كورد لە هەر كەسێكی دیكە زیاتر سەركەوتنی بەسەر داعشدا بەدەستهێناوە
January 14, 2016
دیمانەی تایبەت
رۆدنی ویڵسۆن، پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی دورهام لە بەریتانیا، نووسەری چەندین كتێبە لەوانە: «پەرەپێدانی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست»، «سیاسەتی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست» و «سیاسەت و ئابووری لە ئەردەن»، بۆ تاوتوێكردن و شیكردنەوەی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵكشانی بارگرژی تائیفەگەری لەم ناوچەیەدا و بوونی بە گۆڕەپانی ململانێی جیوپۆلەتیكی، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكرد، ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە تێڕوانینەكانی خۆی كرد.
پڕۆفیسۆر رۆدنی ویڵسۆن بۆ گوڵان:كورد لە هەر كەسێكی دیكە زیاتر سەركەوتنی بەسەر داعشدا بەدەستهێناوە
* لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا گۆڕانكاری بەرچاو و پاشەگەردانی زۆر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، بەتایبەتی پاش لەسێدارەدانی ٤٧ كەس لە ژێر ناوی تیرۆردا لەلایەن پاشای سعودیە، لەناویشیاندا شێخ نەمر ئال نەمر كە بووە هۆی قووڵبوونەوەی دابەشبوونە تائیفییەكانی نێوان سوننە و شیعەكان، ئایا تا چەند ئەم بارە ناهەموارە سەرتاپای ناوچەكە رادەكێشێتە ناو توندوتیژییەوە؟
- ئەگەری ئەوە هەیە توندوتیژی زیاتر بێتەئاراوە و ئەو توندوتیژییەش هەم لەلایەن تیرۆریستان و هەم لەلایەن هێزەكانی دەوڵەتەوە پیادە بكرێت، هەرچەندە من پێشبینی هیچ راگەیاندنێكی فەرمییانەی جەنگ ناكەم.
* هەندێك لە شارەزایان پێیانوایە كە هۆكاری ئەم پاشەگەردانییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوونی توانای ئەمریكایە لە رووی ئاڕاستەكردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ئەمەش رووسیای كردووەتە كاراكتەری سەرەكی لە ناوچەكەدا، تاچەند ئەم ناسەقامگیرییە دەبێتە هۆی جەمسەربەندی لە نێوان رووسیا و وڵاتە یەكگرتووەكاندا؟
- پێموا نییە ناكۆكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەری زۆریان لە سەر پێوەندییەكانی نێوان رووسیا و ئەمریكا هەبێت، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی هاوبەشی گەورەتریان هەیە و هەردووكیان بۆ نموونە پاڵپشتی ئیسرائیل دەكەن و هەروەها ئاسیا ئەولەوییاتی سەرەكییانە.
* پاش سووتاندنی سەفارەتی سعودیە لە تاران و كونسڵخانەكەیان لە مەشهەد، سعودیە بە فەرمی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی لەگەڵ ئێراندا وەستاند و كۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی هەڕەشەی لە سعودیە كرد. تاچەند ئەم بارودۆخە سەرتاپای ناوچەكە رادەكێشێتە جەنگێكی كاولكار لە نێوان سعودیە و كۆماری ئیسلامی ئێران؟
- ئەگەری روودانی جەنگی نێوان سعودیە و ئێران لە ئارادا نییە، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی وێرانكردنی سعودیە و هەروەها ئێران هێزێكی هەرێمایەتی بەهێزترە كە ئەزموونێكی سەربازی زیاتری هەیە و دانیشتووانەكەشی زۆرترە. رووسیا و ئەمریكاش هیچیان نایەنەوێت ئەم شەڕە رووبدات.
