نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور بۆ گوڵان: ئەگەر حەشدی شیعە لەئازادکردنی موسڵ بەشداری بکات شەڕی شیعە و سوننە لەو پارێزگایە روودەدات

نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور بۆ گوڵان: ئەگەر حەشدی شیعە لەئازادکردنی موسڵ بەشداری بکات شەڕی شیعە و سوننە لەو پارێزگایە روودەدات
ئاشکرایە کە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نەک ھەر تەنیا توانیویەتی سنوورێک بۆ پێشڕەوی و داگیرکارییەکانی داعش دابنێت، بەڵکو توانیویەتی پاشەکشەشیان پێبکات و زۆرێک لە ناوچە داگیرکراوەکانیان لەدەست دەربھێنێت و زۆربەی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمیش رزگاربکات، ئەمەش بووەتە جێی سەرسامی و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئەو راددەیەی وڵاتێکی وەک ئەمەریکا لێکتێگەیشتنێکی سەربازی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا واژۆ بکات. بۆ ھەڵوەستەکردن لەسەر سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی پێشمەرگە لە ھەردوو میحوەری مەخموور و گوێڕ و گرنگیی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعشدا، چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور کرد و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گوڵان-ی دایەوە.
نەجات عەلی بەرپرسی میحوەری مەخموور بۆ گوڵان:

- ئەگەر حەشدی شیعە لەئازادکردنی موسڵ بەشداری بکات شەڕی شیعە و سوننە لەو پارێزگایە روودەدات
- دەبێت موسڵ دوای داعش بە عەقڵییەت و ئالیەتێکی نوێ بەڕێوەببردرێت



• وەکو بەرپرسی میحوەری مەخموور ئایا دەکرێت باسێکی دۆخی پێشمەرگە و ناوچەکەمان بۆ بکەیت، بەتایبەتی دوای ئازادکردنی ژمارەیەک گوندی ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسیی داعش لەسەر تەواوی ناوچەکە؟
- پێش ئەوەی باسی بارودۆخی ئێستا بکەم، پێم باشە سەرەتا ئەوە بڵێم ئەو ناوچەیەی رزگاکرایەوە ناوچەیەکی ستراتیژییە و لە بواری سەربازی و سیاسی و ئابووریشەوە گرنگییەکی زۆری ھەیە، لە رووی دانیشتووانیشەوە پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لە کورد و عەرەبی تێدایە و جوانترین نموونەی پێکەوەژیان بووە، بەڵام دوای ئەوەی داعش ئەم ناوچەیەی کردەئامانج، ناڵێم ئەو پێکەوەژیانە تێکچوو، یان لەناوچوو، بەڵام دانیشتووانە رەسەنەکەی بە کورد و عەرەبەوە ئاوارە بوون و ناوچەکە چۆڵ بوو، رەنگە خۆتان بینیبێتان کە چۆن لە وێرانەیەک دەچێت، بۆیە پێویستە ھەوڵ بدرێت بەپەلە ئاوەدان بکرێتەوە و جارێکی تر پێکەوەژیانی تێدا دروست بکرێتەوە. داعش کە ئەم ناوچەیەی کردە ئامانج مەبەستی خۆی ھەبوو، کە گرنگترینیان سیاسی بوو، چونکە ھەر ھەموو ناوچەکە ئەو ناوچە و شوێنانەن کە کێشە لەسەرە، یاخود ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن، ھەروەھا داعش مەخمووری کردە ئامانج، چونکە دەیزانی کە مەخموور نزیکە لە پایتەختی کوردستان کە ھەولێرە و نزیکە لەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندن بە ناوچەی نەوت، یان سامانی سروشتی، لە رووی سەربازیشەوە ئەگەر داعش بیتوانیبایە بگاتە چیای قەرەچۆغ و زۆرگەزراو ئەو کات ناڵێم ھەولێر کۆنتڕۆڵ دەکرا، بەڵام ھەولێریش دەکەوتە بەر رەحمەتی مووشەک و تۆپەکانیان. ئەوە بوو بۆ ماوەیەکی کەم داعش توانی گوێڕ و شارۆچگەی باقرت و گوندەکانی دەوروبەروی بەشێک لە مەخموور داگیر بکات، بەڵام ئێمە بە ماوەیەکی کورت و بە ھیممەتی پێشمەرگە رێگەمان نەدا، تەواوی مەخموور بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش، دووەم توانیمان بە رەوتێکی خێرا ھێزێک کۆبکەینەوە و ئامادەی بکەین و ھێرش بکەینەسەر داعش، سێیەم توانیمانە لە یەکەم سەنگەردا داعش لە مەخموور تێکبشکێنین، چوارەم ئەمە بووە دەستپێک و سەرەتای تێکشکاندنی داعش. ئەو سەرکەوتنانەی پێشمەرگە بەسەر داعشدا زۆر گرنگ بوون، چونکە ئەو کات داعش توانی لە رێی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی لە رێگەی سۆشیال میدیاوە دیمەنی سەربڕین و کوشتنی خەڵک بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە پیشان بدات و ئەمەش ترسێکی زۆری لە سایکۆلۆژی خەڵک دروست کردبوو، کاتێکیش خەڵکی بینییان چۆن ھێزی پێشمەرگە داعشی تێکشکاند و راوی ناوە. ئەو