سیاسەتەكانی نوری مالیكی و بەشار ئەسەد ژینگەی عێراق و سووریایان والێكرد بە ئاسانی تیرۆریستان گەشەی تێدا بكەن
December 10, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر ئالام پاییند بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی ئۆهایۆ و ئوستادی پێوەندییە نێودەوڵەتەتییەكانە لە بەشی دیراساتی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی نزیك لە هەمان زانكۆ. پڕۆفیسۆر پاییند بە رەچەڵەك ئەفغانستانییە و راوێژكاری حكومەتەكانی ئەفغانستان بووە لە دوای رووخانی رژێمی تاڵیبان لەو وڵاتە. بۆ قسەكردن لەسەر كێشە و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی دەوڵەتانی كەنداو لە شەڕی دژی داعش و هەوڵەكان بۆ تێكشكانی داعش، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.ئالام پاییند بەڕێوەبەری سەنتەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئۆهایۆ بۆ گوڵان:سیاسەتەكانی نوری مالیكی و بەشار ئەسەد ژینگەی عێراق و سووریایان والێكرد بە ئاسانی تیرۆریستان گەشەی تێدا بكەن
* كاتێك باس لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، ناتوانین رۆڵی سعودیە لەبەرچاو نەگرین، بەتایبەتی كە تیرۆر بووەتە هەڕەشەیەكی راستەقینە و كاریگەری خراپی كردووەتە سەر سەرجەم ناوچەكە. تا چەند رۆڵی سعودیە گرنگە لە دژی داعش؟
- سعودیە رۆڵێكی زۆر گرنگ دەگێڕێت و كێشەی خۆی هەیە لەگەڵ یەمەندا كە ئێران پشتگیری شیعەكانی دەكات، ئەمەش یەكێكە لە كێشەكان كە سعودیە هەیەتی. هەروەها سعودیە كێشەی لەگەڵ لەسەدا پانزدەی دانیشتووانی شیعەی خۆی هەیە و زۆر دەترسێت كە لە شوێنانی دیكە تێوەبگلێت و لەوانەیە ناسەقامگیری لە سعودیە دروست بكات، بۆیە سعودیە ئەوە ناكات كە دەبێت بیكات. هەروەها خەڵك وا بیردەكەنەوە كە سعودیە پاڵنەری هەیە و یەكێكە لە سەرەكیترین وڵاتانی زۆرینەی موسڵمان و مەككە و مەدینەی هەیە و پاشای سعودیە پارێزەری ئەو دوو شوێنە پیرۆزەیە كە دوو شوێنی پیرۆز و گرنگن بۆ موسڵمانان، بۆیە لەبەر ئەم هۆكارە سعودیە زۆر كاری نەكردووە، بەڵام هەر سعودیەش نییە، وڵاتانی تری عەرەبیش وەك میسر و ئیمارات و قەتەر و كوەیت و ئەردەن -یش كاری زۆریان نەكردووە و چاوەڕێ دەكەن وڵاتە یەكگرتووەكان و بەریتانیا و فەڕەنسا شەڕی داعش بكەن. چاوەڕوان دەكرا كاری باش بكەن و پارەكانیان سەرف بكەن، سعودیە و ئیمارات و قەتەر و كوەیت و بەحرەین پارەی باشیان هەیە، سووریا و عێراق و ئێران و توركیا و میسر هێزی سەربازییان هەیە، بەڵام ئەو وڵاتانەی كەنداو سوپای گەورەیان نییە و تەنیا ئەوەندەیان هەیە بەرگری لە خۆیانی پێبكەن، نەك بتوانن هێرش بكەنە سەر وڵاتان و گرووپ و رێكخراوە تیرۆریستییەكان.
* لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە هەندێك لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەدەن كە ئەو ژینگەیەی لە سعودیە هەیە تەواو گونجاوە بۆ پەرەسەندنی بیرۆكەكانی وەك داعش، بەڵام حكومەتی سعودیە دژی هەموو باڵەكانی ئیسلامە توندڕەوەكانە، لە ناویشیاندا ئیخوانەكان، بۆیە تا چەند ئەم پێگە و رەفتارەی حكومەتی سعودیە رۆڵێكی گرنگی داوە بەو وڵاتە لەشەڕ دژی ئیسلامییە توندڕەوەكان؟
- سعودیە حەزی لە هیچ یەكێك لەو گرووپانە نەبووە، وەك دەزانین قاعیدە و ئوسامە بن لادن رێگەیان پێنەدرا لە سعودیە كار بكەن، هەرچەندە بن لادن هاونیشتمانی سعودی بوو، بەڵام مافی هاونیشتمانی لێسەندرابووەوە، هەر لەبەر ئەوەش لە سودان بوو، پاشان چوو بۆ ئەفغانستان، سعودیە بێبەری كردبوو، هەر ئەمەش نا، بەڵكو ئەوانەی پەلامارەكانی ١١ی سێپتەمبەریان لە ئەمەریكا ئەنجامدا، پانزەیان لە سعودیەوە هاتبوون و دووانیان لە میسرەوە، یەكەم كاری تیرۆریستی قاعیدە و ئوسامە بن لادن لە سعودیە سەریهەڵدا لە تاوەری خوبار كە ژمارەیەك سعودی كوژران، بۆیە سعودیە دژی هەموو گرووپە توندڕەوەكان بووە، ئیتر قاعیدە بێت، یان ئیخوان، یان گرووپی تەكفیر و هیجرە جیاوازەكان وەك تاڵیبانەكان لە ئەفغانستان، واتە سعودیە حەزی لە گرووپە توندڕەوەكان نییە و ئەم وڵاتە پێویستی بە گۆڕانكاری بچووكی شۆڕشگێرانە هەیە و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەكەدا دەوێت و گرووپە توندڕەوەكان كێشە دروستدەكەن بۆ سەقامگیری و ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا، سعودیە نایەوێت هیچ ناسەقامگیرییەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، یان لە هەر شوێنێكی جیهاندا، بۆیە نەوتی خۆی دەفرۆشێت و كاروباری خۆی هەیە و بۆ خۆی دەژی بە باشی ئەگەر جیهان لە ئاشتی سەقامگیریدا بێت.
* لەو كاتەوەی وڵاتانی كەنداو چوون بۆ كامپ دەیڤد، دەبینین وڵاتە یەكگرتووەكان دەیەوێت سعودیە و وڵاتانی كەنداو رۆڵێكی دیارتریان هەبێت لە شەڕی دژ تیرۆریستان و بەم دواییانە گفتوگۆ هەبووە لە نێو وڵاتانی كەنداودا كە سعودیە و ئیمارات هێزی سەربازی بنێرن بۆ شەڕ دژی داعش، بۆیە ئەگەر ئەمە بكەن، تا چەند ئەم هەنگاوە وادەكات وڵاتانی كەنداو لە هاوپەیمانی نەریتییەوە ببن بە هاوپەیمانی هەمیشەیی رۆژئاوا؟
- هەموو وڵاتانی كەنداو ئەندامی جامیعەی عەرەبین، بەڵام ئەم جامیعەیە ناكارایە و میكانیزمی بەسوودی نییە. بۆیە وڵاتەیەكگرتووەكان و بەریتانیا و فەڕەنسا چاوەڕوان ناكەن وڵاتانی كەنداو هێزی زەمینی بۆ شەڕی دژی داعش بنێرن، بەڵكو ئەو وڵاتە عەرەبییانە چاوەڕوان دەكەن ئەمەریكا و بەریتانیا ئەمە بكەن و تەنیا بەكەمی هێرشی ئاسمانییان كردووە، بۆیە ئەمە شتێكە كە رای گشتی ئەمریكی زۆر دژیەتی و پێیانوایە ئەمە كێشە و مەسەلەیەكی عەرەبییە و بۆچی وڵاتانی عەرەبی و جامیعەی عەرەبی هیچ ناكەن لە دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە و داعش، ئەوان هیچیان نەكردووە و هەموو كەس ئەمە دەزانێت و سعودیەكان دەزانن كە حكومەتەكەیان زۆر كاری لەبارەیەوە نەكردووە، داوا لە ئەمەریكا و ئەوانی دیكە دەكەن كە كارەكە بكەن، ئەمەش روونادات، لەوانەیە بیكەن، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستیان بە جۆرێك لە تێوەگلانی وڵاتانی كەنداو دەبێت.
