موحسین دزەیی : لە فیكری مستەفا بارزانی دا پارتی ئامرازێكە بۆ رێكخستن و یەكخستنی تواناكانی گەلی كوردستان

موحسین دزەیی : لە فیكری مستەفا بارزانی دا  پارتی ئامرازێكە بۆ رێكخستن و یەكخستنی تواناكانی گەلی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەمین حزبی سیاسیی كوردستانی نییە، بەڵام یەكەمین حزبە كە بووە چادرێكی گەورە بۆ كۆكردنەوەی بەشی زۆری حزبە سیاسییەكان و كەسایەتییە ناسراوەكان و تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، هەروەها یەكەمین حزبی سیاسی بووە لە كوردستاندا كە سەركردایەتییەكەی رەنگدانەوەی تەواوی جوگرافیای كوردستان بووە، هەر بۆیە وێڕای ئەوەی لە سەردەمێكدا پارتی دامەزرا كە نائومێدییەكی گەورە باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجی بارزانی مستەفا لە دامەزراندنی ئەم پارتە یەكخستن و رێكخستنی تواناكانی گەلی كوردستان بوو بۆ مقاوەمەت و قوربانیدان لە پێناوی مافە رەواكانی كوردستاندا، بووە چادرێكی گەورە و جیاوازییەكی پارتی لەگەڵ هەر حزبێكی دیكەی سیاسی لە كوردستان و تەواوی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ئەوەیە، پارتی تەنیا حزبە كە نەیویستووە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو بەسەر گەلی كوردستاندا فەرز بكات، بەڵكو هەمیشە بەرنامە و پڕۆگرامی پارتی رەنگدانەوەی جیاوازییە سیاسییەكان و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی كوردستان بووە، هەر ئەمەش وایكردووە ئەمڕۆ كە یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی ئەم پارتە دەكەینەوە، هێشتا جێگەی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە. بۆ قسەكردن لەسەر هەوراز و نشێوەكانی ئەم پارتە شۆڕشگێڕە، ئەم دیدارە تایبەتەمان لەگەڵ موحسین دزەیی دیپلۆماتكار و سیاسەتمەداری ناسراوی كوردستان ئەنجامدا و بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
پارتی دیموكراتی كوردستان یەكەمین حزبی سیاسیی كوردستانی نییە، بەڵام یەكەمین حزبە كە بووە چادرێكی گەورە بۆ كۆكردنەوەی بەشی زۆری حزبە سیاسییەكان و كەسایەتییە ناسراوەكان و تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، هەروەها یەكەمین حزبی سیاسی بووە لە كوردستاندا كە سەركردایەتییەكەی رەنگدانەوەی تەواوی جوگرافیای كوردستان بووە، هەر بۆیە وێڕای ئەوەی لە سەردەمێكدا پارتی دامەزرا كە نائومێدییەكی گەورە باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجی بارزانی مستەفا لە دامەزراندنی ئەم پارتە یەكخستن و رێكخستنی تواناكانی گەلی كوردستان بوو بۆ مقاوەمەت و قوربانیدان لە پێناوی مافە رەواكانی كوردستاندا، بووە چادرێكی گەورە و جیاوازییەكی پارتی لەگەڵ هەر حزبێكی دیكەی سیاسی لە كوردستان و تەواوی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ئەوەیە، پارتی تەنیا حزبە كە نەیویستووە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو بەسەر گەلی كوردستاندا فەرز بكات، بەڵكو هەمیشە بەرنامە و پڕۆگرامی پارتی رەنگدانەوەی جیاوازییە سیاسییەكان و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی كوردستان بووە، هەر ئەمەش وایكردووە ئەمڕۆ كە یادی 70 ساڵەی دامەزراندنی ئەم پارتە دەكەینەوە، هێشتا جێگەی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستانە. بۆ قسەكردن لەسەر هەوراز و نشێوەكانی ئەم پارتە شۆڕشگێڕە، ئەم دیدارە تایبەتەمان لەگەڵ موحسین دزەیی دیپلۆماتكار و سیاسەتمەداری ناسراوی كوردستان ئەنجامدا و بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.





* جەنابی بارزانی نەمر لەساڵی 1943 یەكەمین شۆڕشی نەتەوەیی كوردستانی بەرپاكرد، كە ئەویش شۆڕشی دووەمی بارزان بوو، بێ ئەوەی بیر لە دامەزراندنی پارتێكی سیاسی بكاتەوە، ئایا بۆچی دوای شۆڕشی بارزان و بەشداریكردنی لە كۆماری كوردستان دامەزراندنی پارتیی بە پێویستییەك زانی؟

