كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا و ناتۆ بە توركیا رابگەیەنن رازین بە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان

كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا و ناتۆ بە توركیا رابگەیەنن رازین بە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان
پڕۆفیسۆر، تێد گەلێن كارپێنتەر، بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری مێژووی دیپلۆماسی لە زانكۆی تەكساس بەدەست هێناوە. پێشتر بەڕێوەبەری دیراساتی سیاسەتی دەرەكی بووە لە ئامۆژگای كاتۆ، هەروەها جێگری سەرۆكی هەمان ئامۆژگا بووە بۆ دیراساتی بەرگری و سیاسەتی دەرەوە. نووسەری دە كتێبە لە بواری كاروبارە نێودەوڵەتییەكان و چەندەها وتاری لەم بوارەدا هەیە. بۆ تاوتوێكردنی ڕەوشی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایندەی شەڕی داعش و ئەگەری سەربەخۆبوونی كوردستان، گوڵان دیدارێكی لەگەڵدا ئەنجامدا، ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە تێڕوانینەكانی خۆی كرد.
تێدگەلێن كارپنتەر جێگری سەرۆكی ئامۆژگای كاتۆ بۆ گوڵان:كاتی ئەوە هاتووە ئەمریكا و ناتۆ بە توركیا رابگەیەنن رازین بە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان




* حاڵی حازر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە گۆڕەپانی دەستێوەردانی دەرەكی و ڕكابەری ناوچەیی و ئێستا بارودۆخەكە بە ڕاددەیەكی زۆر ئاڵۆز بووە و هەوڵەكانی گەیشتن بە چارەسەریش ناگەنە ئاكام، ئایا چ ڕێگاچارەیەك ماوە بگیرێتەبەر بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە و قەیرانەكان لەم ناوچەیە؟
- ئەمە تێبینییەكی زۆر ورد و قووڵە. هەر لەمێژە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕەپانێكی جیۆپۆلیتیكییە بۆ زلهێزەكان لەسەر حیسابی نەهامەتی دانیشتووانە جیاوازەكانی ناوچەكە، باشترین شت كە ولایەتە یەكگرتووەكان و رووسیا و هێزە دەرەكییەكانی دیكە بیكەن، ئەوەیە كە واز لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنن، خۆیان كێشەكانیان چارەسەر بكەن، یان بە دەستێوەردانێكی كەمەوە هاوكارییان بكەن.
* لە ئێستادا شەڕی دژی داعش پەرەسەندنی دیكەی بە خۆوە بینیوە، ئەویش لەوەدا بەرجەستە دەبێت كە داعش هەڕەشەیەكی جیهانییە و پێویستە بەرپەرچی بدرێتەوە، كەواتە چۆن دەبێت ستراتیژیەت دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی ئامانجەكانی خۆی بپێكێت؟
- داعش نەدەبووە هەڕەشەیەكی جیهانی ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی بڕیاریان نەدایە دەستوەربدەنە ململانێی ناوچەكانەوە. ئەجێندای داعش لە بنەڕەتدا خۆی لە ناوچەكەدا قەتیس دابوو. تا زیاتر ویلاتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی دەستێوەردان بكەن، ئەوا زیاتر داعش وڵاتەكانیان دەكاتە ئامانج.
* لەنێو شرۆڤەكاراندا هاوڕاییەك هەیە كە داعش دەرهاوێشتەی كێشەی قووڵترە، ئێستا ناوچەكە بە دەست چەندین قەیران و تەنگژەی سەختەوە دەناڵێنێت، دەوڵەتانی ناوچەكە شكستیان هێناوە و گڕی ئاگری تائیفەگەریش بڵێسە دەسێنێت، كەواتە چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئەم كێشانە لە ئایندەدا ڕوونەدەنەوە؟
- داعش دەركەوتەیەكی ململانێی دەسەڵاتی ناوچەیی شیعە و سوننەكانە. كێشە بونیادی و ڕوونترەكە ئەوەیە كە سنوورە سیاسییەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی زۆر لەلایەن هێزە كۆڵۆنیاڵە ئەوروپییەكانەوە سەپێندراوە و لە گۆشەنیگای ئایینی، یان مۆڕاڵییەوە مانایەكی نییە. دەرئەنجامی سەقامگیرتر لەوانەیە ئەوە بێت سووریا و عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە بۆ قەوارەی نوێ كە لەگەڵ واقیعە ئایینی و نەژادییەكاندا بگونجێت. ئەمەش كوردستانی گەورە و قەوارەی نوێی عەرەبە سوننەكان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆژئاوای عێراق و قەوارەیەكی بچووكتر بۆ هەموو شیعەكانی عێراق و دەوڵەتێكی بچووك بۆ مەسیحی و دروزەكان لە ڕۆژئاوای سووریا لەخۆ دەگرێت. گۆڕانكارییەكی ئاوا ئاسۆكانی سەقامگیرییەكی درێژخایەن دەخاتە بەردەست.
