گاریس ستانسفیڵد: گەورە توێژەری چاتام هاوس بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: ئەگەر عێراق بە یەكگرتووییش بمێنێتەوە دەبێت ببێتە چەند دەوڵەتێكی كۆنفیدڕاڵی
June 30, 2016
دیمانەی تایبەت
گاریس ستانسفیڵد پڕۆفیسۆری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی ئێكسیتەر. لە نێوان ساڵانی 2010 - 2015 بەڕێوەبەری ئامۆژگای دیراساتی عەرەبی و ئیسلامی بووە. لە ساڵانی 2002 بۆ 2012 توێژەر بووە لە ئامۆژگای چاتام هاوسی شاهانە بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان كە لەو ماوەیەشدا تەركیزێكی تایبەتی كردۆتە سەر عێراق و كوردستان و كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ و پرسی سەربەخۆبوونی كوردستان، گوڵان دیدارێكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە بیروبۆچوونەكانی كرد.* لە ئێستادا باس لە ئامادەكارییەكانی پرۆسەی رزگاركردنەوەی موسڵ دەكرێت لە دەستی داعش، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چۆن ئەو خۆسازدان و ئامادەكارییانە هەڵدەسەنگێنن و ئایا پێتانوایە پێویستە پێشمەرجەكانی كورد و پێشمەرگە بەر لە دەستپێكردنی ئەو پرۆسەیە چی بن؟
- لە راستیدا پرسەكە ئەوە نییە كەی موسڵ رزگار دەكرێت، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە كە ئەم پرۆسەیە ئەركێكی لە راددەبەدەر سەخت و دژوار و مەترسیدار دەبێت بۆ هەر هێزێكی سەربازی كە بیەوێت بیگرێتەئەستۆ، لە نێویاندا پێشمەرگە. چونكە ئەگەرچی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە فەللوجە و ئەنبار دەرپەڕێندراوە، بەڵام هێشتا لە موسڵ و حەویجە زۆر بەهێزە، لەبەر ئەوە دەبێت پلانێك لە نێوان پێشمەرگە و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان و تەنانەت حەشدی شەعبی، هەروەها هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەكە هەبێت. هەر كاتێك ئەمە هاتەئاراوە ئەوا پێویستە پێشمەرگە زۆر وریا بێت، لە تاكتیك و پلانەكانی دەوڵەتی ئیسلامی، مەبەستم لە كیڵگەكانی مین و نیشانشكێنەكان و بۆمبە چێنراوەكانە، كە بە رێژەیەكی گەورە دانراونەتەوە لە رێگای موسڵ و بۆ بەرگریكردن لە موسڵ، واتە دەبێت لەم رووەوە زۆر زۆر وریا بن. لە دەرئەنجامی ئەو كێشانەدا پێویستە مەشق بە پێشمەرگە بكرێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بۆمبی چێنراو بەتایبەتی، هەروەها لەگەڵ كێڵگەكانی مین، كەواتە پێویستە پێشمەرگە شارەزایی و كارامەیی لەو بوارانەدا بەدەست بهێنێت. بە بۆچوونی من هەر كاتێك دەوڵەتی ئیسلامی لە رووی سەربازییەوە تێكشكێندرا، ئەوا لە ماوەیەكی كورتدا پەنا دەباتە بەر شەڕێكی نایەكسان، واتە پەنا دەباتەوە بۆ شەڕی تیرۆریستی، لەبەر ئەوە هەر كاتێك پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان لە موسڵدا بن، ئەوا مەترسی ئەوەیان لێدەكرێت، بكرێنە ئامانجی شەڕێكی نایەكسان (asymmetrical warfare) و بكەونەبەر هێرش و پەلاماری تیرۆریستی، وەك رفاندن و كەوتنەبەر بۆمبی سەر رێگاكان و كوژرانیان بە دەستی نیشانەشكێنەكان، واتە بگەڕێینەوە بۆ رۆژگاری ئەبو موسعەب زەرقاوی و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی كوشتنی كەسانێك بە جلی پرتەقاڵییەوە. ئەمە كێشەیەكی زۆر گەورە دەبێت كە رووبەڕوویان دەبێتەوە. كێشەیەكی دیكە ئەوەیە كە ئەو هێرش و پەلامارە تیرۆریستییانە بگوازرێنەوە بۆ هەولێر و سلێمانی و كەركووك، ئەمەش ئەگەرێكی راستەقینەیە.
