ماكس ئەبراهامز: مەترسیی تیرۆری گورگە تەنیاكان لە گروپە تیرۆریستییەكان زیاترە

ماكس ئەبراهامز: مەترسیی تیرۆری گورگە تەنیاكان لە گروپە تیرۆریستییەكان زیاترە
ماكس ئەبراهامز، مامۆستای زانستی سیاسییە لە زانكۆی نۆرس ئیستێرن، توێژەر و وانەبێژی تیۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانە كە بایەخ بە پرسەكانی پەیوەست بە شەڕی ناوخۆیی، یاخیبوون و ناڕەزایەتی ناتوندوتیژ و تیرۆریزم دەدات. بۆ شیكردنەوەی ئەو دیاردە و شێوازە تازەیەی لە ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكاندا هاتۆتەئاراوە، هەروەها بۆ راڤەكردنی كێشە و ناكۆكیی تایفەگەری لە ناوچەكەدا و پرسی سەربەخۆبوونی كوردستان، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا سازكرد و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
پسپۆڕی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان:


پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاداشتی كورد بداتەوە كە ئەوەش رێزگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانە بۆ سەربەخۆیی


* بەم دواییانە سەرهەڵدانی كار و كردەوەی تیرۆریستی جیاوازمان بەدی كرد لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی و هەروەها لە ئەمەریكا و تەنانەت لە یابانیش، كە پێشتر ئەم وڵاتانەی ئاشنا نەبوون بەم شێوازە جیاوازەی ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی، لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت كە ئایا ئەم چەشنە كردەوانە تا چ راددەیەك هەڕەشە و مەترسی دروست دەكەن لەسەر ئایندەی ئەو وڵاتانە و چۆن ئەو وڵاتانە دەتوانن بەرەنگاریان ببنەوە؟

- چەندین ساڵە ئیدارەی ئەمەریكا ئەوەی راگەیاندووە كە بوونی دیاردەی گورگە تەنیاكان (Lone-Wolfe Terrorism) مەسەلەیەكی زۆر جددی و مەترسیدارە، یەكێك لە هۆكارەكانیش كە بووە هۆی ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریكا بەم شێوەیە بیربكەنەوە، ئەوەیە كە زۆر زەحمەتە بتوانرێت رێگری لە هێرشی گورگە تەنیاكان بكرێت، چونكە كاتێك تیرۆریستان لەگەڵ یەكدا كاردەكەن، ئەوا رەنگە بتوانرێ پێوەندی نێوانیان ئاشكرا بكرێت و بەریان پێبگیرێت، بەڵام كاتێك كەسێك بە تەنیا كاردەكات و هەڵدەسووڕێت، ئەوا ئەگەری زۆرە لە ئەنجامدانی كردەوەكەیدا سەركەوتوو بێت. بەڵام تێڕوانینی من لایەنێكی دیكەی هێرشی گورگە تەنیاكان ئەوەیە كە راستە ئەگەری سەركەوتنیان لە ئەنجامدانی كارەكەیاندا زۆرە، بەڵام دەرئەنجامێكی كەمتر مەترسیداری لێدەكەوێتەوە. هەرچەندە ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەكان بە دواوە بەدیمان كردووە، ئەوەیە كە گورگە تەنیاكان گورزی كاریگەرتر دەوەشێنن، وەك رووداوەكەی ئۆكلاهۆما كە 168 كەسی تێدا كوژران كە لەلایەن تیمۆس ماكفی-ـەوە ئەنجام درا، هەروەها هێرشەكەی ئەندرێس بریفیك كە 77 كەسی كوشت لە نەرویج لە ساڵی 2011دا، بە هەمان شێوە عومەر مەتین 50 كەسی لە ئۆرلاندۆ-فلۆریدا كوشت، هەروەها ئەو كەسەی كە بارهەڵگرەكەی لە شاری نیس بەكارهێنا بۆ كوشتنی زیاتر لە 80 كەس. كەواتە لە ئێستادا نیگەرانییەكی راستەقینە هەیە لەبارەی ئەم چەشنە هەڕەشە و مەترسییانەوە، ئەویش نەك تەنیا لەبەر ئەوەی بەرپێگرتنیان زەحمەتە، بەڵكو لەبەر ئەوەی كوشندەترن. كەواتە پێموایە گۆڕانكارییەك روویداوە لە چۆنیەتی تێڕوانینمان بۆ هەڕەشەی گورگە تەنیاكان. ئەمەش لە ئێستادا بۆتە كێشەیەكی راستەقینە.

* ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ئەو رێژەیەكی زۆری ئەو كردەوە تیرۆریستییانەی بەم دواییە ئەنجام دراون، كەسانێك پێیان هەڵساون كە پێوەندییەكی رێكخراوەیی گرێیان ناداتەوە بە داعشەوە، بەڵكو ئەمانە كەسانێكن كە داعش بۆتە سەرچاوەی ئیلهام و پاڵنەر بۆیان بۆ ئەنجامدانی كار و كردەوە تیرۆریستییەكانیان، هەروەها ئێوەش لە وەڵامدانەوەی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەتان پێكرد ئەمانە بە گورگە تەنیا تیرۆریستەكان (lone-wolf terrorists) ناو دەبرێن، كەواتە لێرەدا دەپرسین كە ئەو هەل و مەرجانە چین كە بوونەتە هۆی دروستبوون و سەرهەڵدانی تیرۆریستان لەناو خودی رۆژئاوادا، یان ئەوەی پێی دەوترێت (Homegrown)؟

- یەكێك لە هۆكارەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داعش ئەولەوییەتی زیاتری داوە بە ئەنجامدانی هێرش و پەلامارەكانی لە نێو رۆژئاوادا، لە رابردوودا و لە میانەی هەڵمەتی پڕوپاگەندەكانیدا، سەركردەكانی داعش داوایان لە شەڕكەرە بیانییەكان دەكرد بۆ ئەوەی كۆچ بكەن و بێنە عێراق و بەتایبەتی سووریا، بەڵام ئێستا پێیان رادەگەیەنن كە مانەوەتان باشترە لە وڵاتانی رۆژئاوادا بۆ ئەوەی كار و كردەوەی تیرۆریستی لە بری دەوڵەتی ئیسلامی ئەنجام بدەن. یەكێك لە هۆكارەكانی -پێچەوانەوە بوونەوەی ئەم هاوكێشەیە- بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گەشتكردنی ئەو كەسانە بۆ نێو دەوڵەتی ئیسلامی مەترسیدارتر بووە بۆیان، هەروەها هۆكارێكی دیكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەوڵەتی ئیسلامی ئەو راستییە دەزانێت كە هێرشكردنەسەر رۆژئاوا –بۆ نموونە پاریس- زیاتر سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا رادەكێشێت، وەك لەوەی هێرش بكاتەوە سەر شارێكی وەك دیمەشق. لەوەش زیاتر، دیاردەی لاساییكردنەوە، یان ئیلهام وەرگرتن هەیە كە مەبەستم ئەوەیە كاتێك كەسانێك دەبینن كە لەسەر ئاستی مەحەلی توندوتیژی پیادەدەكرێت، ئەوا رەنگە بكەونە ژێر كاریگەرییەكەیەوە و ئەوانیش بە هەمان شێوە ئەو پاڵنەرەیان بۆ دروست بێت بۆ پەنابردنەبەر توندوتیژی. هەروەها لە ئێستادا ژمارەیەكی زیاتری چەك لە بەردەستدایە لە ئەوروپا، كە تۆڕە تاوانكارییەكانی كارێكیان كردووە بەدەستهێنانی ئەو چەكانە ئاسانتر بن، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكەم دیاردەی دەستڕێژكردن و تەقەكردن لە شارەكانی ئەوروپا زیاتر بێت، بە چەشنی ئەوەی لە ئەمەریكادا روودەدات كە دەستڕاگەیشتن بە چەك ئاسانە و لەبەرەدەستدایە. لەلایەكی دیكەوە كەمبوونەوەی كردەوە تیرۆریستییەكان لە دوای 11ی سێپتەمبەرەوە بۆ تێڕوانینی گروپە تیرۆریستییەكان وەك ئەلقاعیدە دەگەڕایەوە كە باوەڕیان وابوو بۆ ئەوەی كردەوەیەكی تیرۆریستی سەركەوتوو بێت، ئەوا پێویستە هەژێنەر بێت و شۆك دروست بكات لە رووی ژمارەی كوژراوەكانەوە. لە كاتێكدا دەوڵەتی ئیسلامی مۆدێلێكی جیاواز پیادە دەكات و پێیوا نییە پێویست بە ئەنجامدانی كردەوەیەكی تیرۆریستی گەورە بكات، بۆ ئەوەی ببێتە مانشێتی هەواڵەكان، لەبەر ئەوە هەڵدەستن بە هاندانی خەڵكانی خۆیان بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی ئەگەرچی كردەوەیەكیش نەبێت كە لە ئاستێكی بەرزدا جێبەجێ بكرێت، بۆ نموونە، یەكەم هێرشیان لە ئەڵمانیا بەكارهێنانی چەقۆ بوو بۆ هێرشكردنەسەر چەند كەسێك لە نێو شەمەندەفەرێكدا كە لە ئاستێكی گەورەدا ئەنجام نەدرا، تەنانەت ئەو هێرشبەرەی ئەڵمانیا كە خۆی كوشت، ئەویش هێرشێكی گەورە و كاریگەر نەبوو كە جگە لە خۆی كەسی دیكەی نەكوشت. هەروەها ئەو هێرشەی لە نۆرمەندی كرایە سەر قەشەكە، لەبەر ئەوە پێموایە دەوڵەتی ئیسلامی پێیوا نییە كە بۆ دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ پێویست بەوە بكات كە فڕۆكە بڕفێنێت و بیتەقێنیتەوە بە باڵەخانەكاندا.

