كۆریای باشوور بە دژایەتیی گەندەڵی و شەراكەتی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت هاتە ریزی وڵاتانی پێشكەوتووی رۆژئاوا
March 13, 2016
دیمانەی تایبەت
ستیڤن گۆڵوب بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری ئابووریدا لە زانكۆی یاڵ بەدەستهێناوە، ئێستاش پڕۆفیسۆری هەمان بوارە لە بەشی ئابووریی كۆلێژی سوارسمۆر، وانەبێژی ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان و بانكداری و پەرەپێدانە. بۆ تیشكخستنەسەر چۆنیەتی داڕشتنی ستراتیژیەتێكی كارای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ناجێگیری نرخی نەوتدا، گوڵان لە دیدارێكدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكرد و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.* ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە وڵاتە تازە گەشەكردووەكان و وڵاتانی دوای شەڕ ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە، لە كاتێكدا كە سەرقاڵی بنیادنانی ژێرخانی وڵاتەكەیانن. بە تێڕوانینی ئێوە، باشترین ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وڵاتە تازە گەشەكردووەكاندا چییە؟
- من هاوڕام لەگەڵتاندا كە گەندەڵی كێشەیەكی گەورەیە، ئەمە گومان هەڵناگرێت، بۆیە سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە سەركردایەتی رۆڵی گرنگ دەبینێت، واتە دەبێت سەركردە باڵاكان نموونە و پێشەنگ بن لەم ڕووەوە. هەروەها گرنگە ئابوورییەكی كراوە بهێندرێتەئاراوە، ئەمەش هانی وەبەرهێنەران دەدات بۆ ئەوەی بەشدار بن و ئەوانیش داوای حكومڕانییەكی باشتر بكەن. كەواتە بوار رەخساندنیش بۆ وەبەرهێنانی دەرەكی گرنگە. لە هەمان كاتدا پێویستە كە سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان كەسانی گەندەڵ نەبن و زامنی ئەوە بكەن كە كاری ڕاست و دروستیان ئەنجام داوە و خۆیان لە گەندەڵییەوە تێوەنەگلاون. جێی داخە كە چارەسەرێكی سیحری بۆ ئەم كێشەیە لە ئارادایە. هەروەها بوونی رۆژنامەگەرییەكی ئازادیش گرنگە كە پەردە لە سەر ئابڕووچوونەكان لادەدات، لەبەر ئەوەی تاوەكو مەودای ئازادی و كرانەوە زیاتر بێت باشترە.
* ئەوەی تێبینی دەكرێت لە وڵاتە تازەگەشەكردووەكاندا ئەوەیە كە یاسا بەكاردەهێنن بۆ هاندانی وەبەرهێنان بۆ ئەوەی ڕووبكەنە وڵاتەكە و وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، ئەمەش گەندەڵی لێدەكەوێتەوە. كەواتە چۆن دەكرێت گۆڕانكاری لە كەلتووری هاندەر بە گەندەڵی بۆ كەلتووری دژ بە گەندەڵی ئەنجام بدرێت؟
- هەروەك ئاماژەم پێكرد، دەبێت بەرپرسە باڵاكانی حكومەت ئەم پرسە بكەنە ئەولەوییەتێكی نیشتمانی و چاوپۆشی لێنەكەن و دەزگای چاودێری دروست بكەن، ئەمەش كارێكی قورسە، كە تۆ دەزگایەكی –چاودێری- دروست بكەی و ببینیت دەزگاكە خۆشی گەندەڵە، لەبەر ئەمە كارێكی ئاسان نییە. هەروەها پێویستە كار لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا بكرێت، لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و سندووقی نێودەوڵەتی دراو و ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی تیشك بخرێتەسەر ئەم پرسە و ئەو كەسانە ئیحراج بكرێن كە لەگەندەڵییەوە تێوەگلاون و زیندانی بكرێن، واتە دەبێت توند بن و سەركردەكان لەسەر ئەم پرسە بە جددی كار بكەن. بۆ نموونە ئێستا نەیجیریا سەرۆكێكی نوێی هەیە و باس لەوە دەكات بە گژ گەندەڵیدا دەچێتەوە، كە دەبێت ببینین چەند ڕاستگۆ و جددییە لە هەوڵەكانیدا. هەروەها گرنگە پاڵنەرەكانی گەندەڵی نەهێڵێت، بۆ نموونە، بەوەی حكومەت دەسەڵاتێكی تەقدیری گەورەی نەبێت...كەواتە گرنگە كە سیاسەتێكی كراوە بگرێتەبەر و یاسا و ڕێساكانی بواری ئەوە نەدات خەڵكی بەرتیل بدەن. هەروەها پێویستە ڕێسای زۆر سادەت هەبێت بۆ وەبەرهێنانی دەرەكی و بواری ئەوە نەبێت گفتوگۆیەكی زۆر لەگەڵ حكومەتدا بكەن، چونكە ئەو كاتە دەرفەتی ئەوە دروست دەبێت بەرتیل بە بەرپرسانی حكومەت بدرێت. دووبارەی دەكەمەوە چارەسەرێكی سیحری لە ئارادا نییە، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد یاسا و ڕێساكانتان سادە بێت و پێشوازی لە وەبەرهێنانی دەرەكی بكەن و ڕێگە بە هەبوونی حاڵەتی ئیستیسنا مەدەن. سوودی بوونی وەبەرهێنانی دەرەكیش- ئەگەرچی ئەگەری ئەوەش هەیە دووچاری گەندەڵی بن- لەوەدایە كە ستانداردی بەرزی كاركردنیان هەیە، ئەمەش دەبێتە مایەی هاندانی كاركردنی ناوخۆیی، كە دەكرێت كوردستانی سوودێكی زۆر لە وەبەرهێنانی دەرەكی وەربگرن.
