كاریگەری خراپی ئایدیۆلۆژیەتی توندڕەو ئایندەی لاوان بەرەو هەڵدێر دەبات
December 31, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر هالیمۆ سولەیمان شاوری ئوستادی سیسیۆلۆژیا و فەلسەفەیە لە زانكۆی پاوانی لە وڵاتی كینیا و تایبەتمەندە لەسەر دیاردەی رەگەزپەرستی و بەرهەمهێنانی توندویژی لەلایەن ئایدیۆلۆژییە توندڕۆكانەوە. بۆ قسەكردن لەسەر كاریگەری ئایدیۆلۆژیەتی توندڕۆ لەسەر لاوان و خۆبینینەوەی لاوان لەناو ئەو گرووپە توندڕۆیانەدا، ئەوجا ئەو ئایدیۆلۆژیا توندڕۆیانە ئایینی بێت، یان چەپ و عەلمانی، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی پڕۆفیسۆر شاوری كرد و لە بری وەڵامەكانی، ئەم وتارەی بۆ نووسیووین، ئەمەش دەقەكەیەتی.هالیمو سولەیمان شاوری پسپۆڕ لە ئایدیۆلۆژیەتی توندڕەوی بۆ گوڵان: كاریگەری خراپی ئایدیۆلۆژیەتی توندڕەو ئایندەی لاوان بەرەو هەڵدێر دەبات
توندڕەوی لاوان نیشانەی كێشەكانە كە ئەمڕۆ بەرۆكی جیهانی گرتووە. ئەو كێشە زۆرانە دەتوانرێت پۆلێن بكرێن بۆ چەندین پاڵنەر، لەوانە: پەراوێزخستن، نادادی مێژوویی، زۆربوونی بێكاری، گەندەڵی زۆر، نەژادپەرستی، مەحسوبییەت و مەنسوبییەت و خراپی حكومەت لە زۆربەی دەوڵەتاندا بەتایبەتی لە ئەفریقا و وڵاتانی ئاسیا.
ئەم فاكتەرە پاڵنەرانە وای لەلاوان كردووە بێهیوابن و هیچ دەرفەتێكیان نەبێت بەشداری بكەن لە بیناكردنی نەتەوەدا. بیرمان نەچێت لاوان خەونیشیان هەیە لە ژیانیاندا بۆ كار و بەدەستهێنانی پارە و هاوسەرگیری و بەشداری لە گۆڕانكارییەكان. نەبوونی دەرفەتەكان بۆ گەنج كە بەشداری لە بوارە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكانی ژیان بكەن، وایان لێدەكات لاوازبن. ئەم لاوازییەش لەگەڵ نەخوێندەواریدا، هەم خوێندەواری ئایینی و عەلمانی، وایان لێدەكات ببنە نێچیری كاریگەری خراپی ئایدیۆلۆژیاكان، لە ناویشیاندا توندڕەوی و توندوتیژی. لەلایەكی ترەوە، فاكتەری راكێشانمان هەیە وەك بێكاری و خانووبەرە و ئاستی كۆمەڵایەتی لە گرووپە توندڕەوەكاندا، هەروەها لە ئاییندا ژیانێكی باش لە رۆژی دواییدا لە بەهەشت. ئەم بەڵێنانەش لەناو ئەوانی تردا لاوان لاوازتر دەكات و ئۆتۆماتیكی پێوەندی دەكەن بەو رێكخراوە توندڕەو و رادیكاڵانەوە.
تاك دوو بەشی هەیە، بەشی كۆمەڵایەتی و بەشی خۆیی، هەریەكیان پێویستی بە گوزارشت و رازیكردن هەیە و ئەم دوو بەشە دەتوانرێت كاریگەری بخرێتە سەر بۆ باش و بۆ خراپ بەپێی تێكەڵاوبوونی كۆمەڵایەتی.
ئەوەی پێویستە بیكەین رێگەیەكی فرەڕەو و ئاڵۆز، یان بەڕێكردنە بۆ كەمكردنەوەی توندڕەویی لاوان. پێویستە كار لەسەر هەردوو فاكتەرەكانی پاڵنەر و راكێشان بكەین هەر لە كۆڵەكە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینییەكانی كۆمەڵگەدا. ئەمەش واتە لە جەوهەردا هەموویان دەبێت رۆڵێكیان هەبێت، بیگێڕن، وەك حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو رێكخراوانەی لەسەر بنەمای باوەڕ دامەزراون، هەروەها كەرتی تایبەتی و كۆمەڵگەكان و خێزان دەبێت بە ئەركی سەرشانی خۆیان بە باشترین شێوە هەستن بۆ بەرگرتن لە زیادبوونی ئاراستەی توندڕەوی لاوان لەجیهاندا.
حوكمداری باش و رەفتاری ئەخلاقی پێویستە پرەنسیپی رێنوێنی بن لەم جەنگەدا لە دژی لاوانی توندڕەو. دەزگا دەوڵەتی و نادەوڵەتییەكان پێویستە حوكمداری باش پیادە بكەن و كاروبار و پیشەكان و تاكەكان دەبێت هەمیشە بە ئەخلاقەوە بمێننەوە لە كارەكانیاندا. پێویستە كار بكەین بۆ پەرەدان بە ئەخلاق لە كار و كاروبارە خزمەتگوزارییە پیشەییەكان و كردارەكان و تەنانەت قازانجی ئەخلاقیش بۆ كەرتی تایبەت. بەم شێوەیە راستگۆ و متمانەپێكراو دەبین بۆ مرۆڤایەتی و راستگۆیی و شەفافیەت و لێپرسینەوە، هەموو ئەمانە بەهان كە سەرجەم جیهان هەوڵی بۆ دەدات بۆ داد و دادگەری بەو شێوەیەی دەژین، ئەمانە پێویستیان بەوە نییە لەوە تێبگەن كە پێوەندی بە زانستی سارۆخەوە هەیە، بەڵكو بە سادەیی زانیارییان دەوێت لەسەر تەنیا ئەوەی چی باشە و چی خراپە. ئەگەر ئەم رەفتارە ئەخلاقییە پەرەپێبدەین و لە سەرجەم جیهاندا هەروا بێت، ئەوا تەنانەت لاوانی توندڕەویش رووناكی ئەمە دواجار دەبینن.
لە كۆتاییدا، پێویستە بوەستین لە پۆڵینكردنی لاوانی توندڕەو لەسەر بنەمای نەژاد و ئایین، یان ئەو ناوچانەی لێوەی هاتوون. هەموو لاوانی توندڕەو پێویستە بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و هەوڵی چارەسەر بدرێت، بەبێ درووستكردنی زیاتری رق و كینە و دابەشكردنی جیهان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی تەسك و دەمارگیریی لاوانی توندڕەو. بۆ نموونە هەموو موسڵمانان، یان لاوانی هەژار توندڕەو نین، پێویستە رەچاوی وریایی و لێبوردەیی بكرێت لە هەوڵماندا بۆ چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە درمە جیهانییە.