تا سەر ئێسقان دژی هێزی حزبم و نابێت هێزی پێشمەرگە خۆی تێكەڵاوی گۆڕانكارییەكانی حكومەت بكات
December 24, 2015
دیمانەی تایبەت
سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دەرگای جیهانی بە رووی كوردستاندا واڵا كردووە و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش بەردەوام سەردانی كوردستان دەكەن و پێشوازی لە سەرۆك و شاندەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن. حاڵی حازر ناو و ناوبانگی پێشمەرگە گەیشتۆتە ئاستێك كە هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش وەك هێزی زەمینی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگابوونەوەی داعش سەیری پێشمەرگە دەكەن. بۆ قسەكردن لەسەر بایەخی روانگەی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا لە بارەی پێشمەرگە و وەڵامدانەوەیان بۆ پێداویستییەكانی پێشمەرگە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەی70ی هێزی پێشمەرگە بۆ گوڵان:تا سەر ئێسقان دژی هێزی حزبم و نابێت هێزی پێشمەرگە خۆی تێكەڵاوی گۆڕانكارییەكانی حكومەت بكات
* بەم دواییە شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی پەرلەمانی ئەوروپاتان كرد. لەم گەشتە چۆن مامەڵە لەگەڵ شاندەكەی وەزارەتی پێشمەرگە كرا؟ تا چەند هەستتكرد كە پێشمەرگە بۆتە بەشێك لە گرنگی و بایەخی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا؟
- دیارە لە ئێستادا زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە فەرمی داوەتنامە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەكان دەنێرن بۆ ئەوەی سەردانی ئەو وڵاتانە بكەن و سەبارەت بە پێداویستییەكانی پێشمەرگە وتووێژیان لەگەڵدا بكەن، ئەم شاندەی ئەمجارەش كە منیش ئەندامی بووم، سەردانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپامان لە برۆكسل كرد، پێشوازی ئەوروپییەكان لە پێشمەرگە زۆر لە ئاستێكی بەرزدایە و بە رادەیەكە لەوانەیە من نەتوانم وەك خۆی دەریببڕم، زۆر بە گەرمی گوێیان بۆ داخوازییەكانمان راگرت. لە سەردانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی بەلجیكا بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لە شاندی پێشمەرگە كرا. دوای ئەوە لەگەڵ نوێنەری حكومەتی بەلجیكا لە ناتۆ كۆبووینەوە، دواتر لەگەڵ لیژنەی بەرگری و ئاسایشی پەرلەمانی ئەوروپا كۆبووینەوە. لەم كۆبوونەوانە زۆر بە باشی و بە بەیاخەوە گوێیان بۆ پێداویستییەكانی پێشمەرگە و هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكانی كوردستان راگرت، پەرلەمانتارانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا بەڵێنیان پێداین كە هەر یەكەیان گوشار بخاتە سەر حكومەتەكەی خۆی بۆ ئەوەی زیاتر هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێت و پێداویستییەكانی بۆ دابین بكرێت. هەروەها سەردانی ئیتاڵیا-مان كرد و لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیتاڵیا كۆبووینەوە و بەڵێنی پێداین هەرچی لە توانای وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیادا بێت بۆ پێشمەرگە درێغی نەكات. پێشتر وەزارەتی پێشمەرگە لیستێكی پێداویستی ناردبوو بۆ وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیا و دووبارە لیستەكەمان پێدانەوە و بڕیاریاندا دیراسەتی ئەو لیستە بكەن و رەوانەی پەرلەمانی بكەن بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدرێت. هەر بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی ئیتاڵیا كۆبووینەوە لەوێش دڵنیایان كردینەوە ئەو لیستەی وەزارەتی بەرگری بەرزی دەكاتەوە بۆ پەرلەمان ئەوان پشتگیری لێدەكەن، هەر لەم سەردانە چووینە ڤاتیكان و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش كۆبووینەوە و ڤاتیكانیش پشتیگری خۆی بۆ هاوكاری پێشمەرگە و هاوكاری مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
