دیندار دۆسكی: گۆڕان پرسەكە بەو شێوەیە دەخەنەڕوو وەك ئەوەی نابێت هیچ موناقەشەی لەسەر بكرێت و كەس رەتی بكاتەوە.

دیندار دۆسكی: گۆڕان پرسەكە بەو شێوەیە دەخەنەڕوو وەك ئەوەی نابێت هیچ موناقەشەی لەسەر بكرێت و كەس رەتی بكاتەوە.
لە 19ی ئابی ساڵی رابردوو ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیان نەدا، گۆڕان هەموویانی بە خۆفرۆش و خائین ناوزەد كرد، ئەوەی ئەوان دەیكەین جۆرێكە لە ئیرهابی فیكری و دەیانەوێت رای خۆیان فەرز بكەنبارودۆخی كوردستان بە قۆناخێكی هەستیار و ناسكدا تێدەپەڕێت، ئێستا دەرفەتێك بۆ كورد هاتۆتەپێشەوە كە بە درێژایی مێژوو دەرفەتی لەوجۆرەی بۆ نەهاتۆتەپێشەوە، بەڵام ئەم دەرفەتە گەورەیە دوور نییە لە هەڕەشە و تەحەددای ناوخۆ و دەرەكی، بەتایبەتی كە لە هەر چواردەورمان هەڕەشە بۆ سەر سەربەخۆیی هەیە، ئەمەش كەم تا زۆر كاریگەری لە سەر حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەیە و كێشە ساسییەكانی قووڵتر كردووەتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی سیاسیی ئێستای كوردستان و چۆنیەتی ئیدارەدانی كێشە ساسییەكان و چارەسەركردنیان، سەردانی دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسیمان كرد و ئەم دیمانە تایبەتەمان لە دهۆك لەگەڵی ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
* ئێستا كوردستان بە قۆناخێكی هەستیار و ناسك و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، ئایا وەك سیاسەتمەدارێك چۆن واقیعی ئێستای كوردستان دەخوێنیتەوە؟
- ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی سەیر بكەین، ئەوا ئەم پێگەی ئەمڕۆ كوردستانی تێدا دەبیندرێت، پێگەیەكی گەش و موژدەبەخشە، سەركەوتنی پێشمەرگە قارەمانەكان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ ئەم پێگەیەی كوردستان لە جیهاندا و جیهان هەمووی شانازی بە سەركەوتنی پێشمەرگە قارەمانەكانەوە دەكات، بۆیە بە دیتنی من پێویستە ئێمە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین، دەرفەتی لەم شێوەیە لەوانەیە لە مێژوودا بۆ كورد دروست نەبووبێت و ناشزانرێت ئایا لە ئایندە بۆی دروست دەبێتەوە، یان نە، بۆیە حەیفە كورد، یان حزبە سیاسییەكانی كوردستان، وێڕای ئەو هەموو قوربانییەی پێشمەرگە، نەتوانێت ئەم دەرفەتە ئیستیسمار بكات. بەڕاستی ئەم دەرفەتە نیعمەتی خوایە و ئەگەر سەر لە خۆمان تێكنەدەین، خەون و ئاواتی میللەتەكەمان دێتەدی. لایەنێكی دیكەی ئەم پرسە ئەوەیە دەبێت بزانین كە ئەم دەرفەتە هەڕەشە و تەحەددایشی لەسەرە. ئێمە لە جوگرافیایەكدا دەژین هەر چواردەورمان تەحەددا و هەڕەشەیە و حەزناكەن كورد بگاتە ئەو ئاستەی خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت و وەك دوژمن و مەترسی لەسەر ئایندەی خۆیان سەیرمان دەكەن. بۆیە خاڵی گرنگ و چارەنووسساز بۆ حزبە سیاسییەكان ئەوەیە واز لەم كێشە و ململانێ ناوخۆییانە و بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی بهێنن و هێڵە گشتییەكانی بیری نەتەوەیی بخەنە سەرووی بەرژەوەندی حزبییەوە و دەبێت لەسەر ئەو هێڵە گشتییانە رێكبكەون و بۆ هەموو لایەك هێڵی سوور بن و رێزی لێبگرن. راشكاوانەتر دەبێت كێشە و ناكۆكی نێوان حزبەكان هەتا ئەو هێڵە سوورە بێت و نەیبەزێنێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە كوردستان دەیبینین لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان، یان ئەو هێڵە گشتییانە لە نێوان حزبەكاندا رێككەوتن نییە، بۆیە كاتێك دەرفەتێكمان بۆ دێتە پێشەوە، لە بەرامبەرمان خەڵكی دیكەش هەن دەیانەوێت ئەو دەرفەتە لەدەست كورد بدەن، بۆیە پێویستە ئێمە هەموومان ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا ئێمە وەك پارتە سیاسییەكان لە ئیسلامییەوە تا عەلمانی بۆچی دروست بووین و ئامانجمان چییە؟ دیارە ئامانجی هەموو كوردایەتییە و ئامانجی سەرەكیمان ئەوە بووە خزمەتی خاك و خەڵكی خۆمان بكەین، بۆیە ئەگەر ئەو میكانیزمەی ئێستا سیاسەتی پێدەكەین نەمانگەیەنێتە ئەو ئامانجەی كە لە پێناویدا وەك حزبی سیاسی دامەزراوین، ئەوا دەبێت حزبە سیاسییەكان پێداچوونەوە بە خۆیاندا بكەن، هەروەها دەبێت هەموو حزبەكان دان بەو راستیەدا بنێن، كە زۆر جار حزب لە سیاسەتی تاكتیكدا دەكەوێتە هەڵەوە و دەبێت ئەو ئامانجەی كە لە پێناویدا دامەزراوە، لە بیری نەكرێت و بە خۆیاندا بچنەوە.
