سەردار شێخ یەحیا : پێویستە ناوچە ئازادكراوەكان ئاوەدان بكرێنەوە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە
August 19, 2016
دیمانەی تایبەت
قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی لەخۆگرتووە و لە ئامادەكاریدایە بۆ پێشوازیكردن و نیشتەجێكردنی شەپۆلێكی دیكەی ئاوارە بەهۆی شەڕی رزگاركردنی موسڵەوە. بۆ قسەكردن لەسەر تەحەددییەكانی پەیوەست بە چۆنیەتی خۆئامادەكردن بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە، گوڵان دیمانەیەگی لەگەڵ سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان ئەنجامدا، كە لە چەند تەوەرێكدا را و سەرنجەكانی دەخەینەڕوو.سەردار شێخ یەحیا قایمقامی شێخان بۆ (گوڵان):
پێویستە ناوچە ئازادكراوەكان ئاوەدان بكرێنەوە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە
لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵدا پێشبینیی هاتنی 30 هەزار ئاوارەی دیكە بۆ شێخان دەكەین
قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی لەخۆگرتووە و لە ئامادەكاریدایە بۆ پێشوازیكردن و نیشتەجێكردنی شەپۆلێكی دیكەی ئاوارە بەهۆی شەڕی رزگاركردنی موسڵەوە. بۆ قسەكردن لەسەر تەحەددییەكانی پەیوەست بە چۆنیەتی خۆئامادەكردن بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە، گوڵان دیمانەیەگی لەگەڵ سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان ئەنجامدا، كە لە چەند تەوەرێكدا را و سەرنجەكانی دەخەینەڕوو.
قەزای شێخان 60 هەزار ئاوارە لەخۆدەگرێت و پێشبینی دەكرێت 30 ئاوارەی دیكە رووی تێبكات
سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان سەرەتا سەبارەت بە چۆنیەتی نیشتەجێكردنی ئاوارەكان و پێشبینییەكانی بۆ ئەو ئاوارانەی كە ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا رووبكەنە قەزاكە وتی: «ژمارەی دانیشتووانی قەزای شێخان بەهەر 5 ناحیەكە و 175 گوندەكەیەوە 180 هەزار كەسن، بێجگە لەوان نزیكەی 60 هەزار ئاوارە و 1000 پەناهەندەی كوردانی باكوور و رۆژهەڵاتیش لەم قەزایەدا نیشتەجێن، لە سنووری شێخانیشدا چوار كامپ بۆ ئاوارەكان كراوەتەوە كە نزیكەی 40%ی ئاوارەكان لەناو كەمپەكاندان و 60%یشیان لە دەرەوەی كەمپەكان نیشتەجێن. كەمپەكانیش بریتین لە كامپی ئیسیان و گەرماوە و مام رەشان و شێخان و لالش، حاڵی حازر كار بۆ دروستكردنی كامپی زێلكانیش دەكرێت كە توانای ئەوەی هەیە لە قۆناخی یەكەمدا 3 هەزار خێزان لە خۆبگرێت و لە قۆناخی دووەمدا فراوانتر دەكرێت بۆ ئەوەی 3 هەزار خێزانی دیكەی تێدا نیشتەجێ بكرێت. هەروەها پێوەندیمان پێوەكراوە بۆ ئەوەی كامپێكی دیكەش دروست بكرێت لە سنووری قەزای شێخان كە پێمان باشە ئەو كامپەش هەر لە سنووری زێلكان دروست بكرێت. كەواتە لەبەر نزیكیی قەزای شێخان لە موسڵەوە كە وادەكات ببێتە نزیكترین خاڵ بۆ گەیاندنی ئاوارەكان، هەروەها لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئیدارە لەو ناوچەیەوە پێوەندییەكی كۆمەڵایەتی بەهێز لەنێوان خەڵكی ئەم ناوچەیەدا دروست ببێت، ئەوا پێشبینی دەكرێت ئاوارەكان زۆرتر روو لەم قەزایە بكەن. كەواتە چاوەڕوان دەكرێت 30 هەزار ئاوارەی دیكە- جگە لەو 60 هەزارەی ئێستا لە قەزاكەدا نیشتەجێن- رووبكەنە شێخان كە پێشبینی دەكرێت لە سەدا 99ی ئەو كەسانەی ئاوارە دەبن لە نەتەوەی عەرەب بن.»
