بەدەل بەندی : لەشكری رۆژ لە سەر بنەمای فیكری نەتەوەیی دامەزراوە و بەمنزیكانە دەگەڕێینەوە رۆژئاوای كوردستان
July 8, 2016
دیمانەی تایبەت
لەشكری رۆژ ئەو لەشكرەی پێشمەرگەی كوردستانە كە لە سەر بنەمای فیكری نەتەوەیی و بە بەشداری كچان و كوڕانی رۆژئاوای كوردستان بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە كوردانی رۆژئاوا دامەزراوە. گەرچی بەهۆی تاكڕەویی پەیەدە و بوونی هەواڵگری وڵاتانی ئیقلیمییەوە ئەو لەشكرە تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕن لە باشووری كوردستان و لەم پێناوەشدا شەهید و قوربانییان داوە. جەختیش لەوە دەكەنەوە كە هەر كاتێك سەرۆك بارزانی بڕیار بدات، لەشكرەكە ئامادەیە بگەڕێتەوە و لەو رۆژئاوای كوردستاندا بەرگری لەمافی گەلی كوردستان بكات. لەسەردانێكماندا بۆ سەربازگەی لەشكری 1ی رۆژ لە گوندی سەهلیجی نزیك بەنداوی موسڵ چاومان بە موسا موسا ناسراو بە بەدەل بەندی فەرماندەی هێزی 1ی لەشكری رۆژ و ژمارەیەك لە پێشمەرگەكانی كەوت و چەند پرسیارێكمان ئاراستە كردن كە لێرەدا پوختەی قسەكانیان بڵاودەكەینەوە.نەبەردی كچە پێشمەرگەكانمان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ بووەتە جێگەی سەرسامی ئێمە و هێزەكانی هاوپەیمانانیش
دەبێت پەیەدە بزانێت مومكین نییە لەشكری رۆژ دەستبەرداری مافی گەلی رۆژئاوا بێت
* ئامانجی سەرەكیی سەرۆك بارزانی لەم قۆناخە هەستیارەی كورد پێیدا تێدەپەڕێت، ئەوەیە كورد بەهێز و یەكڕیز بێت، دیارە بۆ یەكڕیزی كوردانی رۆژئاواش هەوڵی زۆریان داوە، بۆ بەهێزی كوردیش لەو بەشەی كوردستان فەرمانیان داوە لەشكری رۆژ بۆ رۆژئاوا دابمەزرێت، ئایا تا چەند ئەم دووربینییەی سەرۆك بارزانی بۆتە ئومێد بۆ هەموو كوردستان؟
- سەرۆك بارزانی نەك تەنیا لە باشووری كوردستان بەڵكو لە هەر چوارپارچەی كوردستان هەموو هەوڵ و كۆششی خۆی لە پێناو یەكڕیزی و یەكگرتوویی نێوماڵی كورد تەرخان كردووە، بۆ ئەوەی كوردستان ببێتە یەكپارچە و بگاتە كەناری ئارامی و سەربەخۆیی، هەروەكو چۆن خەباتی بارزانی باوك تەنیا لە باشووری كوردستان نەبووە، بەڵكو لەپێناو خەڵكی هەژار و ستەمدیدە و هەموو گەلی كوردستان بووە، ئەوەتا لەناو گێژاوی درووستكردنی ئەو ناكۆكی و كێشە دروستكراوانەدا كە ئەمڕۆ لە باشووری كوردستان بوونیان هەیە، جەنابی سەرۆك بارزانی بەو پەڕی لەخۆبووردەیی و بە رەچاوكردنی بەرژەوەندی گەلی كوردستان لە هەوڵەكانی بۆ پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی بەردەوامە و توانیویەتی رێگا بگرێت لە لێكترازانی نێوان هێزەكان و درووستبوونی پەرتەوازەیی، ئەمەش هەمووی لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت و هەڵكردنی ئاڵای سەربەخۆیی و بەدیهێنانی ئازادی بۆ گەلی كوردستانە، هەروەكو چۆن پێشتریش بارزانی نەمر هەموو هەوڵ و شۆڕشەكانی لە پێناو یەكگرتوویی و یەكخستنەوەی خاكی هەرچوار پارچەی كوردستان بووە و كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستانیش وەكو كەسایەتییەكی كاریزماو دڵسۆز سەیری دەكەن. سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەكانی لە وڵاتانی دەرەوە لە پێناو میللەتی كورددایە بۆ ئەوەی ئەو