خالید عەزیزی :هەموو لایەك چاوەڕێی كاك مسعود بارزانی دەكات بۆ ئەوەی بڕیارێكی نەتەوەیی بدات
August 8, 2016
دیمانەی تایبەت
بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانكارییەكان وایانكردووە كە مەزندەكان بەو ئاراستەیە بچن، گۆڕانكاریی ریشەیی و كاریگەر لە ناوچەكە بێتەئاراوە، لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەشدا لەگەڵ ئەوەی كورد بەشێك نییە لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام یاریزانێكی سەرەكییە و رۆڵێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەگێڕێت، لەمەش زیاتر هەرێمی كوردستان بۆتە نموونەیەك بۆ پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان، لەكاتێكدا كێشەی سەرەكی لە ناوچەكە ئەوەیە كە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان ناتوانن پێكەوە بژین. بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەكە و سوودوەرگرتن لەو دەرفەتەی بۆ كورد هاتۆتەپێشەوە بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ خالید عەزیزی سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا و بەمجۆرە بیروبۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەروو.سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان:
* رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێستا بریتییە لە كۆمەڵێك هاوكێشەی ئاڵۆز و تێكەڵ، هەروەها كۆمەڵێك كاراكتەری تازە گەمەی تێدا دەكەن، ئایا چۆن رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخوێنیتەوە و كورد لە كوێی ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدایە؟
- پێش هەموو شت، ئێمە قسە لەسەر ناوچەیەك دەكەین كە زۆر ئاڵۆز و تێكەڵە، كۆمەڵێك فاكتەری جیاوازی مەزهەبگەرایی و جیوگرافی تێدایە، لەوەش گرنگتر ئەم ناوچەیە شوێنی هەر سێ ئایینە ئاسمانییەكەشە و لێرەوە بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش كاریگەری هەبووە لەسەر چەندی و چۆنی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كێشەكاندا. هەتا سەردەمانی شەڕی سارد كە باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرا، ئەوا رێك بە كێشەی ئیسرائیل و فەلەستین پێناسە دەكرا، ئەمەش بەرهەمی شەڕی ساردی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن بوو، هەر ئەم دوو جەمسەرەش دوو هێزی كاریگەر بوون و دەیانتوانی كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن، بەڵام پاش هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان و هاتنە گۆڕێی كۆمەڵێك فاكتەری دیكە و دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، وردە وردە فاكتەری دیكەی ناوچەیی هاتنە ناو گەمەی سیاسیی ناوچەكە، بۆیە ئێستا كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوە تەقلیدییەكەی كە بڵێن كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین پێناسە ناكرێت، بەڵكو كۆمەڵێك فاكتەری بۆ زیاد بووە لە سەرووی ئەوانەوە كێشەی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننەیە كە ئێران لە سەرووی هەموویانەوە رێبەرایەتی مەزهەبی شیعە دەكات و هەوڵدەدات ناسنامەیەك بۆ شیعە لە تەواوی ناوچەكە دروست بكات، لە بەرامبەر ئەمەشدا سوننە بوونی هەیە و كۆمەڵێك وڵاتی عەرەبین، هەروەها توندڕۆیی سوننەش بوونی هەیە، ئەمە وایكردووە كێشەی ئایینیی و مەزهەبگەرایی ببێتە بنەمای یەكلاییكردنەوەی كێشەكان و حیسابی وردی لەسەر دەكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئایین و مەزهەب هاتۆتە ناو سیاسەتەوە و لایەنەكان سوودی تەواویان لێ وەرگرتووە، بەڵام لە تەنیشت هەموو ئەمانەش فاكتەرێكی دیكە لە چۆنیەتی پێناسەكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادبووە، ئەو فاكتەرەش كوردە، بۆیە لە ئێستادا كە باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت، ناتوانن فاكتەری كورد نادیدە بگرن، كاتێكیش باس لە فاكتەری كورد دەكەین، دیارە ئەم فاكتەرەش رەهەندی جۆراوجۆری هەیە. بە بەبۆچوونی من ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە باشوور، نموونەیەكی جوانی بەرجەستە كردووە، ئەم نموونەیە لەناو عێراقێكی شێواو و لە ناوچەیەكدایە كە سەرانسەر كێشەی مەزهەبگەرایی شیعە و یەكتری قبووڵنەكردنە، بەڵام جیاوازی هەرێمی كوردستان لەوەدایە كە لەم هەرێمە تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان پێكەوە دەژین و لێبووردەیی و یەكتری قبووڵكردن هەیە، هەروەها هەرێمی كوردستان هاوكات لەگەڵ ئەم قەیرانە ئابورییەی توانیویەتی زیاتر لە 1،5 ملیۆن ئاوارە لەخۆی بگرێت و توانیویەتی خۆی رابگرێت. خاڵێكی دیكە بۆ ئەم هەرێمە ئەوەیە كە زیاتر لە 30-40 نوێنەرایەتی وڵاتانی دەرەوە نووسینگە و كونسوڵخانەیان لەم هەرێمەدا هەیە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دانپێدانانێكی نێودەوڵەتییە، لە هەموو ئەم خاڵانەش گرنگتر شەڕی پێشمەرگەیە دژی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی كوردستان زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر بەرەی شەڕی لەگەڵ داعش هەیە، قارەمانییەتی پێشمەرگە لەم شەڕەدا هەرێمی كوردستانی كردووە بە واقیعێك كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناتوانرێت ئینكاری بكرێت، ئەم فاكتەرانە هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی كورد لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا بەشێك نییە لە كێشەكە، بەڵكو ئێستا ئەزموونی هەرێمی كوردستان بۆتە بەشێك لە چارەسەر، ئیدی چۆن دەتوانێت لە نەخشەڕێگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كورد جێگە پەنجەی دیار بێت، ئەمەیان دەكەوێتە سەر هاوكێشەی گەمەكە و ئەوەی كە كورد چۆن لەو هاوكێشەیەدا گەمەدەكات.
* ئەگەر كورد یاریزانێكی ئەو گەمەیە بێت، دەبێت چۆن لەو هاوكێشەیەدا گەمە بكات؟
- دوو جۆر گەمەكردن هەیە، گەمەیەك خۆت دەستی پێدەكەیت و خەڵكی دیكە پەلكێش دەكەیت بۆ ناو ئەو گەمەیە، جۆرێكی دیكەیان ئەوەیە تۆ خۆت بچیتە ناو گەمەكەوە. سەبارەت بە هەرێمی كوردستان دیارە لایەنی كوردی بەشێك نەبووە لە كێشەی نێوان سوننە و شیعە، بەڵام كاتێك ئەم كێشەیە دروست بوو، شەڕی داعش بەرپا بوو، كورد فاكتەرێكی ئیجابی بوو لە كێشەكەدا، بۆیە كورد ئێستا لە گەمەكەدایە، یەكەم بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، دووەم كوردانی سووریاش كە لە تێڕوانینی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە بەرەی دژی داعشن، ئەمانە پێگەی كوردیان لەناو هاوكێشەی نێودەوڵەتی بەهێز كردووە، لە سەرێكی دیكەوە هەرێمی كوردستان سەلماندوویەتی كە كورد نەتەوەیەكە پەنا بۆ توندوتیژی نابات و لێبووردەیە و حەز لە پێكەوەژیان لەگەڵ نەتەوە و ئایینەكانی دیكە دەكات و خوازیارە كە ئاشتی و سەقامگیری لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز بێت، ئەمانە هەمووی پێماندەڵێت كورد لە گەمەكەدا بوونێكی بەرچاوی هەیە.