پێشوازیكردن لە ئاوارەكان كارێكی ئاسان نییە و پێویستی بە زەمینەسازییە
سەبارەت بە خۆئامادەكردن و زەمینەسازكردنیش بۆ پێشوازیكردن و نیشتەجێكردنی ئاوارەكان بەم شێوەیە باسی لەو پرۆسەیە كرد: «لە راستیدا پێویستە زەمینەسازی بكەین و بارودۆخەكە ئامادە بكەین، چونكە خزمەتكردنی ئاوارەكان هەر تەنیا بە كردنەوەی كامپەكان نابێت، یەكەم شت دەبێت پرسی پاراستنی ئەو ئاسایش و ئارامییەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، زۆر بە جددی لەبەرچاو بگیرێت و دەبێت لێكۆڵینەوە لە ناسنامە و كەسایەتیی ئەو كەسانەش بكرێت كە ئاوارە دەبن- هەروەها پشكنینی تەندروستی بۆ ئاوارەكان بكرێت. لەبەر ئەوە لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە بیانییەكان و پارێزگای دهۆك هەوڵ دەدرێت چەند خاڵێك دەستنیشان بكرێت بۆ هاتنەناوەوەی ئاوارەكان. دواتریش كە لە كامپەكاندا جێگیردەكرێن، دەبێت لایەنی ئەمنی پارێزراو بێت و هەروەها دەبێت خزمەتگوزارییەكانی ئاو و كارەبا و قوتابخانە و بنكەی تەندروستییان بۆ دەستەبەر بكرێت.»
هەوڵەكانی پارێزگای دهۆك جێی ستایشە و بەرز دەنرخێندرێن
ئەوەی ئاشكرایە هەرێمی كوردستان توانیویەتی ئەزموونێك كەڵەكە بكات لە رووی چۆنیەتی ئیدارەدانی ئاوارەكانەوە، هەر لەم رووەوە قایمقامی شێخان ئاماژەی بەوە كرد كە: «ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارێزگای دهۆك بەتایبەتی بۆ ئیدارەدانی ئاوارەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە ئەمە كارێكی ئاسان نییە و سەرچاوەی ماددی و پشتیوانی مەعنەوی زۆری دەوێت و ئەمە بارێكی گرانە و گومانیش لەوەدا نییە كە پارێزگاری دهۆك گەورەترین بارگرانی لەسەر شانە لەم رووەوە، بەتایبەتی جەنابی پارێزگار، چونكە هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لێشاوی ئاوارەكان روویان لەو پارێزگایە كرد، ئەمە سەرەڕای قەیرانی داراییش. بە سوپاسەوە چەندین جار جەنابی سەرۆكی حكومەت و وەزیرە بەڕێزەكان هەوڵەكانی ئیدارەی دهۆك و پارێزگاری ئەو شارەیان بەرز نرخاندووە كە بە شێوەیەكی رێكوپێك خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانیان بۆ ئاوارەكان دەستەبەركردووە. ئەمانەش مایەی شانازییە بۆ دهۆك و بۆ قەزای شیخانیش، ئەو راستییەش دەسەلمێنێت كە هەم خەڵكی پارێزگاكە و هەم ئیدارەی پارێزگاكە هاوكار بوون و دەرگای ماڵەكانیان بۆ كردوونەتەوە و دەرگای شوێنە گشتییەكانیان بۆ كردنەوە. لەبەر ئەوە دڵنیام ئەمجارەشیان هەر بەو شێوە بەرزە هەڵسوكەوت دەكەن بۆ خزمەتكردنی ئاوارەكان. چونكە هەمیشە كورد لە رووی ئەخلاقی و مرۆییەوە هەڵوێستی نواندووە و رێگری لە هاتنی ئاوارە نەكردووە و داڵدەی داون، چ ئاوارەی ناوخۆیی بێت، یان پەناهەندەكانی دەرەوە.
