، یاخود هەموار بكرێتەوە، لەهەموو وڵاتان باج سەرچاوەیەكی سەرەكیی داهاتی وڵاتە، كەچی لەكوردستان خەڵك و كاسبكار و بیزنسكار بە ئارەزووی خۆی كاردەكات و شت دەفرۆشێت، یان خزمەتگوزاری پێشكەش دەكرێت، كەچی كەس ئامادە نییە باج بدات.
* لایەنێكی دیكەی گرنگ كە رووبەڕووی دەستەی ئێوە دەبێتەوە، بریتییە لەناهاوسەنگی نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی، خەڵك چاوەڕێ ئەوە لەئێوە دەكات گوزەرانی خۆش بێت، نەك دڵی حكومەت رازی بكەن، لەكاتێكدا حكومەت مووچەی كردووە بە پاشەكەوت، بەڵام بازاڕ هەر وەك خۆیەتی، ئایا هیچ هەوڵێكتان هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەنێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دروست بكەنەوە؟
- سەبارەت بەوەی چۆن هاوسەنگی نێوان هەردوو كەرت رێكبخرێتەوە ئێمە هانی حكومەت دەدەین یاسا هەبێت و سەروەر بێت و نرخ و بەهای خزمەتگوزاری رێكبخرێتەوەو وەكو یەكی لێ بێت، نەك هەر كەس و بیزنس و كۆمپانیایەك بەشێوەیەك كاربكات، تەنانەت لەكەرتی پەروەردەش ئەمە روویداوە كە دەبینیت زانكۆیەك لەگەڵ زانكۆیەكی تر جیاوازی هەیە. ئێمە چەند جار لەگەڵ خوێندنی باڵا دانیشتین و گفتوگۆمان لەسەر ئەم بابەتە كرد وبەڵێنیان دا هەوڵی خۆیان بدەن بۆ چاككردنەوەی ئەم دۆخە و چاودێریان هەبێت لەسەریان، چونكە زۆر زانكۆ هەیە جۆرێك لەبازرگانی دەكات، هەر لەبەر ئەم هۆكارانەیە ئێمە بە بەردەوام پێشنیاری باش دەكەین و هەموو ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە ئەگەر یاسا سەروەر بێت و ستراتیژیەتێكی روونت هەبێت بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و جێبەجێكردنی چاكسازی بە بەرنامەیەكی پشوودرێژ چارەسەری زۆر لەو كێشەو گرفتانە دەكرێت.
Top