ترسە لای خەڵک رەوییەوە. ئێستاش ئەوەتا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ھێزی پێشمەرگە لەو سەنگەرانەدا توانیویەتی بەرگری لەخاکی کوردستان بکات، ھەروەھا توانیمان ئەو ناوچانەش رزگار بکەین کە پێمانوایە بۆ پاراستنی کوردستان گرنگن، کە لەم پێناوەشدا شەھید و بریندارێکی زۆرمان داوە، بەڵام ئەوەش راستە ھیچ سەرکەوتنێک بە بێ قوربانی بەدەست نایەت. لێرەشدا من سەری رێز بۆ شەھیدەکانمان دادەنەوێنم و لەخوای گەورە دەپاڕێینەوە بریندارەکانمان چاک بکاتەوە و سڵاو و رێز بۆ کەس و کاری ئەو قوربانییانەش دەنێرم. چونکە ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەو سەرکەوتنە گەورانە تۆمار نەدەکران. ئەوەی پێوەندی بە دۆخی ئێستای میحوەری مەخموورەوە ھەبێت، ئەوا دۆخێکی باشە، مەخمووریش بۆتە میحوەرێکی سەرەکی بۆ ئازاکردنەوەی موسڵ، ئەمەش دوای ئەوەی ھێزی ھاوپەیمانان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێککەوتن لەسەر ئەوەی مەخموور ببێتە بنکەیەک بۆ ئەوەی سوپای عێراق لەوێوە دەست بەھێرشکردن بۆ رزگارکردنەوەی موسڵ بکات، ئەوا بۆ ماوەی ساڵێک دەچێت سوپای عێراق لەم دەڤەرە بوونیان ھەیە و ھاوکاری و ئاسانکاری باشمان کردوون، بۆ ئەوەی بتوانن پێشڕەوی بکەن و ناوچەکانی ژێر دەستی داعش ئازاد بکەن. ھەرچەندە پێشڕەوییەکانی ئەو سوپایە خاون و لەئاست ئومێدی خەڵکی ناوچەکە نەبووە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت توانیان گەیارە رزگار بکەن و ئەمەش لەسەر میحوەری ئێمە کاریگەری باشی لێدەکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو ھەڕەشە و مەترسییانەی داعش کە مابوون لەسەر ناوچەکەی ئێمە زیاتر دوورخرانەوە، بەڵام ھاتنی ئەو ژمارە زۆرەی سوپای عێراق و ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و ھاتنی ئەو ھەموو شاندە تا راددەیەک دۆخی ناوچەکەی ئێمەی ئاڵۆز کردووە. بەڵام لە رووی مەبدەئییەوە ئێمە داعش لە ھەر کۆێ بێت، بە دوژمنی خۆمانی دەزانین و ھەر وڵات و لایەنێکیش شەڕی ئەو تیرۆرستانە بکات بە دۆستی خۆمانی دەزانین و ئامادەشین دەستی ھاوکاری بۆ درێژ بکەین. بەگشتی دۆخەکە لە رووی سەربازییەوە باشە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە سەرجەم دۆخی عێراق و سووریا و ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە دوای داعشەوە ناڕوونە، ھەروەھا لە رووی سیاسییەوە تا ئێستا ھەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکیان لە نێوانیاندا نییە بۆ بەڕێوەبردنی موسڵی دوای داعش، کە پێش داگیرکردنیشی لەلایەن داعشەوە ئێمە کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئیداریمان لەگەڵ ئیدارەی موسڵ و تەنانەت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ھەبووە لەسەر شێوەی ئیدارەدانی موسڵ. ھەربۆیە پێویستە دەرس لە شەڕی داعش و ئەو رووداوانەی روویاندا وەربگیرێت و لەدوای رزگارکردنی شارەکە لەدەستی داعش بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی موسڵ بیر لە میکانیزمی تر بکرێتەوە، بەتایبەتی کە ئەم پارێزگایە لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێکھاتەکەی لەشارەکانی تر جیاوازترە، بۆیە ناکرێت بە ھەمان عەقڵییەت و ئالیەتی پێشووەوە موسڵ بەڕێوەببرێت، ئەگەر وا بکەن، بێگومان کێشەکان بەردەوام دەبن و رەنگە کێشەی گەورەتریش لە موسڵ رووبدات. ئێمە وەک کورد بەشێک نین لە کێشەی مەزھەبی و ئێمە نەتەوەیەکین لە ناوچەکەدا کە تا ئێستا لە پێناوی ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان خەبات دەکەین، چونکە نەبووینەتە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ و دەوڵەتی خۆمان کە بە خۆمان بە شایستەی بەدەستھێنانی دەزانین، لەکاتێکدا ئەو ھەموو قوربانی و شەھید و بریندارە کە بە درێژایی مێژوو داومانە لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا بووە، ئێستاکەش دەرفەتێکی باشە بۆ گەلی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ پێویستە یەکڕیز بین و کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی مەسەلەی رێفراندۆم و سەربەخۆیی بەدی بێت، بەپێچەوانەوە بەفیڕۆدانی ئەو دەرفەتە دەبێتە ھۆی چاوەڕوانی دەیان ساڵی تر، ئەویش ئەگەر دەرفەتێکی دیکەمان بۆ بێتەپێشەوە.


• رۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەکو سەرۆکی فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رزگارکردنەوەی مەخموور و ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی خاکی کوردستان چۆن دەبینی؟
- من بە حوکمی ئەوەی لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە بوومەتە پێشمەرگە، ھەر بۆیە لە دوور و نزیکەوە توانای جەنابی سەرۆک بارزانی-م بینیوە، ئەوەشی لەم دوو ساڵی دواییدا کە شەڕی داعش بووە، جەنابی سەرۆک بارزانی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی داعش ئامادە بووە و راستەوخۆ و بە شێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتی و بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە، ئەوەش کاریگەری رۆحی کردووەتە سەر فەرماندەکان و منیش راستەوخۆ کەوتوومەتە ژێر کاریگەری و کاراکتەری ئەو سەرکردەیە کە نەک تەنیا لەکوردستان، بەڵکو لەھەموو دنیا نموونەی کەمە، جەنابی سەرۆک بارزانی جگە لەوەی لە پلان و نەخشەی جەنگی رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، لەشەڕەکانیشدا لەگەڵمان بووە و رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە تێکشکاندنی ئەو ئەفسانەیەی کە داعش لە ناوچەکەدا دروستی کردبوو، جەنابی سەرۆک ورەی پێشمەرگەی بەرزکردەوە، جەنابیان لەھەر میحوەرێکدا پلان و بەرنامەی شەڕی دانابێت، یان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی خاکی کوردستان پلانی دانابێت، چاودێری و بەدواداچوونی وردی دەکرد، ھەر بۆیە سەرکەوتنەکان مسۆگەر بوون، لەدوا ئۆپەراسیۆنی ھێزی پێشمەرگە لە خازر و گوێڕ جەنابیان لە نزیکەوە لە ھەموو کۆبوونەوە و گفتوگۆکان و دانانی پلان و بەرنامە و جێبەجێکردنی تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە بەشدار بوون، ئێستاش چاودێری ورد دەکات لەسەر ئەو ھێڵ و ساترەی کە ئەمجارە لە رزگارکردنی ئەو گوندانە دانراوە، جەنابیان رزگارکردنی خاکی کوردستان و پارێزگاریکردنی زۆر بەلاوە گرنگە و پێیوایە دەبێت لەلایەن پێشمەرگەوە رزگار بکرێت و لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدا بێت، من ھەمیشە کوردستانم خۆش ویستووە، بەڵام ئەو وانە پڕ لە مانا و بەھایانەی جەنابی سەرۆک وایکردووە زیاتر خاکی کوردستانم خۆش بوێت. ئەو ئامۆژگاری و راسپاردانەی کە بۆ تەواوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەیدات، لە رووی ھەڵسوکەوت و دابونەریت و بەھای مرۆییەوە زۆر بەرزن و بەردەوام پێمان دەڵێت کە رێز لە بەھاکانی مافی مرۆڤ بگرین، لە شەڕدا فێری کردین کە شکستمان ھێنا بێ ئومێد نەبین و ھەمیشە تەئکیدی لەسەر بوونی ئیرادە دەکردەوە، بەڕێزیان پێیوایە ھەر شکستێک رووبدات، دەبێت بەدواداچوون بکرێت، کە ئایا کێشەکە ئەوەیە ھەڵە و کەموکوڕییەک ھەبووە، یان ئیرادە نەبووە، لەبەر ئەوە بەڕێزیان پێیوابوو مادەم ئیرادە ھەیە، ئەوا دەتوانین کێشە و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەین. خاڵێکی تری گرنگ کە لەجەنابی سەرۆک بارزانی فێری بووین پارێزگاریکردن و پاراستنی گیانی پێشمەرگەیە، جەنابیان ژیان و گیانی پێشمەرگەی زۆر بەلاوە گرنگە و لەسەرجەم ئۆپەراسیۆنەکاندا داوای لێکردووین کە نابێت بە ھەر نرخ بێت شەڕ بکەن، بەڵکو دەبێت بە کەمترین قوربانی ناوچەکان ئازاد بکەین، چونکە پەنجە و دڵۆپە خوێنی پێشمەرگەیەکی زۆر بەلاوە گرنگە، ھەر بۆیە پێویستە پارێزگاری لێبکرێت، ھەروەھا ئامۆژگاری دەکردین کە خۆمان لە خۆکوژ و بۆمب و تەقەمەنی بپارێزین و ھەر کە ھەواڵی شەھیدبوونی پێشمەرگەیەکی دەبیست، دڵگران و غەمبار دەبوو، لەبەر ئەوە لە شەڕەکاندا زۆر تەئکید لەسەر ئەم بابەتە دەکاتەوە.