حكومەتی عێراقی كەمتەرخەمە و لە ئاست چاوەڕوانییەكاندا نەبووە
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئاوارەكان چ بارگرانییەكیان بۆ هەرێمی كوردستان درووستكردووە و ئایا تا چەند حكومەتی عێراق بە هانای ئاوارەكانەوە هاتووە و وەك پێویست لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بووە؟ قایمقامی قەزای شێخان وتی: «باری سەرشانی حكومەتی هەرێم زۆر زۆر قورس بووە، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگیی زیاتر دەكات لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی باڵای ئاوارەكان و پێویستە دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریكا زیاتر هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بن، ئەم هاریكارییەش ئەركێكی مرۆییە لەسەر شانی نەتەوە یەكگرتووەكانە و حكومەتی عێراقیش لە رووی ئەخلاقییەوە ئەركی ئەوەی دەكەوێتەسەر هاوكاری ئاوارەكان بكات، چونكە ئەوانە خەڵكی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن، كەچی بەداخەوە هاوكاری حكومەتی عێراق نەك لە ئاستی پێویستدا نەبووە، بگرە زۆر لاوازیش بووە، چونكە لە كۆی نزیكەی 23 كامپی ئاوارە لە پارێزگای دهۆك حكومەتی عێراق تەنها چەند كامپێكی دروست كردووە، ئەویش تەنیا بە خێوەتگە دروستی كردوون، لە كاتێكدا ئەو كامپانەی حكومەتی هەرێك بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە بیانییەكان بە كابینە دروستكراون و خزمەتگوزاریەكانیش تێیاندا رێكوپێكتر دەستەبەر دەكرێت، وەك پەروەردە و بنكەی تەندروستی و پرۆژەكانی ئاو و كارەبا و تەنانەت قیرتاوكردنی شەقامی كامپەكانیش، بەڵام جێی داخە كە ئەوە زیاتر لە پێنج مانگە تەنیا بۆ یەكجاریش لەلایەن حكومەتی عێراقەوە خۆراك بۆ ئاوارەكان دەستەبەر نەكراوە، كە ئەوە كەمترین و سادەترین هاركارییە كە پێویستە بۆ ئاوارەكان دابین بكرێت. لەبەر ئەوە من دوو جار گلەیی لە حكومەتی عێراق دەكەم، یەكەمیان ئەگەرچی لە رووی ئەمری واقیعەوە كوردستان لە عێراق لێكترازاوە، بەڵام هەروەك بەشێك لە عێراق هەژمار دەكرێت و دواتر ئەو ئاوارانە لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون و ئەوە ئەركی ئەخلاقی و یاسایی ئەوانە كە خزمەتیان بكەن، بەڵام ئەوەتا دەبینین كە حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان ئەو ئەركە ئەخلاق و یاسایی و ئینسانییەیان گرتۆتە ئەستۆی خۆیان.»
هاوكاریی رێكخراوەكان
دەربارەی ئەوەی كامانەن ئەو رێكخراو لایەنانەی كە هاوكارییان بۆ ئاوارەكان دابینكردووە، سەردار شێخ یەحیا ئەوەی روونكردەوە كە: هیچ مانگێك نەبووە دەزگای خێرخوازی بارزانی چالاكی نەبووبێت بۆ دەستەبەكردنی هاوكارییەكان و بەردەوام خۆراك و كەلوپەلی ناوماڵیان بەسەر ئاوارەكانی سنووری قەزاكەماندا دابەش كردووە، ئەمە جێی دەستخۆشییە. هەروەها زۆرجار دەزگای روانگە چالاكی هەبووە، بە هەمان شێوە كونسوڵی ئیماراتی و مانگی سووری ئیماراتی بەردەوامن لە دابەشكردنی هاوكارییەكانیان. هەروەها سوپاسی مانگی سووری كوێتی و كونسوڵی كوێتیش دەكەین. واتە هاوكارییەكانی رێكخراوە بیانییەكان بەردەوامە، بەڵام هێشتا ئەم هاوكارییانە لە ئاست گەورەیی ژمارەی ئاوارەكاندا نین و ئێمە چاوەڕێی زیاتریان لێدەكەین، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئاوارەكان وەك پێویست خزمەت نەكرێن، ئەوا روودەكەنە وڵاتانی ئەوروپا و بارگرانی و كێشە بۆ ئەو وڵاتانەش دروست دەكەن، وەك ئەوەی لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەلجیكا بەدی دەكەین.»
