عەلی حوسێن: ئامانجی سەرۆك بارزانی ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەشێك بن لە پرۆسەی سەربەخۆیی
July 18, 2016
دیمانەی تایبەت
ئیمزاكردنی پرۆتۆكۆڵی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، دیوێكی دیكەی گەشی ئەو وەرچەخانە نێودەوڵەتییەیە كە وەك ئومێدێك بۆ ئایندەی كوردستان دەخوێندرێتەوە، لە هەمانكاتدا هێندەی دیكە گەشبینی بەو دەرفەتە مێژووییە دەدات كە وەك پرۆسەی سەربەخۆیی لە كوردستاندا دەستی پێكردووە. ئەم وەرچەرخانە نێودەوڵەتییە بەرامبەر بە دۆزی كورد، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستانە كە توانییان وەك هێزێكی كاریگەر لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكەنەوە. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئەمڕۆی كوردستان و هەنگاوەكان بەرەو سەربەخۆیی و پێویستیی یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ عەلی حوسێن بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.* لەوكاتەی كە بارودۆخی ناوچەكە لەسەر هەموو ئاستەكان بە پرۆسەیەكی وەرچەرخاندا تێدەپەڕێت، پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی وەك كارەكتەرێكی سەرەكی دەبیندرێت، ئایا رۆڵی پارتی لەم هاوكێشەیەدا چۆن دەخوێننەوە؟
- دیارە لە 16ی ئابی 2016 تەمەنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێتە حەفتا ساڵ، هەربۆیە من زۆر جاری دیكەش جەختم لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش، ئەو پارتانەی هاوتەمەنی پارتین، یان ئەوەیە نەماون، یان ئەگەر مابیشن خاوەنی كورسییەك، یان دوو كورسیی پەرلەمانین، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستاش وەك دەبینین پارتی دیموكراتی كوردستان حزبی سەرەكییە لە گۆڕەپانە سیاسییەكە و خاوەنی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی كوردستانە. بۆیە ئەگەر لەم روانگەیەوە رۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بخوێنینەوە، ئەو راستییەمان بۆ ئاشكرا دەبێت، كە پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەڵگری پەیامێكی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە، ئێستا ئەو پەیامەی كە پارتی لە پێناویدا دامەزراوە، میللەتەكەمان پێویستی بەو پەیامەیە. لایەنێكی دیكەی نهێنی هێزی پارتی ئەوەیە ئەو سەركردایەتییە كاریزمایەی پارتی ئاراستە دەكات، وای لێهاتووە كە بتوانێت رێبەرایەتی گۆڕانكاریی گەورە بكات، لەم خاڵەوە ئەگەر سەیری مێژووی نەتەوەكانی دیكە بكەین، دەبینین هەموو ئەو نەتەوانەش لەسەر دەستی سەركردایەتییەكی كاریزما، گۆڕانكاریی گەورەیان بەدیهێناوە، بۆ نموونە گەلی هیندستان بە رێبەرایەتی گاندی، هەروەها سەركردایەتی كاریزمای وینستۆن چەرچل لە جەنگی دووەمی جیهانی وایكرد بەریتانیا لە شەڕەكەدا سەربكەوێت، تەنانەت لە شۆڕشی ساڵی 1979ی ئێرانیش، ئایەتوڵا خومەینی توانی ئەو وەرچەرخانە گەورەیە دروست بكات، بۆیە لەم روانگەیەوە ئەگەر سەیری ئەو سەركردایەتییە كاریزمایە بكەین كە پارتی ئاراستە دەكات، ئەوا ئاشكرایە جەنابی سەرۆك بارزانی درێژەپێدەری هەمان رێبازی بارزانیی نەمرە، هەروەها رێبازی بارزانی، درێژەپێدەری شۆڕشەكانی قازی محەمەد و شێخ مەحمودی حەفید و شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخ عوبێدوڵای نەهری -یە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو رێبازە لە سەر دەستی پارتی درێژەی پێدراوە و بەردەوامە.