- پێش شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵی 1943 و بەرلەوەی مەلا مستەفا بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، دوور خرابووەوە بۆ باشووری عێراق، بەڵام پاش گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، ئەوكات حزبی كوردی هەبوون كە دیارترینیان حزبی هیوا بوو، جەنابی بارزانی پێوەندی لەگەڵ حزبی هیوا هەبوو، هەر بۆیە پاش ئەوەی لە سلێمانییەوە گەڕایەوە بۆ بارزان و شۆڕشی هەڵگیرساند، ئەو ئەفسەرانە پێوەندییان پێوەكرد كە ئەندامی حزبی هیوا بوون، پێیان دەگوتن (ضباط الارتباط)، دیارە حكومەتی عێراق هەوڵیدا لە ساڵانی 1944 و 1945 وتووێژ لەگەڵ شۆڕشی بارزان بكات، داواكارییەكانی شۆڕشی بارزان، شێوە ئۆتۆنۆمییەك بوو بۆ هەموو باشووری كوردستان، لەو یەك دوو ساڵەدا كە شەڕی دووەمی جیهانی لەئارادا بوو، حكومەتی عێراق وای پیشاندەدا كە بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ شۆڕشی بارزان رازییە، بەڵام پاش ئەوەی لە 1945 شەڕی دووەمی جیهانی كۆتایی هات و دیسان شەڕ لە نێوان شۆڕش و حكومەت دەستی پێكردەوە، ئەو ئەفسەرانە چوونە ناو شۆڕش، لەم كاتەشدا لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە مهاباد كۆماری كوردستانیان راگەیاندبوو، بۆیە بارزانی و هەڤاڵەكانی بڕیاریاندا بچن بە هانای كۆماری كوردستانەوە و بوونە هێزی سەرەكیی پاراستنی ئەو كۆمارە، هەر لەو كاتەدا لەساڵی 1945 حزبی دیموكراتی كوردستان لە رۆژهەڵات دامەزرا، لە باشووری كوردستانیش حزبی هیوا تەواو لاواز بوو، هەندێك حزبی دیكە هەبوون وەك شۆڕش و رزگاری و كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد و كۆمەڵەی داركەر، بۆیە لەساڵی 1946 جەنابی بارزانی بیری لەوە كردەوە كە حزبێكی سیاسی لە باشوور دروست بكرێت بۆ ئەوەی هەموو حزبەكان و سەرۆك هۆز و كەسایەتییە سیاسییەكان كۆبكاتەوە و ئەم حزبە ببێتە فاكتەرێك بۆ رێكخستن و كۆكردنەوەی كورد لە ژێر یەك رەشماڵدا، بۆ ئەمەش داوای كرد كە ئەو حزبانە وتووێژ بكەن و خۆیان ئامادە بكەن بۆ كۆنگرەیەك بۆ ئەوەی پارتی دیموكراتی كورد رابگەیەندرێت (لەبەر ئەوەی لە سەرەتادا پارتی دیموكراتی كورد بوو، نەك پارتی دیموكراتی كوردستان) لەم كۆنگرەیەدا مەلا مستەفا بە سەرۆكی پارتی و هەر یەك لە شێخ لەتیفی حەفید و كاكە زیادی كۆیە وەك جێگرانی سەرۆك دیاری كران و هەمزە عەبدوڵا-ش بووە سكرتێری پارتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەڵبژێردران، دیارە جیاوازی دامەزراندنی پارتی لەگەڵ هەر حزبێكی دیكەی پێشووی كوردستان ئەوە بوو، سەركردایەتی پارتی، رەنگدانەوەی هەموو ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بوون، بۆ یەكەمجار بوو حزبێك دابمەزرێت كە سەركردایەتییەكەی هەموو جوگرافیای كوردستان لەخۆی بگرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە بیركردنەوەی جەنابی مستەفا بارزانی لە دامەزراندنی پارتی بۆ یەكخستن و یەكگرتنەوەی نێوماڵی كوردستان بووە و بۆ ئەوە بوو كورد لە پارچە پارچەیی و ناوچەگەری رزگار بكات و قۆناخێكی نوێی خەباتی كوردستانی گشتگیر دەست پێبكات.



* ئەم تێڕوانینەتان بۆ بیركردنەوەی بارزانی لە حزبی سیاسی، ئەوەمان پێدەڵێت، جەنابی بارزانی ئامانجی لە دامەزراندنی پارتی بەرەیەك بووە بۆ كۆكردنەوەی تەواوی كوردستانییەكان، نەك ئامانجی ئەوە بووبێت حزبێك دروست بكات و پاشان خەڵك لە دەوری ئەو حزبە كۆبكاتەوە، ئایا لەمبارەوە بۆچوونت چییە؟

- بیركردنەوەی سەرەكیی بارزانی-ی نەمر تەنیا بیركردنەوە بوو لەوەی كە چۆن هەموو كورد و كوردستانییەكان پێكەوە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی خەبات بكەن بۆ ئەوەی كورد ببێتە خاوەنی كیانی خۆی و بە مافەكانی خۆی بگات، ئەم بیركردنەوەیەشی تەنیا بۆ باشوری كوردستان نەبوو، بەڵكو بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان بوو، لەگەڵ كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی هەر چوار پارچەی كوردستانیش پێوەندی هەبوو، ئەمەش مانای ئەوەیە چەمكی حزب لای مستەفا بارزانی بەو جۆرە نەبووە كە حزبێك دابمەزرێت و ئەم حزبە ئایدیۆلۆژیەتێكی دیاریكراو بەسەر خەڵكدا فەرز بكات، یان ئەوەی حزبەكان پێی دەڵێن تەسقیفی خەڵك بكەن بۆ ئەوەی خەڵك هان بدەن بۆ ئەوەی پێوەندی بە حزبەكەوە بكەن، نەخێر، لە بیركردنەوەی مستەفا بارزانی- دا، ئەمە تەواو پێچەوانەیە، لەبەر ئەوەی چەمكی حزب لای جەنابی بارزانی بەوجۆرە بوو، چۆن حزب بتوانێت رایەڵەیەكی بەهێز لە نێوان سەرجەم بیروبۆچوونە جیاوازەكان و پارچەكانی دیكەی كوردستان و سەرجەم كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی كوردستان دروست بكات، هاوكات لەگەڵ ئەوەدا بوو تایبەتمەندی هەر پارچەیەكی كوردستان وەك خۆی بپارێزرێت. لێرەدا جێگەی خۆیەتی بۆ نەوەكانی ئێستا ئاماژە بەوە بكەم، بۆچوونی بارزانی بۆ شۆڕش و حزب بەو جۆرە بوو، كاتێك كورد شۆڕش دەكات، پێویستە حزبێكی هەبێت و ئیدارەی ئەو شۆڕشە بەڕێوە بەرێت و جۆرێك لە رێكخستن و ئیدارەیەكی سەركەتوو بۆ ئاراستەكردنی شۆڕش و بەڕێوەبردنی ناوچە ئازادكراوەكان دروست بكات، ئەمەش بەو مانایەی لای مستەفا بارزانی، حزب ئامرازێكی پێویست بووە بۆ ئەركی خۆی كە رێكخستن و بەڕێوەبردنی شۆڕش بووە، نەك حزب ئامانجێك بێت .

* دیاره‌ له‌ دوای دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ماوه‌یه‌ك باردۆخێك دروست بوو كه‌ كۆماری كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵات رووخا، بارزانی و هه‌ڤاڵه‌كانی ناچاربوون كاروانه‌ مێژووییه‌كه‌یان بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ ئاوی ئاراس و چوون بۆ سۆڤیه‌ت ده‌ست پێبكه‌ن، ئایا له‌م ساته‌وه‌خته‌ سه‌خت و نائومێده‌دا، پارتی بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد چ مانایه‌كی هه‌بوو؟



