مەترسیی داچەقینی باهۆزی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو كوردستان هەیە! حزبەكان بیر لە خۆپاراستن دەكەنەوە؟!

مەترسیی داچەقینی باهۆزی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو كوردستان هەیە!  حزبەكان بیر لە خۆپاراستن دەكەنەوە؟!
سەرۆ قادربارودۆخی ناوخۆی كوردستان لە داوەستاوی و چەقبەستووییەكی گومانلێكراودا ماوەتەوە. هێزەكانی ناوخۆ لەبابەت گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی و پەكەكە، یارمەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی كوردستان نادەن. لە هەڵوێستێكی زیاتر لە ئۆپۆزیسیۆن بووندان، واتە لە دوژمنكاریدا وەستاون. بۆیە دەبێ بە دیقەتەوە چاودێری ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان بكەین. زۆر لە سەرچاوەكانی راگەیاندن و سیاسی، باس لە پلانێكی ژێر بە ژێریی ئێران دەكەن، كە بزووتنەوەی گۆڕان و پەكەكە و هەندێك لایەنی ئیسلامیش تێیدا بەشدار دەبن، ئامانجیان بوو بە چەك پەلاماری دام و دەزگەی حكوومەتی كوردستان بدەن. هەڵبەت لەم ڕۆژانەدا موراد قەرەیلان دڵنیایی داوە كە مەترسی لەو ڕووەوە نابێت.
بە مانایەكی تر ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەكەوە 1100 كیلۆمەتر بەرەی جەنگی لەگەڵ داعش هەیە، ئێران دەیەوێ لە لای خۆیەوە بە درێژایی هەزار كیلۆمەتری دیكە جەنگ لەسەر هەرێمی كوردستان بكاتەوە. ئەوەش بەو مانایە دەبێت كە مەبەستی لەناوبردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، چونكە ئەوە پێی ناگوترێ فشار. واتە ئێستا كوردستان بۆ جارێكی تر دەكەوێتە بەردەمی مان یان نەمان. بۆیە لەم دۆخەدا دەبێ چاوەڕوانی كاردانەوەی دیكەی نێودەوڵەتی ببین، ئەو كاردانەوانە چی دەبن؟ باسی دەكەم. لە لایەكی تر خۆئامادەكردنی حكوومەتی عێراق، بۆ گرتنەوەی موسڵ لە ئارادایە. ئەو حكومەتە هەماهەنگی لەگەڵ كوردستان كردووە. لەم هەماهەنگییەدا ئێران و ئەمەریكا ئاگادار و بەشدارن. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی بەشداریكردنی گرتنەوەی موسڵی داوە بە مەرجێك حەشدی شەعبی نەیەتە ئەم ناوچەیە. بەڵام زانیارییەكان ئەوە دەگەیەنن كە حەشدی شەعبی لە جل و بەرگی سەربازی عێراقیدا لە ئێستاوە بەرەو بەرەكانی مەخموور و ئەو بەرانەی كە بۆ گرتنەوەی موسڵ ئامادە دەكرێن، ئامادەیە و بوونیان هەیە و هاتوون. دیسان زانیارییەكان ئەوە دەگەیەنن كە فرت و فێڵێكی زۆر كە گومانی لێدەكرێ، بەشێك لەو پیلانەی ئێران كە لەگەڵ پەكەكە و بزووتنەوەی گۆڕان هەیەتی، لەگەڵ حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبیشدا هەیبێ. جا ئەگەری ئەوە هەیە كوردستان لە زۆرترین لایەوە بكەوێتە بەر پەلامار، واتە جیا لە داعش، حەشدی شەعبی و عێراق و بە درێژایی 1000 كیلۆمەتر ئێران و هاوكارەكانی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەلامار بدەن. ئەوە سیناریۆیەكی خوێناوییە، ئەگەر سەربگرێ شتێك لە كوردستاندا بەناوی حكوومەت و ئیرادەی سەربەخۆیی كوردستان بوونی نامێنێ. ئەگەر ئەو پیلانە ڕووبدات نیشانەی ئەوەیە ئێران بۆ جاری دووەم