د. سەعید شەمس:ھەندێک لە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران تا ئێستاش ھەوڵدەدەن نەتەوەبوونی کورد لە میللەتەوە بۆ قەوم کەم بکەنەوە

د. سەعید شەمس:ھەندێک لە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران تا ئێستاش ھەوڵدەدەن نەتەوەبوونی کورد لە میللەتەوە بۆ قەوم کەم بکەنەوە
د. سەعید شەمس مامۆستای زانکۆ و نووسەر و لێکۆلەری شارەزا لە بوارەکانی کۆمەڵناسیی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی، ساڵی ١٩٥٤ لە ناوچەی موکریانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ھەر لە تەمەنی نەوجەوانی شانی داوەتە ژێر باری کاروباری سیاسی و لە پرۆسەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشداری کردووە، لە کۆتایی ھەشتاکان ئێرانی بەجێھێشتووە و لە سەرەتای نەوەدەکانەوە لە لەندەن نیشتەجێ بووە. لە زانکۆی لەندەن و کۆلیژی سەڵتەنەتی ھالی وەی Roal Hollway خوێندوویەتی و ماوەی ھەشت ساڵ وەک لێکۆڵەر و کارناس لە بواری کۆمەڵناسی کاری کردووە، دواتر لە کۆلێژەکانی سەڵتەنەتی ھالی وەی و ئینفیلدی زانکۆی لەندەن مامۆستا بووە و لە بواری کۆمەڵناسی سیاسی و فەلسەفەی سیاسی و مێژوو وانەی گوتووەتەوە، ئێستاش لە زانکۆی سۆران- ی باشووری کوردستان وانە دەڵیتەوە. لەم دیمانەیەدا تیشک دەخاتە سەر رەوشی سیاسی ئێستا و داھاتووی کورد و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەکرێ باشووری کوردستان لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ببێتە دۆسیەیەکی نوێی جیھانی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردیش بە خەونێک دەزانێت کە ھاتنە دی ئەو خەونە مەحاڵ نییە.
: لانیکەم لە یەک سەدەی رابردوو ئاشتیخوازی و خواستی پێکەوەژیانی کورد، ھەمیشە لە لایەن وڵاتانی بەرکەوتەی کوردەوە رووبەڕووی دژبەری و نکۆڵیلێکردن بۆتەوە، ھەر لەو بوارەشدا نامیلکەیەکتان بە زمانی فارسی نووسیوە، کە بە باشی شرۆڤەی "ھمزیستی و ھمستیزی"واتە پێکەوەژیان و پێکدادان، یان دژبەریتان کردووە، دەکرێ ھۆکاری سەرەکی ئەو دژبەرییانە زیاتر بۆ خوێنەران روون بکەنەوە؟
د. سەعید شەمس: لەو نامیلکەیە شیوازێک لە ھاوبەشی لە ناسنامەی کوردی و ناسنامەی ئێرانی و لە ھەمانکاتدا ناتەبایی و ململانێ و دژبەری خراوەتەڕوو، لە باری مێژوویی و کەلتووری و زمانییەوە ئێمە وەک کورد زیاتر لەو کۆمەڵە خەڵکانە نزیکترین کە لە ئێران نیشتەجێ بوون، نەک تەنیا فارسەکان، بەڵکو گەلانی دیکەی ئێرانیش بەشێکن لەو نزیکییە مێژووییە، بەڵام لەو کاتەوە کە دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران پێکھاتووە، ھۆڤییەتی سیاسی کوردی کراوەتە کێشە و و جوڵانەوەی رزگاریخوازی کوردیش ھەمیشە دەرگیری ئەو ململانێیە بووە، دیارە لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی پەھلەوی، زۆرینەی کۆمەڵگەی سیاسیی کورد لە بەرەی چەپدا بوو، بەرەی چەپی ئێرانیش ئەوەی قبووڵ بوو کە ئێران پێکھاتەیەکی چەند نەتەوەیی ھەیە، ئەگەرچی بە شێوازێکی ھەر چەند ناشەفاف، بەڵام باسیان لە کێشەی نەتەوەیی لە ئێران دەکرد، لەگەڵ زۆربەی حزب و لایەنەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانیش بە جۆرێک پێوەندی و ھاوپەیمانییان ھەبوو، بەڵام دوای کۆتایی شەڕی سارد نەک تەنیا لە ناوچەکە، بەڵکو لە ھەموو دونیا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە جوگرافیای سیاسی روویدا. دواتریش ھەر لە ئێران سەرەڕای سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە گەلانی بەر حوکمڕانییان بەگشتی و کورد بەتایبەتی، لە لای ھەندێک لە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پرسی چەند نەتەوەیی بوونی سەرزەمینی ئێران ھاتەوە ژێر پرسیار و تەنانەت بە قەوم پێناسەیان دەکرد. ئەم کەمکردنەوەی میللەتە بۆ قەوم تا ئێستاش بەردەوامە، بۆیە پێویستە لە رووی لۆژیک و لە رووی مێژووییەوە، پرۆسەی پێکەوەژیان و دژبەری لە نێوان ناسنامەی ئێرانی و ناسنامەی کوردی پێناسە بکەینەوە.