* لە ئەزموونی كۆریای باشووردا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەبینین ئەم وڵاتە سەركەوتوو بوو لە پەرەپێدانی ستراتیژی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بە پشتیوانی پیاوانی كار و كۆمپانیاكان. بە بۆچوونی ئێوە تا چ ڕاددەیەك گرنگە كە هاوكاری لە نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتیدا ئەنجام بدرێت، بۆ داڕشتنی ستراتیژیەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی؟
- بە دڵنیاییەوە ئەوە زۆر گرنگە، كۆریای باشوور نموونەیەكی زۆر باشە كە ئێوە ئاماژەتان پێكرد، لە ساڵانی پەنجاكاندا كۆریا وڵاتێكی زۆر گەندەڵ بوو تا ئەو كاتەی سەرۆك پارك چانگ دەسەڵاتی گرتەدەست و بڕیاری دا هەموو شتێك بگۆڕێت. ئەو كاری لەگەڵ بزنسكارەكان دەكرد، بەڵام ئەو بزنسكارانەی گەندەڵ بوون فڕێی دابوونە زیندانەوە. كەواتە دەبێت لە سەرۆكەوە دەست پێبكات كە بە ڕوونی ڕایبگەیەنێت چیتر چاوپۆشی لە گەندەڵی ناكرێت، سەرۆك پاركیش لە كۆریای باشوور باشترین نمونەیە لەم ڕووەوە و بەڵگەی ئەوەیە كە دەكرێت شتەكان بگۆڕدرێن، لەبەر ئەوە كۆریای باشوور زۆر گەندەڵ و زۆر بێكەڵك بوو. زۆر كەس لە ساڵانی پەنجاكاندا باوەڕیان نەدەكرد كۆریا ببێتە وڵاتێكی سەركەوتوو. هەروەها بە دڵنیاییەوە دەبێت كار لەگەڵ كەرتی تایبەتدا بكەیت. لەبەر ئەوەی كەرتی تایبەتی رۆڵێكی بنەڕەتی هەیە لە پەرەپێداندا. هەروەها پێموایە پێویستە لە ئێستادا لەگەڵ كەرتی تایبەتی دەرەكیدا كار بكەن، بەتایبەتی لەم رۆژگارەدا ئێمە لە دنیای جیهانگەراییدا دەژین. لە لایەكی دیكەوە پێویستە هانی پێكەوەكاركردنی وەبەرهێنانی دەرەكی و ناوخۆیی بدەن. كەواتە بێگومان دەبێت حكومەت زۆر كراوە بێت لە ئاست كەرتی تایبەتدا.. بەڵام دەبێت وریا بین، چونكە هەندێ جار سەفقاتی تایبەت لەگەڵ كەرتی تایبەتدا دەكرێت و نابێت ڕێگە بدرێت كەرتی تایبەت ببێتە هێزی دەستی بەرپرسە باڵاكان، كەواتە تەنیا بوونی كەرتی تایبەت بەس نییە، بەڵكو دەبێت بوار بۆ بەشێكی بەرفراوان بڕەخسێندرێت لە كەرتی تایبەتدا و نابێت تەنیا كۆمپانیا گەورەكان گرێبەستە حكوومییەكان ببەنەوە. ئەمەش پێویستی بە مەعریفەیەكی ئابووری باش هەیە، هەروەها پێویستی بە كاركردن لەگەڵ سەرجەم كەرتەكاندا هەیە، واتە نەك هەر تەنیا بزنسە گەورەكان لە پێوەندییان لەگەڵ حكومەتدا سوودمەند بن.