* جەختت لەسەر ئەوە كردەوە كە كورد بەشێك نییە لە میحوەربەندی شیعە و سوننە، بەڵام وەك دەبینین بەشێك لە هێزە سیاسییەكان پێوەندی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە و سیاسەتەكانی ئێران جێبەجێ دەكەن، بۆ نموونە رەفتارەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان، لەو بارەوە راتان چییە؟
- كوردیش وەك هەموو لایەنەكانی ناو گەمەكە مافی خۆیەتی كارتی هەمەجۆرە بەكار بهێنێت، بەڵام من ئومێد دەخوازم بەكارهێنانی ئەو كارتانە لە بەرژەوەندی نەتەوەییدا بن، سەبارەت بە پارتە سەرەكییەكانی باشووری كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێوەندییان لەگەڵ ئێران و توركیا زۆر سروشتییە، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم ئێران و توركیا ببنە بەشێك لە گەمەی نێوماڵی كورد و لەمەدا لە یەكتری جیادەبنەوە. ئەوەشی پێوەندی بە پەكەكەوە هەیە، دیارە پەكەكە پارتێكی باكووری كوردستانە و هەر لەوێ دامەزراوە و شوێنی خەباتیشی هەر ئەوێیە و هەر لە باكووریش رۆڵی پەكەكە لە نێو خەڵكدا رەنگ دەداتەوە، بە بۆچوونی من پەكەكە بۆی نییە و لە قازانجی كوردیش نییە دەستێوەردان لە هیچ پارچەیەكی كوردستان بكات، تەنانەت ئەگەر لە پارچەیەكیش بوونی هەبێت، دەبێت ئەو بوونە بۆ بەهێزكردنی نێوماڵی كورد بێت و نابێت ببێتە بەشێك لە كێشە ناوخۆییەكانی پارچەیەكی دیكەی كوردستان. بۆیە من ئومێدەوارم لە پێوەندی بە باشووری كوردستانەوە پەكەكە ئەو خوێندنەوەی هەبێت. دیارە لە باشووری كوردستان كێشەی ناوخۆیی هەیە و بەشێك لەو كێشانە ریشەی مێژوویی هەیە، بۆیە ناكرێ هیچ كام لە حزبەكانی پارچەكانی كوردستان ببنە بەشێك لەو كێشەیە، لەبەر ئەوەی بوون بە بەشێك لەو كێشانە، كێشەكان زیاتر قووڵ دەبنەوە.
* بەڵام پەكەكە نەك هەر لە باشوور، بەڵكو لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەستێوەردان دەكات و خۆیشی دەكات بە بەشێك لە كێشەكان، هەر بۆ نموونە ئێستا داوا دەكات شنگال نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان. ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بۆچوونە بكەین؟
- تا ئەو جێگەی پێوەندی بە شنگالەوە هەیە، شنگال بەشێكە لە كوردستانی باشوور، ئەم بەشە پارتی سیاسی و پەرلەمانی خۆی هەیە. بۆیە لە روانگەی ئێمەوە نەك پەكەكە، بەڵكو هیچ حزبێكی پارچەكانی دیكە نابێت ببنە بەشێك لە كێشەكە، ئەگەر پەكەكە بیانووی ئەوەیە لە شنگال و شەڕی دژی داعش بوونی هەبووە، ئێستا داعش لەو ناوچەیە نەماوە و لەسەر دەستی پێشمەرگە تیكشكێندراوە و پاشەكشەی كردووە، بۆیە دەبێت ئێستا خۆی بێت و بڵێت: فەرموو قائیمقامی شنگال، یان پەرلەمانی كوردستان ئەگەر ئەو كات بۆ شەڕی داعش بوونمان هەبوو، ئەوا ئیتر لەمەودا ئێمە دەستێوەردان ناكەین و بە خۆتانی دەسپێرینەوە. كوردستان خۆی بەسەر چواردەوڵەتدا دابەش بووە و زیاتر لە 60-70 حزبی سیاسی هەیە، هەر یەك لەو حزبانەش خوێندنەوەی جۆراوجۆریان هەیە، بۆیە ئەگەر سنوورێك دانەنێن هەموو كێشەكان زیاتر ئاڵۆز دەبن.