• پێشمەرگە بۆ جیھانی سەلماند کە تاکە ھێزە لە سەر زەوی ناوچەکەدا کە داعشی تێکشکاندووە و لە ھەمان کلاتدا میھنییەتی سەربازی و ئەخلاقییەتی شەڕی پاراستووە و رێزی لە ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان گرتووە و دوای تۆڵەسەندنەوە نەکەوتووە، ئایا ئەم ھەڵسوکەتە بەرزەی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- کورد نەتەوەیەکە جیاوازە لە نەتەوەکانی دیکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەندێک خەسڵەتی تایبەتی تێدایە کە وایکردووە باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبووردەیی ھەیە، کاتێک ئەو ھەموو خوشکەمان لە شنگال کەوتنە دەستی داعش چاوەڕوان دەکرا ئێمە ھەندێ کاردانەوەمان ھەبێت، بەڵام لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە چەند گوندێکی عەرەب نشینمان کەوتە دەست و خەڵکێکی مەدەنی زۆری تێدا بوو، ئەوان زۆر دەترسان، چونکە وایاندەزانی بە ھەمان رەفتار و کردەوەی ئەوان کردیان، تۆڵەی شنگالیان لێدەکەینەوە، پێموتن: ئێمە نەتەوەیەکین ناتوانین ئەو تاوانانە بکەین، ئێمە پێشمەرگەین بەشێوازێک پەروەردە کراوین ھەرگیز ناتوانین تاوان بکەین، بەپێچەوانەوە ئێوە دایک و خوشکی ئێمەن و شەرەف و نامووستان پارێزراوە. تەنانەت پێمان وتن: ئێوە ئازادن لێرە دەمێننەوە، یان دەچنە شوێنێکی دیکە. ئەمە دەیسەلمێنێت کە پێشمەرگە لە سروشتی خۆیدا ئەخلاقە و بنەمای جوانی تێدایە و باوەڕی بە کۆمەڵێک پرەنسیپی مرۆیی ھەیە کە رەنگە زۆر خەڵکی تر ئەو خەسڵەتانەی تێدا نەبێت. ھەربۆیە پێشمەرگە پەروەردەکەی وایە و سەرۆکەکەشی سەرۆکێکە رەمزی لێبوردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیانە، ئێمە توانیمان لەو شەڕانە شتێک نەکەین کاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگمان ھەبێت.

• ھۆکاری پێداگیری حەشدی شەعبی بۆ بەشداریکردن لە شەڕی موسڵدا بۆ چی دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا مەترسی ئەوە ھەیە پێشێلکاری بکەن و کاری ناڕەوا ئەنجام بدەن، یان شەڕی شیعە و سوننەی لێبکەوێتەوە؟
- لێرەدا دوو خاڵ ھەیە پێویستە ئاماژەی پێبکەین، یەکەم: ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نابینە بەشێک لەو ململانێ تائیفیەی نێوان ھەردوو مەزھەبی سوننەو شیعە ھەیە، ئەمە کێشەی ئێمەش نییە، ئێمە خاوەن دۆزێکین پێی دەوترێت دۆزی کورد و کوردایەتی و سەربەخۆیی، واتە حەشدی شەعبی بەشداری دەکات، یا نایکات، ئەوە کێشەی ناوخۆی خۆیانە، ئێمە نابینە بەشێک لەو ململانێیە. خاڵی دووەم ئەوەیە ئایا ئێمە بەشداری دەکەین لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ؟ ئێمە رێککەوتنێکمان ھەیە لەگەڵ ئەمەریکاو بەپێی ئەو رێککەوتنە وەکو نەخشەڕێگایەک لەسەری دەڕۆین ١- تا ئەو شوێنەی کورد ھەبێت و خاکی کوردستان بێت و پێویستییان بەوە ھەبێت پێشمەرگەی کوردستان ئەو خەڵکە و خاکە ئازاد بکات، ئێمە ئامادەیمان تێدایە و ئەو کارە دەکەین. ٢- تا ئەوشوێنەی سوپای عێراق پێویستی بە ھاوکاری ئێمەیە ھاوکارییان دەکەین، ٣- ئێمە لەو نەخشە رێگایە لانادەین کە پێشمەرگە لەگەڵ ئەمەریکاو ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەیەتی. لەھەرشوێنێک پێویست بکات ھێزی پێشمەرگە ئازادی بکات و بمێنێتەوە و پارێزگاری لێبکات، بەتەئکید ئەنجامی دەدات. سەبارەت بەحەشدی شەعبیش لە ھەموو دنیا و لە ھەر وڵاتێکدا ئەو ھێزە چەکدارانەی لە دەرەوەی دامودەزگا و دامەزراوەی شەرعی و یاساییدا