- ئەو سەردەمەی پارتی دامەزرا، نائومێدی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، ئەوجا لەبەر ئەوەی دامەزراندنی پارتی میكانیزمێك بوو بۆ یەكخستنەوە و رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد، بووە سەرچاوەیەكی ئومێد بۆ رەواندنەوەی ئەو نائومێدیە، جەنابی بارزانی كە چووە سۆڤیەت بەو نییەتە چوو لەوێ بازنەی خەباتی باشوور و رۆژهەڵات پێكەوە گرێبداتەوە، بەڵام شانسی ئەو كاتێك چووە باكۆ ئەوكات باقرۆف سەرۆك كۆماری ئازەربایجان بوو، باقرۆف زۆر دژی كورد و شەخسی بارزانی بووە، بۆیە وایكرد كە هەڤاڵەكانی بارزانی هەر چەند كەسێك و بۆ شارێك دووربخاتەوە، ئەم بارودۆخە بەو جۆرە بوو هەتا ستالین مرد و پاشانیش باقرۆف لە سێدارە درا، ئەگەر بارودۆخی ئەوێ لە بار بووایە، هەر لەوێوە جەنابی بارزانی خەباتی ئەو دوو بەشەی پێكەوە گرێدەدایەوە، لێرەدا دووبارە گرنگە هەڵوەستە لەسەر ئەم تێڕوانین و بۆچوونەی جەنابی بارزانی بكەینەوە، ئەویش ئەوەیە جەنابی بارزانی هەموو ئومێدێكی لە یەكڕیزی و یەكگرتوویی نێوماڵی كورد دەبینی، تەنانەت بەرامبەر جاشەكانیش لێبووردە بوو، من خۆم لێم بیستووە و جارێكیان پێی گوتم: (ئەگەر شۆڕش سەرچاوەیەكی دارایی هەبوایە و بمانتوانیایە مووچەی ئەو جاشانە بدەین، ئەوا ئەوان هەموویان دەهاتنە ناو شۆڕش، چونكە بەشی هەرە زۆریان كە دوای ئەو سەرۆك جاشانە كەوتبوون، لە ناچاری و برسێتیدا دوایان كەوتبوون). كەواتە ئەمە پێمان دەڵێت لای بارزانی نەمر یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی و یەكخستنی نێوماڵی كورد لە سەرووی هەموو شتێك بووە و پارتیشی هەر بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە.



* ئاشكرایە لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو و دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و دروستبوونی شەڕی سارد و دوو جەمسەری لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، بیرۆكەی جیهانی سێهەم هاتەئاراوە، ئەوە بوو لە كۆنگرەی باندۆك بناخەی رێكخراوی دەوڵەتانی جیهانی سێیەم وەك بێلایەنێك لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا راگەیەندرا، دیارە بارزانی مستەفا پشتگیری كۆنگرەی باندۆكی كرد، ئایا ئەم پشتگیرییە بە بۆچوونی تۆ لەسەر چ بنەمایەك بووە؟

- ئەو سەردەمە كە شەڕی سارد دروست بوو، جیهان دابەش ببوو بە سەر دوو جەمسەردا، ئەو دەوڵەتانەشی كە تازە سەربەخۆییان وەرگرتبوو، دەیانویست رێكخراوێكیان هەبێت سەر بە هیچ كام لەم دووجەمسەرە نەبێت، سۆڤیەتیش پشتگیری دامەزراندنی وڵاتانی بێلایەنی دەكرد، دیارە ئەو كات ململانێی توندی نێوان ئەو دوو جەمسەرەی كۆمونیست و رۆژئاوا، پرسی گەلانی وەك ئێمەی پشتگوێ خستبوو، جەنابی بارزانی بەوجۆرە سەیری ئەم رێكخراوە تازەیەی دەكرد كە ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كێشەی كورد لەو پشتگوێخراوییە رزگار بكات، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش لەگەڵ ژمارەیەك لە دامەزرێنەرانی ئەو رێكخراوە دۆستایەتی پەیدا كرد، كە یەكێك لەوانە جەمال عەبدولناسر-ی سەرۆكی میسر بوو كە بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی رێكخراوی وڵاتانی جیهانی سێیەم، یان دەوڵەتانی بێلایەن دادەنرێت، ئەو پێوەندییەی جەنابی بارزانی لەگەڵ عەبدولناسر دروستی كرد، دوای ئەوەی لە سۆڤیەت گەڕایەوە و شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێكرد، رەنگدانەوەی هەبوو و میسر لە سەردەمی ناسر پێشوازی لە شاندی شۆڕشی كوردستان كرد.



* لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول بوویت بە پێشمەرگە، ئایا كاتێك بوویت بە پێشمەرگە پێوەندی نێوان شۆڕش و حزب چۆن بوو؟

- من لە ساڵی 1963 بووم بە پێشمەرگە، ئەو كات من ئەندامی پارتی نەبووم، تەنیا لایەنگیر بووم، ئەو ناوچەیەی كە بۆی چووم لە دەوروبەری كۆیە بوو، لەو ناوچەیە باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی دەسەڵاتیان هەبوو، عومەر دەبابەی خوالێخۆشبوو لەوێ بوو، هەر دوای یەك دوو هەفتە بۆم دەركەوت كە لە نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بارزانی-دا جۆرێك لە ناكۆكی هەیە، من ئەو ساردی و ناكۆكییەم پێ ناخۆش بوو، چونكە دەمزانی بە زیانی كورد تەواو دەبێت، لە ماوەی ساڵی 1964 كاتێك شۆڕش وتووێژی لەگەڵ حكومەتی عەبدولسەلام عارف دەست پێكرد، ناكۆكییەكە زۆر زیاتر تەشەنەی كرد، سەرەنجامیش دوژمن قازانجی لێكرد و پاشانیش هەموو لایەك هەستیان كرد كە نەدەبوو ئەو ناكۆكی و لێكترازانە رووبدات، بۆ ئەمەش من بەسەرهاتێك دەگێڕمەوە، لە ساڵی 1991 بۆ یەكەمین جار تۆركۆت ئۆزال سەرۆك كۆماری توركیا داوەتی فەرمی بەڕێزان سەرۆك بارزانی و مام جەلالی كرد بۆ توركیا، ئەو كات سەرۆك بارزانی لە ناوەوەی وڵات سەرقاڵی بەرەی كوردستانی بوو، بۆیە منی راسپارد لەگەڵ مام جەلال بچینە ئەو دیدارە، ئەوكات مام جەلال لە سووریاوە هات بۆ توركیا، پاش ئەوەی ئەو دیدارەمان لەگەڵ توركۆت ئەنجامدا، لەگەڵ مام جەلال گەڕاینەوە بۆ سووریا لەبەر ئەوەی لەو كاتە كۆنگرەیەكی ئۆپۆزسیونی عێراقی هەبوو لە لوبنان بۆ ئەوەی بچینە ئەوێ و بەشداری بكەین، لە رێگە من و مام جەلال لە یەك ئۆتۆمبێلدا بووین، قسە و باس كرا سەبارەت بە ناكۆكییەكانی ناوشۆڕش، لەو كاتەدا مام جەلال پێی گوتم: (من قەت نەمویستووە پێوەندیم لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی تێكبچێت.) رووی كردە من و پێی گوتم: (ئەزانی كێ زۆر سوور بوو لە سەر ئەوەی ئەو پێوەندییە تێكبچێت؟ لە وەڵامدا وتی: (مامۆستا برایم ئەحمەد و كاك نوری شاوەیس) . بەڵام دوای ساڵی 1964 كاك نوری شاوەیش هاتەوە لای بارزانی، بەڵام ئیبراهیم ئەحمەد لەسەر عینادی خۆی بەردەوام بوو، بۆیە ئەو لێكترازانەی 1964 شتێكی شەخسی بوو .



