نەبیل تكریتی بۆ گوڵان: پێویستە حكومەتەكانی ناوچەكە بە پاڵپشتیی كۆمەڵگە و شارەزایان و راگەیاندنەكان رووبەڕووی ئایدیۆلۆژیای داعش ببنەوە

نەبیل تكریتی بۆ گوڵان: پێویستە حكومەتەكانی ناوچەكە بە پاڵپشتیی كۆمەڵگە و شارەزایان و راگەیاندنەكان رووبەڕووی ئایدیۆلۆژیای داعش ببنەوە
نەبیل تكریتی، پڕۆفیسۆرە لە بەشی مێژوو و دیراساتی ئەمەریكی لە زانكۆی ماری واشنتۆن. خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە مێژووی عوسمانی لە زانكۆی شیكاگۆ. وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك توركیا لە ئیمپراتۆریەتەوە بۆ كۆمار، شارستانیەتی عەرەبی، مێژووی ناكۆكیی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و عێراقی مۆدێرن. بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی گۆڕاو و ئاڵۆزی ناوچەكە لە پێوەندی بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شەڕی داعش و ئەگەری لەبەریەك هەڵوەشانی سنووری دەوڵەتانی ناوچەكە و چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەكە و پرسی سەربەخۆبوونی كوردستان، لە دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكرد و ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە بۆچوونەكانی كرد.
نەبیل تكریتی پڕۆفیسۆری مێژوو بۆ گوڵان:




* بەپێی ئەو گۆڕانكارییانەی لە چۆنیەتی مامەڵەكردنی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سەر ئەرزی واقیع دەیبینین، هەست دەكرێت جۆرێك لە خۆئامادەكردن هەیە بۆ قۆناخی دوای داعش، ئەمەش ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە پرسی گۆڕینی رژێمی بەشار ئەسەد وازی لێهێنراوە و ئامانجەكە تەنیا لە كۆتاییهاتنی داعشدا چڕكراوەتەوە. ئایا مانەوەی رژێمێكی دڕندەی وەك رژێمی ئەسەد هەموو كاتێك فاكتەرێكی بەهێز نابێت بۆ دروستبوونەوەی گروپی تیرۆریستی دیكەی هاوشێوەی داعش و قاعیدە؟
- ئەوە ئاشكرایە كە لەم چەند مانگەی دواییدا ئەولەوییەتی هاوپەیمانێتیی ئەمەریكا و ئەوروپا گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە لە رووخاندنی رژێمەكەی ئەسەدەوە بۆ لە ناوبردنی هەڕەشەی داعش. هەرچۆنێك بێت، ناتوانین دڵنیابین لە بوونی پێوەندیەكی راستەوخۆ لە نێوان بەردەوام بوونی رژێمە خۆسەپێنەكانی وەك ئەسەد و تەشەنەسەندنی گروپە موعارەزە توندوتیژەكانی وەك داعش. چەندەها نموونەی رژێمە خۆسەپێنەكان هەن، هەم لە ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم لە دەرەوەی ئەم ناوچەیەش، كە سەركەوتووانە ئیحتیوای هەڕەشەی گروپە موعارەزە توندوتیژەكانیان كردووە، بەلای كەمەوە تا ئەو كاتەی لە دەسەڵاتدان.
* لە عێراق و سووریا، ئێستا شەڕەكە لەوە دەرچووە پێی بگوتریت شەڕی نێوان حكومەت و تیرۆریستانی داعش، بەڵكو بووە بە شەڕێكی خۆێناوی نێوان سوننە و شیعە، ئەوانەشی چاودێری بارودۆخەكە دەكەن، بە تەواوەتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە جارێكی دیكە سوننە و شیعە لە عێراق و سووریا ناتوانن لە یەك كۆمەڵگەدا پێكەوە بژین و دەبێت لێك جیابكرێنەوە. ئایا كە رێگەی كۆتاییهاتنی ئەم شەڕە خوێناوییە لێك جیاكردنەوەی ئەو دوو لایەنە بێت، بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاو بۆ ئەو چارەسەرە هەڵناگرێت بۆ ئەوەی كێشەكە كۆتایی پێبهێندرێت؟
- جیاكردنەوە و لێكدابڕینی گروپە ئیتنیە-تایفەگەرییەكان بە هیچ شێوەیەك زامنی هێنانەئارای چارەسەركردنی كۆتایی توندوتیژی تایفەگەری ناكات، ئەگەر دەرئەنجامێكیشی لێبكەوێتەوە، ئەوا پێداگیری لەسەر سەپاندنی ئەم لێكجیاكردنەوەیە توندوتیژیی تایفەگەری زیاتر دەكات، لەبەر ئەوەی كاتێك سنوورەكان دادەڕێژرێنەوە بۆ لێكجیاكردنەوەیان، ئەوا گروپە ركابەرەكان شەڕ لەسەر ئەم سنوورانە دەكەن و هەر گروپێكیش بەردەوام شەڕ لەسەر سەپاندنی یەكڕەنگكردنی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەكات. لە راستیدا، لە رووی مێژووییەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوڕا بووە لەگەڵ بناغەی ئەم پرسیارەدا و پشتیوانی جیاكردنەوە و لێكدابڕینی گروپە ئیتنییە تایفەگەرییەكانی كردووە.
