جۆزێف ئۆڵمەرت بۆ گوڵان: سعودیە و ئیسرائیل هاوپەیمانی و میحوەری نوێیان لە ناوچەكەدا دروستكردووە

جۆزێف ئۆڵمەرت بۆ گوڵان: سعودیە و ئیسرائیل هاوپەیمانی و میحوەری نوێیان لە ناوچەكەدا دروستكردووە
جۆزێف ئۆڵمەرت پڕۆفسیۆرە لە زانكۆی ئەمەریكی لە واشنتۆن دی سی، پێشتر پڕۆفیسۆر بوو لە دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی تەل ئەبیب و زانكۆی بار ئیلان لە ئیسرائیل. هەروەها لە زانكۆی كۆرنێڵ و زانكۆی یورك وانەبێژ بووە. جگە لە كاری وانەبێژی، پڕۆفیسۆر ئۆڵمەرت چەندین پۆستی باڵای لە حكومەتی ئیسرائیلدا هەبووە، وەك بەڕێوبەری پێوەندییەكان لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران ئیسحاق رابین و راوێژكاری سیاسیی وەزیری بەرگری ئیسرائیل موشی ئارێنس بووە. هەروەها چەندین ئەركی دیپلۆماسیشی ئەنجامداوە و لە كۆنفرانسی ئاشتی لە مەدرید لە ساڵی 1991بەشداربووە. بۆ شیكردنەوەی دۆخی پڕ لە تەحەددی و نائارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات و هەوڵەكانی ئێران بۆ تۆكمەكردنی باڵادەستی خۆی بەسەر ناوچەكە و پرسی سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* هەروەك دیارە لە ئێستادا كۆمەڵێك تەحەددی و تەنگژەی بێ پێشینە رووبەڕووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتەوە و بە جارێك ناوچەكەیان هەژاندووە، بەتایبەتی كە دەبینین خەریكە هەڵوێستی وڵاتە بەهێزەكان لە ئاست پرسی مانەوەی ئەسەددا گۆڕانكاری بەسەردا دێت و بەرەو ئەوە دەچێت كە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا قبووڵ بكەن، بەلای كەمەوە لە ماوەی راگوزەریدا، بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا سەرناكێشێت بۆ بەردەوامبوونی ئەو پشێوی و خوێنڕێژییەی لە ئێستادا هەیە؟

- هێشتا ئەسەد لە ئارادایە و كۆنتڕۆڵی چەند بەشێكی ئەو خاكەی كردووە كە پێشتر پێی دەوترا سووریا، كەواتە ناكرێت فەرامۆش بكرێت. ئەو راستییەش دەركەوت كە گروپە موعارەزە و یاخیگەرییە جیاوازەكانیش ئەوەندە بەهێز نەبوون بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵاتەكەی ئەسەد بڕووخێنن، یاخود بەلای كەمەوە بەرەو ناوچە عەلەوییەكان پاشەكشەی پێبكەن، هێشتا ئەو لە دیمەشقدایە. هەروەها لە لایەن رووسیا و ئێرانی شیعەوە پشتیوانییەكی گەورە دەكرێت.
* بەڵام پێشتر توركیا سەرسەختانە پێداگیری دەكرد لەسەر لابردن و دوورخستنەوەی ئەسەد لە دەسەڵات، بەڵام ئێستا لێدوانی جیاواز بەدی دەكرێت، ئەویش لێكنزیكبوونەوە و یەكگرتنی بەرژەوەندییەكانی نێوان توركیا و رووسیا و ئێرانە، كەواتە خۆێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم ریزبەندییە نوێیانە چین؟

