ئازادكردنی شنگال مەلحەمەیەك بوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆماری كرد و شەڕی دژە داعشی بردە قۆناخی بەرەو كۆتایی
December 3, 2015
دیمانەی تایبەت
پرۆسەی ئازادكردنی شنگال و كۆنتڕۆڵكردنی رێگەی سەرەكی و ستراتیژی 47 و لەتكردنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش، مەلحەمەیەك بوو بە سەپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و بە هەماهەنگی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەر زەوی و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمان بەدەست هات. ئەم سەركەوتنە گەورەیە تەنیا سەركەوتنێكی سەربازیی ئاسایی نەبوو، بەڵكو سەركەوتنی یەكێك لەو پلانە سەربازییانە بوو كە ئاراستەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشی گۆڕی و گوڕ و تینێكی بەهێزی دایە هاوپەیمانان بۆ ئەوەی بەرەو تێكشكاندن و ریشەكێشكردنی داعش جددیتر بن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم سەركەوتنە گەورەیەی لە شنگال تۆماركرا، سەردانی ئەكادیمیای سەربازی زاخۆ-مان كرد و ئەم پرسەمان لەگەڵ لیوا شەهاب ئەحمەد عەبدولڕەحمان راگری كۆلێژی سەربازی دووەم تاوتوێ كرد و بەمجۆرە لەسەر ئەم سەركەوتنە مەزنە بۆ گوڵان هاتەئاخاوتن.لیوا شەهاب ئەحمەد راگری كۆلێژی سەربازیی دووەم لە زاخۆ بۆ گوڵان: ئازادكردنی شنگال مەلحەمەیەك بوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان تۆماری كرد و شەڕی دژە داعشی بردە قۆناخی بەرەو كۆتایی
* دەمانەوێت لەو پرسیارە دەست پێبكەین: وەك دەزانن پرۆسەی ئازادكردنی شنگال بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە خاڵی وەرچەرخان لەم شەڕە گەورەیەدا، ئایا جیاوازی نێوان قۆناخی شەڕەكە پێش ئازادكردن و دوای ئازادكردنی شنگال چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- پێش هەموو شت، گرنگە باسی ئەوە بكەین گرووپی تیرۆریستی داعش چۆن بوونە ئەم هێزە گەورەیە و چۆن ئەم هەموو چەكە پێشكەوتووە كەوتە دەستیان؟ دیارە لە مانگی حوزەیرانی 2014 كاتێك داعش هاتن بۆ موسڵ، ئامانجیان ئەوە نەبوو موسڵ داگیر بكەن، لەبەر ئەوەی تەنیا ژمارەیان 200-300 چەكدار بوو، بەڵام بە هاتنی ئەوان لەبەر ئەوەی ژینگەی موسڵ هاوسۆز بوون لەگەڵ چەكدارانی داعش، ئەوا دوو فیرقەی عەسكەری (2 و 3) لەو شارە هەبوون و شەڕیان نەكردو خۆیان دا بەدەستەوە و تەواوی چەكی ئەو دوو فیرقەیە كەوتە دەستیان، پاشان هێشتا داعشەكان نەگەیشتبوونە موسڵ ناحیەی حەمام عەلیل رایگەیاند بوونەتە داعش، دوای ئەوە گەیشتە گیارە و پاشان شەرگات و بێجی و سەلاحەدین و لەوێشەوە بۆ حەویجە و نزیكی كەركووك، لەو ناوچانەش هەردوو فیرقەی (4و12) هیچ شەڕیان نەكرد و تەواو چەك