سەرۆك بارزانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی راگەیاندووە و لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم
December 31, 2015
دیمانەی تایبەت
گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو لایەكی گەیاندۆتە ئەو قەناعەتەی ناوچەكە پێویستی بەوەیە بە دوای میكانیزمی گونجاو بگەڕێن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن و جۆرێك لە سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە، بەڵام پرسیاری گرنك ئەوەیە ئەو میكانیزمە چۆن كێشەكان چارەسەر دەكات و چۆن كاردەكات؟ بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای ناوچەكە و ئایندەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا ئەم وتووێژەمان لەگەڵ باڵیۆز نانسی سۆدەربێرك سازدا كە یەكێكە لەو كاراكتەرانەی ئەزموونی زیاتر لە 30 ساڵی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا هەیە و ئێستاش راستەوخۆ لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان كاردەكات. ئەمەش دەقەكەیەتی.باڵیۆز نانسی سۆدەربێرگ سەرۆكی گرووپی ئامادەكردنی راپۆرتی بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان بۆ گوڵان:سەرۆك بارزانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی راگەیاندووە و لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم
* دەبینین ئێستا ژمارەیەك شەڕكەری ئەوروپی لە سووریا و عێراقن و زۆربەیان گەنجن، چۆن ئەمە لێكدەدرێتەوە؟، ئایا پێتوایە بۆچوونە ئایینییە توندڕەوەكان سەرنجی راكێشاون، یان دەبێت شتی تر هەبێت بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانكارییە مەترسیدارە؟ هەروەها چۆن رۆژئاوا و وڵاتەیەكگرتووەكان بەگشتی بایەخ بە چارەسەری كێشەی داعش دەدەن لە سووریا و عێراق؟
- پێموایە چەند هەنگاوێكی زیرەكانە هەیە پێویستە بگیرێنە بەر، یەكەمیان ئەوەیە هەواڵگرییەكی زۆر باشتر هەبێت كە بزانێت كێ بۆ كوێ دەڕوات، بەتایبەتی پاش پەلامارەكانی پاریس، بە شێوەیەكی سەرەكی پێویستە ئەوروپا سەیری ئەوە بكات ئەو گەنجانە نەوەی دووەمی كۆچبەرانن، چۆن شكستی هێناوە لەوەی تێكەڵیان بكات و خۆشگوزەرانیان بداتێ و رەگەزپەرستی و شۆڤێنیزم و ترسیان بەرانبەر نەكرێت، هەر خێزانێكی نەوەی یەكەمی كۆچبەران دەیانەوێت پەناگەیەكیان هەبێت و دەرفەتیان هەبێت تێكەڵی كۆمەڵگە بن، ئەمە لە ئەوروپا تۆزێك باشترە، بەلام لێرە لە ئەمەریكا وا نییە، بزووتنەوەی دژە پەنابەران كێشەكە خراپتر دەكات. بەشێوەیەكی فراوانتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە سەیری ئەوە بكات داعش پەناگەیەكی ئارامی هەیە لە عێراق و سووریا كە هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ ئێمە لەبەر ئەوەی ئامانجیان پەلاماردانی ئەوروپا و وڵاتەیەكگرتووەكان و هەموو جیهانە، بۆیە پێویستە پەلەبكەن لەبارەی گەڕانەوەی ئەو ناوچانە، بە زیاتر ناردنی هێزی زەمینی بۆ عێراق، و سووریا بە پاڵپشتیكردنی سوپای ئەسەد بۆ گرتنەوەی ناوچەكان و بوونی دووەم چارەسەریش بە رێگەی سیاسییە.
* بەپێی هەندێك لە توێژینەوەكان، هۆكاری ئەوەی بۆچی سعودیە پێكهێنانی هاوپەیمانیەكی راگەیاند بۆ شەڕكردن لەدژی داعش، ئەوە بووە كە سعودیە بێهیوا بووە لەوەی سەرۆك ئۆباما چارەسەری قەیرانەكانی سووریا و عێراق بكات، بۆیە دەیەوێت مەسەلەكانی ئاسایشی هەرێمایەتی بخاتە دەستی خۆیەوە. ئایا هاوڕای لەگەڵ ئەمە، یان ئایا هۆكارەكانی ئەم هاوپەیمانییە نوێیە چییە و چۆن ئەمە كاردانەوەی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە ئەمەریكادا دەبێت؟
- لەپێشدا با ئەوە بڵێین كە سعودیە دەوڵەتێكی سوننەیە و دان بەو راستییەدا دەنێت كە كێشەی تیرۆریستانی داعش، كێشەی سوننەكانە، بۆیە من وای دەبینم پرسی راگەیاندنی هاوپەیمانییەكی ئیسلامی دژی تیرۆریستانی داعش كەمتر پێوەندی بە ئیدارەی ئۆباماوە هەیە و زیاتر پێوەندی بە پرسی دیكەی وەك سەركردایەتی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی هەیە، ئەمەش لەو روانگەیەوە كە پێویستە لەناو جیهانی ئیسلامی و عەرەبی جۆرێك یەكگرتن و هاوپەیمانی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و ئەوەش كارێكی باشە، بەڵام سەبارەت بەوەی ئەم هەنگاوەی عەرەبستانی سعودیە چ كاریگەری و رەنگدانەوەیەكی لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، من بێگومانم لەوەی پرسی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و كەمتەرخەمی ئیدارەی ئۆباما كاریگەری گەورەی لەسەر رای گشتی ئەمەریكا زۆر دەبێت و دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كاندیدی تەقلیدی دیكە بێنە ناو پرۆسەكە و لەسەر ئەم پرسانە كێبڕكێی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام ئەگەر پێمانوابێت ئەم جۆرە هەوڵانە كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دروست دەكات، بەهیچ جۆرێك كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە دروست ناكات.