-: بزافی رزگاریخوازی کورد لە ھەموو کەرتەکانی کوردستانی مەزن بەگشتی و لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا بەتایبەتی، لە دوای کۆتایی شەڕی سارد تووشی قەیران و ئەزمەیەکی زۆر بوو، ئایا بزافی رزگاریخوازی کورد بەرھەمی شەڕی ساردبوو؟
د. سەعید شەمس: جوڵانەوەی رزگاریخوازی کورد، بۆخۆی بەرھەمی شەڕی سارد نەبوو، بەڵام وەک ھەر جووڵانەوەیەکی دیکە مۆرکی شەڕی ساردی پێوە دیار بووە، بەو مانایە کە لە دونیای دووجەمسەری رۆژئاوا و رۆژھەڵات، یان لە سوسیالیستی و سەرمایەداری بارودۆخێکی زۆر تایبەتی پێکھاتبوو کە ھەم دەوڵەتەکان و ھەم جووڵانەوەکان دەبوا لە بەرەیەکدا بن، یان لە جەمسەرێک خۆیان بگرنەوە، تەنانەت ئەو دەم کۆمەڵێک وڵات ھەبوون پێیان دەگوترا: "بەرەی وڵاتانی ناموتەعەھێد"، کەچی لە کردەوەدا خودی ئەو وڵاتانەش لە کۆنفرانسەکانی خۆیان و لە بەرەکەیاندا لە ناوخۆدا ببوونە دوو بەش، بەشێکیان مەیلەو سۆڤییەت بوون و بەشێکیان فۆرمۆلی رۆژئاوا بوون، یانی لۆژیک و مەنتقکی خودی سیستەمی شەڕی سارد دونیای دووجەمسەری بوو، کە بارودۆخێکی زۆر تایبەتی ھێنابووە ئاراوە، ئەو سەردەمە چەندین تایبەتمەندی خۆی ھەبوو، بۆ نموونە پێناسەی ستراتیژی سیاسی لە سەردەمی شەڕی سارد و سیاسەت لە دونیای دووجەمسەری زۆر سادە بوو، واتە شەفافییەتێکی زۆری نەدەویست، دیار بوو کێ لە کام جەمسەرە، واتە ئەو ئامانجانەی کە بۆ خۆت داتنابوون لە چوارچێوەی یەکێک لەو جەمسەرانە دەرنەدەچوون، بۆ خۆی دیار بوون، بۆیە سیاسەت لەو سەردەمە زۆر ئاسانتر بوو. جیا لەوەی کە تۆ خۆت چەند لاوازی، یان چەند بەھێزی، لە ھەر جەمسەرێکدا خۆت بدۆزیبایەتەوە، پێگەی تۆش لەوێ دیار بوو، جووڵانەوەکانیش وابوون، واتە مەرجەکانی باری شەڕی سارد خۆی بە سەر ئەو جووڵانەوەیانەشدا سەپاندبوو. دووجەمسەری بوونی جیھان لە ھەموو شوێنێک ھەندێ مەرجی بەسەر لایەنە جیاوازەکانی سیاسیدا سەپاندبوو، بۆیەش سەیر نییە کە بە کۆتایی ھاتنی شەڕی سارد و رمانی وڵاتانی سوسیالیستی کۆتایی بە ژیانی چالاکی زۆر جووڵانەوەی رزگاریخوازیش ھات. دیارە بەشێکی زۆری جووڵانەوە رزگاریخوازەکانی جیھان لە سەردەمی شەڕی سارددا سەریان ھەڵدابوو، دووجەمسەری بوونی جیھان پێداویستی داڕشتنی ستراتێژییەکی روونی کەمتر کردبووەوە. زۆربەی ئەو جووڵانەوانە بە پلەی یەکەم دەبوایە لایەنێک ھەڵبژێرن و دیاری بکەن کە ئایا لایەنگری سوسیالیزمن، یان ئیمپریالیزم، تەنانەت ئەو جووڵانەوانەی کە ھەوڵیان دەدا سەربەخۆ بن، یان خود لەم شەڕ و کێشەیەدا بێلایەن بن، لە کردەوەدا لە ژێر تاوی ئەو بارە دووجەمسەرییەدا بوون و لە سیاسەتدا ناچار بوون پەیڕەوی لە ھەندێ لەو مەرجانە بکەن کە ئەو ھەلومەرجە بەسەر جیھانیدا سەپاندبوو. لەو دونیا دووجەمسەرییەدا، بەشێکی زۆر لە لایەنەکان لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسییان تەنیا کۆپی کردنێک بوو لەم، یان لەو لایەنی سیاسی، بەو مانایە کە کەم لایەن دەیانتوانی لێکدانەوەیەکیان لە دەرەوەی ئەم بارە سەپێندراوەدا ھەبێ. رەنگدانەوەیەکی ئەم بارە لە کوردستان رەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیای چەپ بوو کە خۆی بە سەر زۆربەی لایەنەکاندا سەپاندبوو. لە کوردستانیش ئێمە ھیچ پارتێک، یان ھێزێکمان نەبوو کە خۆی وەک لیبڕاڵ، یان راست دەستنیشان بکات. لەم نێوە رەنگ بێ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران تەنیا حزبێک بێت کە بە ھۆی پێداگرتن و سەرکردایەتی دکتۆر قاسملو لەم رەوتە لایدا و وەک سوسیال دیموکرات خۆی ناساند، بەڵام سەرەڕای ئەو گۆڕانەش، ھەم بەرنامە و ھەمیش سیستمی ئەو حزبە تا ئەم دواییانە ھەر کۆپییەکی حزبە چەپەکان بوو، ئەم دیاردەیەش تایبەت بە کوردستان نەبووە، لە ھەموو شوێنێکی دیکەی جیھان شەڕی سارد کەم تا زۆر ھەمان کاریگەری و کاردانەوەی ھەبووە.