كێشەیەكی مەترسیدارتر كە دواتر سەرهەڵدەدات، چۆنیەتی ئیدارەدانی موسڵ و حەویجە و تەلعفەر و شوێنە داگیركراوەكانی دیكەیە، لە دوای تێكشكاندنی داعشەوە. چونكە ئەمانە ناوچەگەلێكی عەرەبنشین و توركمان نشین و سوننە مەزهەبن و بە شێوەیەكی تەقلیدی دژ بە كورد و دژ بە شیعە و دژ بە ئەمەریكان، خۆ ئەگەر پێشمەرگەش وریا نەبێت، ئەوا وەك هێزێكی دەرەكی و داگیركەر لێی دەڕوانرێت و دەكرێنە ئامانج نەك تەنیا لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە، بەڵكو لە لایەن بزووتنەوەی موقاوەمەی ناو موسڵیشەوە، ئەمەش زۆر زۆر مەترسیدارە. هەندێ بەدواداچوون كراوە و پرسیاری ئەوە كراوە لە خەڵكی ناو موسڵ چۆن لە هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەڕوانن، وەڵامی ئەوان ئەوە بووە كە ئەوان وەك هێزێكی دەرەكی و داگیركەر سەیریان دەكەن كە بوونیان كاریگەری زۆر خراپی دەبێت لە سەر خەڵكی موسڵ، ئەوەش گرنگ نییە ئەم تێڕوانینە راستە، یان نا، بەڵكو مەسەلەكە ئەوەیە كە بوونی هەیە و مەترسیداریشە. كەواتە دەبێت سەركردایەتی پێشمەرگە پلانێكی زۆر روون و ئاشكرای هەبێت بۆ دوای شەڕەكە و بۆ چۆنیەتی سەقامگیركردنەوەی موسڵ و چۆنیەتی گەڕاندنەوەی یاسا و نیزام و دەبێت زۆر وریا بن كە وەك كەسانێكی دادپەروەر لێیان بڕوانرێت لە كاتی ئیدارەداندا و هەروەها لە ئیدارەدانی سیستمی قەزائی لە دوای شەڕەكەوە و بەڕێوەبردنی زیندانەكان و كار بكەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە گشتیەكان دابین بكرێن و بەرەوپێش بچن و لیژنەی راستی و ئاشتەوایی بخرێتەكار و بە كراوەیی و شەفافییەت و ئازادانە كارەكانی ئەنجام بدات. لە هەمان كاتدا ئاسایش بە چەشنێك دەستەبەر بكرێت كە رێگری لە هێرشی داعش و بزووتنەوەی نەقشبەندییەكان و ئەنسارولئیسلام بكەن، لە راستیدا ئەمەش كەش و ژینگەیەكی بێئەندازە سەختە كە كاری تێدا بكەیت. رەنگە ئەمە سەختترین شەڕێك بووبێت كە تا ئێستا پێشمەرگە ئەنجامی دابێت.
* لە حاڵەتی رزگاكردنەوەی موسڵ و رەققەدا، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە جارێكی دیكە شیعە و سوننە بە ئاشتییانە پێكەوەبژین؟ ئایا پێویست ناكات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پلانی هەبێت، بۆ موسڵی دوای داعش و بۆ رێگەگرتن لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەو كێشە و مەترسییانە، یاخود ئایا ئەم پلانەیان هەیە؟
- من پێموانییە پلانێكی ئاوایان هەبێت، بە باوەڕی من دوای ئەوەی شیعە و سوننە خەڵكانێكی زۆریان لە یەكتری كوشت و دوای ئەوەی تاوانگەلێكی گەورەیان لە دژی یەكتر ئەنجام دا، ئەوا گەیشتن بە رێككەوتنێكی سیاسی لە دوای داعشەوە بۆ پێكەوەهێشتنەوەی سوننە و شیعە لە شارێكدا زیاتر لە خۆزگە و تەمەننایەك دەچێت و بنەمایەكی عەقڵانی و واقیعی نییە و پشتئەستور نییە بە بەڵگە. چونكە ئێستا ئەوە بەدی دەیكەن كە ئەوان جیابوونەتەوە و ئەمەش ئایندەی عێراقە، خۆ ئەگەر بێتو عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، ئەوا لە شێوەی كۆنفیدڕاڵیدا دەبێت. ئەمەش ئەو پرسەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە شێوەیەكی تایبەتی قسەی لە بارەوە دەكات. ئەمەش جێگەی مشتومڕە، چونكە شیعەكان لەگەڵ ئەم بیرۆكەیەدا نین، هەروەها سوننەكانیش، لەبەر ئەوە ئەگەر خوازیاری ئەوە بیت عێراق پێكەوە بمێنێتەوە، ئەوا دەبێت بە شێوەی كۆنفیدڕاڵی بێت، بەڵام ئەمەش كێشەی هەیە، كەواتە بیرۆكەیەكی باش نییە بۆ ئیدارەدانی ئەم دۆخە.