* ئایا جەنابی بارزانی نەمر چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو رووداوە كرد، ئایا نەدەكرا پێش بەو لێكترازانە بگیرێت؟

- جەنابی مەلا مستەفا زۆری پێناخۆش بوو ماڵی كورد لێكترازانی تێدا دروست بێت، بەڵام ئەوەندەی من بزانم پێشتر دەكرا رێ لەو لێكترازانە بگیرێت، ئەگەر یەك دوو كەس هەبوون دووربخرانایەوە، یەكەمیان برایم ئەحمەد كە سكرتێری پارتی بوو، دووەمیان مەلا عەبدوڵا بوو كە ناسراو بوو بە (مەلا ماتۆر)، ئەگەر ئەو دووكەسە دووربخرانایەوە، ئەو لێكترازانە دروست نەدەبوو، پاشانیش كە ئەو لێكترازانە روویدا، مەلا مستەفا بڕیاریدا كۆنگرەی شەشی پارتی گرێبدرێت، بۆ ئەو كۆنگرەیە داوای لێكردن بابێن كێشەكانی خۆیان لەناو كۆنگرەی شەش باس بكەن، بەڵام ئەوان گوتیان ئەو كۆنگرەیە شەرعییەتی نییە و نایەن، بەڵام من لێرەدا پرسیارێكم هەیە، ئەویش ئەوەیە كە لە ساڵی 1959 كاتێك بەشێك لە سەركردایەتی پارتی هەوڵی ئەوەیاندا پارتی بەرەو حزبی شیوعی بەرن، برایم ئەحمەد و ئەوان هاتنە لای بارزانی شكاتیان كردو، بارزانی ئەوانەی دوور خستەوە و برایم ئەحمەدی كرد بە سكرتێری پارتی، بۆچی ئەو ئاڵۆگۆڕە ئەوكات شەرعییەتی هەبووە، بەڵام لای ئەوان كۆنگرەی شەش شەرعییەتی نەبووە؟



* باشە وا نەهات بۆ كۆنگرەی شەش، ئایا بۆ دوای ئەوە بۆ یەكەمجار شەڕی براكوژی دروست بوو؟

- بێگومان كە ئەوان نەهاتن بۆ كۆنگرەی شەش، كۆنگرە سەركردایەتییەكی تازەی هەڵبژارد و مامۆستا حەبیب محەمەد كەریم بە سكرتێری پارتی هەڵبژێردرا، دوای كۆنگرە، داوا لە باڵی مەكتەبی سیاسی كرا، ئەوەی لایانە تەسلیمی مەكتەبی سیاسی تازەی بكەن، بەڵام ئەوان تەسلیمیان نەكرد، دیارە ئەو كات مەكتەبی سیاسی لە ناوچەی ماوەت بوو كە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران، ئەو كەلوپەل و شتانەی لە رێگەی ئێرانەوە بۆ شۆڕش دەهات، هەمووی لای مەكتەبی سیاسی بوو، مەكتەبی سیاسی هەندێك شتی دەنارد بۆ بارزانی، بۆیە شۆڕش ناچار بوو بۆ وەرگرتنەوەی موڵكی شۆڕش پەنا بۆ هێز بەرێت، ئەوان كران بە دیوی ئێراندا، بەڵام ئێران هاریكاری دەكردن و یەك دوو جار بە هاوكاری ئێران هێرشیان كردەوە بۆ سەر شۆڕش، بۆیە بارزانی هەڕەشەی ئاراستەی شای ئێران كرد، ئەگەر هاریكاری ئەوان بكات، بۆ ئەوەی لە ئێرانەوە هێرش بكەنە سەر شۆڕشی كوردستان، ئەوا شۆڕشەكە دەگوازێتەوە بۆ ناو ئێران، بۆیە شا ناچار بوو بیانگوێزێتەوە بۆ هەمەدان، دیارە هەمەدانیش زۆر لە سنووری كوردستانەوە دوورە و ناوچەیەكە دەكەوێتە نێوان كرماشان و تارانەوە.



* بەڵام پاش ئەوەی نێردران بۆ هەمەدان، لە هەمەدانەوە گەڕانەوە بۆ ناو شۆڕش، ئایا مامەڵەی بارزانی دوای گەڕانەوەیان چۆن بوو؟

