هێمن هەورامی: عێراق بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەڕوات، ناكرێت كوردستان چاوەڕێ بكات و پڕیشكی زیاتری بەربكەوێت
August 8, 2016
دیمانەی تایبەت
كوردستان بەرەو قۆناخێكی نوێی بڕیار و ئایندەیەكی باشتر لە ناوچەیەكی پڕكێشە و گۆڕانكاری هەنگاو هەڵدەگرێت، لە ناو ئەم ژینگە ئاڵۆزەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێبەرایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ناكرێت ئەم فورسەتەی بۆ كوردستان هاتۆتەپێشەوە لەدەست بدرێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رەوشە ئاڵۆزەی ناوچەكە و بەرنامەكانی سەرۆكی هەرێم بۆ سەربەخۆیی و دەرهاویشتەی سیاسەتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان لەسەر پرسی كورد، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ هێمن هەورامی بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان:
* لە وەڵامی ئەو كەس و لایەنانەی كە دەڵێن ئێستا كاتێكی گونجاو نییە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، سەرۆك بارزانی دەڵێت: «كاتی بندەستیش نییە.» ئەمەش مانای ئەوەیە راگەیاندنی سەربەخۆیی جۆرێك لە موجازەفەكردنیشی تێدایە، ئایا سیاسەتی نێودەوڵەتی، یان دەوڵەتانی جیهان و بەتایبەتی دەوڵەتە گەورەكان چۆن مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكەن ئەگەر جەنابی سەرۆك بڕیاری سەربەخۆیی بدات؟
- سیاسەتی نێودەوڵەتی و هاوكێشەكانی هێز لە ئاستی نێودەوڵەتی چیدی لەسەر بنەمای یەكەی دەوڵەت بە تەنیا نییە، بۆیە بەپێچەوانەی سەدەی بیستەمەوە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هۆی فاكتەری جیهانگیری و شۆڕشی زانیاری و ئابووری تێكهەڵبەستراو و بازاڕی پشت بەیەكبەستن، گۆڕان لە چەمكی هێز و سەرچاوەكانی هەڕەشە بۆ ئاسایشی جیهانی و ئەكتەرە كاریگەرە غەیرەدەوڵەتییەكان و گۆڕان بەسەر چەمكی هێزدا، كۆمەڵگەیەكی دەوڵەت سەنتەر نییە (State Centric) تاوەكو چارەنووسی هاوكێشەكان بە تەنیا بە دەست دەوڵەتانەوە بێت. جگە لەوەش ئیستا دنیا لە قۆناغی راگوزەرە لە تاك جەمسەرییەوە بەرەو فرەجەمسەری، یان بێ جەمسەری. هەموو ئەمانە وادەكەن كە هەرێمی كوردستان جگە لە پێگە جیۆپۆلەتیكییەكەی، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش لەگەڵ دنیای پێشكەوتوو و ئازادیخواز و دیموكرات، توانیویەتی بوونی خۆی بسەلمێنێ. هەرێمی كوردستان بەگشتی لە ساتی دروستبوونی عێراق وەك دەوڵەت لە ١٩٢٠ـەوە تا ٢٠١٤ بە دوو قۆناغی سەرەكیدا تێپەڕیوە، بە جۆریك لە ١٩٢٠ تا ٢٠٠٣ لە ژێر ناونیشانی جیاجیای پادشایەتی و كۆماریدا، نەك بە مافەكانی نەگەیشتووەو وەك هاوبەش مامەڵەی لەگەڵ نەكراوە، بەڵكو رووبەڕووی جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردن بووەوە. لە ٢٠٠٣وە ئەو ئومێدەی كە دەكرا عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و دەستوور و فیدڕاڵییەت و دیموكراسی بنیاد بنرێت، لەبار برا، نموونەی ئەو لەباربردنانەش جێبەجێ نەبوونی ٤٣ ماددەی دەستووری، شكستی چەمكی فیدڕاڵییەت و دروستنەبوونی ئەنجومەنی فیدڕاڵی و رێگری لە هەرێمی دیكەی فیدڕاڵی بووە وەك ئەوەی لە دیالە و سەلاحەدین و بەسرە كرا، هەروەها جووڵاندنی هێز بووە لە ٢٠٠٨ دژ بە كوردستان لە خانەقین، بە سیستەماتیك دابەزاندنی رێژەی كورد لەناو سوپای عێراق لە ٢٤%ی ساڵی ٢٠٠٥وە بۆ تەنیا ١% لە ساڵی ٢٠١٥، هێنانی عەمەلیاتی دیجلە، جێبەجێنەكردنی ماددەی ١٤٠، كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و زیادكردنی خەرجی سیادی لەسەر حیسابی هەرێم و بە تەواوەتی بڕینی بودجە لە شوباتی ٢٠١٤، دەرنەچوواندنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و