* ئەگەر سەیری پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەین، هەست دەكەین پرۆسەكە جۆرێك لە چەقبەستوویی پێوە دیارە، پێشتر كێشەكە لە نێوان پارتی و گۆڕان بوو، بەڵام ئێستا و دوای رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی، بە جۆرێك لە جۆرەكان یەكێتیش خەریكە دەبێتە تەرەف. ئایا كرانەوەیەك لەم پرسە دروست دەبێت؟
- بێگومان پرۆسەی سیاسی لە كوردستان كەوتۆتە جۆرێك لە حاڵەتی چەقبەستوویی، پێشتر كێشەكە لە نێوان پارتی و گۆڕان بوو، بەڵام دوای ئەم رێككەوتنەی نێوان گۆڕان و یەكێتی، ئێستا ئەوان لە بەرەیەكن و پارتی لە بەرەیەكی ترە، دیارە كێشەكە لەسەر رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی نییە، بەڵكو پرسیارەكە ئەوەیە لە سەر چ بنەمایەك گۆڕان و یەكێتی ئەم رێككەوتنەیان ئیمزا كردووە؟ ئەگەر رێككەوتنی نێوانیان هەر ئەوەندە بوایە كێشەی نێوان خۆیان لە زۆنی سلێمانیان پێ چارەسەر بكردایە، بەتایبەتی كە هەردوولایان دەسەڵاتدارن لەو دەڤەرە، ئەمە شتێكی باش بوو، بەڵام لەناو رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان هەندێك خاڵی تێدایە كە تایبەت نییە تەنیا بە نێوانی ئەو دوو حزبەوە، بۆ نموونە پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و كاراكردنەوەی پەرلەمان، دەبوو بیانزانیایە لە دەرەوەی ئەو دووحزبەش، حزب و هێزی دیكە هەیە وەك ئەوان بیرناكەنەوە و بۆچوونی جیاوازیان هەیە، بەتایبەتی برادەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆچوونی من دەبوو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بری ئەوەی ببوایە بە بەشێك لە كێشەی نێوان پارتی و گۆڕان، دەبوو لە سەر رۆڵی خۆی بەردەوام بوایە و ناوبژیوانی لە نێوان پارتی و گۆڕان بكردایە بۆ ئەوەی لێكیان نزیك بكاتەوە. ئێستا رای من هەر بەو جۆرەیە، باشترین لایەن كە بتوانێت میانگیری لە نێوان پارتی و گۆڕان بكات، یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ پارتی رێككەوتنی ستراتیژی هەیە و بە دیفاكتۆش حاكمی دەڤەری سلێمانییە و دەسەڵاتی فیعلی هەیە، لە ئێستادا نازانم یەكێتی بۆتە تەرەفێكی ئەو كێشەیە، یان نە، بەڵام پێموایە هێشتا بوار ماوە بۆ ئەوەی یەكێتی نەبێتە تەرەف و كرانەوەیەك لە بارودۆخەكە دروست بكات.