- بێجگە لە برایم ئەحمەد هەموویان گەڕانەوە، دوای ئەوەی گەڕانەوە مەلا مستەفا لەبەر ئەوەی پەرۆشی یەكڕیزی نێوماڵی كورد بوو، نەك باسی هیچی لەگەڵ نەكردن، بەڵكو چەندین بەرپرسیاریەتی گرنگیی سەربازیشی دانێ، بەڵام لە ساڵی 1966 هەست دەكرا پیلانێك هەیە بۆ ئەوەی لە شۆڕش جیاببنەوە، ئەو كاتیش ئێران هەر پشتگیری ئەوانی دەكرد و دەیویست بە هەر نرخێك بێت، ماڵی كورد لێكبترازێنێت، لێرەدا بەسەرهاتێكی دیكە دەگێڕمەوە، دوای شەڕی هەندرێن لە ساڵی 1966 جەنابی بارزانی ئەمری كرد بچمە ئێران، ئەوكات شۆڕش تەنیا 60 هەزار دۆلاری هەبوو، پێی وتم بچۆ لە تاران بیگۆڕەوە بۆ دیناری عێراقی، كە رۆیشتم لە حاجی ئۆمەرانەوە نامەیەكم بۆ نافیز جەلال نووسی كە ئەوكات بەرپرسی مەكتەبی عەسكەری بوو، لەو نامەیە داوام لێكردبوو دەستبەجێ كاك ئەحمەدی برام بگوازێتەوە، نەك دوای باڵی مەكتەبی سیاسی بكەوێت، ئەوە بوو من چووم بۆ تاران بۆ ئەوەی پارەكە بگۆڕمەوە، رۆژێكیان شەمسەدین موفتی كە نوێنەری شۆڕش بوو لە ئێران تەلەفۆنی بۆكردم و پێی گوتم، سەرهەنگ عیسا پژمان دەیەوێت بتبینێت، منیش وتم باشە. من لە هۆتێل بووم، سەرهەنگ عیسا پژمان هات بۆ لام و پێی گوتم: خەبەرێكی خۆشم بۆ تۆ پێ نییە، كاك ئەحمەدی برات لەگەڵ مەكتەبی سیاسی لە شۆڕش جیابۆتەوە و چۆتە لای حكومەتی عێراق، بۆیە باشترە تۆ نەڕۆیتەوە، ئەو پارەیەشی لاتە ببیبە بۆ خۆت و ئێمەش هاوكاریت دەكەین، منیش لە وەڵامدا پێمگوت، ئەگەر بزانم مەلا مستەفا لە حاجی ئۆمەران لە سێدارەم دەدا هەر دەگەڕێمەوە، ئەو پارەیەش نەك 60 هەزار دۆلار بێت، ئەگەر60ملیۆن دۆلاریش بێت، ئەوە پارەی شۆڕشە و چاوم لەسەری نییە، بەهەرحال پژمان رۆی، بۆ رۆژی داوایی دیسان شەمسەدین موفتی تەلەفۆنی بۆ كردم و پێی گوتم: ژەنراڵ موعتەسەم یاریدەدەری ساواك دوای كردووە و دەیەوێت بتبینێت، منیش وتم باشە، بۆ رۆژی دوایی لەگەڵ كاك شەمسەدین چووین بۆلای، دیسان ئەویش هەمان قسەكانی عیسا پژمانی كردەوە، منیش هەمان وەڵامم دایەوە و پێمگوت ئەگەر دەتەوێت هاوكاریم بكەیت، باشترە زوو بگەڕێمەوە، دەچمەوە، ئەگەر مەلا مستەفا دەریكردم، ئەوا نە دوای باڵی مەكتەبی سیاسی دەكەوم و نە دەشگەرێمەوە بۆ عێراق، بۆ خۆم دەچم لە وڵاتێكی دیكە نیشتەجێ دەبم، ئەوجا وتی: تۆ هەر كاتێك دێیت بۆ ئێران، مەرزەكان لەبەردەمتدا كراوەیە و دوای ئەوە ئۆتۆمبێلێكیان بۆ گرتم و گەڕامەوە بۆ حاجی ئۆمەران.

* كە گەڕایتەوە و چوویتە خزمەت بارزانی، هەڵویستی جەنابیان چۆن بوو؟



- كە گەیشتمەوە حاجی ئۆمەران، ئەحمەد حاجیم بینی، ئێستاش لە ژیاندا ماوە پێی گوتم: جەنابی بارزانی لە خەلانە و چاوەڕێی تۆ دەكات. كە چوومە خزمەتی شاندێكی حكومەت هاتبوون بۆ لای، ئەوە بوو دوای ئەوە بەیانی 29ی حوەزیرانی بەدوادا هات، من هەموو قسەكانم بۆ گێڕایەوە، ئەو زۆر پێی ناخۆش بوو، كاك ئەحمەدی برام دوای ئەوان كەوتبوو، وتی: نازانم لەسەر چی دڵی زویر بووە، بەڵام پاشان لە ساڵی 1969 كاك ئەحمەد لێیان جیابووەوە دانیشت.

* ئەگەر هەر لەسەر ئەو لێكترازانە هەڵوەستە بكەین، دیارە لەو ساڵەدا مەكتەبی سیاسی دژی سەرۆكایەتی بارزانی بوون لەناو پارتی، بەشی هەرە زۆری ئەندامانیشیان لەگەڵدا بوو، پرسیار ئەوەیە بۆچی نەیانتوانی ئەو پیلانەیان سەربخەن؟



- لەناو مەكتەبی سیاسی تەنیا ساڵح یوسفیان لەگەڵدا نەبووە، ئەویش بێلایەن بوو، تەنانەت سكرتێری پارتی خۆی سەرۆكایەتی ئەو ئاژاوە و لێكترازانەی دەكرد، بەڵام میللەت و بەشی زۆری ئۆرگانەكان و هێزی پێشمەرگە لەگەڵ بارزانی بوون، بەشێكی زۆری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیش دوای ئەوەی رۆیشتن گەڕانەوە.

* هۆكاری سەرەكی ئەو ململانێیە لەگەڵ جەنابی بارزانی چی بوو؟ خۆ بارزانی پێش ئەوەی پارتی دابمەزرێنێت، وەك سەرۆكی نەتەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، پێش ئەوە رێبەرایەتی یەكەمین شۆڕشی نەتەوەیی كردووە، هەروەها ئەو سەرۆكایەتی یەك كۆبوونەوەی پارتی نەكردبوو، تا گەڕایەوە لە یەكێتی سۆڤیەت، بەڵام بینیمان چۆن پێشوازی كرا؟



- جەنابی بارزانی لەگەڵ ئەوەی پێش دروستبوونی پارتیش هەموو جیهان وەك رێبەری كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان سەیریان دەكرد، بەڵام ئەو هەر خۆی بە خزمەتكاری گەلەكەی دەزانی، ئەم تایبەتمەندییەی بارزانی وایكردبوو كە هەموو لایەك سەرۆكایەتی و رێبەرایەتی بارزانیان قبوڵ بوو، دەسەڵاتی بەسەر هەموو كوردستاندا هەبوو، لەبەرامبەر ئەم شكۆ و گەورەیی بارزانی-دا، برایم ئەحمەد كە سكرتێری پارتی بوو، وایدەزانی ئەو بەو سیفەتەی كە سكرتێری حزبە، دەبێت هەمان شكۆ و دەسەڵاتی بارزانی هەبێت، لەسەر ئەم بنەمایە ئەم لێكترازانەی لە نێوماڵی كورد دروست كرد و پاشانیش ژمارەیەكی زۆر كەمی بە دەورەوە مایەوە.

* بەڵام هەر لەو كاتەدا حزبی شیوعی عێراقیش هاتبوونە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش لە ژێر رابەرایەتی مستەفا بارزانی كە بەشێك بوون لە شۆڕشی ئەیلوول، پرسیار ئەوەیە حزبەكانی دیكەش رێبەرایەتی بارزانی-یان قبوڵ بووە، بۆچی ئەوان ئەو فیتنەیان دروستكرد؟



- با هەندێك لەسەر ئەم پرسەش هەڵوەستە بكەم، كاتێك لە ساڵی 1963 شیوعییەكان ئەو كارەساتەیان بەسەر هات و ناچاربوون روو لە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش بكەن، ئەوانەی لە دەوروبەری سلێمانی بوون، چوونە ئەو ناوچانەی باڵی مەكتەبی سیاسی دەسەڵاتدار بوو، لەوێ هەموویان گرتن، بەڵام ئەوانەی هاتنە ئەو ناوچانەی بارزانی دەسەڵاتی هەبوو، ئەو پێشوازی لێكردن و وتی دەبێت وەك بەشێك لە شۆڕش و پێشمەرگە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، شیوعیەكانیش كە ئەم پێشوازییەیان لە جەنابی بارزانی بینی، بڕیاریان دا لەژێر رابەرایەتی بارزانی بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بكەن، هەروەها لە شەڕی هەندرێن كە كاك ئیدریس سەرپەرشتی دەكرد، شیوعیەكانیش بەشدارییان كرد و بە هەموو لایەك بە جۆرێك دوژمن تێكشكێندرا كە دوای ئەو شەڕە ناچار بوو داوای وتووێژ لەگەڵ شۆڕش بكات.

* یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی بارزانی نەمر ئەوە بوو كە هێندەی هەوڵیدەدا بەرچاوی كورد بۆ كوردایەتی و هەستی نەتەوەیی رۆشن بكاتەوە، هیندە گوتاری نەدەدا، بۆیە لە سەردەمی بارزانی نەمردا بناخەكانی فیكری نەتەوەیی و خەباتی سەرتاسەری رەگی داكوتا، ئایا چۆن بتوانین سوود لەم ئاراستە فیكرییە رۆشنگەرییەی بارزانی وەربگرین؟



- مەلا مستەفا تەنانەت بڕوای بەوەش نەبوو، یادەوەرییەكانی خۆیشی بنووسێتەوە، ئەو خۆی بە خزمەتكاری گەلەكەی دەزانی، واتە ئەو گەلەكەی بە سەرداری خۆی دەزانی و بڕیاری گەلەكەی جێبەجێ دەكرد، بڕوای بەوە بوو میللەت خۆی هۆشیارە و تەنیا بەرچاو رۆشنكردنەوە و رێكخستن و یەكخستنی تواناكانی دەوێت، گەل خۆی بڕیار دەدات چۆن بیردەكاتەوە، نەك بیركردنەوەیەكی دیاركراوی بەسەردا بسەپێندرێت. لە ئەمریكا من ماوەی سێ ساڵ شەو و رۆژ لەگەڵ مەلا مستەفا بووم، ئەو كات زۆر لە روژنامەنووسە دیارەكانی ئەمریكا دەهاتن داوایان لێدەكرد یادەوەرییەكانی بنووسێتەوە، تەنانەت بە منیان دەگوت بە دزیی مەلا مستەفاوە تۆمارێكی دەنگی دابنێ كە قسەدەكات با تۆمار بكرێت، بەڵام من دەمگوت هەتا خۆی رازی نەبێت، كاری وا ناكەم، مەلا مستەفا دەیگوت، با دوای خۆم میللەت لەسەرم بنووسێت، میللەت دادپەروەرە، ئەوەی باشم كردبێت، پێی دەڵێت باشە و ئەگەر كارێكی خراپم كردبێت، دەڵێت خراپە، بەڵام ئەگەر خۆم بیاننووسمەوە لەوانەیە بەو ئاستە دادپەروەر نەبم، بۆیە پرسی هۆشیاركردنەوەی میللەت و تەسقیفكردنی حزبی مەلا مستەفا بڕوای پێی نەبوو، بێگومان قسەكەشی زۆر راست بوو، چونكە تۆ كەسێك ئاگادار دەكەیتەوە كە نەزانێت دەچەوسێندرێتەوە، كەسێك تەسقیف دەكەیت كە نەزانێ بۆچی خەبات دەكات، بەڵام میللەتی كورد كاتێك بەرچاوی رۆشن بووەوە لە میانەی شۆڕشەكانەوە و بەشی زۆری بە بێ ئەوەی پێوەندی بە پارتیشەوە كردبێت، دەبووە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول. من پێشتریش وتم گەلی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و لە باشوور بەتایبەتی هەمووی لە دەوری بارزانی كۆببوونەوە، باشە ئەگەر بەراوردی ژمارەی ئەندامانی پارتی لەگەڵ گەلی كوردستان بكەین، دیارە ژمارەیەكی زۆر كەم ئەندامی پارتی بوون، بەڵام هەموو گەلی كوردستان خۆی بە بەشێك لە شۆڕش دەزانی و سەركردایەتی بارزانی-یشیان قبووڵ بوو.



* ئایا پێتوانییە برادەرانی ئەوكات پێیان وابووە سەرۆكایەتی پارتی بارزانی گەورە كردووە، نەیاندەزانی سەرۆكایەتی بارزانی شكۆی بۆ پارتی دروست كردووە؟

