بۆتان بەكر : ئەوەی هەڕەشەی تێكدانی ئاسایشی هەرێم بكات، مافی داواكاری گشتییە سكاڵای لەسەر تۆمار بكات
June 28, 2016
دیمانەی تایبەت
دامەزراوەی داواكاری گشتی، دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە و سەر بە دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستانە. ئەم دامەزراوەیە بەرگری لە مافی گشتی و بەرژەوەندی گشتیی كوردستان دەكات، هەر بۆیە ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە لەسەر هەر پرسێك كە هەڕەشە بێت بۆ سەر ماف و بەرژەوەندی گشتی، سكاڵا بۆ دادگاكان ببزوێنێت، بۆ ئەوەی دادگا بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە بكات و رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو كەسە، یان ئەو لایەنە بگرێتەبەر كە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی دروست كردووە. بۆ قسەكردن لەسەر چۆنیەتی بەرگریكردن لە مافی گشتی و بەرژەوەندی گشتیی هەرێمی كوردستان، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ بۆتان بەكر بەڕێوەبەری داواكاری گشتی و سكرتێری دەستەی مافی گشتیی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.* دیارە لەناو دامەزراوەی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستاندا چەند دەستەیەك هەیە، یەكێك لەو دەستانە، دەستەی مافی گشتییە، ئایا ئێوە وەك دەستەی مافی گشتی لەناو دامەزراوەی داواكاری گشتیدا، ئەرك و كارەكانتان چییە؟
- دیارە كاری دەستەی مافی گشتی بەرگریكردنە لە مافی گشتی هاووڵاتیان و دەوڵەت، كاری سەرەكیشمان بریتییە لە بەشێك لە كارەكانی داواكاری گشتی، ئەمەش بەو مانایەی هەر كەسێك، یان هەر لایەك رەفتارێك بكات دژی بەرژەوەندی گشتی، ئەوا داواكاری گشتی سكاڵای لەسەر دەبزوێنێت بۆ دادگاكان، بۆ ئەوەی دادگا بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسە بكات و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات، ئەو كەیسانەشی سكاڵای لەسەر دەبزوێنن، دیارە یان ئەوەیە داواكاری گشتی خۆی دەیبینێت و هەست دەكات بەرژەوەندی گشتی پێشێل كراوە، یان خەڵك راستەوخۆ دێت پێمان دەڵێن، تەنانەت مەرج نییە ئەو هەواڵدەرەی دێت و لە پێشێلكارییەك ئاگادارمان دەكاتەوە، ناوی خۆیشی بنووسێت، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە ئەو هەواڵە تۆمار دەكەین، دواتر بەدواداچوونی لەسەر دەكەین، ئەگەر دەركەوت بەڕاستی ئەو پێشێلكارییە بوونی هەیە، ئەوا سكاڵای لەسەر دەبزوێنێن بۆ دادگا بۆ ئەوەی دادگا رێوشێونی پێویست دژی ئەو پێشێلكارییە بگرێتەبەر.
