مامۆستا عەبدولڕەحمان تۆفیق : بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا گیانی خۆی خستە مەترسییەوە بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت
August 18, 2016
دیمانەی تایبەت
مامۆستایانی ئایینی رۆڵی گرنگیان هەبوو لە رووبەڕووبوونەوەی هزری توندوتیژی داعش و پارێزگاریكردن لە خەڵكی كوردستان، هەرواش چاوەڕوان دەكرێت رۆڵیان لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هەبێت. بەمەش مامۆستایان و زانایانی ئیسلامی سەرقاڵی گەڕانەوەی پێگەیانن لەپرسە نەتەوەییەكاندا كە بە درێژایی مێژوو لە هەموو شۆڕشێكدا لە پێشەوەی چین و توێژەكان بوون. ئەمڕۆ كە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و ئومێدی بوون بە دەوڵەت نزیكە، مامۆستایانی ئایینی داوادەكەن هەموو لایەن و پارتە سیاسییەكان لەپێناو بەدیهێنانی ئەو خەونە گەورەیەی كورد یەكڕیز و یەكگرتوو بن. سەبارەت بەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی مامۆستا عەبدولڕەحمان تۆفیق پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی هەواری زانكۆ لە سلێمانی كرد كە شارەزایی لە هزری ئیسلامیدا هەیە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی هەواری زانكۆ لە سلێمانی:
قارەمانێتیی پێشمەرگە نەبوایە
نە خاكمان دەما نە ئایینمان، بۆیە ئەگەر پشتگیرییان نەكەین خوا ریسوامان دەكات
* ئێستا دەبینین كوردستان ناو و پێگەیەكی لەجیهاندا هەیە، بەتایبەتی كە نوێنەری ئەو هەموو وڵاتانە دێنە كوردستان و لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشوازییان لێدەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كورد ئەو قۆناخەی تێپەڕاندووە كە پشتگیری نێودەوڵەتی نەبێت، ئایا چەند گرنگە لە رێگەی ئێوەوە خەڵكی كوردستان بەم راستییانە ئاشنا بكرێن؟
- ئەم مەسەلەیە پێوەندی بە پرسی نەتەوەیی و كوردایەتییەوە هەیە و ماوەی 70 ساڵە خەبات و قوربانی دەدەین بۆ كوردایەتی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان. منیش و زۆربەی مامۆستایانی ئایینی لە گوتاری رۆژی هەینیماندا زۆر بایەخ بە پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەدەین و ئەم بایەخدانەشمان بە رادەیەكە كە زۆر كەم هەیە لە وتارەكانماندا ئاماژە بەم پرسە گرنگە نەكەین. من لەو باوەڕەدام میللەتی ئێمە ئەگەر موجازەفەش بكات لەسەر ئەم پرسە سوورە و دەوڵەتی سەربەخۆ رادەگەیەنێت، ئێستا باشووری كوردستان لە چاوەڕوانی ئەو هەنگاوە مێژووییەدایە، تەنانەت جێگای ئومێدی كوردەكانی رۆژهەڵات و باكوور و رۆژئاواشە، لە رووی نێودەوڵەتیشەوە پشتگیرییەكی بەرچاومان هەیە، بۆیە پشتیوان بەخوا رادەگەیەندرێت و دەرئەنجامێكی باشی دەبێت.
