بەشار كیكی: نەینەوا ناگەڕێتەوە بۆ قۆناخی پێش داعش و ناوچە كوردستانییەكانیشی بەشێك دەبن لە هەرێمی كوردستان

بەشار كیكی: نەینەوا ناگەڕێتەوە بۆ قۆناخی پێش داعش و ناوچە كوردستانییەكانیشی بەشێك دەبن لە هەرێمی كوردستان
دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ بارودۆخێكی دیكە دێتەپێشەوە و چیتر كورد و كوردستانییەكان قبووڵیان نییە لەناو چوارچێوەی ئەو حكومەت و پارێزگایە بمێننەوە كە كۆمەڵكوژییان دەرهەق كراوە، لەلایەكی دیكەوە حەشدی شەعبی پێداگیری لەسەر بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ دەكات، بەمەش ئەگەری كەوتنەوەی كارەساتی مرۆیی لەئارادایە، ئەم پرسانە و چەندین پرسیاری دی لەچوارچێوەی ئەم دیمانەیە ئاراستەی بەشار حەمید كیكی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا كران و بەمجۆرە وەڵامی گوڵان-ی دایەوە.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ گوڵان:

* لەماوەی رابردوو ئێوە وەك ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سەردانی بەغداتان كرد، ئایا ئامانج لەو سەردانە تەنیا بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بوو، یا باستان لە موسڵی دوای داعش كرد؟
- ئەو سەردانە لەسەر داوای خودی عەبادی بوو، ئەو ویستی ئێمە ببینێ وەك حكومەتی لۆكاڵیی پارێزگای نەینەوا، پەیامێكی پێبوو كە ئەویش ئەوە بوو خۆمان ئامادە بكەین بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، تێڕوانینی خۆی بۆ ئێستا و موسڵی دوای داعش خستەڕوو، جەختی لەوەش كردەوە ئەركی ئێمە لەدوای داعش زیاتر و زەحمەتتر دەبێت، داواشی كرد كار بۆ نزیككردنەوەی پێكهاتەكانی موسڵ بكەین و دووریان بخەینەوە لەكاری توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە، هاوكات ئەو خەڵكانەی تاوانبارن، دەبێت سزا بدرێن و خەڵكی سڤیل دووبارە دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناو شار و ژیانی ئاسایی خۆیان. ئێمەش راپۆرتێكمان پێشكەشی عەبادی كرد كە لەناو كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگا پەسەندكرابوو، ئەم راپۆرتە سێ تەوەری بوو، كە بریتی بوون لە مەسەلەی رزگاركردنی موسڵ و دۆسیەی ئەمەنی ئەو شارە، تەوەری دووەمیش سەبارەت بە ئاوارەكان و ئەو خەڵكەی كە ئێستا لەناو موسڵ ماونەتەوە، موستەحەقاتی موسڵ لە بودجە و شایستە داراییەكان و تواناكانی بەردەست تەوەرەی سێیەمی راپۆرتەكەمان بوو. هەروەها باسی میلاكاتی پۆلیس لە موسڵ بوو كە لە34 هەزار كەس تەنیا 8 هەزار پۆلیس ماوە، هەربۆیە پێویستیمان بە پلەی وەزیفی نوێ هەیە، یا پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لێبووردن بۆ ئەو پۆلیسانە دەربچێت كە ئاوارەن و ژمارەیان پێنج هەزار پۆلیسن، یا ئەو پۆلیسانەی لە موسڵن و پێوەندیان بەداعشەوە نەكردووە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ بوو لەم دانیشتنە ئەوە بوو عەبادی بە دڵنیاییەوە دەیوت كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ نزیكە.