* لە خوێندنەوەی فاكتەری كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرێمی كوردستانت وەك فاكتەرێكی ئیجابی هەڵسەنگاند، ئێستا لەم هەرێمە زەمینەیەك بۆ راگەیاندنی دەوڵەت هاتۆتەپێشەوە، ئایا تاچەند لە ئێستادا راگەیاندنی ئەم دەوڵەتە نابێتە موجازەفە؟
- ئێستا كۆمەڵێك فاكتەر هەن و هەموویان شان بە شانی یەكتری زەمینەیەكی لەباری بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە، بۆیە باشووری كوردستان لە هەموو روویەكەوە نزیكە لە لوتكە و راگەیاندنی دەوڵەت، بەڵام فاكتەری هەرە سەرەكی كە دەبێتە بنەما بۆ ئەم پرۆسەیە، فاكتەری نێوماڵی كوردییە، واتە ئەگەر هەموو فاكتەرە نێودەوڵەتییەكان شان بە شانی یەكتری بۆ بە خاوەن دەوڵەتبوونی كورد بوونیان هەبێت، ئەوا ئەگەر نێوماڵی كورد یەكگرتوو و یەكدەنگ و یەكگوتار نەبێت، یان ئەم پرۆسەیە موزایەدەی حزبی لەسەر بكرێت، ئەوا لەوانەیە ئەم پرۆسەیە لەسەر ئاستی لێكتێگەیشتنی نێودەوڵەتی پرسیاری بكەوێتەسەر، بۆیە پرسی بەدەوڵەتبوون لە باشووری كوردستان بەدەستی خودی كورد خۆیەتی، ئەگەر نێوماڵی كورد یەكگرتوو بێت، شانسی ئەوە هەیە ئەو دەرفەتەی بۆ باشوور هاتۆتەپێشەوە، بكرێتە ئەمری واقیع. ئەمەش واتە ئەگەر نێوماڵی كورد یەكگرتوو بێت دەتوانرێت ریفراندۆم بكرێت و سیگناڵێكی باشیش بدرێتە دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان (ئێران، توركیا، عێراق و سووریا) و پەیامێكی بەهێزیش بنێرێت بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و كورد بە یەكدەنگی و یەكڕیزییەوە دەخرێتە سەر نەخشەی تازەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەو مانایەی ئەگەر كوردستان سبەی ببێتە خاوەن دەوڵەت، هەر بەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوو هەیبووە، دەتوانێت ببێتە بناخەیەكی باش بۆ دیموكراسی و یەكتری قبووڵكردن و پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەم ناوچەیەدا كە ئێستا زۆر پێویستی بەو بەهایانە هەیە.
* بەڵام وەك ئاگادارن چەندین جارە مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەریی كردووە بۆ ئەوەی حزبە سیاسییەكان كۆببنەوە و لەسەر ئەم پرسە كێشە لاوەكییەكان وەلابنێن و یەكگوتار و یەكهەڵوێست بن، ئایا ئەمە ئەو زەمینەیە دروست ناكات؟
- لێرەدا دەبێت هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ئەوە بێت بڕیارێكی نەتەوەیی بدەین. ئەو بڕیارە نەتەوەییەش بتوانێت هەموو لایەك پابەندبكات و لەناو پرۆسەی سەربەخۆیی یەكگوتاری دروست بكات. نزیكەی سێ ساڵ پێش ئێستا قسە لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی كرا، بەڵام لەبەر ئەوەی زەمینەی ئەو كۆنگرە نەتەوەییە لەسەر ئەرزی واقیع بوونی نەبوو، سەركەوتوو نەبوو، بەڵام بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان ئەو زەمینەیە لەسەر ئەرزی واقیع بوونی هەیە، بۆیە ئەم حاڵەتە پێویستی بە بڕیاردان، یان كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هەیە، سەبارەت بە رۆڵی جەنابی كاك مسعود بارزانی دیارە هەموو لایەك ئومێدێكی زۆری لە بەڕێزیان هەیە، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێكە، یەكەم: كاك مسعود بارزانی هەموو ژیانی پێشمەرگە بووە و بە پێشمەرگایەتی پێگەیشتووە، بۆیە لە هەموو دەرد و كارەساتەكان باشتر تێدەگات و دەزانێت لێكترازانی نێوماڵی كورد چ كارەساتێك بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هۆكاری دووەم: جەنابی كاك مسعود سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و خۆی رابەریی پرۆسەی سەربەخۆیی دەكات، بۆیە دەبێت بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە هەموو رێگەیەك بگرێتەبەر و تەنانەت ئەگەر لەسەر ئەم پرسە نەرمییەكی تەواویش پیشان بدات، ئەوە گەورەیی ئەو پیشان دەدات، لەبەر ئەوەی قازانجی داهاتووی نەتەوەكەمان لەو بڕیارەدایە.
