بارزانیی نەمر تەنیا سەرۆك، یان رێبەرێك نەبووە بەڵكو قوتابخانەی فیكری نەتەوەیی بووە لە هەر چوار پارچەی كوردستان

بارزانیی نەمر تەنیا سەرۆك، یان رێبەرێك نەبووە بەڵكو قوتابخانەی فیكری نەتەوەیی بووە لە هەر چوار پارچەی كوردستان
جۆگرافیای خەباتی بارزانیی نەمر تەنیا بەشێكی كوردستان نەبووە، بەڵكو هەر چوار پارچەی كوردستان بووە، هەر ئەمەش وایكردووە كە بارزانیی مستەفا وەك قوتابخانەی فیكری نەتەوەیی كورد و رێبازی كوردایەتی لە هەر چوار پارچەی كوردستان سەیر بكرێت و رێبازی بارزانی ببێتە سەرچاوەی ئیلهامی خەبات بۆ سەربەخۆیی و سەفرازی. بۆ قسەكردن لەسەر رێبازی بارزانی و هەوڵەكانی ئێستای سەرۆك مسعود بارزانی بۆ سەربەخۆیی و یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و یەكخستنی تواناكان بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە هەموو كوردستاندا، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ شێخ سەعید محەمەد زەكی شێخ سەعید سیاسەتمەدار لە پارتی دیموكراتی كوردستانی باكوور ئەنجامدا و بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.
* هاوكات لەگەڵ ئەم دیمانەیە رۆژی لە دایكبوونی مستەفا بارزانی-یە، ئەم سەرۆكە توانی لە هەر چوارپارچەی كوردستان سنوورەكان ببەزێنێت. ئایا كەسێتیی بارزانیی مستەفا لای ئێوە چۆن دەخوێنێتەوە؟
- مستەفا بارزانیی نەمر تەنیا رێبەرێك و سەرۆكی پارتێكی سیاسی نەبووە لە باشووری كوردستان، بەڵكو قوتابخانەیەك بووە و ئەو سەرۆك و رێبەری نەتەوەیی هەموو كورد بووە لە هەر چوارپارچەی كوردستان، خەباتی 30-40 ساڵەی ئێمەش لە باكووری كوردستان تەواوكاری هەمان رێباز بووە، بۆیە خەباتی بارزانیی نەمر بۆ ئێمە رێبازە و هەرگیز بە تەنیا وەك كەسێك، یان شەخسێك سەیری بارزانیی نەمر ناكەین، بەڵكو وەك قوتابخانە و رێبازی كوردایەتی سەیری دەكەین، هەر بۆیە جێگەی ئەو لە ناو مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان جودایە و دەبێت هەموو كوردێك، یان نەتەوە پەروەرێك رێبازی بارزانی لە رۆح و مێژووی خۆیدا پارێزگاری لێبكات و لە سەر ئەو رێبازە هەنگاو هەڵبگرێت. ئامانجی رێبازی بارزانی سەرەنجام كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ و سەربڵندە، بۆیە لای ئێمەش ئەم فیكر و ئایدیۆلۆژیایە، خەتی سەرەكیی سیاسەتی ئێمەیە وەك پارتی دیموكراتی كوردستانی باكوور و لە دەستپێكدا رێبازی بارزانی وەك بنەمای خەبات قبووڵ كردووە.