كاركردن بە یاساكانی بەعس، پێشێلكردنی سازانی سیاسی و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لە یەك بازنەیی بۆ ١٨ بازنە بە ئامانجی كەمكردنەوەی رێژەی كورد لە پەرلەمانی عێراق و كەمكردنەوەی رۆڵی كورد لە ئیدارەدانی وڵات، نەبوونی سوپای نیشتمانی و لێكەوتەكانی سەرهەڵدانی داعش و رێگرییەكانی بەغدا لە گەیشتنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش و رێگریكردنی لە بەشداریی نوێنەرانی كوردستان لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان و داخستنی ئاسمانی كوردستان، ئەمانە و لیستێكی دوورودرێژ لەو هۆكارانەی كە دەیسەلمێنن هەرێمی كوردستان بە مانەوەی بەم دۆخەی ئێستای لەگەڵ بەغدا دەچێتە بازنەیەكی بۆشەوە. جگە لەوەش، نیگەرانیی ستراتیژیی ئێمە لە عێراقی پاش داعشەوە دێت كە ئەم وڵاتە زیاتر بەرەو تۆخبوونەوەی ململانێی مەزهەبی دەڕوات، دامەزراوەی دەوڵەت نەماون، بە نموونە پێوەندیی حەشدی شەعبی پاش داعش بە دامەزراوەی ئەمنی و سەربازی عێراق و پێگەیان لە ئاستی سیاسی و ئەگەری پەلاماردانیان بۆ ناوچە كوردستانییەكان، قوڵبوونەوەی زیاتری ململانێی سوننە و شیعە لە عێراق، قووڵبوونەوەی شەڕی بە وەكالەتی جەمسەربەندییە مەزهەبی و جیۆپۆلەتیكییەكان لە عێراق، شكستی عێراق وەك دەوڵەت و داهیزرانی دامەزراوەكانی و كێشەی ناو سوننەكان خۆیان و كێشەی ناو شیعەكان خۆیان هەموو ئەمانە ئاماژەن كە عێراق بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەڕوات. لێرەدایە كە هەرێمی كوردستان ئایا بوەستێ و چاوەڕێی ئەوە بكات بەشیك بێت لەو ناسەقامگیرییە و پڕیشكەكانی بەركەوێت و خۆی بداتە دەست قەدەرێكی نادیار، یان بە خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بكات و لە بری پاشكۆبوون و بەردەوامی كێشە لەگەڵ بەغدا، ببینە دراوسێیەكی باش و لە شەڕی تیرۆریستان و سەقامگیریی ناوچەكە زیاتر هاوكار بین و بازاڕی هاوبەشی ئابووریمان هەبێت. ئەوەی بەلای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە گرنگە، ئەوەیە كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت لیستی وڵاتانی شكستخواردووی زیاتر دەبێت، عێراق، سووریا، یەمەن، لیبیا، وڵاتانی لاواز زیاتر دەبن. لە بەرامبەردا شوێنێكی وەك كوردستان وێڕای بایەخی جیۆستراتیژی، لەسەر ئاستی بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش و خاڵی سەقامگیری بۆیان گرنگە بپارێزێرت. لە زانستی سیاسی و ململانێدا، وتەیەك هەیە كە دەڵێت: گەورەترین موجازەفە ئەوەیە كە موجازەفە نەكەیت. لە مێژووی دوور و نزیكی كوردستان، گەلی كوردستان موجازەفەی زۆری هەبووە، بەڵام بە سەركەوتوویی لێی دەرچووە. گرنگ ئەوەیە ئێمە خۆمان نەدەینە دەست قەدەر و روانگەمان روون بێت و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەین. ئەگەر سەیری ئەزموونی دروستبوونی زۆریك لە دەوڵەتان بدەین لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، لەسەرەتادا بەشێكی گرنگی وڵاتانی گەورە لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی نوێ نەبوون، هەڵبەتە ئەوە بووەتە یەك لە دیاردەكان كە ئەو وڵاتانە زیاتر مەیلیان بەلای پاراستنی واقیعی حاڵ Status Quo دایە، بەڵام دروستبوونی دەوڵەتی نوێ كە بووەتە ئەمری واقیع، دواتر یەك بە یەك ددانیان پێدا ناون. ئەمریكا دژی دروستبوونی ئیسرائیل بوو لە ١٩٤٨، دژی هەڵوەشانەوەی یۆگسلاڤیا بوو، لەگەڵ پارچەپارچەبوونی یەكێتیی سۆڤیەت نەبوو لە ١٩٩١، بەڵام دواتر بە رەسمیی ناساندن و مامەڵە لەگەل ئەوە دەكەن كە لەسەر ئەرز هێز و پشتیوانیی جەماوەر و بەرژەوەندیی هاوبەش و بەهای هاوبەشیان هەبێت.
