بەیان سامی عەبدولڕەحمان: رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن دانپێدانانێكی گەورەیە بە قارەمانیەتی پێشمەرگە و هەنگاوێكی گەورەیە بۆ ئایندەی كوردستان
July 20, 2016
دیمانەی تایبەت
رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، وەرچەرخانێكی گەورەیە بۆ هێزی پێشمەرگە كە لەلایەن ئەمەریكاوە وەك سوپای كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، هەروەها ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێشمەرگە ئەو هێزە كاریگەرەیە كە لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پشتی پێدەبەسترێت. بۆ قسەكردن لەسەر بایەخی ئەم رێككەوتنە و پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و واشنتۆن، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا بۆ گوڵان:
رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، وەرچەرخانێكی گەورەیە بۆ هێزی پێشمەرگە كە لەلایەن ئەمەریكاوە وەك سوپای كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، هەروەها ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێشمەرگە ئەو هێزە كاریگەرەیە كە لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش پشتی پێدەبەسترێت. بۆ قسەكردن لەسەر بایەخی ئەم رێككەوتنە و پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و واشنتۆن، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
* وەك بینیمان بۆ یەكەمجار لە مێژووی كوردستاندا، یەكەمین پرۆتۆكۆڵی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئیمزا كرا. ئایا وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا چۆن سەیری بایەخی ئەم رێككەوتنە دەكەن و ئایا پێشتر ئەمەریكا رێككەوتنی هاوشێوەی لەگەڵ هیچ لایەنێك كردووە، ئەگەر بە فەرمی خاوەنی سەروەریی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبووبێت؟
- راستە ئەوە بۆ یەكەم جارە كە رێككەوتنێكی لەو شێوەیە واژۆ بكرێت لە نێوان وەزارەتێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتێكی حكومەتی ئەمەریكا، ئەوەندەی من ئاگاداربم ئەمەریكا رێككەوتنێكی هاوشێوەی لەگەڵ هیچ هەرێمێكی دیكەدا واژۆ نەكردووە، رەنگە هەبێت، بەڵام ئێمە ئاگاداری نین. هەروەها دەمەوێت ئەوە روون بكەمەوە كە هەندێ لە راگەیاندنەكان باس لەوە دەكەن ئەم رێككەوتنە بە شێوەیەكی راستەوخۆ ئەنجام دراوە، بەڵام ئەمە راست نییە، چونكە بەغدا ئاگادار بووە و ئەمەریكاش هیچ كارێك ئەنجام نادات، ئەگەر بەغدا رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕێت. لەم روانگەیەوە گرنگە بۆ ئەمەریكا كە رێككەوتنی لەگەڵ ئێمەدا هەبێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی گەورەیە بۆ كورد و بۆ پێشمەرگە و بۆ ئایندەی كوردستان.