* ئەو ئاڵ و گۆڕەی روویداوە لە پێوەندی بە تیرۆریزمەوە، ئەوەیە تەنیا وڵاتانی ئیسلامی و رۆژهەڵاتی نەبوونەتە زەمینەی سەرهەڵدان و گەشەكردنی هزری توندوتیژی، بەڵكو ئێستا خودی رۆژئاواش بۆتە سەرچاوەیەك بۆ دروستبوونی كەسانێكی توندڕەو. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە چ گۆڕانكارییەك لە سیستمی سیاسی رۆژئاوادا دروست دەكات، بەتایبەتی كە دەبینین كەسانی توندڕەو بوونەتە كاندیدی سەرۆكایەتی، وەك دۆناڵد ترامپ؟
- كاتێك ئەو وڵاتانە رووبەڕووی هێرش و پەلامار دەبنەوە، ئەوا روودەكەنە سیاسییە راستڕەوەكان و ئەمەش لە رووی سیاسییەوە بە قازانج بۆ ئەو سەركردە راستڕەوانە دەشكێتەوە. ئەو رووداوانەی لە ئەمەریكا روویاندا، وەك رووداوەكەی كالیفۆڕنیا كاریگەری خۆیان دروستكرد و رەوتی هەڵۆكانی نێو پارتی كۆماری سوودیان لێوەرگرت و رەوتی كۆترەكانی نێو ئەم پارتە قورساییان كەم بۆوە. واتە دوای ئەو هێرشانە، دۆناڵد ترامپ و تێدر كروز و ماركۆ رۆبیۆ كە لە نێو باڵی هەڵۆكاندا بوون، رێژەكانیان لە راپرسییەكاندا هەڵكشا، لە كاتێكدا ئەوانەی لەسەر رەوتی كۆترەكان حیساب بوون، وەك راند پاوڵ و جێب بوش كاریگەرییان كەم بۆوە. دۆناڵد ترامپ – كە زۆر دژی كۆچبەرانە بەتایبەتی موسڵمانان- زۆرترین سوودی لەم دۆخە وەرگرت، ئەم دیاردەیە تەنیا لە ئەمەریكا بەدی ناكرێت، ئەوەتا لە ئەڵمانیاش ئەنجێلا مێركل كەوتۆتەبەر هێرشی پارتە راستڕەوەكان بە هۆی ئەوەی سیاسەتێكی نەرمی لە ئاست كۆچبەراندا پیادە كردووە. هەروەها پێشبینی دەكەم لە فەڕەنساش بەرەی نەتەوەیی لە رووی سیاسییەوە سوود لە دۆخەكە ببینێت. كەواتە بەڵێ دەبینین كە ئاڵ و گۆڕێك بەرەو رەوتی راستڕەوی لە ئەمەریكا و لە ئەوروپا بەدی دەكرێت و بە ئاشكرا گۆڕانكاری لە سیاسەتەكانیاندا دژی كۆچبەرە موسڵمانەكان روویداوە.
* ستراتیژیەتی ئاشكرا و راگەیەندراوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بریتيیە لە لاوازكردن و لە كۆتاییدا لەناوبردنی داعش، لە ئێستادا ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە تێكشكاندنی داعش نابێتەهۆی كۆتاییهێنان بە كێشەكە، لەبەر ئەوەی ئەمە سەردەكێشێت بۆ سەرهەڵدانی شەڕێكی تایفەگەری درێژخایەن لە نێوان شیعە و سوننەدا، كە لە ئێستادا ئێران بۆتە ئاڵاهەڵگری بەرەی شیعە و سعودیەش سەركردایەتی كامپی سوننەكان دەكات، كەواتە ئایا تا چەند مەترسی ئەوە هەیە ئەم ناوچەیە بخزێتە نێو شەڕێكی ئایینی خوێناوی و درێژخایەنەوە كە چەند كارەسات و كۆمەڵكوژی لێبكەوێتەوە؟