و تەقەمەنی و ئامێری ئەو دوو فیرقە سەربازییەش كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش. بۆیە دوای كەوتنی موسڵ تیرۆریستانی داعش «خەلافەتی ئیسلامی»یان راگەیاند و بوونە دەوڵەتێكی تیرۆریستی، دەوڵەتێك كە هەموو جۆرە چەكێكی مۆدێرینی كەوتە بەردەست، پاش داگیركردنی ئەو ناوچانەش داعش روویكردە حەمدانیە و دەشتی نەینەوا و سەدەی موسڵ و زوممار، ئەو كات پێشمەرگە كە تەنیا كلاشینكۆفی پێبوو، گوللەی تەواوی بۆ تەقاندنی كلاشینكۆفەكەشی پێنەبوو، لەبەرامبەردا داعش بە دەیان جۆر ئۆتۆمبێلی هامەر و تانك و زریپۆش و چەك و تەقەمەنی زۆری لەبەر دەست بوو، هەربۆیە سەرەتا پێشمەرگە ناچار بوو لە هەندێك شوێن پاشەكشە بكات، هەروەها لە شنگالیش هێزێكی ئەوتۆی لێ نەبوو، یەك دوو فەوجیان بۆ گواستبۆوە، بەڵام چەكی قورس و مۆدێرینان پێ نەبوو، بۆیە تیرۆریستانی داعش توانییان پێشڕەوی بكەن، بەڵام پاش ئەوەی پێشمەرگە خۆی رێكخستەوە و شەخسی سەرۆك بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی داو خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی بەرەكانی شەڕەكەی كرد، توانرا بە پەلە پێشڕەوییەكانی تیرۆریستانی داعش رابگیرێت و دواتر زۆر ناوچەش رزگار بكرێتەوە، هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی داعش بۆ سەر كوردستان، هاپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بەتایبەتی ئەمریكا بە رێگەی هێزی ئاسمانی هاوكاری پێشمەرگەیان كرد، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و دواتریش بە هاتنی هەندێك چەك بۆ پێشمەرگە توانرا هەنگاو بە هەنگاو هەموو ئەو شوێنانەی كە داعش داگیری كردبوون وەك دەشتی نەینەوا، بەنداوی موسڵ، زوممار و چیای شنگال ئازاد بكرێت، هەتا گەیشتە ئەوەی بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و بە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە لە زەوی و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمان شنگال ئازاد بكرێت، بۆیە هەتا ئێرە دەتوانین بڵێین ئەوە قۆناخێكی شەڕەكە بووە، ئەم قۆناخەش قۆناخی هەرە سەختی شەڕەكە بووە، لەبەر ئەوەی تیرۆریستانی داعش چەكی مۆدێرن و هاوچەرخی زۆریان كەوتە بەردەست كە دەكرێت بە 30 ملیار دۆلار مەزندە بكرێت، لە بەرامبەردا هێزی پێشمەرگەی كوردستان چەكێكی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام ئێستا هاوكێشە سەربازییەكە پێچەوانە بۆتەوە، پێشمەرگە چەكی تازەی لەبەر دەستە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان هەیە، سەركەوتنی گەورە تۆمار كراوە، بۆیە لە دوای ئازادكرنەوەی شنگال قۆناخێكی دیكەی شەڕەكە دەست پێدەكات، كە پشتیوان بە خوا كۆتایی هێنانە بە تیرۆریستانی داعش.