پرسی پاراستنی پێكەوەژیان لە دوای هاتنی ئاوارەكان
سەبارەت بە پرسی پێكەوەژیان لەم قەزایەدا و چۆنیەتی پاراستنی ئەو پێكەوەژیانە لە دوای هاتنی ئەو ژمارەی زۆرەی ئاوارەكان قایمقامی قەزای شێخان وتی: «ئەگەر لە عێراقدا بە شێوەیەكی تیۆری باس لە پێكەوەژیان بكرێت، ئەوا لە كوردستان و بەتایبەتی پارێزگای دهۆك بە قەزای شێخانیشەوە بە عەمەلی بەدی دەكرێت. من لەم رووەوە سوپاسی خەڵكی شێخان دەكەم لە موسڵمان و ئێزیدی و مەسیحییەوە، بە دڵنیاییەوە مامۆستایانی ئایینی ئەو سێ ئایینە رۆڵێكی باڵایان هەیە، هەروەها ریشسپی و پیاوماقووڵانی ئەو سێ ئایینە رۆڵی سەرەكییان هەیە، هەروەها گەنج و لاو و كچ و كوڕی ئەم دەڤەرەش رۆڵی سەرەكییان هەبووە و تەنانەت خەڵكی دیكەشیان فێری پێكەوەژیان كردووە. بەدڵنیاییەوە لەم رووەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رۆڵی هەبووە بەتایبەتی جەنابی سەرۆكی هەرێم كە لە یادی كارەساتی شنگال لە دهۆك جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە نابێت كورد و كوردستان چاوی لە تۆڵەسەندنەوە بێت لە بەرامبەر ئەو كردەوانەی كە تیرۆریستانی داعش ئەنجامیان دا یان ئەو نەتەوانەی دیكە كە ستەمیان لە كورد كردووە و كیمیابارانیان كردوون و ئەنفالیان كردووە و دێهاتەكانی كوردیان وێران كرد و سووتاندنیان و هەوڵیانداوە پێشێلكاری بكەن بەرامبەر شەرەف و نامووسی خەڵكانی ئێمە، بەتایبەتی ئەوەی لە بەرامبەر خوشكانی ئێمە لە شنگال روویدا، بەڵكو تۆڵەكردنەوە دەبێت بە رزگاركردنی ئەو ناوچانە و ئاوەدانكردنەوەیان بێت، پێویستە ئێمە پارێزەری شەرەف و كەرامەتی خەڵكی دیكە بین و دەبێت رێز لەو كەسانە بگرین كە لەبەر هۆكاری ئەمنی هەڵاتوون و هانایان بۆ كوردستان هێناوە، ئەگەرچی لە رووی نەتەوەییشەوە كورد نەبن و عەرەب بن، دەبێت رێزی زیاتریان لێبگیرێت. كەواتە سیاسەتی حەكیمانەی حكومەتی هەرێم لە هاندانی پێكەوەژیاندا رۆڵ و كاریگەری هەبووە، هەروەها جێی شانازییە كە خەڵكی كوردستان خۆیشی هەوێنی دروستبوونی ئەو پێكەوەژیانە بووە.
ئازادكردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە داگیركراوەكان زەمینەی گەڕانەوەی ئاوارەكان فەراهەم دەكات
خاڵێكی دیكە كە شێخ سەردار شێخ یەحیا زۆر جەختی لەسەر كردەوە، پرسی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادەكراوەكان بوو، بەوەی كە دەبێت ئاوڕی جددی لێ بدرێتەوە و هەرلەو بارەیەوە وتی: «لە راستیدا پێویستە ئەو ناوچانەی ئازاد دەكرێت، ئاوەدان بكرێنەوە، ئەمەش خاڵێكی زۆر گرنگە، بەتایبەتی كە ئاوارەكانی سنووری ئێمە زۆربەیان لە خوشكان و برایانی ئێزیدین، چونكە ئێستا دەبینین كە شنگال ئازادكراوە، كەچی لە سەدا 99ی ئاوارەكانی ئەو دەڤەرە هێشتا لێرەن و لە كامپەكانن، واتە نەگەڕانەوەیان لەبەر ئەوەیە كە ناوچەكەیان ئاوەدان نەكراوەتەوە. هەروەها دروستكردنەوەی بیناكانیش بە تەنیا بەس نییە، بەڵكو دەبێت پرۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكرێت، وەك ئاو و كارەبا. ئەمەش پێویستە بە بودجەیەكی گەورە هەیە و لە توانای حكومەتی هەرێم بەدەرە، چونكە ئەوەتا دەبینین كە پرۆژەكانی حكومەتی هەرێم بەهۆی قەیرانی دارایی و رەوانەنەكردنی بودجەكەی لەلایەن بەغداوە راوەستاون. لەبەر ئەوە ئەركی حكومەتی عێراقە و دەبێت پەرلەمان بڕیاری تەرخانكردنی بودجەیەكی تایبەتی بدات و لە رێی پارێزگای دهۆك و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ناوچەیە ئاوەدان بكاتەوە. هۆكارێكی دیكە كە پێویستە حكومەتی عێراق هاوكارییان بكات، ئەوەیە كە لە رووی ئەخلاقی و یاساییەوە مولزەمن ئەم كارە بكەن، كەچی ئەوان لەگەڵ ئەوەی بوونەتە هۆكاری هاتنی شەپۆلێكی گەورەی ئاوارە لە موسڵ و ئەنبار و دیالە و سەلاحەدینەوە، ئەوا بودجەی ئەم هەرێمەشیان بڕیوە، ئایا بودجە لەسەر بنەمای دانیشتووان دابەش ناكرێت، ئەگەر وایە، ئەوا ئێستا دانیشتووانی دهۆك لە سەدا 100 زیادی كردووە، كەواتە هەر هیچ نەبووایە دەبوو حكومەتی عێراق بودجەی گەشەپێدانی پارێزگای دهۆكیان رەوانە بكردایە، بەتایبەتی كە لە سەدا 40 بۆ 45ی ئاوارەكانی دهۆك خەڵكی ئەنبار و موسڵ و ناوەڕاست و باشووری عێراقن. با هەر بودجەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئەو خەڵكانە رەوانە بكەن.»