- ئەوە راستە كە كێشە بنەڕەتییەكان لە ئارادا دەمێنن، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامیش لاواز بكرێت، یان تەنانەت ئەگەر تێك بشكێندرێت، بۆ نموونە- رەنگە ئێوە لەم من باشتر ئەمە بزانن- یەكێك لەو هۆكارانەی بووە هۆی ئەوەی سوننەكان بەرەو رادیكاڵییەت بچن ئەوە بوو كە دوای رووخاندنی دەسەڵاتی سەددام حوسێن، مالیكی دەسەڵاتی گرتەدەست كە سیاسەتەكانی بوونە هۆی دوورەپەرێزخستنی سوننەكان و تەنانەت هەندێ كەس لەوە زیاتریش دەڕۆن و پێیانوایە ئەمە كاردانەوەی هەڵكشانی –دەسەڵاتی-شیعەكان و گاردی شۆڕشگێڕی ئێران و كاردانەوەیە بۆ بەرفراوانبوونی دەستڕۆیشتویی ئێران. هەمان مشتومڕ لە سووریاشدا هەیە كە پێیوایە سەركوتكاریی سوننەكان لەسەر دەستی ئەسەد بووە هۆی ئەوەی سوننەكانی ئەو وڵاتە بەرەو رادیكاڵییەت هەنگاو بنێن. من شەخسی خۆم پێموایە ئەم لێكدانەوەیە تا راددەیەك نادادپەروەرانەیە، چونكە رادیكاڵبوونی خودی سوننەكان لەبەرچاو ناگرێت و هەموو دیاردەكە وەك كاردانەوە و پەرچەكرداری سەركوتكاری راڤەدەكات. كە پێموا نییە ئەمە راست بێت، لەبەر ئەوە دەوڵەتی ئیسلامی لەو شوێنانەشدا هەیە كە سەركوتكاری شیعەی تێدا نییە، وەك لیبیا. لەبەر ئەوە باوەڕم وا نییە كە دەوڵەتی ئیسلامی گروپێك بێت و تەنیا پەنابەرێتەبەر پەرچەكردار، بەڵكو گروپێكی دڕندەن و هێرش دەكەنەسەر هەموو لایەك، وەك كچانی ئێزیدی كە هیچ كارێكیان لە دژی –دەوڵەتی ئیسلامی- نەكردبوو، كە هەموو كردەوەیەكی نامرۆڤانەیان لە دژیان ئەنجامدا. هەرچۆنێك بێت، ئەوە تا راددەیەك راستە كە شەڕێكی ئایینی بەرفراوانتر هەیە لە نێو ئیسلامدا كە لە نێوان شیعە و سوننەدا روودەدات و دوای نەمانی دەوڵەتی ئیسلامیش بەردەوام دەبێت.


* ئەوەی لە ئێستادا لە عێراق بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە حكومەتی مەركەزی ئەم وڵاتە پەنای بردۆتەبەر شەڕێكی تایفەگەری و بەم دواییەش بڕیاریدا كە حەشدی شەعبی، كە میلیشیاییەكی شیعەیە، ئاوێتەی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكە بكات، هەروەها پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە دەبێت ئەم میلیشیایە بەشداری لە شەڕی رزگاكردنەوەی موسڵدا بكات، ئەمە لە كاتێكدا موسڵ شارێكی گەورە و ژمارەیەكی زۆری خەڵكی تێدا نیشتەجیێیە و زۆرینەش زۆری ئەو خەڵكانەش سوننەمەزهەبن، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە هۆكاری ئەم پێداگیرییە چییە و ئایا ئەمە ئەوەی لێ ناخوێندرێتەوە كە ئێران دەیەوێت بەسەر عێراقدا باڵادەست بێت و بۆ ئەم مەبەستەش حەشدی شەعبی بەكار دەهێنێت؟