-: کۆتایی شەڕی شارد و داڕمانی وڵاتانی سۆسیالیستی تا چەند پرسی نەتەوەیی زەقتر کردەوە، ئایا ئەوە نەبووە ھۆی ئەوەی کورد رووبەڕووی قەیرانی پێناسەی نەتەوەیی بکاتەوە؟
د. سەعید شەمس: بێگومان پرسی جووڵانەوەی لە بەردەم زۆر نەتەوە زەق کردەوە، ئەوەش ئەنجامێکی زۆر سروشتی ئەو رەوتە بوو، واتە کۆتایی ھاتنی شەڕی سارد و یەکجەمسەری بوونی جیھان زۆر نەتەوەی رووبەڕووی قەیرانی پێناسە کردەوە، بەشێکی زۆر لە جووڵانەوەکانیش ناچار بوون تاریفێکی دووبارە لە رۆڵ، ئامانج و شوێنی خۆیان لەم نەزمە جیھانییە نوێیەدا بە دەستەوە بدەن. بۆیە لە درێژەی ئەم رەوتەدا زۆر جووڵانەوە، بەتایبەت جووڵانەوە چەپەکان بەرەو تا ئاستی نەمان رۆیشتن، بەشێکیشیان ئێستا لە بەشێ لە جیھاندا تەنیا وەک سێکتێک ماونەتەوە، کە دەتوانین نموونە لە ھەندێک لە وڵاتانی ئەفریقی، ئەمریکای لاتین و باشووری ئاسیا بێنینەوە کە بەشێکیان بۆ وێنە لە ئەمریکای لاتین بۆ درێژەدان بە ژیانیان دەستەودامێنی فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان بوون، ھەندێ لەوان لە پڕ یەکشەوە ئاراستەی سیاسییان گۆڕی و بوون بە لیبڕاڵ، یان لایەنگری ئەمریکا. بەشێک لەپڕ لەسەر ئەمری سەرکردەکەیان توێژی ئایدیۆلۆژییان گۆڕی و قاڵبێکی دیکەیان ھەڵبژارد. ئەو گۆڕانکارییە وایکرد لە کوردستانەوە تا ساندینیست و فەلەستینییەکان، ئەو جووڵانەوانە تووشی قەیرانێکی پێناسە بوون کە دووبارە ھەڵسەنگاندنی داھاتوو و ئامانجی ئەم جووڵانەوانە وەک پرسیارێک زەق بووەوە. ئەو دیاردەیە ھەر وەک گوتم، تەنیا دیاردەیەکی جیھانی سێیەم نەبوو، بەڵکو تەنانەت ئەوروپاشی گرتەوە، لەوێش تا ئێستا ھەم چەپەکانی نەریتی و ھەمیش سوسیال دیموکراتەکانی تووشی ھەندێ گرفت کردووە و شوێن و رۆڵی نەریتی ئەوانی بە جددی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. لە کوردستانیشدا ئەو قەیرانە بەر لە ھەموو شت لە ناوەرۆکی شەڕی چەکداری و لە دروشمی خودموختاریدا خۆی پێشان دا، بەڵام لە راستیدا قەیرانەکە پێوەندی بە پێناسەکردن و لێکدانەوەیەکی دووبارەی پێناس و شوێنگەی ئەو جووڵانەوەیە ھەبووە و ھەیە. ئەو سەردەم پرسی ناسنامە ھاتەوە گۆڕێ، ئەوەش قەیرانی پێناسەی نەتەویی زەقتر دەکرد، ھەروەھا پێگە و شوێنی جوڵانەوەکان لە سیستەمێکی نوێی جیھانی کە تازە پێکدەھات، بووە پرسێکی ھەنوکەیی. لە ١٩٩١ یەکێتی سۆڤیەت ھەرەسی ھێنا، مێژوونووسانیش ئەو وەک کۆتایی شەڕی سارد لە قەڵەم دەدەن، بۆ ئێمەی کوردیش ئەو کات ئەو پرسیارە ھاتە گۆڕێ کە پێگەمان لە سیستمی نوێی جیھانیدا چی دەبێت. ئێمەی کورد روودای زۆرمان بەسەرھاتووە کە جێی رامانن، تەنانەت پێش کۆتایی شەڕی ساردیش، ئەگەر زۆر دوور نەڕۆین ھەر لە ھەشتاکان تووشی ئەزمە و قەیرانێکی گەورەی سیاسی بووین، کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق ئەگەر بە نموونە وەر بگرین، دەبینین دۆخێکی تایبەتی لە چالاکیی سیاسی و سەربازی بەردەم کوردانی رۆژھەڵات و باشوور و تەنانەت باکووریش دروست کرد، کۆتایی شەڕی سارد و راپەڕینی مەزنی بەھاری ١٩٩١ی باشووری کوردستانیش کۆمەڵێک پرسی دیکەی لە بەردەم سیاسەتی کوردی زەق کردەوە، دۆخەکەی بە جۆرێکی دیکە ئاراستە کرد و کورد لەو دونیا سەیروسەمەری کە خەریکە دەگۆڕدرێت، دەبوا بیر لەوە بکاتەوە کە لە سیستمی نوێی جیھانیدا چ جێگە و پێگەیەکی دەبێت و چۆن خۆی پێناسە دەکاتەوە.



-: ئەگەر لە ناوچەکە و دوای کۆتایی شەڕی سارد فاکتی دەرەکی وەربگرین، چ خوێندنەوەیەکتان بۆ داگیرکردنی کوێت لە لایەن رژێمی بەعسی عێراق و شەڕی یەکەمی کەنداو ھەیە، رووی ئەرێنی و نەرێنی کاردانەوەکانی ئەو داگیرکارییە لە چارەنووسی کورد چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟
د. سەعید شەمس: بێگومان ئەو ھێرشەی سەدام حوسێن بۆ کوێت و شەڕی یەکەمی کەنداو، رووی ئەرێنی و نەرێنی بۆ سەر کورد ھەیە. ئەرێنی لە بەر ئەوەی کە بە رێکەوت جووڵانەوەی کوردی لەو قەیران و شکستەی دوای شەڕی ئێران و عێراق دوورخستەوە، واتە لە باشووری کوردستان کۆمەڵێک دەستکەوتی بۆ کورد لێکەوتەوە، خودی ئەو دەستکەوتانەش رەنگدانەوەی لە سەر کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان ھەبوو، نەرێنیش لە بەر ئەوە کە لە ھەر شەڕێکدا کۆمەڵێک مرۆڤ دەبنە قوربانی و زەرەرێکی زۆری گیانی و ماددی لێدەکەوێتەوە و داگیرکردنی کوێتیش لەوە بەدەر نەبوو.




-: بەڵام زۆر لە وڵاتان بە یەکڕیزی خۆیان و بە پشتیوانیکردن لە ریبَەران و تیۆریسیەنی نەتەوەیی خۆیان، توانییان سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان رابگەیەنن، کەچی باشووری کوردستان وێڕای ئەو دەرفەتە لەبارە، تاھەنوکەش لە ژێر باری ژێردەستبوونی حکومەتی ناوەندی بەتەواوی رزگاری نەبووە، ئایا ئێمە تیۆریسیەنی نەتەوەییمان نییە، یان ناتەباییەکان و ملمڵانێی ناوخۆیی لە پێکانی ئامانجە بنچینەییەکان دوورمان دەخاتەوە؟
د. سەعید شەمس: کورد ئێستا ئەو پێگەیەی ھەیەتی چ لە بواری خوێندەواری و چ لە رووی ئەو ئیمکاناتە جۆراجۆرەی بۆی رەخساوە و تەنانەت لە رووی ئابووریشەوە دۆخیکی باشی ھەیە، ئەوەی ئێستا کورد لە باشووری کوردستان لە ھەموو روویەکەوە ھەیەتی، ھەرگیز لە سەدەی رابردوو بۆی ھەڵنەکەوتووە، مەسەلەی ئیۆریسیەن و رێبەری کاریزما و شارەزا و پسپۆری نەتەوەیی ئەوانە رێژەیین، تەنانەت ململانێ و ناکۆکییەکانی ناوخۆش رێژیەکیان بەر دەکەوێت، پرسەکە زۆر بەرفراوانترە، واتە ھەموو ئەو دەستکەوتانەی باشووری کوردستان و ئەو کیانەی درووستبووە و تا رادەیەک ھاوڵاتییانی تێدا حەواونەتەوە، ھەمووی بە رێکەوت بوو. ئەوە بە مانای کەمکردنەوەی خەبات و گیانبازییەکانی کورد نییە، بەڵام راستییەکی حاشاھەڵنەگرە کە فشار و ھێزی گەورەی دەرەکی بۆ رزگاری گەلانی عێراق و ناوچەکە لە دیکتاتۆریەتێکی سەرەڕۆ، بە رێکەوت کۆمەڵێک دەستکەوتی بۆ کوردیش لێکەوتەوە.