پێویستبوونی پلانێك بۆ دوای ئازادكردنەوەی موسڵ
هەر سەبارەت بە پێویستی دانانی پلانێك بۆ دوای ئازادكردنەوەی موسڵ و گرنگی تەرخانكردنی بودجەی پێویست بۆ بووژاندنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، قایمقامی قەزای شێخان بەم شێوەیە پرسەكەیان باسكرد: «ئێستا كە ئامادەكارییەكانی گرتنەوەی موسڵ تەواو بووە و تەنیا ئەوە ماوە كە كاتژمێر سفر دابنرێت- كە ئەویش پێویستی بە رێككەوتنی سەربازی و سیاسی هەیە- ئەوا دەبێت لە ئێستاوە پلان و بودجە دابنرێت، نەك دوای ئەوەی شارەكە ئازاد بكرێت و ئێمە كاتێكی زۆر بكوژین بە گفتوگۆكردن لەسەر پلان و بەرنامەوەوە. چونكە دەبینین كاتێك سەرۆك بارزانی بەڵێنی بە خوشك و برا ئێزیدییەكان دا كە شنگال ئازاد دەكرێتەوە، ئەوا بەڵێنەكەی خۆی بردەسەر و ئەو شارە ئازاد كرا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی ئاوەدان نەكراوەتەوە، خەڵكەكەی ناگەڕێنەوە، لەبەر ئەوە ئێمە تەمەننای ئەوەمان دەكرد حكومەتی عێراق تۆزقاڵێك وەفای هەبووایە و رایبگەیاندایە كە چۆن سەرۆك بارزانی بەڵێنی ئازادكردنی ئەو ناوچەیەی داو و بەڵێنەكەشی بەدیهێنا، ئەوا ئێمەش بەڵێنی دابینكردنی بودجەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارە دەدەین. ئێستاش ناوچەی دیكەی كوردستانی لە دەروبەری موسڵ و دەشتی نەینەوا ماونەتەوە كە ئازاد بكرێن و كاتێك پشت بە خوا پێشمەرگە ئازادیان دەكاتەوە، دەبێت بیر لە ئاوەدانكردنەوەیان بكرێتەوە.
پێشمەرگە رۆڵێكی شەرەفمەندانەی لە پاراستنی ناوچەكەدا هەبووە
لەبارەی رۆڵی پێشمەرگە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان و دەڵنیاكردنەوەی خەڵكەكە، شێخ سەردار بە ستایشەوە رۆڵی پێشمەرگەی هەڵسەنگاند و وتی: «هەر لە سەرەتای دروستبوونی شەڕی داعشەوە، بە سوپاسەوە پێشمەرگە قارەمانەكان بە تایبەتی پێشمەرگەكانی میحوەری ناوەران و باشیك و تلسقۆف كە دەكەوێتە سنووری قەزای شێخان زۆر خۆڕاگرانە شەڕیان كرد و رۆڵێكی باڵایان هەبوو، ئێمە سوپاسی خەڵكی شێخانیش دەكەین كە هەموویان وەك پێشمەرگە هەڵسوكەوتیان كرد بە كچ و ئافرەتی ئەم سنوورەوە كە ئێستا لە میحوەرەكاندا بوونیان هەیە، كە هێزێكی هەیە لە سنووری میحوەری ناوەران كە تێكەڵن لە كچ و كوڕانی شێخان، كەواتە بوونی پێشمەرگە و پشتیوانی خەڵكی ئەم ناوچەیە بۆ پێشمەرگەكان بوونە هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش نەتوانن بێنە ئەم ناوچەیەوە.