* لەئێستادا كوردستان لەلایەك بەرەو قۆناخێكی مەترسیدار هەنگاو هەڵدەگرێت، لەهەمان كاتیشدا بەرەو ئایندەیەكی ئومێدبەخش دەڕوات، كە ئومێد ئەوەیە بەرەو سەربەخۆیی و سەرفرازی بچین، ئایا تاچەند گرنگە پیاوانی ئایینی لەم پرۆسەیەدا رۆڵی پێشەنگ بگێڕن بۆ ئەوەی خەڵكی بە شێوەیەكی فراوان لەم پرۆسەیە بەشداری بكات؟
- بەدرێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، بە بەردەوام مامۆستایانی ئایینی هەموو چین و توێژێكی هۆشیار كردۆتەوە و جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە كورد مافی خۆیەتی بەرەو سەربەخۆیی و سەرفرازی بچێت، خۆشبەختانە تاكی كورد بەگشتی تاكێكی هۆشیارە لەناو هەموو ماڵێكی كوردا لە كۆن و نوێدا باسی سیاسەت كراوە، كورد بەپێكهاتە خۆڕسكەكەی سیاسەت دەكات، لەبەر ئەوەی كەوتووینەتە بەر ململانێی شارستانییەكان و جیهانەوە، بۆ نموونە رۆمەكان و بیزەنتیەكان، فارسەكان و رۆمەكان و دەوڵەتی ئیسلام و ئێرانی ئەوسا و چەندین شارستانی و ئیمپراتۆریەتی دیكە كە وایانكردووە كورد لەناو جەرگی ئەو ململانێیانە بووە، هەروەها نزیكبوونمان لە ئەوروپاوە بەتایبەتی كوردستانی باكوور كە وایانكردووە كورد پێگەیەكی گرنگی جوگرافیاشمان هەبێت، لەبەر ئەوە هەمیشە هەموو پرۆسەیەك مەترسیی خۆی هەبووە، بەڵام هەروەكو چۆن نوێژەكان و نوێژی هەینی و رەمەزان فەرزی عەینە و پێویستە هەموو موسڵمانێك بیكات، هەرواش پێویستە بە هەموومان بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی و پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتەكان و شێخانی تەریقەت و هەموو ئەوانەی خەڵكی گوێیان لێدەگرێت، باسی هوشیاریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی كوردستان بكەن، بەتایبەتی لە مزگەوتەكان كە زۆربەی خەڵكی ئێمە سوپاس بۆ خودا موسڵمانە و رووی تێدەكەن، زۆر تكایان لێدەكەین كە بەردەوام خەڵكی فێری كوردایەتی و خەمی بوون بەدەوڵەت بكەن. جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە مردن باشترە بۆ گەلێك كە هێشتا سەربەخۆ نییە و لەگەلانی دنیا دواكەوتبێت. ئێمە لەسەردەمی سەفەوییەكانەوە دابەش بووین، كاتێك شیعەی ئێران و سوننەی عوسمانی لە توركیا بووە بە شەڕیان ململانێكەیان لە هەرێمی كوردستان بووە و خاكەكەمانیان كردووە بە دوو بەشەوە و بە درێژایی ئاوی سیروان سنووریان جیاكردۆتەوە. بۆیە سەدان ساڵە ئێمە خەبات بۆ دەوڵەت دەكەین، دەیان كارەساتی گەورەی وەك ئەنفال و كیمیابارانمان بەسەردا هاتووە، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بووین و نابێت خوێنی ئەو قوربانییانە بە فیرۆبچێت و پێویستە سەربەخۆبین و بەردەوام یادی قوربانییەكانمان بكرێنەوە و رێزیان لێبگرین، ئێستاش دوای ئەو هەموو نەهامەتییە گەورەیە، هەر خاوەنی ئیرادەیەكی گەورەین و ئەوەتا لەبەردەم گەورەترین دەوڵەتی داعش راوەستاوین و بەرامبەر هەر دەوڵەت و سوپایەكی تریش دەوەستینەوە كە بێڕێزی بەرامبەر میللەتەكەمان و پیرۆزییەكانی بكات، میللەتی كورد ئامادەیە سنگی دەخاتە بەردەم گوللەی دوژمنان و دەبێتە قەڵغان بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان و میللەتەكەمان بە خۆشی و شادی بژی، هەر بە هۆی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش پێگەی كورد قورستر بووە و شاند و كەسایەتی و سەركردەكانی جیهان زیاتر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و بارودۆخەكە زیاتر لەبارە تەنانەت دوژمنەكانمان لە عێراق و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە لاواز بوون، هەر بۆیە پێویستە هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی خێراتر بكرێت، بڕوا بكەن زۆرجار بەرپرسان و كەسایەتییە جیهانییەكان وا بە بەرزی و گرنگی باسی پێشمەرگە دەكەن كە جێگای سەربەرزی ئێمەیە. هاتنە سەرخەتی جیهان و كاركردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەو ئاراستەیە جێگای رێز و تەقدیرە. رەنگە زۆرجار بپرسین بارزانی چۆن مەجالی پشوودانی هەیە لە پێشوازیی شاند و وەزیری بەرگری و ژەنەراڵە سەربازییەكان و سەركردەی وڵاتانەوە بۆ سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە، ئومێدیشمان زۆرە مەسەلەی ئاشتی و رێكخستنەوەی ناوماڵی كورد هەنگاوی زیاتری بۆ بنرێت و دامودەزگاكانی پەرلەمان رێكبخرێتەوە، ئەمانە هەمووی بەیەكەوە هەنگاوی بۆ بنرێت، بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی زیاتر بچێتە پێشەوە.