* بێگومان پێشمەرگە تەنیا هێز بووە لەسەر زەوی كە بتوانێت ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكاتەوە. ئایا تا چەند ئەم تێڕوانینە لای ئەوان رەنگدانەوەی هەبوو؟
- ئەو خەڵكانەی ئێمە لە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا بینیمان، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە تاكە هێزێك لەم ناوچەیە بتوانێت تیرۆریستانی داعش پاشەكشە پێبكات و تێكیان بشكێنێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، لەمەش زیاتر زۆر سەرسامن بە هێزی پێشمەرگە لەكاتێكدا چەك و پێداویستیەكی زۆر كەمی لەبەردەستە توانیویەتی سەركەوتنی وا بەدەستبهێنێت، من خۆم گوێم لێییان بووە گوتویانە ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە بەدەستیهێناوە بە زۆر سوپای مۆدێرن بەدەست نایەت، ئەمە وایكردووە پێشمەرگە ببێتە سیمبولێك لەسەر ئاستی ناوچەكە، هەروەها لەسەر ئاستی حكومەت و تەواوی گەلانی ئازادیخواز، لە واقعیشدا دیارە پێشمەرگە كەمی نەكردووە، ئەو بەرەی پێشمەرگە توانیویەتی تیرۆریستانی داعشی تێدا بشكێنێت، هەر لە كۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدییە بە درێژایی زیاتر لە 1500 كیلۆمەترە و تەنیا لەم بەرەیە و لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان و راوێژكارەكانیان توانراوە داعش تێكبشكێندرێت و لاواز بكرێت.
* لەم قسانەتان ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، دەوڵەتانی ئەوروپا ئامادەن زیاتر هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، ئایا مەزندە دەكەیت ئەم پشتگیرییە لە ئاستی پێویست بێت؟
- ئەوەی هەتا ئێستا هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان كراوە، ناتوانم بڵێم وەك پێویست بووە، بەڵام هاوكارییەكانی ئەوان گۆڕانكارییەكی گەورەی بەسەردا دێت. دیارە ئێستا ئەوانیش بە تەواوەتی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئێمە هەموومان پێكەوە لە شەڕداین و ئەوەشی ئەو شەڕە یەكلایی دەكاتەوە لەسەر زەوی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، لەم حاڵەتەدا بۆ ئەوەی لەم شەڕە سەركەوتوو بین، ئەوە دەبێت پێشمەرگە لە هەموو روویەكەوە باڵادەست بێت بە سەر دوژمنەكەی بەرامبەریدا كە تیرۆریستانی داعشە، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت چەكی دەستی پێشمەرگە لە چەكی دەستی داعش باشتر بێت. دەبێت تەقەمەنی و پێداویستی سەربازی زۆری لەبەردەستدا بێت، پێشمەرگە هەتا ئێستا توانیویەتی بەو ئیمكاناتە كەمەی لەبەردەستیەتی تا رادەیەكی زۆر مەترسی لە هەرێمی كوردستان دووربخاتەوە، بەڵام نەمانتوانیوە مەترسییەكە كۆتایی پێبهێنین. بۆ ئەوەی بتوانین ئەم هەڕەشەیە كۆتایی پێبهێنین دەبێت بە هەموو شێوەیەك هاوكاری پێشمەرگە بكرێت. مەشق و راهێنانی زیاتری پێبكەن و چەك و تەقەمەنی زیاتری بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی لە هەموو روویەكەوە باڵانسی هێز بە تەواوی بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە بگۆڕێت و كۆتایی بەو هەڕەشەیە بهێندرێت.
* سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بە گشتی و دوایین سەركەوتنیش كە ئازادكردنی شنگال بوو، جووڵەیەكی گەورەی لەسەر ئاستی جیهانی درووستكرد و هەست دەكرێت گەرموگوڕتر پێشوازی لە سەرۆكایەتی كوردستان دەكرێت. وەك لە سەردانەكانی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بینیمان، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- بێگومان ئەمڕۆ لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهانیش كورد ژمارەیەكی دیارە و حیسابی وردی لەسەر دەكرێت. من پێشتر باسی ئەوەم كرد ئێمە شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەندێك لە فەرماندەكان سەردانی ئەوروپامان كرد، ئەو هەموو رێز و تەقدیرەیان پیشانداین و گوێیان بۆ خواست و داواكاریەكانمان بە گرنگییەوە راگرت. هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی گەورەترین بەربەست لە بەردەمی تیررۆریستانی داعش دروست بكات و تێكیانبشكێنێت. بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە كاتێك سەردانی وڵاتان دەكات ئەوا زیاتر رێز و تەقدیری پیشاندەدەن. بۆیە هەڵوێستی كورد و ئازایەتی هێزی پێشمەرگە بۆتە هۆكارێك هەموو دەوڵەتانی ئیقلیمی و جیهانیش زیاتر رێزمان لێبگرن و بە گەرموگوڕی پێشوازیمان بكەن و گوێ بۆ خواست و داخوازییەكانیشمان رابگرن.
* ئەوەی لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جێگەی هەڵوەستە بوو، حكومەتی توركیا بە ئاڵای كوردستانەوە پێشوازی لێكرد. ئایا دانانی ئاڵای كوردستان لەلایەن توركیاوە بۆ پێشوازی ئەمەیان چۆن دەخوێنیتەوە؟
- هەتا نەگەڕێینەوە بۆ مێژووی توركیا، نازانین ئەم گۆڕانكارییە چەند گەورەیە. خۆتان دەزانن سەردەمانێك لە توركیا ناوهێنانی كورد قەدەغەبوو، بەجلی كوردییەوە رێگەیان نەدەدایت بچیتە نێو سنووری توركیا، تەنانەت خەڵكانێك بە جلی كوردیەوە چوونە توركیا لەوێ دەستگیركراون و رێگەیان نەداون لە فڕۆكەخانەكانیان سەفەر بكەن. هەر خۆم جارێكیان لە فرۆكەخانەیەك لە توركیا ئەوەندە بیانووی نابەجێیان پێگرتم هەر مەپرسە، هەموو هۆكارەكەشی ئەوەبوو من ئەو چەند برادەرەم كورد بووین، دەوڵەتدارانی توركیا ئەسڵەن بڕوایان بە بوونی كورد نەبووە و بە كوردەكانی كوردستانی باكووریان دەگوت توركەكانی چیا، بەڵام ئێستا گۆڕانكاری گەورە دەبینین، ئەردۆگان دێت بۆ هەولێر بە ژێر ئاڵای كوردستاندا تێدەپەڕێ، هەروەها كاتێك جەنابی كاك مسعود بارزانی دەچێتە توركیا لە كۆشكی كۆماری ئاڵای كوردستان دادەنرێت، بۆیە بە بۆچوونی من ئەمە گۆڕانكارییەكی گەورە و دەستكەوتێكی گەورەشە بۆ میللەتەكەمان و ئەم رێز و تەقدیرە بۆ هەر كەسێك كرابێت، رێز و تەقدیرە لە كوردستان گیراوە، ئەم پێشوازییە پێگەی كوردستان پیشان دەدات، بوون و پێگەی كورد و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە پیشاندەدات، كە وای كردووە لە پێشوازی سەرۆكی هەرێمەكەمان ئاڵای كوردستان دابنرێت.
