سیاسەتە چەوتەكانی نوری مالیكی گەشەی بە داعش كرد و كەس نەیتوانی سنووری بۆ دابنێت

سیاسەتە چەوتەكانی نوری مالیكی گەشەی بە داعش كرد و كەس نەیتوانی سنووری بۆ دابنێت
لەناو هاوكێشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەست ناكرێت دەوڵەتێك بوونی مابێت ناوی عێراق بێت، عێراقی ئێستا وەك دەوڵەتێكی مەزهەبگەرایی شیعە رەفتار دەكات، بەرپرسانی شیعە لە بەغدا بەو جۆرە بارودۆخەكە دەبینن كە عێراق لە یەك پێكهاتە و یەك مەزهەب پێكهاتووە كە ئەویش شیعەیە، ئەم سیاسەتە چەوتە لە سەردەمی حوكمڕانیی نوری مالیكی- یەوە پەیرەو دەكرێت و بۆتە هۆكاری هەموو نەهامەتییەكانی عێراق و بەهێزبوونی تیرۆریستانی داعش و كەوتنی مووسڵ. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە لەبەریەك هەڵوەشاو و شڵەژاوەی عێراق و دروستبوونی پرسیار لەسەر ئەوەی ئایا عێراق وەك دەوڵەت بوونی ماوە، یان نە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ رەشید خەیون نووسەر و توێژەری دیاری عێراق ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
رەشید خەیون توێژەر و نووسەری ناسراوی عێراق بۆ گوڵان:سیاسەتە چەوتەكانی نوری مالیكی گەشەی بە داعش كرد و كەس نەیتوانی سنووری بۆ دابنێت



* بە دەر لەوەی رۆژانە چی لە عێراق روودەدات، خوێندنەوەت بۆ ئەو رووداوانەی كە لە ناوچەكەدا روودەدەن چییە؟ بە تایبەتی پاش ئەو كاردانەوە و لێكەوتانەی بە هۆی دەستێوەردانی رووسیا بۆ ناوچەكە دروست بوون، بەتایبەتیش كاردانەوەی ئێران جیاواز بوو لە چاو زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە، بە دیاریكراوی چۆن لەو گۆڕانكارییانەی ئێستای ناوچەكە دەڕوانن؟
ـــ زەحمەتە روانین بۆ دۆخی گشتی عێراق لە چوارچێوەی روانینی ئێرانی دەربهێنرێتە دەرەوە، چ بە هۆی ئەو پێوەندییانەی ئێستا هەیە و چ بە هۆی هاوپەیمانێتی و رووبەڕووبوونەوەی یەك دوژمن كە ئەویش داعشە، بۆیە ئەگەر بپرسیت روانینی عێراقی روانینی كێیە؟ پێت دەڵێم: روانینی حزبەكانە، نەك روانینی دەوڵەت، لەبەر ئەوەی تا ئێستاش دەوڵەت ناتوانێت یەك بڕیاری یەكگرتووانە دەربكات. سەرۆكی وەزیران كە شتێك رادەگەیەنێت، چەند فراكسیۆن و بەرەیەك لێی رادەپەرموونەوە و دژایەتی راگەیانراوەكەی دەكەن. بە شێوەیەكی گشتی دۆخی عێراقی دوور نییە لە دۆخی ئێرانییەوە، لە دیاریكردنی چارەنووسی سووریادا، بەرپرسانی شیعەی عێراق پێیانوایە هەبوونی رووسیا زامنكەرە بۆ مانەوەی رژێمی سووریا، تەنانەت ئەمەریكاش ئەمە دەزانێت و هیچ هەڵوێستێكی لەسەر وەرنەگرتووە، وێڕای كاریگەریی خۆرئاوایی بۆ سەر دۆخەكە، چونكە رووسیای ئێستا ئەو رووسیایەی یەكێتی سۆڤیەتی جاران نییە لە سەردەمی جەنگی سارددا كە بتوانێت لەبەرانبەر ئەمەریكادا بوەستێت.
* باشە دەكرێت بڵێین روانینەكە لە تێڕاوانینی دەوڵەتی عێراقییەوە هەمان روانینی دەوڵەتی ویلایەتی فەقیهە؟
ــ زەحمەتە بتوانین ئەو حزبانەی ناو عێراق كە ئێران پشت و پەنایانە لە روانینی ئێرانی جیایان بكەینەوە، ئەو حزبانە هەمان هەڵوێستی ئێرانیشیان لە بەرانبەر رژێمی پێشووی عێراقدا هەبووە، ئێستا ناتوانن لە چوارچێوەی ئێران دەربچنە دەرەوە، ئەمە گومانی تێدا نییە، خۆ ئەگەر ئێستا ئێران بڕیار بدات دژ بە هەبوونی رژێمی سووریا، هەمان بڕیار لە عێراقیش هاوشێوە دەدرێت.