* ئایا دەستەی مافی گشتی تەنیا لە هەولێر هەیە، یان لیژنەی لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش هەیە؟
- دەستەی مافی گشتی چەند لیژنەیەكی هەیە لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئیدارەی گەرمیان كە لیژنەی تۆماركردنی داوای مافی گشتین، هەر یەك لەو لیژنانە بریتین لە 3 دادوەر و بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسانە دەكەن كە دەستەی مافی گشتی بۆیان دەنێرێت. بۆیە كاتێك ئاگادار دەكرێنەوە كە پێشێلكارییەك، یان سەرپێچیەك بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی لە پارێزگایەك هەیە، ئەوا ئێمە هەموو ئەو زانیارییانەی لەبەردەستمانە رەوانەی دەكەین بۆ ئەوان، بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بكەن و سكاڵای لەسەر ببزوێنن بۆ دادگاكان، بۆیە هەر پرسێك كە پێوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەبێت، دەبێتە بەشێك لە كارەكانی دەستەی داوای مافی گشتی، تەنانەت لە ناو فەرمانگاكانی هەرێمی كوردستان وەك (وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكان) ئەگەر فەرمانبەرێك لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكبهێنرێت، ئەوا داواكاری گشتی لە رێگەی دەستەی مافی گشتییەوە دادوەرێك دیاری دەكات بۆ ئەوەی سەرپەرشتی ئەو لیژنەیە بكات كە بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو فەرمانبەرە پێكهاتووە، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی گشتی بكات، هەروەها ئەو مافە دیاری بكات كە بەر فەرمانگەكە دەكەوێت، یان بەر فەرمانبەرەكە دەكەوێت، لەلایەكی دیكەوە هەر كێشەیەك، یان ئیشكالیەتێك لە هەر شوێنێك هەبێت و هەڕەشە لەسەر سەقامگیری و تەناهی هەرێمی كوردستان دروست بكات، ئەوجا سەرچاوەی ئەو هەڕەشەیە كەسێكی ئاسایی بێت، یان لایەنێكی سیاسی، یان سەركردەیەكی سیاسی بێت، ئەوا داواكاری گشتی بە مافی خۆی دەزانێت داوا لە دژی بەرزبكاتەوە بۆ دادگاكان، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكەن و رێوشوێنی یاسایی خۆی وەربگرێت.
* وەك ئاماژەت پێكرد، ئەركی سەرەكی داواكاری گشتی ئەوەیە بۆ بەرگریكردن لە مافی گشتی و بەرژەوەندی گشتی سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە ببزوێنێت كە دژی ماف و بەرژەوەندی گشتین، ئایا ئەم دامەزراوەیە تا ئێستا توانیویەتی چەند پرس بگەیەنێتە دادگاكان و لە رێگەی دادگاوە ئەو مەترسییانە بڕەوێنێتەوە؟
- لە سەرەتای ساڵی 2016 وە تا ئێستا زیاتر لە 400 كەیسمان هەبووە كە بەدواداچوونمان لەسەر كردووە و ئەم بەدواداچوونانە لەلایەن دەستەی مافی گشتیەوە ئەنجامدراون، ئەو كەیسانەی كارمان لەسەر كردوون هەموویان بەرگریكردن بووە لەسەر مافی گشتی و بەرژەوەندی گشتی، بۆیە هەر پێشێلكارییەك بۆ سەر یاسا و مافی گشتی هەبێت، داواكاری گشتی بە مافی خۆی دەزانێت سكاڵای لەسەر بەرزبكاتەوە بۆ دادگاكان، بۆ ئەمەش چەندین سكاڵامان بەرزكردۆتەوە و دادگاكان لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردووە و رێوشوێنی یاسایی گیراوەتە بەر و رووبەڕووی كێشەی بووینەتەوە، بەڵام داواكاری گشتی سوورە لەسەر ئەوەی كارەكانی بەردەوام بێت.
