لۆرێنس روبین پسپۆڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:سعودیە و ئێران هەوڵیان ئەوەیە شەڕی خۆیان بە وەكالەت بە لایەنی دیكە بكەن
January 21, 2016
دیمانەی تایبەت
لۆرێنس روبین پڕۆفیسۆرە لە قوتابخانەی سام نوون بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، توێژەری بواری سیاسەتی بەراوردكاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بایەخێكی تایبەتیش دەدات بە توێژینەوەی ئیسلام و سیاسەت و سیاسەتی دەرەوەی عەرەب. بۆ ئاشنابوون بە بیروبۆچوونەكانی گوڵان دیدارێكی لەگەڵدا ئەنجام دا لەبارەی پەرەسەندن و هەڵكشانی پرسی تائیفەگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبوونی بارگرژییەكانی نێوان سعودیە و ئێران و ئەگەری هاتنەئارای گۆڕانكاری جیوپۆلەتیكی، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.لۆرێنس روبین پسپۆڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:سعودیە و ئێران هەوڵیان ئەوەیە شەڕی خۆیان بە وەكالەت بە لایەنی دیكە بكەن
* بەگشتی ناكۆكیی نێوان سعودیە و ئێران جێی ناكۆكی نێوان عەرەب و ئیسرائیلی گرتووەتەوە، بە مانایەكی دی، لە كاتێكدا دەوڵەتانی ئیسلامی و عەرەبی لە دژی ئیسرائیل وەستابوونەوە، بەڵام ئێستا لە دژی ئێران یەكیان گرتووە، كەواتە تا چەند ئەم ناكۆكییە دەبێتە هۆی دابەشبوونی سەرتاپای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر بنەمای هاوپەیمانی شیعە و سوننەكان؟
- ئەوە راستە كە ئیسرائیل وەك ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی یەكنەخستووە، بەڵام پێموا نییە سەرتاپای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا لە رێی هێڵی سوننە و شیعەكانەوە رێكبخرێت. پێموایە ئەمە بەردەوام دەبێتە رەگەزی هەندێك سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆیی دەوڵەتان، بەتایبەتی ئێران و سعودیە. بەڵام هێڵێكی دابەشبون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابینم كە ببێتە بنەمای سیاسەتی نێودەوڵەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* وڵاتانی عەرەبی سوننی لە ناوچەكەدا ئێران بە مەترسیدارتر دەزانن لە داعش، ئەمەش واتە تا رادەیەك مەحاڵە جارێكی دی بیر لە پێكەوەژیانیان بكرێتەوە. ئایا پێتوا نییە دەبێت هەنگاو هەبێت بۆ جیاكردنەوەیان لەیەكتر بەلانی كەمەوە لە عێراق و سووریا لە بەر ئەوەی چیتر دەرفەتی پێكەوەمانیان نەماوە؟
- بەداخەوە پێموا نییە بەو شێوەیە ئاسان بێت جیابكرێنەوە، بەتایبەتی كاتێك نفووزی گرنگیان هەیە، هەندێكجار گرنگترین نفووزیان هەیە. لە ناوچە گرنگەكانی ناكۆكی وەك سووریا و عێراق و لوبنان و شوێنی تریش. بۆ زۆر لە دەوڵەتانی سوننی و هەروەها لە دیدی ویلایەتە یەكگرتووەكانیشدا، ئێران زۆرجار بەشێكە لە كێشەكە و هەروەها لەوانەشە بەشێكی چارەسەرەكەش بێت كە نەتوانرێت فەرامۆش بكرێت. ئەوان لە سووریادا، دژی داعشن هەروەك ئێمە، بەڵام پاڵپشتی حكومەتی سووریا دەكەن، ئەمەش ناكۆكە لەگەڵ زۆر لە دەوڵەتە سوننەكان. لە عێراقدا دژی داعشن، بەڵام دەوڵەتانی سوننی و بەرژەوەندییەكانیان دەمێكە لە كاریگەری ئێرانییەكان و پاڵشتیكردنی ئەو دەسەڵاتە دەترسن كە پشتیوانی بەرژەوەندییەكانی شیعە دەكەن لە عێراقدا.
