سەروەری و دەستكەوتەكانی كوردستان ناكەینە قوربانی گەڕانەوە بۆ بەغدا
April 12, 2016
دیمانەی تایبەت
ئەمڕۆ كوردستان لە قۆناغێكی هەستیار و گرنگدایە، جیهانی پێشكەوتوو بە چاوی رێز و گەورەوە دەڕوانێتە دەستكەوتەكانی. ئەگەرچی بارودۆخەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ناوچەكە دۆخێكی وای خستۆتەوە كە لەچەند لایەكەوە دەیانەوێ ئەزموونەكەی كوردستان تووشی قەیران بێت، بەڵام سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و خۆڕاگرتنی بە سەرۆكایەتی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وایكرد وڵاتانی ناوچەكە و جیهانی پێشكەوتوو بە تێڕوانینێكی پڕ ئومێدەوە بڕواننە چارەنووسی ئەم گەلە.كورد بە كردار و سیاسەت سەلماندوویەتی كە گەلێكی ژیرە و لەگەڵ تیرۆر و ئاژاوەدا نییە. سەرۆك بارزانی سەركردایەتی گەلێكی بەتوانا و پێشمەرگەیەكی دڵسۆز و ئازا دەكات كە جگە لە خۆپاراستن و بەرگریكردن لەخۆی شەڕی هەموو جیهان و گەلانی پێشكەوتووخواز لە دژی تیرۆر دەكات. من وەكو كەسێكی چاودێر لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی بە وردی دەڕوانمە سیاسەتی دیپلۆماسی و هەڵوێستی هێزە گەورەكانی جیهان. ئەوان كەسانی كاریزما و مێژووپاك و راستگۆیان زۆر خۆش دەوێت، ئەم خاڵەش لە سەرۆك بارزانی-دا هەیە، هەر بۆیە توانیوێتی وەكو سەركردەی نەك هەرێمێك، بگرە دەوڵەتێك لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكاندا پێشوازی لێ بكرێت. وەنەبێت ئەم دەستكەوت و ناوبانگە بەدڵی هەموو حكومەت و لایەنەكان بێت، چونكە جیهانی ئەمڕۆ بە سەر چەند جەمسەرێكدا دابەش بووە و زەحمەتە ئێمەی كورد و چارەنووسمان بەدڵی هەموو لایەك بێت. هەربۆیە دژایەتیكردنی سەرۆك بارزانی وەكو خاڵی بەهێزی كوردستان لێرەو لەوێ و بەداخەوە لەناو هەندێك هێز و كەسانێكیشدا لەناوخۆی كوردستان دروست بووە، بێ ئەوەی بزانن دژایەتیكردنی بارزانی دژایەتیكردنی دەوڵەت و دەستكەوتە گەورەكانی كوردستانە.
لەم روانگەیەوە ئێمەی كورد ئەم هەموو سەروەری و دەستكەوتانەی بە خوێنی سەدان شەهید بەدەست هاتووە، ناكەینە قوربانی دووبارە گەڕانەوە بۆ بەغدایەكی رووخاوی سیاسی و سوپایی، گەڕانەوە بۆ ناو باوەشی بەغدایەك پڕ لە قین و بوغز دژ بە كوردو كوردستان، بەغدایەك كە تادوێنێ كۆمەڵكوژی دەكردین لە سەحراكانی رومادی و بەسرەدا، ئەمڕۆش برسی و هەژارمان دەكات و ئابڵوقەی ئابووریمان دەخاتەسەر و تاوانی هاوشێوەی نزامی بەعسی فاشی دووبارە دەكاتەوە. ئەمڕۆ بەغدا نەك لە سیاسەتی ناوچەكە و جیهان بەشدار نییە، بەڵكو لە ناوخۆشدا بە سیاسەتێكی شۆڤێنی و مەزهەبی بەڕێوەدەچێت. ئەو هێزە توندڕەوانەی كە ئەمڕۆ لەبەغدا بەناوی مەزهەبی و قەومی كاروبارەكان بەڕێوەدەبەن، هەموو ئامانجیان دەست بەسەراگرتنی بەش و پشكەكانی گەلی كوردە لە ناو حكومەتی عێراقی فیدڕاڵدا، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە هەندێك میدیا و میدیاكاری نادڵسۆز بە كوردستان و كۆمەڵێك لە بەكارهێنەرە ناتەندروستەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەستاون بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی ناشیرینكردنی سەروەرییەكانی كوردستان و لە كەمكردنەوەیان بە بەكارهێنانی دەستەواژەی گەڕانەوە بۆ باوەشی حكومەتی عێراق، بەڵام لەگەڵیشیدا بۆ خەڵكی كورستانیان ڕوون نەكردۆتەوە ئەو عێراقە كامەیە و نەیانوتووە ئەوا سێ ساڵە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕیوە كە نان و قوتی خەڵكی لەسەرە، ڕوونیشیان نەكردۆتەوە كە چەندین جۆر حەشدیان دروست كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كورد نەك تیرۆر و عێراقێك كە ئاستی سیاسەتیان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە بۆ ئاژاوەنانەوە لە نێوماڵی كوردا هەموو شتێك بكات، نزیكترین نموونەش ئەویە كە عبادی ڕایگەیاند لە پرسی بەناو چاكسازی كە مەبەستی تەنیا نانەوەی ئاژاوەی سیاسی بوو لە نێوماڵی كورددا بە كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و دەسەڵاتی كورد لە بەغدا، هەموو ئەو وەزارەتانەی بەركەوتن كە وەزیرەكانیان كوردە كە مەبەستی سەرەتا و كۆتاییان بوو، نەك بە ناو چاكسازی!
