هەر كەس و لایەنێك بە فیتی دەرەكی دژایەتی سەرۆك بارزانی بكات لە نەتەوە و دەستوور و یاساكانی كوردستان بەدەرە

هەر كەس و لایەنێك بە فیتی  دەرەكی دژایەتی سەرۆك بارزانی بكات لە نەتەوە و دەستوور و یاساكانی كوردستان بەدەرە
ئەوەی ئێستا بۆتە خاڵی هاوبەش لە نێوان تەواوی سیاسەتمەدار و چاودێرانی سیاسی، ئەوەیە كە گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی ناوچەكە حەتمییە و هەموولایەك وێڕای جیاوازی بیروبۆچوونەكانیان لەسەر ئەوە هاوڕان كە نەخشەی سیاسیی ناوچەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت، لەناو ئەم دۆخەش كە هەموو لایەك چاوەڕێی گۆڕانكارین، كوردستان بۆتە توخمی سەرەكی، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە خەتی سەرەكیی سیاسەتی كوردستان لە بەرەی هاوپەیمانی دژی تیرۆریستان و لە بەرەی جیهانی ئازاد و دیموكراتیدایە، ئەم بەرەیەش وەنەبێت لە بەرامبەردا دوژمنی خۆی نەبێت، یان تەحەددای گەورە رووبەڕووی نەبێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە ئاڵۆزانە سیاسەتمەدار سەلاح بەدرەدین لە دیمانەیەكی گوڵان-دا بەمجۆرە رای خۆی خستەڕوو.
* بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر سەخت و ئاڵۆز و پڕ گۆڕانكاریی خێرا و بەردەوامە، لەناو ئەم هاوكێشە سەخت و ئاڵۆزەدا، كورد توخمێكی سەرەكییە، هەم فرسەتێكی گەورەی بۆ هاتۆتە پێشەوە و هەمیش رووبەڕووی كۆمەڵێك تەحەددی بۆتەوە، ئایا ئێوە پێگەی كورد لەو هاوكێشە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەخوێننەوە؟
- شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی كە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر دروشمەكانی ئازادی و شكۆمەندی و دژی رژێمە سەركوتكارەكان روویاندا، لە پێنج ساڵی رابردوو بە شەپۆلی سێیەمی شۆڕشگێڕی گۆڕانكاریی لە بزووتنەوەكانی رزگاریخوازی نیشتمانیی گەلانی ناوچەكە دەژمێردرێن، دوای هەردوو شەپۆلی شۆڕش دژی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەهەم و دژی كۆلۆنیالیزمی رۆژئاوا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دێن كە دەتوانین بڵێین سەرلەنوێ كێشەكانی ململانێی نێوان گەلان و دوژمنەكانیانی خستەوەڕوو، هەروەك دەبینین هێزە نەیارەكانی گۆڕانكاریی دیموكراسی و بنیادنانەوەی دەوڵەت لەسەر بنەمای مەدەنییەتی دادپەروەرانە، هەموویان كەوتنە بەرەی رووبەڕووبوونەوە، هەروەك گروپە تیرۆریستەكانی ئیسلامی سیاسی بە هەموو توێژ و ئایینزاكانیانەوە هاتنە ریزی شۆڕشی دژەوە، بەمەش رووبەڕووبوونەوەكان فراوانتر بوون و ئاستی كۆمەڵكوژی و وێرانكاری زیادی كرد و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونە گۆڕەپانی پاككردنەوەی حیسابات و شەڕی بەوەكالەت، بێگومان كوردیش وەك گەلێكی تێكۆشەر لە پێناو ئازادی و دابەشبووی سەر چوار وڵات لەم دیمەنە زۆر ئاڵۆزەدا كە ئاشتی و سەقامگیریی تێدا بەرقەرار نییە، دەبێتە یەكێك لە زەرەرمەندان، بەڵكو هەڕەشەلێكراویش، لێرەدا دەمەوێ جەخت بكەمەوە لەوەی كە من رەشبین نیم، بەڵام جیاوازم لەگەڵ ئەوانەی لە رادەبەدەر گەشبینن لەسەر بنەمای سۆز و هەست. بەڵێ كورد وەك گەلێك چاوی لە رزگارییە و چوارەم توخمی نەتەوەیە دوای عەرەب و تورك و ئێرانی و لە نیشتمانەكانی خۆی نیشتەجێیە كە دەكەونە سەر دەریایەك لە نەوت و بڕێكی زۆری غازی هەیە، هاوكات دەوڵەمەندە بە سەرچاوەكانی ئاو و بەرهەمی كشتوكاڵی و پێگەی جیۆسیاسیی ستراتیژی، بەڵام لە هەمان كاتدا مەرجە خودی و بابەتییەكانی تێدا نییە، تاكو رۆڵی سروشتیی خۆی ببینێت لە داماڵینی مافی چارەنووس و بنیادنانی دەوڵەتی كوردستانی یەكگرتوو لەبەر چەند هۆكار و تەحەددییەك كە نایەنە ژمار، دیارترینیان:


یەكەم: جیاوازیی كۆمەڵایەتی و كەلتووریی نێوان كورد كە بەسەر هەر چوار وڵاتدا دابەشبوون، هەروەها كاریگەربوون بەو نەتەوانەی كە حوكمڕانن و ژمارەیان زۆرە و باڵادەستن بەسەر كایەكانی ژیان و لەوەتەی چەند سەدەیەك لە دابەشبوونی كوردستان لە هەردوو قۆناغی یەكەم و دووەمدا، ئەمە كاریگەری هەبووە بۆ گرتنەبەری رێگەیەكی تازە لە چۆنێتیی چارەسەری كێشەی كورد، بۆیە ئەگەر دروشمەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی كورد لەوەتەی كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم لە چوارچێوەی رزگاری و یەكگرتنی كوردستان و چارەسەری نەتەوەییدا بووبێت، هەروەها بزووتنەوەگەلێكی نەتەوەیی ناوەندیمان هەبووبێت وەك (خۆیبوون) و راپەڕینەكانی دژ بە عوسمانییەكان كە كوردی توركیا و عێراق و سووریا و ئێران بەشدارییان تێدا كردبێت، ئەوا ئێستا كە ئێمە لە سەروبەندی دەیەی دووەمی سەدەی بیست و یەكداین، داوای چارەسەری نیشتمانی و دیموكراسیی كێشەی كورد دەكەین لەنێو وڵاتەكانی خۆماندا و لەسەر بنەمای سازان و بەیەكەوەژیان لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە عەرەب و تورك و ئێرانییەكان و لە هەر بەشێكیشدا دەیان حزبی پێكناكۆكمان هەیە.



دووەم: لە سایەی ئەو دیمەنە واقیعییەدا كە ئاماژەمان پێكرد هیچ مەڵبەندێكی نەتەوەیی پەسندكراو و دانپێدانراو لە هەموو لایەنێكەوە نییە، هەروەها كەمترین پلەی هەماهەنگی هەیە لە نێوان بنكە حزبییەكان لە هەر چوار پارچە، تەنانەت حزبی وا هەیە پیلان دژی ئەوی دیكە دەگێڕێت و هاوكاریی دوژمنانی كورد دەكات.
سێیەم: قەیرانێك لە پرسی بڕیاری سەربەخۆی نیشتمانیی كوردی لە ئارادایە و زۆرینەی حزبەكان بوونەتە مایەی كێشمەكێش و قۆستنەوە و بەكارهێنان لەلایەن رژێمە داگیركارەكانی كوردستان كە هەموویان سەركوتكار و شۆڤێنین.


چوارەم: قەیرانێك لە هزر و هۆشیاری لە ئارادایە، بۆ نموونە هەندێ كەسی رۆشنبیر و راگەیاندنكاری كورد تا ئێستا ناتوانن پێناسەی (بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیی كوردستانی) بكەن، واتا تا ئێستا پێیانوایە تەنیا بریتییە لە حزب، هەروەك لە پێوانە و پێناسەكانی پێش دەیەكان وا بوو، بەڵكو لە ماوەی سەدەیەكیش هەر وا بووە، لە كاتێكدا بزووتنەوە فراوانە و جۆرەها چین و توێژی كۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت، هەروەها كەرتێكی فراوانی بێلایەن و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی لاوان هەن، هاوكات چەند بەرژەوەندی و هەڵوێستێكی دژبەیەك و ئاڵۆز بە واتای ئەوەی مەرج نییە هەڵوێستی حزبەكان دروست و بێگەرد بێت.
* سەرۆك مسعود بارزانی لە ئێستا هەموو هەوڵی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی لەم بارودۆخە ناسكەدا كێشەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان چارەسەر بێت و لەم گۆڕانكارییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كورد سوودمەند بێت، وەك دەزانن سەرۆك لەسەر هەر چوار پارچەی كوردستان كاردەكات و بۆ هەر یەكەشیان نەخشەڕێگەیەكی هەیە، ئایا تاچەند گرنگە كوردی هەر چوار پارچە لە دەوری ستراتیژییەتی مسعود بارزانی كۆببنەوە؟ ئایا لەسەر سەركردایەتیی بارزانی لەم قۆناخە سەختەدا چ هەڵسەنگاندنێكتان هەیە؟