* لە ئێستادا وەك دەبینین هەندێك لایەنی سیاسی بەتایبەتی گۆڕان و یەكێتی بەئاشكرا دەڵێن دەمانەوێت كێشەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێت، بۆ ئەمەش جیا لەوەی خۆیان وەك شاندی هاوبەش چوونە بەغدا، لە هەمانكاتدا نوری مالیكی-یش هاتە سلێمانی و لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی كۆبووەوە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا نەخشەڕێگای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا چۆنە؟ ئایا ئێوە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا مامەڵە لەگەڵ بەغدادا دەكەن، یان بۆ وتووێژكردن سەبارەت بە ریفراندۆم و رێكخستنی پێوەندییەكان وەك دوو دراوسێ لە ئایندەدا؟
- پارتی پێیوایە ئەم پرسە لە حزبە سیاسییەكان گەورەترە. بە تەنیا نە پارتی و نە لایەنەكانی دیكەش ناتوانن جۆرە بڕیارێكی دڵخوازی خۆیان بسەپێنن. بابەتەكە بابەتێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە. ئێمە لەبەردەم سێ سیناریۆداین، ئایا دۆخەكە وەك ئێستا لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت و نەزانین بەرەو كوێ دەچین؟ یان ئایا ئەگەر ئێمە هیچ جووڵەیەك نەكەین، پاش شەڕی داعش چ گەرەنتییەك هەیە كە ئێمە بتوانین بێ كێشە هەرێمی كوردستان بپارێزین و مافە دەستورییەكانمان بمێنێت و هێزەكانی دوای داعش شەڕی وەرگرتنەوەی كەركووك و خانەقین و مەخموور و شنگال و ناوچەكانی دیكەمان پێ نافرۆشن؟ یان ئایا ئێمە روانگەی خۆمان هەبێت بەوەی كە كوردستان دەبێت قۆناغی دوای فیدڕاڵیەت بكاتە ستراتیژیی خۆی و لەگەڵ بەغدا خۆی یەكلایی بكاتەوە؟ ئەم سێ سیناریۆیە، پێویستی بە كۆدەنگیی سەروو حزبی هەیە و هەق نییە ببێتە قوربانیی ململانێی حزبەكان و پارتی لەگەل هەموو لایەك هاوكار دەبێت. ئەوەش بڵێم هێزەكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش دەزانن سەنتەری هێز و جەماوەر و بڕیاری كوردستان بە بێ پارتی ئەستەمە بەدەست بهێندرێ، بۆیە وەك نمایشی سیاسی شت لە فەزای مەجازی و میدیاكان و دانیشتنە تەشریفاتییەكان دەبێت، بەڵام بێ پارتی بڕیاری یەكلاكەرەوە بە هیچ لایەك نادرێت. ئێمە پێمانوایە بۆ قۆناغی پۆست- داعش و قۆناغی پاش فیدڕاڵی لەبەردەم سێ سیناریۆداین، كە ئایا ئێمە ریفراندۆم بكەین و ئینجا شێوەی پێوەندی لەگەڵ بەغدا رابگەیەنین؟ یان شێوەی پێوەندی لەگەل بەغدا رابگەیەنین و ئینجا پش ماوەیەك لە دەرفەتی گونجاو ریفراندۆم بكەین، یان بە بێ ریفراندۆم بڕیاری یەكلاكەرەوەی نیشتمان بدرێت؟ بۆ هەر سێ سیناریۆكە ئێمە حەتمەن دەبێت پێشوەختە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەین، بەڵام گفتوگۆكان بۆ گەڕانەوە نییە بۆ خاڵی پێش ٢٠١٤، بەڵكو بۆ دیاریكردنی قۆناغی پاش فیدڕاڵییەتە، چونكە بە هەموو پێوەرەكان فیدڕاڵییەت لەگەڵ عێراق شكستی هێناوە. پێشموا نییە هیچ هێزیكی سیاسی لە كوردستان ئەوەندە رق و كینەی سیاسی بەرامبەر پارتی، بەرچاوی لێڵ كردبن كە جورئەتی ئەوەیان هەبێت بۆ ئەوەی ریفراندۆم و قۆناغی پاش فیدڕاڵییەت بەس لەسەر دەستی پارتی و سەرۆك بارزانی نەبێت، جورئەتی مێژوویی بە خۆیان بدەن دژی راوەستن، چونكە ئەم بابەتە نە بۆ پارتییە بە تەنیا و نە بۆ هیچ لایەكە بە تەنیا، ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموو لایەكە.
