پارتی و یەكێتی بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان لەسەرشانە و دەبێت قوربانی بدەین بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بپارێزین

پارتی و یەكێتی  بەرپرسیارێتییەكی گەورەیان لەسەرشانە و دەبێت قوربانی بدەین بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بپارێزین
یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و تەبایی و هەماهەنگی نێوان حزبە سیاسییەكان بناخەی سەرەكیی هەر خۆئامادەكردنێكە بۆ ئایندە، بەتایبەتی لەم قۆناخە هەستیار و ئاڵۆزەدا كە دەرگاكان بە رووی هەموو ئەگەرە ئەرێنی و نەرێنییەكاندا واڵان و تەنیا رێگەیەك كە ئایندەی سەرفرازی كوردی لێوە دەربكەوێت، دوای پشتیوانی خوا، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی تێكڕای خەڵك و حزبەكانی كوردستانە، بەڵام لە ئێستادا تەبایی و هەماهەنگی نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەو ئاستەدا نییە كە جێگەی ئەو ئومێدە گەورەیە بێت كە خەڵك چاوەڕوانی دەكات، هەروەها لەو ئاستەشدا نییە كە بتوانن هەموو پێكەوە رووبەڕووی ئەو قەیرانە سیاسی و ئابوورییانە ببینەوە كە ئێستا رووبەڕووی حكومەت و خەڵكی كوردستان بۆتەوە. پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە ئایا تا كەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان، پرسی لاوەكی حزبی وەلا نانێن و كەی بۆچوونەكانیان لەسەر بەرژەوەندی باڵا و ئایندەی كوردستان یەكدەخەن؟ چۆن دەكرێت ئەم قۆناخە تێپەڕێنین و نێوماڵی كوردستانیش پەرتەوازە بێت؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسیارانە و هەوڵەكان بۆ ئاشتەوایی نێوماڵی كوردستان و چۆنیەتی رووبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی و هەنگاوهەڵگرتن بۆ چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* ئێستا لە ناوچەكە بارودۆخێك هاتۆتەپێش كە بریتییە لە گۆڕانكاری خێرا، ئاژاوەی خێرا، بۆچوونەكان بە خێرایی گۆڕانیان بەسەردا دێت، دیارە لەم بازنەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی ژمارە یەكە لە باشووری كوردستاندا، ئایا ئێوە چۆن سەیری ئەم گۆڕانكارییانە دەكەن؟
- بێگومان سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێمەش كە بەشێكین لەم ناوچەیە، گۆڕانكارییەكان یەك جۆر نین، بەڵكو گۆڕانكارییەكان ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتین، لەسەر كۆی گۆڕانكارییەكان بۆچوون و تێڕوانینی جیاواز هەیە، لەسەر هەندێك لە پرسەكان بۆچوونەكان لێكدەچن، لەسەر هەندێكی دیكەیان زۆر لێكجیاوازن، هەروەها بەشێك لە بەرژەوەندییەكان تێكهەڵكێشراون، بۆیە بارودۆخەكە بە جۆرێك ئاڵۆز بووە چارەسەكردنی كێشەكان ئاسان نەبێت. لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان بەگشتی و باشووری كوردستانیش بەتایبەتی، لێرەش دیسان لەناو حزبە سیاسییەكانی كوردستاندا بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم ئاڵۆزییانە و رووداوەكانی دەوروبەرمان هەیە، واتە لەوانەیە هەر حزبێكی سیاسی بۆچوونی جیاوازی هەبێت لەسەر كێشە ناوخۆییەكان، هەروەها چۆنیەتی خوێندنەوەی بۆ رووداوەكانی ناوچەكە، بەڵام ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پێمانوایە دەبێت خوێندنەوەیەكی سەردەمییانەمان بۆ كۆی ئاڵۆزی و رووداوەكان هەبێت، ئێستا بارودۆخێك هاتۆتە پێشەوە لەوانەیە بەشێك لەو واقیعە لە دەرەوەی ئیرادەی هەموومان خوڵقابێت، بەڵام دەبێت لە ئاست هەموویان بەرپرسانە مامەڵە بكەین و نەهێڵین زیان بە بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانیمان بكەوێت. بەلای كەمەوە ئەگەر بۆچوونەكانمان لە شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ناوخۆیشمان وەك بەڕێوەبردنی حكومەت جیاوازیشمان هەبێت، ئەوا باشترە لەسەر بابەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، وێكچوونێكی لێ دروست بكەین، هەتا ئەگەر 100% یش نەتوانین بۆچوونەكانمان وەك یەك لێ بكەین، ئەوا دەبێت لێكیان نزیك بكەینەوە، ئەگەر وانەكەین ناتوانین بە شێوەیەكی زۆر باش رووبەڕووی ئەو ئاڵۆزی و تەحەددییانە ببینەوە كە ئێستا رووبەڕووی وڵات و گەلەكەمان بۆتەوە، ئەم واقیعە لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی حزبەكانی كوردستان فەرزی دەكات كە دەبێت لە سەر هەندێك پرسی سەرەكی و نیشتمانی رێكبكەوین و تەبایی لە نێوماڵی كوردستاندا دروست بكەین، ئەمەش تەنیا رێگەیە بۆ ئەوەی بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە و ئەو هەموو ئاڵۆزی و تەحەددییانە بكەین كە ئێستا لە عێراق و دەوروبەری و تەواوی ناوچەكە بوونی هەیە.


