باشترە هەردوو پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم پێكەوە ئەنجام بدرێن

باشترە هەردوو پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم پێكەوە ئەنجام بدرێن
خەڵكی كوردستان بە ئامانجی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خەریكی خۆ ئامادەكردنە بۆ پرۆسەی راپرسی، بۆ ئەم مەبەستە كۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستانی لایەنی سەرەكی و پێوەندیدارە بەو پرسەوە، لەهەمانكاتدا بێجگە لە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ بڕیاردانی مافی چارەنووس، پرۆسەیەكی دیكەی ریفراندۆمیش لە ئارادایە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ هەندێن محەمەدساڵح سەرۆكی كۆمسێونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە لەسەر ئەم پرسە رای خۆی خستەڕوو.
هەندرێن محەمەدساڵح سەرۆكی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بۆ گوڵان:باشترە هەردوو پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم پێكەوە ئەنجام بدرێن




* وەكو ئاگادارن رێزدار مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكەجەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم لەكوردستان ئەنجام بدرێت، ئایا ئێوە وەك كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان چۆن سەیری ئەم داوایەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن و چۆن ئامادەباشی بۆ دەكەن؟
- ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی مافێكی رەوای هەموو گەلانە كە راپرسی لەسەر چارەنووسی خۆیان بكەن، ئەوە شتێكی باوە و لە كۆنترین شێوازەكانی دیموكراتیەتی دنیادا ناسراوە و دیموكراتیەتی راستەوخۆیە، سەبارەت بەم پرسەش بۆ ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی كوردستان پێویستە سەرەتا بە فەرمی داوا لە ئێمە بكرێت بۆ ئەوەی خۆمان بە رێكی بۆ راپرسی ئامادە بكەین و ئەو ماوەیە كورتتر بكەینەوە. ئێمە وەكو كۆمسیۆنی كوردستان شەو دەخەینە سەر رۆژ بۆ ئەوەی لە كورتترین ماوەدا ئەو راپرسییە ئەنجام بدەین. رێكارەكانی ئەم ریفراندۆمەش ئاسانترە، چونكە تۆماری قەوارە سیاسیەكانی تێدا نییە هەروەها تۆماری كاندیدەكانی تێدا نییە و ئەو كەرەستانەی بەكاریش دێن، جیاوازن لە كەرەستەكانی هەڵبژاردن، كاتی خۆی دەمانوت بە 280 رۆژ ئەو راپرسییە ئەنجام بدرێت، بەڵام دەكرێت لەوەش كورتتر بكرێتەوە.
* لەچەندین سەرچاوەوە ئەوەمان پێگەیشتووە كە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات ئەم پرسە گرنگەی ریفراندۆم بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدات، واتا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش هاوكار و هەماهەنگ بێت، تاوەكو دواتر لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەسەر ئاكامەكەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە وتووێژ بكرێت، ئایا ئێوە ئامادەباشیتان كردووە، تا ئەم پرسە لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق باس بكەن؟
- لە چوارچێوەیەكی یاساییدا رێكخراوە كە كۆمسیۆنی كوردستان لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق هەماهەنگ بێت، لە نێوان هەردوو لاماندا یاداشتێكی هاریكاریكردنمان واژوو كردووە، بۆ پێدان و پوختكردنی لایەنی تەكنیكی تۆماری دەنگدەران، هەروەها بۆ یارمەتیدانی كۆمسیۆنی كوردستان بەپێی ئەو شارەزاییەی كە كۆمسیۆنی باڵا لە بەغدا هەیەتی. لە بەرەنجامدا بەشێك لەو كردارانەی كە كۆمسیۆنی كوردستان ئەنجامی دەدات، كۆمسیۆنی باڵاش لەگەڵماندان.