* سەرۆك بارزانی، فوئاد حوسێن-ی وەك نوێنەری خۆی ناردووە بۆ لای هەموو لایەنە سیاسییەكان بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە، ئەمەش وەك دەستپێشخەرییەك بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان، ئایا چۆن سەیری ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی دەكەن، یان ئایا تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان چۆنە، بەتایبەتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت؟
- سەرۆك بارزانی وەك ئەركی نیشتمانی و یاسایی سەرشانی و لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، بە تەنیا ئەم دەستپێشخەرییەی دوایی نەبووە بۆ ئامادەسازی بۆ ریفراندۆم و یەكلابوونەوە لەگەڵ بەغدا. چوونی بۆ پەرلەمان لە مانگی ٧ی ٢٠١٤ و داواكردن بۆ دامەزراندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، كۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەكانی پەرلەمان لە مانگی ٢ی ٢٠١٥ و داواكاری لێیان بۆ تەوافوق و زەمینەسازیی ناوخۆیی، كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان لە مانگی ٤ی ٢٠١٥ بۆ قسەكردن لەسەر ئەجیندای كۆبوونەوەكانی لە سەردانی ئەمریكا و بردنی شاندیكی هاوسەنگ بۆ دیداری ئۆباما لە ٨ی ٥ی ٢٠١٥ و كۆبوونەوەی ١٨ی ٥ی ٢٠١٥ لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان بۆ دانانی نەخشەڕێی بەرەو سەربەخۆیی و داواكاری جەنابیان بۆ یەكڕیزیی لایەنەكان و داواكردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم لە ١٣ی ٦ی ٢٠١٥ و داواكاری بە تەوافوق گەشتن لە ٢٩ی ٦ی ٢٠١٥ و پەیامەكانی جەنابیان لە مانگی ٨ی ٢٠١٥ و پەیامی جەنابیان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و لە مانگی یەكی ٢٠١٦ و پەیامەكانی رۆژانی جەژن و داواكارییەكانی بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵویستیی لایەنەكان و قۆستنەوەی دەرفەتە مێژووییەكان و ناردنی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ لای لایەنەكان، هەموو ئەمانە پانۆرامایەكی خێرای ئامادەیی و پەرۆشیی جەنابیانن و ئێمە لە پارتی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی بەرنامەكانی جەنابیانین وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە وردەكاریی كۆبوونەوەكانی كاك د. فوئاد، پێمباشە خۆی زیاتر قسە لە سەر ناوەرۆكی گفتوگۆكان بكات و بەگشتی كەشێكی پۆزەتیڤتر هەیە، لەگەڵ ئەوەین چارەسەرێك بدۆزرێتەوە و بتوانین ناوماڵی خۆمان زیاتر رێكبخەینەوە و ریزبەندییە نوێیەكان و هەلومەرجی بابەتیمان لەبەر چاو بێت و دەبێت پێكەوە لەسەر ئەولەوییەتی قۆناغەكە وێڕای جیاوازییە سیاسییەكانمان رێكبكەوین، ئەویش بەوەی ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا ئەولەوییەتی هەرە لەپێشی ئێستای قۆناغی سیاسی و نەتەوەییمان چییە؟ ئایا پاراستنی دەستكەوتەكان و پەرەپێدانیان و بەرەو قۆناغی پاش فیدڕاڵییە، یان ململانێی چەقبەستووی و سەرقاڵبوونە بە شتەكانی دیكەوە، كە بایەخیان زۆر كەمترە لەو ئیستیحقاقە نەتەوەیی و نیشتمانییەی لە پێشمانە. بڕیارە گەڕێكی دیكەی دیدار و چاوپێكەوتنەكان هەبن و ئێمە دیالۆگ و ئەركی هاوبەش بە ئەرێنی دەبینین.