* دیارە ئەو پلانە سەربازییەی بۆ ئازادكردنی شنگال داڕێژرابوو، زۆر سەركەوتووانە و لە ماوەیەكی كورتتردا جێبەجێ كرا، وەك ئەوەی بۆ دیاری كرابوو، لەمەش زیاتر كۆنتڕۆڵكردنی رێگەی ستراتیژی 47 كە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی دەكات بە دوو كەرتەوە، ئایا وەك ئەكادیمییەكی سەربازی چۆن سەیری ئەو پلانە سەربازییە سەركەوتووە دەكەیت؟
- داڕشتنی پلانی سەربازی بۆ ئازادكردنی شنگال، وەك ئێمە لە زانستی سەربازی پێیدەڵێن، بریتی بوو لە هەماهەنگیی هێزی زەمینی و ئاسمانی، واتە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە لە زەوی و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمان، هەروەها تۆپبارانكردنێكی پێشوەختە پێش ئەوەی هێرشەكە لە چوارچێوەی پلانە سەربازییەكە دەست پێبكات، كاتی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی سەركەوتووانەی ئەم پلانە بە 3-4 رۆژ مەزندە كرابوو، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لە گەڵ هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان كە دەستیان بە جێبەجێكردنی كرد، لە ماوەی 24-28 سەعات تەواوی ناوچەكەیان رزگاركرد، بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانە لە سەر زەوی سەرۆك بارزانی تەنیا ئەركەكەی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان سپاردبوو، تەنیا هێزی پێشمەرگە سەركردایەتی شەڕەكە و هێرشی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش دەكرد و هەماهەنگی لەسەر زەوی لەگەڵ هیچ هێزێكی دیكە نەبووە، تیرۆریستانی داعش سەبارەت بەم پلانە سەربازییە بۆ ئازادكردنی شنگال مەزندەی ئەوەیان كردبوو كە شەڕێكی بەرەیی بكرێت، بەڵام پلانە سەربازییە دەوردانی هێزەكانی داعش بوو لە دوو قۆڵەوە بە درێژایی 35 كیلۆمەتر، ئەم دوو هێزە لە یەك خاڵدا بە یەك گەیشتن و توانییان بە تەواوەتی تیرۆریستانی داعش گەمارۆ بدەن، تیرۆریستانی داعش بۆ شكاندنی گەمارۆی شنگال پشتیان بە هێزێكی خۆكوژ بەستبوو بۆ ئەوەی لە تەلەعفەرەوە بگەنە فریای هێزەكانیان، بەڵام ئەو هێزە خۆكوژەش تەقێندرانەوە و نەگەیشتنە ئامانجی خۆیان. سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنی رێگەی سەرەكی و ستراتیژی 47 یش، بێگومان كۆنتڕۆڵكردنی ئەو رێگەیە، گورزێكی گورجكبڕی لە هاتوچۆی تیرۆریستانی داعش وەشاندووە، لەناو زانستی سەربازیدا پەكخستنی رێگەی هاتوچۆ و پێوەندی گەورەترین سەركەوتنە، بۆیە ئەگەر سەیری رێگەی ستراتیژی 47 بكەین، ئەم رێگەیە ناوچەی تەلەعفەر لە بەعاج و رەققە لە موسڵ جیادەكاتەوە، پێش كونتڕۆڵكردنی ئەم رێگەیە دووری نێوان تەلەعفەر و شنگال تەنها 35 – 50 كیلۆمەتر بوو، ئەمەش واتە بە ئۆتۆمبێل تەنیا 30-40 خولەك بوو، بەڵام دوای گرتنی ئەم رێگەیە دەبێت بچنەوە رێگەیەكی دیكە و لە حەزەر بسووڕێنەوە، واتە رێگەكە بۆتە 300-350 كیلۆمەتر، ئەمەش واتە ماوەكە بۆتە 5-6 كاتژمێر، ئەمە بۆ رەققە و موسڵیش هەر بەو جۆرە دوور كەوتۆتەوە، دیارە لە ناو پلانی سەربازیشدا قورسكردنی رێگەی هاتوچۆ و پێوەندیكردن بە هێزەكانەوە، گەورەترین سەركەوتنی سەربازییەوە و دەبێتە ئاستەنگ و هێزەكان ناتوانن بە ئاسانی یەكتری بگرنەوە، لەم رووەوە دەكرێت بە دیدێكی زانستی سەربازییانە بڵێین پرۆسەی ئازادكردنی شنگال مەلحەمەیەك، یان ئەفسانەیەك بوو، تۆمار كرا و ئاراستەی شەڕەكەی بە جۆرێكی دیكە و بۆ بەرژەوەندی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان گۆڕی.