* لەم راستەوە ئاماژەتان بە گەڕانەوە بۆ مێژوو و پێكەوەگرێدانەوەیت كرد، ئایا تەنیا بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دەتوانین ئێستا و ئایندە بخوێنینەوە؟
- پێش هەموو شت، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، شانازی بە مێژووی هەموو شۆڕشەكانی كوردستانەوە دەكەین و قەناعەتیشمان وایە، هەر میللەتێك رابردووی خۆی لەبیربكات ناتوانێت رێز لە ئێستا بگرێت، لەمەش زیاتر ناتوانێت بەرنامەیەكی گەش بۆ ئێستا و داهاتووی دابنێت، بۆیە لەم راستەوە گەڕانەوە بۆ مێژوو، یان توراسی شۆڕشگێریی شۆڕشەكانی كوردستان بەو مانایە نییە واز لە ئێستا و ئایندە دەهێنین، بەڵكو مانای وایە كاتێك دەگەڕێینەوە بۆ رابردوو، بۆ ئەوەیە ئێستا و رابردوو پێكەوە گرێ بدەینەوە و لەسەر ئەم بناخەیە و بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی و گۆڕانكارییەكان هەنگاو هەڵبگرین و ئایندە بخوێنینەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو شۆڕشەكان كە لە كوردستان هەڵگیرساون، لە پێناوی دابینكردنی مافی كورد و كوردستانییەكان پیادە كراون و ئامانجی كۆتاییشیان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بووە، لەوانەیە بە درێژایی قۆناخە جیاوازەكانی شۆڕشەكانی كوردستان هەلومەرجی سیاسی جیاوازی هەبووبێت، بەڵام ئامانجەكە یەكەم ئامانج بووە. هەر بۆ نموونە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی یەكەمی جیهانی، فرسەتێك بۆ كورد هاتەپێشەوە، ئەوكات شەریف پاشا كە یەكێك بووە لە خوێندەوار و رۆشنبیرەكانی ئەو سەردەمە هەوڵیداوە ئەم داوایەی كورد بگەیەنێتە كۆمەڵەی گەلان، بەڵام شەریف پاشا ئەو سەرۆكە كاریزمایە نەبووە كە بتوانێت ئەم وەرچەرخانە دروست بكات، بەڵام ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان رێبەرایەتی دۆزی كورد دەكات، لە شەری دژی داعشدا، سەرۆكایەتی بەرەیەكی فراوانی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتری ئەو شەڕە دەكات، ئەوەش وایكردووە كورد و كوردستان بكاتە فاكتەرێكی گرنگی هاوكێشەی سیاسیی ناوچەكە و نێودەوڵەتیش، بوونی كورد و كوردستانیش بەم فاكتەرە گرنگە، مانای ئەوەیە لەم بارودۆخە بەرژەوەندییەكی هاوبەش دروست بووە، كە هەم لە بەرژەوەندی دۆزی رەوای گەلەكەمانە، هەمیش لە بەرژەوەندی ناوچەكە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و تەواوی جیهانی ئازادە، بۆیە ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا سەیری پێگەی هەرێمی كوردستان بكەین، كە هەتا ئێستا نەبۆتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری، بەڵام سەركردایەتی كاریزمای سەرۆك بارزانی، دیفاكتۆیەكی دروستكردووە كە ئەم هەرێمە نەك وەك دەوڵەت، بەڵكو وەك دەوڵەتێكی گەورەی ناوچەكە بخوێندرێتەوە، هەر لەم ماوەیەدا من خۆم لە پەیجی كۆنگریسی ئەمریكا خوێندمەوە، كۆنگرێسی ئەمریكا سوپاسی ئەو دەوڵەتانەی كردووە كە لە شەڕی دژی داعش و لە حەوانەی پەنابەران و پێشوازیكردنیان رۆڵی گرنگیان گێڕاوە، لەو سوپاسنامەیەدا ئاماژە بە سێ دەوڵەت كراوە كە یەكێكیان هەرێمی كوردستانە، بێگومان ئەمە راستییەكمان بۆ ئاشكرا دەكات، ئەویش ئەوەیە كە ئێستا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش و بوونی ئەم هەرێمە بە نەوایەكی ئارام بۆ پەنابەر و ئاوارەكانی دەستی داعش، ئەمە مانای ئەوەیە مانەوەی ئەم هەرێمە و بوونی ئەم هەرێمە بە كیانێكی سەربەخۆ راستە ئەمە لە بەرژەوەندی كورد و كوردستانە، بەڵام لە هەمانكاتدا لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و تەواوی جیهانی ئازاددایە. بوونی ئەم بەرژەوەندییە هاوبەشەش لە نێوان دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان و بەرژەوەندی هاوپەیمان و جیهانی ئازاد لە شەڕی دژی تیرۆردا بۆتە هۆكاری ئەوەی دەرفەتێكی مێژوویی زۆر گرنگ بۆ كورد هاتووەتەپێشەوە، دەبێت ئێمەش وەك كورد و كوردستانی لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بین و ئەو دەرفەتە مێژووییە لەدەست نەدەین.
* ئەگەر هەر لەسەر ئەو وەرچەرخانە گەورەیە قسە بكەین، دیارە لەچەند رۆژی رابردوو بە چاودێریی سەرۆك بارزانی یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن ئیمزا كرا، سەبارەت بەم رێككەوتنە چی دەڵێن؟
- ئەم پرۆتۆكۆڵ و رێككەوتنەی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان بەشێكە لەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی دژی داعش كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات، لەم هاوپەیمانییەشدا بۆ تێكشكاندنی داعش، هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە، هێزێكی كاریگەرە لەسەر زەوی كە توانیویەتی تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت و پاشەكشەیان پێبكات، ئەمەش بایەخێكی گرنگی لای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و جیهانی ئازاد هەیە، ئەوجا لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستاش هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام ئەو دیفاكتۆیەی كە هەرێمی كوردستان دروستیكردووە، وایكردووە بەغداش رازی بێت كە پرۆتۆكۆڵی لەم شێوەیە لەگەڵ كوردستان ئیمزا بكرێت و زامنی هاوكارییەكان بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان بكرێت، لە هەمانكاتدا ئەم پرۆتۆكۆڵە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆژەی سەرۆك بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەگرێت و هاریكاریش دەبن بۆ ئەوەی لەسەر ئاكامی ریفراندۆمەكە لەگەڵ بەغدا وتووێژ بكرێت و بە ئاشتی پرۆسەی سەربەخۆیی ئەنجامبدرێت. دیارە پرۆژەی سەربەخۆیی كە ئاوات و ئامانجی هەموو خەڵكی كوردستانە، پرۆژەی كەسێك، یان لایەنێك نییە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا شانازییە بۆ پارتی و بارزانی كە ئەو رێككەوتن و دەستكەوتانە بوونە بەشێك لە مێژووی نەتەوەكەمان، وەك رێككەوتنامەی مێژوویی ئادار لە نێوان كوردستان و بەغدا، رێككەوتنی ئابووری لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، یان ئەو پرۆتۆكۆڵ و رێككەوتنەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كە هەموویان لەسەر دەستی بارزانیی باوك و سەرۆك مسعود بارزانی بۆ نەتەوەكەمان بەدەست هاتوون.