دوای ساڵی 1996، بڕیاری لەناوبردنی هەرێمی كوردستان دەدات. لە ساڵی 1996 ئێران شكستی خوارد و نەیتوانی، ئێستا جارێكی تر شانسی خۆی لە شەڕێكی دیكەی گەورەی ناوچەییدا كە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە تاقی دەكاتەوە. ئێران لە سووریا، لوبنان، یەمەن و عێراق پاشەكشەی پێكراوە و گەڕاندراوەتەوە سەر سنوورەكانی خۆی، پێدەچێ لەسەر سنوورەكانی خۆیەوە بیەوێ شەڕێكی قورس لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، لەو شەڕەشدا ئامانجی خۆگرتنەوە و سەرخستنی ستراتیژیی سەربازیی خۆی هەیە. لەو حاڵەتەدا دەبێ چاوەڕوان بین كە هاوپەیمانەكانی كوردستان، هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەكان دەستەوستان ناوەستن. كوردستان بەشێكە لە هاوپەیمانێتییەكی فراوان و جۆراوجۆر؛ هاوپەیمانە لەگەڵ ئەمەریكا و ئەورووپا و هەموو ئەو وڵاتانەی كەوا لە دژی داعش شەڕ دەكەن. كوردستان و فڕۆكەخانەكانی، بوونەتە بنكەی یەكەمی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوژمنەی كە هەموو دنیا بە دوژمنی خۆی دەزانێت، واتە داعش. لە لایەكی تر كوردستان هاوپەیمانێتییەكی توندی لەگەڵ سعودییە، ئیسرائیل و توركیا هەیە. هەر ئێستا هەرسێك لەم دەوڵەتانە بە شێوەی جۆراوجۆر و بە تەنیا یان لە قاڵبی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، لەسەر خاكی كوردستان لە شەڕ لە دژی داعش بوونیان هەیە، یان لە بەرەنگاربوونە لەگەڵ بوونی ئێراندان. بەشێك لە ستراتیژی ئێرانی ئەوە بوو، كە كێشەی كوردستان لە هەر چوار پارچە لەكار بخات. چونكە كورد وەك پێكەاتەیەكی زوڵم لێكراو بووەتە شیعار و ناونیشانی نێودەوڵەتی بۆ هاریكاریكردن. گرنگیدان بە كچە كوردی ئێزیدی نادیە موراد، بۆ خۆی نموونەیەكە لە گرنگیدان بە كێشەی كورد لە دنیا. توركیا و باكووری كوردستان لە چارەسەری نزیك كەوتبوونەوە، بەڵام هاوپەیمانێتی پەكەكە لەگەڵ ئێران وایكرد كە ئەو حزبە واز لە ئامانجە نەتەوەییەكانی بێنێ و بە ئاشكرا رایبگەیەنێ كە دژی هەر ئامانجێكی نەتەوەییە. هەروەها بە شێوەیەكی زۆر مافیایی لەناو كوردستانی باكوور و توركیا كێشەكەی لەبار برد و گەلی كورد و شارەكانی خستە بەردەمی چەقۆی سوپای توركیا كە سوپایەكە لە كوشتن و تواندنەوەی كورددا گەورە بووە، جارێكی تر ئەو سوپا شۆڤێنیستەی بەناو شارەكانی كوردستان وەركردەوە. ئێستا شار بە شار پەكەكە پاشەكشە دەكات. هەروەها لە رۆژئاوادا بارودۆخ ئاڵۆزتر بووە. پەیەدە بە ئاشكرا هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ سووریا و لەگەڵ ئیران ڕاگەیاندووە و بەشێوەیەكی نزیك لە ستراتیژیەتی پەكەكە لە باكوور، خەریكە ئاڵۆزی دەخاتە شیعار و ئامانجەكانی كورد لە ڕۆژئاوا. لەم بارودۆخەدا، پێشبینی دەكرێ باری سەربازیی هەرێمی كوردستان ئاڵۆزتر ببێت، هەرێمی كوردستان و سەركردایەتی كوردستان و سەرۆكایەتی بارزانی خۆی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی زیاتر گرێ بدات و بیر لە پاراستنی خۆی بكاتەوە. سەركردەكانی گۆڕان و پەكەكە و كۆمەڵی ئیسلامی و پەیەدە، پێدەچێ نیازیان بێت خۆیان