جەبار یاوەر : ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا مانایەكی گەورەی بۆ ئێستا و داهاتوومان هەیە

جەبار یاوەر : ئیمزاكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا مانایەكی گەورەی بۆ ئێستا و داهاتوومان هەیە
پرۆتۆكۆڵی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە چەندین بڕگەی یارمەتی دارایی و چەك و تەقەمەنی و پێداویستی جەنگی و هاوكاری ئاسمانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت، گرنگییەكی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، هاوكات بە وەرچەرخانێكی مێژوویی دادەنرێت، بەتایبەتی لە جەنگی هێزەكانی پێشمەرگە دژ بە داعش و ئایندەی ئەم هێزانە وەكو هێزێكی نێونەتەوەیی كە هاوپەیمانەكان نەك تەنیا بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ پێویستیانە، بەڵكو بۆ ئایندەی شەڕی دژە تیرۆر ئومێدێكی زۆریان پێی بەستووە. جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە میانەی ئەم دیمانەیەی گوڵاندا باس لە وردەكارییەكانی ئەم رێككەوتنە و خۆئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی رزگاركردنەوەی سەنتەری شاری موسڵ و چەندین پرسی گرنگی هەنووكەیی دەكات.
* وەك بینیمان بۆ یەكەمجار لە مێژووی كوردستاندا، یەكەمین پرۆتۆكۆڵی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئیمزا كرا، ئایا وەك فەرماندەیەكی سەربازی چۆن سەیری بایەخی ئەم رێككەوتنە پرۆتۆكۆڵییە دەكەن و ئایا پشتر ئەمەریكا رێككەوتنی هاوشێوەی لەگەڵ هیچ لایەنێك كردووە، ئەگەر بە فەرمی خاوەن سەروەریی و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی نەبووبێت؟

- یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە لەلایەن وەزیری پێشمەرگە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتەوە واژوو كرا، جگە لەوەی رووداوێكی زۆر گرنگە، ناوەڕۆكەكەشی بۆ هەرێمی كوردستان جێگای بایەخە، چونكە ئەمە بۆ یەكەمجارە وڵاتێكی زلهێزی وەكو ئەمەریكا كە سەرپەرشتی زیاتر لە 60 دەوڵەت دەكات لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش، یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژوو بكات لە بارەی بەردەوامیدان لە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە، ئەم هاوكاریكردنەش چەندین بواری سەربازی و دارایی و لۆجیستی و مەشق و راهێنان لە بەكارهێنان و پێدانی چەكی سووك و قورس و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لەوەی لەو یاداشتەی لێكتێگەیشتنەدا باس لە هاوكاری ئاسمانی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كراوە و وەكو هێزێكی شەڕكەر و قارەمان و بەتوانا وەسف كراوە، لەرووی هاوكاری داراییشەوە یاداشتنامەكە سوودێكی گەورەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتی لە پێشكەشكردنی 415 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریكردنی پێدانی بەشێكی مووچەی پێشمەرگە بۆ ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بتوانێت بەو بڕە پارەیەی كە ئەمەریكا دابینی دەكات لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دابینی دەكات، مانگانە مووچەی پێشمەرگە بدات و لەم قەیرانە سەختەدا بۆ پێدانی مووچە بە هێزەكانی پێشمەرگە هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات.