- سەرەتا با ئەوە بڵێم كە بڕیاری جۆرج بۆش بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن دۆخێكی مەحاڵی لە عێراقدا دروستكرد، دەبێت لە عێراقدا هاوسەنگییەكی زۆر هەستیار بهێنرێتەدی لە نێوان شیعە و سوننە و كورد و پێكهاتەكانی دیكە، چونكە ئەمە وڵاتێكی فرەڕەنگە و كاتێك دەسەڵات لەم وڵاتەدا رووخێندرا، ئەوا ئەم وڵاتە دووچاری لێكترازان هات و هەوڵدرا ئەو لێكترازانە چارەسەر بكرێت. من بە هیچ شێوەیەك گەشبین نیم بە ئایندەی دوورمەودای عێراق، لەبەر ئەوەی لە لایەك میلیشیا شیعەكان كاریگەر بوون لە رێگریكردن لە دەوڵەتی ئیسلامی بۆ ئەوەی دەست بەسەر بەغدادا بگرێت، بەڵام لەلایەكی دیكەوە میلیشیا شیعەكانیش بە چەشنی دەوڵەتی ئیسلامی هێزێكی بەرگریكار نین، بەڵكو لە هەوڵی بەرفراوانكردنی دەسەڵاتەكانیدایە، كە ئەم بەرفراوانكردنەش لەسەر حیسابی گروپەكانی دیكە دەبێت. كە ئەمە بە ئاشكرا دەردەكەوێت لە سەروبەندی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی موسڵدا كە میلیشیا شیعەكان پتر بەغدا جێدەهێڵن و بەرەو باكوور هەڵدەكشێن، لەبەر ئەوە پێشبینی كاردانەوە و پەرچەكردار دەكرێت لە ئاستیاندا. تەنانەت هەندێ لەو هاووڵاتیانەش كە لە ژێردەستی داعشدان رەنگە بە رەوتێكی خێراتر لە داعش دووربكەونەوە ئەگەر هاتووو لەوە دڵنیابوون كە بەدیلەكە میلیشیا شیعەكان نابێت. لەبەر ئەوە پێموایە مایەی خۆشبەختی دەبێت، ئەگەر دوای تێكشكاندنی داعش لە موسڵ خوێنڕێژی تایفەگەری روونەدات.

* لە نێو ئەو هەل و مەرجە دژوارەی كە ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، تەنیا هێزێك كە توانیبێتی بە جددی شەڕی تیرۆریستان بكات و لە هەمان كاتدا نەبووبێتە بەشێك لە ناكۆكیی نێوان شیعە و سوننە، بریتیە لە هەرێمی كوردستان كە خاوەنی هێزێكی كاریگەر و كارایە و توانیویەتی رووبەڕێكی گەورە و بەرفراوان لە دەستی تیرۆریستانی داعش پاك بكاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی كوردستان هەرێمێكە و نەبۆتە دەوڵەت، ئەوا دووچاری هەڕەشە و مەترسی جددی بۆتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا سەربەخۆبوونی كوردستان هۆكارێك نابێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەكەدا؟
- كورد لە پێش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی داعشیش شایستەی دەوڵەت بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی فاكتەرێكی كاریگەر بوون لە شەڕكردن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی ئەوا لە ئێستادا زیاتر شایستەی ئەوەن ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. پێموایە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاداشتی كورد بداتەوە و ئەویش بەوە دەبێت ببنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. هەروەها پێموایە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی هاوكار دەبێت لە هێنانەئارای سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبەر ئەوەی نابێتە بەشێك لە هاوكێشە و ناكۆكیی نێوان شیعە و سوننە، هەروەها لەبەر ئەوەی كورد دەبێتە هاوپەیمانێكی گرنگ لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا. من پشتیوانی لەوە دەكەم كە واشنتۆن پاڵپشتی زیاتر لە كوردی عێراق و سووریا بكات و من شەخسی خۆم پێموایە نابێت گوێ بەوە بدرێت كە هەڵوێستی توركیا چی دەبێت و نابێت توركیا ئەوە دیاری بكات كە سیاسەتی ئەمەریكا دەبێت چۆن بێت، لە راستیدا كورد زیاتر لە توركیا هاوكار بووە لە شەڕكردن دژی دەوڵەتی ئیسلامی، توركیا شەریكێكی گەورەی ئەمەریكا نییە و من لەوە تێناگەم بۆچی دەبێت توركیا ئەوە دیاری بكات كە سیاسەتی ئەمەریكا چۆن بێت.