* وەك فەرماندەیەكی مەیدانی ئایا رۆڵی هێزی پێشمەرگە لە ئایندەیەكی نزیكدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- كەس ناتوانێت نكۆڵی لە رۆڵی گەورەی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش بكات، یان نادیدە بیگرێت. ئەگەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبوایە، ئێستا بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە تكریت و ئەنبار و شوێنەكانی دیكە باشتر نەدەبوو، بەڵام لەژێر سایەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و پاراستنی ئاسایش و تەناهی كوردستان، ئێستا كوردستان بۆتە نەوای ئارام بۆ سەدان هەزار خەڵكی ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، بۆیە من وایدەبینم پشتیوان بەخوا هێزی پێشمەرگە دەبێتە سوپای بەرگری لە كوردستانی سەربەخۆ و لە ئایندەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێتە سوپایەكی مۆدێرنی مەشق پێكراوی پڕچەك و لەو ئاستەدا دەبێت كە هەم بتوانێت بەرگری لە خاكی كوردستان بكات، هەم ئاسایش و تەناهیش لە وڵاتەكە بپارێزێت.
* لایەنێكی دیكە كە لەم شەڕەدا بە راشكاوی رەنگی داوەتەوە، ئەوەیە كە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە هەر لە سەرۆك بارزانی تا تەواوی فەرماندەكانی دیكە هاوشانی پێشمەرگە لە ریزی پێشەوەی شەڕەكە بوون، ئایا ئەم دیاردەیە بە دیاردەیەكی راست دەزانیت و هیچ مەترسییەك دروست ناكات؟
- ئەم دیاردەیەی كە فەرماندەكان هاوشانی پێشمەرگە لە پێشەوەی بەرەكانی شەڕ بین، ئەمە لە خەباتی شاخەوە فێری بووین، لە قۆناخی مقاوەمەتی پێشمەرگە لە شاخ، فەرماندەكانی پێشمەرگە قەت پێیان نەووتووین بڕۆن، پێیان وتووین وەرن، واتە فەرماندەكانیش هاوشێوەی پێشمەرگە لە ریزی پێشەوەی شەڕەكان بوون. سەبارەت بەوەش كە دەپرسیت ئایا ئەمە جێگەی مەترسی نییە، وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە لەم شەڕەدا زۆرترین فەرماندەمان شەهید بووە، لەوانە چەندین فەرماندەی لیوا و ئامر فەوج و بە سەدان ئەفسەری پلەدارمان شەهید بوون، راستە ئەمانە خەسارەتێكی گەورەن، بەڵام یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە بەو ئیمكاناتە كەمەی لە بەردەستی بووە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فەرماندەكانمان هاوشانی پێشمەرگە لە ریزی پێشەوەی شەڕەكان بوون. كاتێك جەنابی كاك مسعود بارزانی خۆی دەچێت سەركردایەتی شەڕدەكات، یان سەردانی میحوەرەكانی شەڕەكە دەكات و كۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی لیواكان و فەرماندە مەیدانییەكان دەكات و سوپاسیان دەكات و دەستخۆشییان لێدەكات، و بە بەردەوامی لە بەرەكانی شەڕ ئاگای لە هێزی پێشمەرگەیە، بە تەئكید ئەمە رۆڵێكی گەورە و كاریگەر و گرنگی دەبێت و ورەیەكی گەورە بە پێشمەرگە دەبەخشێت، پێشمەرگە ئەگەر فەرماندەی خۆی خوش بوێت، هەم شەڕی باش دەكات و هەم سەركەوتنی گەورەش تۆمار دەكات. خۆشەویستی پێشمەرگەش بۆ فەرماندەكەی ئەوەیە، كە فەرماندە خۆی لە پێشمەرگە جیانەكاتەوە، لە باری واقیعیشدا ئەگەر ئێمە پلەداری هەیكەلی رێكخستنی هێزی پێشمەرگە بخەینە لاوە، ئەوا هەموومان پێشمەرگەین و لە یەك ئاستداین و یەك ئەركمان هەیە و هەموو بۆ یەك ئامانج گیانفیدایی دەكەین.
