كریستەر دیلان ناپ بۆ گوڵان: كوردستان ئێستا دەوڵەتی ئەمری واقیعە و كەیسێكی بەهێزە بۆ سەربەخۆیی

كریستەر دیلان ناپ بۆ گوڵان: كوردستان ئێستا دەوڵەتی ئەمری واقیعە و كەیسێكی بەهێزە بۆ سەربەخۆیی
كریستەر دیلان ناپ بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری مێژوو لە كۆلێژی بۆستن بەدەست هێناوە، حاڵی حازر وانەبێژە لە زانكۆی واشنتۆن لە شاری سانت لویس، پێشتریش توێژەر بووە لە سەنتەری چارلس وارێن لە زانكۆی هارڤارد، تایبەتمەندە لە بواری مێژووی كەلتووری و رۆشنبیری ئەمەریكا، هەروەها لە بواری دیراساتی ئەمنی و ناكۆكی. بۆ شرۆڤەكردنی هەل و مەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پشێوی باڵی بەسەردا كێشاوە، هەروەها بۆ هەڵوەستەكردن لەبارەی رۆڵی ئێران لەم ناوچەیەدا و پرسی كەمبوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان و گۆڕانی سنووری وڵاتانی ناوچەكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا سازد و ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە بیروبۆچوونەكانی خۆی كرد.
كریستەر دیلان ناپ
پسپۆڕی دیراساتی ئەمنی بۆ گوڵان:
كوردستان ئێستا دەوڵەتی ئەمری واقیعە و كەیسێكی بەهێزە بۆ سەربەخۆیی



* ئاشكرایە لە ئێستادا نائارامی و ناسەقامگیری باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە، وڵاتانی ئەم ناوچەیە بە دەست قەیران و تەنگژە و داڕووخانەوە دەناڵێنن، تێڕوانینی ئێوە چییە لەسەر هەل و مەرجی ئێستای ئەم ناوچەیە و چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەن؟
- لە راستیدا لە دوای بەهاری عەرەبییەوە بارودۆخی ئەمنی لە وڵاتە عەرەبییەكاندا بە شێوەیەكی بەرچاو پاشەكشەی كردووە، شەڕە ناوخۆییەكانیش سەریانكێشاوە بۆ دروستبوونی نائارامی و ناسەقامگیری و بێ ماڵ و حاڵ بوونی ژمارەیەكی بێ پێشینەی خەڵك و برسێتی، بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەك سووریا، هەروەها لە عێراقیشدا، كەواتە نیگەرانییەكی روو لە زیاد هەیە لەبارەی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانەوە لەم وڵاتانەدا. ئەوەی پەیوەست بێت بە توركیاوە، ئەوا پێوەندییەكانی نێوان كوردی ئەو وڵاتە و حكومەتی توركیا بە راددەیەكی زۆر بەرەو ئاڵۆزی زیاتر چووە لە دوای هەوڵی كودەتاكەوە و كودەتای پێچەوانەوە لە مانگی تەمموزی رابردووەوە. لە لیبیاشدا بارودۆخەكە بە ئەندازەیەكی دیاریكراو بەرەوپێش چووە، بەڵام هێشتا هەلومەرجەكە لە بنبەستدایە، بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخەكە خراپە، ئەوەتا دەبینین كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك هەوڵی ئەوە دەدەن لە باكووری ئەفریقیاوە دەریای سپی ناوەڕاست ببڕن بەرەو وڵاتی ئیتالیا و یۆنان كۆچ بكەن. ئەگەر باسی دۆخی سعودیەش بكەین، ئەوا لە دوای دابەزینی نرخی نەوتەوە بار و گوزەرانی خەڵكی ئەو وڵاتەش پاشەكشەی كردووە و حكومەتی ئەو وڵاتە ناچاربووە ریفۆرم بكات و دەست لە پێدانی هەندێ ئیمتیاز هەڵبگرێت كە بە چینی ناوەڕاستی دەبەخشی، لە ئێستاشدا بارگرژییەكی روو لە زیاد هەیە لە نێوان نوخبەی حوكمڕانی پاشایەتی ئال سعود و پیاوانی ئایینی رەوتی وەهابی لەو وڵاتەدا و پێوەندییەكی دژوار و قورس هەیە لە نێوانیاندا، كەواتە بارودۆخی سعودیەش بە بەراورد بە رابردوو خراپتر بووە. لەلایەكی دیكەوە بارودۆخێكی