* باشە كە دەزانین تەنیا رێگە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ئاڵۆزی و تەحەددییانە یەكڕیزیی نێوماڵی كوردە، بۆچی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوەشاندەوە؟ ئایا ئەم هەڵوەشاندنەوەیە درز و كەلێنی نەخستۆتە نێوماڵی كوردستانەوە؟


- پێش هەموو شت، ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ئێمە و گۆڕان هەبوو، بریتی بوو لە چۆنیەتی بەشداریكردنیان لەناو حكومەتدا و رێككەوتن بووە لە سەر بەرنامەی حكومەت، ئەو بەرنامەیەی هەموو لایەنە بەشداربووەكانی ناو حكومەت لە سەری رێككەوتبوون و دیدوبۆچوونی هەموو لایەنەكانیش لەو بەرنامەیەدا رەنگیدابووەوە، لەمەش زیاتر رێككەوتنی ئێمە لەگەڵ گۆڕان لەسەر بنەمای چوار ساڵی ئارامی بوو بۆ بەڕێوەبردنی حكومەت پێكەوە، بەڕێوەبردنی حكومەتیش ئەو كاتە سەركەوتوو دەبێت كە هەموو لایەنە بەشداربووەكان پشتگیری ئەو حكومەتە بكەن بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو هەموو تەحەددییانە بگرێت كە رووبەڕووی دەبێتەوە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا گۆڕان چۆن مامەڵەی لەگەڵ حكومەت دەكرد؟ بێگومان لەلایەك لە حكومەت بەشداربوو، لەلایەكی دیكە دژایەتی حكومەتیان دەكرد، تایبەتمەندی بزووتنەوەی گۆڕان بەو جۆرە بوو زیاتر بە نەفەسی ئۆپۆزسیۆن بوون مامەڵە لەگەڵ حكومەت بكەن نەك وەك لایەنێكی شەریك و بەشدار لە حكومەتدا، لەم خاڵەوە جیاوازی لە نێوانماندا دروست بوو، لەمەش زیاتر هەوڵیاندا ئەم جیاوازە پاڵپێوە بنێن بۆ پەرلەمان، بەڵام پەرلەمان بەگشتی و سەرۆكی پەرلەمان بەتایبەتی لەئاستی بەڕێوەبردنی ئەم جیاوازی و ململانێیەدا نەبوو، واتە نەیتوانی بۆچوونەكان لێك نزیك بكاتەوە و ئاڵۆزییەكان خاو بكاتەوە، بەپێچەوانەوە زیاتر بۆچوونەكانی لێك دوور خستەوە و ئاڵۆزییەكانیشی زیاتر كرد، بۆیە لەم حاڵەتەدا پێویست بوو پارتی دیموكراتی كوردستان بەرامبەر ئەم بارودۆخە نەخوازراوە هەڵوێستێكی هەبێت و ئەو هەڵوێستەشی نواند.



* لە دوای ئەم هەڵوێستەوە، هەوڵەكان بەو ئاراستەیە بوون كە ئەو بارودۆخە دووبارە هێور بكرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا نەتانتوانیوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پێوەندییەكان ئاسایی بكەنەوە، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامیش چۆتە ناو بەرەی گۆڕانەوە، ئایا بۆ ئەم پرسە هێور ناكەنەوە؟

- دیارە گفتوگۆكردن و دانوستاندن لە سەر پرسێك ئەنجام دەدرێت كە پێشتر كێشەیەكی لەسەر هەبووە و ئێستا ئەو دوولایەنە دەیانەوێت هۆكاری دروستبوونی ئەو كێشەیە راست بكەنەوە و لەسەری رێكبكەون، كەواتە خاڵی سەرەكی پێناسەكردنی كێشەكە و دانپێدانانی هەردوولایە بەو هەڵانەی لەو كێشەیەدا بەری دەكەوێت، كێشەی سەرەكی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەیە كە نایەوێت دان بەو بەشەی هەڵەكەدا بنێت كەبەر ئەو دەكەوێت، ئەو نایەوێت دان بەوەدا بنێت كە هۆكاری دروستبوونی ئاڵۆزییەكان و گۆڕینی ئاراستەی خۆپیشاندان و هەڵكوتانە سەر دامودەزگای حكوومی و بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بۆیە كاتێك لایەنێك نەیەوێت دان بە هەڵەی خۆیدا بنێت، رێككەوتنی چۆن لەگەڵ دەكرێت؟ ئێمە راشكاوانە پێمان گوتوون، رێككەوتنی پێشتری پارتی لەگەڵ گۆڕان كۆتایی هاتووە، دەبێت لەسەر بنەمایەكی تازە رێكبكەوین و بە میكانیزمێكی تازە لە پەرلەمان كار بكەینەوە، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی كارەكان هەر بە رێككەوتنە كۆنەكە بەڕێوە بچێت، بۆیە نەگەیشتووینەتە هیچ رێككەوتنێك.