* ئاشكرایە ئێران لەسەر ئاستی ململانێی ئیقلیمی لەناوچەكە كێبەركێ لەگەڵ سعودیە دەكات و لە هەمانكاتدا بەشێكیش نییە لەو هاوپەیمانیە ئیسلامیەی سعودیە رایگەیاندووە، لەسەر پرسی سووریا و عێراقیش ئێران پشتگیری حكومەتی بەغدا و مانەوەی بەسار ئەسەد دەكات لە سووریا، ئایا تاچەند ئەم هاوپەیمانییە ئیسلامییەی سعودیە رایگەیاندووە دابەشكردنە تائیفییەكان زیاتر دەكات و ناكۆكییەكانی نێوان سعودیە و ئێران قووڵتر دەكاتەوە؟
- دیارە لە عێراق و سووریادا ململانێی و كێشە و گرفتی شەڕی نێوان سوننە و شیعە هەیە و هەتا ئەم ناكۆكییە بەردوام بێت، ئەوا بارودۆخەكە خراپتر دەبێت و ململانێی نێوان سعودیە و ئێرانیش زیاتر دەبێت، كەواتە بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ بارودۆخە دابنرێت، ئەوا دەبێت پشت بەو فاكتەرانە ببەسترێت كە دەبنە هۆكاری ئەوەی كێشەكە چارەسەر دەكات، یان چۆن چارەسەری دەكات. بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەو هاوپەیمانییە ئیسلامییەی عەرەبستانی سعودیە رایگەیاندووە، دەتوانێت ئەو ئامانجە بەدیبهێنێت كە لە پێناویدا ئەم هاوپەیمانییە پێكهاتووە؟ من كە سەیری هاوكێشە سیاسییەكە دەكەم، پێموانیە ئەم هاوپەیمانیە بتوانیت كێشەكە چارەسەر بكات، یان دەستێوەردانی ئێرانی كێشەكە چارەسەربكات، لە واقیعدا پرسەكە بەوجۆرەیە كە هەردوو لایان شەڕی بە وەكالەت دەكەن، بۆیە باشترە ئێران بەشدار بێت لەناو ئەو هەوڵانەی بۆ چاسەرەكردنی كێشەی سووریا دەدرێن.
* سەبارەت بە هێزەكانی پێشمەرگە، پاش رزگاركردنی شنگال بە یارمەتی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و هەروەها ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕ، ئایا تاچەند ئەم سەركەوتنەی پێشمەرگە بووە هاندەرێك بۆ زیاتر خۆكردنەوەی هاوپەیمانان بۆ تێكشكاندنی یەكجارەكی تیرۆریستانی داعش؟
- پێش هەموو شت سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بێ وێنەن، بۆیە دەبێت كورد شانازی بە شەڕەكانی دژی داعش و سەركەوتنەكانیان بكەن، هەروەها گرنگە شانازی بە خۆیان بكەن كە لەم شەڕەدا كاریگەری تەواویان هەیە و رۆڵی كاریگەر لە تیكشكاندنی داعش دەگێڕن، ئەمەش وایكردووە كە ئەمەریكا زیاتر پاڵپشتییان بكات.
* ئایا پێتوایە كە لەم هاوكێشە تازەیەدا كورد بۆتە هاوپەیمانیكی نزیكی ئەمەریكا لە شەڕی دژی تیرۆیستانی داعش؟
- بە دڵنیاییەوە ئێستا كورد ئەو كارەكتەرە سەرەكییەیە كە دەتوانێت لەسەر زەوی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان، تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، بۆیە بەڵی هەمیشە دەتوانرێت پشت بە كورد ببەسترێت و وەك هاوپەیمانێكی متمانەپێكراوی نزیكی ئەمەریكا لە قەڵەم بدرێت.