* لە 15ی تەمموزی رابردوو كودەتایەكی چاوەڕواننەكراو لە توركیا روویدا، لە توركیا لەگەڵ ئەوەی چەندین جاری دیكەش سوپا كودەتای كردووە، بەڵام كودەتای ئەمجارە جیاواز بوو، نە حزبە سیاسییەكان و نە جەماوەری توركیا پێشوازییان لە كودەتاكە نەكرد، هەر بۆیە كودەتاكە لەماوەی چەند سەعاتێكدا فەشەلی هێنا، پرسیاری ئێمە ئەوەیە وەك بەرپرسی مەكتەبی پێوەندییەكانی دەرەوە چۆن سەیری ئەم كودەتایەت كرد، ئێستاش كە سێ هەفتە بەسەر شكستی كودەتاكەدا تێپەڕیوە، ئایندەی توركیا چۆن دەبینی؟
- پێش هەموو شتێك دەبێت ئەوە بڵێم ئێمە لە روانگەی نەتەوەیی و دیموكراسی و پرسی كورد لە باكوور و ئاستی ئامادەیی توركیا بۆ بەهێزتركردنی پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان سەیری دۆخی سیاسی توركیا دەكەین. وەكو چەمك بە هەموو شێوەیەك دژی ئینقیلابی عەسكەری و پاشەكشەی دیموكراسی و حوكمی چەك و پاشەكشەی ئازادییەكانیان لە هەر شوێنێكی دنیا بێت. بە پێوەرەكانی دیكەش، ئەوەی لە سێ كودەتا سەربازییەكانی دیكەی توركیا كراون، بە پێوەری بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دیموكراسی، زیانیان زۆرتر بووە بۆ گەلی كورد و پێگەی كورد، بۆیە ئێمە وەك پارتی چاوەڕێی ئەوە نەبووین بزانین نەتیجە چۆن دەبێت، ئینجا هەڵوێستی خۆمان بخەینەڕوو، من وەك بەرپرسی پێوەندییەكانی پارتی لە كاتژمێر ٠٠.٣٠ی بەیانی تا درەنگانێك لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی ئاك پارتی و هەندێ لە پەرلەمانتارەكانی دیكەی هەدەپە و جەهەپە لەسەر خەت بووین و بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی خۆمان بۆ كودەتا خستەڕوو. ئەو هەوڵەی كودەتا، توركیای خستە قۆناغیكی نوێ و ئێمە ئومێد دەكەین دەسەڵاتدارانی توركیا ئەمە وەك دەرفەتێك ببینن بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و جددیتر لە چارەسەری پرسی كورد بێنەپێشەوە و بە عەقڵییەتی ئەمنی و سەربازی لە پرسی كورد نەڕوانن، بەڵكو بە پرسێكی سیاسی و یاسایی بزانن و ئەو پشتیوانییەی كورد لە مانەوەی حكومەتی هەڵبژیردراو و دژی راوەستانی كودەتایان لەبەرچاو بێت. دەریشكەوت ئەو دووكەڵە بێ ئاگر نەبووە لە توركیا، لەسەر حكومەتی توركیا رادەوەستێ تا چەند دەتوانێ پشتیوانیی جەماوەر بقۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی ریشەیی كێشەكانی ناو توركیا و پاشەكشەنەكردنی دیموكراسی و كرانەوەی زیاتر و بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی لە باكووری كوردستان و ئامادەسازی بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور بە جۆرێك كە مافە نەتەوەیی و دیموكراسییەكانی گەلی كوردستان دەستەبەر ببن.