* ئایا ئەو هۆكارانە چی بوون كە وایكرد بزووتنەوەی گۆڕان پەنا بۆ ئەو رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی ببات؟
- بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی دوای ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی 19ی ئابی 2019 لەسەر پرسی هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان شكستی هێنا، كەوتە ناو گێژاوێكی سیاسی و دوای ئەوەش زۆر بە تەشەنج و نیگەرانی مامەڵەی لەگەڵ ئەو پرسە كرد و نەیتوانی بە رێگەی سیاسی و لۆژیك چارەسەری بكات، بۆیە ناچار بوو پەنا بۆ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی ببات، بەم رێككەوتنەش ئیدی بزووتنەوەی گۆڕان وەك پرۆژەیەكی چاكسازی كە دروشمەكانی ئەوە بوون چاكسازی بكات و دژایەتی گەندەڵی بكات، تەواو بوو، واتە ئەو دروشمانە بوونی نەما و كۆتایی هات، ئەمەش جۆرێكە لە گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو كێشەی لەگەڵ برادەرانی پارتی هەیانە، خۆیان رزگار بكەن. دیارە بزووتنەوەی گۆڕان وەك لێدوان و بەیاننامە ئەوەیان نەگوتووە، بەڵام سەركردەكانی گۆڕان ئەوەیان نەشاردۆتەوە و گوتوویانە كە ئەوان وەك هێزێكی جەماوەری و بە رێگەی سیاسی نەیانتوانی كێشەكە چارەسەر بكەن، ئێستاش یەكێتی خاوەنی هێزی سەربازییە، بۆیە بە رای سەركردەكانی گۆڕان بەم رێككەوتنە دەبنە خاوەنی هێزی سەربازی بۆ ئەوەی گوشار دروست بكەن و كێشەكەی لەگەڵ پارتی پێ چارەسەر بكەن. دیارە ئەمەش زەمینەخۆشكردنە بۆ دووبارەكردنەوەی شەڕی براكوژی لە كوردستاندا، بەڵام لەبەر ئەوەی بارودۆخی نێودەوڵەتی و شەڕی داعش وەك فاكتەرێك بوونی لە كوردستاندا هەیە، ئەوا ئەمە مەحاڵە، لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی پارتی و یەكێتیدا، كێشەی دەسەڵات لە كوردستان چارەسەركراوە، بۆیە راستە چەقبەستوویی سیاسی هەیە، لەگەڵ ئەوەی ناكرێت نائومێد بین، بەڵام بە سووربوونی هەردوولا (پارتی و گۆڕان) لە سەر مەرجەكانیان بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بووە، سەبارەت بە پارتی، دیارە پارتی رێككەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ هەموو لایەنەكان (یەكێتی، كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان) كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەمەش مانای ئەوەیە پارتی پێكەوە لەگەڵ هەموو حزبەكان دانەنیشتووە، بۆیە ئەگەر ئێستا بڵێت چاو بە رێككەوتنەكەدا دەخشێنمەوە، مافی خۆیەتی، گۆڕانیش مافی خۆی بوو كە پێشتر دەیگوت من لە حكومەت دەكشێمەوە، ئەویش هەر مانای ئەوەیە رێككەوتنەكە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام گۆڕان بە تەشەنج و نیگەرانی مامەڵە دەكات، بۆیە بە رای من تەنیا چارەسەر ئەوەیە، یان دەبێت هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بكرێت، كە ئەمەش بە بێ رێككەوتنێكی سیاسی بۆ هیۆركردنەوەی بارودۆخەكە ئاسان نییە، یان دەبێت بارودۆخەكە وەك خۆی بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنی داهاتوو، یان دەبێت حزبەكان بەتایبەتی یەكێتی و یەكگرتوو ببنە میانگیر بۆ ئەوەی گۆڕان و پارتی لەسەر بنەمایەكی تازە رێكبكەون.