* بەڵام وێڕای ئەم خوێندنەوە گەشبینانەتان بۆ ئەم بارودۆخە كۆمەڵێك كۆسپ و ئاستەنگیش بوونی هەیە، لەوانە بەشێك لە دەوڵەتانی دەوروبەر بە ئاشكرا دژی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانن، هەروەها لە ناوخۆی كوردستانیشدا، جۆرێك لە پەرتەوازەیی سیاسی هەیە، ئایا ئەمانە نابنە هۆكاری ئەوەی ئەم پرۆسەیە رابوەستێت؟
- ئەگەر لە چوارچێوەیەكی فراواندا بارودۆخەكە بخوێنینەوە، راستە لەسەر ئاستی دەوروبەر هەوڵێكی جددی هەیە بۆ دژایەتیكردنی پرۆسەی سەربەخۆیی، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆش جۆرێك لە پەرتەوازەیی هەیە، راستە بوونی ئەم هۆكارانە ئاستەنگ بۆ پرۆژەی سەربەخۆیی دروست دەكەن و لەوانەیە هەندێك پرۆسەكە خاوبكەنەوە، بەڵام كاریگەرییەكەی بەو ئاستە نییە كە پرۆسەكە رابگرێت، خۆزگە ئەمانە بوونیان نەبوایە، لەبەر ئەوەی پرۆسەكە خێراتر دەچووە پێشێ، بەڵام ئەم هۆكارانەش ناتوانن ئەو پرۆسەی سەربەخۆییە رابگرن كە سەرۆك مسعود بارزانی رێبەرایەتی دەكات. سەرۆك بارزانی لە رێبەرایەتیكردنی بۆ ئەم پرۆسەیە ئامانجی ئەوەیە ئەم پرۆسەیە، پرۆسەی تەواوی خەڵكی كوردستان و هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بێت، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ئەوە چەندین جارە داوا لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكات بۆ زەمینەسازكردن و ئامادەباشی بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی هەموویان كۆببنەوە و ببنە بەشێك لەم پرۆسەیە و بڕیار بدەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە راپرسییەكی فراواندا چارەنووسی خۆی دیاری بكات، بەڵام لایەنێكی سیاسی خۆی نەیەوێت ببێتە بەشێك لە پرۆسەی سەربەخۆیی و شان نەداتە بەر ئەم بەرپرسیاریەتییە، ئەوا بێگومان پرۆژەكە لەسەر ئەو لایەنە راناگیرێت و بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە دەوڵەتانی ئیقلیمیش كە دەیانەوێت وای پیشانبدەن دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان مەترسی لە سەر سەقامگیری و ئاسایشی ئەوان دروست دەكات، لەبەر ئەوەی ئەوانیش بەشێك لە كوردستانیان داگیركردووە، بەڵام ئەزموونی 25 ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی سەلماندووە، كە هەرێمی كوردستان نەك مەترسی نییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێی، بەڵكو هۆكارێكی گرنگە بۆ دروستبوونی پێوەندیی هاوبەش و رێزگرتنی دراوسێیەتییەكی باش و ئێمەش تەفەهومی تایبەتمەندی كوردی پارچەكانی دیكە دەكەین بەردەوام رامان وابووە بەشێوەی ئاشتی و دیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن
* زۆر جار كە باس لەو دەرفەتە مێژووییەی ئێستا دەكرێت، زۆر لەو خەڵكانەی كە بەشێك نەبوون لە شەڕی دژی داعش، تەنیا وەك دەرفەتێكی نێودەوڵەتی باسی دەكەن، ئەمە لە كاتێكدا ئەوەی ئەو دەرفەتە مێژووییەی دروستكردووە، مقاوەمەت و خۆڕاگری و خوێنی پێشمەرگە شەهید و بریندارەكانمانە. وەك دەزانین جیا لەوەی بەپرسی لقی دووی پارتیت، لە هەمانكاتدا یەكێك بوویت لەو پێشمەرگانەی كە لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ بوویت، ئایا ئەو وەرچەرخانە و دروستبوونی ئەم دەرفەتە مێژووییە چۆن دەخوێنێتەوە؟
- جێگەی شانازییە كە لە یەكەم رۆژی هێرشی داعش بۆسەر كوردستان لە بەرەكانی شەڕی دژی داعش لە دەوروبەری هەولێر بووین لەگەڵ زۆربەی كادر و فەرماندە سەربازییە دڵسۆز و بە ئەزموونەكان، بۆیە هەموو جیهان دەزانێت كە لە 3ی ئابی 2014 جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دژی داعش دا، خۆیشی راستەوخۆ سەرپەرشتی هەموو بەرەكانی شەڕی دەكرد و وەك پێشمەرگەیەكیش لەناو بەرەكانی شەڕدا لەگەڵ پێشمەرگە بوو، ئەوەش بارودۆخێكی تازەی ورە و خۆڕاگری و مقاوەمەتی لەناو گەلی كوردستاندا دروستكرد، تەنانەت وایكرد ئەو سەركردە سەربازییانەش كە لە ئەركی سەربازیشدا نەبوون، بەوانەوەش كە تەمەنیان لە سەرووی 70 ساڵ بوو، هەموو خۆبەخشانە و بە چەكی خۆیانەوە بگەڕێنەوە ریزی پێشمەرگایەتی و بەرگری لەخاكی كوردستان بكەن، لەمەش زیاتر خەڵكی سڤیلی كوردستان بەبێ ئەوەی داوایان لێكرابێت هەرهەموویان و هەریەكەیان بە جۆرێك بوونە پاڵپشتی پێشمەرگە، لەو خۆبەخشانەش كە بە چەكی خۆیان هاتنە بەرەكانی شەڕ، هەندێكیان شەهیدبوون و ژمارەیەكیشیان لە شەڕەكاندا برینداربوون. لەلایەكی دیكەوە ئەو