هێز و وڵاتە پێشكەوتووانە بە چەك و تەقەمەنیی پێشكەوتوو هاوكاری زەمینی و هەوایی و یارمەتی هێزی پێشمەرگە بدەن، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بتوانێت بە كەمترین زیان رووبەڕووی ئەو هەموو دوژمنە ببێتەوە و پارێزگاری لە باشووری كوردستان و هەرچوار پارچەی كوردستان بكات، بۆ ئەم مەبەستەش ئەوەتا بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات هەموو پارت و لایەنەكان لە پێناو پاراستنی گەلی كوردستان یەك بگرن و هێزی پێشمەرگەی كوردستان ببێتە سوپایەكی بەهێز بۆ پاراستنی هەرچوار پارچەی كوردستان. سەرۆك بارزانی هەرگیز جیاوازی نەكردووە لە نێوان پێشمەرگەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان و رێزی لە شەهید و قوربانییەكانی هەموو لایەك گرتووە و ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاری و پاراستنیشیان دەربڕیوە، هەر لەم چوارچێوەیەشدا لەشكری رۆژ دامەزرا.
* لەگەڵ ئەوەی لەشكری رۆژ لەشكرێكە هەر چوار پارچەی كوردستان بە وڵاتی خۆی دەزانێت و لە هەر شوێنێك كوردستان پێویستی بە بەرگری بێت، ئەم لەشكرە لە سنوورەكانی كوردستان ئامادە بووە و بەرگری لە خاكی كوردستان كردووە، ئایا لەو كاتەوەی ئەم لەشكرە دامەزراوە تاچەند ئامادەباشیتان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی دژی داعش لە هێڵی بەرگری باشووری كوردستان هەبووە؟
- هەر كاتێك جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیار بدات بۆ بەرگریكردن و پاراستنی گەلی كوردستان لە هەر پارچەیەكی كوردستان بێت لەشكرەكە ئامادەیە و دەستبەجێ كوڕان و كچانی لەشكری رۆژ بە مۆركی نەتەوایەتی و نیشتمانییەوە بەرگری لە میللەتی مەزڵومی كورد دەكەن، بۆیە دەتوانین بڵێین لەشكری رۆژ تەنیا 3000 پێشمەرگەی نییە بەڵكو لەشكرێكی ملیۆنییە و لەپێناو گەلی كورد و مرۆڤایەتی دژی تیرۆریستانی داعش وەستاون، لەشكری رۆژ بەسەرپەرشتی لیوا عەزیز وەیسی سەرپەرشتیاری گشتی هێزی زێرەڤانی و لیوا بەهجەت تەیمەز سەرپەرشتیاری هێزی 1 و 2ی لەشكرەكە دامەزرا، ئامانجی دامەزراندنی ئەم هێزە تەنیا بۆ پاراستنی گەلی كورد لە رۆژئاوا نییە، بەڵكو بۆ پاراستن و بەرگریكردنە لە هەرچوار پارچەی كوردستان، ئەوەتا كوڕان و كچانی لەشكری رۆژ شانبەشانی برا پێشمەرگەكانیان لە باشووری كوردستان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕن، وەكو هێزی 1ی ئەم لەشكرە ناتوانم وەسفی ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەكانی بكەم، لە زۆر سەنگەر و میحوەریش شەهیدمان داوە، لە سەنگەری وا كچانی لەشكری رۆژ رووبەڕووی داعش بوونەتەوە، مومكین نییە لەناو سوپایەكی دیكەدا بەرخودانی وا هەبێت. كچەكانی لەشكری رۆژ شانبەشانی برا پێشمەرگەكانیان لە شەڕی دەستەویەخە و بە نارنجۆك داعشەكانیان كوشتووە و لاشەكانیان لەناو ساترەكان بەجێماون. ئەم بەرخودان و بەرگرییە لەهەر چوار پارچەی كوردستان دەنگی داوەتەوە كە چۆن پێشمەرگەكانی كوردستان بە فیكری بارزانی نەمر لە دژی دڕندەترین دوژمن لە باشووری كوردستان دەجەنگن و لە پارچەكانی تری كوردستانیش ئەو ئامادەییان تێدایە و شەڕی پاراستنی كۆبانێ جوانترین بەڵگەیە بۆ راستیی قسەكانم.