* پێش ئەم لێكتێگەیشتنە جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت سەردانی ئەمەریكایان كرد و لەگەڵ بەرپرسان و بانكی نێودەوڵەتی و ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە چەندین كۆڕ و كۆبوونەوەیان كردووە، بەپێی ئەوەی لە هەموو ئەو دیدارانەدا ئامادە بوویت، ئایا تاچەند ئەو سەردانەی وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، بناخەی ئەم لێكتێگەیشتنەی دروستكردووە؟
- لە راستیدا ئەوە سەردانێكی زۆر گرنگ بوو، كە بەڕێز فەلاح مستەفا-ش بەشدار بوو، بەڵام پێش سەردانی ئەم شاندە و لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا شاندێكی دیكە سەردانی ئەمەریكایان كرد كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان د. فوئاد حوسێن و كاك فەلاح مستەفا. كە بۆ یەكەمجار بوو شاندێك بە روون و ئاشكرایی باس لە دۆخی خراپی دارایی كوردستان بكات. هەروەها بۆ یەكەمجار بوو ئەمەریكییەكان لەوە تێگەیشتن كە رەوشی خراپی دارایی كاریگەری نەك هەر تەنیا لەسەر ئاوارەكان و خەڵكی كوردستان دەبێت، بەڵكو كاریگەری سلبیشی لەسەر پێشمەرگەش دەبێت. ئێمە بە ئەمەریكییەكانمان راگەیاند كە راستە مووچەی پێشمەرگە وەك خۆی ماوەتەوە و پاشەكەوت لە مووچەی فەرمانبەرانی دیكە كراوە، بەڵام ئەوەی زۆر لە دڵمان گرانە ئەوەیە مووچەی پێشمەرگە دوادەكەوت و ئەگەر چارەسەر نەكرێت ئەوا زیاتریش دوادەكەوێت. كەواتە ئەو سەردانەی مانگی یەك زۆر زۆر گرنگ بوو. هەروەها دوای گەڕانەوەی د. فوئاد حوسێن و كاك فەلاح مستەفا ئێمە وەك نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم بەردەوام بووین لەسەر گەیاندنی ئەو پەیامە و كەموكوڕییەكانمان بۆ دەستنیشان كردن و زانیاری وردمان پێدان لە بارەی ژمارەی پێشمەرگە و بڕی مووچەكانیان. هەروەها لە هەولێریش، هەردوو هەفتە جارێك كۆبوونەوەیەكی گەورە هەیە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان- ئەمەریكا و بەریتانیا و وڵاتانی دیكە-، كە هەر هەمان پەیام لەو كۆبوونەوانەشدا دەگەیەندرا. دواتر لە مانگی نیساندا بەڕێزان قوباد تاڵەبانی و كەریم شنگالی و فەلاح مستەفا هاتنە ئەمەریكا و ئەو پەیامەیان دووبارە كردەوە و باسیان لەوە كرد كە دۆخە داراییەكە زۆر خراپە و سەرەڕای ئەوەی سەرۆكی حكومەت پاكێجی چاكسازی راگەیاندووە و مووچەی فەرمانبەرانمان پاشەكەوت كردووە و خەرجییەكانمان كەم كردۆتەوە، بەڵام هەر پێڕاناگەین، بەتایبەتی كە بەغدا رێگری كرد لە هەناردەكردنی نەوتی كەركووك كە بڕەكە زیاتر لە 100 هەزار بەرمیل بوو رۆژانە و ئەو داهاتەشمان لە دەستچوو و بارودۆخە داراییەكە ئەوەندەی دیكە خراپتر بوو. سەرباری ئەوەش هێشتا هەر ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان دەكرد. لەبەر ئەوە سەردانی مانگی نیسان زۆر گرنگ بوو. هەر لە كاتی ئەو سەردانەدا بوو كە وەزیری بەرگری ئەمەریكا لە بەغداوە رایگەیاند كە ئەوان بڕە پارەیەك بۆ پێشمەرگە دابین دەكەن. هەروەها من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە لە میانەی سەردانەكەی مانگی نیسان و لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا، ئەو خاتوونەی كە رێككەوتنەكەی لەگەڵ كاك كەریم شنگالی واژۆ كرد، واتە خاتوو (ئەلیسا سلۆتكین) پێی راگەیاندین كە ئەوان ئاگادارن دۆخی دارایی كوردستان خراپە و لەوە تێگەیشتوون كە ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر پێشمەرگە و شەڕی داعش و پێی وتین پەیامەكەتان گەیشت، ئێمەش پرسیارمان لێكرد كە چۆن پەیامی ئێمە گەیشتووە، لە وەڵامدا وتی سەردانی مانگی یەك زۆر گرنگ بوو، هەروەها كۆنفرانسی ئاسایشی میونیخ كە لە مانگی شوباتدا بەڕێوەچوو، زۆر گرنگ بوو كە سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، مسعود بارزانی بەشدار بوو تێیدا، كە زۆر سەركردەی جیهانی بەشداری لەو كۆنفرانسەدا دەكەن، لەوێدا جەنابی سەرۆك بارزانی هەندێ كۆبوونەوەی ئەنجامدا لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا، ئەو خانمەش بەشدار بوو لەو كۆبونەوانەدا، ئەو خانمە پێی ووتین ئەوە یەكەمجار بوو –مەبەستی بوو لە میانەی كۆبونەوەكەیاندا لەگەڵ جەنابی سەرۆك- كە تێگەیشتم رەوشەكە جیددیە. دواتریش كە شاندەكەی مانگی نیسان هات و ئێمەش خۆمان لەوێ بووین، پەیامەكە بە تەواوەتی گەیشت و ئەوان لە راستیەكە تێگەیشتن.