* وەك چاودێرێكی سیاسی ئاگاداری ماوەیەك پێش ئێستا حزبە سیاسییەكان داوایان كرد لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆببنەوە، ئەم كۆبوونەوەیەش كرا، لیژنەیەكیش بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان پێكهات، بەڵام گۆڕان شكستی بەوەش هێنا، ئێستا دەبێت پارتی چی بكات بۆ ئەوەی دەروازەیەكی دیكە بكاتەوە؟
- لە چەند رۆژی رابردوو جارێكی دیكە پارتی و یەكێتی پێكەوە كۆبوونەوە، بەڵام وەك لە راگەیاندنەكان گوێبیستی بووین، ئاكامێكی ئەوتۆی نەبووە، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی د.یوسف محەمەد نەبێتەوە بە سەرۆكی پەرلەمان، گۆڕانیش لەسەر مەرجەكانی خۆی سوورە، بۆ كردنەوەی ئەم گرێكوێرەیە، ئەگەر من لە جێگەی یوسف محەمەد بوومایە، خۆم دەستم لەكار دەكێشایەوە بۆ ئەوەی كۆتایی بەم كێشەیە لە كوردستان بێت و ئەم چەقبەستووییە نەمێنێت، من رێزم بۆ یوسف محەمەد هەیە، بەڵام دەبێت بزانێت هەموو پۆستەكان بە سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانەوە، ئەمانە بەرەنجامی رێككەوتنی سیاسین، راستە یوسف محەمەد بە دەنگی خەڵك بۆتە ئەندامی پەرلەمان، ئێستاش هەر ئەندامی پەرلەمانە و كەس ناتوانێت ئەندامیەتی پەرلەمانی لێوەر بگرێتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە جیابكرێتەوە، لەبەر ئەوەی یوسف محەمەد بە دەنگی خەڵك نەبۆتە سەرۆكی پەرلەمان، بەڵكو سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران و هەموو وەزیرەكانیش بە رێككەوتنی سیاسی ئەو پۆستەیان وەرگرتووە و ئاساییە بە رێككەوتنی سیاسیش جێگۆڕكێیان پێ بكرێت. ئەمە چۆن بۆ پارتی رەوایە كە دوای هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكە دەكات، بۆ گۆڕانیش رەوایە داوای هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكە بكات. پێشتر گۆڕان ئەو داوایەی كردووە و دەیگوت لە حكومەت دەكشێمەوە، ئەمە واتە گۆڕان بانگەشەی بۆ هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ پارتی كردووە. بۆیە من ئەم پرسە وادەبینم، ئەمە كێشەیەكی كۆنە لە نێوان پارتی و گۆڕان، تەنانەت دوو حزبە ئیسلامییەكەش (كۆمەڵ و یەكگرتوو) كە ماوەی چوار ساڵ لەگەڵ گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوون، كە هاتنە ناو حكومەت، بە هەمان ئەقڵییەتی ئۆپۆزسیۆن بوون مامەڵەیان كرد و هەوڵیان دا بۆ ئەوەی حكومەت لەبەرچاوی خەڵك ناشیرین بكەن، راستە پەرلەمان رۆڵی چاودێر لەسەر حكومەت دەبینێت، بەڵام ناشیرینكردنی حكومەت، واتە نەمانی متمانە بەو حكومەتە لەبەر چاوی خەڵك، كە متمانەش نەما، واتە سیستمە سیاسییەكە تێكدەچێت و ئەوكاتە وڵاتەكە دەڕووخێت، بۆیە لەو قەناعەتەم مەسەلەكە لەوە دەرچووە بەم عینادییە مەسەلەكە چارەسەر بكرێت، لەبەر ئەوەی لەم كێشەیەش دەرباز بین، دەچینە سەر كێشەیەكی دیكە، ئێستا پرسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ماوە، پرسی دەستوور ماوە، بەتایبەتی كە یەكێتی و گۆڕان لە رێككەوتنی خۆیان جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە، دەبێت سیستمەكە پەرلەمانی بێت بە هاوشێوەی عێراق، ئەمە لە كاتێكدا سیستمی عێراق خۆی فەشەلی هێناوە، سەرۆك كۆمارێكی كورد هەیە، بێدەسەڵاتە، سەرۆك پەرلەمانێكی سوننە هەیە بێ دەسەڵاتە، دەسەڵات هەموو لای یەك كەس و یەك حزبی شیعەیە، بۆیە كاتێك دەڵێن دەبێت سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت و هیچ دەسەڵاتی نەبێت، ئەمە رای خۆیانە، بەڵام لە دەرەوەی ئەوان رای دیكەش هەیە، ئەوان پرسەكە بەو شێوەیە دەخەنەڕوو وەك ئەوەی نابێت هیچ موناقەشەی لەسەر بكرێت، نابێت كەس رەتی بكاتەوە، تەنانەت لە دانیشتنی ساڵی رابردووی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارانەی دانیشتنەكەیان بایكۆت كرد، یان دەنگیان نەدا، هەموویان بە خۆفرۆش و خائین ناوزەد كردن و شتی ناشیرینیان بەرامبەر كردن، ئەمە كەی دیموكراتییە، نەخێر ئەوەی ئەوان دەیكەین جۆرێكە لە ئیرهابی فیكری و دەیانەوێت رای خۆیان بە سەر پەرلەمانتاری حزبەكانی دیكەدا فەرزبكەن. لە ژینگەی دیموكراتیدا پرسی سیستمی سیاسیی وڵات كراوەیە بۆ دیالۆگ و وتووێژ و بیروڕاگۆرینەوە. پرسی دەستوور پێویستی بە نەفەسێكی سیاسیی درێژ و دانوستاندن هەیە، بەڵام ئەو شێوازەی گۆڕان پیادەی دەكات، هەوڵێكە بۆ تێكدانی كوردستان، ئەوەی ئێستا لە راگەیاندن دەبیندرێت، ناشیرینكردن و سووكایەتیكردنە و ئەوە بارودۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە. ئێستا كێشەكە لە كێشەی نێوان گۆڕان وەك حزب، تەجاوزی كردووە بۆ كێشەی نێوان سلێمانی و هەولێر، سلێمانی و دهۆك، یان سلێمانی و بادینان، گەیشتووەتە ئەوەی لەبەریەك هەڵوەشانێكی جڤاكی و كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا دروست بكات.


