فەریق جەمال محەمەد: پڕۆتۆكۆڵی نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە پێوەندی بە پرۆسەی ئازادكردنی موسڵەوە نییە
August 1, 2016
دیمانەی تایبەت
ئیمزاكردنی پڕۆتۆكۆڵی سەربازی لە نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە، وەرچەرخانێكە لە رۆڵ و گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. ئەم رێككەوتنە كە لە خۆیدا دانپێدانانی ئەمریكایە وەك سەرۆكی هاوپەیمانی نێودەڵەتی دژی داعش بە ئیرادە و قارەمانیەتی پێشمەرگە وەك هێزی سەربازی كە لەسەر زەوی توانای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشی هەیە. لەلایەكی دیكەوە ئەم پڕۆتۆكۆڵە خۆی لە خۆیدا لێكتێگەیشتنە لە نێوان دوو وەزارەتدا كە فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی دوو وڵات دەكەن، لەم راستەوە پێشمەرگە وەك سوپای نیزامی كوردستان ئیعترافی پێكراوە، لایەنێكی دیكەشی ئەوەیە كە ئەم لێكتێگەیشتنە هاوكاتە لەگەڵ دەنگۆی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ، بۆیە پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم لێكتێگەیشتنە پەیوەستە بە شەڕی ئازادكردنی موسڵەوە؟ بۆ قسەكردن لەگەڵ لەسەر ئەم پرسانە و پلانی ئازادكردنەوەی شاری موسڵ، گوڵان ئەم دیمانەی لەگەڵ فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.فەریق جەمال محەمەد
سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە بۆ گوڵان:
ئەگەر حەشدی شەعبی بەشداری شەڕی موسڵ بكات
هەمان كارەساتی تكریت و رومادی دووبارە دەبێتەوە
* دیارە ئەو رێككەوتنی لێكتێگەیشتنەی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن ئیمزا كرا، كۆمەڵێك خاڵی گرنگ بۆ هاوكاری لە نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان لە خۆی دەگرێت. گرنگترین خاڵەكانی ناو ئەو لێكتێگەیشتنە چین و ئایا لەسەر بواری دابینكردنی چەك و تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی ئاماژە بە چی كراوە؟
- ئەو پڕۆتۆكۆڵەی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا واژو كراوە، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر دێت. ئەوە بۆ دوو ساڵە پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ و لە سەنگەری پێشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا لە هێڵی بەرگریدایە. هەروەك ئێوەش دەزانن كاتێك هەرێمی كوردستان دووچاری ئەو قەیرانە داراییە بوو، ئەوا نوێنەرانی هەموو وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریكا كە لێرەن هەستیان كرد ئەو قەیرانە داراییە بارگرانییەكی زۆری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی دروستكردووە، كە پێشمەرگەش لە نزیكەی هەزار كیلۆمەتردا لە سەنگەرەكانی شەڕدان، كاتێكیش بەم دواییە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەمەریكایان كرد، ئەوا ئامانج لەو سەردانە داواكردنی هاوكاری بوو بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی. دواتر شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە یاوەری چەند كۆنگرێسمانێك هاتنە كوردستان و سەردانی هێزی پێشمەرگەیان كرد و بنكەكانی مەشق و راهێنانیان بەسەر كردەوە و گەیشتنە قەناعەتێكی تەواو كە هێزی پێشمەرگە لە دۆخێكدایە پێویستیان بە هاوكاریكردنە، ئەوە بوو لەم دواییە ئەمەریكا بڕی 415 ملیۆن دۆلاری وەكو هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخانكرد، ئەم هاوكارییەش بەشێكی بۆ مووچەی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە تەرخان كراوە. ئەمەش مەسەلەیەكە ئەوان خۆیان بڕیاریان لێداوە، واتە ئەمە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگەی خۆمان نییە، كە ئەوان خۆیان بەرنامەی چۆنیەتی دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیەیان داناوە، ئەو بەرنامەیەش ئەوەیە لە ماوەی 9 مانگدا ئەو بڕە پارەیە دابەش بكرێت، كە ئەوە ماوەی پڕۆتۆكۆڵەكەشە.
