پێویستە لە زۆنی شنگندا دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا زیاتر هەماهەنگیی هەواڵگری لەگەڵ یەكتری بكەن

پێویستە لە زۆنی شنگندا دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا زیاتر هەماهەنگیی هەواڵگری لەگەڵ یەكتری بكەن
تۆماس بریستەكەر ئوستادی ئاسایشی نێودەوڵەتییە لە ئامۆژگای دیراساتی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە ژنێف و بڕوانامەی دكتۆرای لە بەشی زانستی سیاسی لە پەیمانگای تەقەنی ماساشۆتس بەدەست هێناوە و حاڵی حازر وانەبێژی دیراساتی نێودەوڵەتییە لە پەیمانگای ماتسۆن بۆ دیراساتی نێودەوڵەتی لە زانكۆی براون و پێشتریش لە هەمان بواردا لە هەر دوو زانكۆی ساوەزەرن كالیفۆڕنیا و زانكۆی یاڵ وانەبێژ بووە. بۆ تاوتوێكردنی ئامانج و پەیامی تیرۆریستان لە هێرشەكانی ئەم دواییانەیان بۆ سەر بەلجیكا و گرنگی چارەسەركردنی قەیران و كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وشككردنی سەرچاوەكانی هەڕەشە و تیرۆر، گوڵان دیدارێكی لەگەڵدا سازكرد و ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستنەڕوو.
* لە چەند رۆژی رابردوودا تیرۆریستانی داعش بە چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی بارەگای یەكێتی ئەوروپایان لە ناو برۆكسل كردە ئامانج، ئایا هەڵبژاردنی برۆكسل وەك پایتەختی یەكێتی ئەوروپا لەلایەن داعشەوە بۆچی دەگەڕێتەوە و ئایا ئەمە چ پەیامێكی بۆ ئەوروپا هەیە؟
- رەنگە هەڵبژاردنی برۆكسل لە بەشێكیدا هەڵبژاردنێكی رەمزی بێت، وەك ئەوەی پایتەختی یەكێتی ئەوروپایە، هەروەها رەنگە لەبەر ئەوە كردبێتیانە ئامانج، چونكە ژمارەیەك لە چەكدارە بیانییەكان لە بەلجیكاوە سەرچاوەیان گرتووە و بە ئاسانی دەتوانن تێكەڵی خەڵكە مەحەلییە ئاوێتەنەبووەكان بن.
* لەگەڵ ئەوەی یەكێتی ئەوروپا و جیهانی ئازاد بە هیچ شێوەیەك ددان بە بوونی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی-دا نانێت، بەڵام هەندێ لە چاودێران بەو جۆرە سەیری كردە تیرۆریستییەكانی داعش لە ئەوروپا دەكەن، وەك ئەوەی داعش بیەوێت بیسەلمێنێت هێزێكە و دەیەوێت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، یان دەیەوێت بە ئەوروپا بڵێت، ئەگەر نیازتانە بە كردەوەی سەربازی داعش لە ناوبەرن، ئەوا داعش لە ماڵەكانتانە، ئایا دەبێت یەكێتی ئەوروپا چ رێوشوێنێكی پێویست لەبەرامبەر ئەم پەیامە تازەیەی داعش بگرێتەبەر؟


- لە راستیدا زەحمەتە وەك دەوڵەتێك ئیعتیراف بە داعش بكەیت، ئەگەرچی هەندێ كەس راسپاردەی ئەمەیان كردووە بۆ ئەوەی ئیحتیوا بكرێت، لەبەر ئەوەی هیچ پێوەرێكی هاوچەرخی ددانپێدانانی تێدا بەدی ناكرێت. بە تێپەڕبوونی كات پێوەرەكانی ددانپێدانان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، بەڵكو ئەوە كردەوەكانی رژێمەكەن كە لەو خاكانەدا ئەنجامیان دەدات كە لە ژێر كۆنتڕۆڵیدان و دەبنەهۆی ئەوەی نەتوانرێت وەك قەوارەیەكی شەرعی ددانی پێدابنرێت. داعش هەڵگری چەمكێكە بۆ سیستمی جیهانی كە دژە لەگەڵ رۆژئاوای لیبڕاڵی و بوونی هەیە لە نێو كۆمەڵگەی هاوبەشدا و لە نێو سنوور و كیشوەرەكاندا. ئەمە چەمكێكە دەربارەی سیستمێكی جیهانی كە لە نێو پانتاییە جوگرافییەكاندا پشت بەیەكتر دەبەستن. هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە زۆر زەحمەتە بۆ ئەوروپا شەڕی لەگەڵدا بكات، بە بێ ئەوەی كۆچبەران بە باشی ئاوێتەی كۆمەڵگەكەی بكات. هەروەها ئەوروپا پێویستی بە باشتركردنی گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگرییە لە ناوچەی شنگندا. ناكرێت ئاسایش دەستەبەر بكەیت كاتێك سنورەكان كراوە بن و ناوەندێكی بە مەركەزیكراو نەبێت بۆ كۆكردنەوە و شیكردنەوەی هەڕەشە ئەمنییە چاوەڕوانكراوەكان. هەواڵگری دوایین قەڵای سەروەرییە و لە كاتێكدا كە ئەوروپا سنووری كراوەی هەیە، كەچی تۆڕێكی پتەوی كۆكردنەوەی هەواڵگری نییە.


* ئێستا هێزە گەورەكانی وەك (یەكێتی ئەوروپا، ئەمەریكا، رووسیا) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستەوەستانن بۆ ئەوەی بتوانن بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆنتڕۆڵ بكەن، بۆیە داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆشاییەكی بۆ دروست بووە بۆ ئەوەی بتوانێت تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی دەیەوێت. ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە هێزە گەورەكان ستراتیژێكی روونیان بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت؟

- پێویستە ئەولەوییەتەكە چارەسەركردنی قەیرانی سووریا بێت. ئەگەرچی هەندێ هەنگاوی ئیجابی بەم ئاڕاستەیەدا هەیە، بەڵام ئەمە كاتی دەوێت، رێگای بەرەوپێشچوونیش بە هیچ شێوەیەك روون نییە. دەبێت هەوڵ و هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەگەڵ هێزە مەحەلییەكان سەر ئەرزی واقیع بێ بوونی كۆت و بەندەكانی هێڵی سوور كە لە لایەن دەوڵەتە دراوسێكانەوە سەپێندرابێت (وەك توركیا) و بێ دوورخستنەوەی لایەنە گرنگیپێدەرەكان (وەك ئێران).
Top