* دیارە پێشتر لە ناو كۆنگرێسی ئەمەریكا ئەو پێشنیارە هەبوو كە ئیدارەی ئەمەریكا لێكتێگەیشتنێكی لەم شێوەیە لەگەڵ كوردستان بكات و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات، بەڵام لەناو ئیدارەی ئەمریكی رایەكی دیكە هەبوو كە پێویستە لە رێگەی بەغداوە مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكرێت، بەڵام ئێستا بینیمان ئیدارەی ئەمریكی رایەكەی خۆی گۆڕیوە، ئایا ئەم وەرچەرخانە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
- بەو پێیەی عێراق وڵاتێكی فیدڕاڵییە و تا ئێستا هەرێمی كوردستان سەر بەو دەوڵەتەیە، هەربۆیە ئاساییە تا ئەو كاتەی هەرێمین وڵاتان لە چوارچێوەی حكومەتە فیدڕاڵییەكەدا مامەڵەمان لەگەڵ بكەن، یاسای نێودەوڵەتیش هەر وایە هاوپەیمانیەتییەكان و رێككەوتنەكان راستەوخۆ لەگەڵ هەرێم و پارێزگا و ناوچەكاندا واژوو ناكرێت، بەڵكو بەپێی بڕگەكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان وڵاتان بە شێوازێكی یاسایی هاوپەیمانێتی و رێككەوتن لەگەڵ یەكتر دەكەن، هەرێمی كوردستانیش لە بەغدا سەرۆك كۆمار و وەزیر و پەرلەمانتارانی هەیە، لەبەر ئەوە ئاساییە ئەمەریكا ئەگەر ئاگاداری حكومەتی فیدڕاڵی بكات، بێت لەگەڵ ئێمە رێككەوتنێكی وا گرنك واژوو بكات، ئەوە بوو ئەو شاندەی كە هاتە كوردستان پێشتر لە بەغدا لەگەڵ عەبادی سەرۆك وەزیران و خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری كۆبوونەتەوە و ئەم بابەتەیان باس كردووە، لەبەر ئەوە ئاساییە ئەگەر ئەمەریكا ئاگاداری حكومەتی فیدڕاڵی بكات و لەگەڵدا كوردستان رێككەوتنێكی وا گرنگ واژوو بكات و وەرچەرخانێك دروست بێت و ئیدارەی ئەمەریكاش تا ڕادەیەكی زۆر ڕاكەی خۆی گۆڕیوە، ئەوەتا بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی وا گرنگ، ئەمەریكا كە گەورەترین زلهێزی دنیایە یاریدەدەری وەزیری بەرگری خۆی بە رەسمی بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە یاداشتنامە واژوو دەكات، ئەمەش واتاو مانایەكی گەورە دەبەخشێت بۆ ئێستا و داهاتوومان.

* دیارە ئەمەریكا پێش ئەم لێكتێگەیشتنەش، مەشق و راهێنانی بە چەند لیوایەكی سەربازی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە و چەك و پێداویستی بۆ دابین كردوون، ئایا وەك ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، چۆن سەیری ئەو لیوایانە دەكەیت كە ئەمەریكا مەشق و راهێنانی پێكردوون و چەك و پێداویستی بۆ دابینكردوون؟
- حكومەتی ئەمەریكا پرۆسەیەكی مەشقی هەمەلایەنەی سەربازی بۆ دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە، لەمەش بەشێكی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كردووە، ئەوەتا ناوەندی مەشقی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هاوپەیمانان (KTCC) دروست بووە، كە هاوكاتە لەگەڵ هاوكارییە ئاسمانییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان بە فڕۆكە جەنگییەكان بۆ هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە، كە لە كاتی هێرش و بەرگریشدا ئەم فڕۆكانە رۆڵی كاریگەریان گێڕاوە و بە توندی پێگەی چەكدارانی تیرۆریستی داعشیان بۆردومان كردووە، لەلایەكی ترەوە هەموو هاوكارییەكی ئەمەریكا كە بۆ عێراق دابینكراوە، بەشێكی بە رێژە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە، بۆ نموونە ئەمەریكا چەند لیوایەكی بۆ سوپای عێراق چەكدار و ئامادە كردووە، لەم چوارچێوەیەشدا دوو لیوای پیادە كە هەر لیوای سێ فەوجی هەیە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە دەكات و مەشقیان پێ دەكات و چەك و تەقەمەنی سووك و قورس و كەلوپەلی سەربازی بە هاوشێوەی لیوایەكی ئەمەریكی بۆ تەرخان دەكات. لەم هەفتەیەدا دووەمین فەوجی دوو لیواكە ئامادە دەبێت و تەنیا یەك فەوجیان لە دوو لیواكە دەمێنێت، هەڵبەتە تەشكیلەی ئەم دوو لیوایە لەگەڵ تەشكیلەی لیواكانی دیكەی هێزی پێشمەرگە جیاوازە، لیواكان كە ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگە ئامادەی دەكات، پێی دەڵێن لیوای (سیانی) واتا سێ فەوج لەگەڵ چەند سرییەكی پشتیوانی لەخۆدەگرێت، لەمانگی ئایندەش فەوجی سێیەمی ئەم دوو لیوایە دەچنە مەشق و چەكدار دەكرێن و دواتر رەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكرێن.