* لە ناسەقامگیرییە دیپلۆماسییەكانی ئەم دواییەی نێوان سعودیە و ئێران كە بەگشتی ناسەقامگیری سەرتاپای نێوان شیعە و سوننەكانە، تەنانەت ئەگەر بووە هۆی شەڕی بەوەكالەت، ئەوا ناوچەكە بە قۆناغێكی نوێ و مەترسیداردا دەگوزەرێت. بەدڵنیاییەوە ئیسرائیلیش كاردانەوەی دەبێت لەبەرئەوەی سنووری هاوبەشی لەگەڵ سووریا و حزبوڵڵای لوبنان هەیە كە هەردووكیان سەر بە كۆماری ئیسلامی ئێرانن. بەڕای تۆ تاچەند ئیسرائیل بارودۆخەكە بەكاردێنێت بۆ ئەوەی زیاتر ئاڵۆزبێت بە دەستپێكردنی جەنگێكی نوێ لەگەڵ ئێراندا؟
- ئیسرائیل شەڕ لەگەڵ ئێراندا دەستپێناكات، لەبەر ئەوەی دەستكەوتێكی كەم بەدەستدەهێنێت و ئەمریكا و رووسیاش هیچیان شەڕێكی ئاوایان ناوێت. لەم ساتەدا فشار لەسەر ئیسرائیل نییە كە بەردەوام وەك تەماشاكار ماوەتەوە. لەوانەیە زیاتر شوێنی نیشتەجێبون لە كەناری رۆژئاوا درووستبكات لە كاتێكدا سەرنجی زلهێزەكان لەسەر ناكۆكییەكانی ترە.
* مانگی رابردوو، ئەمریكا شانازی بەوەوە دەكرد كە توانی ئێران و سعودیە هەردووكیان لەسەر مێزێك دانیشێنێت بۆ چارەسەرێكی سیاسی بۆ كێشەی سووریا، بەڵام بە كۆتاییهاتنی پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان هەردوو وڵات، ئەوا كۆتایی بە هەوڵە سیاسییەكانی چارەسەری كێشەكانی سووریاش دێت. ئایا تاچەند سووریا دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ بۆ دیاریكردنی نفوزی سعودیە و ئێران؟
- سووریا بەردەوام دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ و هەروەها شكستی پێوەندییەكانی سعودیە و ئێران هەوڵەكان ئاڵۆزتر دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك. بە بۆچوونی من چارەسەرێك لە ئارادا نییە و سووریا چیتر دەوڵەتێكی قابیلی بەردەوام بوون نییە. سەرۆك ئەسەد بەردەوام دەبێت لە حوكمكردنی ئەو ناوچانەی دانیشتووانێكی زۆریان تێدایە و داعشیش دەست دەگرێت بەسەر ئەو ناوچانەی دوورن لە شار و زیاتر خێڵەكین.
* لە ناو بارودۆخی ئاڵۆزی سەرتاپای ناوچەكەدا، تەنیا هەرێمی كوردستانە كە نەبووەتە بەشێك لە دابەشبوونە تائیفییەكانی نێوان سوننە و شیعەكان، بەڕاستی شەڕی تیرۆریزمی داعش دەكات و چەندین سەركەوتنی تۆمار كردووە. تاچەند كوردەكان دەبنە فاكتەری سەرەكی لە شەڕكردن لە دژی داعش؟ هەروەها تاچەند هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێز لە ئیرادەی خەڵكی كورد دەگرێت، وەك فاكتەرێكی سەربەخۆ كە تێوە نەگلاوە لە ناكۆكییە تائیفییەكانی سوننە و شیعەكان؟
- كوردەكان لە هەركەسێكی تر سەركەوتنی زۆرتریان لە دژی داعش بەدەستهێناوە، بەڵام تەنیا دەتوانن دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرن كە زۆرینەی كوردن. ئەوە راستە كە كوردە سوننە و شیعەكان بە یەكەوە دەژین، بەڵام مێژوویەك لە لایەنداری و دابەشبوونی دڵسۆزی لە نێوان كوردەكانیشدا هەیە.
* بەپێی پێشبینییەكان، توندوتیژی لە ناوچەكە دەبێتە هۆی گۆڕانی جیۆپۆلیتیكی و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان سنووریان نابێت، تاچەند لەگەڵ ئەمەدایت؟ هەروەها ئایا پێشبینی دەكەیت لەئەنجامدا دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆ سەرهەڵبدات؟
كوردستانی عێراق بەردەوام وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی فیعلی هەڵدەسووڕێت، بەڵام وەك ئیعترافی دیپلۆماسی بەدەست ناهێنن. دەوڵەتی كوردستانی گەورە بەردەوام لەلایەن توركیا و ئێرانەوە دژایەتی دەكرێت و لەمپەری بۆ درووست دەكرێت و دەرفەتی سەرهەڵدانی نابێت.