* ئێستا ئێران تەنیا دەوڵەتە زۆر بە ئاشكرا دژایەتی دەوڵەتی كوردستان و پێداگیری لەسەر یەكپارچەیی عێراق دەكات، ئایا ئەگەر دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت كاردانەوەی ئێران چۆن دەبێت؟
- بۆ ئەمە یەك دوو روانگە هەیە قسەی لەسەر بكەین. دەكرێت بە حوكمی ئەوەی ئێران دەوڵەتێكی فرەنەتەوەیە و لەناو ئەو نەتەوانەشدا نەتەوەی كورد پتر خەبات و تێكۆشانی كردووە بۆ مافەكانی، لەوانەیە لەم روانگەیەوە ئێران ترسی ئەوەی هەبێت، دەوڵەتی باشووری كوردستان ببێتە ئەزموون و هاندەرێك بۆ كوردی رۆژهەڵات، لەم روانگەیەوە لەوانەیە دژ بێت، بەڵام ئەگەر واقیعییانە سیاسەتی ئێران بخوێنینەوە، ئەگەر سبەی دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت، ئێران سەیری بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكات، ئەگەر سەیریان كرد ئەم دەوڵەتە لە بەرژەوەندی مانەوەی خۆیانە، ئەوا پێوەندی لەگەڵ گرێدەدەن. لەمبارەوە نموونە هەیە، كاتێك دەوڵەتی ئازەربایجان راگەیەندرا، دیارە نەتەوەی ئازەری دووەمین نەتەوەن لە ئێراندا لە رووی ژمارەوە و هەروەها شیعە مەزهەبن و حكومەتی ئازەربایجانیش شیعە مەزهەبن، ئازەرییەكان بە حوكمی ئەوەی شیعەن پۆست و پلەی باڵاشیان لە حكومەتی تاراندا هەبوو، بەڵام ئێران پێوەندی لەگەڵ حكومەتی ئازەری گرێدا، لەبەر ئەوەی ئەو دەوڵەتە نەبووە هۆكاری ئەوەی ئازەرییەكانی ئێرانیش هەوڵی دەوڵەتی خۆیان بدەن، هەروەها هۆكارێكی دیكە ئەوە بوو كە دەوڵەتی ئازەربایجانیش مەزهەبی شیعە بوو، بۆیە لەوانەیە ئێران ئەوەی بە دەروازەیەكی دیكە دانابێت بۆ بڵاوكردنەوەی مەدی شیعە، راستە ئەو دوو فاكتەرە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بوونیان نییە، بەڵام لە بەرامبەردا فاكتەری دیكە هەن. ئەگەر ئێران هەوڵبدات لەشكركێشی بۆ سەر ئەو دەوڵەتە بكات كە لە هەرێمی كوردستان دروست دەبێت، ئەوا كوردی ئێران دەڕژێتە سەر جادە و بەرهەڵستی دەكەن، لەلایەكی دیكەوە هەرێمی كوردستان ئێستا ئەوەندە دۆستی نێودەوڵەتی بۆ دروست بووە كە لە ئێرانی قبووڵ ناكەن لەشكركێشتی بكات، واتە ئەگەر دەوڵەت راگەیەندرا لە نێوان لەشكركێشی و چاوەڕێكردندا، من پێموایە ئێران چاوەڕێكردن هەڵدەبژێرێت، تا بزانێت ئایا لەبەرژەوەندی خۆیدایە، یان نە.