* ئایا دەكرێت بڵێین ئەم سەركەوتنەی ئازادكردنی شنگال بووە هۆكارێك كاردانەوەی داعشی بەدوادا بێت بۆ هێرشكردنە سەر پاریس، یان بووە هۆكاری ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی داعش زیاتر جددی بن؟
- هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی، پێش ئازادكردنی شنگالیش پشتیان بە كورد بەستبوو، گەیشتبوونە ئەو قەناعەتەی تەنیا كوردە بە جددی شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكات، تەنانەت 8-9 مانگێك پێش ئێستا سەرۆك ئۆباما خۆی ئاماژەی بەوە كردبوو، سەركەوتنی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆكی كورد خۆی راستەوخۆ لەگەڵ پێشمەرگە لە شەڕەكاندا بەشدار بووە، بێگومان بارەگای سەرۆك بارزانی بۆ سەرپەرشتی راستەوخۆی شەڕەكان لە سحێلا بوو، تا تەوابوونی پرۆسەی ئازادكردنی شنگالیش بۆ ماوەی یەك هەفتە خۆی راستەوخۆ لەگەڵ پێشمەرگە بووە و لەو یەك دوو رۆژەی رابردوو گەڕایەوە. هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش سەلماندوویەتی كە توانای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشی هەیە، بەڵام دوای ئازادكردنی شنگال هیوایەكی دیكە بۆ هەموو هاوپەیمانانی دژی تیرۆریستانی داعش درووست بووە، بەوەی داعش بەجۆرێك تێكشكاوە دەتواندرێت لە شوێنی دیكەش تێكبشكێندرێت. سەبارەت بە كاردانەوەی داعشیش داوای ئازادكردنی شنگال، گومانی تێدا نییە داعش داوای ئازادكردنی شنگال هەستی بە تێكشكانێكی گەورە كرد، بۆیە تەقینەوەكانی پاریس و هێرشەكانیان لە ناوچەكانی دیكە، هەوڵێكی تیرۆریستانی داعش بوو بۆ شاردنەوەی ئەو شكستە گەورەیەی لە شنگال بەسەریاندا هات، واتە هەوڵێك بوو بۆ گێڕانەوەی ئیعتیبار بۆ خۆیان بۆ ئەوەی بڵێین بە تەواوەتی تێكنەشكاون، بەڵام ئەم كاردانەوەی داعش ئاكامی پێچەوانەی لێكەوتۆتەوە لەبەر ئەوەی فڕۆكەكانی فەرەنسا هێرشەكانیان زیاتر كردووە، كەشتی فڕۆكە هەڵگری شارل دیگۆل هاتۆتە دەریای سپی ناوەڕاست بە رێژەیەكی زۆر زیاتر گورز لە تیرۆریستانی داعش دەوەشێنێت. لەمەش زیاتر سەركەوتنەكان بوونە هۆكاری ئەوەی زیاتر پشت بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ببەسترێت و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە لە زەوی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمان زیاتر بێت. ئەگەر سەیر بكەین لە ئێستادا، كاتێك چوار، یان پێنج ئۆتۆمبێلی داعش بە یەكەوە دەبیندرێن لە ماوەی چارەكە سەعاتێكدا فڕۆكەكانی هاوپەیمانان یەكسەر بۆردوومانی دەكەن و لەناویان دەبەن، ئەوان ئێستا زیاتر تەكسی، یان ئۆتۆمبێلی مەدەنی و تەنانەت جلی دیكەش بەكاردێنن، گوایە ئەوانە خەڵكی سڤیل و خێزانن لەناو ئەو ئۆتۆمبێلانەدان، بۆیە ئەمە دەقۆزنەوە، چونكە فڕۆكەكان لە منداڵ و خەڵكی ئاسایی نادەن، هاوپەیمانییەكی باشیش هەیە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان، یان با بڵێین فڕۆكەكانیان، بۆ نموونە لە هێرشی شنگال هیچ جارێك فڕۆكەكان ئەوەندە هێرشیان نەكردووە، دواتر تۆپ و راجیمەكانی پێشمەرگە بۆردوومانیان كرد. هەربۆیە ئەوە راستە هاوپەیمانان كاتێ دەبینن كە هێزی پێشمەرگە چەند سەركەوتن تۆماردەكات و لە هێرشەكانیاندا پێشڕەوی دەكەن، ئەوان زیاتر هاوكاریی پێشمەرگە دەكەن، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەم سەركەوتنانە پتر لە 1200 شەهیدمان داوە.