-: دوای شەڕی دووەمی کەنداو پرسی کورد، بوو بە پرسێکی نێونەتەوەیی و بەتایبەتی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دانیان بەوەدانا کە ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانی کورد جینۆساید و پاکتاوی رەگەزی بووە، ئایا سیستمی نێونەتەوەیی واتە ئینتەرناشناڵ چ کاریگەرییەکی لە سەر دۆزی رەوای کورد نابێت بۆ ئەوەی کوردیش ببێتە خاوەن کیانێکی سەربەخۆ؟
د. سەعید شەمس: ئەگەر لە سیڤەرەوە بڕۆین بۆ لۆزان و ئەو گواستنەوەیە ببینین لە مێژووی کوردا، دەبینە شاھیدی سیستمێکی تازە کە پێی دەگوترێ ئیتحادییەی میلەل، یان نەتەوە یەکگرتووەکان، لەم سیستەمەدا ئینگلیس کە براوەی شەڕی یەکەمی جیھانی بووە و لە ناوچەکەشدا زاڵ بووە، رووسیای ھاوپەیمانی شۆڕشی تیا کراوە و کۆمەڵێک ئاریشەی خۆی ھەیە، فەرانسەی ھاوپەیمانی تا رادەیەک لاوازە، بەڵام ئەمریکای ھاوپەیمانی رۆڵێکی زۆر کاریگەری ھەیە لە ناوچەکەدا و بۆ ئیداری ناوچەکەش رای ئینگلیسی پێویستە، بەھەر حاڵ ئینگلیس یەکێک لە یەکەم یاریزانەکانی ئەو گۆڕەپانەیە، بەڵام ئێمە وەکو کورد کاتێک دێینە سەر مێژووی خۆمان و ئەو پرۆسەیەی کە شاھیدی بووین، ئەو لاوازییانەی کە ھەمانبووە لە پرۆسەی سیڤەرەوە بۆ لۆزان بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە بیرمەندانی ئێمە و پیاوانی دەسەڵاتدار و سیاسەتوان و رووناکبیری ئەو سەردەمانە بە شێخ و ئاغا و مەلاکانیشەوە لە یەک شتدا تێدا مانەوە، ئەویش ئەوە بوو کە میکانیزمی لۆژیکی ئەو سیستمە نێونەتەوەییەیان پشتگۆێ خستبوو، ئەوەش یەکێک لە ھۆکارەکانی شکستی کورد بووە، کە تا رووخانی کۆماری کوردستان لە مەھاباد بەردەوام بووە، خودی رووخانی کۆماری کوردستانیش دەبێتە سەرەتای سیستمێکی تازە، شەڕی ساردیش کاریگەری لەسەر زۆربەی بزووتنەوەکان دانا، بەتایبەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، چونکە لە چوارپارچەی کوردستان بە بەردەوامی سێ پارچەی لە بەرەی رۆژئاوادا بووە، عێراق ھەرچەند لە قۆناغێکدا لەو بەرەیەدا نەبوو، بەڵام تا ماوەیەکی زۆر عێراقیش ھەر لە بەرەی رۆژئاوادا بوو، وەک جووڵانەوەیەکی ئازادیخوازانە و رزگاریخوازانەش، ئەو کەسانەی کە ستراتیژی ئەو خەباتانەیان گەڵاڵە دەکرد، خۆیان لە بەرەی چەپدا دەدیتەوە، لە دوای کۆتایی شەڕَی ساردیش قەیرانی چەپ یەکێک لەو قەیرانە گەورانەیە، چونکە داڕمانی ئۆردووگەی سوسیالیستی تەنیا قەیرانی چەپ و مارکسیستەکان نەبوو، بەڵکو کاریگەری لەسەر سوسیال دیموکراتەکانیش دانا، لە کۆتایی شەڕی سارد ئەوانەی کە دژی سۆڤییەتیش نەبوون، قبووڵیان کرد کە چەپ لە خاڵی ھاوبەشیدا رووخا، سەرکردایەتی بزافەکانی کوردیش لەو سەردەمە بیرۆکەی چەپی بە سەریاندا زاڵ بوو، بۆیە نەیاتوانی لە ناسیۆنالیزم و فیداڕڵیزمدا خۆیان ببیننەوە، ئێمە حزبی ناسیۆناڵ و بزافێکی سیاسیی سەربەخۆیی خواز و فیدڕاڵی خوازمان تا ئەم دوو دەیەی رابردوو نەبووە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی ھەرە زۆری رووناکبیر و سیاسەتوانی کورد کاریگەری بەرەی چەپیان لەسەر بووە.




-: کەواتە جگە لەوەی سیستمی نێونەتەوەیی کاریگەری نەرێنی لە سەر دۆزی کورد داناوە، بەرەی چەپیش کوردی لە بیرۆکەی سەربەخۆیی دوور خستۆتەوە، بەڵام لە باشووری کوردستان دوای نەمانی شەڕی سارد و کاریگەرییەکانی بەرەی چەپیش، کە دوو دەیەی بەسەردا تێپەڕیوە، ھێشتا حزب و لایەنی سەربەخۆیی خوازی کورد کە بە ئاشکرا بانگەشەی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی بکەن، زۆر دەگمەنن، ئایا بەشێکی ئەو سستییە بۆ خودی کورد ناگەڕێتەوە؟
د. سەعید شەمس: بێگومان، دوای سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان، کۆمەڵە پرسیارێکی سیاسی و ستراتیژی لە سەر یەک کەڵەکە بوون کە پەراوێز خراون، ئەوە تەئخیرێکی بڵندی بیست ساڵەیە و لەو ماوەیەدا و بەتایبەتی لە کاتی داڕمانی بەعس و نەمانی دەوڵەتی عێراقی، کورد دەیتوانی وەڵامی بەشێکی زۆر لەو پرسیارانە بداتەوە و ھەنگاوی مەزنتر ھەڵبگرێت، ئێستاش کە ئێمە شاھیدی سیستمێکی نوێی نێونەتەوەیین، ئەو باسە دووبارە دێتەوە گۆڕێ کە ئەو سیستمە چۆن پێناسە دەکەین و میکانیزمەکەی چۆن دەبینین. کاتێک باسی دیاریکردنی مافی چارەنووسی سیاسیی گەلان دەکەی، ئەم مافە گرێ دراوە بە دەوڵەت میللەت. بەرپرسێکی پلەبەرزی سەربازیی ئێران کە خۆی حکومەتی ھەرێم بە فەرمی ناناسێت، ھەروەھا پێکھاتەی چەند نەتەوەیی لە عێراق و دوو میللەتی سەرەکی و زۆرینەی ئەم وڵاتە بە فەرمی ناناسێت، سەرۆکی ھەرێم بەڕێز مەسعود بارزانی تۆمەتبار کرد و گوتی "خیانەتی بە میللەتی ئێران و عێراق کردووە"، ئەمانە بۆ شێواندن و بە لاڕێدابردنی رای گشتییە، چونکە ئەو خۆی دەستوەردانی عێراق دەکات و لە ناو شیعەی عێراق نفووزی ھەیە و ھەرێمێک بۆ سوننە، یان کورد بە رەوا نابینێت، واتە بەرپرسێکی پلەبەرزی سەربازیی ئێران پێیوایە ئێران و عێراق ھەرکامیان یەک میللەتیان ھەیە، واتە میللەتی فارس و میللەتی عەرەب، ئەوەش لە پێناوی ئامانجی مەزھەبی و شیعەگەراییە بۆیە دەستپێشخەرییەکانی سەرۆکی ھەرێم بۆ پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و مافی چارەی خۆنووسین بە خیانەت بە میللەتی ئێران و عێراق ناو دەبات. بۆ دەبێت پاسدارێکی ئێرانی خۆی بە خاوەنی کێشەی ناوخۆی عێراق بزانێت؟ ئەمجۆرە روانینە بۆ میللەت و نکۆڵیکردن لە نەتەوەکانی دیکە بەردەوام کێشەساز بووە.