* دیارە وەك پێشتریش ئاماژەی پێكرا، پرسەكە لە مەسەلەی كێشەی سیاسی وەك حزب دەرچووە، بۆیە پرسیار ئەوەیە، ئەم رق و كینەیەی شەخسی نەوشیروان مستەفا بەرامبەر پارتی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- كێشەی گۆڕان و پارتی مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، بەشێك لەم كێشەیەش باكگراوندەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1964 و ئێستا بەشێكی بووە بە گۆڕان و بەشە توندڕۆیەكەی گۆڕانیش رقێكی قووڵیان بەرامبەر بە پارتی و ماڵباتی بارزانی هەیە، ئێستاش ئەم باكگراوەندە ماوە، پاشان لە رووی ئایدیۆلۆژیەتیشەوە جیاواز بوون، ئەوان چەپ بوون، پارتیش حزبێكی لیبڕاڵی تەقلیدی بووە، ئێستا ئەم باكگراوەندە لە لاشعوری ئەوان ماوە، بۆیە كە بڕیاردەدەن، ئەو لاشعورە كاریگەری لەسەر شێوازی بڕیارەكەیان هەیە. دیارە نەوشیروان مستەفا كەسی یەكەمە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان، لە كوردستانیش لەناو هەموو حزبەكاندا كەسی یەكەم رۆڵی سەرەكی لە بڕیار دروستكردنەدا دەگێڕێت، بۆیە بڕیارەكانی گۆڕانیش كاریگەری نەوشیراوان مستەفای لەسەرە. بۆیە دەڵێم ئەگەر بارودۆخەكە بەرەو خراپتر بڕوات، ئەوە پشكی شێری ئەو بارودۆخە بەر نەوشیروان دەكەوێت، ئەگەر بە پێچەوانەشەوە بارودۆخە ئاسایی بكاتەوە، دیسان پشكی شێری ئەو ئاساییكردنەوەیە هەر بەر ئەو دەكەوێت. لەبەر ئەوەی ئێستا كوردستان لە كاتێكی هەستیاردایە و پێویستە هێزە سیاسییەكان زۆر وریا بن، ئەم دەرفەتە لەدەستی كورد نەدەن، كە رەنگە دەرفەتێكی وا جارێكی دیكە بۆ كورد دووبارە نەبێتەوە. لەوانەیە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش ئەو قەبارە و قورساییەی ئێستامان نەمێنێت، دەبێت باش بیر لەمە بكرێتەوە و باز بە سەر ناكۆكی و بەرژەوەندی حزبیدا بدەین، من هیچ حزبێك تۆمەتبار ناكەم، بەڵام لە گەرمەی ناكۆكی و ململانێكاندا هەندێكجار شت لەبیر دەكرێت.


* ئایا لەگەڵ هاتنە پێشەوەی پرسی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كێرڤی ئەم ناكۆكی و ململانێیانەی نێوان حزبەكان زیاتر رووی لە هەڵكشان نەكردووە؟ ئایا تاچەند وڵاتانی ئیقلیمی رۆڵیان لە خراپبوونی دۆخەكە بینیوە؟
- بێگومان دەوڵەتانی ئیقلیمی دژایەتیكردنیان لە بەرامبەر بە بەخاون دەوڵەت بوونی كورد نەشاردۆتەوە و ئەمڕۆ پێیان خۆش نییە گەلی كورد دەستكەوتێكی وا گەورەی دەست بكەوێت. لە مێژوودا دیار و لە بەرچاوە ئەمانە دژی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی بوون، لەناو ویب سایت و پێگە ئەلكترۆنییەكانی ئەم دەوڵەتانە بە ئاشكرا چەندین لێدوانیان دژ بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان هەیە و دەڵێن ئێمە دژی دروستبوونی دەوڵەتی كوردین، ئەمە ئاشكرایە و هیچ پێویستی بە بەڵگە نییە، لەم هەرێمەشدا هەموو حزبەكان پێوەندییان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەیە، تەنانەت ناكۆكی كوردی–كوردی وایكردووە هەندێك حزبی كوردستانی بچن بۆ وڵاتانی دەوروبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە یەكتر بپارێزن، هەموومان مامەڵە لەگەڵ ئەم فرەییەدا دەكەین نەك بە شێوەیەكی دیموكراتی، بەڵكو فرەیی حزبی و سیاسی لە كوردستان بریتییە لە فرەیی لە دژایەتی یەكتری، لە كاتێكدا لە دیموكراتیدا رێز لە فرەیی دەگیرێت، بۆیە ئەوەی