* ئایا رۆڵی سەرۆك مەسعود بارزانی لەم پرسەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- بە دڵنیاییەوە جەنابی سەرۆك رۆڵێكی كاریگەر دەبینێت لە شەڕی دژ بە داعشدا، كە لە دەستپێكی شەڕەكەشدا دژی تیرۆرستانی داعش رۆڵێكی كارای هەبووە و ئەمە راستیەكە كە هاوپەیمانان و وڵاتانی ئەوروپی و وڵاتانی ئیقلیمیش لێی ئاگادارن كە جەنابیان وەك پێشمەرگەیەك لەسەنگەرەكانی پێشەوە بووە، هەروەها سەرپەرشتی داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەكانی كردووە. جیهانیش شاهێدی بۆ ئەمە دەدات و سەرجەم وڵاتانیش ئەوەیان بەدی كرد كە ئەو خۆی سەرپەرشتی ئەو هێزانە دەكات و رۆڵی كاریگەری هەبووە لە تێپەڕاندنی ئەو قۆناخە و بەدەستهێنانی ئەو سەركەوتنانە.
* وەك ئەوەی لە میدیاكانەوە گوێمان لێ بووە، ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان هەرێم و ئەمریكا، واتە نزیكبوونەوەی ئازادكردنی موسڵ و بەشداری پێشمەرگە لەو ئۆپەراسێونەدا، ئایا بەپێی ئەم لێكتێگەیشتنە ئاستی بەشداریكردنی پێشمەرگە چۆن دەبێت و تا چەند هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا و سوپای عێراق و حەشدی وەتەنی هەیە و ئامادەباشی بۆ كراوە؟
- لە راستیدا واژوكردنی ئەو پڕۆتۆكۆڵە تەنیا بۆ ئامانجی رزگاركردنی شاری موسڵ نییە، وەك ئەوەی زۆر كەس بەم شێوەیە لێكدانەوەی بۆ دەكات، یان ئەوەی هەندێ جار لە راگەیاندنەوە بەم شێوەیە دەخرێتەڕوو. چونكە یەكەم، چەكی هێزی پێشمەرگە چەكێك نییە بۆ بە كرێدان (ایجار)، دواتر ئەمە یەكەمین شەڕی ئێمە نییە، ئەوە دوو ساڵە هێزی پێشمەرگە لەشەڕدایە و هاوپەیمانەكان نوێنەریان لەوەزارەتی پێشمەرگە هەیەو هەفتانە لەگەڵیاندا كۆدەبینەوە. پێشتریش هاوكارییە سەربازییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمەریكا لە چەك و تەقەمەنی دەستەبەركراون و تا ئێستاش مەشق و راهێنانەكانیان بەردەوامییان هەیە. تەنانەت دوو لە لیواكانی ئێمە كە لیوای 1و2ی هێزی پێشمەرگەیە مەشق و راهێنانیان لەلایەن هێزی ئەمەریكاوە پێ كراوە و پڕ چەك كراون و تا ئێستاش 4 فەوجیان تەواو بووە و تەنیا 2 فەوجیان ماوە، كە ئەوانیش مەشقەكانیان تەواو دەكەن و سەرجەم چەكەكانیشیان چەكی ئەمەریكین و لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆیان دابین كراوە. سەبارەت بە شەڕی موسڵیش ئەوا پلانی رزگاركردنی شارەكە لەلایەن عێراقییەكانەوە دادەنرێت و هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ هێزی هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگە. لە راستیدا چەندین فاكتەر هەبوون كە بوونە هۆی دواخستنی رزگاركردنی موسڵ، یەكێك لە هۆكارەكان بۆ سوپای عێراق دەگەڕێتەوە كە ئەو ئامادەكارییەی نەبووە، لە بەر ئەوەی ئەوان سەرقاڵ بوون بە شەڕی رزگاركردنەوەی رومادی و تكریت و فەلوجە و هێشتا ناوچەی دیكەش ماون كە رزگار بكرێن. بۆ نموونە لە بێجییەوە تاكو موسڵ زیاتر لە 200 كیلۆمەتر دەبێت، كە دەبێت سەرجەم ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكرێن. بەپێچەوانەوە رۆژهەڵات و باكوور و تەنانەت رۆژئاوای موسڵ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵكراوە و بە دڵنیاییەوە پێشمەرگە لە رزگاركردنەوەی شاری موسڵ رۆڵی سەرەكی دەبێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بڕیار نەدراوە كە هێزی پێشمەرگە بچێتە نێو شاری موسڵەوە.