* دیارە ئێوە وەك ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پێوەندییەكی پتەوتان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، ئایا تێڕوانینی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ چۆنە، بەتایبەتی تێڕوانینی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان؟
- ئاشكرایە ئێستا نیوەی دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا لەهەرێمی كوردستانن، هەرێمی كوردستان بە دڵفراوانییەوە لە ئامێزی گرتوون، بۆیە ئەوانیش زۆر بە بەرزی و تەقدیرەوە سەیری هەڵوێستی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان دەكەن، بۆ كوردستانیش موسڵ لە رووی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە گرنگە و پێویستە ئەم شارە ئارام بێت، لەچەند ساڵی رابردوودا زۆربەی ئەو تەقینەوە و كردەوە تیرۆریستییانەی كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدران، لەم شارەوە پلانی بۆ دادەڕێژرا، هەربۆیە دەبێت موسڵ ئارام و سەقامگیر بێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانیش ئارامتر بێت و هەموو گروپە تیرۆریستیسەكان لە كوردستان دووربكەونەوە. مەسەلەی مافی پێكهاتە كوردستانییەكان لەناو پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ دۆسێیەكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان كە جارێكی دیكە تووشی كارەساتی تر نەبنەوە، بەتایبەتی ئێزیدی و شەبەك و كریستیانەكان و كاكەییەكان، بۆ ئەمەش ئەم پێكهاتانە پێویستیان بە زەمانەت هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە تائێستا پرۆسەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ دەستی پێنەكردووە و دواكەوتووە، چونكە لایەنی عێراقی و سوپا ئامادەباشییان نییە، بەپێچەوانەی پێشمەرگەوە كە ئامادەیە تەواوی دەشتی نەینەوا و شارەكەش كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.
* لەو ماوەیەدا گوێبستی ئەوە بووین كە لەگەڵ عێراقیش باسی ئەوەتان كردووە دوای داعش پارێزگای نەینەوا بكرێتە هەرێمێكی فیدڕاڵی سەربەخۆ، دیارە بە هەموو حسابێك جارێكی دیكە پارێزگای نەینەوا ناگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی داعش، ئایا مەبەستتان لە بە هەرێمكردنی نەینەوا و دروستكردنی چەند پارێزگایەك چییە و ئەگەر موسڵ بكرێتە چەند پارێزگایەك، دیارە بەشە كوردستانییەكەی موسڵ دەكەوێتە چوارچێوەی ماددەی 140 ئایا چارەنووسی بەشە كوردستانییەكەی موسڵ چۆن دەبێت؟
- بەهەرێمكردنی نەینەوا داواكاری و پێشنیاری عەرەبی سوننەیە، ئێمە وەكو لایەنی كورد لە لیستی هاوپەیمانی و برایەتی و پێكەوەژیان كە كوتلەیەكی كوردستانییە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا پێمان گرنگە ئەو ناوچانەی كە كوردستانین بارودۆخەكەیان لە رووی ئەمنی و سیاسی و ئابووری و ئیدارییەوە بەرقەرار بێت و كار لەسەر ئەوە بكرێت لە ریفراندۆمێكدا راستەوخۆ بخرێنە سەر هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمە وەكو كورد گرنگ نییە نەینەواو پارێزگا بێت، یا هەرێم، ئەم مەسەلەیە زیاتر پێوەندی بە برا عەرەبە سوننەكانەوە هەیە، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بكەین كە لە بنەڕەتدا لەسەر چارەنووسی ئەم ناوچانە ململانێ هەیە و تا ئێستا برا عەرەبەكان لەوە نەگەیشتوون كە ئەو ناوچانە كوردستانین و ناگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێش هاتنی داعش، تەنانەت پێكهاتەكانی ئێزیدی و مەسیحی و شەبەك و كاكەیی چیتر نایانەوێت و قبووڵیان نییە سەر بە پارێزگای نەینەوا بن. بۆیە دەبێت زۆر بەئاشكرا بە برا عەرەبەكان بڵێین دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ بارودۆخێكی دیكە دێتە پێشەوە و چیتر میللەتێك یا پێكهاتەیەك كە تووشی كۆمەڵكوژی و دەربەدەری بووە، قبووڵ ناكات بگەڕێتەوە سەر پارێزگای موسڵ. ئێمە پێمانوایە ئەو شوێنانەی كە زۆربەیان پێش هاتنی داعشیش لەدەستی پێشمەرگەدا بووە، جۆرێكە لە ریفراندۆم كە ئێستا خەڵكەكەی هێزی پێشمەرگەیان قبووڵە و دەسەڵاتی خەڵكی تریان قبووڵ نییە. پێم سەیرە چۆن دەبێت ئێستا لایەنێك بێت و بڕیار بدات نەینەوا بكرێتە هەرێمێك لە كاتێكدا دوو ملیۆن كەس لەناو موسڵ و دەوروبەرین و یەك ملیۆنی تریش ئاوارە و دەربەدەرن، واتا بوون بە هەرێم بە ریفراندۆمێك دەبێت كە سەرجەم خەڵكەكە دەنگی لەسەر بدات، بیرۆكەی بە هەرێمكردنی پارێزگای نەینەوا بیرۆكەیەكی سیاسیی عەرەبی سوننەیە و بەفەرمی لەناو ئەنجومەنی پارێزگا نەخراوەتەڕوو تاوەكو بخرێتە چوارچێوەی لایەنی یاسایی و دەستوورییەوە و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت و پاشان بكرێتە بڕیار، تەنانەت ئەم بابەتە دەكەوێتە دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ.