-: ئەگەر پارادۆکسی رێکار و قۆناغەکانی گەیشتن بە کیانی سەربەخۆی کورد، خاڵبەندی بکەن، چۆنی دەستنیشان دەکەن و پێتانوایە دەبێت چۆن جێبەجێ بکرێ؟
د. سەعید شەمس: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرینگ و قورسە، چونکە مەسەلەکە تەنیا لۆژیکی و تیۆری نییە، سیاسی و مێژووییشە، یانی ھەر جووڵانەوەیەکی نەتەوایەتی مێژوویەک و کۆمەڵێک نەریت و سوننەتی تایبەت بە خۆی ھەیە، بەڵام گرنگە ئەولەوییەت بەوە بدرێ کە چۆن خۆت وەک نەتەوە پێناسە دەکەی، یان چۆن ئەو بەحسە دێنیتە گۆڕێ.. بەداخەوە لێرە بە خوێندنەوەی کوردی دەڵێن کوردۆلۆژی، ئەوە شتێکی نەشیاو و نەگونجاوە، ئێمە لە ئاستی دونیا شتێکمان نییە بە ناوی ئەمریکی لۆژی، یان فرەنسی لۆژی، یان ترک و فارس لۆژی، خۆ کورد حەیوان نییە، بەڵام دەکرێ بە شێوەیەکی زانستی موتاڵای کوردی، یان خوێندنەوەی کوردی بکرێ، ناسیۆنالیزم و بیری نەتەوەیی لە ناوڕاستی حەفتاکانەوە گۆڕانکارییەکی مێتۆدۆلۆژکیی بنەڕەتی تێدا کرا، ئەوەی ئەمڕۆ لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژئاوا وەک ناسیۆنالیزم دەناسرێ، پێشتر بەو مانایە نەبووە، ناسیۆنالیزم بابەتێک بووە کە ھەر لە سیاسەتدا نەبووە، تەنیا لە باری لۆژییەوە باسیان کردووە، دواتر لە پەنجاکان ھاتۆتە ناو سیاسەت، بەڵام لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە ناسیۆنالیزم کەوتۆتە ھەموو بوارەکانی کۆمەڵناسی و فەلسەفە و مرۆڤناسی و تەواوی زانستەکۆمەڵاییەتییەکان و بە تەواوی گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە.
-: بەڵام رایەک ھەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناسیۆنالیزم شەڕی خۆھێشتنەوەیە و ئەو خۆھێشتنەوەیەش لەگەڵ سەرھەڵدانی مرۆڤ ھاتۆتە ئاراوە، واتە شەڕی خۆھێشتنەوە سەرەتا بەرامبەر بە سروشت بووە، دواتر خۆھێشتنەوەی خێڵ و قەوم و نەتەوەکانی گرتۆتەوە؟
د. سەعید شەمس: بەڵێ، بەڵام ئەم پێناسەیەی کە ئەمڕۆ پسپۆڕانی رۆژئاوایی لە سەر ناسیۆنالیزمی دەکەن، زۆر جیاوازە تەنانەت لەوەی پێش سی ساڵی رابردوو.