* ئەی مەترسی شیعە بەراورد بە مەترسی سوننە چۆن دەبینی، بەتایبەت كە ئەهلی سوننە تا رادەیەك یەكگرتوون لە ناو یەكدا، بەڵام شیعە تا ئێستاش لە ناوخۆشیاندا لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی دی جیاوازن. ئایا لەو بڕوایەدایت كە ئەم جیاوازییانە وایان لێ بكات مەترسیی زیاتریان هەبێت چ بۆ ناو عێراق و چ بۆ ناوچەكەش؟
ـــ شیعەكان نە تەبەنای تەكفیركردن دەكەن، نە بڕواشیان بە كردەوەی تیرۆریستی خۆكوژییانە هەیە، بەتایبەتی بۆ درواسێكانیان، ئەوروپیەكانیش باش ئەمەیان درك پێكردووە، ئەمریكییەكانیش بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن كە گرووپە شیعیەكان لە ناو سنووری هەرێمایەتی خۆیاندا هەڵدەسووڕێن، زیاتر هەبوونیان لە ناو ئێران و عێراق و لوبناندایە، مەترسیی ئەمان نەگواستراوەتەوە بۆ ناو پایتەختە ئەوروپییەكان وەك ئەوەی جیهادی سەلەفی كە مەترسییەكانیان گواستراوەتەوە بۆ هەموو شوێنێك، بەڵام لایەنی سوننە لە تێزەكانیاندا یەك نین، خۆ وڵاتانی كەنداو سوننەن، كەچی بە توندی هەڵوێستیان لە هەمبەر قاعیدە و داعش وەرگرتووە، چونكە هەر سوننەن و مەترسییان خستۆتە سەر حكومەتەكانی كەنداویش، داعش پێیوایە حكومەتی سعودیە حكومەتی ئال سلولی كافرە، رۆژانە شانەی خەوتووی قاعیدە و داعش لە ناو سعودیە دەدۆزنەوە و بە توندی سزایان دەدەن، سوننەكان هەڵوێستێكی یەكگرتوویان لە ناوخۆیاندا نییە، تەنانەت سەبارەت بە دەوڵەتانی سوننەی ناوچەكەش هەر یەكەو بە شێوەیەك هەڵوێست دەنوێنن و رێككەوتنێك نییە لە نێوان خۆیاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوەكان، هەروەها هەڵوێستی شیعەكانیش یەكگرتوو نییە، چەندین دەنگی شیعی بەرز بوونەتەوە بەوەی كە نابێت هەموو كارتی شیعە بخرێتە بەرەی ئێرانەوە و نایانەوێت هەموو شیعە ملكەچی ویلایەتی فەقیهی ئێرانی بێت، بەڵام لەسەر ئاستی دەنگی فەرمییانەی دەوڵەت جۆرێكی دیكەیە و لە عێراقدا چ حزبەكان و چ رەمزەكانی دەسەڵات پاشكەوتەی دەسەڵاتی ئێرانین، واتە دووبەرەكییان لەناو خۆیاندا هەیە بۆ یەكلاخستنەوەی ئەو بابەتانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەمەش وایكردووە بە یەكدەنگییەوە رووبەڕووی داعش نەبنەوە، وەك چۆن حكومەتی سعودیە بە یەك دەنگییەوە رووبەڕووی تیرۆرستان دەبێتەوە، یان وەك چۆن حكومەتی قەتەڕ بە یەكدەنگییەوە رووبەڕووی حكومەتی سوننەمەزەبی دیكە دەبێتەوە.