* ئێوە ماوەیەك لەمەوپێش، سكاڵایەكتان دژی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان جوڵاند، پاشان دادگا دەستی كرد بە لێكۆڵینەوە و ئەویش ئامادەی بەردەمی دادگا نەبوو، بۆیە دادگا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرد، لە بەر ئەم سكاڵایەی ئێوە، بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: ئەمە سكاڵایەكی یاسایی نییە و سیاسییە، ئایا ئەم سكاڵایە سیاسییە، یاخود گوشارێكی سیاسی لە پشتەوە هەیە؟
- كەیسی سكاڵا لە دژی نەوشیروان مستەفا كەیسێكە 100% یاساییە و هیچ هۆكارێكی سیاسی لە پشتەوە نییە، پاشان هەر مەسەلەیەك بۆنی هەڕەشەی لێبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری كوردستان، ئەمە ئەركی سەرەكی داواكاری گشتییە بەرگری لە مافی گشتی و بەرژەوەندی گشتی بكات. نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر تۆمارێكی دەنگی سكاڵای لەسەر بەرزكراوەتەوە كە لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاوكراوەتەوە و لەو تۆمارە دەنگییەدا، لایەنگرانی خۆی لەوە دڵنیادەكاتەوە كە هەر كاتێك بیانەوێت دەتوانن ئاسایش و سەقامگیری كوردستان تێكبدەن و بیخەنە مەترسییەوە، داواكاری گشتی لەو روانگەیەوە سەیری ئەو تۆمارە دەنگییە دەكات، كە ئەمە بانگەشەی سەرۆك حزبێكە بۆ هەوادار و ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەی بەوەی هەر كاتێك بیانەوێت دەتوانن مەترسیی راستەقینە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان دروست بكەن. دیارە بزوتنەوەی گۆڕان پێشینەشی هەیە، پێشتر هەڵیكوتاوەتەسەر بارەگای حزبی و سوتاندوویەتی، وەك ئەوەی لە قەڵادزێ بینیمان، بۆیە ئەوە لە تۆمارە دەنگییەكە دەخوێندرێتەوە، ئەگەر بە سووتاندنی بارەگای حزبی و حكوومی سەركەوتوو نەبووبن، ئاسایش و سەقامگیری كوردستان تێكبدەن، ئەوا ئەمجارەیان بە پەلاماردانی كونسوڵخانە و هێرشكردنەسەر دیپلۆماتكارانی وڵاتان و ئەو كۆمپانیا و دامەزراوە بیانییانەی لە هەولێر بوونیان هەیە، بە ئاسانی دەتوانن ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان بخەنە مەترسییەوە، بۆیە لەم روانگەیەوە داواكاری گشتی بە مافی خۆی زانیوە بۆ بەرگریكردن لە مافی گشتی و ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان سكاڵا لە دژی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دادگا بەرز بكاتەوە، ئەم پرسەش تایبەت نییە تەنیا بە نەوشیروان مستەفا، بەڵكو هەر كەس و لایەنێك، یان رۆژنامەنووسێكیش، بە لێدوان، یان بە وتار ئاماژە بە هەر شتێك بكات كە ببێتە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی كوردستان، ئەوا داواكاری گشتی بە هەقی خۆی دەزانێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكات لە دادگاكان، بۆیە ئەم پرسە 100% یاساییە و گوشاری هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی لەسەر نییە، داواكاری گشتی دامەزراوەیەكی دادوەری سەربەخۆیە و بە شێوەی یاسایی ئیش و كاری خۆی بەڕێوەدەبات.
* ئایا ئەم بانگەشەیەی گۆڕان كە دەڵێت ئەمە یاسایی نییە و سیاسییە، هیچ ئیشكالیەتێك لەسەر رێوشوێنی یاسایی ئەم سكاڵایە دروست دەكات؟
- ئەگەر ئەم پرسە یاسایی نییە و وەك خۆیان دەڵێن تۆماری دەنگی بە بەڵگەی سەلمێنەر لەقەڵەم نادرێت، ئەوا دەكرێت رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بێتە بەردەمی دادگا و پێچەوانەی ئەمە بسەلمێنێت، واتە بۆ دادگا بیسەلمێنێت كە ئەو قسانە هی ئەو نین. كە بڕیاری دەستگیركردنیشی لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە دەرچووە، لەسەر ئەوە بووە كە ئەو لەبەردەم دادگا ئامادە نەبووە، ئێستاش دەرگا كراوەیە با بێتە بەردەمی دادگا و پێچەوانەی ئەو سكاڵایەی لەسەر تۆماركراوە، بیسەلمێنێت، لەمەش زیاتر، بزووتنەوەی گۆڕان لەوەتەی دامەزراوە، دروشمی سەرەكی ئەوە بووە كە داوای بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگاكان و سەروەریی یاسای كردووە، كەواتە كاتێك داوایەكی یاسایی لە دژی جووڵێندراوە، دەبێت پێش هەموو كەس بێنە بەردەم دادگا و ئەوەی كە دەڵێن غەدریان لێكراوە، یان بڕیاری دادگا سیاسییە، نەك یاسایی، با لەبەردەم دادگا ئەو راستییانە بسەلمێنن، نەك هیچ حیسابێك بۆ یاسا و دادگا نەكەن.