* ئێوە وەك بنەماڵەی شێخ سەعید لە باكوور تاچەند لە مێژووی خەباتی بارزانی هاوكار بوون و چۆن سەیری ئەم خەبات و رێبازە دەكەن؟
- لە ماڵباتی ئێمە وەك ماڵباتی شێخ سەعید، مەلا مستەفا بارزانی وەك رابەر و گەورەی خۆمان سەیر دەكەین و بەو رێبەرەی دەزانین كە لەسەر رێبازی ئەو پەروەردە كراوین، ئێمە دەڵێین خەباتی مستەفا بارزانی بەردەوامیی شۆڕشی شێخ سەعیدە، ئەو ئاڵای شۆڕشی لە شێخ سەعید وەرگرتووە و بەردەوامی بە شۆڕش و مقاوەمەت داوە، خەباتەكەشی سەركەوتوو بووە و بەرهەمەكەی ئەو سەركەوتنانەیە كە لە باشوور بەدەست هاتوون، ئێستا هەر لە سەر رێبازی بارزانی بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆ دەچن، بۆیە ئومێدی ئێمە ئەوەیە رێبازی بارزانی لە هەر چوار پارچەی كوردستان پیادە بكرێت بۆ ئەوەی ئەو خەتە نەتەوەییە سەركەوتن لە هەر چوار پارچە بەدەست بهێنێت.


* لە ئێستادا بۆ باشووری كوردستان فرسەتێك هاتۆتە پێشەوە كە بۆتە جێگەی ئومێد بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، هەروەها سەرۆك مسعود بارزانی وەك سیمبولێك بۆ هەموو كورد لە جیهاندا دەركەوتووە، ئایا لەم بارودۆخەدا چۆن دەتوانین هەموو هاوكاربین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە باشوور پارێزراو بێت و ببێتە كیانێك بۆ هەموو كوردستان؟

- بۆ هەر كوردێكی وڵاتپارێز و نەتەوەیی، ئەركی سەرشانیەتی ئەم ئەزموونەی باشووری كوردستان بپارێزێت و دەبێت بەهەموو شێوەیەك هاوكاریی سەرۆك بارزانی بكەین بۆ ئەوەی سەركەتوو بێت، ئێمە دەزانین سەركەوتنی ئەم ئەزموونە تەنیا سەركەوتن نییە بۆ باشوور، بەڵكو سەركەوتنە بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەمڕۆ دەبینین جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی زۆر سەربڵندانە لەسەر رێبازی نەتەوەیی بەردەوامە و ئاڵای كوردستانی هەڵكردووە، ئەمەش بۆ هەموو كورد جێی شانازییە و پێویستە ئێمە شانازی پێوە بكەین و پشتگیری سەرۆك بارزانی بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پشتگیری سەرۆك بارزانی واتە پشتگیریكردنی گەلی خۆمان، ئەمڕۆ جیهان لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمریكا وەك نوێنەری 40 ملیۆن كورد سەیری سەرۆك بارزانی دەكات، مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانیش دەریخستووە كە خەتی نەتەوەیی سەردەكەوێت، ئێمە كۆتایی ساڵی هەشتاكانمان بینی كە كورد لە چ تەنگانە و زەحمەتێكدا بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرۆك بارزانی لەسەر خەتی نەتەوەیی بەردەوام بوو، سەركەوت، سەرۆك بارزانی توانی بانگەشەی سەربەخۆیی بكات و بە جیهانی رابگەیەنێت كە كورد مافی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت، بۆ رۆژئاوای كوردستان داوای كردووە كە چارەسەرەكە لە چوارچێوەی فیدڕاڵی بێت، كە چەند ساڵێك پێش ئێستا داواكاری كورد لە رۆژئاوا تەنیا داواكردنی ناسنامە و مافی مرۆیی بووە، رۆڵێكی گرنگی لە پرۆسەی كورد لە باكوور گێڕاوە، هەروەها كە جەنابی سەرۆك چووە ئەنكەرا، ئەوە بۆ یەكەمجار بوو لەناو كۆشكی سەرۆكایەتی توركیا ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت و یەكەمجار بوو كە رووداوی لەو جۆرە لە توركیا رووبدات.