* دیارە ئێستا لە پارێزگای نەینەوا تەنیا ناو شاری موسڵ و چەند شارۆچكەیەكی بچووك لە باشووری شاری موسڵ ماون كە ئازاد بكرێنەوە، دیارە وەك وەزیری بەرگری عێراق ئاماژەی بە خاڵەكانی رێككەوتنەكە كرد، دەڵێت، دوای ئازادكردنەوەی موسڵ وا رێككەوتن كراوە پێشمەرگە لە موسڵ بكشێتەوە، ئایا مەبەست لە كشانەوەی پێشمەرگە چییە؟ ئایا مەبەست لە موسڵ ناو شاری موسڵە، یان تەواوی پارێزگای نەینەوا؟
- لە راستیدا من گوێبیستی ئەو لێدوانەی وەزیری بەرگری عێراق نەبووم، بەڵام ئەوەی پەیوەست بێت بە چوونە نێو شاری موسڵەوە، ئەوا تا ئێستا جەنابی سەرۆك بڕیاری وای نەداوە و تەنانەت سەركردایەتی خۆشمان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە پێیان باش نییە هێزی پێشمەرگە بچێتە ناو شاری موسڵەوە. كە ئەگەری ئەوە هەیە هێزی نانیزامی بچنە شارەكەوە و دەستبدەنە خراپەكاری و دواتر پەنجەی تاوان بۆ هێزی پێشمەرگە درێژ بكرێت. ئەمە خاڵی یەكەم، خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە شاری موسڵ لە كورد و عەرەب و مەسیحی و لایەنەكانی دیكە پێكدێت و ئێمە نامانەوێت دۆخەكە بگاتە ئەو راددەیەی كە بوترێت ئەمە شەڕی كورد و عەرەبە. هەروەها ئێمە بۆ سەركردەكانی خۆیشمان روون كردووەتەوە كە پێویستییەكی ئەوتۆمان بە ناو شاری موسڵ نییە، تاوەكو لەسەر چوونە ژوورەوەی ناو شارەكە سوور بین.
* لە پارێزگای نەینەوا تەواوی ناوچە كوردستانییەكان و هەروەها ئەو ناوچانەشی كە هەڵگرانی ئایینی مەسیحی و ئایینەكانی دیكەی لێیە هەر لە شنگالەوە تا دەگاتە بەعشیقە بە دەستی پێشمەرگە ئازادكراونەتەوە، خۆشمان دەزانین لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش چ كارەساتێك بە سەر كورد و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك هاتووە. ئایا چارەنووسی ئەو ناوچانە دوای ئازادكردنەوەی موسڵ چۆن دەبێت؟ ئایا جارێكی دیكە پێشمەرگە ئەو ناوچانەی كە بە خوێن ئازادی كردوون پاشەكشەی لێ دەكات؟ یان ئایا جارێكی دیكە چارەنووسی ئەو خەڵكە ئێزیدی و مەسیحی و شەبەكە دەخاتەوە بەر مەترسی؟
- ئاشكرایە كە ئەو ناوچانەی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازادكراوە، هەموویان بە خوێن رزگاركراون و مەحاڵە پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەكشە بكات، ئێمە تاوەكو ئێستا بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچانە زیاتر لە 1500 شەهیدمان داوە. بەتایبەتی ئەو ناوچانەی كە پێش ئێستاش هێزی پێشمەرگەی هەر لێبووە.
