بارزانی دەیەوێت لە رێگەی گشتپرسییەوە بەجیهان بڵێت گەلی كورد بڕیاری سەربەخۆیی دەدات
May 4, 2016
دیمانەی تایبەت
دوای چەندین شۆڕش، دوای مۆركردنی چەندین بەیاننامە و رێككەوتننامە لەگەڵ حكومەتی ناوەند و پاشان هەڵوەشاندنەوەیان، دوای زیاتر لە سەدان هەزار شەهید و شاڵاوی دڕندانە و جینۆساید و ئەنفال و كیمیاباران و تەختكردن و سووتاندنی گوند و شار و شارۆچكەكانی كوردستان، هێشتا بانگەوازی پڕۆژەیەكی مۆدێرنی وەك ریفراندۆم كە داوادەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتیی ئەوروپا، رێكخراوەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ و .. خۆیان بێن و بزانن ئەم گەلە ستەمدیدەی باشووری كوردستان بۆ چارەنووسی خۆی چی دەوێت، بەرهەڵستی دەكرێت، میللەتێكی وەك گەلی كورد چی دەوێت و دەیەوێت چۆن بیر لە ئەنجامدانی گشتپرسییەك بكاتەوە كە ئاخۆ گەلی كورد بڕیاری سەربەخۆیی بدات، یان ژیانە ناچارییەكەی بەتەنیشت بەغداوە درێژە پێبدات.بەداخەوە هێشتا گشتپرسی هەنگاوێكی جددی نەبڕیوە، لەپاڵ دوژمنانی كورددا لەنێوخۆی عێراق و ناوچەكە، چەندین رووناكبیر و خاوەن قەڵەمی كورد بە كارێكی ناواقیعی و ناعەقڵانی و نایاسایی دادەنێن و دەڵێن: ریفراندۆم ناكرێت، چونكە رێمان نادەن! یان دەڵێن: ریفراندۆم بۆ ئەمڕۆ كارێكی عەمەلی نییە و كاتی نەهاتووە و لە رووی یاساییەوە بەربەستی لەبەردەمدایە و كارێكە بۆمان ناچێتەسەر و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێمان لێناگرن! یان دەڵێن: ریفراندۆم پڕۆژەیەكە سۆز و خەیاڵ بە سەریدا زاڵە و عەقڵانییەتی تێدا نییە و پەسەندكردنی «برا گەورەی» دەوێ و دەبێت بۆ چارەنووسی خۆت پرس و رەزامەندیی دەوڵەتی ناوەند وەربگریت!
من جیاواز لە ئینیتمای فیكری و سیاسیم ئەوە دەخەمەڕوو بۆ ئەوانەی پێیانوایە ریفراندۆم پڕۆژەیەكە سۆز و خەیاڵ بەسەریدا زاڵە و عەقڵانییەتی تێدا نییە، سەرەتا بوونی گەلی كورد لە عێراقدا وەك گەلێكی ستەمدیدە كە بە دەیان ساڵ چەوسێندراوەتەوە و مافە نەتەوایەتییەكانی لێ زەوتكراوە و سیاسەتی جینۆسایدی بەرامبەر پەیڕەوكراوە، هۆكارێكە بۆ قایلكردنی رای گشتیی جیهان و دەزگا نێودەوڵەتییەكان و گشت پشتیوانانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، بەپێی هەموو ئەو بەندانەی لە پەیماننامە و بەیاننامە و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان دەربارەی مافی گەلان بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووسی خۆیان پەسەندیان كردووە، بوار بەم گەلە بدەن خۆی بدوێت و گوزارشت لە خۆی بكات و بە بێ سانسۆر و سایەی حكومەتی ناوەند، ئیرادەی خۆی بۆ دەستنیشانكردنی دواڕۆژ و چارەنووسی خۆی بەكاربهێنێت. لەو روانگەیەشەوە خوێندنەوەی من ئەوەیە كە بارزانی هەنگاوی جددی ناوە لەو رووەشەوە توانیویەتی لەسەر بنەمایەكی عەقڵانی كاربكات و هەر لە رێگەی عەقڵەوە زەمەنی جووڵاندنی رای نێودەوڵەتی لە رێگەی سۆزەوە تێپەڕێنێت لەسەر كار لەسەر بنەمای عەقڵانی بكات بۆ بەدیهێنانی خەونی دێرینی نەتەوەی كورد كە دەوڵەتە.