* ئەم قسانەی كە زۆر بە دڵنیاییەوە دەیكەیت ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە، ئەمەریكا لە هەموو روویەكەوە باشتر هاوكاری كورد بكات؟
- بەڵێ من دڵنیام لەوەی دەڵێم، بە راشكاویش پاڵپشتی ئەوەمان كردووە، بەوەی پێویستە چەكی قورس و پێداویستی زیاتری سەربازی بدرێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆكانماندا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی گەورەی حكومەتی ئەمەریكادا، پابەندبوونی خۆیان بۆ قسەكانی ئێمە پیشانداوە و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەو چەكەی پێویست بێت، پێویستە بدرێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها لەسەر ئاستی باڵای ئیدارەی ئەمەریكا دان بەوەدا نراوە كە كورد هاوبەشی بەهێزن لەم شەڕەدا و پێویستە دڵنیا بینەوە لەوەی كە دەیانەوێت، لەمەش زیاتر سەرۆك بارزانی چەندین داواكاری كردووە و جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە بەوەی زیاتر هاوكاری پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێن، لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆكان بەردەوامن.
* ئێوە لە نزیكەوە كار لەسەر پرسەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، هەروەها چەندین راسپاردەشتان هەبووە بۆ كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی، ئایا ئەگەر بتەوێت راسپاردە بدەیتە هەرێمی كوردستان چیمان پێدەڵێیت؟
- پێش هەمووشت من وای دەبینم شەڕی داعش شەڕێكی درێژخایەنە و دەبێت كورد ئامادە بێت بۆ ئەم شەڕە درێژخایەنە دژی تیرۆریستانی داعش، بۆ ئەمەش پێویستە لەم شەڕەدا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و هەروەها لەگەڵ هێزەكانی دیكەش لە عێراق و سووریادا بكات، هەموو مەزندەكانیش بەو ئاراستەیەن شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش شەڕێكی قورس دەبێت و هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان لە پێشەوەی سەری رمەكانن و دەبێت ئەمە بەرز بنرخێندرێت. سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و هەنگاو هەڵگرتنیش بۆ سەربەخۆیی، ئاشكرایە سەرۆك بارزانی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستانی راگەیاندووە و لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام سەرۆك بارزانی دەڵێت: یەكەمجار دەبێت تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنن و ئەوجا راپرسی ئەنجامبدەین، پرسی ریفراندۆم پرسێكی گرنگە و دەبێت هەوڵەكان بۆ ئەوە بن پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ ئەم ریفراندۆمە و پلانی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنەوەی كوردستان لەگەڵ هەموو لایەك دیالۆگی لەسەر بكرێت، من لەوە دڵنیام سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە نزیكەوە لەگەڵ ئەمەریكا راوێژ دەكەن و هەروەها دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە لەسەر ئەم پرسە دەكەن، سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریكا من پێموایە ئەگەر دەوڵەتانی ناوچەكە بە دیالۆگ لەگەڵ كوردستان رێكبكەون، ئەوا ئەمەریكا سوپاسیان دەكات.
باڵوێز نانسی سودەربێرگ
لەچەند دێرێكدا
ئەزموونی زیاتر لە 30ساڵی لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا هەیە.
لەچوار هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاری كردووە، ئەوانیش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەنجومەنی سەنات، كۆشكی سپی، نەتەوە یەكگرتووەكان.
یەكێكە لەو دیپلۆماتانەی لەسەرانسەری جیهان كاری بۆ پەرەپێدانی دیموكراتی و چارەسەركردنی تەنگژەكان كردووە، لەسەر ئەم پرسەش دانپێدانانی نیودەوڵەتی لەسەر هەوڵەكانی بۆ پەرەپێدانی ئاشتی لە ئێرلەندای باكوور پێداراوە.
راوێژكاری سەرۆك بووە بۆ سیاسەتی دەرەوە بەرامبەر چین و ڤێتنام و ژاپۆن و رووسیا و ئەنگۆلا و دەوڵەتانی بەلكان و هایتی.
سەرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری چارەسەری جیهانییە لە كۆمپانیای راوێژكاری نێودەوڵەتی.
لە زانكۆی نۆرس فلۆریدا بەریوەبەری بەڕێوبەری دیراساتی سەركردەیە.
لە ساڵی 2012 سەرۆك ئۆباما دەستنیشانی كردووە بۆ سەرۆكی بەرژەوەندی گشتی لەناو بوردی نهێنیدا، هەروەها راوێژكاری ئەو لیژنەیە بووە كە كۆنگرێس دایمەزراندبوو بۆ بەشداری خەڵك لە بڕیاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكادا.
باڵیۆز نانسی چەندین پۆستی دیكەی لە ئیدارە جیاوازەكانی ئەمەریكا وەرگرتووە، لەوانە لەساڵی 2005 جێگری سەرۆكی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان بووە لە نیویۆرك، لە ساڵانی 1993-1997 یش جێگری یاریدەدەری سەرۆك بووە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشمانی.
باڵیۆز نانسی سەرۆكی ئەو گرووپەیە كە راپۆرتێكی لەسەر بونیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراق لە سەنتەری مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا ئامادە كردووە.