لەكوردستان هەیە، كێبڕكێ نییە لە گەمەی دیموكراتییەتدا، بەڵكو دژایەتییە لە نێوان حزبەكان بۆ سڕینەوەی یەكتری، كە بووە دژایەتیش واتا دیموكراتییەت بوونی نییە. بۆ بوون بە دەوڵەت پێویستە ئامانجێكی ستراتیژیی كوردانە بێت، دواتر بیر لە دەستكەوت و ئیمتیازات بكەینەوە، نابێت ئیمتیازات و دەستكەوتی حزبی پێش ستراتیژیەت بكەوێت. هەندێك كە باسی دەوڵەت دەكەن، دەڵێن: ئەگەر دەوڵەت وابێت، ئەمە هەڵەیە، بۆیە دەڵێم: نەخێر، من ئێستا دەوڵەتم دەوێت، دواتر بیروبۆچوونی خۆم لەسەر ئەو دەوڵەتە باس دەكەم. بۆ نموونە چین دەوڵەتێكی پێشكەوتووی ئابوورییە، بەڵام دەوڵەتێكە دیموكراتی تێدا نییە، ئایا دەبێت خەڵكی ئەو وڵاتە بڵێن: دەوڵەتی چینم ناوێت لەبەر ئەوەی دیموكراتیەتی تێدا نییە، یا دەوڵەتم ناوێت لەبەر ئەوەی فڵان حزب دەسەڵاتدارە و كۆنتڕۆڵی كردووە و هەموو ئیشەكان بە دەستی ئەون، خۆ ناكرێت ئەمە ببێتە هۆی دروستبوونی كۆسپ لە بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی كوردستاندا. ئەمە لەكاتێكدا دەرفەتێك هاتۆتەپێشەوە، هەموو لێدوان و بۆچوونەكان كە لە ناوەندەكانی دەسەڵات و دامەزراوەكانی توێژینەوەو رای گشتی جیهان دەردەچن، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەم ناوچەیە دەگۆڕێت و دابەش دەكرێتەوە و جارێكی دیكە مومكین نییە عێراقی كۆن بگەڕێتەوە، یان مومكین نییە سووریای كۆن بگەڕێتەوە و هەردەبێت دەستكارییەك بكرێت، ئەو دەستكارییەش بەپێی بۆچوونی هەمووان لەگەڵ ئەوەدان لە بەرژەوەندی كوردە و كوردیش دەبێت بەرنامە و پلانی خۆی هەبێت بۆ ئەوەی سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت، خوانەخواستە ئەگەر بەرنامەمان نەبێت، ئەوا سایكس پیكۆ و لۆزانێكی دیكە بەسەرماندا دووبارە دەبێتەوە.


* ئاشكرایە مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر راشكاوانە ئەوەی بە جیهان راگەیاندووە كە كورد مافی خۆیەتی خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بێت، بۆ ئەمەش هەوڵێكی زۆری داوە، ئایا چۆن سەیری ئەو هەوڵانە دەكەیت؟
- لەم ماوەیەدا ئەو لایەنەی دەستپێشخەر بووە باسی دەوڵەت و ئامانجی دەوڵەتی كوردستان بكات، جەنابی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، ئەوان دەستپێشخەر بوون و باسی ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردستانیان كردووە، بەڵام ئەگەر بێین و ئەم دەستپێشخەرییە تەوزیفێكی سیاسی بۆ بكەین و بڵێین جەنابی بارزانی و پارتی ئەمە بۆ خۆی دەكات. من ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەو لایەنانە دەكەم كەوا دەڵێن و لێیان دەپرسم: باشە ئێوە بەدیلتان چییە بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا؟ ئایا بیجگە ریفراندۆم و سەربەخۆیی شتێكی دیكەتان هەیە؟ ئایا دەچنەوە بۆ بەغدا و دەوڵەتی عێراق دروست دەكەنەوە؟ هەرگیز لەگەڵ ئەودا نین بچینە بەغدا و دەوڵەتی عێراق دروست بكەینەوە، كورد لە بنەڕەتدا دژی دروستبوونی ئەم دەوڵەتە دەستكردەی عێراق بووە، بۆیە ئێستا كە كاك مسعود بارزانی باسی ریفراندۆم و دەوڵەت دەكات، وەكو سەرۆكی حزب باسی ناكات، بەڵكو وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی دەكات، كە ئەركی ئەوە ئەم ریفراندۆمە ئەنجام بدرێت. حزبە سیاسییەكان لەگەڵ ئەوەی هیچكامیان بە فەرمی نەیانگوتووە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیین، بەڵام