* داعش بووەتە هەڕەشەیەكی جیهانی بۆ مرۆڤایەتی و كارە تیرۆریستییەكانیان لە هەموو شوێنێك ئەنجام دەدەن، وەك پەلامارەكانی ئەم دواییانەی پاریس كە وای لە فەڕەنسا كرد زیاتر لە بارودۆخەكەوە بگلێت. لەلایەكی دیكەوە دەبینین هەرێمی كوردستان هەزارو پێنج سەد كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ داعشدا هەیە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەو سنوورەدا شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن و رایانگرتوون، ئەمەش وایكردووە هەرێمی كوردستان ببێت بە بەشێك لەو هاوپەیمانییەی دژی داعش هەیە، بەم دواییانەش سەرۆك مەسعود بارزانی سەردانی سعودیە و ئیماراتی كرد، كەواتە تا چەند ئەم سەردانەی بارزانی وەك بەرەیەكی نوێ دژی داعش دەبیندرێت؟
- هەموو كەس دەزانێت هێزە كوردییەكان شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن و هەروەها هەندێك توركمانیش هەن شەڕ لەگەڵ داعش دەكەن و هەروەها سوپای سووریای ئازاد و ئەوانی دی لە سووریا شەڕ دەكەن، بەڵام ژمارەیان زۆر كەمە و ناتوانن بە تەنیا شەڕەكە بكەن و پێویستیان بە پارە و چەك هەیە. هەروەها پێویستە هێزی دیكە هەبێت، واتە پێشمەرگە و ئەوانەی ناومان بردن ناتوانن بە تەنیا كارەكە بكەن، هەروەك وتت ئەمە هەڕەشەیەكی جیهانییە، ئەگەر هەڕەشەیەكی جیهانییە، ئەوا دەبێت ستراتیژیەكی جیهانی هەبێت لە دژی. بۆیە ئەگەر هەڕەشەن بۆ سعودیە و ئیمارات و قەتەر و كوەیت و میسر و سووریا و عێراق، ئەوا دەبێت هەموویان شەڕی لەگەڵ بكەن. پێموایە لە عێراق گەورەترین هەڵە لەلایەن حكومەتی نوری مالیكیەوە كرا كە بە جۆرێك سیاسەتی كرد، سوننەكانی شەڕانگێز كرد، هەمان شت لە سووریاشدا روویدا، بۆیە سوننەكانی عێراق و سووریا یەكیان گرت و داعشیان دروستكرد. داعش ژمارەیەكی زۆر ئەندامانی حزبی بەعس و سوپای پێشووی عێراق و سووریای تێدایە و هێزیان لەوانەوە وەرگرتووە، بەتایبەتی بەشار ئەسەد و نوری مالیكی و ئێستاش حەیدەر عەبادی كاری زۆریان نەكردووە لەسەر ئاستی حكوومی. بەشار ئەسەد چاوەڕێی ئێران و رووسیایە بیپارێزن، حەیدەر عەبادی دەیەوێت ئێران و ئەمەریكا حكومەتی عێراقی بپارێزن و خۆیان كاری جددییان نەكردووە. ئێستا دەبێت بەشار ئەسەد و نوری مالیكی و حەیدەر عەبادی لۆمە بكرێن بۆ ئەو كێشانە و ئەو سیستەمانەی هەیانە كە خاكێكی بەپیتی دروست كردووە بۆ ئەو رێكخراوە جیهانییە تیرۆریستییە.