زۆر دژوار لە یەمەن دەگوزەرێت و هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نییە كە گۆڕانكاری تێدا بەدی بێت. راستە لەم ناوچەیە هەندێ وڵات هەیە وەك ئەردەن سەقامگیرن، بەڵام ئەم وڵاتەش بارگرانییەكی زۆری كەوتۆتە ئەستۆ بەهۆی ئاوارەكانی سووریاوە و چیتر ناتوانێت بەرگەی ئەو دۆخە قورسە بگرێت، راستە مەلیك عەبدوڵا هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ پاراستنی بارودۆخەكە، بەڵام هیشتا هەل و مەرجەكە لەرزۆكە. كەواتە ئەوە راستییەكە كە نائارامی و ناسەقامگیری باڵی كێشاوە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر بێتو باسی عێراقیش بكەین، ئەوا وڵاتێكە بە دەست دابەشبوونێكی زۆرەوە دەناڵێنێت.


* هەندێ لە چاودێران پێیانوایە ئەمەریكا پاشەكشەی كردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و چیتر هێزێكی دەستڕۆیشتوو نییە لەم ناوچەیەدا، ئایا هاوڕان لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا و ئەگەر وەڵامەكە بەڵێیە، ئایا ئاكامەكانی ئەم دووركەوتنەوەیەی ئەمەریكا لەسەر ئایندەی ئەم ناوچەیە چی دەبێت؟
- پرسی كشانەوەی رۆڵی ئەمەریكا لەم ناوچەیە پرسێكی جێی بایەخ و لە راددەبەدەر گرنگە، بەڵام هاوڕام كە لە هەندێ رووەوە ئەم دووركەوتنەوەیە روویداوە، بەڵام نەك بە شێوەیەكی یەكجاری، چونكە ئەو تێڕوانینە لە ئارادایە كە دووبارە بایەخدانەوەی ئیدارەی ئۆباما بە ئاسیا لەسەر حیسابی گرنگیدان بووە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لە بنەڕەتدا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە بەرپرسانی نێو ئیدارەی ئۆباما دووبارە پێداچوونەوەیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كردووە، هەروەها پێداچوونەوەیان بە پرسی چۆنیەتی پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەدا كردووە. بۆ نموونە ئەمەریكا بەرژەوەندییەكی زۆری هەیە لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ناوچەكەدا، رەنگە پشتیوانی ئەمەریكا بۆ سعودیە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆپێكدا كار لەسەر چارەسەركردنی نرخی نەوت بكەن لە جیهاندا، ئەمەش لەگەڵ ئامانجی ئیدارەی ئۆبامادا یەكدەگرێتەوە كە دەیەوێت رێگری لە تێكدان و زیانگەیاندن بە ژینگەی ئەمەریكا بكات. لەبەر ئەوە باوەڕم وا نییە كە بەرژەوەندی ئەمەریكا بۆ زامنكردن و مسۆگەركردنی دەستكەوتنی نەوتی هەرزان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێت. هەروەها پێموانییە بەرژەوەندی ئەمەریكا بە بایەخدان بە پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیەش گۆڕانكاری بەسەردا هاتبێت، بەڵكو ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بریتییە لە دووبارە تەركیزكردنەوەی ئەمەریكا لەسەر تێكشكاندنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و ئەلقاعیدە و ئەوانی پێشتر سەر بە ئەلقاعیدە بوون وەك بەرەی نوسرە، بەڵام سەرەڕای تەركیزكردن لەسەر تێكشكاندنی تیرۆریزم لەم ناوچەیەدا، ئەوا بە تێڕوانینی من ئەوەی غائیبە سەركردایەتی ئەمەریكایە لەم ناوچەیەدا، ئەوەی روونە بەلای من و زۆرێك لە سیاسەتداڕێژەرانەوە ئەوەیە كە ئیدارەی ئۆباما زیاد لە پێویست هەوڵیدا ئەو بارە راست بكاتەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی وەك پێویست زوو دەستێوەردان نەكات، یان