شەڕەی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لە ژێر رێبەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی دەیكرد، بەهەموو پێوانەیەك شەڕێكی نابەرابەر بوو، تیرۆریستانی داعش چەك و كەلوپەلی سەربازی پێنج فیرقەی سەربازی عێراقی كە هەموویان چەكی پێشكەوتووی ئەمریكی بوون، كەوتبووە دەستیان، لە بەرامبەردا پێشمەرگە نەك هەر چەك و تەقەمەنی پێویستی لە دوای 2003 بۆ دابین نەكرابوو، بەڵكو ئەو چەكەی پێیبوو، چەكێكی كۆن بوو، لە هەمانكاتدا تەقەمەنیشی وەك پێویست نەبوو، بەڵام سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی و سەرپەرشتیكردنی راستەوخۆی بۆ شەڕەكان وایكرد هەموو شتێك بگۆڕێت، من خۆم لە بەرەكانی شەڕ بووم، ئەو شەوانەی كە هێرش دەكرایە سەرمان جەنابی سەرۆك خۆی بە شەخسی بە تەلەفۆن پێوەندی پێوەدەكرین، شەوی وا هەبووە دوو سێ جار قسەی لەگەڵ كادرە سەربازییەكان كردووە و هەوڵیداوە پێداویستی شەڕەكە دابین بكات. تەنانەت ئەگەر پێویستمان بە هێز بووبێت، بە هانامانەوە بێت، پاسەوانە تایبەتەكانی خۆی بۆ فریاكەوتنمان رەوانە كردووە، دیارە ئەم قسانەی من بەو مانایە نییە لە رۆڵی هاوكارییەكانی دەوڵەتانی هەرێمایەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كەم بكەمەوە، بە راستی ئەو هاوكارییانە بۆ پێشمەرگە جێگەی تەقدیرە و كاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر مقاوەمەتی پێشمەرگە هەبووە، بەڵام قسەی من لێرەدا لە سەر هەفتەی یەكەمی شەڕەكەیە كە هێشتا هاوپەیمانان و دەوڵەتانی هەرێمایەتی هاوكاری پێویستیان نەگەیاندبووە پێشمەرگە و پێشمەرگە ناچار بوو تەنیا بە چەكی خۆی بەرگری بكات، هەر بەو چەكانەی لە بەردەستی پێشمەرگەش بوون، توانرا هەولێر لە مەترسی داعش بپارێزرێت، بەڵام كە هاوكاری پێشمەرگەش كرا، نەك هەر توانرا هێرشەكانی داعش رابگیرێت، بەڵكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی داعش تێكبشكێنێت و رووبەرێكی گەورەی خاكی كوردستان لە تیرۆریستانی داعش پاك بكاتەوە، بۆیە بە سەربەرزییەوە دەڵێم، ئەوەی داعشی لە جێگەی خۆی راگرت و هەولێری پاراست مقاوەمەت و خۆڕاگریی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بوو لە ژێر سەركردایەتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی-دا.
* دیارە پێش ئەوەی سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمان دژی تیرۆریستانی داعش بدات، خەڵك بۆچوونی بەو جۆرە بوو كە ئەو گیانی مقاوەمەت و خۆڕاگری و قوربانیدانە كەم بۆتەوە، بەتایبەتیش لای لاوەكانی كوردستان، بەڵام دوای بڕیارەكە شتێكی دیكەمان بینی، چۆن ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی، ئەو گیانی مقاوەمەتەی زیندوو كردەوە و یەكڕیزی نەك هەر لە باشووری كوردستان، بەڵكو جیاوازی لە نێوان پارچەكانی كوردستانیشدا نەهێشت؟
- دیارە هەموو سەرۆكێك كە بڕیاری شەڕ دەدات، پێشتر ئامادەباشی بۆ دەكات، یان داوادەكات گەلەكەی بچنە ریزی سوپا، بەڵام ئەگەر سەرنج لە بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی بدەین، دەبینین بڕیارەكەی پێش ئەوەی بۆ هیچ كەسێك بێت، بڕیارەكەی بۆ خۆی بوو، واتە خۆی كۆشكی سەرۆكایەتی بەجێهێشت و بووەوە بە پێشمەرگەیەكی ئاسایی لەناو بەرەكانی شەڕ و راستەوخۆ سەركردایەتی شەرەكەی دەكرد و گەلەكەشی دوای سەرۆكی خۆی كەوت، لەلایەكی دیكەوەش راستە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بووە هۆكاری ئەوەی كوردستان بپارێزرێت، بەڵام لەلایەكی دیكەش بووە هۆی سەركەوتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا، پێویستە ئەو راستییە بگوترێت و مێژووش ئەو شاهیدییە دەدات، پێش ئەوەی پێشمەرگە پێشڕەوییەكانی داعش رابگرێت، هیچ هێزێك نەیتوانیبوو لە هیچ بەرەیەكی شەڕدا، هێرشی تیرۆریستانی داعش رابگرێت، بۆیە كاتێك دەڵێن پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی بەتاڵ كردەوە، بێگومان بە كردەوە پێشمەرگە لەناو بەرەكانی شەڕدا ئەو ئەفسانەیەی بەتاڵ كردەوە، ئەم سەركەوتنانە و دروستبوونی ئەو یەكڕیزییە و نەمانی جیاوازی لە ناو پارچەكانی كوردستاندا، هەموو لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، كە سەرۆك بارزانی خۆی پێش گەلەكەی كەوت بۆ بەرگری لە كوردستان، بێگومان ئەمەش ئەو كاریزمایەیە كە هەموو گەلانی جیهان لە قۆناخە چارەنووسسازەكاندا لە دەوری سەرۆكی كاریزمای خۆیان كۆدەبنەوە.