* ئایا مەبەستتان لە رێككەوتنی نوێ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان چییە؟ ئەم رێككەوتنە نوێیە تەنیا لەگەڵ گۆڕانە، یان تەواوی لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت دەگرێتەوە؟
- ئێمە تەنیا لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنمان هەڵوەشاندۆتەوە، حزبەكانی دیكە هەڕەشە نەبوون بۆ سەر بەڕێوەبردنی حكومەت، ئەوجا كاتێك لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنی نوێ دەكەین، كارێكی خراپ نییە مەسەلەی دووبارە دابەشكردنەوەی پۆستەكان، گۆڕینی پۆستەكان لە كۆبوونەوەی دووقۆڵی، یان بە بەشداری لایەنە بەشداربووەكانی حكومەت گفتوگۆیان لەسەر بكرێتەوە، بەڵام گۆڕان لەسەر ئەمە مەرجی هەیە و دەڵێت دەبێت هەموو مەسەلەكان بگەڕێنەوە بۆ پێش رۆژی 12ی ئۆكتۆبەر، ئەمەش گرێیەكی دروستكردووە، ئێمەش دەڵێن با گفتوگۆ بكەین بزانین چۆن دەتوانین پێكەوە ئەم وڵاتە بەرێوەبەرین.



* ئایا بۆچوونی مەكتەبی سیاسی پارتی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان چییە؟
- دیسان دەبێت ئەم پرسە بسپێرین بە گفتوگۆ، لەبەر ئەوەی پرسی سەرۆكی پەرلەمان تەنیا پێوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە و هەموو لایەنەكانی بەشدار لە حكومەتدا دەگرێتەوە، وەك پارتی ئێمە پێمانوایە سەرۆكی پەرلەمان نەیتوانیوە رۆڵێكی ئەرێنی بگێڕێت، واتە نەیتوانیوە وەك سەرۆكی پەرلەمان كار بكات، بۆیە ئەمەش وایكرد بەداخەوە كۆمەڵێك كێشە دروست ببێت، كە پێویست نەبوو لەم بارودۆخەدا ئەو كێشانە دروست بكرێن.
* ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجی گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمانە، یان دەیەوێت پۆستەكە لای بزووتنەوەی گۆڕان نەبێت؟


- ئەوەی تائێستا دیارە، شەخسی سەرۆكی پەرلەمان نەیتوانی وەك سەرۆكی پەرلەمان رەفتار بكات، زیاتر وەك سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان مامەڵەی كردووە، ئەم حاڵەتە، یان ئەوەیە ئەمە تایبەتمەندی و سروشتی ئەو شەخسەیە، یان گوشاری لەسەر بووە بۆ ئەوەی بەو شێوەیە لە پەرلەمان رەفتار و مامەڵە بكات، ئەگەر ئەوە تایبەتمەندی ئەو شەخسە بێت كە بەو جۆرە رەفتاری كردووە، ئەوە تایبەتە بە خۆی، بەڵام ئەگەر گۆڕان گوشاری لێكردبێت بەو جۆرە رەفتار بكات، ئەمەیان دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی بداتەوە، هەر بۆیە ئەگەر ئەمە بیروبۆچوونی بزووتنەوەی گۆڕان بێت بەرامبەر بە پەرلەمان، ئەوا بێگومان گۆڕان ناتوانێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات، بۆیە دیسان ئەم پرسە پێویستی بەوەیە كە پێكەوە دابنیشین و بە گفتوگۆ چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
* ئێوە وەك پارتی كێشەتان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی چییە؟ ئایا لەمبارەوە قسەتان لەگەڵ كردوون؟
- هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی نییە، ئێمەش تێناگەین بۆچی چوونە ئەو سەنگەرەوە، بێگومان لە سەر ئەم پرسەش قسەمان لەگەڵ كردوون، بەڵام پێدەچێ ئەوان لەو باوەڕەدا بن ئەم هەڵوێستەیان لە بەرژەوەندی حزبی ئەوانە، پێموایە كۆمەڵی ئیسلامی زیاتر لە بازنەی كەشوهەوای هەڵبژاردن دەخولێتەوە، تاكو ئەوەی بێتە ناو بازنەی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانەوە.