* دیارە پێشتر لە ناو كۆنگرێسی ئەمەریكا ئەو پێشنیارە هەبوو كە ئیدارەی ئەمەریكا لێكتگەیشتنێكی لەم شیوەیە لەگەڵ كوردستان بكات و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، بەڵام لەناو ئیدارەی ئەمەریكی رایەكی دیكە هەبوو كە پێویستە لە رێگەی بەغداوە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكرێت، بەڵام ئێستا بینیمان ئیدارەی ئەمریكی رایەكەی خۆی گۆڕیوە، ئایا ئەم وەرچەرخانە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
- ئەمەریكا هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، هەندێ لە راگەیاندنەكان بە هەڵە تێگەیشتوون و وا لێكدانەوەی بۆ دەكەن كە ئەو هاوكارییە راستەوخۆ دێتە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە راستیدا ئەو هاوكارییە راستەوخۆ دەستەبەر ناكرێت بۆ كوردستان. چونكە هەموو هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ ئێمە، ئیدی چەك بێت، یان هاوكاری دارایی، یاخود یارمەتی بێت بۆ ئاوارەكان، دەبێت رەزامەندی بەغدای لەگەڵدا بێت و لەم رووەوە هیچ گۆڕانكارییەك رووی نەداوە. ئێمە زۆر داوامان كردبوو و ئەوەمان روون كردەوە كە بەغدا ئاستەنگ و بەربەستمان بۆ دروست دەكات و كێشەمان بۆ دەخوڵقێنێت، كە بەڕاستیش لە سەرەتادا هەروا بوو، چونكە لە سەرەتای شەڕی داعش و هاتنی ئاوارەكاندا ئێمە ئاگادار بووین كە فڕۆكە هەبوو لە بەغدا هەڵگری هاوكاری و چەك بوو و یارمەتی پێبوو بۆ ئاوارەكان، بەڵام بەغدا مۆڵەتی پێنەدەدا بێتە هەولێر یان سلێمانی. ئێمە ئەو نموونانەمان بۆ ئەمەریكا خستەڕوو، ئەمەریكییەكانیش بەڵێنی ئەوەیان پێداین كە چیدی نەهێڵن بەغدا كێشە دروست بكات. بە راستیش ئەم بەڵێنە جێبەجێكراوە، چونكە لەو كاتەوە ئێمە كێشەیەكی ئەوتۆمان لەگەڵ بەغدا نەبووە لەو رووەوە كە هەڵبستێت بە دواخستنی گەیشتنی هاوكاریان، یان رێگری لێكردنیان.
* ئایا عێراق كێشە بۆ ئەم رێككەوتنە دروست ناكات؟
- نەخێر، چونكە بەغداش ئاگادارە و سەرۆك وەزیران، عەبادی دەزانێت ئەگەر بیانەوێت موسڵ رزگار بكەن، ئەوا دەبێت جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رازی بێت و پێشمەرگەش بەشدار بێت. لەبەر ئەوە پێموانییە بتوانن لەم قۆناغەدا كێشە دروست بكەن. رەنگە 5 یان 10 ساڵی دیكە دۆخێكی دیكە دروست بێت، بەڵام لە ئێستادا ئەمەریكا بە وردی چاودێری بارودۆخەكە دەكات و رێگانادەن بەغدا كێشە دروست بكات.