- با من شتێكی ترتان بۆ بگێڕمەوە، جارێكیان لە جەنابی بارزانی-م پرسی: ئەزبەنی نهێنی ئەوە چییە كە ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ تۆن زۆر بە زوویی فەرمانەكانت جێبەجێ دەكەن؟ لەوەڵامدا پێی گوتم: من مامەڵەی كوڕ و برای خۆم لەگەڵ هەڤاڵەكانم دەكەم، هەرگیز وەك ئامر و سەرباز مامەڵەیان لەگەڵ ناكەم، ئەگەر پێشمەرگەیەك برسی بوو، هەوڵدەدەم من خۆم برسی بم، نەك ئەو، لە شەڕدا كام بەرە زۆر سەخت بووە، خۆم چوومەتە ئەو بەرەیە و سەرپەرشتیم كردووە، كە پێشمەرگەیەك برینداربووە بەجێم نەهێشتووە، زۆر جار خۆم هەڵمگرتووەتەوە، بۆیە ئەگەر پێوەندیمان بەو جۆرە نەبێت، ئەوانیش فەرمانەكانی من جێبەجێ ناكەن، لەم بەسەرهاتە مەبەستم ئەوەیە جەنابی بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەكانی خۆی وەك سەرۆك مامەڵەی نەكردووە، بۆیە بەرامبەر میللەتەكەی هەر خۆی بە خزمەتكار زانیوە و بەردەوامیش ئەوەی دووبارە كردۆتەوە كە ئەركی ئەو ئەوەیە خزمەتی میللەتەكەی خۆی بكات، لایەنێكی دیكە وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، هێشتا پارتی لەسەر دەستی بارزانی دانەمەزرابوو كە بارزانی رێبەرایەتی شۆڕشی نەتەوەیی كردووە و هەروەها بۆتە پارێزەری كۆماری كوردستان، لەمەش زیاتر هەتا ساڵی 1958 خۆتان دەزانن جەنابی بارزانی لە سۆڤیەت بوو، سەرپەرشتی یەك كۆبوونەوەی پارتی نەكردبوو، بەڵام هەموو رۆژنامە گەورەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا باسی قارەمانییەتی بارزانی- یان دەكرد، جەمال عەبدولناسر كە بە رابەری هەموو نەتەوەی عەرەب دادەنرا، وەك هاوتای خۆی (واتە رابەری نەتەوەی كورد) پێشوازی لێدەكرد، لێرەدا دەمەوێت ئەو راستییە ئاشكرا بكەم، بە پێچەوانەوە دوای ساڵی 1958 كە بارزانی گەڕایەوە دووبارە شكۆ بۆ پارتی گەڕایەوە، پێشتر ئاماژەم پێكرد خەریك بوو پارتی بكەنە لقێكی حزبی شیوعی، بارزانی ئەوانەی لابرد و برایم ئەحمەدی كرد بە سكرتێری پارتی، بەڵام ئەو كاتیش وەك ئێستا ئەو گرووپە پێیانوابوو ئەگەر مەلا مستەفا لە سەرۆكیی پارتی لابەرن، خۆیان دەبنە مەلا مستەفا، بەڵام دەركەوت هەر كە دژی مەلا مستەفا راوەستان، ژمارەیەكی زۆر كەمیان بەدەورەوە مایەوە، لێرەدا دەخوازم ئەوكات بە ئێستاوە گرێبدەمەوە، بێگومان كاك مسعود بارزانی پەروەردەكراوی بەردەستی بارزانی نەمرە، ئەویش هەتا ئێستا چەندین جار ئەوەی دووپات كردۆتەوە كە پێشمەرگایەتی سەدان جار لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لای گەورەترە، ئەمەشی چەندین جار سەلماندووە، بە درێژایی ژیانی هەر پێشمەرگە بووە و لە شۆڕشی گوڵاندا زۆربەی شەڕەكان خۆی سەرپەرشتی كردووە، لە داستانی خواكوركیش ماوەی زیاتر لە 40 رۆژ خۆی بە بەردەوامی لەگەڵ پێشمەرگە لەناو شەڕەكە بووە، ئەوكات ئەگەر هۆیەكانی راگەیاندن وەك ئێستا بوونایە، هەر ئەوكات پێشمەرگایەتی كاك مسعود سەرنجی هەموو جیهانی رادەكێشا، لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش-یش كاك مسعود دیسان سەلماندیەوە هەر ئەو پێشمەرگەیەی كوردستانە، وەك دەبینین ئێستا پێشمەرگە بۆتە سیمبولی تێكشاندنی تیرۆریستانی و بەرگریكار لە بەها و كەرامەتی مرۆڤایەتی، بۆیە ئێستاش كە هەندێك پێیانوایە، یان وای پیشان دەدەن، سەرۆك مسعود بارزانی كە ئەم رۆڵە گرنگە دەگێڕێت لەبەر ئەوەیە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، من پێموایە ئەوە مسعود بارزانی-یە پێگەی سەرۆكی هەرێمی ئەوەندە گەورە كردووە، نەك پۆستی سەرۆكی هەرێم بێت شكۆی مسعود بارزانی گەورە كردبێت، لەسەر ئەم پرسە نموونەیەكی بەرچاومان هەیە، با سەیری پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بكەین، كاتێك مام جەلال سەرۆك كۆمار بوو، چ پێگەیەكی هەبوو، ئێستا چ پێگەیەكی هەیە، لەگەڵ رێزی بێ پایانم بۆ د.فوئاد مەعسووم كە برادەرمە و خۆیشی ئەو راستییە باش دەزانێت. هەروەها زیاتر لە نیوسەدەیە لەگەڵ كاك مسعود بارزانی یەكتری دەناسین و كارمان كردووە و لە شوێنێكدا پێكەوەژیاوین، رۆژێك لە رۆژان نەمبیستووە چاوی لە پۆست بێت، تەنیا ئامانجی خزمەتی میللەتی كورد و كوردستان بووە وەك باوكی نەمری.



* ئەی لە ئێستادا پێتوایە هۆكاری ئەو شەڕە چییە كە بە جەنابی سەرۆك بارزانی دەفرۆشن؟

- پێش هەموو شت جەنابی سەرۆك بارزانی، چەندین جار خۆی رایگەیاندووە، فەرموو با حزبە سیاسییەكان كەسێك بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی دەور و تەسلیمی لەگەڵ بكات، یەك دوو هەفتەپێش ئێستا مەلا بەختیار بە راشكاوانە لەسەر یەكێك لە تەلەفزیۆنەكان گوتی هەتا ئێستا لایەنەكان كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە نییە، جەنابی سەرۆك چەندین جار گوتوویەتی من رابردووی خۆم ناكەم بە قوربانیی پۆستێك، كەواتە ئەمە مانای ئەوەیە مەسەلەی بیانووگرتن بە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم پێوەندی راستەوخۆی بە سەرۆك بارزانی-یەوە نییە، ئەو چاوەڕێی ئەوەیە حزبەكان لەناو خۆیان رێكبكەون، سەبارەت بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیش، دیارە بۆ ئەو سەرۆكەیە كە دوای سەرۆك مسعود بارزانی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم وەردەگرێت، ئەمەش واتە مەسەلەكە لەسەر ئەوە نییە دەسەڵاتەكان لای سەرۆك مسعود بارزانی بن، بەڵكو مەسەلەكە سیستمی سیاسیی ئەم وڵاتەیە، لە هەموو وڵاتێكیش بۆچوونی جیاواز لەسەر سیستمی سیاسی هەیە، هەر لایەنێكیش بەرگری لە بۆچوونەكەی خۆی دەكات، كەسیش ناتوانێت لەسەر سیستمی سیاسی بۆچوونی خۆی بەسەر كەسدا فەرز بكات، ئەگەر نەگەیشتنە رێككەوتن، ئەوا تەنیا لایەك بتوانێت ئەمە یەكلایی بكاتەوە، گەلی كوردستانە، پارتی بەم رێگەچارەیە رازییە و دەڵێت با ئەم كێشەیە میللەت یەكلایی بكاتەوە، بەڵام من پرسیارێكم هەیە، سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ئەوجا ئەو سەرۆكە هەر كەسێك بێت، ئایا سەرۆكێك راستەوخۆ لەلایەن گەلەكەیەوە هەڵبژێردرێت و متمانە لە گەلەكەی وەربگرێت، نوێنەرایەتی تەواوی گەلەكەی دەكات، یان لەناو پەرلەمان كە 100 كەس بە سەفقەی سیاسی هەڵیبژێرن؟ لەمەش زیاتر لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە 30%ی گەلی كوردستان بەشداری نەكردووە، بۆیە ئەگەر لەناو پەرلەمان سەرۆك لە 70% دەنگەكانیش وەربگرێت، مانای ئەوەیە ئەم رێژەیە بریتی نییە لە نوێنەرایەتیی نیوەی خەڵكی كوردستانیش، هەر ئەمەش وایكردووە كە ئێستا زۆربەی دەوڵەتان بێجگە لە ئەمریكا و فەرەنسا، پەنا بۆ هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك دەبەن، ئەوە توركیا دراوسێی خۆمانە وازی لەو شێوازە هێناوە كە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و شێوازی راستەوخۆ پیادە دەكەن، لە زۆر شوێنی دیكەش وەك ئێران و میسریش هەمان شێواز پیادە دەكەن.