- لەوەتەی چەند دەیەك و بە دیاریكراویش دوای بەرپابوونی شۆڕشی رزگاریخوازی ئەیلوول لە كوردستانی عێراق و دوای سەرهەڵدانی ململانێكان و دەستێوەردانی رژێمە ئیقلیمییەكان و سەردانەكانی چەند جارەمان بۆ ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕش و بۆ لای سەركردەی ئەو شۆڕشە لە ساڵی 1967، ئەمەمان لە دیدێكی روون و دیارەوە سەرچاوە دەگرێت بەوەی كە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی بە شێوەیەكی گشتی دوو رەوتی سیاسی ململانێی لەگەڵدا دەكەن، یەكەمیان نەتەوەیی دیموكراسییە كە گوزارشت لە بەرژەوەندییەكانی كورد دەكات و تێدەكۆشێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بە رێگەی دیالۆگی ئاشتییانە لەسەر بنەمای مافی چارەنووس بە پێی ویستی كورد و بە هەڵبژاردنی شێوازێكی ئازاد و لە چوارچێوەی سیستەمە دیموكراسییەكاندا و پابەندبوون بە دۆستایەتیی گەلان و پێكەوەژیان كە بەلای میانڕەوەیدایە و سەركردەی نەمر مستەفا بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، دووەمیان سەركێشێكی پارێزراو نییە كە نە نەتەوەیی و نە نیشتمانییە و پاشكۆی رژێمە سەركوتكارەكانە كە كوردیان دابەشكردووە، هاوكات ئەجێندای ئەو رژێمانەیان هەڵگرتووە و بەلای پەڕگیری و سازشكردن و هەلپەرستیدان و دوورن لە راستگۆیی و ئاشتی، هەروەها وای دەبینم كە دەستنیشانكردنی پێشوومان تا ئێستا دروستە سەرەڕای ئەوەی كە ئەو رەوتە سەركێشە شێوازی تازەی گرتۆتەبەر، بەڵام بێ هیچ گۆڕانكارییەك لە ناوەڕۆكدا. دیارە كاك مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتیی ئەو رێبازە نەتەوەییە كوردستانییە دیموكراسییە دەكات و هەڵگری مەشخەڵی ئەو رێبازەیە و هەردوو شەرعییەتی نەتەوەیی مێژوویی و شۆڕشگێڕی بەیەكەوە كۆكردۆتەوە، لەپاڵ سەرپشككردنی گەلی كوردستانی عێراق كە بە شێوەیەكی یاسایی هەڵبژێردرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی كە كاك مسعود خۆی بەدوور دەگرێت لە دەستوەردان لە كاروباری بەشەكانی دیكە، تەنانەت هەموو توانایەكیش دەبەخشێتە برایان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانیان و بەدیهێنانی بەیەكەوەژیان و ئاشتی لەنێوان ناكۆكەكان، بەڵام من پێموایە كە لەپێناو سووككردنی بارگرانیی سەرشانی سەرۆك بارزانی و بەدیهێنانی ئەوەی مەبەستمانە لە بەلاوەنانی لەمپەرەكان لەبەردەم هاوكاریی كورد و كورد، پێویستە هەموو هێزو لایەنەكان پشتگیری و پاڵپشتیی سەرۆك بكەن لە هەرێم و هەموو هەوڵێكی دابەشكردن و قەدەغەكردنی ئەجێندای لایەنەكانی ئیقلیمی رابگرن و بە یەك ریز بەرامبەر كێشەكان بوەستنەوە و دەستكەوتەكانیش بپارێزن، بەتایبەتیش رەوشی فیدڕاڵی، هاوكات كوردیش دەستپێشخەری بكات بۆ بەشەكانی دیكە تاكو ماڵی خۆیان رێك بخەنەوە و كێشە تایبەتییەكانیان چارەسەربكەن و دەستی یارمەتی و پاڵپشتی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكەكەی درێژبكەن.
* ئێران لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا رۆڵێكی هێجگار گەورەشی هەیە بۆ فراوانكردنی مەددی شیعی، هەروەها پشتگیریكردنی حكومەتی بەغدا و دیمەشق، لە هەمان كاتدا زۆر بە ئاشكراش دژایەتیی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەربڕیوە، ئایا تاكەی ئێران لەسەر ئەم سیاسەتەی بەردەوام دەبێت؟