* دیارە لە ئێستاوە حەشدی شەعبی بڕیاریداوە بەشداری شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ بكات، بۆ ئەوەی شەرعیەتیش بەم بەشداریكردنە بدرێت عەبادی حەشدی شەعبی كردۆتە بەشێك لە هێزەكانی بەرگری عێراق، ئایا ئێوە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵوێستتان لەسەر بەشداری حەشدی شەعبی چییە و ئایا ناترسن ئەگەر حەشدی شەعبی بەشداری بكات كارەساتی ترسناك رووبدات؟
-لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە دەنگدان بڕیارمانداوە و بە ئاشكرا ئاماژەمان پێكردووە كە بە تەواوەتی دژی بەشداریكردنی حەشدی شەعبین بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، دژی ئەوەشین ئەم بڕیارە خوێندنەوەیەكی تائیفی بۆ بكرێت. ئەمەش لەو روانگەیەوە هاتووە كە زۆرینەی زۆری دانیشتووانی ئەم پارێزگایە لە دژی بەشداریكردنی حەشدی شەعبین، ئەگەر مەبەستیش ئەوە بێت حەشد بە هانای شیعەكانی موسڵەوە بێت كە پێشتر بە رێژەی 7% بوون، ئێستاكە ئەوانیش لەوێ نەماون و ئاوارەبوون. لەلایەكی ترەوە هیچ كەسایەتی و لایەن و حزبێكی سوننە جورئەتی ئەوەی نییە بڵێت لاریمان نییە لە بەشداری حەشدی شەعبی لە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، ئێمە باش لەو هەستیارییە تێدەگەین، هەروەكو چۆن چاوەڕوانی ئەوەش دەكەین كە حەشدی شەعبی لە خوارووی سەنتەری شارەكە زۆر نزیك ببێتەوە، ئەوانیش باش دەزانن كە ناتوانن بێنە ناو سەنتەری شارەكەوە كە رەنگە دووچاری بەرگرییەكی توند ببنەوە لەلایەن خەڵكی موسڵەوە، بۆ ئەوەی پاساوی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و تائیفی نەدەین بەدەستەوە، پێویستە حەشدی شەعبی خۆی لەم شەڕە بەدوور بگرێت باشتر وایە سوپای عێراق و حەشدی وەتەنی و عەشائیری و پێشمەرگە بەشداری شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ بكەن.
* هەموو مەزەندەكان بەو ئاراستەیەن كە لەگەڵ دەستپێكی شەڕی موسڵ خەڵكانێكی هێجگار زۆر ئاوارە دەبن، بەتایبەتیش كە دەنگۆی ئەوە هەیە حەشدی شەعبی بەشدار بێت، ئایا چۆن ئامادەكاری كراوە بۆ ئەم كارەساتە پێشبینی كراوە؟
- ئامادەكاریمان كردووە، بەڵام لەئاستی پێویست نییە، چونكە توانای دارایی و شایستە داراییەكانمان نییە و بەغدا بە هیچ جۆرێك هاوكاری و یارمەتییەكانمان بۆ رەوانە ناكات، ئەگەری ئەوە هەیە شەپۆلێكی ئاوارەی موسڵ روو لەهەرێمی كوردستان بكەن كە مەزەندە دەكرێت لە نیوملیۆن كەس زیاتر بن، توانای پێشوازیكردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەش نییە، تەنیا ئەوەیە بە شێوەیەكی پراكتیكی دوو كەمپ لە زێلكان و فایدە لە ژێر دروستكردندان، پێویستە پەیامێك بنێرین بۆ ئەو خەڵكەی لەناو موسڵدایە بەوەی هێزەكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە و حەشدی وەتەنی بۆ رزگاركردنی ئەوان دێن و مەبەستیان داگیركردن و ئازاردان و تۆڵەسەندنەوە نییە و تەنیا دژی تیرۆریستانی داعش شەڕدەكەن، ئەمەش تەنیا بەوە دەبێت كە خەڵكی ناو موسڵ دڵنیا بكەینەوە كە حەشدی شەعبی بەشداری كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ ناكات و باشتر وایە لەناوماڵی خۆیان بمێننەوە و دەتوانن ئاڵای سپی بەرزبكەنەوە، زۆریش لە خەڵكی موسڵ بڕیاریانداوە لەكاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شار و قەزاكانیان ئاوارە نەبن و ماڵی خۆیان جێنەهێڵن، ئێمەش كار بۆ ئەوە دەكەین موسڵ بە دەردی حەلەب نەچێت و بە كەمترین زیان رزگاری بێت. بەڵام تا ئێستا لە گفتوگۆ و كۆبوونەوەی بەردەوامداین لەگەڵ هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی بزانین ئایندەی موسڵ چی و چۆن دەبێت و زەمانەتی گەڕانەوەی پێكهاتەكانی ئێزیدی و مەسیحی و توركمان شەبەك و كاكەیی چییە، ئەو كات دەتوانین بزانین رێككەوتن و تێگەیشتن لەنێوان لایەنە بەشداربووەكانی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ هەیە، بەپێچەوانەوە بە بێ رێككەوتن و تێكگەیشتن دۆخەكە لە دوای رزگاركردنیشی باش نابێت و ئارام نابێت.