* بە پێی مەزەندە و پێشبینییەكان لە پرۆسەی رزگاركردنەوەی شاری موسڵدا پتر لە 500 هەزار كەس لەو شارە ئاوارە دەبن و روودەكەنە هەرێمی كوردستان، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە كە هاوكاری هەرێمی كوردستان بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئیدارەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان بكات و داڵدەیان بدات؟
- پێموایە دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئیعتیراف بەوە بكات كە هەرێمی كوردستان نەك هەر لە بەرەی پێشەوەی شەڕە دژ بە داعش، بەڵكو لە بەرەی پێشەوەی لە ئەستۆگرتنی ئەركە ئینسانییەكەشە كە لەو شەڕە دەكەوێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە پشتیوانی بكەن و هاوكاری بۆ ئاوارەكان دەستەبەر بكەن و پاڵپشتی ئابوورییان بكەن، كە من پێموایە ئەم كارەیان نەكردووە و ناشیكەن، ئێستا وڵاتانی ئەوروپی بە چەندین مەسەلەی دیكەوە سەرقاڵن، وەك دەنگدانی بەریتانیا لەسەر جیابوونەوەی لە یەكێتی ئەوروپا، لەبەر ئەوە تەركیزی ئەوروپیەكان لە سەر عێراق و لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی نابێت، بەڵكو لە سەر ئیدارەدانی كێشەكانی یەكێتی ئەوروپا دەبێت. لە ئەمەریكاش تەركیزەكە لەسەر تێكشكاندنی داعشە، نەك چۆنیەتی هاوكاریكردنی كوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو كێشانە. نیگەرانی من لەوەدایە كە كوردستان لە دەرئەنجامی سەركەوتن لە موسڵدا زیان بكات، واتە رەنگە گەورەترین هاوپەیمان و دۆستی كورد لە دوای تێكشكاندنی داعشەوە لە موسڵ كاری لەگەڵدا بكات، بەغدا بێت، ئەمەش دۆخێكی تاڵ دەبێت بۆ سەركردایەتی كوردستان، لەبەر ئەوەی دوای ماوەیەكی زۆر لە پێوەندی نادۆستانە لەگەڵ بەغدا، سەختە بەغدا ببێتە ئەو دۆستەی كە كاری لەگەڵدا بكرێت، بەڵام لەوانەیە هیچ لایەنێكی دیكە نابێت كە زیاتر لە بەغدا و زیاتر لە حكومەتی عەببادی لە دۆخی دوای دەوڵەتی ئیسلامی هاوكاری كوردستان بكات. بۆ ئەوەی ئەمە رووبدات، ئەوا دەبێت هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان پێوەندی نوێ لەگەڵ بەغدا گرێ بدەن، دوای ئەوەی پێوەندیگەلێكی نزیكیان لەگەڵ ئەنقەرەدا دروست كرد.