-: دوو شاعیری نەتەوەیی ئەگەر بە نموونە بێنینەوە، وەک خانی کوردستانی و دانتە ـی ئیتاڵی، ئەوان بە ئاشکرا تەنانەت داوای سیستمی پاشایەتی و ئیمپراتوریەتی نەتەوەیی دەکەن، چ خوێندنەوەیەکتان بۆ ئەو جۆرە ناسیۆنالیزمە ھەیە؟
د. سەعید شەمس: خانی باسی ئەوە دەکات کە کورد سەروەرییەکانی بپارێزرێت، رۆمی و عەرەب و عەجەم لە کورد جیا دەکاتەوە، خانی داوای یەکگرتوویی کورد دەکات، داوای پاشایەکی دادپەروەری خاوەن تاج و تەختی کوردی دەکات، داوا دەکات کورد ئیرادەی بەھێز بێت و دەوڵەتی خۆی ھەبێت، ھەموو ئەوانەی کردووە، بەڵام ئایا ئەو قسانەی خانی بەڕاستی لە چوارچێوەی پێناسەی ناسیۆنالیزمی ئەمڕۆدا دەگونجێت؟ ھەمان باسیش لە دانتە ھەیە، دانتە لە جمھووری فلۆرانس رۆڵێکی زۆر کاریگەری ھەبووە، ئەو دوو تێکستی ھەیە کە زۆر گرنگن، یەکێکیان لە سەر زمانە و ھاتووە ھەموو زمانەکانی ئەوروپایی دابەش کردووە، بە زمانی ئەروپای رۆژئاوا و رۆژھەڵات و زمانی ژرمەنی و رۆمانی و ... ھتد کە زمانی ئیتالیایی لە ھەموو ئەو زمانانە جیا دەکاتەوە، چونکە خویشی شاعیرێکی گەورەیە لەسەر بنەمای زمان نەتەوەی ئیتالیا دێتە گۆڕێ لە سەدەی چواردەی زایینیدا، بەڵام لە تێکستی دووەمی کە لەسەر سەڵتەنەت نووسیویەتی دانتە دەڵێ: باشترین شێوازی دەسەڵاتداری و وڵاتداری سەڵتەنەتە، ئەو پاشایەتییەی ئەو بیری لێدەکردەوە حاڵەتێکی ئیمپراتووری ھەبووە، دانتە لە لایەک باسی زمان و ناسیۆنالیزمی ئیتالی دەکات و ھاوکات بوونی سۆڵتان، یان ئیمپراتۆرێی ئیسپانی قبووڵ ناکات. باسی دانتە لە زمان و نەتەوەی ئیتالیایی باسێکی کەلتوورییە، بەڵام باسەکەی لە سەر سیستمی پاشایەتی باسێکی سیاسییە.ئێمە رەتی ناکەینەوە کە ناسیۆنالیزمێکی سیاسی و مێژوویی ھەبێت و ناسیۆنالیزمێکی کەلتوورییش دەبێت ھەبێت، بەڵام ئەو پێناسەیەی کە ئەمڕۆ لە سەر ناسیۆنالیزم دەکرێ، لە بنەڕەتدا پێناسەیەکی سیاسییە. واتە پرەنسیپێکی سیاسییە کە دان بەوە دا دەنیت کە دەسەڵاتێکی سیاسی نەتەوەیی، یان وەک ئەوەی پێیدەگوترێت، نەتەوە دەوڵەت ھەبێت. بە شێوەکی کورت و چڕوپڕ ئەگەر باسی ناسیۆنالیزم بکەین، ئاماژە بەو جووڵانەوە سیاسییانە دەکات کە خوازیاری ئەوەن دەسەڵاتی نەتەوەیی، یان نەتەوە دەوڵەت سەقامگیر بکەن، یان ئەگەر ئەو دەوڵەتەیان ھەبێت، دەبێت بە گوتاری ناسیۆنالیستی شەرعییەت بە پراکتیکی خۆیان بدەن، بەمجۆرە گوتاری ناسیۆنالیستی سێ پێوەری ھەیە، یەکەم: نەتەوەیەک ھەیە بە نێوی نەتەوەی من، جا ئەو نەتەوەیە کوردە، فارسە، عەرەبە، من جیا دەکاتەوە لە نەتەوەکانی دیکە و بنەمای دروشمی ناسیۆنالیستی لێرەوە دەستپێدەکات. دووەم: بەرژەوەندی نەتەوەیی کە زاڵە بە سەر بەرژەوەندییەکانی دیکەدا، جا بەرژەوەندی جنسی بێت، ناوچەیی بێت، عەشیرەتی، یان چینایەتی، یان ھەر جۆرە بەرژەوەندییەکی دیکە بێت، سێیەم: نەتەوە دەبێت سەربەخۆ بێت، واتە کیانێکی سەربەخۆی خۆی ھەبێت، ئەوەش پێویستی بە ھەورەبانێکی بەر فراوانی سیاسی ھەیە کە لە ژێر رەھێلەی باران تەڕ نەبێت، واتە بە پێوەری ناسیۆنالیستی نەتەوە نابێ کرێچی نەتەوەیەکی دیکە بێ.




-: کۆتایی شەڕی شارد پرسی ناسنامەی نەتەوەیی لە لای زۆر نەتەوە زیندوو کردەوە، تەنانەت سوسیال دیموکراتەکان خەریکن دووبارە خۆیان پێناسە دەکەنەوە، بەڵام بۆچی کورد لە بیست ساڵی رابردوودا ھەنگاوێکی ئەوتۆی لەو بوارەدا ھەڵنەگرتووە، بۆچی ناسیۆنالیستی کوردی پەراوێز خراوە؟
د. سەعید شەمس: کورد دوچاری شکست و نسکۆی زۆر بووە، لە دوای کۆماری کوردستانیشەوە ھێزە سیاسییەکانی ئێمە و جووڵانەوەکانیان زیاتر ھێزی بەرھەڵستکار بوون، ئەو ھێزانە تیۆرەکانیان و بنەمای فکری سیاسییان لە چوارچێوەی گۆتارێکی شەڕی سارد دەرنەچووە، واتە گوتارێکە کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستادا بووە، واتە ئەگەر بڕواشیان بەوە نەبووبێت، بەڵام کردار و دروشمیان لە وڵاتی چەند نەتەوەیی دەرنەچووە و ئامانجی ئاشکرای بۆ دامەزراندنەوەی دووبارەی کۆماری کوردستان، یان دەوڵەتی کوردی نەبووە. تا ئێستاش دەبینین زۆربەی حزبە کوردستانییەکان ئەو ئامانجەی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام سەرۆک بارزانی بە ئاشکرا بۆ رای گشتی باسی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی کورد دەکات. بێگومان دەشزانێت کە ھەر کاتێک کورد داوای رزگاربوونی یەکجاری و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆ بکات، رووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەکەنەوە، بەڵام لە ئێستادا پێگەی کورد لە ئاستی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی پێگەیەکی بەرزە و کۆمەڵێک پشتیوانی ھەیە، ئیدی بەو ھەموو دەستکەوتانەوە، عێراقچێتی کردن و بەھادان بە دەوڵەتی عێراقی، نابێت وا کورد سەرقاڵ بکات کە لە سەروەرییەکانی خۆی دوور بکەوێتەوە.
-: سەرەڕای جیاوازییەکان لە رووی ئایینی و کەلتووری و شێوازی خەبات و پێکھاتەی جوگرافیای سیاسی، ئایا باشووری کوردستان دەتوانێت، باشووری سودان بکاتە سەرمەشقێک بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت؟



د. سەعید شەمس: بێگومان دەتوانین سوود لە ئەزموونی ھەموو ئەو وڵاتانە وەربگرین کە خۆیان لە بندەستی رزگار کردووە و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دامەزراندووە، بە باشووری سودانیشەوە، ھەر نەتەوەیەک تایبەتمەندییەکانی خۆی ھەیە و سترارتیژی نەتەوەیی و بەرژەوەندی نەتەوەیی تا چەند زاڵ بێت بە سەر بەرژەوەندییەکانی دیکەدا، ئەوا رێگەکان بۆ گەیشتن بە ئامانج ھەموارتر دەکەن. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ھەلومەرجی ئێمە لەگەڵ باشووری سودان زۆر جیاوازی ھەیە و نابێت تووشی ئەو ھەڵەیە بین، کە ئەوەی نەتەوەی دیکە بۆ رزگاری خۆی ئەنجامی داوە، ئێمەش دەقاودەق ھەمان کار بکەین.
-: کورد لە دوای کۆماری کوردستانەوە بەردەوام لە چوارچێوەی دەوڵەتی داگیرکەردا ویستوویەتی کێشەی خۆی چارەسەر بکات و پتر لە ٦٠ ساڵە ھەڵگری ئەو ستراتیژییە بێ ئەنجامە بووە، ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە لانیکەم لە باشووری کوردستان پەرلەمانی کوردستان بە نوێنەرایەتی گەل بڕیاری جیابوونەوە لە عێراق بدات؟