* لە ناو ئەم بارودۆخەی شەڕی خوێناوی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كورد هەتا ئێستا نەبۆتە بەشێك لە كێشەی نێوان شیعە و سوننە، هەروەها تەنیا لایەنیشە كە بە كردەوە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات، بەڵام هەردوو پێكهاتەی شیعە و سوننە ئیدی عەرەب بن، یان فارس، یاخود تورك، لەگەڵ ئەوەی خۆیان دژی یەكترن، بەڵام پێكەوە دوژمنی كوردیشن، ئەگەر كورد بەو جۆرە شەڕی دژی داعش بكات و دوای داعشیش لە ژێر مەترسیی سوننە و شیعەدا بێت، ئایا ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە ددان بە قەوارەیەكی سەربەخۆدا بۆ كوردستان بنێت؟
- ئەوە وەسفكردنێكی ورد نییە كە بڵێین هێزە كوردییەكان تەنیا هێزن كە لە دژی داعش شەڕ دەكەن، بەلای كەمەوە لە عێراقدا ئەمە حاڵەتەكە نییە. ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییە لە دژی داعش لە روممادی و فەللوجە بە شێوەیەكی سەرەكی لە لایەن یەكەكانی حەشدی شەعبی ئەنجامدران كە هێزێكی عەرەبی شیعەن، هەروەها بە پاڵپشتی هێزەكانی خێڵە سوننە عەرەبەكان، یەكەكانی سوپای عێراقی و راوێژكارە نێودەوڵەتییەكان بووە. لە كاتێكدا كوردە ناسیۆنالیستەكانی ناوچەكە بە دڵنیاییەوە بەرەوپێشچوون لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی خۆیان، سەربەخۆبوونی تەواوی كوردیش بە بێ توندوتیژییەكی زیاتر نایەتەدی، ئەو توندوتیژییەش لەو وڵاتانەوە سەرچاوە دەگرن كە سەروەری لە دەست دەدەن بەسەر بەشێكی گرنگی خاك و خەڵكەكەیانەوە. لەوەش زیاتر، بە حوكمدان لە بەردەوامبوونی كێشەگەلێكی ناوچەیی سیستماتیكییەوە، وەك گەندەڵی، توندوتیژیی دەوڵەت، ئەوا سەربەخۆبوونی تەواو ئەو ئەگەرە بە دوای خۆیدا دەهێنێت كە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر ئەم كێشە سیستماتیكییانەدا لە پارتێكەوە بۆ پارتێكی دیكە دەگۆڕێت، لەبری ئەوەی لە راستیدا چارەسەرێكی درێژخایەن بۆ ئەم كێشانە بێنێتەئاراوە.
* وەك دەبینین خەلافەتی ئیسلامی داعش، هەڕەشەیەكی گەورەی لەسەر ئەوروپا و رۆژئاوا دروست كردووە، ئەمەش نەك تەنیا لە رێگەی چەكدارانی خۆیەوە، بەڵكو داعش بۆتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ خەڵكانی دیكەش كە بە هەمان شێوەی داعش كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن، وەك ئەوەی بەم دواییە لە شاری نیسی فەڕەنسی و پێش ئەوەش لە ئەمەریكا ئەنجام دران، ئایا چۆن دەتوانرێت فیكری داعش ریشەكێش بكرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاشتی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە ؟
- پێویستە حكومەتەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەم ناوچەیەش پشتیوانی دەستپێشخەرییەكانی كۆمەڵگە و شارەزایان و راگەیاندن بكەن بۆ رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی ئایدیۆلۆژیای داعش. لەوەش زیاتر، بۆ ئەوەی قەناعەت بە گەنجەكان بكەن كە پشتیوانی داعش نەكەن، پێویستە پێداچوونەوە و چاكسازییەكی تەواو لە سیاسەتی دەرەوەی رۆژئاوا و ئەوروپادا بكرێت، چونكە تەنیا بۆردومانكردن رێگایەك نییە بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری.
* هەندێك لە چاودێران پێیانوایە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە و لەو كاتەوەی لەسەر بنەمای نەخشەی سایكس پیكۆ دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستكراون، بەردەوام ئەم دەوڵەتانە بەتایبەتیش سووریا و عێراق سەرچاوەی ناسەقامگیری و شەڕ و شۆڕ بوون، بۆیە هەتا ئەو دوو دەوڵەتە بە یەكگرتوویی بمێننەوە، بۆشایی هەر دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی تیرۆریستان تێیدا گەشە بكەنەوە، ئایا دووبارە هەڵوەشانەوەی عێراق و سووریا نابێتە فاكتەرێك بۆ بنبڕكردنی تیرۆر لە ناوچەكەدا؟
- من باوەڕم وایە دابەشكردنی عێراق و سووریا هەمان ئەو دەرئەنجامەی لێدەكەوێتەوە كە لە دابەشكردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە هاتەئاراوە لە سەروبەندی شەڕە مەزنەكەوە. ئەگەر بە سادەیی گوزارشتی لێبكەین، ئەوا دەقاودەق ئەو ناسەقامگیری و توندوتیژی و نادڵنیاییەی لێدەكەوێتەوە كە ئێوە لە پرسیارەكەتاندا دەربارەی میراتی سایكس پیكۆ كردووتانە، بەڵام ئەمجارە لە ناوچەگەلێكی جیاواز و بچووكتردا. پێویستە ئامانجەكە هێنانەئارای هاوكارییەكی بەرفراوانتر بێت لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، نەك دروستكردنی قەوارەی دەوڵەتی ئیتنی بچووكتر و یەكڕەنگتر. ئەگەرچی لەم ساتەوەتەختە تاریكانەدا روون نییە، بەڵام تاكە رێگە بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری بریتییە لە هاوكارییەكی بەرفراوانتر و پێویستە ئامانجە كۆتاییەكە گرتنەبەری مۆدێلی یەكێتی ئەوروپا بێت لە بواری هاوكاری ئیقلیمیدا، نەك مۆدێلی بەلقان كە بریتییە لە ململانێی نێوان دەوڵەتە بچووكەكان.
Top