* ئەگەر وەك راگری كۆلێژی سەربازی ئەو پرسیارەت لێ بكەین، ئایا پێداویستیەكانی ئێستای پێشمەرگە وەك سوپایەكی مۆدێرن چین و خۆمان لە ئێستا چیمان پێدەكرێت؟
- ڕاستە پێشمەرگە درێغی لە شەڕ ناكات و فیداكاری دەكات و ئازایە، بەڵام من بە پێویستی دەزانم كە سێ لیوای سەربازی یەدەگ هەبن و مەشق و ڕاهێنان بكەن و ئامادەكاری بكەن و هەر یەكەیان بەرەیەكیان پێ بسپێرین، چونكە نزیكەی 1000 كیلۆمەتر بەرەی شەڕمان هەیە و پێویستە هەمووی بە توندی كۆنتڕۆڵ بكەین، گەرچی ئەو ئیمكانیاتەی كوردستان هەیەتی، بە بەراورد بە دۆخەكە باشە نییە، چونكە ماوەیەكی زۆرە حكومەتی مەركەزی مووچەی ڕەوانە نەكردووە و نزیكی دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارەش لە كوردستانن، بۆیە ئێمە كەم و كورتیمان زۆرە. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئەكادیمیای سەربازیمان لە زاخۆ و دهۆك و قەڵاچوالان هەیە و چەندەها ئەفسەری دەرچوومان هەن كە ئێستا پلەی عەمید و عەقید-یان هەیە و دەتوانین چەندین لیوای دیكەی سەربازی دروست بكەین. هەروەها لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكاندا سەرەڕای ئەوەی لە 100 ئەفسەر ئەگەر ئەفسەرێكی كورد بوایە، بەڵام لە سوپای عێراق ئەگەر چوار ئەفسەری باش هەڵكەوتبان، ئەوا دووانیان كورد بوون، كەواتە ئێستا ئێمە ئەفسەرمان هەیە و ئەگەر چەكی باش هەبێت ئەوا دەتوانین لە ماوەی 6 مانگ بۆ ساڵێك چەند فیرقەی نیزامی دروست بكەین. كە گرنگە راهێنراو بن، چونكە مەشق و راهێنان بۆ سوپا گرنگە. واتە ئەگەر لیوایەك لە بەرەی شەڕدا بن، ئەوا پێویستە فەوجێك لە پشتی ئەو مەشق بكات كە هەر كاتێك مەشقیان تەواو كرد و چوونە بەرەوە، ئەوا فەوجێكی دیكە بێتە جێی و ئەو فەوجەش یەدەگ بێت. فەرماندەش دەكەوێتە بەردەم سەختترین بڕیارەوە، كاتێك هێزی یەدەگی نامێنێت و بێ هێزی یەدەگ كار بكات، چونكە هەر هێرشێك بكرێت و هەر شكانێك رووبەڕووی ببێتەو،ە ئەوا دووچاری زەحمەتی دەبێت. لەبەر ئەوە پێویستە فەرماندە یەدەگی هەبێت. چونكە وەك ئاماژەمان پێكرد كاتێك بەرەی شەڕ 930 بۆ نزیكەی 1000 كیلۆمەتر دەبێت ئەوا داعش هەوڵ دەدات هێرش بكات و هەڵبژاردنی كاتیش لە دەستی ئەودایە، واتە هەر كاتێك بە باش بزانێت، ئینجا هێرش دەكات، بەڵام ئەگەر هێزی یەدەگ هەبوو كە راستەوخۆی بەشداری كرد، ئەوا ئەگەر بۆ بەرەنگاری كەلێنێك هەبێت، پڕی دەكاتەوە، ئەمە لە هێرشی خێرادا گرنگە و دەبێت بایەخی زیلاری پێبدەین. ئیمتیازێكی هێزی هێرشبەر ئەوەیە كە ئەو هێڵی بەرگرییە نزیكەی 1000 كیلۆمەترە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەو هەموو هێزێكی لە بەرەیەكدا كۆبكاتەوە و هێرش بكات، هەروەها كاتی هێرشبردنیش لە دەستی هێرشبەردایە و دەڕوانێت لە كوێدا خاڵی لاواز هەیە، لێی دەدات، بەڵام ئەگەر هێزی یەدەك هەبێت، هێرشی بۆ دەبات و ناچاری دەكات پاشەكشە بكات. بۆیە پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بكەین:
- زۆر گرنگە بە شێوەیەكی زانستییانە هێزی پێشمەرگە رێكبخرێت.
