کارێکی ژیرانەیە هەرێمی کوردستان پێوەندی باش لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداودا بەێڵێتەوە

کارێکی ژیرانەیە هەرێمی کوردستان پێوەندی باش لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداودا بەێڵێتەوە
پرۆفیسۆر دەیڤید ڕۆمانۆ، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانكۆی تۆرنتۆ، وانەبێژی بوارەكانی سیاسەت و حكومەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تیۆرەكانی پێوەندیە نێودەوڵەتیەكان، سیاسەتە دەرەكیەكانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و توندوتیژی سیاسی و تیرۆریزمە. لە میانەی دیدارێكدا گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكرد بۆ ئاشنابوون بە بیروبۆچوونەكان لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی داعش و سەنگ و قورسایی كورد لەم شەڕەداو گرنگی سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی هەرێم بۆ وڵاتی سعودیە. ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە.


دیڤید رۆمانۆ نووسەر و تۆژەر لەسەر سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:کارێکی ژیرانەیە هەرێمی کوردستان پێوەندی باش لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداودا بەێڵێتەوە


* بۆ وڵاتانی زلهێز، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی سوریا بووەتە شوێنێک بۆ فراوانکردنی نفووز و کاریگەریان لەسەر حسابی خەڵکی ناوچەکە، ئەمەش تەنها مەسەلەکانی خراپترکردووەو کاتێک هەوڵدەدەن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەری کێشەکان، ناتوانن بگەن بە ڕێکەوتن یان نەخشەڕێگەیەک، پێت وا نییە ئەمە ئاڵۆزی و پاشەگەردانیەکان زیاتر بکات و هەروەها دەبێت ئەو زلهێزانە بەرپرسیانەتر مامەڵە بکەن؟

- هاوڕاتم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەس نازانێت «بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکەن» واتەی چیيە. ئەگەر ويلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتیەكانی بۆ شۆڕشگێڕان ڕابگرێت لە ناویشیاندا کوردی سوریا ئەوا داعش یان ئەسەد شەڕەکە دەبەنەوە. ئەگەر رووسیاش پاڵپشتیکردنی ئەسەد ڕابگرێت، ئەوا داعش یان بەرهەڵستکارانی تر شەڕەکە دەبەنەوە. ئەگەر داعش یان ئیسلامیەکانی تریش دەسەڵاتیان هەبێت، ئەوا کۆمەڵکوژیەکی گەورە بۆ عەلەوی و مەسیحیەکان و درووز و کورد دروست دەکەن.

* لەئێستادا شەڕی دژی داعش پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، ئەم ڕێکخراوە ئەوەی سەلماندووە کە هەڕەشەیەکی جيدیە بۆ جیهان و پێویستی بەوەیە کە لەئاستی جیهانی وەڵام بدرێتەوە، کەواتە چۆن ستراتیژی لاوازکردن و تێکشکانی دەوڵەتی ئیسلامی پێویستە دابنرێت بۆئەوەی لەئاستی ئەرکەکەدا بێت؟

- پێویستە ويلایەتە یەکگرتووەکان و رووسیا پاڵپشتی هێزە دیموکراتیەکانی سوریا -بەسەرکردایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات- و هەروەها دامەزراندنی کانتۆنی زیاتر بکەن، کە لەو شوێنانەدا نە جیهادیەکان و نە ئەسەد کۆنترۆڵیان نیيە. ئەمەش دەتوانێت وەك پەناگەیەکی ئارام لێشاوی پەنابەران لەخۆبگرێت و شەڕەکە هێوربکاتەوە بۆئەوەی ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ ڕێکەوتنێکی سیاسی. دەبێت ڕاشکاوانە بە تورکیا بوترێت دەستێوەردان نەکات کاتێک هێزە دیموکراتیەکانی سوریا لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات پێشڕەوی دەکەن. لە باشووریشەوە، شۆڕشگێڕانی میانڕەو دەتوانن لاسایی کانتۆنەکانی هێزە دیموکراتەکانی سوریا بکەنەوە بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەردەن. دیمەشق و لازقیەو چەند ناوچەیەکی کەمی تر بەشێوەیەکی کاریگەرانە ئەو کانتۆنانە دەبن کە لەژێر دەستی ئەسەددان.