* لە ئێستادا یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی گەلی كوردستان بۆ بڕیاری چارەنووسساز زۆر گرنگە، بەڵام هەندێك لایەنی سیاسی لەكاتێكدا ئەم دەرفەتە مێژووییە هاتۆتەپێشەوە، كەچی خەڵكی سارد دەكەنەوە بەوەی كاتی سەربەخۆیی نییە، ئەگەر كاتی سەربەخۆیی نەبێت، كاتی ژێر دەستەییش نییە؛ ئایا تاچەند گرنگە هەموو هەوڵەكان بۆ یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان بخرێتەگەڕ؟
- رەنگە ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی كە دەڵێن جارێ كاتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی نییە، بۆچوونی خۆیان لەمبارەیەوە هەبێت؛ باسكردنی برسێتی خەڵك و ماندووبوون و قەیرانی دارایی و دۆخە ناسەقامگیرەكەی ناوخۆ بهێنرێتە پێشەوە، لەكاتێكدا بەپێچەوانەوە ئێستا هەلومەرجێكی باشە بۆ ئەوەی هەموو ئەو بارودۆخە تێپەڕێنین و لە مەسەلەی بەدەوڵەتبوون یەكهەڵوێست بین، مەسەلەی جیابوونەوە لە عێراق و مانەوە لەناو ئەو دەوڵەتەی بە زۆر پێوەی لكاوین، با بۆ ئیرادەی خەڵكی بەجێبهێڵین كە بە تەئكید هەر دەوڵەتی سەربەخۆیان دەوێت، چونكە باوك و باپیرانیان سەدەیەكە بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونە تێدەكۆشن. شێخ مەحمودی حەفید و قازی محەمەد و مەلا مستەفا بارزانی و تا ئێستاش كە ئەم كوردە خوێنی دەڕێژێت لەم پێناوەدا بووە، ئێستاش كە خاوەنی ئەو هەموو سیاسییەین، دەبووایە نەك بۆ دەوڵەت تێبكۆشین، بۆ ئیمپراتۆریەتێك تێبكۆشین، واتا هەر دەبێت دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت.