- پێویستە هێزێكی نیزامی خاوەن چەك و چۆڵی پێشكەوتوومان هەبێت و لانیكەم دوو لیوای زریپۆشی تەواومان هەبن. بۆ ئەوەی هاوشان بێت بە هێزی پیادەی پێشمەرگە.
- گرنگە كۆگای تایبەت بە تەقەمەنی و یەكەی خزمەتگوزاری كارگێڕیی و چەند هێڵێكی بەرگری تۆكمەمان هەبن.
- پێویستە دەزگای تایبەت بە ئامادەكردنی تەقەمەنی و فریاگوزاری ئیمیرجنسی سەربازی بە تەواوی كەلوپەلەكانەوە هەبێت.
- پێویستە ئەو چەكانەی كە بە دەست پێشمەرگەوەن، مەشقی زیاتر لەسەر بەكارهێنانیان بكرێت، تا كاریگەرانەتر بەكاریان بهێنن.
- پێویستە چەكی پێویست، بەتایبەت چەكی دژە تانك و زریپۆشی وەك میلان، لە هەموو بەرەكانی شەڕ بوونیان هەبێت.
- شنگال پانتاییەكی بەرفراوانی هەیە و پێویستە لیوایەكی مەشقدراوی كارامە بیپارێزێت و سریە و فەوجەكانی دابەش بن، ئەم لیوایە توانای جووڵانەوەی خێرای هەبێت بۆ راگرتن، یان پاشەكشەپێكردنی هەر هێڕشێكی خێرای دوژمن.
* وەك ئاماژەت پێكرد، جەنابی سەرۆك بارزانی بە درێژایی ئەم شەڕە هاوشانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕ بووە. ئەوە تاچەند هۆكاری سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕدا بووە؟
- بوونی شەخسی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا مەزنترین رۆڵی هەبووە و باشترین هێز بووە بۆ ورەی پێشمەرگە، سەركردایەتی جەنگ دژی دوژمنێكی وەك داعشی دڕندە ئەگەر لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم سەرۆكت لە پشت بێت و لەگەڵت ئامادە بێت، ئەمە وا دەكات ئەگەر مەعنەوییاتی پێشمەرگە 50 بێت، بۆ 150 بەرز ببێتەوە، لە سەرەتادا كە سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا دەبیندرا، هێشتا مقەڕ و سەنگەریشمان ئامادە نەبوو، شەوان هەر لە ناو ئۆتۆمبێل ئەگەر كەمێك پشووی بدایە، زۆربەی كاتیش تا بەیانی بەخەبەر بوو، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هێزەكان بكات. بە دیتنی سەرۆك بارزانی پێشمەرگەكانی بەرەكانی شەڕ هەمیشە لەوپەڕی ورە بەرزیدا دەمانەوە. جارێكی دیكە دووبارەی دەكەمەوە كە خاڵی سەرەكی لەم سەركەوتنانە سەركردایەتیكردن و سەرپەرشتیی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بووە لە هەموو هێرشەكانی رزگاركردندا، هەر لە رەبیعە و زوممار تا دەگاتە شنگال سەرۆك بارزانی هەر لە بەرەكانی شەڕدا بووە و دوای هەفتەیەك لە رزگاركردنی شنگالیش ئینجا گەڕایەوە. ئەمە زۆر گرنگە بۆ سەركردە كە لەناو هێزەكەی خۆی بێت و ئاگای لە هەموو پێشهاتەكان بێت، چونكە هەر كەموكورتییەك هەبێت، یەكسەر هێز و هاوكاریی بۆ دابین دەكات و چارەسەری دەكات.