*بە چ شێوەیەك لە داهاتووی عێراق بڕوانین، ئەگەر لە روانگەی شیعەكانەوە تەماشای بكەین؟
ـــ ئەمە تەنیا روانینی شیعی نییە، بەڵكو روانینی ئەو حزبانەیە كە لە فەلەكی گشتی روانینە شیعەگەریەكەوە تەماشای شتەكان دەكەن، هۆكاری ئەوەی عێراق بەم شێوەیەی لێهاتووە بە پلەی یەكەم حزبە شیعەگەرییەكانن، دیموكراتیەت تەنیا نابەسترێتەوە بە زۆرینەی دەنگی پاش هەڵبژاردنەكانەوە، چونكە پاش هەڵبژاردنەكانیش دیسان رۆڵی سەرەكی لە نێوان حزبەكان دابەش دەكرێنەوە، ئەو حزبانەش ئەو دۆخەیان پێباشترو گونجاوترە كە ئێستا عێراقی تێكەوتووە، لە كاتێكدا جوداخوازی لە رووی هەرێمایەتی و لە رووی نێودەوڵەتییەوە رەزامەندی بۆ نادرێت، ئیتر دۆخ و كارەكان وەك خۆیان بەم شێوەیە بەڕێوەدەچن و لە هەر خولێكی هەڵبژاردندا هەمان كەسایەتی و حزبەكانی ئێستای گۆڕەپانەكە هەڵدەبژێردرێنەوە، لەگەڵ گۆڕانكارییەكی سادەو ساكار لە دابەشكردنەوەی رۆڵگێڕانەكاندا، حزبە باڵادەستەكان حاڵی وەك ئێستایان پێ باشترە.
* دەكرێت بڵێین عێراق دەوڵەتێكی نیمچەمەزهەبیە، یان تەواو مەزهەبیە؟
- ئێستا ئەوەی لە مەیدان و واقیعەكەدا دەیبینین، دەوڵەتێكی مەزهەبییە، بەڵام ئێمە كە دەڵێین دەوڵەتێكی مەزهەبی، ئایا شیعە وەك مەزهەب حوكمدارن، لە كاتێكدا حكومەتێك كارەكان بەڕێوە دەبات، بەڵام كاروبار لەسەر بناغەی مەزهەب بەڕێوەدەبرێن، بە نموونە لەگەڵ رێزم بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بەپێی ئەو پایەی هەیەتی نابێت بەرگی شیعەیەك بپۆشێت و لە چلەی حوسێندا بەخۆیدا بكوتێت، بەڵكو پێویستە وەك عێراقییەك نوێنەری هەموو عێراقییەكان بێت، عێراق فرەمەزهەب و تائیفەیە، نابێت وەك كۆپی شیعەیەك هەمووان وەك یەك كۆپی بكەن، ناكرێت خاوەن ئەو پۆستە باڵایانە هەموو چاویان بەس لەسەر یەك تائیفە، یان یەك مەزهەب بێت.
* زۆر كەس دەپرسن كە عێراق لە زۆر لایەنەوە ئێكسپایەر بووە، لە رووی مەزهەب و سیاسەت و ئابووری و لایەنی سەقامگیرییەوە پارچە پارچە بووە، ئەی ئەمەریكا بە ئومێدی چییە و دەیەوێت لەم عێراقە هەلاهەلایەدا فریای چی بكەوێت ؟
- ئەمەریكا نایەوێت بە فریای عێراق بكەوێت، سەرەتا هەوڵ دەدرا دوور لە بنەمای مەزهەبی عێراق رزگاربكرێت، ئەوەش ئەمەریكا لە پێناوی ئاوی ناوچەوانی خۆی دەیكرد، كە ئەو هەموو زیانە ماددی و مرۆییەی لە عێراقدا دابوو، بۆ ئەوەی لەبەردەم گەلەكەی خۆی شەرمەزار نەبێت، بەڵام ئێستا عێراق كاولە و وڵاتێكی داڕووخاوە، شتێكی تێدا نەماوە تا رۆڵێكی هەرێمایەتی، یان نێودەوڵەتی بتوانێ بەهانایەوە بچێت، راستكردنەوەی ئەم وێرانەیە پێویستی بە دەستوور و راستكردنەوەی هەموو پرۆسەی سیاسی وڵات هەیە، لەوە دەرچووە وا بزانرێت بە گۆڕینی بەرپرسێك و هێنانی گرووپێكی سوننی بۆ دەسەڵات عێراق چارە بكرێت، ریفۆرم لە عێراقدا پێویستی بە دۆزێكی گشتی وا هەیە لە رەگ و رەچەڵەكەوە دەستی بۆ ببەیت، 13ساڵە هەڵە لەسەر هەڵە كەڵەكە دەكرێت، رزگاركردنی ئەم دۆخە لەسەر ئەم خۆڵەمێشە ناكرێت كە ناوی عێراقە، بەڵكو پێویستی بە دامەزرانەوەیەكی دەوڵەتییانەیە، چونكە بەهۆی ئەوەی دەوڵەت ناتوانێت خەڵكی خۆی بپارێزێت، هەر