لەعێراقدا، کاتێك کە یارمەتی سەربازی بۆ بەغداد دەوەستێنرێت، ئەوا پێویستە پاڵپشتی لە پێشمەرگەو ئەو گرووپە سوننیە عەرەبانە بكرێت كە هاوكاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. میلیشیا شیعەکان سەلماندویانە کە هێندە ڕادیکاڵ و ترسناکن ناتوانن بەردەوام لەڕووی سەربازیيەوە پاڵپشتی بەغداد بکەن. ئەمەش بە دڵنیایەوە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی عێراق، بەڵام ئەمە باشترە لەوەی میلیشیا ڕادیکاڵە شیعەکان ببنە دیکتاتۆر لە بەغداد و هەوڵبدەن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر سەرجەم بەشەکانی وڵاتدا بسەپێنن.

* لەنێو توێژەراندا کۆدەنگیەک هەیە بەوەی داعش دەرکەوتەی کێشەگەلێکی بونیادی قووڵترە لەناوچەکەداو گەلانی ناوچەکە لەنێوان دەوڵەتانی لاواز و ناکارا و توندوتیژیە تایەفیەکان و بزووتنەوە ڕادیکاڵە ئاینیەکاندا گیریان خواردووە. ئەگەری دەرکەوتنی جۆر و ڕەنگی جیاوازی ئاڕاستە ڕادیکاڵە ئاینیەکان لەداهاتوودا چيیە لەحاڵەتی شکستیی بۆ چارەسەرکردنی هۆکاری بنەڕەتی کێشەکاندا؟

- ناوچەکە گرووپی زیاتری وەک داعش بەخۆوە دەبینێت و هەریەکیان پێویستە تێکبشکێنرێن و لەهەمانکاتدا دەوڵەت و حکومەتە شەرعی و لیبڕاڵەکان کە بەڕاستی دەرهاویشتەی دانیشتووانەکانیانن پاڵپشتی بکرێن. کەهەر بزووتنەوەیەکی جیهادی تێکشکێنرا، ئەوا خەونی شێتانەی توندڕەوەکان لەناودەچێت، هەموو ئەمانەش پێویستی بەهەوڵ و کات هەیە.

* هەندێک پێشنیاری ئەوە دەکەن بۆئەوەی وا لە سوننەکان بکرێن لەدژی داعش بوەستنەوە و دەوڵەتانی سونی کاریگەرانە لەشەڕی دژی داعش تێوەبگلێن، ئەوا دەبێت بەشی زۆریان لەدەرئەنجامەکانی شەڕەکە بەرکەوێت، واتە دەبێت دەوڵەتی سونی دروستبکرێت لەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەردا گرتوون بۆ سوننەکان لەعێراق و سووریادا، تا چەند ئەم بژارەیە دەکرێت و واقیعیە؟

- ئەمە ئەوەیە کە داعش هەوڵیداوە بیکات و هەندێک سەرکەوتنی تیادا بەدەستهێناوە. پاش تێکشکانی ئەم هەوڵەی داعش، ناوچەی زیاتری میانڕەوی سونی یان تەنانەت دەوڵەتیش لەناوچەکەدا لەوانەیە دەربکەوێت. دەبێت پاش تێکشکانی داعش ڕاوێژ بە سوننەکان خۆیان بکرێت لەبەرئەوەی ئەوان بەشێوەیەکی بنەڕەتی پێوەندیدارن بەم پێشنیارەوە.