هەندێكیان دەڵێن كاتی نییە، یان وەك لە رێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی هاتووە، دەڵێن با لە رێگەی پەرلەمانەوە ئەنجام بدرێت و پەرلەمان كارابكرێت. ئەم قسەیە كۆسپێكە لە بەردەم ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردستان، لەبەر ئەوەی بەو ئاسانییە پەرلەمان كاراناكرێتەوە، دەبێت پرسی راگەیاندنی دەوڵەت وەك پرسێكی نیشتمانیی سەیربكرێت و ببێتە پرسێكی نیشتمانی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بە هێزە سیاسییەكانی كورد و غەیرەكوردیش وەك لایەنەكانی توركمانی و كلد و ئاشووری بەشداری تێدا بكەن. بۆیە نابێت ئاستەنگی بخرێتە بەردەم، چەند ئاستەنگیشی بۆ دروست بكرێت، لە دوماهیدا هەر دەبێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت، یان دەبێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەم پرۆژەیە بهێنێتە پەرلەمان و لە پەرلەمان بڵێت من ئەم دەوڵەتە رادەگەیەنم، بەڵام پرسەكە بگاتە ئەوەی بەوجۆرە سەیربكرێت، لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەنابی كاك مسعود بارزانی-یە و لە هەمانكاتدا سەرۆكی پارتییە، ئیتر ئەو فرسەتە مێژووییە لە دەست بدەین، تەنیا لەبەر ئەوەی دەوڵەتی كوردستان لەسەر دەستی مسعود بارزانی رانەگەیەندرێت، بە بۆچوونی من ئەمە قەت هەستی نەتەوەیی نییە و من شاهیدی ئەوە دەدەم گوتاری نەتەوەیی پارتی بە رێگەی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان روونترە لە گوتاری لایەنەكانی دیكە.


* ئێستا بەپێی هەموو مەزندەكان كوردستان بەرەو فیتنەیەك دەچێت. ئایا دەبێت خەڵكی كوردستان چی بكات بۆ ئەوەی ئەو فیتنەیە بكوژێنێتەوە؟
- بەڕاستی بۆنی فیتنەیەك دێت كە یەخەی كوردستان دەگرێت، ئێستا هەموومان دەزانین ئەو دروشمی لامەركەزییەتەی لە سلێمانییەوە لای هەندێك كەس بەرزكراوەتەوە، بانگەشەیە بۆ گەڕانەوەی دووئیدارەیی، ئەو لایەنەشی ئێستا باسی لامەركەزیەت دەكات، پێشتر دروشمیان ئەوە بوو كە نابێ ئاسەواری دووئیدارەی لە كوردستان بمێنێت. راستە هەموومان لەگەڵ جۆرێك لە دەسەڵاتی لامەركەزین، بەڵام بەرزكردنەوەی ئەم دروشمە لەم كاتەدا، واتە دابەشكردنی كوردستان و دروستكردنی رێگری لە بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان، هەموو دەزانین لامەركەزییەت پێشكەوتنێكی ئیدارییە و هەموومان لەگەڵیداین، بەڵام دەبێت ئەمە لە دەرفەتێكی باشتر و لە ژینگەیەكی سیاسی و دوور لە ناكۆكی سیاسی رابگەیەندرێت، لە ژینگەیەكی سیاسیدا كە پەرلەمان هەبێت، پێوەندی نێوان حزبەكان ئاسایی بێت بۆ ئەوەی ئەو لامەركەزییەتە لە خزمەتی سیستەمی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا بێت، نەك بڵێن لەبەر ئەوەی حكومەت لە هەولێر بە دەستی پارتییە، دەبێت بانگەشەی لامەركەزییەت بكەین و هیچ پێوەندیەكمان بە هەولێرەوە نەمێنێت، ئەوە دابەشكردنی كوردستانە و ئەمە دروستكردنی هەرێمێكی دیكەیە لە كوردستان، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی دیكەوە ئەمە جۆرێكە لە هەڕەشە بەوەی هەڵدەستن بە دروستكردنی هەرێمی دیكە، ئەمەش زیاتر بۆنی جیابوونەوەی لێدێت، نەك لامەركەزییەتی ئیداری، چونكە ئەمە بەرەنجامی ململانێی سیاسییە لەگەڵ برادەرانی پارتی كە ئەمەش باس دەكەن. لەگەڵیدا باس لەوەش دەكرێت غەدر لە سلێمانی كراوە.