* دیارە بۆ بەڕێوەبردنی موسڵی دوای داعش، پێویستە هێزێكی ناوخۆی موسڵ ئاسایشی ئەو شارە بپارێزێت، ئایا بیر لەوە كراوەتەوە كوردی موسڵ لە چوارچێوەی (حەشدی وەتەنی) هێزێكیان بۆ دروست بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن لە ناو موسڵ بەرگری لە خۆیان بكەن؟
- هەمیشە سەركردایەتی خۆمان جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لە رزگاركردنی شاری موسڵ گرنگتر ئەوەیە رێككەوتنێك هەبێت بۆ قۆناغی دوای رزگاكردنی ئەم شارە، ئەو رێككەوتنە زیاتر رێككەوتنێكی سیاسی دەبێت و پێویستە سیاسییەكان بەم كارە هەڵبستن، نەك كەسانی سەربازی، كەواتە دەبێت پێش رزگاركردنی شاری موسڵ رێككەوتنی سیاسی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شارە. ئەو رێككەوتنە زۆر گرنگترە لە پرۆسەی رزگاركردنی موسڵ. كە پێویستە ئەو رێككەوتنەش پێكبێت لە لایەنی عێراقی و لایەنی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی هاوپەیمانەكان و ئەمەریكا بێت، بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر ئیدارەدانی شارەكە و رێگریكردن لە دووبارە هێرشكردنەوە سەر شارەكە رێكبكەون. چونكە وەك ئاشكرایە دانیشتووانی ئەو شارە پێكدێن لە كورد و عەرەب و شەبەك و مەسیحی و ئێزیدی و توركمان، كە هەموویان لەو شەڕەدا بەشدارن و پێویستە رێككەوتنێك هەبێت بۆ ئیدارەدانی ئەو شارە لە دوای شەڕەكەوە. ئەگەرنا تووشی هەمان ئەو كێشانە دەبینەوە كە لە دوای رووخانی رژێمی عێراقەوە لە ساڵی 2003دا رووبەڕوویان بووینەوە، چونكە ئێمە پێش هاتنی داعشیش كێشەمان هەبووە لەگەڵ عێراقدا، وەك كێشەی جێبجێنەكردنی ماددەی 140 و كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. بەڵام ئەوەندەی من ئاگاداربم تا ئێستا ئەو رێككەوتنە نەكراوە، بەڵام دەبێت بكرێت و پێویستە ئەمەریكاش تێیدا بەشدار بێت.
* ئەوەی لە سەروبەندی دەنگۆكانی ئازادكردنەوەی موسڵ لەسەر ئاستی فەرماندە شیعەكانی حەشدی شەعبی شیعەوە گوێمان لێی دەبێت، جەخت لەوە دەكەنەوە بە هەرشێوەیەك بێت دەبێت حەشدی شەعبی لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بەشداری بكات، ئایا مەبەست لە پێداگیری بۆ بەشداری حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی موسڵ چییە؟
- ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین خەڵكی موسڵ و بەتایبەتی عەرەبی سوننەی شارەكە رازی نین بە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵدا، ئەم هەڵوێستەش بۆ چەند هۆیەك دەگەڕێتەوە، یەكێك لەو هۆكارانە ئەوەیە كە لە كاتی رزگاركردنی شاری تكریت، ئەگەری ئەوە هەیە خەڵكانێكی زۆر رفێندرابێتن و دەربەدەر كرابێتن و موڵك و ماڵیان تاڵان كرابێت، كە ئۆباڵەكەشیان خستە ئەستۆی حەشدی شەعبی. هەروەها لە فەلوجەش ئەو خراپەكارییانەمان بینی كە لە راگەیاندنەكانەوە بڵاودەكرانەوە و تا ئێستاش كەسانێك هەن چارەنووسیان نادیارە. خەڵكی موسڵیش كە نزیكەی دوو ملیۆن هاووڵاتی تێدا نیشتەجێیە بە هەمان شێوە دەترسن كە دووچاری هەمان خراپەكاری ببنەوە. ئەم كێشەیەش زیاتر رووبەڕووی حكومەتی عێراقی دەبێتەوە، چونكە ئەوان خۆیان شارەكانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، لە موسڵ و لە تكریت و ناوچەكانی دیكە. بەڵام گرنگە بۆچوون و داواكاری خەڵكی ناوچەكە بە هەند وەربگیرێت كە دەیانەوێت چ هێزێك بەشدار بێت و چ هێزێك لەم شەڕە دوور بخرێتەوە، چونكە ئەگەر لێگتێگەیشتنێك لە