* هەر لە میانەی شەڕی پێشمەرگە دژی داعش، جارێكی دیكە مێژوو خۆی دووبارە كردەوە، وەك چۆن بارزانیی نەمر و هەڤاڵەكانی لە ساڵی 1945 چوون بۆ هاریكاری كۆماری كوردستان، ئەمجارەش سەرۆك مسعود بارزانی پێشمەرگەی نارد بۆ هاوكاری كۆبانێ و لە كەوتن رزگاری بوو، ئایا چۆن ئەو زەمینەیە دروست بوو بۆ ئەوەی پێشمەرگە بە هانای كۆبانێوە بچێت؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی لەو روانگەیەوە سەیری كێشەی كورد دەكات كە یەك كێشەیە و بەڵام هەلومەرجی سیاسی و دابەشكردن وایكردووە هەر پارچەیەك شێوازێكی تایبەتی خەبات پێڕەو بكات، بەڵام ئەمە رێگری لەوە ناكات ئەگەر لە پارچەیەكی كوردستان كەوتە مەترسییەوە ئێمە بەهانایانەوە نەچین. دیارە لەوەتەی ئەو بارودۆخە لە رۆژئاوای كوردستان هاتۆتەئاراوە، خەمی سەرەكیی جەنابی سەرۆك بارزانی ئەوە بووە كە لایەنە ساسییەكانی رۆژئاوا یەكگرتوو بن و بە یەكڕیزی بەرامبەر ئەو هەڕەشانە رابوەستن كە رووبەڕووی ئەو پارچەیە دەبنەوە، بۆ ئەمەش دووجار بە هەوڵی بەڕێزیان رێككەوتنی هەولێر و رێككەوتنی دهۆك لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا ئیمزا كراوە، هەربۆیە كاتێك سەرۆك بارزانی هەستی كرد، كۆبانێ لە بەردەم هەڕەشەیەكی جددیدایە و تەنانەت سەرۆكی دەوڵەتی توركیا رایگەیاند كۆبانێ دەكەوێت، جیا لەوەی بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا رێككەوتنی دهۆك ئیمزاكرا، لە هەمانكاتدا نامەیەكی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرد كە بڕیار بدات هێزی پێشمەرگە بچێت بۆ كۆبانێ، سەبارەت بەم پرسە ئێوە ئاماژەتان بە خۆدووبارەكردنەوەی مێژوو كرد، وەك ئەوەی چۆن بارزانیی نەمر و هەڤاڵەكانی چوون بەهانای كۆماری كوردستانەوە لە مهاباد، ئەمجارەش سەرۆك مسعود بارزانی پێشمەرگەی نارد بۆ كۆبانێ بۆ ئەوەی بەهانای رۆژئاواوە بچێت، راستە ئەم دوو رووداوە لە رووكاردا لەیەك دەچن، بەڵام لە ناوەڕۆكدا جیاوازییان هەیە، یەكەمیان لەبەر ئەوەی لە نێوان شاری مهاباد و باشووری كوردستان سنووری هاوبەش هەبوو، ئەوا جەنابی بارزانیی نەمر و هەڤاڵەكانی خۆیان راستەوخۆ چوون، بەڵام لە نێوان كۆبانێ و هەرێمی كوردستان سنووری هاوبەش نەبوو، پێویست بوو پێشمەرگە سنووری وڵاتی توركیا ببڕێت و لە توركیاوە بە فەرمی بە هانای كۆبانێوە بچێت، هەربۆیە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ شەرعییەتێكی نێودەوڵەتی پێدرا و بە فەرمی پێشمەرگە چووە ناو خاكی توركیا و لە ناو توركیا بینیمان چۆن براكانمان لە باكوور پێشوازییان لە پێشمەرگە كرد و پاشانیش چۆن بە فەرمی چوونە ناو كۆبانێ بۆ هاوكاری براكانیان و دوورخستنەوەی مەترسی لە كەوتنی كۆبانێ بە دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەمەش وەرچەرخانێكی هێجگار گەورە بوو لە پێگەی كورد و كوردستان لە دیدی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و هەروەها لە سەر ئاستی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، بەمەش رزگاركردنی كۆبانێ بووە داستانێكی گەورەی شەڕی جیهان دژی تیرۆریستانی داعش و هەموو جیهان شانازی بەم سەركەوتنەی كوردستانەوە كرد، ئەمەش بۆ كورد و كوردستان جێگەی شانازییە.