* لە پرۆسەی بە گژداچوونەوەی گەندەڵیدا یاسا رۆڵێكی بنەڕەتی دەبینێت، بەتایبەتی لە پێوەندی بە هێنانەئارای شەفافییەت و خۆلادان لە گەندەڵی و سزادانی كەسە گەندەڵكارەكان. ئایا تا چ ڕاددەیەك داڕشتنی نوێ بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی یارمەتیدەر دەبێت؟
- هەروەك دەزانن زۆرێك لە وڵاتە تازە گەشەكردووەكان یاسای نوێ دەردەكەن، بەڵام ئەمە هەوڵێكی بێهودە دەبێت، واتە هەڵدەستن بە دەركردنی یاسایی نوێ و دروستكردنی دەزگای حكوومی- بۆ ئەم مەبەستە-، بەڵام من زۆر بە گومانم لەم كارانە. پێموایە ئەمە پتر پەیوەستە بەوەی چ كارێك دەكەیت، نەك ئەوەی چی دەڵێیت. بۆیە پێویستە یاسای ڕوونت هەبێت، بەڵام دەبێت لە هەمان كاتدا ئەو یاسایانە زۆر سادە بن، كە هەموو كەس بزانێت پێویستە لە سەری چی بكات. ئەو یاسایانە خراپن كە ئاڵۆزن و دەسەڵاتێكی زۆر بە حكومەت دەدەن. لەبەر ئەوە دەكرێت یاسای نوێ تەنیا پاساوێك بێت بۆ درێژەدان بە كارە خراپەكانی ڕابردوو، یان خراپتریش، هەندێ جار دەزگایەكی تایبەتمەندیان هەیە و دێن و دەڵێن با دەزگایەكی نوێ دابمەزرێنین، بە زۆری ئەمە بیرۆكەیەكی خراپە، چونكە دەبێت كار لەسەر كاراكردنی دەزگاكەی پێشووتر بكەن. لەبەر ئەوە دروستكردنی دەزگای نوێ كات بە فیڕۆدانە و دووبارەكردنەوەی دەزگاكانی پێشووترە. كەواتە دەبێت بەرپرسە باڵاكان نموونە و پێشەنگ بن و پێویستە سەروەری یاسا باڵادەست بێت و یاسا بەسەر هەموواندا و بە یەكسانی جێبەجێ بكرێت. لەبەر ئەوە هێنانەئارای سادەیی و شەفافییەت گرنگییەكی بنەڕەتییان هەیە.
* لە زۆرێك لە وڵاتە تازە گەشەكردووەكاندا، گەورەبوونی كەرتی گشتی و بوونی ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی دەوڵەت دەبێتە هۆی زیادكردنی خەرجییەكانی حكومەت، بە چەشنێك خەرجییەكان لە داهاتەكانی زیاتر دەبن. كەواتە چۆن دەكرێت بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵ بین؟ ئایا بچووككردنەوەی حكومەت و دۆزینەوەی هەلی نوێی كار بۆ خەڵك هاوكار و یارمەتیدەر دەبێت؟
- دووبارەی دەكەمەوە كە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەركردەكان كە بیكەنە ئەولەوییەتی كاری سیاسیی خۆیان، هەروەها گرنگە كە ڕاوێژكاری تەكنیكی دەرەكی بەدەست بهێنن، با بانكی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی دراو هاوكاریتان بكەن، واتە سوود لە باڵاترین شارەزایی تەكنیكی وەربگرن لەم ڕووەوە، واتە با شارەزای نێودەوڵەتی هاوكارتان بن لە دەستنیشانكردنی ئەوەدا كە حكومەت چی پێویستە، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد، هەموو ئەمانە بەندە بە سەرۆك و بەرپرسە باڵاكانەوە كە ئایا ئامادەی ئەنجامدانی ئەم كارەن؟ واتە ئەمە پێویستی بە بوونی ئیرادەیەكی سیاسی هەیە بۆ ئەنجامدانی.