* ئەگەر لە حاڵەتێكدا ئەو هەر ئامادە نەبوو بێتە بەردەم دادگا، ئایا دادگا چۆن ئەم كەیسە یەكلایی دەكاتەوە؟
- ئەم كەیسە دراوەتە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر، دادگا لەسەر بەدواداچوونی خۆی بەردەوام بێت و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركردووە، بۆیە دادگا لەسەر ئەو كەیسە بەردەوام دەبێت، ئێمەش وەك داواكاری گشتی چاودێری خۆمان دەكەین، لەم حاڵەتەدا، یان دەبێت نوێنەری رێكخەری گشتی لە بەردەم دادگا ئامادەبێت، بۆ ئەوەی دادگا یەكلایی بكاتەوە، یان ئەگەر نە نوێنەر و نە خۆی ئامادە نەبوون، ئەوا دادگا بە غیابی حوكمی خۆی دەدات و یەكلایی دەكاتەوە.
* ئاماژەتان بە مەترسی كرد بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری كوردستان، بەڵام ئەمڕۆ جۆرێكی دیكە لە ئیرهابی فیكری هەیە بۆ تیرۆركردنی كەسایەتی مەعنەوی زۆر كەس، ئایا داواكاری گشتی ئەمە بە دژی مافی گشتی و بەرژەوەندی گشتی نازانێت؟
- ئەم پرسیارەی ئێوە پێوەندی بە شێوازی كاری ئەم دامەزراوەیەوە هەیە، بەوەی كاری خۆمان دەكەین و زۆر كەم لێدوان، یان دیمانە لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن دەكەین، ئەمجارە كە ئەم سكاڵایەی دژی نەوشیروان مستەفا لە هۆیەكانی راگەیاندن بڵاو بووەوە، لەبەر ئەوە بوو سكاڵاكە دژی كەسایەتییەكی دیاری كوردستان بوو، بۆیە بووە بابەتی هۆیەكانی راگەیاندن، بەڵام هەر لەسەر ئەم بوارە لەوانەیە ئێمە سەدان سكاڵامان لەسەر خەڵك و كەسایەتی دیاری ئەم وڵاتە تۆمار كردبێت كە هەوڵیانداوە بە قسەی سووك و ناشیرین ناوی خەڵك بزڕێنن، بەڵام نەمانداوەتە دەزگاكانی راگەیاندن، بۆیە زۆر جار لەسەر وەزیرەكان، یان پەرلەمانتارەكان كە لە دەزگاكانی راگەیاندن سووكایەتییان پێكراوە و ناویان زڕێنراوە، سكاڵامان تۆمار كردووە، واتە تەشهیر بە هەر كەسێك بكرێت، داواكاری گشتی بە هەقی خۆی دەزانێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكات.
* بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو تەلەفزێۆنی KNN، شاڵاوێكی گەورەی كردە سەر كەسایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئایا هیچ بەدواداچوونتان لەسەر ئەم پرسە كردووە؟
- حەزدەكەم پێش وەڵامدانەوەی راستەوخۆم بۆ پرسیارەكەتان، چەند شتێك بخەمە بەرچاو. پێش هەموو شت بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی داوای كردووە كەس لەسەر ئەم پرسە وەڵامدانەوەی نەبێت، لە هەمانكاتدا جیا لەوەی كە من سكرتێری دەستەی مافی گشتیم لە دامەزراوەی داواكاری گشتی، سەبارەت بەو شاڵاوەی تەلەفزیۆنی KNN، بڕیارم داوە وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی سكاڵا لە دژی ئەو راپۆرتەی تەلەفزیۆنی KNN و ئەو پەیامنێرەی ئەو راپۆرتەی ئامادە كردووە بەرزبكەمەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەڕاستی مرۆڤ كاتێك سەیری كەناڵی KNN دەكات بێز لە راگەیاندن دەكاتەوە. تەماشا بكە تەلەفزیۆنێكی وەك KNN بگاتە ئەو ئاستە نزمەی تەشهیر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكات، ئەمە لە كاتێكدا جەنابی سەرۆك بارزانی تەنیا سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە و بەس، بەڵكو سەركردەیەكی نێودەوڵەتییە، ماوەیەك پێش ئێستا لە فەرەنسا بووم، لە شەقامەكانی فەرەنسا وێنەی سەرۆك بارزانی هەڵواسراوە و لە ژێر وێنەكەیدا نووسراوە: سەركردەیەك لە بری هەموو جیهان شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش دەكات، ئێستا كەسایەتی سەرۆك بارزانی لەو ئاستەیە كە هەموو جیهان شانازی پێوە دەكات، تەلەفزیۆنێك هێندە ئاستی نزم بێت، تەشهیر بەم كەسایەتییە جیهانییە بكات، ئەمە كارێكە نابێت لێی بێدەنگ بین و دەبێت سكاڵای لەسەر تۆمار بكەین و بەدواداچوونی بۆ بكەین بۆ ئەوەی دادگا بڕیاری خۆی لەبارەوە بدات.
* بەڵام بەشێوەیەكی گشتی فەزای كاركردنی میدیای كوردی، ئەم دیاردەیەی تێدا بڵاوە، هەندێك دەڵێن كەموكورتییەكە لە یاسای رۆژنامەگەریدایە، بۆچی داواكاری گشتی داواناكات چاو بە یاسای رۆژنامەگەریدا بخشێندرێتەوە؟
- لە ئێستادا داواكاری گشتی بەنیازە بە رێگەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ سەندیكای رۆنامەنووسانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كارێك بكەن سەندیكای رۆژنامەنووسان خۆیان پرۆژە یاسایەك گەڵاڵە بكەن و ئاراستەی داوكاری گشتی بكەن بۆ ئەوەی داواكاری گشتی نوێنەری خۆی بنرێت و هاوكاری یاساییان پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی هەم مافی رۆژنامەنووسان پارێزراو بێت، هەمیش مافی گشتی و بەرژەوەندی گشتی.
* دیارە رۆژنامەنووسانیش پێشێلكاری زۆریان دەرهەق دەكرێت، بەتایبەتی لەلایەن دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایشەوە، ئایا بەرگری لە رۆژنامەنووسان دەكەن و سكاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆمار دەكەن كە مافی رۆژنامەنووسانیش پێشیل دەكەن؟
- جیا لەو پێشێلكارییانەی كە رۆژنامەنووسان ئاگادارمان دەكەنەوە، داواكاری گشتی داوای لە سەندیكای رۆژنامەنووسان كردووە هەر شەش مانگ جارێك راپۆرتێك لەسەر ئەو پێشێلكارییانەی دژی رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێت، ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی بەدواداچوون لەسەر ئەو كەیسانە بكەین كە لەناو راپۆرتی سەندیكای رۆژنامەنووسانەوە بۆمان دێت، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەكەین و پاشان ئەنجومەنی وەزیرانی لێ ئاگادار دەكەینەوە، بۆ ئەوەی وەك لایەنی جێبەجێكار رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانە بگرێتەبەر كە سكاڵای لەسەر جووڵێنراوە، لەسەر ئەم پرسانەش لێپرسینەوە لەگەڵ چەندین كارمەندی پۆلیس و ئاسایش كراوە كە پێشێلكارییان دژی رۆژنامەنووسان ئەنجامداوە.