د. سەعید شەمس: ئێمە ئەگەر ئەو ستراتیژییەش گەڵاڵە بکەین و سەرکردایەتی کوردستان بە پشتیوانی خەڵک داوای سەربەخۆیی بکات، دەبێت پێش ھەمووو شتێک ئێمە ئەوە بزانین کە ئەو داواکارییە ئاراستەی حکومەتی ناوەندی عێراق دەکەین، یان ئاراستەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەکەین، یان داوا لە ھەردوو لایان دەکەین، ئەگەر گوتیان نا، ھەنگاوی دوای ئەوە چییە؟ ئەمانە ھەمووی دەبێت زۆر بە وردی گەڵاڵە بکرێن، گرنگترین خاڵ کە دەبێت لە سەری بوەستین ئەوەیە کە لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێ باشووری کوردستان ببێتە دۆسیەیەکی نوێی جیھانی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی، چونکە پیوەر ئەوەیە وڵاتێکمان ھەبێت کە ھەمانە، دەبێت ئەزموونی حوکمڕانیمان ھەبێت، کە ئێستا لە باشووری کوردستان ماوەی زاتر لە بیست ساڵە ئەزموونی دەوڵەتداریمان ھەیە، بەڵام پرسەکە رامانی زۆری دەوێت، ئایا ئەگەر سەربەخۆیی کوردستانیش چەسپا، ململانێی ناوخۆیی شەڕی ناوخۆییەکی دیکەی لێناکەوێتەوە؟ ئایا بە فیتی دەرەکی و بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ و بەرکەوتەی کورد تەبایی و یەکڕیزی گەل تێکنادرێ؟ ئایا ئەو زەمانەتە ھەیە، ئایا ئێمە خۆمان ئامادە کردووە بۆ ھەموو ئەو شتانەی باسمان کرد؟ ئەوانە پرسگەلێکی زۆر جددین، ئەمە جیا لەوەی کە وڵاتێکی سەربەخۆ دەبێت لە رووی ئابوورییەوە تواناسازی پیشەیی ھەبێت و لە رووی پەروەردە و تەندروستی و ... ھتد ھەوڵ بدات سەردەمییانە بێت.



-: بەڵام ئێمە حزب و لایەنی کوردیمان ھەیە کە بۆ خاتری خاترداران دەڵێت کاتی باتگەشەی دەوڵەتی کوردستان نییە، ئایا ئەم شکاندنی سەروەرییەکانی کورد نییە کە بەشێک لە شارستانییەت لەسەر دەستی ئەم نەتەوە غەدر لێکراوە دامەزراوە؟ بۆچی سەرکردایەتی کورد دەبێت لە درکاندنی مافی رەوای نەتەوەیی خۆیدا راشکاو نەبێت؟
د. سەعید شەمس: خۆی لە راستیدا ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کورد داوا بکات گەلی کورد تەنیا بە مافی شارومەندی رازی بێت، ئەوە زۆر مەترسیدارە. لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان ئەو پەڕی دەڵێن ئێوە لە جێی خۆتان دانیشن و عاقڵ بن، ئێوە ناتوانن دەوڵەتێکتان ھەبێت، بەڵام لە چوارچێوەی دەوڵەتی خۆمان شتێکتان دەدەینێ، ھەر ئەمەش قەیران و ئەزمەی لە تورکیا و ئێران و عێراق دروستکردووە، منیش دەڵێم تا ئەو رۆژەی دەوڵەتی کوردستان پێکنەیەت، دامەزرانی ئەو دەوڵەتە خەونە، بەڵام مادام خەونە کەس ناتوانێت پێشگیری لێبکات و ئەو خەونە ھەر دێتەدی، بەتایبەتی کە ئەو ھەلومەرجە لە باشووری کوردستان زۆر ئامادەیە و ئەوەش بیرێکی زۆر ھەڵەیە کە پێمانوابێت یەکگرتنەوەی عێراق بە سێ پێکھاتەی کورد و عەرەبی شیعە و سوننەوە کارێکی ئاسانە. بێگومان ھەتا ئێستا ناسنامەیەکی عێراقی کە تەوافقی ھەموو نەتەوە و لایەنێکی مەزھەبی و سکۆلاری نەتەوەی جیاوازی لەسەر بێت، نەک ئاسان نەبووە، بگرە مەحاڵ بووە.



-: لە دانیشتنێکدا کە چەند سەناتۆری ئەمریکی ئامادەی بوون و میوانداریمان کردن، ئەوان زۆر راشکاوانە گوتیان یەکگرتنەوەی ھەموو بەشەکانی کوردستان و دامەزرانی کوردستانی مەزن مەحاڵە، بەڵام دەکرێت وەک باشووری کوردستان لەم قۆناعەدا چەند ھەرێمێکی کوردستانی لە ھەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان بێتە ئاراوە، کە بتوانن بە ئاسانی ھاتوچۆی یەک بکەن و داھاتووی دووریان پێکەوە تاوتوێ بکەن، ئایا ئەم بۆچوونەی ئەوان کە وا پێداگری لەسەر دەکەن بە ھۆی ئەوەیە کە ئەوان خۆیان بە خاوەنی چارەنووسی سیاسی ئێمەی کورد دەزانن و دەبێت ھەر لە سەر مێزەکانی ئەوانە چارەنووسی سیاسی کورد دیاری بکرێت، یان کورد خۆی بێھێزە، واتە وەک میشل فۆکۆ دەڵێت "حەقیقەت لە دەرەوەی میکانیزمی ھێز نییە"، ئایا کورد ھێشتا ئەو ھێزەی نییە کە ئەو حەقیقەتە بێنێتە ئاراوە؟
د. سەعید شەمس: ئەوە پرسیارێکی زۆر ھەستیارە، چونکە یەکێک لەو گرفتانەی کە لە ھەشتاکانەوە ئێمەی کورد بە زەقی رووبەڕووی دەبینەوە، ئەوەیە کە کەمتر گرنگیمان بە فاکتۆری دەرەکی داوە، لە حاڵیکدا ھەر ئەو زلھێزانە خەریکن بە تەواوی چوارچێوەی پێناسەی سیاسی و نەتەوەییمان دیاری دەکەن، سیاسەتیشمان لە ئاستی دیپلۆماسی بەردوام لە خوارەوە بووە، کە دیپلۆماسی بەشێکە لە سیاسەت، ئەو گفتوگۆ و چەنەلێدانەی کورد بۆ بەرامبەری تا ئەم چەند ساڵەی دوایی نامۆ بووە، قەتیسکردنی خواستەکانیش لە پێوەندی دیپلۆماسیدا زۆر مەترسیدارە، سروشتییە کە سیاسەت لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە، بەڵام مێژووی ھاوچەرخی کورد ھەمیشە گواستنەوە بووە لە سیڤەر بۆ لۆزان، واتە ئەزمەیەکی لە ناوچەکە پێکھاتووە، ئەو ئەزمەیە بۆشاییەکی دەسەڵاتی لە ناوچەکە دروستکردووە و ئێمەی کورد ھاتووینەتە گۆڕەپانەکە و بووینەتە فاکتۆرێکی گرنگ، لە ئەنجامی کۆتاییشدا ئەو ئەزمەیە بە قازانجی زلھێزەکانی جیھانی کۆتایی ھاتووە، بەڵام لەم دۆخەدا کوردیش دەستکەوتی خۆی دەبێت. بە گشتی کێشەی ئێمەی کورد لەو سەردەمەوە تاکو ئێستا ئەوە بووە کە ئەکتەری سەرەکی نەبووین و بەرەوام بەو خەیاڵەوە ژیاوین کە ئەمەریکا، یان ئینگلیس دۆستی ئێمەن و ھەر ئەوانیش رزگارکەری کورد دەبن، ئەگەرچی ئەگەر بە ویژدانەوە سەیر بکەین، دەبینین کە سیاسەتی ئینگلیس و ئەمەریکاش بەرامبەر بە کورد گۆڕانی زۆری بەسەردا ھاتووە.