* لایەنێكی دیكە كە لەم دیدارە دەخوازم ئاماژەی پێبكەم، شێوازی رێزگرتنی مەلا مستەفا بازرانی-یە لە سەركردەكانی پێش خۆی، ئایا چۆن رێزی سەركردەكانی پێش خۆی دەگرت؟

- مەلا مستەفا هەمیشە ستایشی رۆڵی سەركردەكانی پێش خۆی دەكرد، تەنانەت ئەگەر هەڵەشیان هەبووبێت رێگەی نەدەدا باس بكرێت، ئەو پێیوابوو ئەوە پەیوەستە بەسەردەمی خۆیەوە، من نموونەیەكتان بۆ دەگێڕمەوە، جارێكیان یەكێك لە هەڤاڵەكانی بارزانی نەمر بە «پێشەوا» بانگی كرد، جەنابی بارزانی لەوە زۆر تووڕە بوو، وتی: ئێمە یەك پێشەوامان هەبووە، ئەویش قازی محەمەد-ـە، هەروەها زۆر جار شێخ بابەعەلی كوڕی شێخ مەحمودی حەفید سەردانی جەنابی بارزانی دەكرد، قەت جەنابی بارزانی پێشی نەدەكەوت، دەیگوت ئەو كوڕی شێخ مەحموودە، بەڵێ بارزانی بەمجۆرە ستایشی سەركردە و نەوەی سەركردەكانی پێش خۆی دەكرد.

* جەنابت باسی پێشەوات كرد، هەر سەبارەت بە پێشەوا ئایا پێشەوا چۆن ئاڵای كوردستانی تەسلیمی كوردستان كرد، مەبەستی پێشەوا لە پێدانی ئەو ئامانەتە بە بارزانی چی بوو؟



- لەسەر ئەم پرسە بەسەرهاتێكی خۆمم هەیە، لە ساڵی 1958 من لە لەندەن بووم، كۆمەڵەی خویندكارانی كورد كە تازە دامەزرابوون لە میونشن كۆنگرەیان هەبوو، منیش بە سەردان چووبووم، بەڵام ئەندامی كۆنگرە نەبووم، لەوێ عەلی قازی محەمەدم بینی، ئەو ئەندامی كۆنگرەكە بوو، دوای قسەكردن پێی گوتم دایكیشم هاتووە بۆ ئێرە، منیش وتم وەڵا زۆر حەزدەكەم بچمە خزمەتی، ئەوە بوو رۆژی دوایی لەگەڵ سەعدی برام و مەحمودی مام كانەبی و عەلی قازی كە ناسراوە بە كوڕی رەش پێكەوە سەردانی خاتوونی قازی محەمەد-مان كرد، كاتێك زانی ئێمە كوردی باشوورین، ئەمەی بۆ باسكردین و گوتی: (بارزانی و هەڤاڵەكانی بەرگرییەكی قارەمانەیان لەكۆماری كوردستان كرد، بەڵام دوای ئەوە بارزانی هاتە لای قازی محەمەد و پێی گوت: خۆت تەسلیم مەكە و لەگەڵ من وەرە، هەتا من مابم پارێزگاریت لێدەكەم، بەڵام قازی محەمەد پێی گوت بەڵێنیان پێداوم و دوای ئەوەش نامەوێت گەلەكەم بەجێبهێڵم. لەبەرامبەردا بارزانی پێی گوت: بە بەڵێنی ئەوان بڕوا مەكە، بارزانی زۆر هەوڵی لەگەڵ قازی دا كە خۆی تەسلیم نەكات، بەڵام قازی ئاڵایەكی كوردستانی هێنا و دایە دەستی بارزانی و پێی گوت، ئەمەم بۆ بپارێزە و بڕۆ، پێش ئەوەی سوپای ئێران بگەنە ئێرە، ئینجا دوای ئەوە قازی و بارزانی باوەشیان كرد بەیەكدا و دوعاخوازییان لەیەكتری كرد). ئەمەش ماناو مەغزای ئەوەیە كە قازی محەمەد دوای خۆی پاراستنی كوردستانی گەورەی بە جەنابی مەلا مستەفا سپاردووە. ئەم قسانەی خاتوونیش كە بۆی كردین پێش ئەوە بوو كە بارزانی لە سۆڤیەت بگەڕێتەوە بۆ كوردستان.



* ئەگەر دوایین پرسیارمان ئەمجارەیان رەخنەگرتن بێت لە پارتی، ئایا دوای زیاتر لە نیو سەدە خەباتی بێوچان بۆ كوردستان لە ریزەكانی پارتیدا، هیچ رەخنەیەكت لە ئێستای پارتی هەیە؟

- رەخنەكانی من لە پارتی لە روانگەی ئەو شێواز و رەفتارە بەرزانەوەیە كە خۆم لە جەنابی بارزانی نەمرم بینیوە، لە سەردەمی مەلا مستەفادا خەڵك و پارتی زۆر نزیك بوون، هەروەها بەرژەوەندی تایبەتی تێكەڵاوی خەبات و كوردایەتی نەدەكرا، بەڵام بەداخەوە ئێستا هەست دەكەم هەندێك دووری لە نێوان خەڵك و پارتی هەیە، هەروەها بەشێك لە بەرپرسەكان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان تێكەڵاوی خەبات و كوردایەتی كردووە، بۆیە ئومێدەوارم ئەو كەلینەی نێوان خەڵك و پارتی نەمێنێت و كادرانی پارتی زیاتر تێكەڵاوی خەڵك بن و گوێ لە خەڵك بگرن، هەروەها هیوادارم كە ئەو بەرپرسانەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان تێكەڵاوی خەبات كردووە، لە یەكتری جیابكەنەوە، لەبەر ئەوەی هەرگیز بارزانی نەمر ریگەی نەداوە بەرژەوەندی تایبەتی تێكەڵاوی بەرژەوەندی گشتی و خەبات و كوردایەتی بكرێت. ئومێدیشم هەیە لیپرسینەوەی زیاتر هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكورتییانەی هەیە.ش
Top