- من لەوە دڵنیانیم كە ریزبەندییەكی ستراتیژی لە نێوان توركیا و ئێران و رووسیادا دروست بووبێت. بەڵكو ئەمە ریزبەندییەكی تاكتیكییە و گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت. لە راستیدا ئەردۆغان پتر تەركیز لەسەر كێشە و پرسە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی دەكات، نەك پرس و بابەتەكانی دیكە و لە ئێستادا ئەو سیاسەتێك لە ناوچەكەدا دەگرێتەبەر كە سەرئێشەی بۆ دروست نەكات. ئەوە بوو رێككەوتنی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجامدا، كە ئەمەش زۆر دوور بوو لە خواست و ویستە بنەڕەتییەكەی خۆیەوە، دواتر پۆزشی بۆ رووسیا هێنایەوە و دەستی دایە داگیركاری سووریا بۆ تێكشكاندنی یەپەگە، كە ئەو پێیوایە ئەمە بەشێكە لە كێشەی كورد و بەلای ئەویشەوە ئەمە پرسێكی ناوخۆییە. كەواتە ئەو بەردەوام دەبێت لە سەر پشتیوانیكردنی یاخیگەرییە سوورییەكانی سەر بە خۆی و لە ئایندەدا سووریایەكی یەكگرتووی لە سایەی دەسەڵاتی ئەسەددا قبووڵ ناكات.
* بەڵام ئەگەر هاوشان بە هەڵمەتە سەربازییەكەی هاوپەیمانان دژی داعش، ستراتیژیەتێكی سیاسی لە ئارادا نەبێت بۆ مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆخی دوای داعشدا، بارودۆخەكە خراپتر دەبێت و ئایا ئەوە بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر سەرناكێشێت؟
- بە دڵنیاییەوە، ئەو هێزانە بە شێوەیەكی راست و دروست لێكدانەوە بۆ بارودۆخی سووریا ناكەن، چونكە مەسەلەكە بریتییە لە كێشە تایفەگەرییەكە، بەڵام هەمووان ترس و نیگەرانییان هەیە لەوەی دەست بخەنەسەر ئەم برینە، كە پەتای تایفەگەرییەو لە جیهانی عەرەبیدا گوازراوەیە.

* هەندێ لە شیكەرەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە شەڕی سووریا و شەڕی داعش لە بەرژەوەندی ئێراندایە، كەواتە ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە لە بەرژەوەندی ئێراندا بمێنێتەوە و ئێران بتوانێ باڵادەستی خۆی بەسەر ناوچەكەدا بسەپێنێت، ئایا تا چەند ئەمە ئاسایش و ئاشتی ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هەڕەشە بۆسەر هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- ئێران براوەی ئەم بارودۆخە نییە، رەنگە وا دەركەوێت كە ئێران براوە بێت، بەڵام رەنگە دەستێوەردانی لە سووریادا لە مەودای دووردا لە بەرژەوەندی ئێران نەشكێتەوە. جیهانی سوننە ئەمە قبووڵ ناكەن، هاوپەیمانێتی و میحوەری نوێ گەڵاڵە بوون و هاتوونەتە پێكهاتن. بۆ نموونە، لە عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل بڕوانن.

* ئایا تا چەند گرنگە لەم قۆناخەدا كورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بۆ ئەوەی لە كێشە و نائارامی و پشێوییەكانی عێراق پارێزراو بێت؟
- كورد شایستەی ئەوەیە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی كە سەرجەم كوردستان بگرێتەوە، بەڵام هەروەك كورد خۆی دەڵێت، چیاكان باشترین دۆستمانن، بە دڵگرانیەوە دەبێت ئەوەی بۆ زیاد بكەم كە جیۆپۆلەتیك باشترین دۆستی ئێوە نییە، بەلای منەوە ئەو دۆخەی لە عێراقدایە ئەو سنووربەندییە دەردەخات كە لە چوارچێوەیدا پێشبینی واقیعییانە بكەین.
* ئایا گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری پێویست بە گۆڕینی سنوورەكانی ئێستای ناوچەكە ناكات؟
- بەڵێ، پێویستی بە گۆڕینی سنوورەكان هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەمە روونادات، لانیكەم بە دڵنیاییەوە بە شێوەیەكی فەرمی روونادات، چونكە ئەمە كاریگەرییەكی دۆمینەئاسای لێدەكەوێتەوە و هەر كاتێك بەشێكی داڕووخا ئەوا تەواوی سایكس-پیكۆی لەگەڵدا دادەڕووخێت، لەبەر ئەوە ئەمە روونادات.
* دوا وتەت بۆ خوێنەرانی گۆڤارەكەمان چییە؟
بە قارەمانیەتی پێشمەرگە سەرسامم و دەڵێم: بژی پێشمەرگەی قارەمان. بژی كوردستانی ئازاد.
Top