* مامۆستایانی ئایینی بە درێژایی مێژوو رۆڵی كاریگەریان هەبووە لە پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە و هاندانیان بۆ بەرگری لەكوردستان، لە ئێستاشدا پێشمەرگە زیاتر لە 1000 كیلۆمەتری بەرەی شەڕی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش هەیە، ئایا تاچەند ئێستا بەرگری پێشمەرگە لەكوردستان جێگەی بایەخی ئێوە بووە؟
- پێشمەرگە لای ئێمەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام، واتا بوونی ئێمە و مانەوەی ئایینی ئێمە، ئاسایش و خۆشییەكانی گەلەكەمان لەسایەی ئەواندایە، واتا پێشمەرگە بریتییە لە ژیانی نەتەوەی كورد، بەدەگمەن پێشنوێژ و وتارخوێنێك هەبێت دوعای بۆ پێشمەرگە نەكردبێت، هەر كەسێكیش نەیكردبێت، جێگای سەرنج و لێپرسینەوەیە. بە بەردەوامی دەیان مامۆستا و زانای ئایینی ئیسلام لە بەرەكانی شەڕ پێشنوێژییان كردووە و لە رەمەزان و بۆنەكاندا سەردانی سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕیان كردووە و دوعایان بۆ پێشمەرگە كردووە، تەنانەت پیتاكمان بۆ پێشمەرگە كۆكردۆتەوە و لە بەرنامەكاندا پێوەندییان پێوەكردووین و هانمان داون بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركە پیرۆزە، زۆر جار لە خۆشەویستی پێشمەرگەدا وتارەكانمان بووە بە وتاری تایبەت بە پێشمەرگە. سەیركەن شەڕی داعش بەو جۆرەیە بچێتە هەر شارێك كاولی دەكات و هەرهەمووی دەڕووخێت و دەسووتێت و تاڵان و وێران دەكرێت ئەمەمان لە كۆبانی و شنگال و رومادی و تكریت و فەلوجە بینی، پێشمەرگە رێگەی لەو هەموو دز و تاڵانچی و پیاوكوژ و ژنڕفێن و نامووس پیسانە گرتووە، وەلاهی داعش بگەیشتایەتە كوردستان نە ئایین و نە ویژدان و نە مرۆڤایەتی نەدەما، بۆیە بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین، شەو و رۆژ پشتگیری برا پێشمەرگەكان بكەین و ئەگەر لەگەڵ ئازاری ماڵە شەهیدەكانی پێشمەرگە و منداڵەكانیان نەبین، خودا ریسوامان دەكات.
* دەتوانین لە رووی ئایینییەوە بڵێین داعش شەڕی بە گەلێكی موسڵمان فرۆشتووە و كافرە؟
- من پێڵاوی كافرێكی باش كە بۆ گەلەكەم باش بێت، ناگۆڕمەوە بە ئیسلامێك كە زیانی بۆ گەلەكەم هەبێت و هەڕەشەی لەناوبردن و دەستدرێژی بۆ كەرامەتمان بكات. زانایان لە مێژوودا وتوویانە لە زەمانی جەلالەدینی رۆمی و دەیان زانای گەورەی تری ئیسلام ئەم قسەیەیان لێ نەقڵ كراوە (خوای گەورە دەوڵەتی عەدالەت راگیردەكات، با كافیریش بێت، دەوڵەتی ستەمكار راگیر ناكات و لەناوی دەبات، با ئیسلامیش بێت)، من دراوسێیەكی كافری باشم هەبێت لەگەڵ موسڵمانێكی زیانمەندا كامیان باشترە؟ هەر لای خوا و خۆشم ئەمجۆرە كافرە چاكترە، من خۆم لە وتاری هەینیدا لە گەرمەی شەڕی داعشدا وتم بەرماڵی بەسەر ئاودا بگەڕێ و پێنج فەرزە نوێژ لە مزگەوت بكات و دوانزدە مانگە بەرۆژوو بێت، كە هاتە سەر خاكەكەم دەیكوژم، ئەمە خوا فەرموویەتی: (فمن اعتدى عليكم فاعتدوا عليه بمثل ما اعتدى عليكم) ئەو دێت تاڵانت دەكات و دەتكوژێت و نامووسمان دەبات، من چۆن نایكوژم و چاوی دەرناهێنم و نایتۆقێنم (وأعدوا لهم ما استطعتم من قوة ومن رباط الخيل ترهبون به عدو الله وعدوكم)، خوای گەورە كە ئەمە دەفەرموێت بۆ ئەم كاتەیە، داعش نازانێت بۆ كێ شەڕ دەكات و بۆچی دەیكات، ئەو بەچكە موسڵمانە سەرلێشێواوەی لەناو داعشدایە بەكرێگیراوە و بۆ خەڵكی بیانی شەڕدەكات و بەكریگیراوی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتە و دەیان وڵات پشتگیری ئەو گروزوپە تیرۆریستە سەرلێشێواوە دەكەن و بەكاری دەهێنن، ئێمە دەبێت بزانین ئەم داعشە فیتنەیەكی جیهانییە، چەندین ملیۆن كەسی ستەملێكراوی هەرێمی كوردستانین كە هێرشمان دەكەنە سەر و زیانمان پێ دەگەیەنن و ئومێدی سەدان ساڵەمان لەناو دەبەن، چون رووبەڕوویان نەبینەوە؟ سوپاس بۆ خودا پێشمەرگە بوو بەو هێزە ئازا و قارەمانەی كە لە بری جیهان شەڕی كردو سەركەوت و ناوبانگی خۆی و هەموو هەرێمەكەی بەرزكردەوە. من لێدوانی ئەو پێشمەرگەیەم لەبیر ناچێتەوە كە وتی داعش ئەگەر پیاوە با لەپشتەوە خەنجەرم لێنەدات و بێت بە هەمان چەكی من لەپێشەوە رووبەڕووم ببێتەوە، بەپێچەوانەی هێزەكانی تری عێراق كە ئەو هەموو چەك و جبەخانەیەیان بەجێهێشت و هەموومان بینیمان حەشدی شەعبی گوندی بەشیری بۆ نەگیرایەوە تا پێشمەرگە نەجووڵا. ئەگەر كابرا لەناو داعش بەرگی كەعبەی لەخۆی بێچابێت و كوڕی شەریفی مەكە بێت، زوڵمم لێ بكات، ناوچاوی خوێناوی دەكەم، داعش پرۆژەیەكە هەموو دینێكی تێدایە و گەمەیەكی جیهانییە لەم ناوچەیەدا دەبێت زۆر بەتوندی رووبەڕووی ببینەوە. ئەمە بۆچوونی سەدان مامۆستا و زانای موسڵمانی كوردە.
* بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە چ رۆڵێكی هەبوو لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئایا ئێوە وەكو مامۆستایانی ئایینی ئەم رۆڵەی بەڕێزیان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- رۆڵی جەنابی بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەركەوتنەكانی پێشمەرگە دیار و لەبەرچاوە. وەكو مامۆستایەكی ئایینی ئەو رۆڵەی بەرز دەنرخێنم، سەركەوتنەكانی رزگاركردنی شەنگال و بوونی لە شەڕەكانی ناوەران و مەخمورو خازر و كەركووك و زۆر ناوچەی تری شەڕ بەشێوەیەك بوو لە زاری هەندێك لەو سەركردە سیاسییانە بیستم كە سەردانی بەڕێزیان كرد لە بەرەكانی شەڕ وتیان پێمان وتووە كاكە تۆ لەم نزیكانەی شەڕ مەترسیت دەكەوێتەسەر و ماندوویت، بە راستی ئەمە هیمەتێكی گەورەیە و ئەمە راستە، هەڵە ئەوەیە براگەورە لەئاسمان بێت و خەڵكە هەژار و بەشمەینەتیەكەش لەخاكدا بێت. هەڵە ئەوەیە ئەوان لە ئاسماندا بن و خەڵك لە رێسماندا بن، ئەگەر هەر كاتێك سەركردەكانمان لە پێشەوە بوون، میللەتیش دوایان دەكەوێت، ئەمە كارێكی گەورە و ئیشێكی باشە مەسەلەی بەرگریكردن لە كوردستان و خەمخواردنی كارێكی گەورەیە هەركەسێك بیكات، دەینرخێنین و جێگای دەستخۆشی و شانازیشە، ئومێدمان وایە هەمان رۆڵیش لە ئاشتەوایی و یەكخستنی نێوماڵی كورد ببینێت. بۆ ئەوەی یەكڕیز بین و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین.