گرنگی ئازادكردنی شنگال تەنیا سەركەوتنی سەربازی نەبوو بەڵكو سەلمێنرا گرووپە جیاوازەكان دەتوانن پێكەوە بژین

گرنگی ئازادكردنی شنگال تەنیا سەركەوتنی سەربازی نەبوو بەڵكو سەلمێنرا گرووپە جیاوازەكان دەتوانن پێكەوە بژین
پرۆفیسۆر پاتریك كڵاوسن، توێژەرە لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیك، هەروەها بەڕێوبەری»دەستپێشخەری ئەمنی ئێران»ە لە هەمان ئامۆژگا، بە شێوەیەكی بەرفراوان ڕاوێژی پێدەكرێت و پتر لە 150 ووتاری لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئابووری نێودەوڵەتی نووسیوەو چەندین كتێبی لەبارەی ئێرانەوە هەیە. گوڵان لە دیدارێكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد كە تایبەت بوون بە ستراتیژیەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش و گرنگی ئازادكردنی شنگال و بایەخی برەودان بە پێوەندیەكانی هەرێمی كوردستان بە وڵاتی سعودیەوە.


پاتریك كڵاوسن گەورە تۆژەری ئامۆژگای واشنتۆن بۆ گوڵان:گرنگی ئازادكردنی شنگال تەنیا سەركەوتنی سەربازی نەبوو بەڵكو سەلمێنرا گرووپە جیاوازەكان دەتوانن پێكەوە بژین


* ئێستا ڕووداو پەرەسەندن و گۆڕانكاریەكی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، بارودۆخەكە تا دێت ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت و ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵكشانی زیاتر بە خۆوە ببینێت، ئەمە بە شێوەیەكی تایبەت بۆ وڵاتی سوریا ڕاستە، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە چۆن لە بارودۆخەكە دەڕوانن؟

- لەشەستەکاندا پێش ئەوەی ئەسەد دەسەڵاتی لەسوریادا بچەسپێنێت، سوریا وڵاتێک بوو کە زۆر لە هێزە دەرەکیەکان تێوەیگلابوون، ئێستا سیاسەتی سوریا لەزۆر ڕووەوە گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتەکانی ساڵانی شەست و ناسەقامگیر. جیاوازیەکی گەورە ئەوەیە کە لە شەستەکاندا ئەو هێزە دەرەکیانەی دەستێوەردانیان لەسوریا کردبوو بەشێوەیەکی سەرەکی دەیانەویست نفووز لەناو سوریادا بەدەستبێنن، بەڵام ئێستا ئەو هێزە دەرەکیانەی دەستێوەردان لەسوریادا دەکەن بەشێوەیەکی سەرەکی دەیانەوێت توندوتیژیەکان بوەستێنن کە کاردەکاتە سەریان. بۆیە وەک دەبینین فەڕەنسیەکان لە سوریاوە تێوەگلاون لەبەرئەوە نا کە فەڕەنسا دەیەوێت بەشێوەیەکی سەرەکی نفووزی لەناو سوریادا هەبێت، بەڵکو لەبەرئەوەی نایەوێت سوریا ببێت بە شوێنێک کەلێوەی پەلاماری فەڕەنسا بدرێت. هەروەها ئەمەش هاندانێکی گرنگە بۆ سەرۆک پۆتین لە رووسیا. بۆیە سوریا بووەتە شوێنێک کە زلهێزەکان نیگەرانن لەوەی توندوتیژیەکانی سوریا کاریگەری هەبێت لەسەریان و ئەمەش هۆکاری تێوەگلانیانە.

* هەڵسەنگاندنتان چيیە بۆ ئەو ستراتیژیەتەی لە ئێستادا بۆ بەرەنگاربوونەوەو تێكشكاندنی داعش پیادە دەكرێت، ئایا تا چەند ئەم ستراتیژیەتە دەتوانێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە لاوازكردن و لەناوبردنی داعشدا؟

- ویلایەتە یەکگرتووەکان هیواخوازبووە کە ستراتیژی یەکەمی عێراق بێت بۆ هێرشکردنە سەر داعش و بۆ ناتۆی بەجێهێشتووە چیبکەن بۆ سوریا، بەڵام ئەمە دەرکەوت کاری پێناکرێت و دەرکەوت پێویستە هەڵمەتەکان لە عێراق و هەروەها سوریا هەبێت لە دژی داعش، بۆیە هەوڵەکان لەدژی داعش فراوانتر بووەو رووسیاو فەڕەنسا هەنگاویان ناو بڕیاریاندا کاراتر بن لە شەڕەکانی سوریا، بۆیە لەئەنجامدا شەڕەکە لە عێراق و سوریادا ڕوودەدات، نەک تەنيا لە عێراقدا.