* بەڵام ماوەیەكە بەداخەوە دەنگۆی ئەوەی هەیە كە پەكەكە دەستێوەردانی خراپ لە باشووری كوردستان دروستدەكات و گێچەڵی بۆ دروست دەكات، ئایا تاچەند ئەم هەنگاوەی پەكەكە كوردانی باكوور نیگەران دەكات و زیان لە جەماوەری پەكەكە لە باكووری كوردستان دەدات؟


- گرنگترین خاڵ لە ئێستادا ئەوەیە كە پەكەكە نكۆڵی دەكات و دەڵێت من ئەو كارەم نەكردووە، واتە ئەگەر دەستێوەردانیشیان كردبێت، زانیویانە هەڵەیەكی زۆر گەورەیان كردووە، بۆیە لێی پاشگەزبوونەوە، من روو دەكەمە ئەوانەی لە سەركردایەتی پەكەكە بە شێوەیەكی ماقووڵ بیردەكەنەوە و پێیان دەڵێم: ئەگەر پەكەكە دەستێوەردان بكات و زیان بە گەلی ئێمە لە باشوور بگەیەنێت، ئەوا گەلی ئێمە لە هەرچوار پارچە و لەهەر شوێنێك كورد هەبێت، زەرەر دەكات، لەبەر ئەوە دەستكەوتی باشوور دەستكەوتی هەموو كوردستانە، بە هەزاران كادری دڵسۆزی پەكەكە ئێستا لە سایەی باشووردا حەساونەتەوە، لە رووی ئابوورییەوە گەشەی ئابووری باشووری كوردستان كاریگەری لەسەر باری ئابووری 9-10 ملیۆن كوردی باكوور هەیە، بە هەزاران كامێۆن لە نێوان هەرێمی كوردستان و باكور كاردەكەن، ئەگەر پەكەكە ئەم بارودۆخە تێكبدات، هەڵە دەكات، هەروەها ئەمڕۆ پیلانی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان هەیە، راستە دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان ناتوانن راستەوخۆ دژایەتی باشووری كوردستان بكەن، بەڵام دەتوانن هەندێك هێزی كوردی هانبدەن لە بری خۆیان ئاژاوە دروست بكەن و شەڕی ناوخۆ لە كوردستان دروست بكەنەوە، لەوانەیە هەندێك كەسی ئەو حزبانە بكەونە ئەو هەڵەیەوە، بەڵام دەبێت هۆشیار بین و رێگە نەدەین شەڕی ناوخۆ لە كوردستاندا دروست بێت، دەبێت هەوڵبدەین ئەو دەستكەوتەی هەتا ئێستا پاراستوومانە پایەدار بێت و نابێت كارێك بكەین بكەوێتە مەترسییەوە.



* سەرۆك بارزانی رۆڵێكی هێجگار گەورەی بۆ كێشەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان گێڕاوە، زۆر مەبەستێتی كە كێشەی كورد لە توركیا بە شێوەی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، هەروەها هاوكاریی رۆژئاوای كرد بۆ ئەوەی داعش نەتوانێت كۆبانێ داگیربكات، لە باشووری كوردستانیش ئێستا لە هەوڵی بێوچاندایە بۆ ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ رابگەیەنێت، ئایا تاچەند سەرۆك بارزانی لەم قۆناخەدا توانیویەتی نوێنەرایەتی كێشەی كورد لە ناوچەكەدا بكات؟