* كەواتە ئایا ئێوە هاوڕان لەگەڵ ئەو پێشنیارەدا كە پێیوایە بۆ ئەوەی سوننەكان پاڵنەری ئەوەیان بۆ دروست بێت چالاكانە بكەونە دژایەتی داعش، ئەوا پێویستە كار لەسەر ئەوە بكرێت دەوڵەتێكی سوننە دروست بكرێت، چۆن لەم پێشنیارە دەڕوانن و چەند بە ڕێگاچارەیەكی لەباری دەزانن؟
- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێدا، تەنانەت ئەگەر قەوارەێكی ئاوا دروست بكرێت، نازانین ئاخۆ دەبێت متمانە بكەین بەوەی كە توركیا و سعودیە و هەروەها هاوپەیمانەكانی لە كەنداودا، ئایا بەڕاستی ڕووبەڕووی داعش دەبنەوە، یان نا.
* ڕزگاركردنی شنگال ڕووداوێكی گەورە و گرنگ بوو لە شەڕی دژی داعشدا و سەلماندی كە دەكرێت داعش تێكبشكێندرێت، كەواتە ئەم سەركەوتنە چیمان پێدەڵێت و چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت؟
- شەڕەكەی شنگال دوو شتی یەكلاكردەوە. یەكەمیان ئەوەیە پێشمەرگە بەتواناترین و پڕحەماسترین هێزی دژە داعشن لەناوچەكەدا. دووەمیشیان ئەوەیە كە تێكشكانی داعش پێویستی بەوەیە لە سەردەستی یاریزانێكی ناوچەیی ئاوا بێتە ئاراوە، نەك هێزە دەرەكییەكان.
* كورد لە عێراق باس لەوە دەكەن كە ئەوان كاروانی سەربەخۆییان بەڕێكردووە و چیتر نایانەوێت ببنە قوربانی شكستی ئەوانی دیكە، كەواتە ئەم پرۆسەیە دەستی پێكردووە و كوردیش بە شێوەیەكی كارا بەرەنگاری تیرۆر بۆتەوە و ئەدایەكی باشی هەبووە لە هەڵسووڕاندنی كاروبارەكانیدا، كەواتە ئەو هەنگاوانەی دیكە چین كە پێویستە كورد بیانگرێتەبەر بۆ ئەوەی پاڵپشتی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت؟
- دوودڵی كۆمەڵگەی كوردی بۆ مانەوە وەك بەشێك لە ناو دەوڵەتی تەواو لاوازی عێراق قابیلی تێگەیشتنە و ڕێگری سەرەكی بۆ ئەم گۆڕانە ناڕازیبونی بەردەوامی ئێران و توركیایە بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی لە عێراق، یان لە سووریا. بەڵام دەتوانین بڵێین كاتی ئەوە هاتووە ولایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ بە ڕوونی بڵێن كە هاوپەیمانیی ناتۆ چیتر ناڕازی نییە لە درووستبوونی كوردستانی سەربەخۆ و ئەگەر توركیاش دەیەوێت وەك ئەندامی ناتۆ بمێنێتەوە (لەگەڵ گرنگی سودە ئەمنیەكانی ئەم بەئەندامبوونە كە لەخۆیدا هەڵیگرتووە)، ئەوا دەبێت لە ڕێگرییەكانی بۆ گۆڕانكاری واز بێنێت.
* چۆن لە سەردانەكەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ سعودیە و پێشوازییە گەرمەكەی لە لایەن شا سەلمان-ـەوە دەڕوانیت؟ ئایا گرنگی بەرەوپێشبردنی پێوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سعودیە و وڵاتانی كەنداو بە گشتی چین؟
- ئەمە دەبێتە بنەمای هاوكارییەكی نزیكتر، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی تۆماری سعودیە لە ڕەفتارە نهێنی بڕەكانی، ئەوا سەرۆك بارزانی دەبێت زۆر وریا بێت لە بارەی هاوكاریكردن لەگەڵ سعودییەكاندا.
Top