ئەوەی من دەیبینم و دەیخوێنمەوە، ئەوەیە كە بارزانی یەكێكە لەو سەركردە حەكیمانەی كات بەفێڕۆ نادات، بەردەوام كاتەكانی تەرخان دەكات بۆ بەرژەوەندی گشتیی میللەتەكەی. بۆ نمونە ئەو لە كاتێكدا لەبەرەكانی جەنگدا، لە یەك سەنگەردا لەگەڵ پێشمەرگەدا دژی دوژمنانی كورد دەجەنگێت، هەر لەو سەنگەرانەدا كار لەسەر ئەوە دەكات ئەوە بەدنیای دەرەوە بگەیەنێت، كە مێژوو سەلماندوویەتی جەنگ نەیتوانیوە كورد لەسەر نەخشەی سیاسی بسڕێتەوە، لە هەمان كاتدا جەنگ ناتوانێت وا لە كورد بكات دەستەبەرداری مافەكانی ببێت و لەكاتی جەنگ و ئاشتیدا هەنگاو دەنێت بۆ ئایندەیەك كە خەونی لە مێژینەی خۆی تێدا دەبینێت، كە ئەویش هەڵكردنی ئاڵای سەربەخۆییە لەسەر سنگی ئەو خاكەی كەپێی دەگوترێت كوردستان.
ریفراندۆم لە عێراق بۆ جیاكردنەوەی باشووری كوردستان تەنیا ئالیەتێكی یاساییە كە دەبێت كورد پێیدا تێپەڕێت، بەڵام وەڵامی خەڵكی كوردستان پێویست نییە لە لاپەڕێكی سپیدا بە تەنیا (بەڵێ)یەك وەربگیرێت، مێژووی ئەو عێراقە، كە كورد تێیدا بەشێك بووە، دەبێت ببێتە پێناسە جۆری وەڵامی ریفراندۆم كە تێیدا نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بخرێتە بەردەم هەموو دونیا، هیچ واتایەكیشی نییە، نەتەوەیەك بەجۆرەها كوشتن و لەناوبردن تاقیكرابێتەوە، پێی بڵێیت: تۆ لەگەڵ عێراق دەمێنیتەوە، یان دەوڵەتی كوردستانت دەوێت؟ ئەوانەی كە پێیانوایە ریفراندۆم ئەو پێناسەیەی تێدا جێگیر دەكرێت، هەڵەن، ریفراندۆم لە كوردستاندا، تەنیا وەڵامی نەهامەتییەكانی كوردستانی تێدا دەنووسرێت، جگە لەمەش هیچ واتایەك بۆ ریفراندۆم نییە بۆ كورد، چونكە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان پێویستی بەوە نییە لە گەلی كوردستان بپرسیت: لەناو عێراقی تاوانبار بە ئەنفال و كیمیاباراندا دەمێنیتەوە، یان دەوڵەتی خۆتت دەوێت؟ بارزانی دەیەوێت ئەو هەنگاوە ببڕێت، بۆ ئەوەی بە دۆست و دوژمنی كورد بڵێت كورد لە مێژوودا هەموو ئەو قوربانییانەی داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیر لە تۆڵەكردنەوە ناكاتەوە و رێگەی عەقڵ هەڵدەبژێرێت و بڕیاری خۆی بە ئاشتی دەدات، پێویستە وەڵامی ئەو بڕیارەی كورد هەر بە ئاشتی بدرێتەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەوەدا، بارزانی لەسەر ئەو بنەمایە كاردەكات هەموو تاكەكانی كورد، بە شێوەی هاوچەرخانە، ئیرادەی خۆیان یەكدەخەن و یەكدەنگ داوا دەكەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خۆیان