* واتا تا ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانەكان و لایەنی عێراقی باسی موسڵی دوای داعش نەكراوە كە چۆن دەبێت؟
- ئەمە مەسەلەیەكی گرنگ و ستراتیژییە، چونكە لە كۆتاییدا نابێت رێكخراوێكی وەكو داعش دراوسێی ئێمە بێت، رۆڵی پێشمەرگە و سەرۆك بارزانی لە پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ زۆر گرنگە و لەلایەن هەموو هێزی هاوپەیمانانەوە بەهەند وەرگیراوە، هەربۆیە رەنگە جگە لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی دەشتی نەینەوا چەند گەڕەكێكی ناو شاری موسڵیش بدرێتە دەستی پێشمەرگە تاوەكو پارێزگاری لێبكەن و بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لەناو ئەو شارەشدا بمێننەوە، تا هێزە ئەمنیەكانی ناو شارەكە خۆیان رێكدەخەنەوە، پێش كۆتاییهاتنی داعشیش دەبێت رێككەوتنی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ئیداریی پێشوەخت لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەبێت، خۆناكرێت جارێكی دی چارەنووسی ئەو خەڵكە بخرێتە بەردەستی هەڵە و كەموكورتیی دیكەی حكومەتی مەركەزی، لێرەدا لە رێگەی گۆڤاری گوڵانەوە باسی كۆبوونەوەیەك دەكەم كە لەگەڵ كریس كلار بەرپرسێكی بەشی سیاسی قونسوڵی ئەمەریكایە لەبەغدا كە پێی گوتم: پێتان چۆنە ئەگەر دوای رزگاركردنی موسڵ حاكمێكی عەسكەری بۆ ئەو شارە دابنرێت، بە هاوشێوەی دوای ئەو كارەساتە مرۆییانەی كە لە كالیفۆرنیای ئەمەریكا و چەند ناوچەیەكی تر روودەدات كە ئیدارەی ئەمەریكا راستەوخۆ بۆ ماوەیەكی كاتی حاكمێكی عەسكەری دادەنێت؟ من نازانم ئەمە بیرۆكەیە هی بەغدایە، یاخود ئەمەریكا، ئێمە راستەوخۆ ئەو بیرۆكەیەمان رەتكردەوە، چۆن دەبێت بەرەو حوكمی عەسكەری و دیكتاتۆری بچین كە لە دنیادا مۆدێلی نەماوە، لە كاتێكدا ئەم مۆدێلە كۆنەش لە ئەنبار و سەلاحەدین جێبەجێ نەكراوە، تەنانەت پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ كارەساتێكی سروشتی نییە، بەڵكو گرفت و قەیرانێكی سەربازی و سیاسی و ئابووری و مرۆییە و پێوەندی بە هەموو پێكهاتەكانەوە هەیە، ئیتر نازانم بۆ دەبێت ئەم مۆدێلە لەموسڵ جێبەجێ بكرێت، تەنانەت ئەم بیرۆكەیە لە بەرژەوەندی كوردو كوردستان و تەنانەت خەڵكی موسڵ و پێكهاتەكانیدا نییە، چونكە حاكمی سەربازی دەسەڵاتی رەهای دەبێت و زۆر بەئاسانی مافی خەڵك و پێكهاتەكان پێشێل دەكات.
Top