* تاچەند هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی داعش، ئەزموونی زیاتر بووە. واتە ئەگەر بەراوردی هێزی پێشمەرگەی ئێستا و سەرەتای شەڕەكە بكەین هیچ جیاوازییەك هەست پێدەكەیت؟
- ئەگەر بەراوردێك لە نێوان هێزی پێشمەرگە لە سەرەتای شەڕی دژی داعش و ئێستا بكەین، دەبینین هێزی پێشمەرگەی ئێستا هێزێكی دیكەیە و هێزێكە وەرچەرخانی بەسەردا هاتووە لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی، لە سەرەتای ئەم شەڕەدا هێزێكی گەورەی ئێمە سەنگەرەكانی چۆڵ دەكرد، تەنیا لەبەر ئەوەی دەیانگوت پیكابێكی چەكدارانی داعش هات. بۆیە ئەوانەی پێشتر پێشمەرگە بوون كە ژمارەیان كەم بوو بە ناچاری دەمانەوە و قوربانییەكی زۆرمان دەدا، بەڵام ئەم شەڕە بووە هۆكاری ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە بێژەنگ بدرێت، پێشتر بە هۆی ئەو بارودۆخەی هەبووە زۆر كەس تەنیا بۆ ئەوەی سوودمەند بێت خۆی خزاندبووە ناو هێزی پێشمەرگە، بەڵام نەیانتوانی شەڕ بكەن و بەجێیان هێشت، لە سەرەتای ئەم شەڕە دڵنیا نەبووین ئەگەر شەو تیرۆریستانی داعش هێرش بكەن، وەزعمان چۆن دەبێت، بەڵام ئێستا من وەك فەرماندەیەك دڵنیام لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دەزانم تیرۆریستانی داعش هێرشیش بكەن، تەنانەت ئەگەر سەنگەرێكیش بگرن، پێشمەرگە شەڕ دەكات و سەنگەرەكە كۆنتڕۆڵ دەكاتەوە.
* ئەو فاكتەرانە چین كە ئەم هێزە نەوعییەی پێشمەرگە زیاتر بەرەو پێشەوە بەرێت؟ ئایا خۆزگەی تۆ بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان چییە؟
- خۆزگەی من ئەوەیە وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد هێزی پێشمەرگەی كوردستان ببێتە سوپایەكی مەشقپێكراوی پڕچەك كە لە ئاستی خۆزگەكانی خەڵكی كوردستاندا بوایە. ئەم سوپایە سیمای هیچ حزبێكی پێوە نەبوایە. وەك خۆم شانازی دەكەم پێشمەرگەی حزبێك بووم لە شاخ و ئێستاش ئەندامی ئەو حزبەم، شانازی بە خەبات و دەستكەوتەكانیشەوە دەكەم، لەبەر ئەوەی دەسكەوتەكانی ئێستا بەرهەمی خەباتی شاخە، شانازی دەكەم ئەمڕۆ خاوەنی هەرێمی كوردستانین و پەرلەمان و حكومەتمان هەیە، بەڵام دەبێت راستگۆ بین، هێزی حزب هەڕەشەیە بۆ سەر ئەم دەستكەوتانە، هەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان. بۆیە تاسەر ئێسقان دژی هێزی حزبم، من لەگەڵ هێزی خەڵكی كوردستانم، هێزێك پێوەندی بەوەوە نەبێت چ گۆڕانكارییەكی سیاسی لە حكومەتدا دەبێت. ئەو هێزە پێویستە لە جێگەی خۆی بێت و پارێزگاری لە دەستكەوتەكان و كیانی كوردستان بكات. گەرەنتی بێت بۆ گێڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هەرچەندە ئێستاش ئەوە دەبینم كە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە یەكەی 70 و 80 و هێزەكانی دیكە لە رووی جووڵەی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێن و وەزارەتی پێشمەرگە هەموو بەرەكانی شەڕ بەڕێوەدەبات، بەڵام هێشتا زۆری ماوە بگەینە ئەو هێزەی خەڵكی كوردستان و كەسوكاری شەهیدەكانمان دەیانەوێت.