- ئێران مەترسیدارترین لایەنە لە بەرەی نەیاراندا، كە لەو رژێمە و رژێمەكەی ئەسەد و تاقمی حوكمڕانی مۆسكۆ و مەڵبەندەكانی مەزهەبگەرایی نێو حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و پاشكۆكانی لە حزبوڵای لوبنانی و میلیشیاكانی دیكە پێكدێت، هەروەكو زانراویشە پێشتر و ئێستاش ئەم بەرەیە وەك سەرەنێزەیە لە رووبەڕووبوونەوەی شۆڕشەكانی بەهار و دژی گۆڕانكاریی دیموكراسی و رێكخراوی نێودەوڵەتییە، هاوكات لەگەڵ تیرۆر و بێسەروبەری و دووبەرەكییە، رژێمی ئێران رۆڵێكی تێكدەرانە دەبینێت لەسەر ئاستی كوردیدا، چونكە پشتی گروپە شیعەگەرایە سیاسییەكان و میلیشیاكانیان دەگرێت لە ناوەندی بەغدا بۆ تەنگەتاوكردنی هەرێم و گەمارۆ و تەشقەڵەپێكردن و دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆی هەرێم و پاڵنانی هەندێ لایەن تاكو بارودۆخەكە ئاڵۆزبكەن و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانی عێراق لەبەین بەرن، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كە رژێمی تاران پشت بە جەماعەتی پەكەكە دەبەستێت و هانیان دەدات تاكو دووبەرەكی و ترازان لەنێو ریزی كورددا بنێنەوە لە هەموو شوێنێكدا، بەڵام تاكەی ئەم رژێمە لە سیاسەتە تێكدەرانەكەی بەردەوام دەبێت؟ پێموایە تا ئەو كاتەی گەلانی ئێران دەتوانن ئەو رژێمە تیۆكراتە سەربازی و ئەمنییە بڕووخێنن كە دژی هەموو داخوازی و ئامانجی گەلانی ئێران و ناوچەكەیە.
* هەفتەی رابردوو لە بەغدا بەناوی راگەیاندنی كابینەی تەكنوكراتەوە بە تەواوەتی كورد لە بەغدا پەراوێز خرا، هەموو بەندەكانی دەستووری عێراق بۆ پێكەوەژیان و حكومەتی شەراكەتی نیشتمانی پێشێل كران، ئایا لە دوای ئەمەوە، كاتی ئەوە نەهاتووە كورد بە تەواوەتی لە بەغدا بكشێتەوە؟ ئایا ئەگەر سەرباری ئەم واقیعەش كورد هەر لە بەغدا بمێنێتەوە، وەك سیاسەتمەدارێك چۆن شرۆڤەی ئەو بارودۆخە دەكەیت؟