* ئێوە تا چەند دەتوانن هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چاودێرانی نێودەوڵەتی بكەن، یا تاچەند زەمینەی كاری ئێوە بەم ئاڕاستەیەدا پێوەندی گرنگی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست كردووە؟
- ئەوەی وەكو كۆمسیۆن لەكاتی هەر پرۆسەیەكی راپرسیدا كە بە ئیشی ئێمەوە گرێدراوە، پێوەندیمان لەگەڵ چەندین رێكخراوی نێودەوڵەتیدا هەیە، لەوانە رێكخراوێكی ئەمەریكی كە لە بواری دیموكراتی كار دەكات هەروەها چەندین رێكخراو لەگەڵمان كار دەكەن و هەموویان لەو ریفراندۆمەدا راستەوخۆ بوونیان دەبێت. لە هەموو كردارەكانی راپرسی و هەڵبژاردندا ئەم رێكخراوانە هاوكارمانن و لەگەڵمان كار دەكەن، بۆ نموونە رێكخراوی LCOT ئەمەریكی كە یاداشتی هاریكاریمان لەگەڵ واژوو كردوون، هەروەها رێكخراوەكانی UN كە لەگەڵمانن هەم بۆ چاودێری و هەم بۆ راوێژكاری.
* ئایا فۆرمێكی تایبەتان بۆ ئەو راپرسییە ئامادە كردووە تا هاووڵاتیان لەبەر رۆشنایی بژاردەكاندا یەكێكیان هەڵبژێرن؟ ئایا دەكرێت پێمان بڵێن ئەو فۆرمە چۆن ئامادە دەكەن و بژاردەكانی چۆن دەبن؟
- ئەوەی گرنگە لەم پرۆسەیە و جیاوازە لە هەڵبژاردنەكاندا ئەوەیە ناوی كاندید و حزبی تێدا نییە، پرسیارێك و دوو وەڵامی تێدایە بە (بەڵێ و نەخێر) زۆر سادەیە لەبەر ئەوە دیزاینكردن و تێچوونی كەم و ئاسانە لەبەر ئەوە هەمیشە پرۆسەی ریفراندۆم كات و خەرجی كەمتری دەوێت لەچاو هەڵبژاردندا.
* لە ساڵی 2015 چەندین ریفراندۆم لە ئەوروپا ئەنجامدراوە. دیارە هەموویان بۆ پرسی سەربەخۆبوون نەبوون، بەڵام ریفراندۆمەكەی كەتەلۆنیا و سكۆتلەندا بۆ پرسی سەربەخۆیی بوون. ئایا ئێوە چ ئەزموونێكتان لەو جۆرە ریفراندۆمانە وەرگرتووە تا بۆ سەرخستنی كارەكانی پرۆسەكە پەنا بۆ دەوڵەتانی وەكو بەریتانیا و ئیسپانیاو كەنەدا بەرن؟
- ئێمە لە بەر ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2015 ـەوە دەست بەكاربووین تا ئێستا وەكو سەردان شاندمان نەناردووە بۆ ئەو دەوڵەتانە، بەڵام لە كاتی خۆی كە لەكۆمسیۆنی فیدڕاڵیدا بووین سەردانی زۆربەی وڵاتەكانمان كردووە بەكردەنی بینیومانە كە ریفراندۆم كارەكانی زۆر ئاسانترە لە هەڵبژاردن، ئەمە پرۆسەیەكی نیشتمانییە و هەموو كەس هەوڵی بۆ دەدات.
* بۆ ئەم پێداویستی و كارانە تاچەند بودجە و پارەتان لەبەر دەستدایە تاوەكو هەموو هاووڵاتی و هاونیشتمانییەك بتوانێت بەشداری لە ریفراندۆمەكە بكات؟
- كارەكانی ئێمە لە سێ تەوەردا كۆدەبنەوە، تەوەری یەكەم هاندانی خەڵكە و دووەمیان چۆنیەتی دەنگدان و دانانی نییەتی دەنگدەر لەسەر كارتی دەنگدان، تەوەری سێیەمیش گەیشتنی دەنگدەرە بە بنكەی راستی خۆی، ئەمانە ئەركی كۆمسیۆنن كە لەسەر ئەو سێ تەوەرە كارەكانی خۆی رێك بخات.