بەشێوەیەكی كارا دەستێوەردان نەكات لە شەڕی ناوخۆیی سووریادا، لە ئێستاشدا لە دوای 5 ساڵ ئاكام و دەرئەنجامەكانی زوو دەستێوەرنەدانی ئەمەریكا بەدی دەكەین. راستە ئێمە هەندێ هێزی تایبەت و راوێژكارمان هەیە لەسەر زەوی و پشت بە هەندێ هێز دەبەستین، لە سووریا كە كاراترینیان یەپەگەیە، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ناكۆكبوونی سیاسەتەكانە، چونكە لەم پرۆسەیەدا ئەمەریكا پێویستی بە توركیایەوە و توركیاش پتر بایەخ بە ئیحتیواكردنی یەپەگە دەدات لەسەر سنوورەكانی باشووری وڵاتەكەی لەگەڵ سووریادا. كەواتە لە ئێستادا سیاسەتی ئەمەریكا بە دەست دژیەكییەوە دەناڵێنێت، لەلایەكەوە پشتیوانی لە سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەكات، لەلایەكیشەوە دەستێوەردان لە شەڕی سووریادا ناكات، كە پێموایە ئەمە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، ئەگەر هاتوو هیلاری كلینتۆن بووە سەرۆكی ئەمەریكا، چونكە ئەو پتر بایەخ بە سیستمێكی نێودەوڵەتی دەدات كە تێیدا سوپای ئەمەریكا هاوكار بێت و رۆڵ ببینێت لە چارەسەركردنی ئەم كێشانەدا.

* ئێوە لە وەڵامەكەتاندا تا راددەیەك رەخنەتان لە ئیدارەی ئۆباما گرت، ئایا پێتانوایە ئەو ستراتیژیەتەی ئێستا ئیدارەی ئەمەریكا گرتوویەتیەبەر بۆ تێكشكاندنی داعش پتر تەركیز لەسەرلایەنی سەربازی ئەم شەڕە دەكاتەوە و لایەنە سیاسییەكەی نادیدە گرتووە، چونكە ئێمە دەزانین ئەوە سیاسەتە تایفەگەرییەكانی رژێمی سووریا و عێراق بوون كە بوونە هۆی سەرهەڵدانی گروپێكی وەك داعش، ئایا نابێت هۆكارە سیاسییەكان چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی گروپی هاوشێوەی داعش دووبارە دروست نەبنەوە؟

- من لەو باوەڕەدام ئەمەریكا ستراتیژیەتێكی سیاسی هەیە، بەڵام ستراتیژیەتی سیاسیش بێ بوونی ستراتیژیەتێكی سەربازی تۆكمە سەركەوتن بەدەست ناهێنێت. بەڵام ئەوەش راستە كە لە كۆتاییدا چارەسەری سیاسی دەبێتە هۆی یەكلاكردنەوەی شەڕی ناوخۆیی و ناسەقامگیری لە عێراقدا، ئەمەش پێویستی بە بوونی كاراكتەری سیاسی –مەحەلی- دەكات كە لە كۆتاییدا ئەمە خێڵە عەرەبە سوننەكان لەخۆدەگرێت، كە لە ئێستادا تا راددەیەك كار لەگەڵ داعش دەكەن لە عێراق و تا راددەیەكیش لە سووریادا. هەروەها دەمەوێت لێرەدا من بە حەزەر بم، چونكە كاتێك رەخنە لە سیاسەتی گشتی ئیدارەی ئەمەریكا دەگرم، ئەوا پشتیوانی لە سیاسەتی ئەمەریكا دەكەم بۆ تێكشكاندنی داعش، چونكە لە روانگەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكاوە پێویستە و ئەوەندەی دەكرێت دەبێت داعش لاوازبكرێت و تێكبشكێنرێت، یاخود بەلای كەمەوە پاشەكشەی پێ بكرێت تا ئەو راددەیەی دەبێتە رێكخراوێكی تیرۆریستی بچووك و ئەو خاكانەی ژێر دەستی لێ وەردەگیرێتەوە. بەڵام كێشەی ئەمەریكا ئەوەیە كە ئەمەی كردۆتە ئەولەوییەت لەسەر حیسابی مامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامەكانی شەڕی ناوخۆیی سووریادا. واتە لە كاتێكدا دەبێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جۆن كێری ستایش بكرێت بۆ ئەو هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەی خستیەگەڕ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی لە سووریادا، بەڵام ئەو هەوڵانە ئاكامیان نابێت ئەگەر ئەمەریكا حزوورێكی بەهێزتری نەبێت لەسەر زەوی و لە پێگەیەكی بەهێزەوە گفتوگۆ نەكات.
* ئایا پێتوایە ئێران رۆڵی هەیە لە ناسەقامگیركردنی بارودۆخی ناوچەكە و لەو باوەڕەدان ئەگەر ئێران سەركەوتوو بێت لە سەپاندنی هەژموون و دەستڕۆیشتوویی خۆی بەسەر وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا، ئەوا ململانێ و ناكۆكییە تایفەگەرییەكە قووڵتر دەبێتەوە و بەرژەوەندی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكاش دەكەوێتەوە مەترسییەوە؟
- پرسی پەیوەست بە رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا پرسێكی ئاڵۆزە، ئەو بەڵگانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا كەڵەكەبوون، ئاماژە بەوە دەكەن كە ئێران كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی هەبووە بەسەر هەر ناكۆكییەكدا كە لەم ناوچەیەدا روویدابێت، لەم رووەشەوە رۆڵی تێكدانی سەقامگیری بینیوە. لەم رووەوە من پتر هاوسۆزم لەگەڵ سعودیەدا كە لەوە تێدەگات ئێران چالاكانە هەوڵی بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕە شۆڕشگێڕییەكانی دەدات- هەر لە ساڵی 1979ـەوە، لەبەر ئەوە سعودیە هەوڵدەدات پارسەنگییەك بۆ ئەم رۆڵەی ئێران پێكبهێنێت. هەروەها ئێران یەكێك بوو لە براوەكانی شەڕی عێراق و حكومەتێكی هاوسۆز بە ئێران لە بەغدا لە ئارادایە و ئێرانیش زۆر كاریگەر بووە لە هێشتنەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتی سووریا، هەروەها ئەگەرچی رۆڵێكی كەمتر لە یەمەندا دەگێڕن، بەڵام رۆڵێكی گرنگ دەبینن لە ناسەقامگیركردنی بارودۆخەكە، كەواتە ئەمە رۆڵی ئێرانە لەم سێ وڵاتەدا. لەبەر ئەوە لە روانگەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئێران دەستێوەردان لە كاروباری ناوچەكەدا دەكات و هەوڵ دەدات كاریگەری سلبی هەبێت بەسەر رەوتی روداوەكانەوە و بیروباوەڕە شۆڕشگێڕییەكانی بڵاوبكاتەوە، كەواتە ئەو ململانێ تایفەگەرییەی لە نێوان شیعە و سوننەدا هەیە و چەندین دەیە درێژەی كێشاوە كاریگەری خراپی هەبووە لەسەر ناوچەكە و بۆتەهۆی ناسەقامگیركردنی هەل و مەرجەكە.