نێوان خەڵكی ناوچەكە و ئەو هێزانە نەبێت كە بەشدار دەبن لە رزگاركردنی ئەو ناوچانە، ئەوا كارەسات روودەدات. لە راستیدا پێداگیری حەشدی شەعبی بۆ بەشداریكردن لەو شەڕەدا زیاتر بۆ كەمتەرخەمی و لایەنگیری حكومەتی عێراق بۆ حەشدی شەعبی دەگەڕێتەوە، كە دانی بەوەدا ناوە حەشدی شەعبی هێزێكی عێراقی و ئەمنییە و شانبەشانی هێزە چەكدارەكانی دیكەی لەشكری و لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عێراقدان. هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە حەشدی شەعبی هەموو ئیمكانیەتێكیان لەبەردەستدایە و هەندێ جار رۆڵێكی گەورەتریان هەیە لە رۆڵی سوپای عێراقی. ئەوەی پێوەندی بەو ناوچانەشەوە هەبێت كە لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەدان، ئەوا هەروەك دەزانن جگە لە بوونی هێزی نیزامی بوونی هێزی دیكە قابیلی قبووڵ نییە، كە ئێستا لە مەخموور فیرقەیەكی هێزی عێراقی بە رەزامەندی جەنابی سەرۆك جێگیركراوە تا رزگاركردنەوەی ناوچەكانی گەیارە. ئەوەی پێوەندی بە باشووری موسڵەوە هەبێت كە لە ژێر كۆنتڕۆڵكردنەوەی سوپای عێراقدا، ئەوا خۆیان بەرپرسیارن كە چ هێزێك بەشدار دەبێت، یان بەشدار نابێت. بەڵام لە كۆتاییدا هەر هێزێك بەشدار بێت و خەڵكی ناوچەكە پێی رازی نەبێت و دواتر كارەسات رووبدات، ئەوا بە پلەی یەكەم حكومەتی عێراقی بەرپرسیارێتییەكەی هەڵدەگرێت.
* ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا وەك پەرلەمانێكی لۆكاڵ سەرقاڵی ئەوەیە هاوكاربێت لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ و ئامادەباشی دەكات بۆ هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی شوێنێك بۆ ئەو ئاوارانە دابین بكرێت كە مەزندە دەكرێت لە میانەی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ ئاوارە بن، ئایا لەسەر ئەم پرسە تاچەند لە نێوان هاوپەیمانان و بەغداو هەولێر و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەماهەنگی كراوە؟
لە راستیدا دەبێت ئەو هەماهەنگییە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسی ئاوارەكانەوە، چونكە جگە لە هەرێمی كوردستان هیچ شوێنێكی دیكە نییە ئاوارەكان پەنای بۆ ببەن. ئێستا ئێمە پێشبینی ئەوە دەكەین كە 500 هەزار بۆ یەك ملیۆن كەس لە خەڵكی موسڵ ئاوارە ببن و هەمووشیان روودەكەنە كوردستان، كە لە رۆژئاوای دیجلەوە تاوەكو مەخمور درێژ دەبێتەوە و ئێوەش دەزانن كە رۆژانە ئاوارەكان لای مەخمورەوە روودەكەنە كوردستان، هەروەها لای بەعشیقەشەوە دێن. ئەوەی پێوەندی بە ئەنجومەنی پارێزگای شارەكەوە هەبێت، ئەوا ئەمە مەسەلەیەكی ئیدارییە و هەروەك ئێوەش ئاگادارن ئەوان سەردانی عەبادی-یان كردووە. بەڵام هەر كاتێك داوای كاری مرۆیی لە پێشمەرگە كرابێت، ئەوا لەو باوەڕەدام كە هیچ هێزێك هێندەی پێشمەرگە بەدەم داواكارییە مرۆییەكانەوە ناچێت. ئەوەتا لە كەركووك و مەخمور و دەوروبەری موسڵەوە پێشمەرگە لە رووی مرۆییەوە پێشوازییەكی باشی ئەو پەنابەرانە دەكات كە روویان تێدەكەن. بەڵام تا ئێستا شەڕی رزگاركردنەوەی موسڵ دەستی پێنەكردووە، ئەگەر دەستی پێكرد، دەبێت پلانێك هەبێت بۆ چۆنیەتی پێشوازیكردن لەو ئاوارانە كە دەبێت رێڕەوی سەلامەتیان بۆ دابین بكرێت، چونكە ئەگەر ئەو رێڕەو سەلامەتانە دیاری نەكەیت و خەڵكی بە هەڕەمەكی بێن، ئەوا خەڵكانی مەدەنیش دووچاری كارەسات دەبنەوە، كەواتە دەبێت لەم رووەوە رێكەوتنێك هەبێت و ئەو رێڕەوانە دەستەبەر بكرێن.