* ئەگەر باس لە رەوشی رۆژهەڵاتی كوردستان بكەین، دیارە لەم ماوەیەی رابردوو هێزەكانی رۆژهەڵات كۆمەڵێك چالاكیی تەنانەت چەكدارییان لە رۆژهەڵات ئەنجامدا و حكومەتی كۆماری ئیسلامیش زۆر بە توندی وەدەنگ هات، ئایا بەنیازن بگەڕێنەوە بۆ رۆژهەڵات و بازنەی خەباتی خۆتان فراوان بكەن؟
- سەبارەت بە گەڕانەوە، یان چوونەوە ناوخۆی رۆژهەڵات، ئەوە چەندین ساڵە بەردەوام هەر لە گۆڕێدایە و پێشمەرگەی هەموو لایەنەكان هاتوچۆی ناوخۆی وڵاتیان كردووە و شەڕ و پێكدادانیش هەبووە، پێشمەرگە شەهید و برینداری هەبووە و تەرفی حكومەتی ئێرانیش خەسارەتی هەبووە، بەڵام ئەوەی ئەمساڵ روویدا، سروشتی شەڕەكان و بارودۆخی ناوچەكە وایكرد كۆماری ئیسلامی زۆر زوو بێتەدەنگ و هەرا و هۆریایەك دروست بكات و واپیشان بدات گوایە پیلانێكی ئیقلیمی دژی ئێران لەئارادایە، كە ئەمە ئەسڵی نەبووە و نییە. ئێمە لە رابردووش و لە ئێستاش و لە داهاتووش حزوورمان لە رۆژهەڵات دەبێت، بەڵام چەند و چۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەتی كۆماری ئیسلامی دەكەین، ئەوە پرسێكی دیكەیە. واتە چۆن ئێران ناچار دەكەی گوێت لێبگرێت، یان بەدەنگ بێت، بۆ ئەمە شێوازی جۆراوجۆر هەیە. دیارە پێشمەرگە سیمبولی بەرخۆدانە و حزووری ئەوان گرنگە، بەڵام لە پاڵ حزوری پێشمەرگە گرنگە خەباتی مەدەنی و چالاكیی یاسایی و كەڵكوەرگرتن لە دەرفەتەكان بقۆزرێنەوە بۆ ئەوەی بناخەیەكی میللی بۆ ئەو پرسە دروست بكرێت، بۆیە پرسەكە بەس حزووری پێشمەرگە نییە. ئەگەر پێشمەرگە حزووری هەبێت و ساڵانە چەندین چالاكیش ئەنجام بدات، بەڵام ئەگەر پشتیوانییەكی جەماوەری نەبوو، ئەوا كۆماری ئیسلامی دەتوانێت لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی كێشەكە وەك كێشەیەكی چەكداری پێناسە بكات و بڵێت چەند چەكدارێكن و چەندین ساڵە لەو دیوی مەرزەكانەوەن و جارجار دزە دەكەن و دێن ئاژاوەیەك دروست دەكەن، ئەمەش زەمینەی ئەوە بۆ كۆماری ئیسلامی خۆش دەكات كە بتوانێت پرسەكە كپ بكاتەوە.
* بەڵام كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆشدا دەستی نەپاراستووە و بە پۆل خەڵك لە سێدارە دەدات، ئایا ئەمەش گورزێك نییە بۆ خەباتی مەدەنی؟
- لە سێدارەدان وەك لە راپۆرتە نێودەوڵەتی و راپۆرتەكانی مافی مرۆڤ بە راشكاوانە ئاماژەی پێكراوە، بەشێكە لە مێژووی كۆماری ئیسلامی و لە رابردوو هەبووە و لە ئێستاشدا هەیە و لە داهاتووشدا دەبێت. لەسێدارەدان شتێكی تازە نییە لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەڵام بۆ ئەوەی لە سێدارەدان كەم ببێتەوە، دەبێت خەباتی مەدەنی لە ناوخۆ وڵات بەرفراوانتر بكرێت، بۆ ئەوەی گوشار بكەوێتە سەر حكومەت و ناچار بێت پاشەكشە بكات.