* ئەو وڵاتانەی لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەكانەوە، وەك نەوت، دەوڵەمەندن، ئەوا تەنها پشت بە تاكە سەرچاوەیەك دەبەستن، بەڵام كاتێك نرخی نەوت بە شێوەیەكی كتوپڕ دادەبەزێت، ئەم حكومەتانە دووچاری تاسان دەبن و ئەمەش دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ حكومەت. بە تێڕوانینی ئێوە چۆن دەكرێت سیاسەتی چاكسازیی ئابووری لەو وڵاتانەدا بخرێتەگەڕ كە پشت بە نەوت دەبەستن؟
- لە ڕاستیدا دەبێت پاشەكەوتی لێبكەن، تەنانەت وڵاتێكی وەك سعودیەش پاشەكەوتی لێدەكات، ئەگەرچی زۆریشی لێ خەرج دەكات، كەواتە دەبێت پاشەكەوت بكرێت و ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگیرێت كە نرخی نەوت بەرز و نزم دەكات و جێگیر نییە. خۆ ئەگەر هاتوو ئەو داهاتەشت خەرج كرد، ئەوا دەبێت لە بنیادنانی ژێرخاندا خەرجی بكەیت، نەك لە دامەزراندنی خەڵك و هاوكارییە حكوومییەكاندا، دەبێت دەست لە هاوكارییەكانی حكومەت هەڵبگیرێت، چونكە ئەمە ناكارایە و خەرجییەكی زۆری دەوێت. كەواتە كاتێك نرخی نەوت زۆر بەرز دەبێت، ئەوا داهاتێكی زۆر خەرج مەكەن، هەروەها خەرجییەكانیش با لە بواری وەبەرهێناندا بن و تەنیا لە بواری بەكاربردندا نەبن. چونكە ئەگەر نرخەكانیش دابەزین، ئەوا ناكەوێتە دژوارییەكی گەورەوە. ئەنجامدانی ئەم كارەش قورسە لە ڕووی سیاسییەوە. چونكە هەر حكومەتێك بگریت، كە داهاتی زۆری لەبەردەستدا بێت، خوازیاری خەرجكردنیەتی. لەبەر ئەوە گرنگە یاسای و ڕێسایەكی ڕوون هەبێت كە بە گوێرەی ئەو یاسایە ئەگەر نرخی نەوت لە 40 یان 50 دۆلار تێپەڕی، ئەوا دەبێت ئەو داهاتەی لە سەرووی ئەو نرخەوە بەدەست دەهێندرێت لە سندوقێكدا هەڵبگیرێت و لەوەبەرهێنانی درێژخایەندا بخرێتەگەر. ئەمە لە ڕووی تیۆرییەوە زۆر ڕوونە، بەڵام لە ڕووی عەمەلییەوە جێبەجێكردنی قورسە.
* تا چ ڕاددەیەك پشتبەستن بە سەرچاوە مرۆییەكان هاوكار دەبێت لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا؟ هەروەها چۆن دەكرێت وەبەرهێنان لە سەرچاوە مرۆییەكاندا بكرێت؟
- پێویستە ئامانجی دوورمەوداتان جۆراوجۆركردنی ئابووری بێت، پێویستە داهاتی نەوت لە پەروەردە و وەبەرهێناندا بەكار بهێندرێت. ئەگەر بێتو نایەكسانییەكی كەمتر و دەرفەتێكی زیاتر بۆ خەڵك بڕەخسێندرێت، ئەوا ڕەنگە بواری گەندەڵیش كەم بكرێتەوە. چونكە ئەگەر تەنیا ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی داهات گەندەڵی بێت، ئەوا پەنای بۆ دەبەن. كەواتە تاوەكو وەبەرهێنانی زیاتر بكەن لە بواری پەروەردە و بنیادنانی ژێرخاندا ئەوا هەلی ئەوە دەڕەخسێنیت خەڵكیش پەرە بە بەهرەی كاركردنی خۆیان بدەن. هەروەها ئەگەر كۆمپانیاگەلێكی زۆرتان هەبێت كە خەڵكی دابمەزرێنن، ئەوا مانای وایە دەرفەتی زیاترتان ڕەخساندووە. لەبەر ئەوە لەبری خوڵقاندنی بازنەیەكی بەتاڵ، بازنەیەكی بەرهەمدار دروست دەكەن كە بریتی دەبێت لە پەروەردە و خوڵقاندنی هەلی كار و بزنس و بنیادنانی ژێرخان، ئەمە لەبری ئەوەی تەنیا پشت بە نەوت ببەستن و نوقمی گەندەڵی بن. لەبەر ئەوە گرنگە داهاتی نەوت بۆ برەودان بە سەرچاوەی مرۆیی بەكار بهێندرێت، كە بە دڵنیاییەوە پەروەردە زۆر زۆر گرنگە، بە هەمان شێوە كە گرنگە وەبەرهێنان لە زانكۆكاندا بكرێت.