* نەبوونی ستراتیژیەتێكی هاوبەش لە نێوان رۆژئاوا و رووسیادا بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی خۆشكردووە بۆ هێزە ئیقلیمیەكانی وەك سعودیە و توركیا و ئێران بۆ ئەوەی هەنگاوەكانیان خێراتر بكەن و جێی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بگرنەوە، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت هەر كاتێك هێزە گەورەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بكەونەوە، ئەوا ئەم وڵاتانە دەبنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئاسایش و ئاشتی جیهانی، كەواتە تا چ راددەیەك نەبوونی ئەم ستراتیژیەتە هاوبەشە لە نێوان هێزە مەزنەكاندا سەردەكێشێت بۆ كۆتایی هاتنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- من نازانم كۆتایی پێدەهێنێت یان نا، بەڵام ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە، كە هێزە ئیقلیمیەكان دەستڕۆیشتویی زیاتریان هەبێت، بەڵام ئەمەریكا و ئەوروپا و رووسیا بە تەواوەتی لەم ناوچەیە دانابڕێن، بەڵكو بە شێوەیەكی هەلپەرستانە وەك ئامرازێك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەكار دەهێنن و ئەمەش دەبێتە هۆی خراپبوونی زیاتری بارودۆخەكە، تەنانەت خراپتر لەو هەل و مەرجەی لە سەدەی بیستدا لە ئارادا بوو.
* ئەگەر بوونی داعش و ئەو شەڕە ئایینییەی لە نێوان سوننە و شیعەدا دەگوزەرێت، بەراورد بكەین بە شەڕی ئایینی سی ساڵە لە ئەوروپا، ئەوا ئاشكرایە كە شەڕی سی ساڵەی ئەوروپا بە دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەكان و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی كۆتایی هات، كەواتە ئایا پێتانوایە كە چارەسەركردنی كێشەی داعش و كۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان شیعە و سوننە ئەوە فەرزدەكات كە دووبارە دەست بكرێت بە داڕشتنەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەك كە خەونە نەتەوەییەكانی گەلانی ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت؟
- ئەو بارودۆخەی ئەو كاتە لە ئارادا بوو لە ئەوروپادا، جیاوازە لەو هەل و مەرجەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، چونكە لە ئەوروپادا بەو ئەندازەیەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستێوەردانی دەرەكی و بەكارهێنانی لایەنگەلێك وەك -وەكیلی هێزە دەرەكییەكان- بوونی نەبوو، هەروەها ئەوروپا لە قۆناغێكی جیاوازتری گەشەی سیاسی و ئابووریدا بوو. لەبەر ئەوە زەحمەتە وێنای ئەوە بكەین كە ئەو پەرەسەندنانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن بە دەرئەنجامێكی هاوشێوەی سیستمی ویستڤالیا –سیستمی دەوڵەتی نەتەوەیی- كۆتایی پێبێت.
* ئایا پێتوایە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكانی ئەمەریكا كاریگەری هەبێت لەسەر رەوشی ناوچەكە بەگشتی و پرسی سەربەخۆیی كوردستان بە شێوەیەكی تایبەتی؟
- ڕەنگە، ئەویش بوەستێتەسەر ئەوەی ئایا كورد ریفراندۆم لە مانگی ئەیلوول، یان تشرینی یەكەمدا ئەنجام دەدەن، كە رەنگە ئەمەریكاش هیچ شتێكی لەبارەوە نەڵێت، چونكە ئەمە مەسەلەیەكە بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە. بەڵام هەرچۆنێك بێت گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئەمەریكا لە ئاست سەربەخۆبوونی كورددا رووینەداوە، چونكە هێشتا بەرهەڵستی دەكەن و باس لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن و من ناڵێم سەرۆك كلینتۆن، یان ترامپ سیاسەتێكی جیاوازتر دەگرنەبەر بە بەراورد بە سیاسەتەكەی ئۆباما.
* دوا وتە و پەیامتان بۆ كوردستانییەكان چییە؟
لە راستیدا كوردستان رووبەڕووی چەندین كێشە بۆتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا چەندین ئەگەر و دەرفەتیشی لەبەردەمدایە، بەڵام ئەوەی كوردستان سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت، ئیدی بە هەنگاونان بێت بەرەو سەربەخۆیی، یان بە مانەوە بێت لە عێراقدا، ئەوا دەبێت نێوماڵی خۆی رێكبخاتەوە و پێویستی بە دووبارە پێناسەكردنەوەی سیاسەتی ناوخۆیی هەیە، پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی ئابوورییە ناوخۆییەكەی هەیە و دەست لە سیاسەتی سەدەی بیست هەڵگرێت و سیاسەتێكی نوێ بگرێتەبەر كە درێژخایەنتر و شەفافتر و پێشكەوتووتر بێت، ئەگەرنا كوردستان ناسەقامگیر دەبێت، لە بری ئەوەی بەرەوپێش بچێت.