* باس لەوە دەكرێت كە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست كۆمەڵە كێشەیەكی ڕیشەییەوە گرفتارە، كە سەقامگیری و ئارامی ئەم ناوچەیەش پەیوەستە بە چارەسەركردنی ئەو هۆكارە ریشەییانەوە، بە چەشنێك دەووترێت داعش تەنيا دەرئەنجامی ئەو كێشانەیە نەك هۆكاری كێشەكان، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەر چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ ئەو تەنگژانە نەكرێت لە ئایندەدا گرووپی هاوشێوەی داعش دروست نابنەوە؟

- ڕاستە نیگەرانیەکان ئەوەیە ئەگەر داعش تێکبشکێنرێت، ڕووبەڕووی ڕێکخراوێکی تر دەبنەوە، هەروەک چۆن تێکشکانی قاعیدە کێشەی جیهادیە ڕادیکاڵەکانی چارەسەرنەکرد، بۆیە دەبێت لەهەموو بوارەکاندا چارەسەری جیهادیە ڕادیکاڵیەکان بکرێت، نەک تەنها یەک ڕێکخراو، ئەمەش کاتی دەوێت، لەبەرئەوەی ناوچەکە کێشەی ڕیشەیی هەیەو بەداخەوە زۆر لە هێزەکان لەناوچەکەدا بڕیاڕیانداوە گرژیە ڕەگەزی و نەژادیەکان خراپتر بکەن، بۆیە زۆر کاراکتەر دەبینین لەناوچەکەدا هانی دروستبوونی گرژی ئاینی دەدەن، ئەمەش ساڵانێکی زۆر زۆری دەوێت کە هێور بکرێتەوە و چارەسەربکرێت، بۆیە ئەمە کێشەیەک نییە بە خێرایی بڕوات، تەنانەت ئەگەر داعشیش تێکبشکێنرێت.

* بۆ ئەوەی داعش تێكبشكێنرێت دەبێت سوننەكانیش چالاكانە بەشداری لەم هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەیدا بكەن، ئەویش بەوە دەبێت كە پاڵنەری ئەوەیان بۆ دروست بكرێت كە بە تەواوی تواناكانیانەوە بێنە نێو شەڕەكەوە، هەندێ لە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن پێویستە دەوڵەتێكی تایبەتیان بۆ دروست بكرێت لەو ناوچانەدا كە حاڵی حازر لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشەوەن، ئێوە لەم پرسە دەڕوانن؟

- مێژووی جیهان پێمان دەڵیت دروستبوونی دەوڵەتی نەژادی پرۆسەیەکی زۆر قورس و ئاڵۆزە کە هەمیشە دەبێتە هۆی شەڕو تەنگژەی زۆر، بۆیە زۆر لەکەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەباشی ناگونجێن لەگەڵ ئەو سیستەمە تاکلایەنە تایەفیە، وەک ئیزیدیەکان بۆ نمونە، بۆیە دروستکردنی ئەو دەوڵەتە تاکلایە تایەفیە نەژادیانە پێویستی بەوەیە گرووپە بچوکەکان، ئەوانەی کە هەزارەها ساڵە لەو شوێنانەی خۆیاندا دەژین، دەوڵەتی فرە نەژادی و تایەفی دروستبکرێت، لەجیاتی دەوڵەتی تاکلایەنەی تایەفی، بۆیە پێویستە ڕێگەیەک بدۆزرێتەوە کە تیایدا ناوچەکە، سوننە عەرەبەکان هەستبکەن دەسەڵاتیان هەیەو دەنگیان لە سیاسەتدا هەیە، بەڵام هیوادارم هەوڵنەدرێت دەوڵەتێک دروستکرێت تەنيا بۆ عەرەبە سوننەکان، لەبەرئەوەی ئەمە پرۆسەیەکی زۆر قورس دەبێت و جەنگێکی زۆر دروست دەبێت لەسەر سنوورەکانی ئەو دەوڵەتەو زۆر لە کەمینەکان کە تیایدا دەژین.

* شەڕی شنگال و ئازادكردنی ئەو شارە بایەخ و گرنگی تایبەتی بە خۆی هەبوو، كە تێیدا داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی توانرا پاشەكەشە بە داعش بكرێت و دوچاری شكستپێهێنانیش بوو، لە تێڕوانینی ئێوەدا ئەو بایەخ و گرنگیە لە چیدا خۆیدا دەبینێتەوە؟

- ئەم شەڕە گرنگ بوو نەک تەنيا لەبەرئەوەی داعش تێکشکێنرا، بینیمان داعش لە تکریتیش تێکشکێنرا، بەڵکو لەبەرئەوەی پیشانيدا کە خەڵکی لە نەژادە جیاوازەکان دەتوانن پێکەوە کاربکەن، ئەمەش پەیامێکی زۆر گرنگە. بۆیە زۆر گرنگ دەبێت لە شەڕەکانی تر دژی داعش ئەوە پیشانبدرێت کە ئەم شەڕە تەنيا شەڕی گرووپێک نیيە دژی گرووپێکی تر و تەنيا سەرکەوتن تۆمارناکرێت، بەڵکو دەبێت پێوەندی بە عەرەبە سوننەکانەوە بکرێت و پیشانیان بدرێت تەنانەت ئەگەر ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ داعش کاربکەن، هێشتا لەناو کۆمەڵگەدا پێشوازی دەکرێن، ئەگەر بەشێوەیەکی ئاشتی تێکەڵ ببنەوە.