* دیارە ئەمەریكا پێش ئەم لێكتێگەیشتنەش، مەشق و راهێنانی بە چەند لیوایەكی سەربازیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە و چەك و پێداویستی بۆ دابین كردوون، ئایا وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، چۆن سەیری ئەو لیوایانە دەكەیت كە ئەمەریكا مەشق و راهێنانی پێكردوون و چەك و پێداویستی بۆ دابینكردوون؟
- پێموایە ئەو مەشق و راهێنانەی دەستیان پێكردووە، كە بڕیار دوو لیوای كوردستان و چەند لیوایەكی عێراقی بن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا پەرەسەندنێكی مێژووییە، چونكە ئەوە بۆ یەكەمجارە پێشمەرگە لەلایەن وڵاتێكی وەك ئەمەریكاوە بە فەرمی مەشق و راهێنانی پێبكرێت. ئەوەندەی من تێگەیشتبم سەربازێكی ئەمەریكی چ كەرەستە و تفاقێكی بۆ دابین كرابێت، بۆ پێشمەرگەش دەستەبەر دەكرێت، ئەمەش بەرەوپێشچوونێكی مێژووییە و شایانی پێشمەرگەیە كە لە سەرتاسەری مێژووی كوردستاندا هەمیشە چاونەترس و ئازا بووە، ئێستاش ئازایانە شەڕ دەكات و لە جیهاندا ناوبانگی هەیە. واتە یەكەمجارە سوپای ئەمەریكا، كە بەهێزترین سوپای جیهانە مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە بكات، خۆ ئەگەر ئەمەش سەركەوتوو بێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە كە لە ئایندەدا دووبارە بكرێتەوە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەك كاری لەسەر بكەین كە زۆر زۆر سەركەوتوو بێت.
* بەڵام ئایا ئەم هاوكارییە سەربازییە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعشیش بەردەوام دەبێت؟
- ئێستا هەموو تەركیزی ئەمەریكا و ئیدارەی ئۆباما لەسەر شەڕی داعشە. ئیدارەی ئۆباما تەنیا و تەنیا جەخت لەسەر شەڕی داعش دەكاتەوە و دەستێوەردان لە هیچ شتێكی دیكە ناكات. لەبەر ئەوە ناتوانین بڵێین دوای شەڕی داعش ئەمەریكا بەو شێوازەی ئێستا بەردەوام دەبێت. واتە ئەگەر شەڕی داعش تەواوبێت، ئەوا ئەمەریكییەكان پێداچوونەوە دەكەن، كە ئایا پێوەندیەكانیان لەگەڵ عێراق و لەگەڵ كوردستان لەسەر چ ئاستێك دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە ئێستادا ئەوان لەگەڵمانن و پشتیوانیمان دەكەن، دەمەوێت ئەوەش بۆ خەڵكی كوردستان پشتڕاست بكەمەوە كە ئێستا و لەم قۆناغەدا ئەمریكییەكان لەگەڵماندان.
* بەپێی ئەم لێكتێگەیشتنە، ئەمەریكا مەبلەغێك پارەی بۆ مووچەی پێشمەرگە دابین كردووە، ئایا چەند هەزار پێشمەرگە لەم یارمەتییە مووچە وەردەگرن و ئایا مووچەكانیان هەر مووچە كۆنەكان دەبێت، یان وەك سوپای عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت؟ هەروەها تاچەند ئەم هاوكارییە دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی وەزارەتی پێشمەرگە سووكتر ببێت؟
- دەمەوێت یەك روونكردنەوە لەسەر ئەم خاڵە بكەم، ئەمە مووچە نییە كە ئەمەریكا دابینی دەكات. ئەمە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن ستایپێند stipend، كە بڕە پارەیەكی تەرخانكراوی كاتییە، لە بەرامبەردا مووچە “salary” یان “wages” شتێكی بەردەوام و هەمیشەییە، واتە، ئەمە هاوكارییەكی ماددیە و بۆ ماوەیەكی كاتییە و بۆ كارێكی تایبەتە. هەروەها لە یاداشتەكەشدا ئەوە روون نەكراوەتەوە كە چەند هەزار پێشمەرگە لەو هاوكارییەكی ماددیە سوودمەند دەبن، كە دواتر وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بە وردی لەسەری رێكدەكەون. بەڵام ئەم هاوكارییە بە شێوەیەكی گشتی دەبێتە هۆی سووككردنی ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە.