* ئەم وەرچەرخانەی لە میانەی شەڕی داعش دروست بوو، بۆ كورد دەستكەوتێكی زۆر گەورە بوو، بەتایبەتی دروستبوونی یەكڕیزی لە نێوماڵی كورد و نەمانی جیاوازی لە نێوان پارچەكانی كوردستاندا، وایكرد جەنابی سەرۆك بارزانی بە سەرۆكایەتی شاندێكی هاوبەش لە 2015 سەردانی كۆشكی سپی بكات و راشكاوانە باسی پرۆسەی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا بكات، ئەو بەو نییەتە گەڕایەوە كە حزبە سیاسییەكانی باشووری كوردستان ژوورێكی عەمەلیات دروست بكەن بۆ ئەوەی ئامادەباشی بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی بكرێت، بەڵام لە بری دروستكردنی ژووری عەمەلیات، نێوماڵی كورد درزی تێكەوت. پرسیار ئەوەیە بۆچی بارودۆخەكە پێچەوانە بووەوە؟
- دیارە هەموو خەڵكی كوردستان زۆر دڵخۆش بوون بەو یەكڕیزییەی بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی هەموو كوردستان دروست بوو بوو، بەتایبەتیش لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی باشوری كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەم بەشە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرێت، بێگومان هەر لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ ئەوەی پرۆسەی سەربەخۆیی ببێتە پرۆسەی هەموو لایەنەكان بە سەرۆكایەتی شاندێكی هاوبەش چووە ئەمریكا و نەك هەر لە كۆشكی سپی، بەڵكو لەگەڵ پێنتاگۆن و ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوەش راشكاوانە باسی پرۆسەی سەربەخۆیی و هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كرد، بۆیە سەرۆك بارزانی بەو نییەتە لەگەڵ شاندە هاوبەشەكە لە ئەمریكا گەڕایەوە، كە ئەو ئاكامە سەركەوتووەی سەردانەكەی لەگەڵ حزبەكانی كوردستان باس بكات و ژوورێكی عەمەلیات دروست بكرێت بۆ ئەوەی هەموو حزبەكان ئامادەباشی بكەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەربەخۆیی، خۆتان دەزانن بڕیار بوو لە نیوەی دووەمی مانگی ئایاری 2015 ئەو ژوورە دەست بەكاربێت و حزبەكانیش خۆیان بەمە رازی بوون، بەڵام زۆر بەداخەوە لە بری ئەوەی ئەو حزبانە بەرنامە بۆ ژووری عەمەلیات و سەربەخۆیی كوردستان دابنێن، هەستان بەرنامەیەكی دیكەیان جێبەجێكرد كە ئەویش هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو لەناو پەرلەماندا، ئەم بەرنامەیەش لە بنەڕەتدا بۆ تێكدانی پرۆسەی سەربەخۆیی بوو، لەبەر ئەوەی پرسەكە یەكەمین جار پێوەندی بە مانەوە، یان درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نەبوو، بەڵكو پێوەندی بەوەوە هەبوو چۆن سەرۆك مسعود بارزانی كە بۆتەوە بە پێشمەرگە و چۆتەوە ناو هێزی پێشمەرگە و بەرگری لە كوردستان دەكات، ئەوان بەو بەرنامەیەی ئامادەیان كردبوو، داوایان دەكرد سەرۆك بارزانی پێشمەرگە نەبێت، ئەگینا مەسەلەی پرسی سەرۆكایەتی لای جەنابی سەرۆك بارزانی پرسێكی لاوەكی بوو، پێش ئەوەی بچێت بۆ ئەمریكاش، جەنابی سەرۆك رای وابوو بە هەموو حزبەكانی كوردستانی رابگەیەنین، ئەم پرسە لە نێوخۆتان چارەسەر بكەن، ئەوجا چ خۆتان وەك حزبەكان لە سەر كەسێكی دیكە رێكدەكەون بۆ ئەوەی جەنابی سەرۆك دەور و تەسلیمی لەگەڵ بكات، یان بارودۆخەكە تا هەڵبژاردنی داهاتوو وەك خۆی دەهێڵنەوە، یان هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەمە لای سەرۆك بەلادا خرابوو، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان و شەخسی نەوشیروان مستەفا كە سەرپەرشتی جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیەیان دەكرد، ویستیان لە رێگەی پەرلەمانەوە كودەتا بەسەر پێشمەرگایەتیی سەرۆك بارزانی بكەن، بۆ ئەوەی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەمێنێتەوە، لە رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 دیارە توانییان بە رێگەی زۆرینەیەكی زۆر سادە، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بكرێت، بەڵام لەماوەی 23ی حوزەیران تا 19ی ئابی 2015، نەك هەر حزب و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی ئەمە كودەتایە بۆ تێكدانی بارودۆخی كوردستان، بەڵكو دۆستان و هاوپەیمانانیش گەیشتنە ئەو قەناعەتە و كەوتنە بەینەوە بۆ ئەوەی ئەم فیتنەیە لە كوردستان دووربخەنەوە، بەڵام وێڕای رێككەوتنی لایەنەكان بە میانگیری ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان، بزووتنەوەی گۆڕان سوور بوو لەسەر ئەوەی لە 19ی ئابی 2015 كودەتاكەی تەواوبكات، بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان لە تكا و رجای پارتی تێنەگەیشت، كاتێك دەیبینی شاندی پارتی سوورە لەسەر ئەوەی بە رێككەوتنی سیاسی و سازانی نیشتمانی ئەم پرسە یەكلایی بكرێتەوە، وایان بیردەكردەوە، ئەم تكا و رجایەی پارتی، پاڕانەوەیە و دەیانەوێ تەنازول بۆ ئەوان بكەن، بۆیە بەم ئەقڵییەتەوە رۆژی 19ی ئاب پێداگیرییان كرد كە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام وەك بینیمان ئاستی بەرپرسیاریەتی حزبەكانی كوردستان و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان لە هۆشیاری و خوێندنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەرەكەی بەرزترە، بۆیە نەیانتوانی نیسابی یاسایی بۆ ئەو دانیشتنە دروست بكەن، دوای ئەوەی پەرلەمانیش نەیتوانی كۆبێتەوە، جارێكی دیكە بۆ ئەوەی یەكڕیزی نێوماڵی كورد تێكنەچێت، پارتی ئامادەباشی پیشاندا كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان درێژەی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەم پرسە بە سیاسی و بە سازانی نیشتمانی چارەسەر بكرێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان پەنای بۆ رێگەیەكی دیكە برد، كە ئەویش دروستكردنی فیتنە و ئاژاوە بوو لە كوردستان، بۆیە پارتی ناچار بوو، بڕیار بدات سنوورێك بۆ ئەو ئاژاوە و فیتنەیە دابنێت، مەبەستەكەش ئەوە بوو دۆخەكە لەوە زیاتر تێكنەچێت.