* سەبارەت بە ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پێتوایە دەبێت پاڵپشتی بکرێن لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە تا ببنە هێزی زەمینی و بەشێک لە ستراتیژی تێکشکان و لەناوبردنی داعش و تیرۆریزم؟

- کێشەکە ئەوەیە پێشڕەویەکانی پێشمەرگە بۆ ئەو شوێنانەی کە نوێن لەلایەن عەرەبە سوننەکانەوە گومانیان لێدەکرێت، بۆ نموونە لە ئێستادا بەتایبەتی مەسەلەیەکی هەستیار هەیە لەسوریا لە عەفرین و شوێنانی تر، بۆیە ئەگەر پێشمەرگە پێشڕەوی بکات بۆ ئەو ناوچانە، ئەوا ئەگەری ناکۆکی نەژادی مەترسیدار دەبێت و ئەمەش زۆر جێی داخ دەبێت. بۆیە قورسە بۆ پێشمەرگە پێشرەوی بکات بۆ ئەو شوێنانەی کەلەودیو کۆنتڕۆڵی کوردەوەن، ئەگەر ئەوە بکات، ئەوا دەبێت لەگەڵ یەکەکانی تر بیکات و گرنگە کە ئەجێندای درێژخایەنی نەبێت لەو ناوچانەداو بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی ناوچە کوردیەکان.

* لە عێراقدا شتێك نەماوە بە ناوی دەوڵەت و ئەوەی پێی دەووترێت دەوڵەتی عێراق سەروەری و یەكپارچەیی خاكی خۆی لە دەست داوە، لە نێو ئەم دۆخەشدا كورد نایەوێت چیتر باجی ئەو هەلومەرجە شكستخواردووە بدات، لەبەر ئەوە كار و كۆشش دەكات بۆ ئەوەی ڕێگای تایبەت بە خۆی بگرێتەبەرو مومارەسەی مافی ڕەوای خۆی بكات كە بریتیە لە سەربەخۆیی، بیرو بۆچوونی ئێوە چیيە لەم ڕووەوە؟

- لەجیهاندا لەماوەی بیست ساڵی ڕابردودا چەندین بارودۆخ هەبوون كە پەیوەست بوون بە چەمکی سەربەخۆیی و لەکۆمەڵگای نیودەوڵەتیدا بەکارهاتوون، ئیتر تەیموری ڕۆژهەڵات بێت یان بۆسنیا بێت، ئەوانەی کە دەوڵەتی سەربەخۆیان دەوێت دەبێت بیسەلمێنن، بەشێکی گرنگ لەوەش ئەوەیە دەبێت پیشانی بدەن کە لە سیاسەتی ناوخۆدا سەقامگیرن و بەتەواوی ڕێز لەمافەکان مرۆڤ دەگرن، بۆیە پێموایە گرنگە بۆ کوردو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر بیانەوێت ئیعترافی زۆری نێودەوڵەتی بەدەستبێنن، ئەوا دەبێت کێشە ناوخۆیەکانی ناو حکومەتەکەیان چارەسەربکەن.

* لە سەردانێكی گرنگدا بۆ عەرەبستانی سعودیە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مسعود بارزانی، بە ڕێ و ڕەسمێكی گەورە و شایستە پێشوازی لێكرا، بایەخی ئەم سەردانە لە چیدایەو دەكرێت چ خۆێندنەوەیەكی بۆ بكرێت ؟

- زۆر گرنگە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندی باشی هەبێت لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیدا و ئەوە پیشانبدات کە دەیەوێت لەنزیکەوە کار لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبە سوننەکان بکات، ئەمەش ئەوە پیشاندەدات کە دەیەوێت لەگەڵ هەموو کۆمەڵگە عەرەبە سوننەکانی دەوروبەری کوردستان کاربکات.

* پێت وانییە کورد نابێت لایەنداری دابەشبوونی نێوان سوننە و شیعەکان بکات؟

بەداخەوە لەودیو سنوورەوە لە سوریا تەنگژەیەکی زۆر هەیە لە نێوان یەپەگە و کۆمەڵگەی عەرەبە سوننەکان و هیوادارم ئەمە کارنەکاتە سەر پێوەندیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
Top