- ئێمە دوعا دەكەین تەمەنی سەرۆك بارزانی درێژ بێت، ئێمە قەت سەیری سەرۆك مسعود بارزانی وەك سەرۆكی باشووری كوردستان ناكەین، بەڵكو ئەو سەرۆكی هەموو كوردستانە، لەبەر ئەوەی بۆ ئێستای كورد لە هەر چوار پارچە بەدیلی سەرۆك بارزانی نییە، لە كوردستانی توركیا نزیكەی 30 ملیۆن كورد هەن، ئەمانە بەشی هەرە زۆریان جگە لە سەرۆك بارزانی كەسی دیكەیان قبووڵ نییە، تەنانەت حكومەتی توركیا ئەگەر بیەوێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە باسی كێشەی كورد لە باكوور بكات، ئەوا پەنا بۆ سەرۆك بارزانی دەهێنێت، هەروەها پەكەكەش كە گەیشتە ناچاری هەر داوا لە سەرۆك بارزانی دەكات، وەك دەبینین سەرۆك بارزانی لە رۆژئاوای كوردستانیش چەند خەمخۆری ئاشتی و یەكڕیزی نێوماڵی كورد بووە، هەروەها پێشمەرگەی ناردە كۆبانێ بۆ هاوكاریی رۆژئاوا، بۆیە رۆڵی سەرۆك بارزانی بۆ هەموو كوردستان گرنگە نەك تەنیا باشووری كوردستان، جگە لە دەوڵەتانی ناوچەكە جیهانیش دانی بەوەدا ناوە كە قسە و هەڵوێستی سەرۆك مسعود بارزانی سەقامگیری تێدایە، واتە بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەتی چارەسەركردنی كێشەكان دەكات، بۆیە رێز لە بۆچوونەكانی دەگرن و قبووڵیانە.



* راستە كێشەی كورد یەك كێشەیە، بەڵام هەر پارچەیەكی كوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆیە گرنگە حزبەكانی سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان رەچاوی ئەو تایبەتمەندییە بكەن و هەر پارچەیەك بەپێی تایبەتمەندیی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بۆ ئێستا پرسی كورد لە باكوور پێویستی بەوەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، بۆ باكوور تاچەند گرنگە پشتگیری هەدەپە بكەن بۆ ئەوەی وەك بەشێك لە پرۆسەی سیاسیی توركیا كێشەی كورد بەرەو پێشەوە بەرێت و زەمینیەك بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان ئازاد بكرێت؟


- من حەزم دەكرد هەوادارانی دڵسۆزی پەكەكە بەرسڤی ئەم پرسیارەیان بدایەتەوە، وەك بینیمان لە یەكەم هەڵبژاردنی ساڵی پار گەلی ئێمە لە باكوور پشتگیریەكی گەورەی هەدەپەی كرد و ریژەی 13%ی تێپەڕاند و 80 كورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا، بەڵام كە هەڵبژاردنی پێشوەختە كرایەوە و لەو ماوەیەدا پەكەكە كۆمەڵێك هەڵەی كرد، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كاریگەری لەسەر هەدەپە هەبێت و دەنگەكانی كەمی كرد، هۆكاری ئەمە لەبەر ئەوە بوو چەندین پەرلەمانتاری هەدەپە سەر بە پەكەكە بوون و ئەوانیش بڕیاری هەڵەیان دا، من تەواوی ئەندام پەرلەمانەكانی هەدەپە دەناسم و دەزانم هەندێكیان سەر بە پەكەكەن، پشتگیری بڕیارە هەڵەكانی پەكەكەیان كرد و شەڕیان هێنایە ئەو شارانەی كە هەموو باژێروانەكانیان بەدەست هەدەپەوەن، زیاتر لە 300-400 هەزار كورد ناچار بوون شاری خۆیان بەجێبهێڵن و بچنە شارەكانی دیكەی توركیا، بەداخەوە لە كوردستانی توركیا هەتا ئێستا بەدیلی پەكەكە نەبووە، بۆیە بەشی زۆری كورد نەیویستووە خۆی لەناو حزبە توركییەكاندا كاندید بكات، یان نەیویستووە دەنگ بە حزبێكی توركی بدات، بۆیە وای بە باش زانیوە هەرچۆنێك بێت هەر دەنگ بە پارتێكی كوردی بدات، بۆیە من دەڵێم ئەگەر بەدیلی پەكەكە دروست بێت، هەدەپە ناتوانت هەڵەی گەورە، یان موجازەفەی گەورە بكات، لەبەر ئەوەی كوردی باكوور لێی قبووڵ ناكەن و دەچنە لای پارتەكەی دیكە، ئەمە سەبارەت بە هەدەپە، سەبارەت بە پشتگیری ئۆجەلان بۆ ئازادكردنی، دیارە لەناو دەوڵەتی توركیا، حكومەت هەموو شتێك نییە، دامەزراوە و هێزی دیكە هەن، كە لەو كاتەوەی بارودۆخەكە بەمشیوەیە نەیانهێشتووە ئۆجەلان قسە بكات، من دڵنیام ئەگەر ئۆجەلان رێگەی پێبدرایە قسە بكات، رازی نەدەبوو شەڕ بهێندرێتەوە نێو شارەكان، ئۆجەلان داوایەكی نییە تورك تووڕە بكات، ئەو داوای ئاشتی دەكات، بەڵام ئەو دامەزراوانەی توركیا دوای كردەكانی پەكەكە نەیانهێشتووە ئۆجەلان قسە بكات، توركیا نایەوێت ئۆجەلان كاری سیاسی بكات و بە هاوشێوەی باشووری كوردستان داوای فیدڕاڵییەت بكات.