* ئەو شەوەی كودەتاكە روویدا، كادیرانی زۆر لایەنی سیاسی لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان چەپڵەیان بۆ كودەتا سەربازییەكەی توركیا لێدا، ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی لەسەر ئەو كودەتایە چۆن بوو، ئێستا دوای شكستی ئەو كودەتایە هەڵوێستی چۆنە؟ ئایا ئەگەر ئەو كودەتایە سەركەوتووبوایە چ شتێكی خراپی بەسەر توركیادا دەهێنا و كاردانەوەی سلبی بۆ سەر هەرێمی كوردستان چی دەبوو؟
-وەك لە وەڵامی پرسیاری پێشوو ئاماژەم پێكرد، ئێمە لە پارتی شوێن قەرەبالغی ناكەوین و بە دیدێكی تەسك سەیری رووداوەكان ناكەین و رێگانادەین هەستێكی سۆزداری كورتمەودا، دیدە پانۆرامییە ستراتیژییەكەمان لەبەر چاو لێڵ بكات و بڕیاری هەڵەمان پێ بدات. ئێمە مۆنیتۆری لێدوان و نووسین و هەڵویستی لایەنەكانی دیكە دەكەین و شیكارییان بۆ دەكەین، لە ناخەوە نیگەران بووین كەسانێك و لایەن هەبن، لە روانگەی كینەی سیاسی بەرامبەر پارتی، لایان ئاسایی بێت توركیا بۆ حوكمی عەسكەر بگەڕیتەوە و هەموو ئەو كرانەوە و چوونەپێشی دۆزی كورد بكەنە قوربانی. دەركەوت دیدگای ئەمانە چەند هەژار و كورتمەودایە. ئەوە ئاشكرا بوو ئەگەر ئەو كودەتایە سەری بگرتایە، توركیا دەكەوتە شەڕێكی درێژخایەنی ناوخۆیی لایەنگرانی ئاك پارتی و كودەتاچییەكان، بەمەش پاشەكشە لە زۆر دەستكەوتی ئێستای باكوری كوردستان دەبوو، كێشەی گەورە بۆ هەدەپە دروست دەبوو، ئەگەری كوشتنی ئۆجەلان هەبوو، ئەگەری داخستنی بۆرییە نەوتییەكانی كوردستان هەبوو.
* رووداوێكی دیكەی گرنگ كە ئەویش كاریگەری بەسەر سیاسەتی جیهان و هەرێمی كوردستانیشەوە دەبێت، نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكایە، لە ئێستادا كاندیدی كۆماری و دیموكراتییەكان یەكلایی بۆتەوە كە بریتین لە هیلاری كلینتۆن و دۆناڵد ترامپ، دیارە ئێستا 100 رۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، ئایا پێتوایە پرسی كوردستان دەبێتە بەشێك لە ئەجیندای هەردوو پاڵێوراوی كۆماری و دیموكراتەكان، ئەگەر ببێتە بەشێك لەو هەڵمەتە، ئایا پرسی كورد لە ئەجیندای هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی كۆماری و دیموكراتەكان چۆن دەبێت؟
- ئێمە بە وردی لێكۆڵینەوە دەكەین لە بنەما گشتییەكانی سیاسەتی دەرەوەی هەردوو پاڵێوراو و كۆنتێكست و جیهانبینییان، لەگەڵ ئەوەش كۆمەڵە خاڵێكی گرنگی ناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا هەن كە بە ئاڵوگۆڕی سەرۆكەكان لە رووە ستراتیژییەكەیەوە كەمتر دەگۆڕدرێن. لەگەڵ ئەوەش، هەر كام لە هیلاری بن، یان ترامپ، پێمانوا نییە درێژەپێدەری بەشێك لە سیاسەت و تەكتیكەكانی ئۆباما بن. سیاسەتی ئۆباما لە كاتی سەرۆكایەتیی خۆیدا، زیاتر بەرەو ئاسیا چوون Pivot To Asia بوو، لەگەڵ سیاسەتی دەست هەڵگرتن لە هەندێ كێشەی ناوچەیی Hands off Policy، هەروەها بەشداری لە ریزی دواوەی بەشێك لە هەوڵەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێكی دیاریكراو Leading from Behind، هەروەها زیاتر جەختكردنەوە لە سەر ئەولەوییاتی گەورەتر بە بابەتە ناوخۆییەكانی ئەمریكا بەتایبەتی ئەوەی بە Obama Care ناسراوە. هیلاری گۆڕان بەسەر بەشێك لەم سیاسەتانە دەهێنێت، نایەوێت لەسەر بنەمای بەردەوامی بە مەنهەجییەتی ئۆباما سەرۆكایەتی بكات و پێشتریش روانگەی هیلاری لەسەر سووریا و ئێران و رووسیا و عێراق و جەنگی تیرۆر و ئەفغانستان، تا ئاستیكی دیاریكراو جیاوازتر بوو لە ئۆباما. هەرچی ترامپە، مەنهەجییەتی كۆمارییەكان كە بایەخیكی زیاتر بە پرسەكانی ئاسایشی نەتەوەیی دەدەن و لە سیاسەتی دەرەوە پشت بە هێزی ئەمریكا دەبەستن و دروشمی (Making America Great Again)ی بەرزكردۆتەوە، هەردوولا كە كاندیدن، لە شەڕی تیرۆر باوەڕیان بە بەردەوامی و زیاتر هاتنەپێش هەیە، كە ئەمە بۆ كوردستان گرنگە، پێمانوایە هەركامیان بن، سەبارەت بە سیاسەتیان بەرامبەر بە كوردستان كرانەوەو مامەڵەی زیاتر دێتەپیشەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت كە زۆرجار رووداوی گەورەتر دێتەپێش و تەحەكوم بە سیاسەتی دەرەوە دەكات و یەك هێڵی گشتی نییە كە روونییەك بە سیاسەتیان بدات. بۆ خۆشیان لە زۆریك لە ناوەندەكان دەڵێن كە لە عێراق دەستێوەردانیان كرد و هێزیان نارد و بەرئەنجامەكەی كارەسات بوو، لە لیبیا دەستێوەردانیان كرد و هێزیان نەنارد و دەرئەنجام هەر كارەسات بوو، لە سووریا نە دەستێوەردانیان كرد و نە هێزیان نارد، كەچی بەرئەنجام هەر كارەسات بوو. بۆیە هێشتا زووە بزانین ئاستی مامەڵە و هاوكاری و ناردنی هێز و ئەولەوییەتیان بە دروستی چۆن دەبێت.
* لایەنێكی دیكە ئەو پڕۆتۆكۆڵەیە كە پێنتاگۆن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بە چاودێریی سەرۆك بارزانی ماوەیەك لەمەوپێش ئیمزاكرا، دیارە ئەم لێكتێگەیشتنە لەگەڵ ئیدارەی دیموكراتەكانە، ئایا ئەگەر لەم هەڵبژاردنە كۆمارییەكان چوونە كۆشكی سپی، ئەم لێكتێگەیشتنە سەربازییە بەرەو پێشەوە دەچێت، یان پاشەكشە دەكات؟
- ئەم بابەتە وەك دەوڵەت لەگەڵ ئەمریكا كراوە و بە گۆڕینی ئیدارەكان ناگۆڕدرێت. ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگترە بایەخی ستراتیژی پڕۆتۆكۆڵەكەیە، چونكە هەنگاوەكانی كوردستان لە پارادیپلۆماسی بۆ پرۆتۆدیپلۆماسی خێراتر كرد. لە پارادیپلۆماسی، هەرێمیك هەوڵدەدات سیاسەتێك بگرێتەبەر هاوشێوە، یان دژ بە دیپلۆماسییەتی حكومەتی مەركەز بێت، بەڵام لە پرۆتۆدیپلۆماسی، لە رێگای ئیمزاكردنی پڕۆتۆكۆڵ و رێككەوتن لەگەڵ وڵاتان، بنەمای وەدەستهێنانی ددانپێدانان لە كاتی سەربەخۆیی دەڕەخسێنێ. ئەوەی لە ٢٠١٠ لە لایەن سەرۆك بارزانی و نیكۆلا ساركۆزی سەرۆكی فەرەنسا بۆ یەكەم جار دەستی پێكرا و لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رێككەوتنی كوردستان و فەرەنسا ئیمزاكرا، بەم پڕۆتۆكۆڵەی ئەمریكا و كوردستان هەنگاویكی گەورەتر لە پرۆتۆدیپلۆماسی ئێمە چووینە پێشەوە.