-: زۆرجار سیاسەتوان و دەوڵەتدارانی وڵاتانی زلھێز جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئاسایشی رۆژئاوا بە ھێمنی لە رۆژھەڵاتی ناوینەوە بەستراوەتەوە، کوردیش وەک نەتەوەیەکی پتر لە ٤٠ ملیۆن کەسی لەو بوارەدا پەراوێز خراوە. ئەگەرچی مسعود بارزانی ماوەیەکە ھەوڵی داوە ئەو تەلیسمە بشکێنێت، بەڵام بۆچی بەگشتی جۆرە شەرمێک لە ھەڵوێستی سەرکردایەتی کورد ھەستی پێدەکرێ لەوەی کە سازشی زۆری کردووە و راشکاو نەبووە لە درکاندنی خواستی گەلی کورد کە دەبێت دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی ھەبێت؟
د. سەعید شەمس: من وشەی شەرمەوێنی زۆر بە گونجاو نازانم، بەڵام کۆمەڵێک سەرکردەمان بووە کە لە پێناسەکردن، یان فۆرمۆلەکردنی نەتەوەیی زۆر شەفاف نەبوون، لەوانەیە ھۆکاری سەرەکی ئەوەش ئەوە بێت کە رێبەرانی سیاسی ئێمە زیاتر گرنگییان بە باڵانسی ھێزەکان داوە، ئەوەش نابێتە جێگەی رەخنەیەکی جددی و ناکرێت بۆ شەرمەوێنی ئەوان لە ھەڵوێستی سیاسیدا بگێڕینەوە.




-: با پرسیارێکی تەقلیدیش بکەین کە لە ھەموو گفتوگۆ و دیدارەکاندا دووپات دەکرێتەوە، ئایا راگەیاندنی کوردی لە پێناسەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەھێزکردنی ئینتیمای نیشتمانی بە ئەرکی خۆی ھەستاوە، یان بە شتی لاوەکییەوە خۆی سەرقاڵ کردووە؟
د. سەعید شەمس: لە خوا بەزیاد بێ ئەوەی زۆرە رۆژنامە و کەناڵی راگەیاندنی کوردییە، بەَڵام لە سەداچەندی دامودەزگاکانی راگەیاندن ھاتوونەتە سەر ئەو باسە کە ئێمە وەکو کورد چین؟ چ پێگەیەکی نەتەوەییمان ھەیە و چۆن پێناسەی خۆمان بکەین؟ ئەگەر بمانەوێت ببینە ئەو ھێزەی کە خاوەنی کیانی خۆمان، دەبێت پێشەکی ئەو ئەکتەرە سەرەکییە ساز بکەین کە لە کۆمەڵاگەی خۆماندایە. سەرۆکی ھەرێم لە دیدارێکیدا لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ پەیامێکی ھەبوو کە زۆر چارەنووسساز بوو، بەڵام لایەنێکی راگەیاندن بە ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتیشەوە لەو پەیامەیان تێنگەیشتن، یان نەیانویست گرنگی پێبدەن، سەرۆکی ھەرێم زۆر راشکاوانە باسی ئەوەی کرد کە ئەوانەی رەخنە لە ئینفسال و جیابوونەوە دەگرن قسەیەکی زۆر بێمانا دەکەن، لە بەر ئەوەی ئێمە ھەرگیز نە عەرب بووین نە تورک و فارس بووین کە ئێستا بمانەوێت جیا ببینەوە، مادام ئێمە کوردین جیابوونەوە ئینفسال نییە، ئەمە شتێکە کە لە تیۆری ناسیۆنالیزم بە مانای ئەمڕۆی خۆی بە ئاسانی جێی دەبێتەوە. ئەو پەیامە ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە بەرژەوەندی خۆی نەدەبینی کە باسی بکات، دەبوا لانیکەم راگەیاندنی دەسەڵات زۆر بە وردی سەرنجی بدابایە و دەیان بابەتی شیکاری و وردبینانەیان لەسەر بڵاو بکردبایەتەوە.



-: بەڵام بەشێک لە نوخبە و رۆشنبیری کورد پێیانوایە ئەرکی ئەوان ئەوەیە کە تەنیا پشت لە دەسەڵات بن و دەبێت بە ھەموو شێوەیەک تەنیا دژایەتی دەسەڵاتی خۆماڵی بکەن، ئەوەش دەخەنە خانەی دیموکراسی و مۆدێڕنیتەوە، ئەوە چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟
د. سەعید شەمس: منیش بە راشکاوی دەڵێم کە بەشێک لە رووناکبیرانی ئێمە چ لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و چ لە بەرەی دەسەڵاتیش زۆر گیرۆدەی کێشەی دیموکراسین، ھەر کەسێک زانستی سیاسی خوێندبێت دەزانێت کە مەسەلەی رزگاری نەتەوایەتی خۆی بە دەسەڵاتی سیاسییەوە دەبەستێتەوە، خودی دروشم و پرەنسیپی دیاریکردنی مافی چارەنووسی سیاسی، مافەکە تەنیا دیاریکردنەکەیە، ئەوەی دیکەی ھەمووی دەسەڵاتی سیاسییە، بۆیە ھەموو ھەوڵەکان دەبێت بەو ئاقارەدا بن کە ئەو دەسەڵاتە ساز بکرێت.
Top