* وەك باستان كرد لە ناو ریزەكانی ئەم لەشكرە كچانی كوردستان هاوشانی براكانیان چەكی شەرەف و مەردایەتی پێشمەرگایەتیان كردۆتە شانیان و ئامادەن لە پێناوی بەرگریكردن لە كوردستان خوێنی خۆیان ببەخشن. ئایا لەسەر چ بنەمایەكی نەتەوەیی ئەم لەشكرە پەروەردە كراوە و ئایا تاچەند كچانی كوردستان لە ناو لەشكری پێشمەرگەدا جێگەی خۆیان كردۆتەوە؟
- كچانی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ شانبەشانی براكانیان لە دژی داعش و هەر دوژمنێكی تر بێت دەجەنگن، ئەمەش درێژەپێدەری ئەو خەبات و بەرخودانەیە كە گەلی كورد بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی لە قۆناغە جیاجیاكاندا ئەنجامی داوە. رۆڵی ئافرەت و كچانی كورد لە خەبات و شۆڕشەكانی كوردستان دیار و لەبەرچاوە وەكو مارگرێت و لەیلا قاسم و دایكە حەلیمە و چەندین دایك و خوشكی دیكە لە هەرچوار پارچەی كوردستان، لەسەرجەم شۆڕشەكانی كوردستان ئافرەتی كورد خوشك و دایك و هاوسەری شەهید بووە و قوربانییەكی گەورەی بەخشیوەتە كوردستان، ئافرەتی كورد گەیشتۆتە قەناعەتێك كە پێویستە بە شێوەیەكی راستەوخۆ بوونی هەبێت لە شەڕی پاراستنی كوردستان و بەرگریكردن لە كوردستان، ئەوەتا ئێمە لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ و لە تەواوی میحوەرەكان ئامادەییمان هەبووە، بۆ نموونە كچانی لەشكری رۆژ كە لەم دواییەدا مەفرەزەیەكیان لە میحوەری خازر لەگەڵ ئێمەدا بوو، یەكەم هێرشی داعش بۆ سەر لەشكری 1ی رۆژ بوو كە زۆر ئازایانە بە هاوشانی براپێشمەرگەكانیان رووبەڕووی هێزەكانی داعش و هەمەر و خۆكوژەكانیان بوونەوە و كچەكانمان لە نێوان دوو برای پێشمەرگەدا شەڕیان دەكرد و هاواریان دەكرد و دەیانگوت: كوشتن و مردن بۆ داعشەكان و ئازادی بۆ كوردستان، هەر بۆیە سەری ئێمە زۆر بەرزە كە كورد خاوەنی كچانی پێشمەرگەی وا ئازان و لە ریزی بەرگری سەنگەرەكاندا راوەستاون و لوولەی تفەنگیان رووبەڕووی سینگی دوژمن كردۆتەوە، هەست و بیری كچانمان لەناو سەنگەرەكانی بەرگری وایە كە لە نێوان دوو پیاودایە، یەكێكیان باوكێتی و ئەوی تریان برایەتی، لەلای ئێمەش كچانی پێشمەرگە خوشك و دایكی ئێمەن، هەربۆیە نەبەردی ئەوان نەك تەنیا بووەتە هۆی سەرسامیی سوپا پێشكەوتووەكانی هاوپەیمانان، بەڵكو بووەتە جێگای سەرسامیی ئێمەش، چونكە ئەوان تەنانەت تۆڵەی خوشكەكانیان لە ناو كوردی ئێزیدیش لە داعشەكان دەكەنەوە، ئەوان پەروەردە كراون بە فكری بارزانی كە خەبات دەكات لە پێناو سەربەخۆیی گەلی كوردستان و بەدەستهێنانی ئازادی دەكەن، با تێڕوانین و بۆچوونی سیاسی حزبەكان جیاواز بێت، بەڵام لە چواردەوری بارزانی كۆدەبینەوە و یەك ئامانجمان هەیە ئەویش رزگاركردنی خاكی كوردستانە،
* لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان لە شەڕێكی گەورەدایە، دیارە پێشمەرگەی ئەم لەشكرەش لە لاوانی رۆژئاوا پێكهاتووە، ئێمە ئەوە دەزانین كە تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ رۆژئاوا، بەڵام لە ئێستادا بوونی ئێوە لە رۆژئاوا بۆتە پێویستییەك بۆ ئەم قۆناخە، ئایا هۆكارەكەی ئەوەیە پەیەدە تاكڕەوەـ یان خۆتان نەتانویستووە بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوا بۆ ئەوەی بەرگری لە كوردستانی رۆژئاوا بكەن؟
- كاتێك جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانی دا بە درووستكردنی لەشكری رۆژ بۆ بەرگریكردن بوو لە خاكی رۆژ ئاوای كوردستان، بەداخەوە كە ناكۆكی و جیاوازییەكی زۆر لەوێ هەیە پەیەدە و پەكەكە تاكڕەویی و ئایدیۆلۆژیەتی دوور لە بیری نەتەوەیی لە رۆژئاوای كوردستان پیادە دەكەن، لە هەولێریش لەگەڵ ئەو هێزانە چەندین گفتوگۆمان ئەنجام دا بۆ ئەوەی لەشكرەكە بچێتەوە رۆژئاوا و بەرگری لەخەڵكی مەزڵومی كوردی رۆژئاوا بكات، بەڵام تا ئەمڕۆش لەچوونمان بۆ رۆژئاوا رێگری دەكەن، ئاواتەخوازم زیاتر رێگری نەكەن و بیرێك لە خەبات و ماندووبوونی گەلی كورد بكەنەوە و چاو لە مێژووی خەباتی گەلی كورد بكەن، كە یەكێك لە هەرە نموونە جوان و بەرزەكان خەباتی مەلا مستەفا بارزانی بوو كە جیاوازی نەدەكرد لە نێوان پێشمەرگەی هیچ پارچەیەكی كوردستان لە پاراستنی كۆماری كوردستان لە 1964 بەشدار بووە و هەمیشە یەكەم كەس بووە داوای یەكڕیزی و تەبایی كوردی كردووە، ئەمەشە وایكردووە لە هەموو جیهان كەسایەتییەكان بێنە كوردستان و سەردانی مەزاری نەمران بكەن، چونكە ئەو بۆ ئازادی میللەتی كورد و هەموو مرۆڤایەتی خەباتی كرد، ئەمڕۆ ئەوەی بارزانی نەمر بۆ ئێمەی پەروەردە كردووە، جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە بە هەمان شێوە كار بۆ یەكڕیزی و سەربەخۆیی كوردستان دەكات و هەوڵی زۆریشی داوە بۆ ئەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژئاوا بگەنە یەك، گەڕانەوەی لەشكری رۆژیش بۆ كوردستانی رۆژئاوا دوور نییە و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا لە پێناو سەروەری نیشتمان و پاراستنی گەلی كورد، كوڕان و كچانی پێشمەرگە لە لەشكری رۆژ دەگەڕێنەوە كوردستانی رۆژئاوا، هەروەكو چۆن ئامادەین و لە ژێر فەرمانی سەرۆكەكەمانین بۆ چ پارچەیەكی كوردستان پێویست بكات، درێخی لە پاراستنی گەلەكەمان ناكەین. هەر وەكو چۆن چیاكان شاهیدی ئەوەن لە قۆناغەكانی پارتیزانیدا پێشمەرگە هیچ حیسابێكی بۆ ئەو سنوورانە نەكردووە كە سایكس پیكۆ لە نێوان هەر چوار پارچەی كوردستان دایڕشتووە، سوپاس بۆ خوای مەزن و دلۆڤان هەروەكو چۆن پێشمەرگەكانی كوردستان لە كۆبانێ بەرگرییان لە گەلی رۆژئاوا كرد، بە چاوی خۆم بینیم كچان و كوڕانی پێشمەرگەی رۆژئاواش بەرگرییان لە كوردستانی باشوور كرد.