* وەك سەرنج دەدرێت ئێستا ئێران زۆر غروورە، ئەمەش نەك هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵكو لەسەر ئاستی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەموو ناوچەكەش بوونی هەیە، ئایا ئەم غروورییەی ئێران لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- كۆمەڵێك فاكتەر بوونیان هەیە كە وایانكردووە ئێران مەغروور بێت، یەكەمیان: لەبەر ئەوەی ئێران وڵاتێكە زۆربەی دانیشتووانەكەی سەر بە مەزهەبی شیعەن و شۆڕشی ئیسلامیش فۆرمێكی شیعەی هەبووە، بۆیە ئێران لە تەواوی ئەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە شیعەی لێیە، هەژموونی خۆی سەپاندووە و بۆچوونێكی بڵاوكردۆتەوە بەو مانایەی ئەگەر ئێران نەبێت، ئەوا شیعە لەسەر دەستی سوننە قەڵاچۆ دەكرێت، بۆیە بەمجۆرە سۆزی شیعەكانی لەسەر ئاستی تەواوی ناوچەكە و ئەفغانستان و پاكستانیشی بۆ خۆی راكێشاوە.
دووەم: ئێران وڵاتێكی گەورەیە و توانی لە ماوەی 10-12 ساڵی رابردوو لەسەر كێشەی ئەتۆمی و لە مامەڵەی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی وا پیشانبدات كە كارتی زۆری بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی گەمەی پێبكات، ئەمەش وایكرد كە رێككەوتنێك لەسەر پرسی ئەتۆمی بێتەئاراوە .خاڵی سێیەمیش، لەبەر ئەوەی داعش پێناسەیەكی سوننەی هەیە، لە سووریا و عێراقیش ئەو دوو حكومەتەی داعش لە دژیان شەڕ دەكات، شیعەن، ئەمەش وایكردووە لەبەر چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی وا پێناسە بكات كە لە بەرەی دژی داعشن، سیاسەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دیارە مەسەلەكان خاڵبەندی دەكات و ئەولەوییەتەكان دیاری دەكات، خۆشتان دەزانن، ئێستا ئەولەوییەتی سەرەكیی سیاسەتی نێودەوڵەتی شەڕكردنە لە دژی داعش، بۆیە ئەم فاكتەرانە كە لە بەرژەوەندی ئێران شكاونەتەوە وایكردووە ئەو مەغروورییە دروست بێت.
* بەڵام كاتێك سەرنج لە شێواز و كارە بەربڵاوە تیرۆریستەكانی داعش دەدەین، دەبینین دەستی دەگاتە هەموو شوێنێك لەم جیهانە، كەچی كاری تیرۆریستی لەناو ئێران ئەنجام نادەن، ئایا هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- من بە دووری نابینم پێوەندییەكی موخابەراتی و ناڕاستەوخۆ بۆ هەماهەنگی لە نێوانی كۆماری ئیسلامی و داعشدا هەبێت، بۆ ئەوەی بە جۆرێك یەكتری بپارێزن، هەر بۆ نموونە لە كاتی شەڕی ئێران – عێراقدا، كۆماری ئیسلامی هەموو دروشمەكانی بۆ نەمانی ئیسرائیل بوو، بەڵام هەموو بەڵگەكان بە ئاشكرا دەریانخست بە رێگەی ئەوروپا چەكی ئیسرائیلی دەگەیشتە دەستی حكومەتی ئێران، بۆیە دەڵێم ئەمەش بە دوور نازانرێت كە شتێكی لەو جۆرە بێت.