بن، دەبنە ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و ئاسایشی ئەو وڵاتە، دروستکردنی ئەو ھەموو ھێزە لە رووی دارایی و ئەو ھەموو خەرجییە خۆی لەخۆیدا مەترسی و ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری وڵات، ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان تا ئێستا ھیچ کێشەمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە، بەڵام ئەگەر ئەوان لەبیرکردنەوە و زھنییەتیاندا بیانەوێت ھێرش بکەنە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەوا بەدڵنیاییەوە ھەمان چارەنووسی داعشیان دەبێت کە لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگە تێکشکێندران، کێشەو گرفتی شیعە و سوننە کێشەیەکی گەورە و قووڵە ئێستاکەش سوننەکان زۆر زۆر نیگەرانن لە بەشداریکردنی حەشدی شەعبی شیعە، چونکە ئێستا دوو حەشد ھەیە حەشدی شیعە و حەشدی سوننە، خەڵکی عەرەبی موسڵ نیگەرانن لە بەشداری حەشدی شیعە، ئەوان پێیانوایە ئەو حەشدە تەنیا دژی سوننەن و سەر بە وڵاتێکی ئیقلیمین. کێشەی ناتەبایی شیعە و سوننە تەنیا لەنێوان ھۆزە عەرەبەکانی سوننە و شیعە نییە، لەناو سوپاش ئەو کێشەیە ھەیە و دەیان ئاڵا و رەمزی مەزھەبی و تائیفی بە ئاشکرا لەناو سوپای عێراق دەبینین، لەم دەڤەرەی ئێمە زۆرجار بینومانە شەڕیان بووە و تەقەیان لەیەکتر کردووە، تا ئێستا ئەوەی لە حەشدی شیعە دەبینیت و دەیبستی تاوانیان بەرامبەر سوننەی عەرەب و بگرە کوردیش کردووە، من ھەندێک کوردم لەنزیکەوە بینیوە، بۆم دەرکەوتووە کە ئازار و سووکایەتییان پێ کراوە و مامەڵەی زۆر نامرۆڤانەیان بەرامبەر کردوون، بۆیە پێموایە ئەگەر حەشدی شیعە بەشداری بکات لەئازادکردنی موسڵ، شەڕی شیعە و سوننە لە موسڵ روودەدات.

• سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور و تێکشکاندنی داعشەکان لە گوندەکان چۆن ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ دەکات؟
- سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور و گوندەکانی ئەم ناوچەیە سەرەتا لەوەدا بوو کە ئێمە بووینە بنکەیەک بۆ ئازادکردنی ئەو ناحیە و گوندانەی کە بەشێکن لە سنووری پارێزگای موسڵ، تەنانەت لە ئازادکردنی گەیارەدا ئەو ھێزەی کە توانی داعشەکان بشکێنێت لە مەخموورەوە پێشڕەوی کرد بەرەو گەیارە، بۆ ساڵێک دەبێت وەک ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھاوکاری و پاڵپشتی و ئاسانکاری بۆ ھێزەکانی سوپای عێراق لەم ناوچەیەدا دەکەین، مەخموور و گوێڕ دیسان کە یەک میحوەرن و ئەو رێگایەی لە گوێڕەوە دەردەچێت بەرەو موسڵ دەبێتە میحوەرێکی سەرەکی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی موسڵ کەواتە ئێستا لە دوو شوێنەوە سوپای عێراق دەتوانێت پێشڕەوی بکات، ھەم لە ناحیەی گەیارەوە، ھەم لە پردی گوێڕ بۆ ئەوەی بتوانێت ھێز بپەڕێنێتەوە و بەرەو موسڵ بڕوات، خاڵی سێیەم بارەگای فرقەی قیادەی نەینەوا کە لە مەخموورە بە قیادەی تەحریر نەینەوا دادەنرێت و چەندین فرقە و سوپای عێراق و بارەگای لیوایان وەکو خەلفی و تۆپخانە و لیوای زرێپۆش لە مەخموورن، واتا مەخموور بنکەیەکی سەربازییە بۆ ئازادکردنی موسڵ، لەلایەکی ترەوە ھەرچی ئاوارەی عەرەبی موسڵ ھەیە ھاتۆتە مەخموور و لە دیبەکە کەمپێکی گەورەیان بۆ کراوەتەوە، ئەمەش ئاسانکارییەکی ترە بۆ خەڵکی ئەم ناوچانە و سوپای عێراقی، بۆیە مەخموور یارمەتیدەر بووە بۆ ئازادکردنی سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئازادکردنی ناو شاری موسڵ.