* بۆ بەهێزكردنی ئەزموونی كورد لە سیاسەتی ئەمڕۆی جیهانیدا دیارە پێویستە رۆژئاوای كوردستانیش هاوشانی باشووری كوردستان ئەزموونی سیاسیی فرەلایەنە و دیموكراتی پیادە بكات و هەموو حزبە سیاسییەكان پێكەوە نموونەیەكی جوان پێشكەشی جیهان بكەن، بەڵام لە ئێستادا پەیەدە جۆرێك لە تاكڕەوی پیادە دەكات، ئایا بە رای ئێوە چۆن دەتوانرێت كارێك بكرێت، پەیەدە بگەیەندرێتە ئەو قەناعەتەی كە دەستبەرداری تاكڕەوی بێت؟
- گەرچی كاری من زیاتر سەربازییە، نەك سیاسی، بەڵام وەكو هەموو كوردێك ئومێدەوارم حزبە سیاسییەكانی ئێمە بەتایبەتی پەیەدە لە رۆژئاوا داخوازی سەرۆك بارزانی قبووڵ بكەن و یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كورد بپارێزن، چونكە بارزانی خەمخۆری گەلی كوردستانە لە هەرچوار پارچەی كوردستان، ئەگەر تا ئێستا نەچووینەتەوە بۆ رۆژئاوا لە بەر ئەوەیە سەرۆك بارزانی بە بەردەوامی پێمان دەڵێت نابێت خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، بەڵام دەبێت پەیەدە بزانێت مومكین نییە لەشكری رۆژ دەستبەرداری كوردستانی رۆژئاوا بێت، كچان و كوڕانی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ دەستبەرداری مافی گەلی كوردستانی رۆژئاوا نابن، ئەو پارچەیەی كە نایەوێت جارێكی تر لە ژێر دەستی رژێمی بەشار ئەسەد بمێنێتەوە و هەواڵگری وڵاتانی ئیقلیمی نیاز و مەرامی خۆیانی تێدا جێبەجێ بكەن.