- بەر لە دوو ساڵ وتارێكم نووسی دوای ئەوەی مالیكی هەر بەردەوام بوو لە پێشێلكردنی مافەكانی گەلی كوردستان، وتارەكەم بە ناونیشانی (جیابوونەوەی ناوەند و یەكتایی لایەنەكان. عێراق وەك نموونە) بوو، لەو وتارەدا باسی ئەوەم كردووە كە چۆن ناوەند كاردەكات بەرەو جیاكردنەوەی كوردستان، لەكاتێكدا كە كورد پابەندن بە فیدڕاڵییەت و پرەنسیپەكانی دەستوور و سازان، بە دووریشی نازانم كە دواهەنگاو لە حكومەتی عەبادییەوە بێت بە ئاراستەی هەرێم وەك بەپیرەوەهاتنێكی داوایەكی ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی بە مەبەستی هاندانی هەرێم تاكو تاكە هەنگاوی بەرامبەر هەڵبێنێت لە رێی پەرچەكرداری دیراسەنەكراو و دواتر تێوەگلاندنی گەل و سەركردایەتیی هەرێم لە گەیشتن بە هەندێ پێگە كە سەرئەنجامی باشی بەدوادا نەیەت، بەتایبەتیش دوای دزەكردنی چەند هەواڵێك دەربارەی پیلانگەلێك كە ئێران خۆیانی بۆ ئامادە دەكات تاكو ناوخۆ تێكبدەن و زیاتر لە لایەنێكی كورد و دەرەكی لەم پیلانانەدا بەشداربن. من پێموایە چاكتر وایە هەرێمی كوردستان لەم قۆناخەدا پابەند بێت بە فیدڕاڵییەت و پێكەوەژیان و هاوكاری لەگەڵ هێزە دیموكراسیخوازە عێراقییەكان و لایەنەكانی پڕۆسەی سیاسی بۆ رزگاركردنی عێراق لە باڵادەستی و هەژموونی ئێران و هێزە مەزهەبییە دابەشكەرەكان، هەروەها زیاتر رووبكاتە پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناو هەرێمدا و بەردەوامیش بێت لە پڕۆسەی رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانی و ئەنجامدانی چاكسازی كە سەرۆكی هەرێم رایگەیاندووە و هەر خۆیشی چاودێریی دەكات.
* حزب و لایەنە شیعیەكانی عێراق دەریانخست كە هیچ جیاوازییەكان لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق بەرامبەر كورد نییە، لەم رۆژانەدا پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر قسەی سووكیان بە ژنانی ئێزیدی گوتووە، ئایا دەكرێت جارێكی دیكە بیر لە هاوپەیمانی لەگەڵ شیعەی عێراق بكرێتەوە؟



- پێموایە پێویستە جیاوازی بكەین لە نێوان سەركردە و بەرپرسیارانی حزب و گروپە شیعییەكان و لە نێوان بنكەكان و جەماوەری گشتیی شیعە، بەتایبەتیش كە زۆربەی ئەو سەركردانە بەرهەمی هەواڵگری ئێران و نووسینگەی قاسم سلێمانین كە دۆسێی عێراقی پێ سپێردراوە، یان ئەوانە دوای قۆستنەوەی پۆست و دەسەڵات خراپتر بوون، بەڵام جەماوەری شیعە ژێردەستەیە و بەدەست ئەو سەركردانەوە دەناڵێنێت، هەروەها هیچ دوژمنكارییەك لەنێوان كورد و شیعە لەلایەك و لەگەڵ سوننە لەلایەكی دیكە نییە نە لەكۆن و نە لە مێژووی نوێدا، چونكە پرسی كورد لە چوارچێوەی نەتەوەییدایە نەك ئایینزایی، هاوكات لەنێو كوردیشدا لەسەر ئاستی ئایینی و مەزهەبیدا موسڵمان و كریستیان و ئێزیدی و سوننەو شیعەو عەلەوی بوونیان هەیە.



* دیارە لەسەر ئاستی كوردستاندا هەندێك لایەن بە وەكالەتی ئێران دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستان و شەخسی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی دروست بكەن، ئەمەشیان نەشاردۆتەوە بەشێك لە سەركردەی ئەو حزبانە دەڵێن كاتی سەربەخۆیی نییە و باشترە لەگەڵ عێراق بمێننەوە، پرسیار ئەوەیە ئەوا بەغدا خۆی كوردی دەركرد، ئایا ئێستا چی بە خەڵك دەڵێن؟
- هەر یەكێك دوژمنایەتیی بەڕێز مسعود بارزانی بكات بەفیتی لایەنە دەرەكییەكان، بەو ناوەی كە بەڕێزیان بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی و دەستووری هەیە، هەروەها خۆشەویستی و رێزی لای زۆرینەی كوردی جیهان هەیە و هەڵگری پڕەنسیپە بەهادارەكانە، ئەو كەسە لە نەتەوە و گەل و دەستووری كوردستان و یاساكانی بەدەرە، بەڵام پرسی هەڵوێستی سیاسی لە راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان ئەوە شتێكی دیكەیە، چونكە هەیە باوەڕی بە سەربەخۆیی و مافی چارەنووس هەیە لە رووی پرەنسیپەوە، هەروەها پێیوایە كە هەلومەرجەكە هێشتا لەبار نییە، هەندێ كەسیش هەن كە بەم شێوەیە لێی ناڕوانن، بۆیە لەم حاڵەتەدا پێویستە رێز لە هەڵوێستی هەردوو لا بگرین لە روانگەی چەمكەكانی دیموكراسییەوە، بۆیە دەربارەی ئەو بابەتە خودی جەنابی سەرۆك بارزانی یەكسەر داوای سەربەخۆیی ناكات، بەڵكو دەخوازێت كە گەلی كوردستان ریفراندۆم بكات تاكو راوبۆچوونی زۆرینە رەچاوبكرێت و پێوەی پابەندبن، بەڵام بەدیهێنانی ئەمە لەسەر ئەرزی واقیع و كاتەكەی ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ دانایی و هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی دەوروبەر لەلایەن سەركردایەتیی هەرێمەوە.