* ڕزگارکردنی شنگال گۆڕانکاریيەکی گرنگ بوو لە شەڕی دژی داعشدا و پیشانیدا کە نەبەزینی ئەم ڕێکخراوە دەتوانرێت درزی تێبخرێت، چۆن لێکەوتەکانی ئەم سەرکەوتنە دەبینی و ئایا پێتوایە ستراتیژی نێودەوڵەتی دژە داعش پێشکەوتنی بەخۆوە دیوە پاش ئەم شەڕە؟

- بە ڕەوتێكی لەسەرخۆ و دواجار «ستراتیژی پشتبەستن بە کورد» لەڕۆژئاوادا پاڵپشتی بەدەست دەهێنێت لەئەنجامی ڕزگارکردنی شنگال و کۆبانێ و گردەسپی. لەئێستادا پاڵپشتی زیاترو باشتر بۆ کوردی سوریا و عێراق بەڕێوەیە. کورد خۆيشیان دەتوانن ئەم پرۆسەیە خێراتربکەن ئەگەر زیاتر دامەزراوەکانیان بەدیموکراتی بکەن و ناکۆکیە ناوخۆییەکانیان وەلابخەن.

* کوردی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پرۆسەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەمێژە دەستیپێکردووە، لەبەرئەوەی چیتر نایەنەوێت بەو دەوڵەتە لاوازەوە بمێننەو و باجی شکستیی حکومەتی عێراقی بدەن. لەلایەکی ترەوە کورد ئەوەیان دەرخستووە کە پابەندن و کاراکتەرێکی بەتوانان لە شەڕی تیرۆریزم و بەڕێوەبردنی خۆدا بەشێوەیەکی کاریگەر، کەواتە پێویستە کورد چی بکەن بۆئەوەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئیعتراف بەدەستبهێنن لەحاڵەتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدا؟

- پێویستە ئەوە بکەن کە بەردەوام کردویانە وەک پاراستنی کەمینەکانی وەک ئێزیدی و مەسیحیەکان و هەروەها پێشێلی مافەکانی مرۆڤ لەدژی عەرەب و پەنابەرانی میوان نەکەن و پیشانی بدەن کە بەرپرسیارن و کاراکتەری مۆڕاڵی و دیموکراتین. بەڵام بەمزووانە و لە قۆناغێکدا کوردی عێراق لەوانەیە بازبهاون بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خۆیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەکە بخەنە بەردەم ئەمرێکی واقیعی وا کە قبوڵی بکەن نەوەکو هەڵمەتی دژی داعش هەرەسبهێنێت لەبەر نەبوونی جێگرەوەی ناوخۆیی کاریگەر لەسەرزەمین. هەروەها لەگەڵ پێویستی تورکیاش بە هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی نەوت و غازو بە زیادبوونی کێشەکانی لەگەڵ روسیادا، ڕازیبوونی گرنگی ئەنقەرە بۆ ڕاگەیاندنێکی ئاوا لەوانەیە زۆر لەهەر کاتێکی تر بێتەئاراوە.

* سەرۆک مسعود بارزانی سەردانێکی ئاست بەرزی بۆ سعودیە ئەنجامداو لەلایەن شا سەلمانەوە پێشوازیەكی گەرمی لێکرا، بەپێی ڕاپۆرتە میدیایەکان مەسەلەکانی بایەخی هاوبەشیان تاوتێکردووە. چۆن گرنگی ئەم سەردانەو ئاسۆکانی بەرەوپێشچوونی پێوەندیە دوولایەنەکان لە داهاتوودا دەبینی، هەروەها گرنگی دەوڵەتانی کەنداو و بەتایبەتی سعودیە بۆ هەرێمی کوردستان چییە؟

- کارێکی ژیرانەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندی باش لەگەڵ سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداودا بهێڵێتەوە، بەڵام ناتوانن زۆر نزیک بنەوە لەبەرئەوەی ئێران هەمیشە دراوسێی بەردەم کوردستانە. پێوەندی نێوان هەموو ئەو لایەنانە دەبێت بەوریایی و هاوسەنگی ڕابگیرێت.
Top