* واتە پێتانوایە ئێران توانیویەتی ببێتە ئەو هێزەی كە دەبێت حیسابی بۆ بكرێت لە دووبارە رێكخستنەوەی ناوچەكە لە ئایندەدا؟
- ئەوە هیچ گومان هەڵناگرێت، چونكە ئەگەرچی دەبێت سەرۆكی ئەمەریكا ستایش بكرێت لەسەر گەیشتن بە رێككەوتنە ئەتۆمیەكە لەگەڵ ئێراندا، لەبەر ئەوەی ئەو رێككەوتنە دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ جۆن كێری و سەرۆكی ئەمەریكا و خودی ئەمەریكا و سیاسەتی رۆژئاوا، چونكە توانییان چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران بخەنەژێر چاودێرییەوە بۆ ماوەی 15 بۆ 20 و تەنانەت 25 ساڵ، ئەوەش بەندە بەوەی چۆن رێككەوتنەكە دەخوێنیتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەگەر لە رووی سیخوڕی و هەواڵگری و شەڕی تەقلیدی و پشتیوانی ئێران بۆ گروپە وەكیلەكانی- وەك حزبوڵا- لە هەڵسوكەوتەكانی ئێران بڕوانیت، ئەوا ئێران بۆتە هێزێك كە دەبێت بە شێوەیەك لە شێوەكان مامەڵەی لەگەڵدا بكەیت. ئەگەر لە دۆخی سووریاش بڕوانین، ئەوا دەبینین كە رووسیا بوونی هەیە لەو وڵاتەدا، هەروەها ئێران و حزبوڵاش بوونیان هەیە، لە هەمان كاتدا ئەمەریكاش بوونی هەیە لە سووریادا، بەڵام بە ئاست و ئەندازەی ئەو سێ لایەنە نا، هۆكارەكەش ئەوە بوو كە ئەمەریكا لەبەر فاكتەری سیاسی ناوخۆیی خۆی لە تێوەگلان لە شەڕێكی دیكە بە دوور گرت، بەڵام ئەو راستییەی فەرامۆش كرد كە بژارەی سەربازی هەیە لە نێوان خووبەدوورگرتن لە ئەنجامدانی هیچ كردەوەیەك و پەنابردنەبەر داگیركردنی –ئەو وڵاتە- لەلایەن هێزە رۆژئاواییەكانەوە.
* لەم ساتەوەختەدا كە ناوچەكەی پێیدا تێدەپەڕێت، هەرێمی كوردستان توانیویەتی بە شێوەیەكی كارا شەڕی تیرۆریستانی داعش بكات و خۆی بەدوورگرتووە لە تێوەگلان لە توندوتیژی و ناكۆكییە تایفەگەرییەكەی نێوان شیعە و سوننە، بەڵام ئەم هەرێمە باوەڕی وایە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و سەروەری تاكە رێگایە بۆ ئەوەی خۆی لە كێشە و ئاژاوەكانی ناوچەكە بپارێزێت، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

- لە راستیدا ئێمە باسی كوردستان لە ناوچەیەكی بچووكدا دەكەین، وەك ئەو هەرێمەی كە لە عێراقدا هەیە –ئەو عێراقەی لە دوای رێككەوتنی سایكس-پیكۆ لە ساڵی 1916 دروست بوو-، یان باسی ئەو كوردستانە دەكەین كە چەند بەشێكی سووریا و ئێرانیش لە خۆبگرێت- و رەنگە بۆ ناوچەی قەوقازیش درێژ ببێتەوە-، چونكە ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت كوردستان وەك دەوڵەتێكی ئەمری واقیع بوونی هەیە. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە لە ماوەی 50 بۆ 100 ساڵی رابردوودا، یاخود بەلای كەمەوە لە دوای تێوەگلانی ئەمەریكا لەم ناوچەیەدا لە سەردەمی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردووە، ئەمەریكا هەرگیز پشتیوانییەكی تەواوی ئەو بیرۆكەكەی نەكردووە، ئەمە لە كاتێكدا زۆر زەحمەتە بۆ كورد كە پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت، بەتایبەتی پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە بێ پاڵپشتی ئەمەریكا.