بپرسن چییان دەوێت و شێوەی ژیانی داهاتوویان چۆن بنیاد دەنێن، ئەوا هیچ پاساوێك بۆ پشتگوێخستن و فەرامۆشكردنی ئیرادەیان نابێت و، هیچ هێزێكی دەوڵەتی كە بە تەنگ راستگۆیی خۆیەوە بێت لە بانگەشەكردنی بۆ مافەكانی مرۆڤ، ناتوانێ چاو لە ئاستی ملیۆنان كورد بنووقێنێت، ئەو كاتە مەحەكی عەقڵانییەتیش بۆ دەزگا نێودەوڵەتییەكان بەپیرەوەچوونی ئەو داواكارییە و سالماندنی رەوایی ئەو ئیرادە یەكگرتووە دەبێت. سەلماندنی ئەو ئیرادەیە بارودۆخێكی سیاسیی وەها دەخولقێنێ كە هیچ دەوڵەتێك، یان هێزێك نەتوانێ رێی لێبگرێت .
ریفراندۆم پڕۆژە و پاشان پڕۆسەیەكە كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەوپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەڕی راست دەتوانن لە دەوری كۆببنەوە و تواناكانی خۆیانی بۆ یەكبخەن. بۆ ئەوەی ببنە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ پرۆژەكەی بارزانی، ئەمە بۆ خۆی زەمینەی نزیكبوونەوە لە یەكتری خۆش دەكات و ناكۆكییەكان بەرتەسك دەكاتەوە،و كوردستانیش لەو دوو زۆنگەوە كە چەند ساڵە خەڵكی پێوەی ماندوون، رزگار دەكات .
ریفراندۆم، گەلی كورد لە بەردەم دوو ئەلتەرناتیڤدا رادەگرێت و چاوەڕوانی وەڵامی لێدەكات، چاوەڕێی وەڵامێكی روونی لێدەكات لەسەر دواڕۆژی سیاسیی دۆزی كورد. لەم راپرسییە گشتییەدا یەك ئەلتەرناتیڤی سیاسی بۆ چارەنووسی كورد دەنگی زۆرینەی جەماوەری كورد وەردەگرێت، لەبەر ئەوە بواری سات و سەودا و موزایەدەی سیاسی نامێنێت و دوودڵی و راڕایی و گومان جێگەیەكیان لە بزووتنەوەی سیاسیی نێو كوردستاندا بۆ نامێنێتەوە . دیارە ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی گەلی كورد، بۆ جەماوەری خەڵكی ستەمدیدەی كورد، بۆ هێزە سیاسییەكانی كورد، چ ئەوانەی هەن و چ ئەوانەی لەدایك دەبن كە بە عەقڵییەتێكی نوێ و بەرنامەی نوێ و سیاسەتێكی نوێوە بێنەمەیدان و مێژوویەكی نوێ بۆ دواڕۆژی كورد بنەخشێنن.
لە كۆتاییدا دەڵێم، ریفراندۆم سەبارەت بەوەی پڕۆسەیەكە جەماوەر ئەنجامی دەدا و گەل تێیدا لە ئەنجامەكەی سەرپشك دەكرێت، یەكگرتوویی چین و توێژەكانی كوردستان و حزب و رێكخراوە سیاسییەكانی پێویستە، بەبێ ئەوە هەرگیز ریفراندۆم سەركەوتن بەدەستناهێنێت. بە رای من گەل هەمووی لەگەڵ ریفراندۆمە، سەركەوتنی ریفراندۆمیش ئەو یەكگرتنە لە بەرامبەر جیهاندا بەرجەستە دەكات و رێز و پایە و كێشە نەتەوایەتییەكەی كورد بە ئاستێكی باڵا دەگەیەنێت.