* پێتوانییە دەستێوەردانێكی دەرەكیش بوونی هەبێت بۆ ئەوەی سوود لەم بارودۆخە وەربگرێت؟
- ئەم بۆچوونە بە دوور نازانرێت، بەڵام ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەر ئەم پرسە هیچ لایەك تۆمەتبار ناكەین، گەرچی بێگومان خەڵكانێك هەن دژی ئەو دروشمەن كە داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكات، بۆیە ئەگەر پێشتر ناحەزانی كوردستان بە لەشكركێشی هەوڵیاندابێت دژی مافەكانی خەڵكی كوردستان راستەوخۆ دەستێوەردان بكەن، ئێستا ناتوانن ئەو كارە بكەن، بۆیە دەیانەوێت بە پشتگیریكردن لە دروستكردنی ئاژاوە و ئاڵۆزی ئەوەی مەبەستیانە بەدیبهێنن.



* لێرەوە ئەگەر باس لە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، دیارە پێش ئەم كۆبوونەوەیە داواكارییەكی زۆر هەبوو بۆ ئەوەی سەرۆك ئەو كۆبوونەوەیە بكات، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە چەندین بۆنە داوای ئەو كۆبوونەوەی كرد، باشە كە سەرۆك كۆبوونەوەكەی كرد بۆ كۆمەڵی ئیسلامی ئامادەنەبوو؟
- پێش ئەو كۆبوونەوەی جەنابی سەرۆك لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، كۆبوونەوە و وتووێژ لە نێوان لایەنەكان هەبوو، بەڵام لە دوو سێ بۆنە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی داوای كرد، تەنیا رێگە ئەوەیە جەنابی سەرۆك لەگەڵ حزبەكان كۆبێتەوە، ئەم پرسە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی باسكرا، هەموو پشتگیرییان لێكرد، جەنابی سەرۆك بە ئەرێنی هەڵیسەنگاند، ئەمەش وایكرد جەنابی سەرۆك ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدات، لەو كۆبوونەوەیەشدا كە گۆڕان و كۆمەڵ ئامادە نەبوون، قسەی زۆر باش و بڕیاری زۆر باشیش بۆ چارەسەكردنی كێشەكان دران، چەند میكانیزمێك دیاری كرا بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و لابردنی گرفتەكان، ئەمەش لیژنەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی لێكەوتەوە، بەڵام جارێكی دیكە لیژنەی كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكار خرا.


* ئەو هۆكارانە چی بوون كە وایكرد ئەو لیژنەیە لەكار بخرێت؟
- هۆكارەكەی ئەوە بوو یەكگرتووی ئیسلامی بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناو لیژنەكە و لە كۆبوونەوەدا هەڵوێستی خۆی ئاشكرا بكات، لە ناكاو بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لە لیژنەكە پاشەكشەی كرد، ئێمەش لە راگەیاندن بیستمان یەكگرتوو ئەو هەڵوێستەی راگەیاندووە.


* بڕیار بوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی دووەم لەگەڵ لایەنەكان بكات، ئەو كۆبوونەوەیە بۆ دواخرا و نەكرا؟
- ئەویش هەر لەسەر داوای لیژنەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بوو، ئێمە رۆژێك پێش دواخستنی ئەو كۆبوونەوەیە، كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵیمان هەبوو (پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو) لەم كۆبوونەوەیە یەكێتی و یەكگرتوو دوایان كرد كۆبوونەوەكە دوابخرێت، جەنابی سەرۆكیش گوتی مادام ئەمە داوای لیژنەكەیە ئێمە رێز لە داواكەیان دەگرین.



* ئەگەر بێینە سەر پێوەندی نێوان پارتی و یەكێتی، وەك دوو حزب كە بەرپرسیاریەتی گەورەی ئەم قۆناخەتان لەسەر شانە، ئایا لە دوای ئەم ئاڵۆزییانەوە، هەردوولاتان بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنیان تێڕوانینێكی هاوبەشتان هەیە؟
- پێوەندییەكانمان باشن، هەر لایەك لە روانگەی خۆیەوە بە خەمە بۆ چۆنیەتی چارەسەكردنی ئەو بارودۆخەی دروست بووە، بۆ ئەمەش ئێمە لەگەڵ یەكێتی كۆمەڵێك كۆبوونەوەمان كردووە كە لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو بۆتەوە، كۆمەڵێك كۆبوونەوەشمان دوور لە چاوی راگەیاندن ئەنجامداوە، كۆبوونەوەكان لەسەر ئاستی باڵا بوون، لەسەر كۆمەڵێك پرس دیدوبۆچوونی هاوبەشمان هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە رێككەوتنی كۆتایی بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم پرسە، هەردوولا پرۆژەمان داوە بە یەكتری، بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەو پێشنیارانە لەو كۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئامادەكراون كە لیژنەی كاراكردنەوی پەرلەمان هەرسێ لا ئامادەمان كردوون.