• ھەر سەبارەت بە ئاوارەکانی پارێزگای نەینەواو خۆئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردنی لێشاوێکی دیکەی ئاوارەی شاری موسڵ ئەمڕۆ تیمی گوڵان ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی عەرەبی بینی کە لەدەست ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە گەیارە و ناوچەکانی ترەوە روویان لە شارۆچکەی مەخموور کردبوو. ئایا ئێوە رووی باری ئەمنیی ناوچەکە و لایەنی مرۆییەوە چۆن ئامادەکاری بۆ کۆنتڕۆڵی ئەو بارودۆخە دەکەن؟
- ھاتنی بە لێشاوی ئاوارە بۆ ھەرێمی کوردستان کە خۆی لە دۆخێکی دژواری داراییدایە بۆتە ھۆی ئەوەی بارودۆخەکە ئابووریەکە قورستر بێت، تەنانەت مەترسیی ئەمنیشیان ھەیە بۆ ھەر ناوچەیەک کە رووی تێبکەن، بەڵام ئاوارەکان ناتوانن تاسەر لەناوچەکەماندا بمێننەوە، چونکە کەمپەکانمان بە شێوەیەکی کاتی بۆ داناون، ئێستاکەش لەھەوڵی ئەوەداین لەمەودوا کەمپ لە سنووری ھەرێمی کوردستان دروست نەکەین، بەڵکو لەھەوڵی ئەوەداین ئاوارەکان بچنە ئەو ناوچانەی کە کەمپی نوێیان لێ دروست دەکرێت لەو ناوچانەی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کە ئێستا ئازاد دەکرێت، وەکو لە گەیارە و حاجی عەلی کە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری مەخموورەوە دوورە لە ئێستادا و سەرقاڵی دروستکردنی کەمپین لەو ناوچانە. لە راستیدا ئەم ناوچانەش پێشتر خاکی کوردستان بووە و کەوتۆتە بەر شاڵاوی تەرحیل و تەعریبی شاڵاوی حکومەتی مەرکەزی کە بە شێوازی جۆراوجۆر و قۆناغ بە قۆناغ ئەو ناوچانەی تەعریب کردووە، تا وای لێھاتووە تەنانەت یەک ماڵە کوردی تێدا نەماوە، بەڵام ناوی دێھاتەکانی ئەم ناوچانە ھەر بە کوردی ماوەتەوە وەکو دێھاتەکانی: ( ھۆمەراوە و کەرمردی و عەلی ئاوا و زۆڕنا و دۆرەنجێو و ...ھتد). چۆڵکردنی ماڵە کوردەکان لەم ناوچەیە بە پرۆسەو چەند میکانیزمێک بووە لە وانە ھەندێکی لە رێگەی دەرکردن و فشارەوە بووە، ھەندێکیشی لە رێگەی کڕینەوەی زەوی و خاکەکەوە بووە، ھەر بۆیە ئەم ناوچانە تا دەچیتە سەر رووبارەکە کوردستانین و کوردستان بووە، بەڵام ئێستا بوونەتە ناوچەی عەرەب نشین و عەرەبستان.

• ھەر سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵ، ئایا ھێزی پێشمەرگە تاچەند ئامادەکاریی تێدایە لەو شەڕە بەشدار بێت، بەتایبەتی لەمیحوەری مەخموورەوە؟
- دوای ئەوەی گەیارە ئازادکرا، ناوچەکانی زاب و شەرگات و دەشتی قەڕاج و گوندە عەرەبەکان ماوە، بەڵام بۆ ئازادکرنی موسڵ، ئەم میحوەرەی ئێمە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئازادکردنەوەی نییە، بەڵام ئەگەر داوامان لێبکرێت، ئەوا دەتوانین لە پردی گوێڕ بپەڕینەوە و بەشدار بین لەو ئۆپەراسیۆنە، دەشتوانین لەسەر خەتی خۆمان ئەو ناوچانە پاک بکەینەوە کە تا ئێستا داعشی تێدایە، وەک قەرەچوخ و ناوچەکانی دیکە. چونکە سەرتاسەری بەرەکانی میحوەری ئێمە داعشی تێدایە و سوپای عێراقی تەنیا لەسەر رێگا سەرەکییەکان رۆیشتووە بەرەو گەیارە و دەستە راست و چەپی بەجێھێشتووە و پاکی نەکردۆتەوە. خۆ ئەگەر پرۆسەکەش دەستی پێکرد، ئەگەر جەنابی سەرۆک فەرمان بدات، ئەوا ئەو ناوچانەی خۆمان ئازاد دەکەینەوە و خۆ ئەگەر داواشمان لێبکرێت بەشدار بین لە شەڕی ئازادکردنی موسڵ- کە ھێشتا دیار نییە دەچینە ناو شار، یان نا، ئەوا بەشدار دەبین.

• گرنگترین رێککەوتنی سەربازی کە ئەمساڵ واژۆ کرا، پڕۆتۆکۆلی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو. وەکو فەرماندەیەکی سەربازی چۆن سەیری بایەخی ئەم رێککەوتنە دەکەیت؟
- دەوڵەت سێ پایەی سەرەکی ھەیە کە بریتین خاک و خەڵک و دەوڵەت و سیادەی؛ ئێمە خاک و خەڵکمان ھەیە و لە دەوڵەت و سیادە یەک کێشەمان ھەیە کە ئیعترافکرنی نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییە بەو دەوڵەتەی کە رایدەگەیەنین، ھەربۆیە ئەو جۆرە رێککەوتننامانە بۆ ئێمە گرنگن، چونکە جۆرێکە لەدانپێدانان بە سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستاندا، ئەمەش دوای ئەوەی تا رادەیەکی باش ھەرێمی کوردستان توانی سەربەخۆ بێت، لەم روانگەیەوە رێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو پێنتاگۆن کە وەزارەتی بەرگری گەورەترین وڵاتی زلھێزی جیھانە، کاریگەری زۆری لەسەر ململانێی سیاسی و ئابووری و سەربازی ھەیە گرنگی و تایبەتمەندێتی خۆیشی ھەیە بەوەی جۆرێکە لە شەرعییەتدان بە ھەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی فەرمی لە ناوچەکە کە ئەگەر دەوڵەتیش نەبێت، بەڵام لەشێوەی دەوڵەتێکدایە، چونکە ئەو جۆرە رێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسەلەیەکی ئەوەندە سادە نییە و ئەمە گرنگی خۆی ھەیە و دەستکەوتێکی گەورەیە، یارمەتیدانی لەشکری پێشمەرگەی کوردستانیش لە رووی داراییەوە کە لە رێککەوتننامەکەدا ھاتووە، ئەمەش دەستکەوتێکی ترە و کاریگەری لە سەر مەعنەوییاتی پێشمەرگەش ھەبووە.