* بەپێی ئەم لێكتێگەیشتنە، ئەمەریكا مەبلەغێك پارەی بۆ مووچەی پێشمەرگە دابینكردووە، ئایا چەند پێشمەرگە لەم یارمەتییە مووچە وەردەگرن و ئایا مووچەكانیان هەر مووچە كۆنەكان دەبێت، یان وەك سوپای عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت؟ هەروەها تاچەند ئەم هاوكارییە دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی ئەركی سەرشانی وەزارەتی پێشمەرگە سووكتر ببێت؟
- ئەو مەبلەغەی كە ئەمەریكا بەپێی ئەم یاداشتی لێكتێگەیشتنە بۆ هێزی پێشمەرگەی تەرخان كردووە (415 ملیۆن دۆلار)ـە كە وەكو هاوكاری بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانە دەدرێت بە بەشێك لە هێزی پێشمەرگە بە هەمان بڕ و سیستەمی وەزارەتی پێشمەرگە، واتا ئەمە مووچەیەكی زیادە نییە، بەڵكو ئەمەریكا بۆ ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم قەیرانە سەختەی داراییدا بتوانێت مانگانە مووچەی پێشمەرگە بدات، هاوكاری هەرێمی كوردستان دەكات، ئەمەش كاریگەری لەسەر سووككردنی ئەركی سەرشانی وەزارەتی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت لە پێدانی مووچە.