* ئەو پرۆسە راپرسییەی سەرۆك بارزانی ئاماژەی بۆ دەكات و جەختی لەسەر دەكاتەوە بۆ ئەوەیە لەبەر رۆشنایی ئەو راپرسییەدا گەلی كوردستان بڕیاری چارەنووسسازی خۆی بدات، هاوكات راپرسیەكی تریش هەیە كە چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دیاری دەكات. ئایا ئەم راپرسییە هەردوو ئەم بوارە لەخۆ دەگرێت، یان یەك پرۆسەیە و خودی ریفراندۆمەكە دەبێتە وەڵام بۆ هەردوو پرسەكە؟
- دەكرێت داوا لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان بكرێت هەردوو راپرسییەكە بكرێتە یەك راپرسی. لەمبارەیەوە چاوەڕێی ئەو فەرمانە دەكەین بە ئێمە بگات، تا بزانین چۆنە، ئەو كات ئێمە رێوشوێنی بۆ دادەنێین تا هەردوو راپرسییەكە لەیەك كاتدا بكرێت، یا ئەوەتا بە جیاواز ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە پێمان باشترە هەردوو پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و راپرسی لەسەر ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم پێكەوە ئەنجام بدرێن. هەروەها ئێمە كاری جددی دەكەین بۆ ئەوەی نووسینگە لەو ناوچانەش دابنێین، چونكە تا ئێستا نووسینگەمان لەو شوێنانە نییە، دواتر ئەو داتایانەی كە لە كۆمیسۆنی بەغدا هەیە، بە پێی ئەو یاداشتەی هاریكاری نێوانمان پێمان دەدرێن.
* ئەو پێداویستی و كەرەسە و شتانە چین تا لە ساڵی 2016 بۆ ئەنجامدانی راپرسی وەك كۆمسیۆن پێویستیتان پێی دەبێت؟
ـــ یەكەمیان ئامادەكردنی تۆماری ناوی دەنگدەرانە، هەروەها ئەو كەلوپەلانەی لە ناو بنكەكان بەكاردەهێندرێت وەك سندوق و كەلوپەل ئەوانەش دەستخستنیان ئاسانە، پێویستە ئەوەش بڵێین ئێمە وەك كۆمسیۆنی كوردستان دەمانەوێت مۆدێل و ستایلێكی جیاواز و نوێ پیشان بدەین لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردندا كە زۆر لە ئیجرائات و كارەكانی پێشتر لە بنكەكان دەمانكردن نییەتی ئەوەمان هەیە چۆنیەتی ئەم دەنگدانە بگۆڕین و بەرەو پێشی بەرین و تۆكمەتری بكەین، وەك ئەوانەی لێبكەین كە لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان دەڕوات، تا جێگەی دڵنیایی هەموو لایەك بین، كەمترین بودجەشی تێبچێت.
* ئایا لە كوردستان ئەو باڵیۆزخانە و قونسوڵخانانەی كە هەن تا چەند پێوەندیتان پێیان هەیە، وەك رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و یان ئەو رێكخراوانەی پێوەندیتان پێوەیان هەیە لە كوردستان چین و چۆن هاریكارتان دەكەن؟
ــ یونامی لە هەولێر هەیە و پێوەندییان بە ئێمەوە هەیە، جگە لە رێكخراوەكانی ئای فس و سی ئۆ تی، هەر زوو دانیشتنێكمان لەگەڵ قونسوڵخانەكانیش كردووە، بۆ دروستكردنی پردی پێوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو دەسەڵاتانەی رێكخراوەكانی هەڵبژاردن كە لەو وڵاتانە هەیە، هەموویان هاوكارمانن و سەردانی بەردەوامیشمان هەیە، بڕیاریشە لە رێی قونسوڵەكانەوە سەردانی چەند وڵاتێك بكەین، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە شارەزای زیاتری چۆنیەتی شێوازەكانی هەڵبژاردن ببین.
Top