گرووپ و تایەفەیەك حەق بە خۆی دەدات هەرێمێكی سەربەخۆو هێزی سەربازی خۆی هەبێت، تا خۆی لەوانیتر بپارێزێت، هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی سەربەخۆ لە ناوچوارچێوەی عێراقدا دەیتوانی رۆڵێكی كارا بگێڕێت بۆ راستكردنەوەی ئەو هەموو تێكوپێكشكانەی بەر بەدەنی عێراق كەوتووە، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان زیاتر خەمیان بۆ پێشخستنی هەرێمەكەی خۆیانە، بەڵام هەر گۆڕانكارییەكی سلبی لە بەغدا رەنگدانەوەی خێرای لەسەر ئەوانیش دەبێت، داعش بە چی فراوان بوو؟ بەهۆی كاردانەوەی لێدانی بە زەبری مانگرتووانی سوننە و ئەو ستەمەی بەهۆی سیاسەتی چەوتی نووری مالیكی بەرانبەر سوننە دەیگرتەبەر و كەسیش سنووری بۆ دانەدەنا. لەو كاتەدا كورد تەنیا لەسەر مافەكانی كوردستان دەدوان، تەنیا داخوازی ئەوەیان هەبوو گرفتەكانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەن، لە كاتێكدا هەر گرفتێك كە لە ناو بەغدا هەڵدەگیرسا، ناڕاستەوخۆ كێشەیەكی لە نێو هەرێمی كوردستانیش هەڵدەگیرسان، زۆربەی حزبە باڵادەستەكانی هەرێمی كوردستان لەبەرئەوەی حزبی نائایینی بوون، دەیانتوانی جۆرێك لە هاوسەنگی رابگرن، دەیانتوانی لە داڕشتنەوەی یاساكاندا بە شێوازێكی مەدەنی و دیموكراتییانە رۆڵیان هەبێت، نەك بەشێوەیەك هەر یاسایەك كە دادەڕێژرایەوە پڕاوپڕی شەریعەتی یەك ئایین و بۆ خاتری زۆرینەی ئایینێك دادەڕێژرایەوە، كورد لە داڕشتنەوەی دەستووردا زیاتر چاویان خستبووە سەر ئەوەی دەستوورێك هەبێت تەنیا بە دڵی خۆیان بێت بۆ دەسەبەركردنی مافە فەوتێنراوەكانیان، وەك ئەوەی ئەو دەستوورە تەنیا بۆ قۆناغێكی كورتخایەنی راگوزەربێت، ئەمە وایكرد رۆڵی كورد لە بەغدا لاوازبێت و ئەو رۆڵە گەورەیەی نەمێنێت كە دەسەڵاتی حەقیقی لە بڕیاردانی دەوڵەتیانەی عێراقی پێبدرێت، كورد 54 نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە، دەیانتوانی ئاڕاستە و رێڕەوی زۆر شت بگۆڕن و هێزی خۆیشیان هەبوو، چونكە بابەتەكە تەنیا پێوەندی بە دەنگدانی ژمارەی كەسەكانەوە نەبوو لە رووی چەندێتی، بەڵكو پێوەندی بە رێككەوتنی نێوان فراكسیۆنە پەرلەمانییەكانەوە هەبوو، هەموو جارێ فراكسیۆنەكان رێكدەكەون، دواتر شتەكان دەخرێتە دەنگدانەوە، چارەسەرەكان بە رێككەوتنی نێوان فراكسۆنەكان دەكران، نەك بە كەم و زۆریی دەنگەكان.
* ئەگەر داعش تەواو بێت، ئایا تیرۆر و تۆقاندن لەم وڵاتە دەمێنێت؟
- نەمانی تیرۆر و تۆقاندن بە زۆر فاكتەرەوە بەستراوەتەوە، لەوانە چارەسەری بنەڕەتی دۆزی سیاسی لە عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێگە هەڵانەی لە بنەڕەتەوە گیراونەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی كێشە گەورەكانی ناو عێراق، هەروەها بەستراوەتەوە بە چارەسەری كێشەی سووریا و چارەسەری ناكۆكییە هەرێمایەتییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە، هەر دەوڵەتەو بە شێوەیەك لە شێوەكان زیان، یان كەڵك لە هەبوونی داعش وەردەگرێت، لەبەرئەوەیە كە ناتوانم بڵێم كەی داعش كۆتایی پێ دێت، ناشتوانم بە رەهایی بڵێم كەی تیرۆر كۆتایی دێت.
Top