* ئایا ئێوە و یەكێتی ئامادەن شان بدەنە بەر ئەم ئەركە قورسە؟
- هیچ چارەیەكی دیكەمان نییە، ئێمە و یەكێتی بەرامبەر ئایندەی كوردستان بەرپرسیاریەتێكی گەورەمان لەسەر شانە، لەم پێناوەدا كۆمەڵێك قوربانیمان داوە، بۆیە دەیپارێزین، ئەمە بەو مانایە نییە ئەركی لایەنەكانی دیكە نییە، بەڵام ئاشكرایە بەرپرسیاریەتی گەورە كەوتۆتە سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بۆیە دەبێت هەردوولامان لەخەمی ئەو ئایندەیە بین و مەزندە دەكەم هەردوولاشمان لەسەر ئەمە هاودەنگین، دەبێت پارتی و یەكێتی قوربانی بدەن بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی كوردستان تێكنەچێت.


* وەك هەر دوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی هەر لە چوارچێوەی رێككەوتنی ستراتیژی پێكەوە كاردەكەن، یان بەنیازن رێككەوتنێكی تازە ئیمزا بكەنەوە؟
- ئەو رێككەوتنە ستراتیژیەی لە ساڵی 2007 لەگەڵ یەكێتی ئیمزامان كردووە، كۆمەڵێك دەستكەوتی زۆر باشی بۆ كوردستان هەبووە، بۆیە وەك پارتی بەو جۆرە سەیری دەكەین، لەبەر ئەوەی دەستكەوتی بۆ كورد و كوردستان هەبووە، كەواتە پارتی لەو رێككەوتنە سوودمەند بووە، پێموایە یەكێتیش هەروا سەیری دەكات، بۆیە ئێمە لەگەڵ پابەندبوونین بەو رێككەوتنە، بەڵام لە بارودۆخی ئێستا زۆر شت گۆڕاوە، شتی تازە هاتۆتە پێشەوە، رێككەوتنیش لە پێناوی ئەوە دەكرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكاری و تەحەددییەكان بكرێت، بۆیە وا مەزندە دەكەم ئەو بارودۆخە تازەیە لەبەرچاو بگیرێت و خاڵی تازە بخرێتە نێو رێككەوتنەكەوە.



* ئایا ئەم رێككەوتنە دەبێتە بنەمایەك بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بیر لە حكومەتێكی هاوبەشی زۆرینە بكەنەوە؟
- بۆچوونی ئێمە بەوجۆرەیە چەند زیاتر هێزە سیاسییەكان بەشداری لە پێكهێنانی حكومەت بكەن، بۆ ئەم قۆناخەی ئێستامان سوودی زیاترە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت ئەگەر لایەنێك هەر نەمانتوانی رازی بكەین، چۆن لەناو دەسەڵاتدا رەفتار دەكات، بۆیە دەبێت ئەو كاتە بیر لە حكومەتی شەراكەت و زۆرینە بكرێتەوە، دەبێت حكومەت كارابكرێتەوە و ئێش و كاری ئەم وڵاتە رانەوەستێت، ئەم هەموو قەیرانەی رووبەڕوومان بۆتەوە، دەبێت حكومەت بەڕێوەیان بەرێت و چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە ئەگەر بۆ نموونە گۆڕان هەر نەهاتە پێشەوە، ئەوا لە ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە، لە هەموو دنیاش وایە ئەگەر حزبێك نەیەوێت بەشداری حكومەت بكات، لە ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە.


* ئەگەر گۆڕان بووە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حكومەتی نەكرد، ئایا دەكرێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات؟
- لە دنیای دیموكراتی شتی وانییە، حزبێك لە ئۆپۆزسیۆن بێت و سەرۆكایەتی پەرلەمان لای ئەو بێت، بۆیە ئەم لایەنەش بیری لێكراوەتەوە، لەبەر ئەوەی لەگەڵ كاراكردنەوەی حكومەت پێویستە پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی زۆر بابەت هەیە پێویستی بە یاسایە، واتە هەندێك پرس پێویستی بە دەركردنی یاسای تازە، یان هەمواركردنەوەی یاساكان هەیە، بۆیە دەبێت پەرلەمانیش كارابكرێتەوە. هەربۆیە قەیرانەكان چەند گەورە بن، ئێمە لە بەرپرسیاریەتی راناكەین، سەبارەت بەو قەیرانە داراییە بە هۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە رووبەڕووی كوردستان بووەتەوە، ئێمە ئێستاش پشتگیری لە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆی كوردستان دەكەین. راستە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ئەم قەیرانە دروست بووە، بەڵام ئەگەر نرخی نەوت وەك ئەو كاتە بوایە كە ئەم پرۆسەیە دەستی پێكرا، ئێستا هەموولایەك دەیگوت ئێمەش لەو بیرۆكەیە بەشداربووین و ئێمەش خاوەنی ئەو پرۆژەیەن، بەڵام چونكە نرخی نەوت دابەزیوە، هەندێك لایەن خۆیان لێبردۆتە دەرێ.