لە تیغێكی زۆر تیژ بدەن. میللەتەكەشمان لە هەرچوار پارچە، بەتایبەتیش لە باشووری كوردستان تووشی ئێش و ئازارێكی زۆر بكەن. سەرباری هەندێش، پێش ئەوەی ئەم كارەساتە بقەومێ، دەرفەت بۆ لێكحاڵی بوون و گەڕانەوە ماوە. ئێستاش سەركردەكان دەتوانن بەیەكەوە دابنیشن، سەرباری هەموو جیاوازییەكانیان، دەست بدەنە پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی كە ئێستا لە باشوور و لە ڕۆژئاوای كوردستان، لەدەست كورددایە. ئەوەی من تێیبگەم، ئێستا مسعود بارزانی هەدەفە ستراتیژییەكەی لەوەدایە كە ئەم دوو تەجرەبەیە لەدەست نەچێ و بیانپارێزێت. بارزانی بۆ ئەم مەبەستە، بەرنامەی چاكسازی خۆی لەناو حكوومەت و حزب لە هەرێمی كوردستاندا دەستپێكردووە. بە هێمنی و بە بنیادنەرانە لەسەری بەردەوام دەبێت. ئەوەندەی لەم بارودۆخەدا بكرێ، ئەنجامی دەدات. هەروەها بۆ بەردەوامبوون لەسەر پڕۆسەی سەربەخۆیی، ڕیفڕاندۆم بە تاكە ڕێگا داناندرێ. دەكرێ بە بێ ڕیفڕاندۆم بەرەو سەربەخۆیی بچین. بەمەش بارزانی، بەشێك لەو پیلانەی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی دژ، هەڵدەوەشێنێتەوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش خۆی بۆ هەستانەوەیەكی ئابووری- ئیداری باشتر لە جاران، ئامادە دەكات. بۆیە ئەوەی ئێستا مەنتق لە میللەتی كورد دەخوازێ ئەوەیە؛ كە پشتی حكوومەت و سەرۆكی سەربەخۆخوازی خۆیان، لەبەرانبەر ئەم پیلانە (نێودەوڵەتی ـ ناوخۆییە)ـی كە لە دژی دەستكەوتەكان و دژی شەمەندەفەری رۆیشتن بەرەو سەربەخۆیی تەندراوە، بگرن. میللەتی كورد دەبێ ئەم تەحەددایەش تێپەڕێنێ، بەسەر ئەم ئەستەنگەشدا بازبدات و ئیرادەی خۆی تاقی بكاتەوە كە میللەتێكە بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە. چونكە گەڕانەوەی میللەتی كورد بەرەو دواوە، بریتییە لە داخڵ بوون بۆ ناو پڕۆژەی ئێرانی. پڕۆژەی ئێرانی بەمانای دەستلێنەدانی سنوورەكانی سیاسییە. هیچ بەرنامەیەك بۆ كورد و غەیری كورد لە ئارادا نابێت، سەرەنجام كوردستان دەبێتەوە پارێزگایەك لە پارێزگاكانی عێراق. لە جیاتی عێراقێكی شۆڤێنی فاشی بەعسی بێ، ئیستا عێراقێكی شۆڤێنی فاشی تائیفییە. بۆیە كورد پتر بەرەو نەمان دەبات. حیكمەتی سەرۆك بارزانی، لە پێداگریكردن لەسەر سەربەخۆیی لێرەوە دەردەكەوێ. گەڕانەوە بۆ دواوە بە مانای لەناوچوونە، لە باشترین حاڵەتدا بە كۆیلەبوونی میللەتی كوردە لە هەرچوار پارچەی كوردستان. بۆیە تەنیا یەك ڕێگەمان لەپێشە، ئەویش بازدانە بەرەو سەربەخۆیی. ئەوە سەربەخۆییە كە میللەتی كورد دەكاتە خاوەن ئیرادەی خۆی و چارەنووسەكەی دەخاتەوە دەستی خۆی و یەكێك دەبێ لە دەوڵەتە بووژاوە و دەستڕۆیشتووەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئایندەیەكی نزیكدا. پێویستە هەموو حزبەكان لە پڕۆژەی ئێرانی دوور بكەونەوە و لە سەر ستڕاتیژییەكی هاوبەش بۆ كوردستان كۆك بن. كورد دژی ئێران نییە، بەڵام بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە فراوانخوازە، یەكناگرێتەوە. بۆیە مسعود بارزانی بەرچاوی ڕوونە و گەشبینە، ئەم گەشبینییە دەبێ پشتیوانی بكرێت.
Top