* دیارە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو وەزیری بەرگری ئەمەریكا تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی كردووە، ئایا ئەم پێوەندییە تەلەفۆنیە تاچەند پێوەندی بە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ هەبووە؟ ئایا پێشمەرگە چۆن بەشداری پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ دەبێت؟
- پێوەندییە تەلەفۆنیەكەی وەزیری بەرگری ئەمەریكا لەگەڵ بارزانی و هەموو ئەو كۆبوونەوانەی لەم ماوەیەدا ئەنجامدراوە لە بارەی هەلومەرجی عێراق بەگشتی و پرۆسەی شەڕی داعشەوەیە، بەتایبەتی پرۆسەی ئازادكردنی سەنتەری شاری موسڵ لە دەستی تیرۆریستانی داعش،كە ئومێدمان زۆرە تا سەری ئەمساڵ شارەكە رزگار بكرێت، لەمەودواش كۆبوونەوەكان چڕتر دەبێتەوە لەنێوان فەرماندەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق و فەرماندەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ ئەوەی پلانی پرۆسەی ئازادكردنی سەنتەری شاری موسڵ دەست پێ بكات، تەنانەت گفتوگۆكان ئایندەی سیاسی و ئیداری بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگایەش لە دوای داعش لەخۆدەگرێت. دە خولەك پێش ئەنجامدانی ئەم چاوپێكەوتنە بەندە لە كۆبوونەوەیەك بووم كە باڵیۆزی ئەمەریكا جان ماك ڤاڵم و ژمارەیەك لە گەورە فەرماندە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە و سیاسەتمەدارەكانیان ئامادە بوون و گفتوگۆ لەسەر پرۆسە سەربازی و سیاسی ئازادكردنی موسڵ كرا، ئەم جموجوڵە زۆرەش بۆ ئەوەیە لێكتێگەیشتنێك لە نێوان كوتلە سیاسییەكان دەربارەی ئایندەی موسڵ هەبێت. هەڵبەتە ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان لە 2015ـەوە دەستمان بە پرۆسەی ئازادكردنی ناوچەیەكی زۆر فراوانی دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی ئەم پارێزگایە كردووە، وەكو ئازادكردنی شنگال و زومار و رەبیعە و مەخموور و گوێڕ و خازر كە نزیكەی 40%ی پارێزگای موسڵ پێكدەهێنن و ناوچەیەكی تەواو كوردستانین، بە درێژایی ئەم ماوەیە سوپای عێراق سەرقاڵی ئازادكرنی ناوچەكانی دیالە و سەلاحەدین و رومادی بووە و نەپەرژاوەتە سەر پرۆسەی ئازادكردنی پارێزگای نەینەوا، تەنیا لەم دوو مانگەی دواییدا دوو فرقەی سەربازی هێناوە كە یەكێكیان فرقەی 15یە لە مەخموور و ئەوی دیكە فرقەی 9یە لە رێگەی بێجی یەوە بەرەو سەربازگەی گەیارە هاتووە و توانیویانە سەربازگەی گەیارە و ژمارەیەكی زۆری گوندەكان ئازاد بكەن و بەشێوەیەكی باش بچنە پێشەوە كە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی ناو شاری موسڵ گرنگە، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگترە لە پرۆسە سەربازییەكەی ئازادكردنی موسڵ كە هەرێمی كوردستان بە بەردەوام جەختی لێدەكاتەوە، ئەوەیە ئێمە لە عێراق هەلێكی سیاسی بڕەخسێنین كە كوتلە سیاسییەكان ئاشتەواییان هەبێت بۆ بەر لە رزگاركردنی موسڵ، چونكە ئێمە نامانەوێت كە موسڵ رزگار كرا، هەمان كێشە سیاسی و ئیدارییەكانی ئەم پارێزگایە بگەڕێتەوە، دەبێت ئێمە لە ئێستاوە رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان و ئیدارەدانی پارێزگای موسڵ بكەین، نەك دوای ئازادكردنەكە لەگەڵ عێراقدا بۆ خاڵی سفر بگەڕێینەوە.

* زۆر جار گوێمان لەوە دەبێت، پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ تەنیا سەربازی نییە، بەڵكو پێویستی بە رێككەوتنی سیاسیش هەیە لەسەر ئیدارەی شارەكە دوای داعش، ئایا ئێوە وەك لەشكری پێشمەرگە و سوپای عێراق تاچەند لەسەر پرسی دوای ئازادكردنەوەی موسڵ رێككەوتنتان كردووە؟
- وەكو ئاماژەم پێدا پرۆسەی سەربازی ئازادكردنی موسڵ باش دەچێتە پێشەوە و قورس نییە و تا كۆتایی ئەمساڵ ئومێد هەیە شارەكە ئازاد بكرێت، بەڵام ئەوەی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر دەكاتەوە ئەوەیە پێش ئازادكردنەوەی شارەكە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق رێكبكەون لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو پارێزگایە، كە لە رووی پێكهاتەوە عەرەب و كورد و توركمانی سوننە و شیعەی تێدایە و لە رووی ئایینیشەوە موسڵمان و مەسیحی و كوردی ئێزیدی و شەبەك و كاكەیی تێدایە، واتا لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و تائیفیشەوە پێكهاتەیەكی ئاڵۆزە، ئەمانە هەمووی نەتەوە و ئایین و تائیفەی جیان و دەبێت لە نێوانیاندا گونجاوی هەبێت بۆ ئەوەی كە پرۆسە سەربازییەكە سەركەوت، پرۆسە سیاسییەكەش لەگەڵ پرۆسە ئیدارییەكە ئامادەبێت، تاوەكو بتوانرێت لە ئایندەدا بە گونجاوترین شێواز موسڵ ئیدارە بكرێت.
Top