من ئەوەندە بەو میدیا و میدیاكاران و بەكارهێنەرە ناتەندروستانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەڵێم: ئێوە نانی ئەم خاكی كوردستانە ئەخۆن كە بەرهەمی دوێنێی شەهیدان و ئەمڕۆی حكومەتی كوردین و لە كوردستانێكدا ئەژین كە هەمیشە لە ئاسایش و سەقامگیریدایە، لە بری وشەی دژایەتی و لە كەمكردنەوەی كوردستان، هەوڵبدەن بە وشەی گوڵ پشتگیری بكەن بۆ ئەوەی كە كورد گەیشتە ئامانجی سەربەخۆیی ڕوویەكتان هەبێت لەسەر خاكەكەی نیشتەجێ بن...
بەڕای من هەر تاكێك بیەوێت ئەگەر بە وشەیەكیش بێت كوردستان لەكەدار بكات، ئەوا پێش هەموو شتێك كەرامەتی خۆی لەكەدار دەكات و مێژوویەك لە سەرشۆڕی بۆ خۆی دەنووسێتەوە. ئەمڕۆ كوردستان پێویستی بە یەكڕیزییە، نەك بە پڕوپاگەندە. پێویستی بە خەباتی فیكرییە، نەك دژایەتی یەكدی.. ئەوەی ئەمڕۆ گوڵێك بچێنێت بۆ سەربەخۆیی و سەروەری كوردستان بەرهەمەكەی گوڵستان ئەبێت و ئەوەی دڕكیش بچێنێت بەرهەمەكەی ئەچێت بە قاچ و دەست و چاویا و دوور نییە چاوەكانی كوێركات.
خۆشبەختانە شاری هەڵمەت و قوربانی شاری شۆڕشەكانی كوردستان و بیری نەتەوایەتی زۆر دوورە لە عێراقچێتی و گەڕانەوە بۆ ناو باوەشی دوژمن و دژایەتیكردنی ئەو سەركردە و سەرۆكانەی كە دەوڵەتی كوردستان و خەونە گەورەكەی كوردی بۆ بەرهەم دەهێنێت. سلێمانی پێشەنگ بووە لە بیری نەتەوایەتی و كوردایەتی و هەر واش دەمێنێتەوە، لە مێژوودا بە دەیان پیلان و مەرامی داگیركارانە و دوژمنانە بۆ پەرتەوازەبوونی ئەم نەتەوەیە لە سەر دەستی گەنجەكان و بیرمەندانی ئەم شارە هەڵوەشاوەتەوە. ئەمڕۆ نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە هەر چوار پارچەكەی كوردستان كوردان لە چاوەڕوانی دامەزرانی دەوڵەتی كوردستاندان كە ئەزموون و سەرەتایەك دەبێت بۆ بەدیهێنانی چەند دەوڵەتێكی كوردی لەناو كوردستانی گەورەدا. لەمەشدا رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و كەسایەتییەكانی سلێمانی رۆڵی جوامێرانە و پێشەنگیان دەبێت، من زۆرم پێ سەیرە لێرە و لەوێ باس لەوە دەكرێت كە نابێت كەسایەتی و سەرۆكێك ئەو سەروەرییەی پێ بدرێت كە دەوڵەتەكە لەسەر دەستی ئەو دامەزرێت، لە كاتێكدا رۆژگارێك بوو ئامادەبووین هەركەسێك، یان هەر وڵات و حزبێكی بچووكیش بێت، دان بە بوونماندا بنێت، ئەگەر جوولەكە بێت، یان موسڵمان و مەسیحی، پشتیوانی لێ بكەین. باشە خۆ سەرۆك بارزانی نەیوتووە من دەوڵەتەكە بە تەنیا رادەگەیەنم. ئەو تەنیا دەڵێت كورد دەوڵەتیان راگەیاندووە، ئەی بۆ دژایەتی راپرسی دەكرێت لە كاتێكدا راپرسی رای گەلە و لە سەروو هەموو حزب و كەسایەتیەكدایە. پاساو و بیانوو هێنانەوە بۆ دژایەتیكردنی دەوڵەتی كوردستان و راپرسی وەكو مانگە شەو روون و دیارە تەنیا جێبەجێكردنی مەرام و ویستی ناحەزان و دوژمنانی گەلەكەمانە كە بەداخەوە زۆر لەوانەی دوای ئەو هەڵەیە كەوتوون بە نەزانی تێی كەوتوون، لەكاتێكدا دەبووایە ئەوان رایانبگەیاندایە كە خوێنی شەهیدان و ماندووبونی سەدان ساڵی گەلەكەمان ناكەینە قوربانی ململانێ و بوغز و رق و قینی چەند ساڵەی رۆژانی شەڕی براكوژی و ناكۆكییەكانمان. هەربۆیە من پێموایە ئەوەندە قسە لەسەر ئەو بابەتە نەكرێت لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كوردستانەوە، چونكە خەون و حەز و ویستی گەلێكی مەزڵوومە و پڕ بە دڵ دەوڵەت خواستی هەمووانە، جا چ پێویست دەكات چاوەڕوانی باشبوونی دۆخەكە، یا نەمانی قەیرانەكان بین؟ زۆربەی ئەو نەتەوانەی دەوڵەتیان راگەیاندووە لە رۆژە سەخت و نائومێد و پڕ لە كێشەوگرفت و قەیراندا رایانگەیاندووە و سەركەوتووش بوون. ئەمڕۆ باشترین كات و قۆناغە بۆ راگەیاندنی بوون بەدەوڵەت، یا هیچ نەبێت راگەیاندنی خواستی نەتەوەیەك بۆ بوون بە دەوڵەت كە بكرێتە هێڵی سوور بۆ دواڕۆژ تاوەكو كەس موزایەدە و موئامەرەی لەسەر نەكات.