* وێڕای ئەمانەی باستكردن، بەڵام دیاردەیەكی دیكەش هەیە، لە كاتێكدا دایكانی كوردستان تەرمی رۆڵە شەهیدەكانیان بۆ دەچێتەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێك تا ئێستاش هەن سووكایەتی بە پێشمەرگە دەكەن و بە میلیشیا ناوی دەبەن، ئایا ئەمە چۆن سەیردەكەیت؟
- لە یەكێك لە قۆناخەكاندا خۆمان سووكایەتی زۆرمان بە پێشمەرگە كردووە، پێشمەرگەمان كردبووە دەعبا لە بەر چاوی خەڵك، بەڵام ئەم شەڕانەی هێزی پێشمەرگە پیشانیدا پێشمەرگە كێ بووە و ئێستاش كێیە و لە داهاتوشدا چی دەبێت. ئەو كەسانەی بوختان بۆ هێزی پێشمەرگە دەكەن و دەیانەوێت لەكەداری بكەن، یان بە میلیشیا ناویان دەبەن نابێت رووی ئەوەیان هەبێت لە مەجلیسدا قسە بكەن، ئێستا هەموو جیهان بە پێشمەرگە سەرسامە، پێشمەرگە لەوە گەورەترە بە قسەی ئەو خەڵكانە لەكەدار بكرێت.
* ئەگەر دوایین پرسیارمان لەسەر ئەو میحوەرە بێت كە خۆت سەرپەرشتی دەكەیت، دیارە ئەم میحوەرە لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی بەریەككەوتنی تێدایە، زۆر جار ئاڵۆزی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دروست دەبێت، ئایا تاچەند توانیوتانە بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكەن؟
- ئێمە نامانەوێت لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی هیچ كێشەیەكمان هەبێت و وەك هەرێمی كوردستانیش پێمان خۆشە ئەو هێزە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەماهەنگ بن بۆ تیكشاندنی تیرۆریستانی داعش، لەبەر ئەوەی داعش دوژمنێكی گەورە و مەترسییەكی گەورەی هاوبەشە لەسەر هەردوولامان، بۆیە بۆ شكاندنی ئەم دوژمنە دڕندەیە و ئەم مەترسییە هاوبەشە، پێویستمان بەوەیە هەموو هێزە عێراقییەكان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەماهەنگ بن، بەڵام بەداخەوە بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی هەندێك رەفتار دەكەن، رەفتاری ناشیرینن، زۆربەی ئەو كەسانەش كە ئەو رەفتارە ناشیرینانە دەكەن، خەڵكانی لۆكاڵی ناوچەكەن، وەك توركمانە شیعەكانی خورماتوو، داقوق، قەرەتەپە، بەشیر، دیارە حەشدی شەعبی وەك بەرنامە، ئەو بەرنامەیەیان نییە شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە دروست بكەن، بەڵام هەندێك لەو خەڵكە بەڕەڵایەی وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد بۆ مەبەستی دزی و راو و رووت و رێگری ئەو كارە ناشیرینانە ئەنجام دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی گرژی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، لەناو هێزەكانی حەشدی شەعبیشدا چەندین هێزی جۆراوجۆر هەن، وەك: (خوراسانی، بەدر، سەدر و چەندین تەیاری جیاجیای دیكە) بۆیە ئەوەی ئێمە لە تواناماندا بووە و لەبەر رۆشنایی رێنماییەكانی سەرووی خۆمان لە هەرێم و پەرلەمان و حكومەت، هەوڵمانداوە ئاسایشی ئەو ناوچانە بپارێزین و رێنماییەكان بەوجۆرە بوون كە رێگە نەدەین بە هیچ شێوەیەك لە نێوان ئێمە و هێزە عێراقییەكان بەتایبەتیش لەگەڵ حەشدی شەعبی لەو ناوچانە كێشە دروست بێت، بۆیە بە هیممەتی ئەو برادەرانەی لەو ناوچانە بەرپرس بوون، بەتایبەتی لە خورماتوو هەوڵدرا بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە ئێمە و حەشدی شەعبی بڕیارمان داوە دوژمنی یەكتری نەبین، بۆیە هەر شەڕێك بكرێت، شەڕێكی بێ مانا دەبێت و زیانێكی گەورە بەر هەردوو لامان دەكەوێت.