* دەبینین لەم ناكۆكییەدا، رۆژئاوا راستەوخۆ پاڵپشتی سعودیە دەكات و رووسیاش راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی جەمسەری ئێرانی دەكات، ئەمەش واتە ئەم دوو وڵاتە دوو هێزی گەورە لە پشتیانەوەن. تاچەند ئەمە دەبێتە هۆی شەڕێكی ساردی تائیفی لە ناوچەكەدا لە جیاتی چارەسەرێكی ئاشتییانە؟
- لە ئێستادا وادەردەكەوێت ویلایەتە یەكگرتووەكان بە ئاراستەی ئێراندا بچێتە پێش لە پێوەندی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، بۆیە هێشتا هاوپەیمانی هەرێمایەتی بە روونی نەكێشراون، بەشێكی زۆری ئەم پرسە بەندە بەوەی چی لە ناو عێراق و سووریا و هەروەها رێككەوتنە ئەتۆمییەكە روودەدات.
* لە گەڕانەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی-یەوە بۆ ئێران و دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم وڵاتە دروشم و بیرۆكە شۆڕشگێڕییەكان هەناردە دەكات و لە ئەنجامدا هەشت ساڵ شەڕی لەگەڵ عێراقدا كرد و لەم جەنگەشدا وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتی سەدام حوسەین-یان كرد و پاش رووخانی سەدام-یش لە ٢٠٠٣ دا بەرهەمی ئەو پرۆسەیە درا بە ئێران و هیلالی شیعە لەگەڵ ناكۆكییە نێوتائیفییەكان دەركەوتن، بۆیە لەگەڵ كێشەی سووریادا ئێران چووە ناو قۆناغی سێیەمی تائیفەگەرییەوە، ئایا ئێران سەرتاپای دەسەڵاتی دەوڵەتی تەرخانكردووە بۆ هەناردەكردنی شۆڕشەكەی وەك ئەوەی سعودیە تۆمەتباری دەكات؟
- هەناردەكردنی زۆر لەو بیرۆكە شۆڕشگێڕییانە بەشێك بووە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە هەشتاكاندا و لە چەندین كاتی جیاوازیش لە پاش مەرگی خومەینی- یەوە درێژەی پێدرا، بەڵام بە هەمان رادە نا. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر لە دەوڵەتانی كەنداو هەروەها دەوڵەتانی عەرەبی سوننی، بەتایبەتی سعودیە بەدڵنیایەوە ئاوا لە ئێران و ئاواتەكانی تێگەیشتوون. كارەكانی ئێران و تێگەیشتنەكانی دەوڵەتانی سوننەی كەنداو بوونە پالنەری پێوەندییەكان و چۆنیەتی راڤەكردنی رووداوەكان. ساڵی ٢٠٠٣ بۆشاییەكی دەسەڵاتی درووستكرد بۆ ئێران، ئێرانیش پڕی كردەوە و بە شێوەیەكی سرووشتیش سعودیە ئەمەی وەك بەدیهێنانی ئاواتە ئایدیۆلۆژییەكانی ئێران و ئامانجە هەرێمایەتییەكانی بینی.
* هەرچەندە سعودیە و ئێران لە شەڕێكی سەربازی راستەوخۆ تێوەنەگلاون لەگەڵ یەك، بەڵام شەڕی بەوەكالەت بەتایبەتی لە یەمەن لەنێوانیاندا بەرەوپێش چووە، تا چەند ئەم شەڕە بەوەكالەتە دەبێتە هۆی پێكدادانی راستەوخۆ لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا؟
- لەوانەیە، بەڵام پێموایە ئەگەری روودانی نییە. پێموا نییە هیچیان بیانەوێت شەڕی راستەوخۆی سەربازی بكەن و پێیان باشترە شەڕەكەیان لە ناوچەی خەڵكانی تر بكەن. ئەمە كەمتری تێدەچێت و كەمتریش مایەی ناسەقامگیری دەبێت بۆیان و هەروەها مەترسیی هەڵكشانیشی كەمترە.
* هیچ دەسەڵاتێك نییە لە جیهاندا كە بە تەنیا بتوانێت ئاسایش و سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین بكات. ئاماژەكانیش پێمان دەڵێن سیستەمێكی نوێ بە هۆی گۆڕانی جیۆپۆلیتیكییەوە درووست دەبێت، ئەو گۆڕانكارییەش دەبێتە مایەی بەدیهێنیانی سەقامگیری، پێتوایە پێویستە گۆڕانكاری جیۆپۆلیتیكی لە ناوچەكەدا درووست بێت، پێش ئەوەی بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت؟
- لە دوای راپەڕینی عەرەبی و شەڕی ناوخۆوە، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانكاریدایە. كاتێك بارودۆخ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كەمێك هێور بێتەوە، ئەوا ئەگەری نییە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەمان شێوەی جاران بمێنێتەوە.