* مەبەستیان لە غەدركردن لە سلێمانی چییە؟
- با بڵێین غەدر لە سلێمانی كراوە، بەڵام هەمووان دەزانین هەرێمی كوردستان لە رووی داراییەوە دوو ئیدارە بووە و بودجەی هەردوولاش جیاواز بووە و برادەرانی گۆڕانیش باش ئەمە دەزانن كە دەڤەری سلێمانی لە 47%ی بودجەیان وەرگرتووە. هەر بۆیە زۆر سەیرە من بڵێم لە دهۆك شەقامەكان قیرتاو نەكراون و ئاو نییە، یەكێتی لێی بەرپرسیارە، یەكێتی لێرە هیچ دەسەڵاتی نەبووە، تا بەرپرسیار بن، ئەوە بەرپرسیارێتی پارتییە و پارە بەدەستی پارتییە لەم دەڤەرە، لەدەڤەری سلێمانیش پارتی دەسەڵاتی نییە، بۆیە ئەگەر غەدر لە سلێمانی كراوە، دەبێت بزانرێت ئەو غەدرە چۆن كراوە و كێ غەدرەكەی كردووە؟ با تەحقیقاتی تێدا بكرێت. من ئێستا راموایە لە نێوان هەولێر و دهۆك، برادەرانی پارتی غەدریان لە دهۆك كردووە و هەندێك لە بەشی دهۆك بۆ هەولێر براوە، ئێ باشە، با پایتەختەكەمان جوان و رازاو بێت و شانازی پێوە بكەین. بۆ نموونە دهۆك تەنیا پارێزگایە فڕۆكەخانەی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی فڕۆكەخانەی تێدا نییە، دەبێت بڵێین پەراوێز بووە و غەدری لێكراوە، یان بیكەینە بیانوو بڵێین با دهۆك ببێتە هەرێمێك و جیا ببێتەوە؟ بێگومان ئەمە نابێت. راستە ئێمە پێمان خۆشە هەموو كوردستان بچێتەپێش، بەڵام تەوزیفی سیاسی خراپ نەكرێت، ئێستا كە باس لەوە دەكەن سلێمانی لامەركەزیەتی دەوێت لەبەر ئەوەی غەدری لێكراوە، راستە هەموومان دەزانین كە غەدری لێكراوە، بەڵام چۆن غەدری لێكراوە و كێ ئەو غەدرەی كردووە، دەبێت دیاری بكرێت. بەڵام لەسەر ئەمە شووشتنەوەی مێشك بۆ خەڵكی دروست بكرێت بەوەی بەڕاستی غەدرت لێكراوە و ئەوەی وا غەدریشی كردووە، ناوی نەبرێت، ئەمە كارێكی خراپە، تەنانەت ئێستا جەماوەری سلێمانی وادەزانێت بەراستی لەسەر دەستی پارتی غەدری لێكراوە، لەكاتێكدا ئەوەی غەدری لە سلێمانی كردووە، دیارە كێیە، لەبەر ئەوەی لە سلێمانی پارتی دەسەڵاتی نییە هەتا غەدر لە سلێمانی بكات. لەبەرئەوە دەبێت بە حیكمەت و عەقڵانییەت مامەڵە لەگەڵ قەیرانەكە بكەین، دەبێت بیری نەتەوەییمان لەپێش بیری حزبیمان و بەرژەوەندی نەتەوەییمان لە پێش بەرژەوەندییە حزبی و شەخسییەكان بێت، رەنگە ئەوە كێشەكان چارەسەر بكات. هەروەها جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت بۆ چارەسەری كێشەكان رۆڵی باش بگێڕێت.


* دواپەیامتان بۆ خوێنەرانی گۆڤارەكەمان چییە؟
- هیوادارم برادەرانی یەكێتی لەسەر رۆڵی ناوبژیی خۆیان بەردەوام بن لە نێوان پارتی و گۆڕان، نەك ببنە لایەن لە كێشەكە، یەكێتی لەم قۆناخەدا ئەركی قورسی لەسەر سەرشانە و دەبێت رۆڵی بۆ چارەسەر بێت، نەك تەنیا گواستنەوەی داواكارییەكانی پارتی و گۆڕان، دەبێت لە هەموو لایەكەوە هەوڵبدرێت پارتی و گۆڕان پێكەوە دانیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەمەش خزمەت بەم قۆناغەی ئێستای كوردستان دەكات، لە دەوروبەرمان دوژمن زۆرە و هەوڵی زۆر هەیە كە كورد سوود لەم دەرفەتە وەرنەگرێت، دەبێت ئێمەش ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەین، ئەم دەرفەتە دەستكەوتەكانی زۆر زۆرترن لە دەستكەوتێكی حزبی، یا حاڵەتێكی دەروونی كە بڵێی من سەركەوتووم و سەرنەكەوتووم، وەكو بڵێی ئەمە ململانێی ئیرادەكانە.
Top