* ئێستا ژمارەیەكی هێجگار زۆری كوردانی رۆژئاوا، لە باشوور مەشق و راهێنانیان وەك پێشمەرگە تەواو كردووە و ئامادەن بگەڕێنەوە رۆژئاوا بۆ ئەوەی شان بەشانی پەیەدە رۆژئاوا بپارێزین، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، پەیەدە رێگری لە كوردی خۆی دەكات بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، لەسەر ئەم پرسە چی دەڵێیت و چۆن پەیەدە دەگاتە قەناعەت كە واز لە خۆسەپاندن بهێنێت؟



- ئەگەر رۆڵ و هەڵوێستی جەنابی سەرۆك بارزانی نەبوایە، شەڕی ناوخۆ لە رۆژئاوای كوردستان دروست دەبوو، لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا ئەو نەیهێشتووە بە هەزاران پێشمەرگەی رۆژئاوا كە لە باشوورن بۆ رۆژئاوا بگەڕێنەوە، جەنابی سەرۆك جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە قبووڵی نیە پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوا و لەوێ لەبری ئەوەی كوردستان بپارێزێت، شەڕی كوردكوژی بكات، ئەمە بەرپرسیاریەتییەكی گرانە و سەرۆك نایەوێت ئەو بەرپرسیاریەتییە بخاتە ئەستۆی خۆی، بەڵام كێشەكە ئەوەیە برادەرانی ئێمە لە رۆژئاوا (پەیەدە) بە شێوەیەكی هەڵە بیردەكەنەوە و خۆیان لە خەتە نەتەوەییەكە دوور دەخەنەوە و دەیانەوێت تەنیا خۆیان بسەپێنن، ئەمەش وایكردووە، كوردی رۆژئاوا رۆژ لە دوای رۆژ دڵی لە پەیەدە سارد ببێتەوە، راستە پەیەدە لە رووی سەربازییەوە بەهێزە، بەڵام لە رووی هەست و سۆزی سیاسییەوە رۆژ لە دوای رۆژ لاواز دەبێت، لێرە ئەگەر ئێمە باسی جزیرە بكەین لە رۆژئاوا، ئەوا ئەگەر لەو ناوچەیە هێزێكی سیاسیی كوردی لەسەر ئەرزی واقیع بوونی هەبێت، ئەوا خەڵك هەمووی لە پەیەدە دوور دەكەونەوە، لەبەر ئەوەی كوردی رۆژئاواش وەك پارچەكانی دیكەی كوردستان، حەزی لە خۆسەپاندن و خۆفەرزكردنی هیچ لایەنێك نییە، بۆیە ئەگەر ئەم رەفتارانەی پەیەدە بەردەوام بن و پێیوا بێت بە هێزی سەربازی دەتوانێت بەردەوام خۆی بسەپێنێت، ئەوا دەبێت بزانێت لە رووی سیاسییەوە لاواز دەبێت و هەر كاتێك بەدیلی پەیەدە لەسەر ئەرز دروست بوو، خەڵك لێی دوور دەكەوێتەوە.
Top