* بەڵام وێڕای ئەوەی نرخی نەوت دابەزیوە و سەرچاوەی داهاتی كوردستان زۆر زۆر كەمی كردووە، بەڵام لایەنێكی وەك پەكەكە بە ئاشكرا هەڕەشە لەو سەرچاوەی داهاتە دەكات و بۆری نەوت دەتەقێنێتەوە و دژایەتی خۆی بە ئاشكرا بۆ رێككەوتنی بۆری گازی هەرێمی كوردستان پیشاندەدات، ئایا ئەمەی پەكەكە دەیكات، لای ئێوە چۆن دەخوێندرێتەوە؟
- پەكەكە كارێكی باش ناكات، ئەگەر تەنیا لە دوای ساڵی 1991 ـەوە كە ئەم ئەزموونە لە باشووری كوردستان دامەزراوە، سەیری رەفتاری پەكەكە بكەین، دەبینین بەردەوام گرفتی زۆر گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، بۆ دروستكردنی ئەم كێشانەش سوودی لە دوو هۆكار وەرگرتوووە، یەكەم هەست و سۆزی خەڵكی كوردستان بۆ كوردایەتی، دووەمیان هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەردەوام و هەتا ئێستاش بریتییە لە پشتگیری داوای خەڵكی كوردستان لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، بۆیە پەكەكە بەردەوام كێشەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە ئێستاشدا ئاراستەكەیان گۆڕیوە و دەیانەوێت راستەوخۆ كێشەی داهات و دارایی بۆ خەڵكی باشووری كوردستان دروست بكەن، ئەمەش تەنیا خزمەت بە بیروبۆچوونی ئەو ناحەزانە دەكات كە دژی سەربەخۆیی ئابووری و دژی سەربەخۆیی كوردستانن.


* بەڵام لەسەر ئاستی دیكەش پەكەكە لە هەوڵی ئەوەدایە كێشەی گەورە بۆ باشوور دروست بكات، بۆ نموونە ئێستا لە شنگال لەگەڵ حەشدی شەعبی هاوكارییان هەیە و دژی ئیدارەی شنگال لێدوان دەدەن و نایانەوێت شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، ئایا لە سەر ئەمە چی دەڵێن؟
- ئەم رەفتارانەی پەكەكە دەیكات لە ناو پرەنسیپەكانی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا جێگەیان نابێتەوە، ناچنە چوارچێوەی خەبات لە پێناوی بەدیهێنانی خواست و ئامانجە نەتەوەییەكان، بەپێچەوانەوە ئەمە تێكدانی ئامانج و خواستە نەتەوەییەكانی كوردستانە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە شنگال چ پێوەندییەكی بە پەكەكەوە هەیە، گۆڕەپانی خەباتی پەكەكە دیارە كوردستانی توركیایە، ئێستا ئەو لە گۆڕەپانی خۆی هیچی پێناكرێت و رایكردووە و دەیەوێت بارودۆخی باشووری كوردستان تێكبدات، دەیەوێت هەرێمی كوردستان بە شتی لاوەكییەوە سەرقاڵ بكات و نەپەرژێتە سەر ئامانجە سەرەكییەكە كە هەوڵدانە بۆ سەربەخۆیی كوردستان.


* بەڵام لەمەش زیاتر ئێستا دەنگۆیەك هەیە گوایە پەكەكە بەنیازە لە باشووری كوردستان شانەی چەكداری دروست بكات و راپەڕینێكی چەكداری دژی هەرێمی كوردستان بەرپا بكات، ئایا ئەمە هەر پڕوپاگەندەیە، یان ئێوەش ئاگادارن؟
- ئەو زانیارییانە هەموو بڵاو بوونەتەوە، بە دڵنیاییەوە دامودەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس لە هەموو هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو پرسەن، لەوانەیە تێڕوانینی پەكەكە بەو جۆرە بێت، لەبەر ئەوەی جۆرێك لە ناڕازیبوون هەیە، ئەو دەیەوێت سواری شەپۆلی ئەو ناڕازیبوونە بێت.
* ئایا لایەنی دیكە هاوكارن لەگەڵ ئەم پیلانەی پەكەكە؟
- بێگومان خەڵك و لایەنی دیكەیان لەگەڵدایە، ئایا كێ هاندەری ئەوەیە شەپۆلی ناڕەزاییەكە رێكبخات؟ پەكەكە ئەو كاتە دێتە ناو ئەم مەسەلەیە كە ناڕەزاییەكە دروست دەبێت.