سپۆت
ھەمیشە کوردستانم خۆش ویستووە، بەڵام ئەو وانە پڕ لە مانا و بەھایانەی جەنابی سەرۆک وایکردووە زیاتر خاکی کوردستانم خۆش بوێت. ئەو ئامۆژگاری و راسپاردانەی کە بۆ تەواوی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەیدات، لە رووی ھەڵسوکەوت و دابونەریت و بەھای مرۆییەوە زۆر بەرزن و بەردەوام پێمان دەڵێت کە رێز لە بەھاکانی مافی مرۆڤ بگرین، لە شەڕدا فێری کردین کە شکستمان ھێنا بێ ئومێد نەبین
لەم دوو ساڵی دواییدا کە شەڕی داعش بووە، جەنابی سەرۆک بارزانی لە سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە بەرامبەر بەرەنگاربوونەوەی داعش ئامادە بووە و راستەوخۆ و بە شێوەیەکی مەیدانی سەرپەرشتی و بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە، ئەوەش کاریگەری رۆحی کردووەتە سەر فەرماندەکان و منیش راستەوخۆ کەوتوومەتە ژێر کاریگەری و کاراکتەری ئەو سەرکردەیە کە نەک تەنیا لەکوردستان، بەڵکو لەھەموو دنیا نموونەی کەمە
جەنابی سەرۆک بارزانی جگە لەوەی لە پلان و نەخشەی جەنگی رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، لەشەڕەکانیشدا لەگەڵمان بووە و رۆڵێکی سەرەکی بینیوە لە تێکشکاندنی ئەو ئەفسانەیەی کە داعش لە ناوچەکەدا دروستی کردبوو

رێککەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو پێنتاگۆن کە وەزارەتی بەرگری گەورەترین وڵاتی زلھێزی جیھانە، کاریگەری زۆری لەسەر ململانێی سیاسی و ئابووری و سەربازی ھەیە گرنگی و تایبەتمەندێتی خۆیشی ھەیە بەوەی جۆرێکە لە شەرعییەتدان بە ھەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی فەرمی لە ناوچەکە کە ئەگەر دەوڵەتیش نەبێت، بەڵام لەشێوەی دەوڵەتێکدایە

ھاتنی بە لێشاوی ئاوارە بۆ ھەرێمی کوردستان کە خۆی لە دۆخێکی دژواری داراییدایە بۆتە ھۆی ئەوەی بارودۆخەکە ئابووریەکە قورستر بێت، تەنانەت مەترسیی ئەمنیشیان ھەیە بۆ ھەر ناوچەیەک کە رووی تێبکەن
ئێستا دوو حەشد ھەیە حەشدی شیعە و حەشدی سوننە، خەڵکی عەرەبی موسڵ نیگەرانن لە بەشداری حەشدی شیعە، ئەوان پێیانوایە ئەو حەشدە تەنیا دژی سوننەن و سەر بە وڵاتێکی ئیقلیمین. کێشەی ناتەبایی شیعە و سوننە تەنیا لەنێوان ھۆزە عەرەبەکانی سوننە و شیعە نییە، لەناو سوپاش ئەو کێشەیە ھەیە و دەیان ئاڵا و رەمزی مەزھەبی و تائیفی بە ئاشکرا لەناو سوپای عێراق دەبینین، لەم دەڤەرەی ئێمە زۆرجار بینومانە شەڕیان بووە و تەقەیان لەیەکتر کردووە
تا ئێستا ھیچ کێشەمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە، بەڵام ئەگەر ئەوان لەبیرکردنەوە و زھنییەتیاندا بیانەوێت ھێرش بکەنە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەوا بەدڵنیاییەوە ھەمان چارەنووسی داعشیان دەبێت کە لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگە تێکشکێندران
لە ھەموو دنیا و لە ھەر وڵاتێکدا ئەو ھێزە چەکدارانەی لە دەرەوەی دامودەزگا و دامەزراوەی شەرعی و یاساییدا بن، دەبنە ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی و ئاسایشی ئەو وڵاتە، دروستکردنی ئەو ھەموو ھێزە لە رووی دارایی و ئەو ھەموو خەرجییە خۆی لەخۆیدا مەترسی و ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئابووری وڵات
تا ئەو شوێنەی کورد ھەبێت و خاکی کوردستان بێت و پێویستییان بەوە ھەبێت پێشمەرگەی کوردستان ئەو خەڵکە و خاکە ئازاد بکات، ئێمە ئامادەیمان تێدایە و ئەو کارە دەکەین
لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە چەند گوندێکی عەرەب نشینمان کەوتە دەست و خەڵکێکی مەدەنی زۆری تێدا بوو، ئەوان زۆر دەترسان، چونکە وایاندەزانی بە ھەمان رەفتار و کردەوەی ئەوان کردیان، تۆڵەی شنگالیان لێدەکەینەوە، پێموتن: ئێمە نەتەوەیەکین ناتوانین ئەو تاوانانە بکەین، ئێمە پێشمەرگەین بەشێوازێک پەروەردە کراوین ھەرگیز ناتوانین تاوان بکەین، بەپێچەوانەوە ئێوە دایک و خوشکی ئێمەن و شەرەف و نامووستان پارێزراوە
ئێمە وەکو ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نابینە بەشێک لەو ململانێ تائیفیەی نێوان ھەردوو مەزھەبی سوننەو شیعە ھەیە، ئەمە کێشەی ئێمەش نییە، ئێمە خاوەن دۆزێکین پێی دەوترێت دۆزی کورد و کوردایەتی و سەربەخۆیی
ئێستاکەش دەرفەتێکی باشە بۆ گەلی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ پێویستە یەکڕیز بین و کێشەکانی ناوخۆ چارەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی مەسەلەی رێفراندۆم و سەربەخۆیی بەدی بێت، بەپێچەوانەوە بەفیڕۆدانی ئەو دەرفەتە دەبێتە ھۆی چاوەڕوانی دەیان ساڵی تر، ئەویش ئەگەر دەرفەتێکی دیکەمان بۆ بێتەپێشەوە
ئێمە وەک کورد بەشێک نین لە کێشەی مەزھەبی و ئێمە نەتەوەیەکین لە ناوچەکەدا کە تا ئێستا لە پێناوی ناسنامەی نەتەوەیی خۆمان خەبات دەکەین، چونکە نەبووینەتە خاوەنی کیانێکی سەربەخۆ و دەوڵەتی خۆمان کە بە خۆمان بە شایستەی بەدەستھێنانی دەزانین
تا ئێستا ھەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکیان لە نێوانیاندا نییە بۆ بەڕێوەبردنی موسڵی دوای داعش، کە پێش داگیرکردنیشی لەلایەن داعشەوە ئێمە کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئیداریمان لەگەڵ ئیدارەی موسڵ و تەنانەت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ھەبووە لەسەر شێوەی ئیدارەدانی موسڵ
ئێمە داعش لە ھەر کۆێ بێت، بە دوژمنی خۆمانی دەزانین و ھەر وڵات و لایەنێکیش شەڕی ئەو تیرۆرستانە بکات بە دۆستی خۆمانی دەزانین و ئامادەشین دەستی ھاوکاری بۆ درێژ بکەین
بۆ ماوەی ساڵێک دەچێت سوپای عێراق لەم دەڤەرە بوونیان ھەیە و ھاوکاری و ئاسانکاری باشمان کردوون، بۆ ئەوەی بتوانن پێشڕەوی بکەن و ناوچەکانی ژێر دەستی داعش ئازاد بکەن. ھەرچەندە پێشڕەوییەکانی ئەو سوپایە خاون و لەئاست ئومێدی خەڵکی ناوچەکە نەبووە، بەڵام ھەرچۆنێک بێت توانیان گەیارە رزگار بکەن و ئەمەش لەسەر میحوەری ئێمە کاریگەری باشی لێدەکەوێتەوە
ئەو سەرکەوتنانەی پێشمەرگە بەسەر داعشدا زۆر گرنگ بوون، چونکە ئەو کات داعش توانی لە رێی بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک گرتەی ڤیدیۆیی لە رێگەی سۆشیال میدیاوە دیمەنی سەربڕین و کوشتنی خەڵک بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە پیشان بدات و ئەمەش ترسێکی زۆری لە سایکۆلۆژی خەڵک دروست کردبوو، کاتێکیش خەڵکی بینییان چۆن ھێزی پێشمەرگە داعشی تێکشکاند و راوی ناوە. ئەو ترسە لای خەڵک رەوییەوە
داعش مەخمووری کردە ئامانج، چونکە دەیزانی کە مەخموور نزیکە لە پایتەختی کوردستان کە ھەولێرە و نزیکە لەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندن بە ناوچەی نەوت، یان سامانی سروشتی، لە رووی سەربازیشەوە ئەگەر داعش بیتوانیبایە بگاتە چیای قەرەچۆغ و زۆرگەزراو ئەو کات ناڵێم ھەولێر کۆنتڕۆڵ دەکرا، بەڵام ھەولێریش دەکەوتە بەر رەحمەتی مووشەک و تۆپەکانیان
Top