* دوا وتەتان چییە؟
- دەوڵەتی ئیسلامی لە سووریا و عێراق بوونی هەیە و پێموایە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كارێكی زۆر باش ئەنجام دەدەن بۆ لاوازكردنی دەوڵەتی ئیسلامی لەم دوو وڵاتەدا، راگەیاندنی خەلافەت لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە لە عێراق و سووریا لە نوكتە دەچێت، چونكە ئێستا لە هەموو شەڕەكاندا دووچاری دۆڕان دەبێت و داهاتی كەم بۆتەوە و مووچەی شەڕكەران و هەڵمەتەكانی پروپاگەندەشی كەم بۆتەوە. تەنانەت ئەو هەڵمەتی پڕوپاگەندانەی دەیانكات رەنگدانەوەی نەمانی ورەیانە. هەروەها سەركردەكانی دەوڵەتی ئیسلامی دەزانن كە بیرۆكەی خەلافەت داڕووخاوە و لە راستیشدا هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە داوا لە خەڵك دەكات لەسەر ئاستی مەحەلی هێرش و پەلامار ئەنجام بدەن. كەواتە هاوپەیمانان كارێكی باش ئەنجام دەدەن لە دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا، لە بەشێكیدا بەهۆی هاوكاری كوردی ئەو دوو وڵاتەوە. بەڵام كارێكی باشمان ئەنجام نەداوە لە رێگریكردن لە روودانی كاری تیرۆریستی لە ناوچەكانی دەرەوەی ناكۆكییەكە، لە ئەمەریكا و توركیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا. ئەم حكومەتانە نەیانتوانیوە رێگری لە هێرشی گورگە تەنیاكان بكەن، كەواتە دەوڵەتی ئیسلامی لەوەدا كاریگەرترە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ببێتە سەرچاوەی ئەنجامدانی هێرشەكان، نەك لە بنیادنانی رێكخراوەكەیدا لە عێراق و سووریا. ئەمەش مایەی نائومێدییە بۆ دەزگا ئەمنییەكان، چونكە كاتێك تۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا لاواز دەكەیت، چاوەڕێ دەكەیت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دابڕووخێت، بەڵام ئەمە رووینەداوە و لە راستیدا ئەوەی بەدی دەكەین دەقاودەق پێچەوانەیە. چونكە كاتێك دەوڵەتی ئیسلامی وەك رێكخراوێك لاوازدەكرێت، ئەوا دەبێتە هەڕەشەیەكی گەورەتر لەسەر جیهان. هەر لەبەر ئەوەشە كە كاتێك پرسیار لە هاووڵاتیانی ئەمەریكا و ئەوروپا كرا- لە میانەی راپرسییەكدا- كە ئایا چ شتێك بە سەرچاوەی هەڕەشە دەزانن، هۆكاری یەكەم بەلای ئەوانەوە تیرۆریزمە كە وەك سەرچاوەی هەڕەشە دەستنیشانیان كرد، كەواتە ئەوان نیگەرانن لە هێرشە تیرۆریستییەكان، بەڵام ئەم ترسەش ترسێكی تەواو عەقڵانی نییە، چونكە وڵاتگەلێكی دیكە هەن كە زۆرینەی هێرشە تیرۆریستیەكانیان تێدا روودەدات، وەك سووریا و عێراق و لیبیا و نایجیریا و ئەفغانستان، كەواتە ئەگەر لەم وڵاتانەدا بژێیت ئەوا رەوایە كە زۆر نیگەران بیت، واتە ئەگەری زۆر كەمە تۆ لە ئەمەریكا، یان هەر وڵاتێكی ئەوروپا بیت و رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی ببیتەوە، ئەگەرچی ئەم ئەگەرە بوونی هەیە.
Top