* دیارە هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەمریكا جۆرێك جیاوازی هەیە، ئایا تاچەند ئەم هەڵبژاردنە رەنگدانەوەی لەسەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت؟
- ئەوەی هەتا ئێستا لە گوتارەكانی هەر دوو كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمریكا سەرنجی دەدەین و لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پێشوو بەراوردیان دەكەین، ئەوا وادەردەكەوێت كە هیچ كاتێك بەو ئاستە گوتاری كاندیدەكان بەوجۆرە جیاوازی نەبووە، سەبارەت بە دۆناڵد ترامپ كە كاندیدی كۆمارییەكانە، ئەو لێدوانەی دەیدا و ئەو قسانەی دژی نەتەوە و ئایینەكان دەیكات، ئەوە لایقی دامەزراوەی سەرۆكایەتی ئەمریكا نییە، كەسێك بەو ئەقڵییەتە ببێتە سەرۆكی ئەمریكا بە ئاسانی لەسەر ئەمریكا تەواو نابێت. ئەو زۆر جار باس لەوە دەكات گلۆبالیزەیشن كۆتایی هاتووە و دەڵێت: من بەدوای ئەمریكالیزم دەگەڕێم، ئەمەش بەو مانایە شكۆی ئەمریكا هاتۆتە خوارەوە و دەیەوێت شكۆی بۆ بگێڕێتەوە، لایەنێكی دیكە ئەوەیە كە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەمریكا زۆر فراوانە، لەكاتێكدا باس لە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی دەكرێت، ترامپ بە كەسێكی هەڵەشە ناسراوە، ئایا دەكرێت ئەو هەموو دەسەڵاتانە بدرێتە كەسێكی وەك ترامپ، بە هەر حاڵ ئەمە لەلایەن نوخبەی ئەمریكییەوە زۆر بایەخی پێدەدرێت، بەڵام خەڵك رۆژانە سەیری شاشەكان دەكات و گوێ لە لێدوانەكان دەگرێت. لەوانەیە خەڵك بڵێت ترامپ بە ئاشكرا قسە دەكات و بە دیپلۆماتی قسە ناكات، بۆیە لەم روانگەیەوە ترامپ بۆ ئەمریكا و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەبێتە مایەی نیگەرانی، بۆیە من پێموایە بۆ ئێمەی كورد دیموكراتەكان باشترن، لەبەر ئەوەی ماوەی هەشت ساڵە ئەوان دۆستایەتییەكی زۆریان لەگەڵ كورد پەیدا كردووە، كوردیش دۆستایەكی زۆری پەیدا كردووە. من بۆ خۆم چەند ساڵێك لە ئەمریكا بووم، سروشتی ئەو دوو حزبە بەو جۆرەیە كە چوونە كۆشكی سپی هەموو ستافی كۆشكی سپی دەگۆڕن، بۆیە لەم حاڵەتەدا هەتا جارێكی دیكە لەگەڵ ئەوان دێنەوە سەرخەت، كاتێكی زۆری دەوێت.
* ئەگەر دوایین پرسیار ئەوە بێت كە لەم كاتەدا ئێمە وەك كورد ئەگەر بڕیارێك بدەین، تاچەند بۆ بەرژەوەندی كورد دەشكێتەوە و ئایا پێتوانییە لەم ماوەیەدا ئیدارەی ئۆباما بۆ پشتگیریكردنی كاندیدی كۆمارییەكان كارێك بكات هاوسەنگیی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بگۆڕێت؟
- لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی ئەمریكادا جاروبار ئەو جۆرە تاكتیكانە بەكار هاتووە، بۆیە سەیر نییە شتێك بێتە گۆڕێ بۆ ئەوەی بۆچوونی خەڵك گۆڕانكاری بەسەردا بێت. سەبارەت بە بڕیاری كوردیش، دەمەوێت بە دڵنیاییەوە ئاماژە بەوە بكەم، هەتا كێشەی داعش لە گۆڕێدایە و كورد سنووری 1000 كیلۆمەتر بەرەی شەڕی لەگەڵ داعش هەیە، ئەوە گرنگە كە تا چەندی دەتوانێت، پێگەی خۆی بەهێز بكات و ناوماڵی خۆی رێكبخاتەوە، هەروەها هەندێك مەسەلە هەیە دەبێت یەكلایی بكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر شەڕی داعش تەواو بوو، لەوانەیە بارودۆخەكە بۆ كوردستان بگۆڕێت، بەتایبەتی ئێستا كە ئەمریكا خۆی سەرۆكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشە، یان لەوانەیە لە ناوچەیەكی دیكە كێشەیەك بێتەئاراوە و ئێرە وەك ئێستا بایەخی پێ نەدرێت، بۆیە من جەخت دەكەمەوە دەبێت لە ئێستا هەوڵبدرێت زۆر مەسەلە یەكلایی بكرێنەوە.