شەڕڤان دێرك:
لە بری ئەوەی شەڕڤان و پێشمەرگەی رۆژئاوا یەكبگرن، بەداخەوە پەیەدە كوڕ و كچی كورد بۆ ئازادكردنی رەقە و ئیعزاز و ناوچە عەرەبنشینەكان بەكوشت دەدات
دوابەدوای ئەو دیمانەیە و هەر لەو سەردانەدا بۆ گوندی سەهلج چەند پرسیارێكمان ئاراستەی یەكێك لە ئەفسەرەكانی لەشكری رۆژ كرد. سەبارەت بەو تاكڕەویی و فیكرە شمولیەی دوور لە فیكری نەتەوەیی كورد كە لە رۆژئاوا بەسەر گەلی كورددا دەسەپێندرێت و چارەنووسی ئەو گەلە دەخاتە مەترسییەوە، شەڕڤان دێرك ئەندامی هێزی 1ی لەشكری رۆژ بۆ گوڵان گوتی: «كاتێك راپەڕینەكەی بەهاری عەرەبی لە 2011 لە ژمارەیەك وڵاتان سەریهەڵدا و لەناویاندا لە سووریاش گەلی كورد خاوەنی هیچ مافێكی هاووڵاتیبوون و ناسنامە نەبوو، تەنانەت نەیدەتوانی بە زمانی خۆیشی قسە بكات. رژێمی ئەسەد پێمانی دەوت بیانییەكانی حەسەكە و بیانییەكانی كۆبانێ، واتا بە بیانییەكان ناویان دەهێناین، تەنانەت هاووڵاتی عەرەبیش نەبووین، بۆیە هەر ئەو كاتە راپەڕین و داوای گەڕانەوەی ناسنامە نەتەوەییەكەمان كرد. بە واتایەكی دی كێشەی كوردان لە رۆژئاوا تەنیا ئازادی و دیموكراتی نەبوو، بەڵكو كێشەیەكی نەتەوەیی بوو، كێشەی نەتەوەیەك بوو كە بە ناسنامەی خۆی شاد نەبوو، هەر بۆیە ئەو كات دەبوو داوای مافی چارەی خۆنووسین و فیدڕاڵی بكرایە، نەك تەنیا بەڕێوەبردنی شارەوانی و فەرمانگەكان، یان هەواڵگری وڵاتانی ئیقلیمی نیاز و مەرامی خۆیان لە كوردستانی رۆژئاوا جێبەجێ بكەن. تۆ سەیر بكە لەكاتێكدا گەلی كورد لە رۆژئاوا خاوەنی 7 هەزار شەهیدە تەنیا لە كۆبانێ 500 هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون، كەچی پەیەدە دەڵێن ئێمە سەربەخۆبوونمان ناوێت، لە بری ئەوەی شەڕڤان و پێشمەرگەی رۆژئاوا یەكبگرن، ئەوان كوڕ و كچی كورد بۆ ئازادكردنی رەقە و ئیعزاز و ناوچە عەرەبنشینەكان بە كوشت دەدەن. ئەمە كارێكی هاودژە و لەگەڵ فكری كوردایەتی ناگونجێت، 80%ی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نییە، ئەمە سەپاندنی ئەمری واقیعە بەسەر ئەو گەلە مەزڵوومەوە.» گوتیشی: «ئەمڕۆ لەشكری رۆژ بەرگری لە باشووری كوردستان دەكات، بەرگری لە شارستانیەتێك دەكات كە رێز لە مرۆڤایەتی و پێكەوەژیانی نێوان هەموو نەتەوە و ئایینەكان دەگرێت، ئەو شارستانیەتەی كە داعش بە فیتی هەوڵگری وڵاتانی ئیقلیمی ویستی كچەكانی بڕفێنێت و كوڕەكانی بكوژێت، ئەوەی ئەمڕۆ توانی داعش بشكێنێت ئەو پێشمەرگانە بوون كە هەڵگری فیكری نەتەوەیین، ئەو فكرەی 70 ساڵە هیچ دوژمنێك نەیتوانیوە لەناوی ببات، سەرۆك بارزانی لە ژێر هیچ فشارێكدا ئامادە نەبوو دەستبەرداری بێت، ئەم فیكرەیە تەنیا فیكرەیەكە كە میللەتی كورد دەگەیەنێتە سەربەخۆیی بەو فیكرە بووەتە خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز و لە دوژمن ناترسێت و دڵنیایە لە سەركەوتن، پەیەدە دەبێت بزانێت رێز لە ئیرادەی گەلی خۆی بگرێت و تاكڕەویی پیادە نەكات و فیشەك لە دژی برا پێشمەرگەكانی خۆی بەكار نەهێنێت و رێككەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەكاندا زیان بە خۆی و گەلی كورد دەگەیەنێت، پێویستە بۆ قۆناغی داهاتوو ناكۆكییە فكری و بەرژەوەندیە جیاوازەكان بخرێتە لاوە و لەسەر بنەمای بیری نەتەوەیی پێشوازی لە لەشكری رۆژ بكات.»