* ئایا مەبەستت ئەوەیە ئەم پرسە پێوەندی بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی نییە؟
- لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئایا لە مێژووی هیچ میللەت و وڵاتێكدا بووە، كە لە شەڕێكی ئاوا گەورەی وەك شەڕی تیرۆریستانی داعشدا بێت، سەرۆكی وڵاتەكەش سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكان بێت، بە بێ ئەوەی هەڵبژاردن بكرێت، یان بەدیلێك دیاری بكرێت، بە سەرۆكی ئەو وڵاتە بگوترێت دەبێت واز لە سەرۆكایەتی بهێنێت؟ گریمان جەنابی سەرۆك بەوە رازی بوو، بەڵام ئایا مێژووی میللەتەكەمان ناڵێت سەرۆك مسعود بارزانی لەو كاتە گرنگەی شەڕدا لە بەرپرسیاریەتی رایكرد و میللەتی خۆی جێهێشت، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكە هەموو كەسێك ئەو راستییە باش دەزانێت كە لای جەنابی سەرۆك بارزانی هیچ پۆستێك لە پێشمەرگایەتی گەورەتر نییە، ئەو خۆی سەرۆك بوو، كۆشكی سەرۆكایەتی بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بۆیە ئەم پۆستە پێوەندی بە شێوازی سەرۆكایەتی ئەم وڵاتەوە هەیە و دوور و نزیك پێوەندی بە سەرۆك بارزانی-یەوە نییە، بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش، هەر چەند مانگێك پێش ئێستا جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا داوای لێكردن، خۆیان كەسێك دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی دەور و تەسلیمی لەگەڵ بكات، یان هەڵبژاردن بكەن، یان لێگەڕێن تا هەڵبژاردنی داهاتوو ئەم قۆناخە تێپەڕێنین، دیارە ئێوە خۆتان گوێتان لە بەرپرسانی حزبەكانی كوردستان بووە، نە لەو كۆبوونەوەیە بەدیلیان بۆ سەرۆك بارزانی هەبووە، نە بیستووشمانە رێگەیەك پەسەند بكەن و بڵێن ئەمە كاندیدی ئێمەیە و فەرموو با هەڵبژاردن بكەین، لایەنێكی دیكە پێداگرتنی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوەی دەبێت سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژیرێت و سەرۆك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان نەبێت، هەمووی لە پێناوی ئەوەیە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گەلی كورستان بسێنێتەوە و بیكاتە سەفقەی سیاسیی نێوان حزبە سیاسییەكان و سەرۆكی كاریزما بوونی نەمێنێت و كەس لەم وڵاتە نەتوانێت بڕیاری چارەنووسساز بدات، ئەمەش هەوڵێكە بۆ شكاندنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان و هەوڵێكە بۆ لەباربردنی سەربەخۆیی و دروستكردنی ناسەقامگیری سیاسی و پەكخستنی پرۆسەی بڕیاردروستكردن لەم قۆناخە هەستیار و ناسكەی كوردستاندا.
* بەڵام ئێستاش هەوڵەكانی نەوشیروان و گۆڕان بەردەوامە، ئەمجارە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی بانگەشە بۆ گۆڕینی هاوكێشەی هێز دەكات و هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە یەكێتی بكاتە تەرەف لە كێشەی خۆی لەگەڵ پارتی، ئایا ئەمەی بۆ دەچێتەسەر؟
- من ئومێدەوارم سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی نەبنە تەرەف لە كێشەی نێوان گۆڕان و پارتیدا، ئەگەر خوانەخواستنە ببنە تەرەف، بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و لەوانەیە ئاكامی خراپتری بەدوادا بێت. بۆیە ئومێدی من ئەوەیە یەكێتی بەشێك بێت لە چارەسەری كێشەی نێوان ئێمە و گۆڕان، نەك خۆی ببێتە بەشێك لە كێشەكە، لێرەدا دەمەوێت ئەوە بە راشكاوی بڵێم، نەوشیروان و گۆڕان پێشتر بۆ ئەوەی خۆی جێگەی مام جەلال بگرێتەوە و گۆڕان جێگەی یەكێتی بگرێتەوە، زۆر هەوڵیاندا لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكی هاوشێوە ئیمزا بكەن، بەڵام پارتی ئەمەی رەتكردەوە، لەبەر ئەوەی بێجگە لەوەی پارتی رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی هەبوو، لە هەمانكاتدا لاوازبوونی یەكێتی بە زیان نەك هەر بۆ پێوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی، بەڵكو بە لاوازی بۆ پرۆسەی سیاسی لە كوردستان سەیردەكرد، بۆیە ئێمە گلەییمان لە سەركردایەتی یەكێتی هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە هەتا ئێستا رێككەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ یەكێتی هەیە، دەبوو پێش ئەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ گۆڕان ئیمزا بكەن، راوێژیان لەگەڵ پارتی بكردایە بۆ ئەوەی تێبگەیشتیانەیە ئەوان لەسەر چ بنەمایەك ئەو رێككەوتنە ئیمزا دەكەن، سەبارەت بەوەشی كە دەپرسن ئایا نەوشیروان ئەمەی بۆ دەچێتەسەر؟ من لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێم: ئەم پیاوە ئەگەر سیاسەتیشی كردبێت هەوڵینەداوە سوود لە ئەزموونی سیاسەت وەربگرێت، ئەو چۆن لە 23ی حوزەیرانی 2015 لەسەر زۆرینەیەكی زۆر سادە پیلانەكەی داڕشتبوو، بەڵام لە ماوەی كەمتر لە دوومانگ ئەو هاوكێشەیە گۆڕانكاری بەسەردا هات و پیلانەكەی شكستی خوارد، ئێستاش لەسەر ئەوە پیلانێكی نوێ بەڕێوەدەبات، گوایە ئەگەر فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی یەكبگرن و یەك دوو كورسییان لە پارتی زیاتر دەبێت، بەڵام بەمە هاوكێشەی هێز ناگۆڕێت و هەموو خەڵكی كوردستان و دۆستەكانیشمان دەزانن بە چ تاكتیك ئەو چەند كورسییە زیاد بووە، بۆیە ئێستا كە ناخی گۆڕان و نەوشیروان بۆ خەڵك و دۆستەكانیشمان ئاشكرا بووە، ئەوا هاوكێشەیەكی تازە دروست دەبێت، لەم هاوكێشە تازەیەدا هەم گورزێكی باش لە خۆی دەدات، هەم زیانیش لە یەكێتی دەدات، من نموونەیەك باس دەكەم، لە میانەی سەردانی شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا، یەك لە دیپلۆماتەكانی بیانی دەڵێت، تەنیا ئەوە لە هاتنی ئەو شاندە هاوبەشە دەخوێندرایەوە، وەك ئەوەی هاتبن پێمان بڵێن كورد لەناو خۆیدا یەكگرتوو نییە، بۆیە ئەگەر ئامانجی نەوشیروان مستەفا و گۆڕان لە رێككەوتنەكەیان ئەوە بێت پەرتەوازەیی لە نێو ریزی كوردستان دروست بكەن، ئەوا من دڵنیام خەڵكی كوردستان زۆر هۆشیارە و تێدەگات و رێگەنادات یەكڕیزی نێوماڵی كورد تێكبچێت و ئەم پیلانەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفاش وەك پیلانەكانی پێشوویان بەسەر خۆیاندا دەشكێتەوە.
* بەڵام باس لەوە دەكرێت هەندێك هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی دەروازەیەك بۆ ئەم چەقبەستووییە بكەنەوە، ئایا ئێوە وەك پارتی ئامادەن پێشوازی لە شاندی هاوبەشتی گۆڕان و یەكێتی بكەن؟
- بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بەم قسانە چەواشە نەبن، جارێ پێش هەموو شت، كێشەی نێوان گۆڕان و پارتی لەسەر پەرلەمان و حكومەتە، راشكاوانەتر لەسەر چۆنیەتی بەشداربوونەوەی گۆڕانە لەناو حكومەت و پەرلەمان، ئاشكرایە كە پارتی وتووێژ و دانوستانەكانی بۆ بەشداری حزبەكان لە كابینەی هەشتەم دەست پێكرد، بە رێككەوتنی دووقۆڵی نێوان پارتی ئەو لایەنە بووە، لەگەڵ گۆڕانیش پارتی رێككەوتنی دووقۆڵی كردووە، ئەو رێككەوتنە بۆ هەردوولامان تەوقێك نەبووە كە هیچمان نەتوانین لێی دەربچین، پێشتریش چەندجار لەلایەن گۆڕانەوە گوێمان لەوە بووە ئەوان لە حكومەت دەكشێنەوە، بۆیە چ ئەوان ئەو رێككەوتنە هەڵبوەشێنەوە، چ وەك ئێستا ئێمە هەڵمانوەشاندۆتەوە، پێوەندی بە هیچ لایەنێكی دیكەوە نییە، دەبێت پارتی و گۆڕان كۆببنەوە جارێكی دیكە رێكبكەونەوە، بۆیە لەم روانگەیەوە ئێمە لەگەڵ شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان كۆنابینەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كێشەی نێوان گۆڕان و پارتی لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی دوولایەنەدایە، بۆیە ئێمە ئامادەین لەگەڵ گۆڕان بەجیا كۆببینەوە، ئەوجا ئەوەتا دەگەینە رێككەوتنێكی دیكە، یان ئەوەیە گۆڕان وەك ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، سەبارەت بە یەكێتیش ئێمە وەك پارتی لەگەڵ یەكێتی كۆبوونەوەمان هەبووە و تەنانەت دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكەشیان، كۆبوونەوەمان كردووە. بۆیە ئەگەر یەكێتی و گۆڕان رایدەگەیەنن بوونەتەوە بە یەك حزب، ئەوا ئێمە دەستخۆشییان لێدەكەین و با بێن، وەك یەك حزب پێشوازییان دەكەین، بەڵام دوو حزبن، بۆیە ئێمە بە جیا دوو رێككەوتنی جیاوازمان لەگەڵ هەردوو حزبەكە هەیە، نە ئەوان دەبێت تێكەڵی بكەن، نە ئێمەش ئامادەین تێكەڵی بكەین.