* ئێوە لە وەڵامەكانتاندا ئاماژەتان بە رێككەوتنی سایكس-پیكۆ كرد، ئایا پێتانوایە تەواوی ئەم رێككەوتنە داڕووخاوە و دەبێت سەر لەنوێ ناوچەكە رێكبخرێتەوە و ئەو رێكخستنەوەیەش گۆڕینی سنوورەكانی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە لە خۆبگرێت؟

- ئەمە پرسێكی زۆر ئاڵۆزە و جێی بایەخە، سیاسەتی ئیدارەی جۆرج بوش و سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا –ئیدارەی ئۆباما- بریتی بوو لە پێداگیری لەسەر پاراستنی سنوورەكانی سایكس-پیكۆ بكات، خۆ ئەگەر هیلاری كلینتۆنیش ببێتەسەرۆكی ئەمەریكا ئەوا درێژە بە هەمان سیاسەت دەدات و هەوڵ دەدات جۆرێك لە دەوڵەتی نیشتمانی لە سووریا و عێراقدا بهێڵنەوە، پێموایە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسی و سەربازییەكان لە دژی داعش – لە عێراق و سووریا-، هەروەها هەوڵە دیپلۆماسییەكانی جۆن كێری بۆ هێنانەئارای ئاشتی لە سووریادا، یاخود بەلای كەمەوە بۆ هێنانەئارای ئاگربەست و جۆرێك لە سەقامگیری بە ئامانجی ئەوەن سووریا و عێراق وەك خۆیان بمێننەوە و سنوورەكانی بە بێ دەستكاری بمێننەوە و لە ئێستادا هیچ لایەك بە گومانەوە لەو سنوورانە ناڕوانێت جگە لە كوردی سووریا نەبێت. كەواتە سیاسەتی رەسمی ئەمەریكا ئەوەیە كە ئەم دەوڵەتانە وەك خۆیان و بەم سنوورانەی ئێستایانەوە بمێننەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هەلومەرج و واقیعەكەش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، چونكە هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد كورد لە ئێستادا كەیسێكی بەهێزی هەیە بۆ سەربەخۆیی- هەرچەندە قەبارەی ئەو دەوڵەتە بە ناڕۆشنی دەمێنێتەوە-، خۆ ئەگەر ئەو سەربەخۆییەش بەدەست بهێنن، ئەوا ئەو عێراقەی ئێستا لەبەریەك هەڵدەوەشێت و ئەو كاتەش دەبێت سنوورەكان دابڕێژرێنەوە و رەنگە سێ دەوڵەتی لێبكەوێتەوە، كورد لە باكوور و سوننە لە ناوەڕاست و شیعەش لە باشوور، كە رەنگە ئەمەش لە كۆتاییدا سەركەوتوو نەبێت، لەبەر ئەوەی –ئەگەرچی عەرەبەكانی ناوچەكە سەرەتا خۆیان وەك عەرەب و موسڵمان دەناسێنن، نەك وەك عێراقی یان سووری-، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دەوڵەتە نەتەوەییانەی ئێستا بۆ ماوەی سەد ساڵە بوونیان هەیە، واتە ئەگەرچی لەلایەن رۆژئاواوە دروستكراون و ئەگەرچی دەوڵەتی دەستكردن و ئەگەرچی خێڵی عەرەبی سوننە هەن كە بە هۆی سنووری عێراق و سووریاوە دابەش بوون، بەڵام ئەم وڵاتانە لە سەرەتادا بنەماڵەیەكی پاشایەتی بەڕێوەی دەبردن و دواتر سەركردەیەكی سیاسی و ئێستاش لە عێراقدا حكومەتێكی دیموكراسی هەیە، كەواتە باش بن، یان خراپ، ئەوا ئەم دەوڵەتانە بوونیان هەیە، چونكە لە ئێستادا ناسنامەیەك هەیە پێی دەوترێت عێراقیبوون یان سووریبوون، سەرەڕای ئەوەی خۆیان بە كورد، یان شیعە، یان بە عەرەب بزانن، لەبەر ئەوە پێموایە دەبێت بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئەو سنوورانەدا بكەین. ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەبێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنن و پتر بەرەو حوكمڕانی هەنگاو بنێن، كە ئێستا هەرێمەكەیان دەوڵەتی ئەمری واقیعە، كە خزمەتی بەرچاوی پێكردوون. بەڵام تاوەكو ئەمەریكا لە ناوچەكەدا دەستڕۆیشتوو بێت، ئەوا فشار دروست دەكات بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئەو سنوورانەی سەد ساڵ پێش ئێستا داڕێژراون، ئەگەرچی ئەمە خزمەت بە گروپە جیاوازەكانی نێو ئەو سنوورانەش نەكات.
Top