* پەكەكە وەك داردەستی ئێران رۆڵێكی هێجگار خراپ لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەگێڕێت، وەك دەبینین لە باكوور شەڕێكی بە خواستی ئێران دروستكردووە كە زیانێكی زۆر گەورەی بە شۆڕشی باكوور گەیاندووە، لە رۆژئاوای كوردستان كە پەیەدە هەمان سیاسەتی پەكەكە جێبەجێ دەكات، دیكتاتۆر و رێگە بە لایەنە سیاسییەكانی دیكەی رۆژئاوا نادات بگەڕێنەوە، بۆ رۆژهەڵات رێگری لە پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات دەكات بچنەوە كوردستانی رۆژهەڵات و خەباتی چەكداری بكەن، لە باشووریش وەك دەبینین بە بێ شەرمانە پاڵی داوەتە بەغدا و حەشدی شەعبی، رۆژێك دەیەوێت لە شنگال كانتون دروست بكات، رۆژیكیش لە رانیە و قەڵادزێ و گەرمیان، ئایا چۆن سەیری ئەم سیاسەتەی پەكەكە دەكەیت؟ ئایا ئەمە لەگەڵ ستراتیژییەتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان یەكدەگرێتەوە؟


- من پێموایە كە پەكەكە و پاشكۆكانی بە هەموو ناوەكانیانەوە و بەتایبەتی لە كوردستانی سووریا لەم قۆناغەدا لایەنی سەرەكییە لە رەوتی سەركێشی بزووتنەوەی كوردی كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێكردووە، كە بە یەكجاری بۆتە داردەستی فەیلەقی قودس و بەرپرسەكەی ژەنەڕاڵ سلێمانی و بە ناوی پەیەدەوە لەوەتەی چوار ساڵە خزمەت بە رژێمی ئەسەد دەكات، لەوانە دابەشكردن و پەرتكردنی پێكهاتەی كوردی و دوورخستنەوەی كورد لە شۆڕشە نیشتمانییەكەی، هاوكات بە زەبری چەك دەستی گرتووە بەسەر زۆربەی ناوچە كوردییەكاندا لە رێی رادەستكردن و وەرگرتنەوە و كۆچپێكردنی كورد لە ناوچەكانیان و پیادەكردنی پاكتاوی حزبی و رەتكردنەوەی بەرامبەر تا رادەی لەناوبردن، شاردراوەش نییە كە ئەم حزبە دەستی كردووە بە دەستێوەردان لە كاروباری هەرێمی كوردستان بە مەرامی لە ناوبردنی دەستكەوتەكان و نانەوەی دووبەرەكی و هاوكاریكردن لەگەڵ دوژمنانی گەلی كوردستان، لەم بوارەشدا پێویستە دامەزراوەكانی هەرێم لە رووی سیاسی و راگەیاندنەوە چاوبخشێننەوە بە پێناسەكردن و دیاریكردنی رەفتارەكانی ئەو حزبە رووخێنەرە، چونكە ئێمە تا ئێستا پێمانوایە كە هەندێ لە دەستگاكانی راگەیاندن كە لەسەر دەسەڵات حیسابن بوونەتە زووڕناژەن و رەواج بۆ هەواڵ و جووڵانەوەكانی پەكەكە دەكەن، هەروەها هەندێ هەن كە لە رووی بازرگانیشەوە مامەڵە لەگەڵ گروپەكانی سەر بەو حزبە دەكەن، بۆیە لێرەدا پێشنیاردەكەم كە بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم جێبەجێ بكرێت سەبارەت بە دەستپاكی و چاكسازی و لێپێچینەوە لەم پرسە.
Top