* ئایا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەماهەنگیتان هەیە بۆ رێگرتن لەم ئاژاوەیەی پەكەكە دەیەوێت دروستی بكات؟
- بێگومان دامودەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس ئەمەیان لەبەر چاوگرتووە، بە جددیش ئەم پرسەیان وەرگرتووە، لەبەر ئەوەی ئەمە مەسەلەیەك نییە گەمەی لەگەڵدا بكرێت، یان بە كەم وەربگیرێت.
* لەناو ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی نێوماڵی كوردستاندا، باس لە مەسەلەی ریفراندۆم دەكرێت كە زۆر گرنگە، ئایا تا چەند ئەم ئاڵۆزییەی نێوماڵی كوردستان، ئاستەنگی گەورە بۆ پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دروست دەكات؟
- با ئەم پرسیارە بكەینە دوو بەش، بەشێكی ئەوەیە ئایا ئەنجامدانی ریفراندۆم مافی گەلی ئێمەیە، یان نە؟ بێگومان ئەمە مافی گەلی ئێمەیە كە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بەشەكەی دیكەی ئەوەیە ئایا ئاستەنگ هەیە؟ بێگومان ئاستەنگی گەورەش هەیە، هەندێك دەوڵەت راستەوخۆ دژن، بۆیە هەوڵدەدەن ئاستەنگ بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بكەن، خۆ ئەگەر راستەوخۆش نەتوانن، ئەوا ناڕاستەوخۆ بە رێگەی وەكیلەكانیان ئەم كارە دەكەن، لە ناوخۆی كوردستان خەڵك هەیە هەوڵدەدات ئەم پرۆسەیە سەرنەگرێت، یان ئەنجام نەدرێت، بەڵام ئەوەندەی مێژووی گەلانمان خوێندۆتەوە، هیچ كاتێك سەربەخۆیی لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەشی هیچ نەتەوەیەك نەكراوە، بۆیە دەبێت ئەم مافە بەدیبهێندرێت و خەباتی بۆ بكرێت، بۆیە ئەم پرسە روونە، ئەگەر خۆمان لە ناو خۆمان یەكگرتوو بین و ئیرادەی میللەت ئەوە بێت كە سەربەخۆ بێت، ئەوا حەتمەن ریفراندۆمیش نەكەین هەر دەگەینە سەربەخۆیی، بەڵام ئەگەر وەك ئێستا بێت و حزب و لایەن هەبن ئیرادەی میللەت بەش بەش بكەن، ئەوا بگەینە سەربەخۆییش زۆر بە زەحمەت دەبێت.


* بەڵام كە سەیری لێدوان و سیمای سەرۆك بارزانی دەكەین، هەست دەكەین گەشبینییەكی لە رابەدەری بۆ سەربەخۆیی هەیە، ئەمە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە، سەرۆك نەیەوێت هەموو شتێكی پشت پەردە باس بكات، ئێوە وەك مەكتەبی سیاسی ئاگاداری بەشی هەرە زۆری ئەو شتانەی پشتی پەردەن، ئایا ئێوە ناتوانن بەشێكی بۆ راگەیاندن باس بكەن؟
- لە سیاسەت و دەوڵەتداریدا هەموو شتێكی پشتی پەردە بۆ راگەیاندن، یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس ناكرێت، هەندێك شت هەیە دەوڵەتان دوای 20-30ساڵی بەسەردا تێنەپەڕێت، ئاشكرای ناكەن، بۆیە مەرج نییە ئەوەی دەیزانین هەمووی باس بكەین، بەڵام ئێمە خوێندنەوەی خۆمان بۆ بارودۆخەكە و بۆ گەشبینی سەرۆك دەخەینەڕوو، خویندنەوەمان بۆ سەردانەكانی سەرۆك و ئەو رۆڵە گرنگەی ئەو لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا پیادەی دەكات، سەیری ئومید و خواستەكانی سەرۆك دەكەین كە ئاوات و خواستی هەر تاكێكی كوردستانە كە ئەویش سەربەخۆیی كوردستانە، هەست دەكەین جەنابی زۆر گەشبینە، بەڵام ئەم گەشبینییە چۆن دەكەینە واقیع، بێگومان پێویستی بە پشتگیری هەموو خەڵكی كوردستانە.