* دیارە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو وەزیری بەرگری ئەمەریكا تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی كردووە، ئایا ئەم تەلەفۆنە تاچەند پێوەندی بە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ هەبووە و ئایا پێشمەرگە چۆن بەشداری پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ دەبێت؟
- لە راستیدا ئەمە پرسێكە پەیوەستە بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە پێشمەرگە بەشدار دەبێت لە شەڕی موسڵ، هەروەها ئەمەریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەزانن كە بە بێ بەشداری پێشمەرگە ئەو شەڕە سەركەوتوو نابێت.
* زۆر جار گوێمان لەوە دەبێت، پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ تەنیا سەربازی نییە، بەڵكو پێویستی بە رێككەوتنی سیاسیش هەیە لەسەر ئیدارەی شارەكە دوای نەمانی داعش، تاچەند پرسی دوای ئازادكردنەوەی موسڵ رێككەوتنی لەسەر كراوە؟
- بەڕاستی ئەوە مەسەلەكەیە كە جەنابی سەرۆك زۆر تەئكیدی لەسەر دەكاتەوە، لەو كۆبوونەوانەدا كە من بەشدارم و لەوانەشدا كە بەشدار نیم و راپۆرتم پێدەگات لەسەر ناوەرۆكی ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر كراوە، بەڕێز سەرۆك بارزانی زۆر جەخت لەسەر ئەم پرسە دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت كە گرنگتر لە شەڕی ئازادكردنی موسڵ، بوونی رێككەوتنی سیاسییە، واتە زۆر پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە هەموو لایەنەكان لەسەر حوكمڕانیكردنی موسڵ و نەینەوا رێكبكەون. كە حەتمەن دەبێت رەزامەندی هەموو پێكهاتەكان بە عەرەبە سوننەكان و توركمان و مەسیحی و ئێزیدی و شەبەك و كوردی لەسەر بێت، لە راستیدا ئەم گفتوگۆیانە لە سەرەتادایە و پێویست بوو زووتر كارمان لەسەر ئەم پرسە بكردایە، ئێمە ئامادەین، بەڵام خۆ دەبێت بەرامبەرەكانیشمان ئامادەبن، ئێمە ناڵێین ئەوان نایانەوێت گفتوگۆ بكەن، بەڵام ئەوان سەرقاڵی دەیان كێشە و گرفتن، بڕواننە بەغدا بزانن چی لە پەرلەمان و سەرشەقام دەگوزەرێت. ئەوەی پێوەندی بە ئەمەریكیەكانەوە هەبێت، ئەوا ئەوانیش هاوڕان لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی كە دەبێت پێش رزگاركردنەوەی موسڵ رێككەوتنێك هەبێت.
* دوا پەیامت چییە؟
دەمەوێت بڵێم راستە دەستگاكان و حكومەتەكان لە دیپلۆماسیدا زۆر گرنگن، بەڵام پێوەندیی كەسایەتیش كاریگەری ئەرێنیی خۆی هەیە. بۆ نموونە، زۆر ژەنەڕاڵی ئەمەریكی پێوەندییەكی باشیان لەگەڵ كاك كەریم شەنگالی هەیە، زۆر كەسایەتی سیاسی دۆستایەتییەكی درێژخایەنیان لەگەڵ كاك قوباد تاڵەبانی هەیە كە نوێنەرێكی سەركەوتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە ئەمەریكا و ئێستاش وەك جێگری سەرۆك وەزیران رۆڵێكی پڕبایەخی هەیە لەو بوارەدا. هەمان شت راستە سەبارەت بە دكتۆر فوئاد حوسێن و كاك فلاح مستەفا، كە ساڵانێكی درێژە چەندین جار سەردانی واشنتۆنیان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ پێوەندییەكی باشیان دروست كردووە.