* ئەگەر باسی دوایین سەردانی سەرۆك بارزانی بكەین بۆ ئەڵمانیا و بەشداری لە كۆنگرەی میونیخ، دەبینین سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەو هەموو سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و خەڵكی دیكە كۆبووەوە، بەڵام بەشداری ئەو پەنێڵەی نەكرد كە بۆی دیاریكرابوو، ئەمە لوغزێكی دروستكردووە، ئایا ئێوە لەسەر ئەمە پرسیارتان لە سەرۆك نەكردووە؟
- ئەم پرسیارە زۆر لە جێگەی خۆیەتی، چونكە دوای ئەوەی جەنابی سەرۆك بەشداری لەو پەنێڵە نەكرد، لێرەو لەوێ كۆمەڵێك لەو دەزگایانەی ئیعلام كە مەبەستیانە دژایەتی سەرۆك بارزانی و پارتی بكەن، ئاماژەیان بەوە دەكرد نەیانهێشت سەرۆك بارزانی وتارەكەی پێشكەش بكات و بەشداری پەنێڵەكەی نەكرد، كە جەنابیان هاتەوە، ئێمە لێمان پرسی بۆ وتارت پێشكەش نەكردو بەشداری پەنێڵەكەت نەكرد؟ ئەو لەوەڵامدا پێی گوتین، پێش هەموو شت بڕیار نەبووە من وتار پێشكەش بكەم، بەڵام لە بەرنامەدا بوو بەشداری پەنێڵێك بكەم، كاتی پەنێڵەكەش وا رێككەوت كە من دوو دیداری زۆر گرنگم بۆ هاتەپێشەوە، یەكەمیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، كە خۆتان دەزانن ئەڵمانیا چەند گرنگە بۆ كوردستان و هاوكاری پێشمەرگە، دووەمیان لەگەڵ سەرۆكی كرواتیا، لەم حاڵەتەدا من هەردوولام بەراورد كرد، ئایا دیدارەكان ئەنجام بدەم، یان بەشداری پەنێڵەكە بكەم؟ هەستمكرد ئەنجامدانی دیدارەكان بۆ كورد و كوردستان لە بەشداری من لە پەنێڵەكە گرنگتر بوو. بۆیە ئەوەیانم هەڵبژارد، ئەوجا ئەگەر لەم روانگەیەوە تێڕوانینی سەرۆك بۆ بەشداریكردنی لەو كۆڕ و كۆبوونەوانە بكەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی سەرۆك بارزانی لەو كۆڕ و كۆبوونەوانە هێندەی مەبەستێتی دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی وڵاتان و خەڵكانی كاریگەر بكات و باسی بارودۆخی كوردستانیان لەگەڵدا بكات، هێندە بایەخ بە دانیشتن لە كۆڕ و پەنێڵەكان و دەركەوتنی سەر شاشەكان نادات، ئەو دەزانێت ئێستا بارودۆخی كوردستان چی پێویستە، بۆیە هەوڵدەدات هەموو بۆنەیەك بكاتە فرسەتێك بۆ ئەوەی هاوكاری و تێگەیشتنی زیاتر بۆ كوردستان دەستەبەر بكات.



* لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو بڕیارانەی جەنابی سەرۆك كە دوو جۆر بڕیاری بۆ چاكسازی راگەیاندووە، بەشێكیان تایبەتن بە پارتی و بەشێكیش تایبەتن بە حكومەت، ئایا ئێوە وەك مەكتەبی سیاسی پارتی چۆن پشتگیری لەو بڕیارانە دەكەن؟
- ئێمە وەك مەكتەبی سیاسی پشتگیریمان لە هەردوو پرۆژەكە كردووە، سەبارەت بە بڕیارەكانی بۆ پارتی ئەوە هاوكاری جێبەجێكردنی دەبین، بۆ ئەوانەی حكومەتیش رای خۆمان هەیە و پشتگیری دەكەین.
* خەڵك دەڵێن لەناو پارتی گەندەڵییەكی زۆر هەیە، بۆیە سەرۆك بارزانی ئەو بڕیارەی دەركردووە، ئایا گەندەڵی لەناو پارتی بەو ئاستەیە؟ سروشتی گەندەڵییەكان چۆنن؟
- حزبێكی وەك پارتی كە ماوەیەكی زۆرە لە حوكمڕانی كوردستاندا لایەنێكی سەرەكییە، لەوانەیە هەندێك كادری دەسەڵاتی خۆیان بە خراپ بەكارهێنابێت، بەڵام دەبێت شێوازی گەندەڵییەكان لە یەكتری جیابكەینەوە و بپرسین هۆكاری سەرەكی گەندەڵییەكە لە چیدایە، پاشان بە شێوەیەكی یاسایی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە، ئەگەر قسە لەسەر بڕیارەكانی سەرۆك بكەین سەبارەت بە ناوخۆی پارتی، دیارە پارتی وەك هەر حزبێكی دیكە دەزگای وەبەرهێنان و دارایی هەیە، لێرەوە ئەگەر سەرنج لە بڕیارەكانی سەرۆك بدەین، ئاماژەی بەوە كردووە چۆن وا بكەین ئەم ئیمكانیەتە بۆ بەرژەوەندی حزب بێت، نەك شەخس، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت دووبارە رێكبخرێتەوە، ئاشكرایە پێشتر هەموو حزبەكان بە پارتی و یەكێتییەوە پشتیان بەو داهاتە دەبەست كە حكومەت دەیدات بە حزبەكان، بەڵام لەمەودا دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین، سەبارەت بەو بڕیارانەشی كە پێوەندییان بە حكومەتەوە هەیە، دیارە لە چەند رۆژی رابردوو جەنابی سەرۆك لەگەڵ دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری و دادوەرە بەڕێزەكان كۆبۆتەوە، بۆ ئەوەی میكانیزمی گونجاو بگرنە بەر بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی پێوەندییان بە حكومەتەوە هەیە.
Top